ئەو چوار هۆکارەی بەرپرسانی ئێران لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا دەتارێنێ

و: پێنووس

سەرەڕای داوای ڕاستەوخۆ و چەندپاتەی سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ گفتوگۆ و وتووێژ، خامنەیی و ڕۆحانی و زەریف بە شێوەیەکی هاواهەنگ گوتوویانە کە ئامادە نین لەگەڵ حکوومەتی "ترامپ"دا گفتوگۆ بکەن. وتووێژە ڕاستەوخۆکانی ترامپ لەگەڵ کیم جۆنگ ئۆن، ڕابەری کۆریای باکوور، نیشاندەری مکوڕبوونی ترامپن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتە سەرکێش و یاخییەکاندا.  بەڵام ڕابەرانی کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدا دژی هەموو چەشنە گفتوگۆ و وتووێژێکن. عەلی خامنەیی گوتوویەتی: "وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ئێستای ئەمریکا ژەهری دووچەندەیە." (کەیهان ٢٥ی گوڵان ٢٠١٩) حەسەن ڕۆحانی دەڵێ: "بانگەشەی ئەو لایەنە کە دەیەوێ ڕامان کێشێتە پشت مێزی وتووێژ، بانگەشەیەکی پڕوپووچە. ئێمە ئامادەی ئەم وتووێژە نین، تەنانەت ئەگەر تێکڕای هێزەکانی دنیا پاڵپشتیی یەکتر بن." (١٨ی گوڵان ٢٠١٩) جەواد زەریفیش گوتوویەتی: "هیچ ئەگەرێک بۆ وتووێژ لە ئارادا نییە." (بی بی سی فارسی ١٦ی گوڵان ٢٠١٩)

جگە لەمانە، باڵە جیاجیاکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕێفۆرمخوازەکانەوە تا فەندامێنتالیستەکان دژی وتووێژن لەگەڵ حکوومەتی ترامپدا. هەڵبەت وتووێژە پەنامەکییەکان لە ژاپۆن و عەمماندا، بە وێنەی نێوبژیکاریی نێوان دوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران، لە ئارادان. دژایەتیکردنی وتووێژی فەرمی و ڕاشکاو، یەکێک لەو بابەتانەیە کە باڵەکان بەگشتی لەسەری کۆکن. ئایا ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی ئێران لەم کێشەیەدا پێویستن یان کێشە و بابەتگەلی تر ڕۆڵێکیان هەیە؟

پاساوەکانی دژ بە وتووێژ و سەرنجەکان

ئەو پاساوانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست وتووێژدا دەیانهێننەوە بریتین لە:

١) بێهوودەبوونی وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ترامپ، دوای دەرکەوتن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

٢) داوای خۆبەدەستەوەدان لە لایەن ئەمریکاوە.

٣) تێکشکانی فیزی نەتەوەیی لە ئەگەری دانیشتن لە پشت مێزی وتووێژ.

ئەم سێ هۆکارە دەتوانن ئەگەری خۆپاراستن بن لە هەر چەشنە وتووێژێک. لە وتووێژی نێوان وڵاتەکاندا هەمیشە پێشینەگەلێک هەن کە دەکرێ وەک پاساوێک بۆ نەبوونی وتووێژ بهێنرێنەوە. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین ساڵە لەگەڵ کۆریای باکووردا خەریکی وتووێژە و پێوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەم بابەتە ناتوانێ ببێتە بەربەستێک لە ئاست وتووێژە تازەکاندا. وڵاتان بۆ وتووێژ، سەرەتا پێڕستێک لە داواکانی خۆیان دەخەنە بەر دەست و هەر داوایەکیان کە هەبێ (وەک گەمارۆی ئابووری یان هەڕەشە) دەخەنە سەر مێز، بەڵام بۆ ڕێککەوتن، زۆرتر لەسەر بەشێک لە خاڵەکان دەسازێن (نەرمیی پاڵەوانانە، خامنەیی گوتەنی). هەروەتر وتووێژ جگە لە نەریتی جیهانگیری و دەسەڵاتخوازی و شەڕخوازی، واتای شکستی فیزی نەتەوایەتی یان خۆبەدەستەوەدانی نییە.

ڕابەرانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای گەمارۆکانی نەوتی و بانکی و کەرەستەی پیشەیی، کە لە داهاتوودا زۆرتریش دەبن و لەوانەیە بەرهەمە پێترۆشیمییەکانیش بگرێتەوە، دەڵێن نایانەوێ لەگەڵ حکوومەتی ترامپدا وتووێژ بکەن. ئەم بەرپرسانە لە سەردەمی ئۆبامادا و لە هەلومەرجێکدا کە گەمارۆکانی ئەو قۆناغە گوشارێکی کەمتریان هەبوو ئامادەی وتووێژ بوون. گەمارۆ نەوتییەکان لە سەردەمی ئۆبامادا ڕۆژانە دەرفەتی هەناردەکردنی نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بە ئێران دەدا، بەڵام لە سەردەمی ترامپدا بۆ نزیکەی پێنج سەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزی. بۆچی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئامێرەکانی گوشار لە ناوچەدا (هێزی سوپایی لە سووریا و هاوپەیمانگەلێک لە عێراق و یەمەن و لوبناندا) و وێڕای گرفتە ئابوورییەکان (ئاوسانی سەرووی پەنجا لە سەد و بێکاری تا شەست لە سەد)، نایانەوێ لە ڕێی وتووێژەوە ڕێگەچارەیەک بۆ گرفتەکانیان بدۆزنەوە؟ ئەم بابەتە چوار هۆکاری هەیە:

هیوای لێپرسینه‌وه‌ یان شکستی ترامپ

پێوەندییەکانی زەریف لەگەڵ جۆن کێری و دایان فاینستاین، نیشاندەری ئەوەن کە ئەویش وەک دیموکراتەکان هیوادارە ترامپ بکەوێتە بەر لێپرسینه‌وه‌، یان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠دا شکست بهێنێ. لەم بارەدا وتووێژ لەگەڵ ترامپ هیچ سوود و بەرژەوەندێکی نابێ. دیارە تیمە دیپلۆماسییەکەی ئێران هیچ ئەگەرێکی بۆ بەردەوامبوونی ترامپ لە چوار ساڵی دووەمدا لەبەرچاو نەگرتووە، له‌ كاتێكدا دۆخە ئابوورییەکەی وڵاتە یەکگرتووەکان دەرخەری سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی ترامپن لە چوار ساڵی داهاتوودا. هەروەتر بێبارکردنی بەشێک لە هەوڵەکانی ترامپ، وەک ڕاگەیاندنی سوپای پاسداران بە وێنەی گرووپێکی تیرۆریستی، بۆ دیموکراتەکان کارێکی سەخت دەبێ. دەرهێنانی ناوی سوپای پاسداران لە پێڕستی تیرۆریستەکاندا تێچووێکی زۆری هەیە. کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هەڵبژاردنی ترامپدا هیوایەکی زۆری بە پرۆپاگه‌ندای چەپەکان هەبوو و (بە هۆی هەست و ئایدیۆلۆژیی دژەئەمریکی و دژەئیسڕائیلی) هەموو هێڵکەکانی خستنە نێو سەبەتەی دیموکراتەکانەوە.

١٢ مەرجەکەی پۆمپیۆ

وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ حکوومەتی ئۆبامادا ئاسۆیەکی سنوورداری هەبوو (بەرنامە ناوکییەکەی) و ڕێککەوتنێکیش ئەگەر ڕووی دابا، دەرەنجامی سنوورداری لە پێوەندییە دەره‌کییەکان و سەرکوتکردنە ناوخۆیییەکاندا هەبوو. بەڵام دوازدە مەرجەکەی پۆمپیۆ نیشان دەدا کە وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ترامپدا لەسەر کۆمەڵە کێشەیەکی تێکهەڵکێشراون کە لە زۆر ڕووەوە کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە دەکەن. ئاسایییە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نایانەوێ لە بەرنامەی ناوکی و مووشەکی و دەستێوەردانەکانی ناوچەدا شووشەی تەمەنی خۆیان بخەنە بەر دەستی ئەمریکا و ئەوروپا.

شوعەب ئەبی تالیب

عەلی خامنەیی هەمیشە لە خەیاڵی "ئابووریی خۆڕاگرانە" [به‌ فارسی: اقتصاد مقاومتی]دا بووە و مەدحی شوعەب ئەبی تالیبی کردووە. ئەمەیش واتا تەریککەوتنی ئێران لە دنیادا. هەڵوێستی خامنەیی لە ئاست ئەوروپا و ئەمریکا و دراوسێ عەرەبەکاندا و سیاسەتی چاوبڕین لە ڕۆژهەڵات بۆ کەمکردنەوەی گوشاری وڵاتانی ڕۆژاوا، دەرخەری ئەم ڕاستییەن. بەردەوامبوونی گەمارۆکان ئەو دەرفەتە بۆ خامنەیی و هاوبیرەکانی دەڕەخسێنێ کە ئێران تەریکتر بکەن و لەم حاڵەتەدا كاریگه‌ریی دەرەوە بۆ ناوخۆ کەم دەکەنەوە. بۆ نموونە لە هەلومەرجە ناگەمارۆیییەکاندا ساڵانە پتر لە ٩ ملیۆن ئێرانی دەیانتوانی سەفەری دەرەوە بکەن. خامنەیی جگە لە سەفەرە زیارەتییەکان، هەمیشە دژی ئەم سەفەرانە بووە. گەمارۆکان و چوارقاتبوونی نرخی دراوی دەرەکی، تەگەرەیەکی زۆری بۆ سەفەرکردنی ئێرانییەکان هێناوەتە دی.

سوودمەندبوون لە گەمارۆکان

گرووپی دەسەڵاتدار لە ئێراندا "کاسبی گەمارۆکان"ە؛ بە واتایەکی تر سوود لە گەمارۆکان وەردەگرێ. جگە لە ئیمتیازاتە بنەمایییەکان و گەندەڵی و سوودمەندبوون لە دەسەڵات، بەشێکی زۆری بەرژەوەندییەکانی بەرپرسان لەم ڕێیەوە سەرچاوە دەگرن. بە درێژاییی ئەم یەک ساڵەی گەمارۆکاندا نزیکەی ٣٠ ملیارد دۆلار لە وڵات چووەتە دەرەوە و دراوی هاوردەیش نزیکەی ٣٠ ملیاردی نەگەڕاوەتەوە.  ئەم ٦٠ ملیارد دۆلارە لە دەستی کەرتی تایبەت و کەسانی دەرەوەی حکوومەتدا نەبوون. کەرتی تایبەت لە ئێراندا ئەم توانایییەی نییە. ئەم دەرچوون و نەگەڕانەوەیە بە پاساوی گەمارۆی ئابووری و لەژێرگوشاردابوون ئەنجام دراون. هۆکاری هاودەنگیی باڵە سیاسییەکان نەک ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکان، بەڵکوو ڕێککەوتنە لەسەر سوودمەندبوونەکان.

 

سەرچاوە:

https://rasanah-iiis.org

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples