توركه‌كان ده‌پرسن كه‌ داخوا ده‌نگدانه‌كه‌ى ئيستانبۆڵ زه‌برێكى چاره‌نووسسازه‌ بۆ ئه‌ردۆغان

تۆماس سيبرت

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

هه‌ندێ چاودێر ده‌ڵێن ده‌شێ ئه‌و ئه‌نجامه‌، ته‌ختى 16 ساڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ردۆغان بهه‌ژێنێ.

دوا به‌ دواى ئه‌و بردنه‌وه‌ گرده‌بڕه‌ى ئۆپۆزيسيۆن له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكشاره‌وانیى ئيستانبۆڵى ميترۆپۆلدا، هه‌ندێ له‌ توركان ده‌پرسن كه‌ داخوا سه‌رۆك ڕه‌جه‌ب ته‌يیب ئه‌ردۆغان ده‌توانێ له‌و دۆڕان و تێشكانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره ‌و به‌سفتوسۆيه‌، خۆى بگرێته‌وه ‌و هه‌ستێته‌وه‌.

قه‌درى گورسه‌ل، كه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكى ديارى ئۆپۆزيسيۆنه‌، ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 23ى حوزه‌يرانى پێ "جووڵه‌يه‌كى ته‌كتۆنيى سياسييه‌." "تايفون ئاتاى"ی نووسه‌ريش له‌ سه‌رنجێكدا ده‌ڵێ: توركيا له‌ "قۆناغى مردنێكى نزيك"ى "حكوومه‌تێكى پڕزه‌لێبراو"دايه‌. به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ په‌رله‌ما‌نتارێكى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانيش، حزبى داد و گه‌شه‌پێدان (AKP)، له‌ ئاماژه‌كردنێكدا بۆ ئاراسته‌ و جووڵه‌ سه‌ره‌ڕۆيه‌كانى ئه‌ردۆغان، داواى "ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن" و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پره‌نسيپه‌ ديموكراتييه‌كان ده‌كا.

هه‌ر كه‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن خويا و ئاشكرا بوون، به‌شێكى ئيستانبۆڵ كه‌وتنه‌ ئاهه‌نگگێڕان، له‌ جاده ‌و كۆڵانه‌كاندا كه‌وتنه‌ سه‌ما، يان له‌ خۆشيیان هۆڕنيان لێ ده‌دا.

سياسه‌توانى ئۆپۆزيسيۆن ئه‌كره‌م ئيمامئۆغلوى 49 ساڵه‌ و بێزنسمانى پێشان و سه‌رۆكشاره‌وانیى ناوچه‌ى به‌يليكدوزوى ئيستانبۆڵ، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 23ى حوزه‌يراندا بۆ سه‌رۆكشاره‌وانيى ئيستانبۆڵ، %54ى ده‌نگه‌كانى برده‌وه‌؛ واته‌ به‌ ڕێژه‌ى %9ى ده‌نگه‌كان يان 800,000 ده‌نگ له‌ پێش پاڵێوراوه‌كه‌ى ئاكه‌په‌، بینا‌ڵى يه‌ڵدرم بوو كه‌  %45ى ده‌نگه‌كانى هێنا.

سه‌ركه‌وتنى ئيمامئۆغلو ئه‌و مانايه‌ى هه‌يه‌ كه‌ له‌ 1994ه‌وه‌، ئه‌وه‌ يه‌كه‌م جاره‌ ئيستانبۆڵ، كه‌ شارێكى 16 مليۆن حه‌شيمه‌ت و ماڵ و لانه‌ى يه‌ك له‌سه‌ر سێى ئابووريى توركيايه‌، سه‌رۆكشاره‌وانييه‌كى نائيسلامیى هه‌بێ.

پاش ئه‌وه‌ى كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردن له‌ژێر گوشارى حكوومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆغاندا ئه‌نجامه‌كانى سندووقى ده‌نگدانى شارى ئيستانبۆڵى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ ئيمامئۆغلو به‌ په‌راوێز و ڕێژه‌يه‌كى كه‌م له‌ [بیناڵی يه‌ڵدرم]ى بردبووه‌وه‌، بڕيار درا گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ بچێ. له‌وما ڕه‌خنه‌كان ئاراسته‌ى ئه‌ردۆغانى ته‌مه‌ن 65 ساڵه‌ كران. ئاخر ئه‌ردۆغان له‌م شاره‌وه‌ هاته‌ ناو دنياى سياسه‌ته‌وه‌، كه‌ پێش 25 ساڵ ببووه‌ سه‌رۆكشاره‌وانيى ئيستانبۆڵ؛ ئه‌وه‌ بوو ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى [31ى ئادار]ى له‌ ئيستانبۆڵ  ڕه‌ت كرده‌وه‌ و ڕازى نه‌بوو‌ واز له‌ كۆنترۆڵى ئه‌م شاره‌ بهێنێ، چونكه‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى گرنگ و يه‌كلاكه‌ره‌وه‌‌ بووه‌ بۆ ئاكه‌په‌.

بڕيارى دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن، گه‌لێ له‌ ئه‌ندامانى ئاكه‌په‌ى، ته‌باى خه‌ڵكێكى ديكه،‌ نيگه‌ران و سه‌غڵه‌ت كرد. به‌گوێره‌ى ئه‌نجامه‌كانى 23ى حوزه‌يران نيشانيان دا كه‌ ئيمامئۆغلو ته‌نانه‌ت له‌و گه‌ڕه‌ك و ناوچانه‌ى ئيستانبۆڵيشدا زۆرينه‌ى هێناوه‌ كه‌ مه‌كۆ و سه‌نگه‌رى ئاكه‌په‌ بوون.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆغان خۆى له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا پاڵێوراو نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سێكى ديارى ته‌وه‌رئاسا بووه ‌و هه‌ر خۆى له ‌پشت بڕيارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان [ى گه‌ڕى يه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردن ‌ له‌ 31ى ئاداردا] بووه‌ و له‌ كه‌مپێنى ئاكه‌په‌یشدا به‌شدار بووه ‌و له‌ ئاخيروئۆخرى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یشدا بڕيارى دا‌ خۆپيشاندانى جه‌ماوه‌رى له‌ ئيستانبۆڵ بكرێ. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا چه‌ند ڕۆژێ به‌ر له‌ ڕۆژى ده‌نگدان، سه‌نته‌ره‌كانى ڕاپرسى بڵاويان كرده‌وه‌ كه‌ ئيمامئۆغلو له‌ پێشه‌وه‌يه‌.

سه‌رۆككۆمار، كه‌ بگره‌ بۆ ماوه‌ى زێتر له‌ 10 ساڵ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانى بردۆته‌وه‌‌، ئه‌م جاره‌يان به‌و ئه‌نجامه‌ شاش ما. ئه‌وه‌ هه‌وه‌ڵ جاره‌ له‌ 2002وه‌، له‌وه‌ته‌ى ئاكه‌په‌ هاتووه‌ته‌ سه‌ر كار، ئه‌ردۆغان له ‌به‌رده‌م كامێرادا ده‌رنه‌كه‌وێ، به‌ڵكه‌ له‌ ڕێگه‌ى تويته‌ره‌وه‌ پيرۆزبايى له‌ ئيمامئۆغلو بكات.

كارابه‌كر ئاق قۆينلۆ كه‌ ئه‌كاديميكێكى توركه‌، له‌ تويته‌ردا سه‌رنجى خۆى ده‌ربڕيوه‌ كه‌ ئاكه‌په‌ تووشى پاشه‌كشه‌يه‌كى گه‌وره‌ بووه‌ و له‌م باره‌وه‌ ده‌نووسێ، "پاش 31ى ئادار، من گوتم يان ئه‌وه‌تا ئه‌ردۆغان ئيستانبۆڵ ده‌دۆڕێنێ يان شه‌رعيیه‌تى خۆى له‌ده‌ست ده‌دا و " "باوه‌ڕ ناكرێ كه‌ هه‌ردووكيان‌  له‌ده‌ست ده‌دا."

له‌ يه‌كه‌مين ده‌ركه‌وتنى خۆيدا، دوای ئه‌م دۆڕانه‌ى ئاكه‌په‌، ئه‌ردۆغان له‌ 25ى حوزه‌يراندا به‌ڵێنى دا كه‌ گوێ له ‌"ده‌رس و په‌نده‌كانى ميلله‌ت" وه‌ربگرێ و ده‌يه‌وێ بزانێ له‌به‌ر چ حزب ئه‌و ئه‌نجامه‌ خراپه‌ى به‌ده‌ست هێنا.

په‌رله‌ما‌نتارێكى پله‌ باڵاى ئۆپۆزيسيۆن ده‌ڵێ: له‌ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئيستانبۆڵ له‌ سياسه‌تگه‌لى توركيدا "هيچ شتێ وه‌كوو خۆى نامێنێته‌وه‌". به ‌مه‌رجى ناونه‌هێنان، ئه‌و په‌رله‌ما‌نتاره‌ گوتى، زه‌حمه‌ته‌ بزاندرێ كه‌ له‌به‌ر چ ئه‌ردۆغان پێى له‌سه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن، به‌ پله‌ى يه‌كه‌م له‌ ئيستانبۆڵ داگرت.

ده‌نيز زه‌يره‌ك، كه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكى ڕێزلێگيراوه،‌ له‌ ديمانه‌يه‌كى ته‌له‌ڤزيۆنيدا گوتى: وه‌زيرى پێشووى دارايى و دامه‌زرێنه‌رێكى ئاكه‌په‌، عه‌لى باباجان، خۆى ئاماده‌ ده‌كا بۆ دامه‌زراندنى حزبێكى نوێ كه‌ بتوانێ په‌رله‌ما‌نتاره‌كانى ئاكه‌په‌ و ده‌نگده‌رانى ئه‌و حزبه‌ به ‌لاى خۆيدا ڕابكێشێ. هه‌روا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌حمه‌د داودئۆغلو، كه‌ سه‌رۆكوه‌زيرانى پێشووى توركيا بووه‌، ئه‌ويش پێش كۆتايیى ئه‌م مانگه‌، به‌ قسه‌ى ڕۆژنامه‌ى Sozcu، حزبێك ڕابگه‌يه‌نێ.

شرۆڤه‌كاران ده‌ڵێن كه‌ له‌وانه‌يه‌ ئه‌م دۆڕانه‌ ببێته‌ هۆى ئاڵوگۆڕ له‌ كابينه‌ى حكوومه‌تى ئانكارا‌دا و  ده‌ست به‌ سياسه‌تى ده‌ره‌كیدا بهێنرێته‌وه‌. له‌وانه‌يه‌ ته‌نانه‌ت ببێته‌ هۆى هه‌ڵبژاردنێكى پێشوه‌خته‌ى نيشتمانى؛ واته‌ پێش 2023،‌ وه‌ك پلان و نه‌خشه‌ى بۆ دانراوه‌.

ئابووريى توركيا ئێستاكه‌ له‌ بارێكى مه‌ند و بێهه‌ڕمێندايه‌. ئه‌مريكا كه‌ هاو‌په‌يمانێكى توركيايه‌ له‌ ناتۆ، هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌پاندنى سزا له‌ توركيا ده‌كا‌ گه‌ر بێت و ئه‌ردۆغان نه‌خشه ‌و پلانه‌كانى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببا و سيسته‌مێكى ديفاعى مووشه‌كى، S-400 له‌ توركيا بچه‌قێنێ و دابمه‌زرێنێ.

پاش ديمانه‌ى نێوان ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكى ئه‌مريكا، دۆناڵد ترامپ، له‌ په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ى G20 له‌ 29ى حوزه‌يراندا له‌ ژاپۆن، ئه‌ردۆغان گوتى توركيا به‌ پرۆژه‌ى S-400 پابه‌نده‌. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ نيوه‌ى يه‌كه‌مى مانگى ته‌مووزدا، سيسته‌مى S-400 ڕاده‌ستى توركيا بكرێ و ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ ترامپ دڵنياى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مريكا سزا به‌سه‌ر توركيادا ناسه‌پێنێ.

به‌ڵام ترامپ پاش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌ گو‌تى، نيگه‌رانييه‌كانى ئه‌مريكا وه‌كوو خۆيان ماونه‌ته‌وه‌‌. واشنگتۆن ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر توركيا تا 31ى ته‌مووز واز له‌ سيسته‌مى S-400 نه‌هێنێ، ئه‌وا فڕۆكه‌ى جه‌نگيى F-35 به‌ ئانكارا‌ نادرێ و ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ توركييانه‌ى كه‌ ئێستاكه‌ له‌ ئه‌مريكا مه‌شق و ڕاهێنان ده‌كه‌ن، له‌ ئه‌مريكا ده‌رده‌كرێن. ترامپ له‌باره‌ى پلانه‌كانى توركياوه‌ گوتى: "هيچ شك و گومانى تێدا نييه‌، ئه‌وه‌ بۆ خۆى كێشه ‌و گرفتێكه‌."

ئيمامئۆغلو به‌ لايه‌نگر و پشتيوانانى خۆى ڕاگه‌ياندووه‌ كه‌ ئه‌و بۆ ته‌واوى خه‌ڵكى ئيستانبۆڵ، بێ گوێدانه‌ ئينتيماى سياسييان، كار ده‌كا؛ "ئه‌مڕۆ، 16 مليۆن دانيشتووى ئيستانبۆڵ باوه‌ڕى ئێمه‌يان به‌ ديموكراسى نوێ كرده‌وه ‌و متمانه‌ى ئێمه‌يان به‌ دادپه‌روه‌رى تازه‌ كرده‌وه‌."

ئيمامئۆغلو، كه‌ كه‌مپێنێكى هه‌مه‌لايه‌نه‌ى به‌ڕێوه‌ برد و خۆى له‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ئه‌ردۆغان لا دا، ده‌ڵێ كه‌ ئه‌و ئاماده‌يه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر گرفته‌كانى ئيستانبۆڵدا له‌گه‌ڵ ئاكه‌په‌دا كار بكا؛ له‌و گرفتانه‌یش تێكقژقژان و تێكچه‌قينى هۆيه‌كانى گواستنه‌وه‌ و پێداويستييه‌كانى زێتر له‌ نيو مليۆن په‌نابه‌رى سوورييه‌ له‌ ئيستانبۆڵ. ئيمامئۆغلو ده‌ڵێ: "له‌م لاپه‌ڕه‌ نوێيه‌ى ئيستانبۆڵدا، لێره‌ به‌دواوه‌ كار له‌سه‌ر دادپه‌روه‌رى، وه‌كيه‌كى، خۆشه‌ويستى، لێبوورده‌يى ده‌كرێ و ڕێگه‌ له‌ به‌هه‌ده‌ردانى دارايیى گشتى، له‌ كه‌شوفشى و خۆبادان و له‌خۆنامۆبوونى ئه‌وى ديكه‌، ده‌گيرێ."

ئاته‌س ئيلياس باسۆى، كه‌ ستراتيژزانى حزبى گه‌لى كۆمارى (CHP) بووه‌ و له‌ پشت كه‌مپێنه‌كه‌ى ئيمامئۆغلۆوه‌ بووه‌، له‌ ديمانه‌يه‌كدا گوتى كه‌ حزب وه‌ڵامى گوتار و هێرشه‌ تووڕه ‌و ئاگرينه‌كانى ئه‌ردۆغانى به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ وه‌ڵام دايه‌وه‌. باسۆى كه‌ به‌م چه‌مكه‌ى خۆى ده‌ڵێ "خۆشه‌ويستيى ڕاديكاڵانه"‌، ده‌ڵێ "بۆيه‌ جه‌هه‌په‌ برديیه‌وه،‌ چونكه‌ كێشه‌ و پرسه‌كانى ده‌نگده‌رانى به‌ شێوه‌يه‌كى ڕاستگۆيانه ‌و جددييه‌وه‌ وه‌رگرت و خۆى له‌ گوتارى دوژمنكارانه‌ و دابه‌ش-دابه‌شكارانه‌، به‌دوور گرت.

ڕاده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات له‌ ئۆفيسى سه‌رۆكشاره‌وانى له‌وانه‌يه‌ تيشكى زێتر بخاته‌ سه‌ر ئه‌و قسانه‌ى ئيمامئۆغلو كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى خراپ بليۆنان ليره‌ له‌ شاره‌وانيى ئيستانبۆڵ خه‌رج كراوه‌ كه‌ بوودجه‌كه‌ى، خۆى له‌ 4 بليۆن دۆلار ده‌دا. كاربه‌ده‌ستانى جه‌هه‌په‌ ده‌ڵێن كاربگێڕيی ئاكه‌په‌ له‌و شاره‌دا، مليۆنان دۆلاريان وه‌كوو باروبوو به‌و ڕێكخراوانه‌ داوه‌ كه‌ له‌ ئه‌ردۆغانه‌وه‌ نزيكن.

ئه‌م تێكشكان و دۆڕانه‌ى ئاكه‌په‌ نزيكه‌ى دواى ساڵێكه‌ پاش بردنه‌وه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 24ى حوزه‌يرانى 2018دا،‌ كه‌ زۆرينه‌ى په‌رله‌مان و سه‌رۆكايه‌تييان برده‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ سيسته‌مێكى سه‌رۆكايه‌تى له‌گه‌ڵه‌ خۆدا هێنا كه‌ ڕه‌خنه‌گران ده‌ڵێن بووه‌ هۆى حوكمڕانيى تاقه‌ پياوێك له‌ سايه‌ى ئه‌ردۆغاندا و له‌وانه‌يه‌ به‌شێكى ئه‌و هۆيه‌ بێ كه‌ ئاكه‌په‌ له‌ 23ى حوزه‌يراندا بدۆڕێ.

ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌وانه‌يه‌ گرژييه‌كانى ناوخۆى ئاكه‌په‌، توندتر بكا. بوله‌نت توران، كه‌ پارله‌ما‌نتارێكى ئاكه‌په‌يه‌ له‌ جاناقاله‌ له‌ ڕۆژاواى توركيا، له‌ تویته‌ردا نووسيويه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ى بوونه‌ هۆى ئه‌و دۆڕانه،‌ ده‌بێ هه‌ق و حيسابيان له‌گه‌ڵدا بكرێ. موسته‌فا يه‌نه‌رئۆغلو كه‌ ئه‌ندامێكى ديكه‌ى ئاكه‌په‌يه‌، باس له‌ ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كا بۆ سياسه‌تگه‌لێك كه‌ ته‌كه‌ز بكاته‌ سه‌ر "عه‌قڵانيیه‌ت، حوكمى یاسا، لێكجياكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان و مافه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كان."

 

سەرچاوە:

https://thearabweekly.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples