"جه‌نگ لەگەڵ ئێران لە مانگەکانی داهاتوودا مەترسییەکی جددییە"

"ڕاز زیمت" کارناسی كاروباری ئێران لە "ده‌زگه‌ی دیراساكانی ئاسایشی نەتەوەیی"ی ئیسڕائیل "ڕاز زیمت" کارناسی كاروباری ئێران لە "ده‌زگه‌ی دیراساكانی ئاسایشی نەتەوەیی"ی ئیسڕائیل

و: پێنووس

"ڕاز زیمت" کارناسی كاروباری ئێران لە "ده‌زگه‌ی دیراساكانی ئاسایشی نەتەوەیی"ی ئیسڕائیلدا پێی وایە بە زێدەبوونی گرژییەکانی ئه‌م دوایییه‌ی نێوان تاران و واشینگتۆن، خۆبه‌دوورگرتنی ئێستای ئه‌مریكا له‌ به‌كارهێنانی بژارده‌ی سه‌ربازی لە مانگەکانی داهاتوودا لاوازتر ده‌بێت و، مه‌ترسیی پێكدادانی سه‌ربازیی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌هێزتر ده‌بێت.

"ڕاز زیمت (Raz Zimmt) توێژەری باڵای "ده‌زگه‌ی دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی"ی ئیسڕائیل تێبینییەکانی خۆی لە چاوپێکەوتنکێدا، لەگەڵ بەشی فارسیی "ڕادیۆی نێوده‌وڵه‌تیی فه‌ڕەنسا" و ڕۆژنامەی "لۆمۆند" و هەفتەنامەی "لۆپۆئێن"دا، لەمەڕ گرژییەکانی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئێران و دەرەنجامەکانی خستوونەتە بەرچاو.

"ڕاز زیمت" لەم چاوپێکەوتنە تایبەتییەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە قسەکانی، هەڵوێستی حکوومەتی ئیسڕائیل نین و بۆچوونەکانی خۆی وەک توێژەری كاروباری ئێران دەردەبڕێ. بەڵام ڕاز زیمت، له‌و ده‌گمه‌ن توێژه‌رانه‌ی كاروباری ئێرانه‌ له‌ ئیسڕائیل، کە بۆچوونەکانی لە لایەن ئه‌و حكوومه‌ته‌وه‌ بەهه‌ند وەردەگیرێن.

"ڕاز زیمت" لەم چاوپێکەوتنە تایبەتییەدا ڕای گەیاندووە: "بنیامین نەتانیاهۆ" بەپێچەوانەی هه‌ندێ لێكدانه‌وه‌، خوازیاری جه‌نگی سه‌ربازی لەگەڵ ئێران نییە، به‌تایبه‌ت كه‌ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل چاک دەزانێ کە پێكدادانی سه‌ربازی لەگەڵ ئێران بە واتای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تارانی وەک "حزبوڵڵای لوبنان"یشە.

بە قسەی "ڕاز زیمت" ئیسڕائیل کاتێک بەرەنگاری حزبوڵڵای لوبنان دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بیەوێ بە دژی ئیسڕائیل بەکاری بێنێ. بە بۆچوونی ئەم توێژەرە، حکوومەتی ئیسڕائیل بەرنامە ناوکییه‌كان و مووشەکە بالیستیکییەکانی تاران و، هه‌روه‌ها پشتیوانیی حکوومەتی ئێران لە حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە فەڵەستنییەکانی وەک "حەماس" و "جیهادی ئیسلامی" بە سێ مەترسیی هەرە گرینگ دەزانێ. ڕاز زیمت دەڵێ: ئیسڕائیل بەتەنیایی دەتوانێ هەڕەشەی گرووپەکانی وەک حزبوڵڵای لوبنان و مووشەکە بالیستیکییەکانی تاران کۆنترۆڵ بکا، بەڵام به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانی خستووەتە سەر شانی کۆمەڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و بەتایبەت ئەمریکا، هەرچەنده‌ ئیسڕائیل دەتوانێ، هه‌ر خۆی به‌ته‌نیا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی.

ڕاز زیمت هەروەها دەڵێ: "هەرچەنده‌ بنیامین نەتانیاهۆ ئەرکی ڕێگرتن لە ئێرانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی خستووەتە ئەستۆی ترامپ، بەڵام بەتەمای ئەوە نییە دنەی سەرۆککۆماری ئەمریکا بدا کە هێرشی سه‌ربازی بکاتە سەر ئێران.

توێژەرە ئیسڕائیلییەکەی كاروباری ئێران، لە ڕوونکردنەوەی هۆی پشتگیریی ئیسڕائیل لە سیاسەتی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"ی ئەمریکا بۆ سه‌ر ئێران و دەرکەوتنە یەکلایەنییەکەی ئەمریکا لە "بەرجام"دا دەڵێ: "بەرجام بە تێڕوانینی ئیسڕائیل ڕێککەوتنێکی ناتەواوە." هەروەها دەڵێ: "هەرچەند ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی دواکەوتنی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام نابێتە هۆی ئەوەی کە ئێران دوای ئەم ڕێککەوتنە، واتا پاش تێپەڕینی خولێكی دە پازدە ساڵە بە ئامانجی خۆی بگا.

ڕاز زیمت لەو بڕوایەدایە کە گوشارە نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سەرلەئاخیر پاشەکشە بە ئێران و ته‌نانه‌ت چاوپۆشیكردنی له‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی دەکەن، بەڵام ئەم شیمانەیە نابێتە هۆی ڕەوینەوەی سێ نیگەرانیی سه‌ره‌كیی ئیسڕائیل.

بە بۆچوونی ڕاز زیمت، یەکەمین نیگەرانیی ئیسڕائیل لە گرژییەکانی ئەم دوایییەدا جه‌نگی سه‌ربازیی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵای لوبناندا له‌ ئاكامی گرژییه‌كانی ئه‌م دوایییه‌. دووەمیان بە گوتەی ڕاز زیمت، بەردەوامبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە کە لە سایەی ناچالاکبوونی کۆمەڵگەی جیهانیدا پاشگەزبوونەوەی ئێران لە بەرجامی لێ بکەوێتەوە. ئەم شیمانەیە، بە گوتەی ڕاز زیمت، دەبێتە هۆی بەتەنیامانەوەی ئیسڕائیل لە ئاست هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێراندا. له‌ كۆتاییشدا، سێیەمین نیگەرانیی ئیسڕائیل، بە بڕوای ڕاز زیمت، ڕه‌زامه‌ندیی "ئایەتوڵڵا خامنەیی"یە بۆ گفتوگۆ و سازان لەگەڵ حکوومەتی ترامپدا، کە دەتوانێ ڕێککەوتنێکی وەک بەرجام لە سەردەمی باراک ئۆبامای لێ بکەوێتەوە.

بە بۆچوونی ڕاز زیمت تەنانەت گوشارە سیاسییەکانی ناوخۆ، وەک ڕاپەڕین لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە، نە دەتوانێ حکوومەت بڕووخێنێ و نە هەڕەشەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەدا نه‌هێڵێ. ڕاز زیمت دەڵێ: کۆماری ئیسلامی، هێزی خۆی لە سەرکوتکردن و کپکردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکاندا پێشان داوە. جگە لەوەیش له‌ نەبوونی کەرتی تایبەتی سەربەخۆدا، چینە مامناوەنجییەکەی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە به‌توندی بە حکوومەتەوە گرێ دراوە و ئەم وابەستەبوونەیش بووەتە کۆسپێک بۆ ڕاپەڕینی ئەم چینە لە شارەکاندا. ڕاز زیمت هەروەها دەڵێ: هێزە دەرەکییەکان، لە هەلومەرجێكی وەهادا، هیچ گرەوێک لەسەر ڕاپەڕینی خەڵک له‌ پێناو جڵه‌وكردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران یاخود گۆڕینی ڕه‌فتاری ئه‌و وڵاته‌ ناکەن. هۆیەکەیشی بە گوتەی ڕاز زیمت ڕوون و ئاشکرایە: ئەوه‌ی لە دوا شیكردنه‌وه‌دا پێوەندییە نێوده‌وڵه‌تییه‌کان دەستنیشان دەکا، یه‌كه‌م جار مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ نییە، بەڵکوو بەرژەوەندییە درێژخایەن و ستراتیژییەکانی وڵاتانە.

ئەم توێژەرە ئیسڕائیلییە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە گرنگترین هەڕەشە له‌ ڕوانگه‌ی ئیسڕائیله‌وه‌ دەزانێ و دەڵێ: ئیسڕائیل ڕەوشی ئێستای ئێران، واتا مەودای دە مانگە یان یەک ساڵەی ئێرانی بۆ دەستەبەرکردنی چەکی ئەتۆمیی پێ لە بەرجام باشترە. چونکە، سەرەڕای ڕێککەوتنی بەرجام، کۆماری ئیسلامی لە ٢٠٢٥دا، واتا لە کۆتاییی ماوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، تەنیا چەند هەفتەیەک مەودای لەگەڵ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیدا دەبێ. جگە لەوەیش، حکوومەتی ئێران دەتوانێ لە سایەی هەڵوەشاندنەوە یان هه‌ڵپه‌ساردنی گەمارۆی ئابووریدا دەستکەوتی داراییی چاکی هەبێ و پشتیوانییەکی نێوده‌وڵه‌تی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی دەستەبەر بکا.

ڕاز زیمت هەروەها دەڵێ: کێشە ئەوەیە کە ڕاگرتنی ڕەوشی ئێستا و پێشگیری لە قەومانی بەرەوڕووبوونەوەی سه‌ربازی بە هۆی زۆرتربوونی گرژییەکانه‌وه‌، کارێکی ئەستەمە. توێژەره‌ ئیسڕائیلییه‌كه‌ی كاروباری ئێران دەڵێ، ئاكامه‌كانی سزا ئابوورییەکانی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"ی ئەمریکا لەسەر ئێران شتێکی حاشاهەڵنەگرە و گەلێک قورس و ئەستەم بووه‌. ئێران لە ئاکامی ئەم گوشارە ئابوورییانەدا گەیشتووەتە لێواری ڕووخان و توانای پشتگیریکردن لە گرووپگەلی وەک حزبوڵڵای لوبنانی کەم بووەتەوە. سەرەڕای ئەوەیش، ڕاز زیمت ڕای دەگەیەنێ كه‌ "دیار نییە لێكه‌وته‌ گرنگه‌ ئابوورییەکانی ئه‌وپه‌ڕی گوشاره‌كانی ئەمریکا بتوانێ ببێتە هۆی گۆڕینی ڕەفتارەکانی ئێران یان گۆڕینی حکوومەتی ئیسلامی.

بە بۆچوونی ڕاز زیمت: خودی ئەم لێڵی و ناڕوونییە سەرچاوەی نیگەرانییەکی مەزنە. چونکە، بە گوتەی ئەم توێژەرە ئیسڕائیلییە، ئەمریکا ئەگەر لە گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی لە ڕێی گوشار و گەمارۆ ئابوورییەکان بە سەر ئێراندا سەر نەکەوێ، حکوومەتی واشینگتۆن و حکوومەتی ئیسلامی هیچ پلانێکی جێگره‌وه‌یان نابێ و نەبوونی ئەم پلانەیش، ته‌نیا دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی مەترسیی جه‌نگ.

ڕاز زیمت دەڵێ: لە دۆخی هه‌ڵنه‌وه‌شانه‌وه‌ یان هه‌ڵنه‌په‌ساردنی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئایەتوڵڵا خامنەیی ئامادەی گفتوگۆ نابێ و، دووریش ده‌نوێنێ كه‌ ئەمریکایش گوشار و گەمارۆکانی خۆی لەسەر ئێران، هه‌رچه‌نده‌ كاتییش بێت، هه‌ڵپه‌سێرێت. ئەم بنبەستەیش، بە گوتەی ڕاز زیمت، دۆخی گرژیئامێزی ئێستای نێوان ئەم دوو وڵاتە مەترسیدارتر دەکا.

توێژەری ئیسڕائیلی دەڵێ: حکوومەتی ئێران لە دۆخێکی وەهادا پەرە بە نائارامکردنی کەنداو دەدا تا پێش هه‌ر شتێ بیسەلمێنێ كارتی گوشاری به‌هێزی له‌به‌رده‌ستدایه‌، بەتایبەت ئەگەر تاران مل بۆ گفتوگۆ بدا. دووه‌میش، تاران دەیەوێ بە نائارامکردنی ڕەوشی کەنداو، پێشان بدا کە لێكه‌وته‌ نه‌رێنییه‌كانی ئه‌وپه‌ڕی گوشارەکانی ئەمریکا، داوێنی گەلێک وڵاتی تریش بگرێتەوە.

بە گوتەی ڕاز زیمت: بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە دەتوانێ خۆپاراستنی ئەمریکا، لە بەکارهێنانی بژاردەی سه‌ربازی لە چەند مانگی داهاتوودا، لاوازتر و مەترسیی پێكدادانی سه‌ربازی بەهێزتر بکا.

 

سەرچاوە:

http://fa.rfi.fr

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples