كارتی گوشار؛ ئاکامی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گرژیی ڕووسەکان دژ بە ئێران لە سووریادا

و: پێنووس

پێوەندییەکانی ڕووسیا و ئێران لە لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ [ناكۆكی]ی سیاسی و ململانێ له‌سه‌ر باڵاده‌ستیی [نفووز]ه‌وه‌ تێ په‌ڕیوه‌ و گەیشتووەتە قۆناغی پێکدادانی چەکدارانە و زێدەبوونی گوشارەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئێران. ئەم دوو وڵاتە لەمەڕ فراوانکردنی باڵادەستبوونی هێزەکانیان لە سووریادا ناکۆکی و گرفتی زۆریان هەیە؛ ئەمەیش لە كاتێکدایە کە ئێران کەوتووەتە بەر گوشار و گەمارۆی ڕاددەبەدەری ئەمریکا.

یەکەم شت ئەوەیە کە سەفەرە ماراسۆنییەکانی بەرپرسانی ڕووسیا و ئێران بۆ دیمەشق لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهەڵکەوت نەبووە و ئامانجێکی ڕکابەرانەیان بۆ ڕازیکردنی بەشار ئەسەد هەیە. ئه‌م دوو وڵاتە ئاکامە ناخۆشەکانی خۆبەدەستەوەدانی ئەسەدیان پێی ڕاگەیاندووە، چونکە هەردووکیان لە ڕکابەرایەتییەکی زۆردان بۆ باڵادەستبوون لەم وڵاتەدا. بەڵام گوشاری زۆری ڕووسەکان بۆ سەر ئەسەد، گوایە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان –کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە ناوچەدا- کارێکی بێپێشینە بووە. ڕووسەکان بە ئامانجی سەرەکیی خۆیان، واتا مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا، گەیشتوون و حکوومەتی دیمەشق لە سەروبەندی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پێکهاتە سوپایییەکانی خۆیدایە.

گوشارەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەسەد لە گەرمەی بنیاتنانەوەی پێکهاتە سوپایییەکاندا و بە ئامانجی دەرخستنی هێزەکانی لایەنگیری ئێران ئەنجام دەدرێن. ڕووسیا بەم ئاکامە گەیشتووە کە ئەگەر لە دەرخستنی ئەم هێزانە لە سووریادا پەلە نەکا، هەموو هەوڵەکان بە سوودی ئێران دەشکێنەوە. ڕووسەکان هیچ هێزێکی زەمینییان لە سووریادا نییە و پاش تەواوبوونی گرژییەکان لە ناوچە ئاڵۆزەکاندا بە سوودی هێزەکانی ئەسەد، مانەوەی هێزەکانی ئێران لەو وڵاتەدا هیچ مانایەکی نییە. بۆیە بژاردەی دەرکردنی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەو وڵاتەدا لە لایەن ڕووسەکانەوە خراوەتە بەر باس.

نیشانەی یەکەم: گرژییەکانی ڕووسیا بەرامبەر بە ئێران لە سووریادا لە پێناو سەرلەنوێ سازکردنەوەی لەشکری چوارەمی سووریادایە. ماهیر ئەسەد –گرنگترین هاوپەیمانی ئێران- فەرماندەی ئەم لەشکرەیە. ناوبراو برای بەشار ئەسەدە. سەرلەنوێ سازکردنەوەی لەشکری چوارەمی سووریا بە سوودی ئێران نییە. ئەم هەوڵە لە پێناو شکستی باڵادەستبوونی ئەسەد ئەنجام دەدرێ. لەشکری چوارەمی سووریا تەیارترین سوپای سووریایە و بنکە و دەسەڵاتیان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتەدا هەیە. لەشکری چوارەم نزیکترین گرووپی سوپایییە و ئێرانیش ئەم لەشکرەی لە دەستپێکی قەیرانەکانی سووریادا (٢٠١١) بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکار هێناوە.

ڕووسیا لە گەشەسەندنی لەشکری چوارەم لە ناوچە شەڕاوییەکاندا ناڕازی بوو، چونکە ئەم گەشەسەندنە بەربەستێک بوو لە ئاست ڕووسەکاندا کە نەتوانن بەرنامەکانیان لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕووسیا ئەنجام بدەن. بۆیە ڕووسەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا و لە پێناو سەرلەنوێ سازکردنەوەی کەرتە سوپایییەکان لەژێر چاودێریی لەشکری چوارەمدا گوشارێکی زۆریان خستە سەر ئەم وڵاتە. ڕێکخراوی سوپاییی سووریا گوێلەمستترین ڕێکخراوی ئێرانە. ڕووسەکان هەروەتر ڕێکخراوی هێزەکانی بەرگریی نەتەوەیییان هەڵوەشاندەوە کە لایەنگری ئێران بوون و بەپێی یاسای مانگی جۆزەردانی ٢٠١٨ بەریان بە هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوە گرت و لە لایەن ڕووسەکانەوە چەک کران.

نیشانەی دووەم: حکوومەتی سووریا لە لایەن ڕووسیاوە و بۆ لابردنی سەدان ئەفسەری سەر بە ماهیر ئەسەد کەوتە ژێر گوشارێکی زۆر. زیاتر لە ٦٠٠ بەرپرسی باڵای سەر بە ماهیر ئەسەد کەوتنە بەر پشکنین و ئەفسەرەکانی سەر بە ڕووسیا لە شوێنیان دانران. ڕووسەکان لەژێر چاودێریی "ڤلادیمیر پووتین"دا بە تەمای ڕێکخستنی سوپایەکی تازە و چاودێریکردنی سەربازخانەکانی سووریا و پێکهێنانی سوپایەکی نوێ لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی سەر بە ڕووسیان لە دیمەشقدا.

نیشانەی سێیەم: ژمارەی گرتووخانەکانی ڕووسیا لە سووریادا بەرەو زیادبوون دەچن. هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، کە سەرپێچی لە دەستوورەکانی ڕووسیا دەکەن، لەم گرتووخانانەدا جێگیر و سزا دەدرێن.  سەرتیپ ئەحمەد ڕەحال، کارناسی سوپایی، لە ٢٩ی گوڵانی ٢٠١٩دا بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە تویتەرەکەیدا ڕای گەیاند: لە مانگی گوڵانی ٢٠١٩دا ١٢ چەکداری حزبوڵڵای لوبنان لە گوندەکانی شیعی ئەلموختارییە و ئەلکۆم و لە لایەن هێزەکانی لایەنگری ڕووسیاوە دەستبەسەر کراون.

نیشانەی چوارەم: گرنگترین نیشانە هەمان بەگژداچوونە چەکدارییەکانی نێوان هێزەکانی لایەنگری ڕووسیا و ئێرانە لە سووریادا. هێشتا سێ مانگ بەسەر بەگژداچوونەکانی بەفرانباری ٢٠١٩ لە ناوچەی ئەلغاب لە حەما تێ نەپەڕیبوو کە بەگژداچوونەکان لە مانگی گوڵانی هەمان ساڵدا سەریان هەڵدایەوە. ئەم بەگژداچوونانە هەفتەیەکی خایاند و هەر دوو گرووپی شەڕەکە چەکی قورسیان لە میحوەری ئەلڕاشدین و گەڕەکی ئەلخالیدییە و گەڕەکی ئەلنیل و هەروەتر لە دەرعا و دوروبەری حەما و حەسەکە و دێرزوور و حەلەب بە کار هێنا. ئەم بەگژداچوونانە ١٤ کوژراوی سەر بە سوپای لە دێرزووردا لێ کەوتەوە.

مۆسکۆ دیارە دوو ڕێگەی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە سووریادا گرتووەتە بەر: یەکەمیان: دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سوپاییی بەهێزی لایەنگری ڕووسیا بۆ مەیسەرکردنی ئاسایش لەو ناوچانەدا کە ڕووسیا تێیدا باڵادەستە. ڕووسیا لەم کارەدا دەست بە کۆکردنەوەی فەرماندە خاوەندەسەڵاتەکان لە سوپای سووریادا دەکا. دووەمیان: لاوازکردنی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ڕێی گوشارخستنە سەر ئەسەد بۆ کۆکردنەوەی گرووپە چەکدارەکانی غەیرەڕووس لە سوپای سووریادا. ڕووسیا بە تەمای دەرکردنی ئەم گرووپانە لەو ناوچانەدایە کە لایەنگری ڕووسیایان لێیە. دەرکردنی لەشکری چوارەمی سەر بە ئێران لە ناوچەی دەشتی ئەلغاب بە دەستی سوهەیل ئەلحوسەین فەرماندەی لەشکری پێنجەمی سووریا، شایەدێکی بەرچاوی ئەم بۆچوونەیە. لەشکری پێنجەم گوێڕایەڵی ڕووسیایە.

گرژییەکەی نێوان ڕووسیا و ئێران لە سووریادا چەندین هۆکاری هەن. گرنگترینیان ئەوەیە کە ڕووسەکان ئاگاداری دۆخە مێژوویییەکەی نێو ئێران و گوشار و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێرانن. دەکرێ ناساندنی سوپای پاسداران بە وێنەی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە لایەن "دۆناڵد ترامپ"یشی بخرێتە سەر. ئەمریکا پلانێكی ستراتیژیی بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی ڕەفتارەکانی حکوومەتی ئێران و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەدا گرتووەتە بەر. ڕووسیا ئەم دەرفەتەی بۆ تەسککردنەوەی مەیدانی هەوڵەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە هەل زانیوە. ڕووسەکان دەڵێی خەریکن بە ئێران ڕادەگەیەنن کە دەبێ پەیڕەوی لە شێوازەکانی ڕووسیا لەمەڕ دەرکردنی گرووپە چەکدارەکانی بکا. ئێران لە میدیاکانی خۆیدا بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران –چ هێزی چەکدار و چ ڕاوێژیاری- کەوتوونەتە بەر ئامانجی ڕووسیا.

هاواهەنگیی نێوان ڕووسەکان و ئیسڕائیلییەکان بە دوورکەوتنەوە لە ئێران ئەنجام دەدرێ. ڕووسیا ئیتر پێویستی بە زێدەبوونی سوپای ئێران لە پارێزگه‌کانی سووریا نییە و ئەمەیش بە گرنگترین هۆکاری ڕاماڵینی گرژیی ڕووسەکان دژ بە ئێران لە سووریادا دەژمێردرێ. بڕواهێنان بەوە کە ئیسڕائیل بێ هاواهەنگی لەگەڵ ڕووسەکان دامەزراوەکانی ئێرانیان لە سووریادا خستبێتە بەر بۆمب و سنووری هەوایییان بەزاندبێ، کەمێک ئەستەمە. ئەمەیش نیشاندەری ئەوەیە کە ئاسایشی نەته‌وه‌ییی ئیسڕائیل لە سووریادا لە لایەن ڕووسەکانەوە گرنگە.

ناكۆكیی نێوان مۆسکۆ و تاران بە دوای نەبوونی قازانجی هاوبەش لە سووریادا تەشەنەی کردووە. ئەم دوو وڵاتە پێشتر لەمەڕ پاراستنی حکوومەتی ئەسەد و پێشگرتن لە هەڕەشەی داعش و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا هاودەنگ بوون. کەواتە ئێران و ڕووسیا قازانجی هاوبەشیان لە سووریادا نییە. مەبەستی ئێران جێگیرکردنی هێزە چەکدارەکانی خۆیەتی لەو ناوچانەدا کە لە داعش و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان وەرگیراونەتەوە. مەبەستی ڕووسیایش کورتکردنەوەی دەستی ئێرانە لە پێناو جێبەجێکردنی ستراتیژییەکی جیا لە ستراتیژیی ئێران. دەکرێ بە لەبەرچاوگرتنی ناكۆكیی ئێران و ڕووسیا، پەی بەوە ببردرێ کە بۆچی ئەم دوو وڵاتە لەمەڕ شێوازی حکوومەتی نوێی سووریا هاودەنگ نین. ڕووسەکان بە تەمای بەهێزکردنی سیستەمی حکوومەت و سەرلەنوێ سازکردنەوەی حکوومەتدان، بەڵام ئێران بە تەمای بەردەوامبوونی حکوومەتێکی لاوازە لە دەسەڵاتدا؛  حکوومەتێک کە سەر بە ئێران بێت و ئێرانیش بتوانێ بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ بکا. میدیاکان ڕایان گەیاند کە ئەسەد لە سەفەری ڕەشەمەی ٢٠١٩دا بۆ ئێران، ڕێککەوتننامەی بەکرێدانی بەندەری "لازقیە"ی واژوو کردووە. ئەم ڕێککەوتننامەیە لە خەزەڵوەری ٢٠١٩دا جێبەجێ دەکرێ. ئەم هەواڵە گرژییەکانی ڕووسیا دژ بە ئێرانی لێ کەوتەوە. ئەم ڕێککەوتننامەیە بۆ ئێران هەنگاوێکی گەورەیە کە بتوانێ شوێنپێی خۆی لەو ناوچەیەدا قایم بکا. ڕووسەکانیش لەو بڕوایەدان کە ئێرانییەکان مایەی سەرئێشەن لە ناوچەدا.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانە، دەردەکەوێ کە ڕووسیا بە تەمای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئێرانه‌ لە سووریادا. ڕووسەکان نایانەوێ قازانجیان بکەوێتە بەر مەترسی. ئەمەیش مانای ئەوەیە کە چارەنووسی ماهیر ئەسەد (فەرماندەی لەشکری چوارەمی سوپای سووریا) لە لایەن مۆسکۆوە دیاری کراوە. ڕووسەکان نایانەوێ ماهیر ئەسەد و لەشکرەکەی لە سووریای نوێدا دەستیان هەبێ. بەڵام شەڕ و بەگژداچوونەکانی هێزەکانی ماهیر ئەسەد و هێزەکانی ڕووسیا ڕەنگە بە هۆی دڕندەییی ماهیر ئەسەدەوە درێژە بکێشێ.

کەواتە دەتوانین بڵێین تەشەنەکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی لایەنگری ڕووسیا و ئێران لە سووریادا، بژارده‌ی چاوه‌ڕوانكراوه‌. ڕووسیا سوودی لە گوشارە هەناسەبڕەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وەرگرت و خەریکی جیاکردنەوەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لەو ناوچانەدایە کە لە ژێردەستی ئێراندان. ڕووسیا ئامادەی بەرەوڕووبوونەوەیەکی درێژخایەنە لەگەڵ هێزەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەدا. ئێرانیش بە دوای قایمکردنی شوێنپێی خۆیدایە. ڕووسەکان دەیانەوێ سووریا به‌ته‌واوی بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیسڕائیل و ئەمریکا و ڕووسیا سه‌باره‌ت به‌ پێویستیی ده‌ركردنی ئێران لە سووریا، هاوئاراسته‌ [و هاوته‌ریب]ن.

سەرچاوە:

https://rasanah-iiis.org

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples