سەرکەوتنێک بۆ کەمینەکانی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

"کەمینەکانی کوردستان ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی مێژوویییان لەو وڵاتەکەدا هەیە"


* ڕەیچڵ ئەڤرەهام

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

نێچیرڤان بارزانی لەم دوایییەدا وەک سەرۆکی نوێی کوردستان سوێندی یاساییی خوارد و پێشتریش سەرچاوەی ئومێد، بڵاوکردنەوەی ئاشتی، پێکەوەهەڵکردن و سازان بووە لە هەرێمەکەدا. لە دوای سوێندخواردنی، سەردانی بەغدای کرد و چاوی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوت. دوا بە دوای ئەوە، لە لایەن تورکیا و فەڕەنساوە داوەت کرا و لە لایەن "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان"ی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆک "ئیمانوێل ماکڕۆن"ی سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازیی لێ کرا.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆک، پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان بۆچوون و باوەڕە جیاوازەکان و، هەبوونی پەیوەندییەکی ئەرێنییە لەگەڵ دراوسێ و کەمینەکان لە هەرێمی کوردستاندا. بەمەیش کەمینەکانی کوردستان بەتەواوی خۆشحاڵن بە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی هەرێم و؛ باوەڕیشیان وایە کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ئاست پێشبینیی ئەواندا دەبێت، بەتایبەت کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە کوردستان مامەڵەی کردووە و دەتوانێت خزمەت بکات و ببێت بە نموونەیەکی ئەرێنی بۆ نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

"مونا قاوەچی" کە سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی گرووپی تورکمانەکانە، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: "کاتێک لە ساڵی ٢٠١٥دا ماددەی ٥ لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، سەرجەم خواست و ویستەکانی کەمینەکان لەو ماددەیەدا هاتە دی. بۆیە ئێمە دەنگمان بە سەرۆک نێچێرڤان بارزانی دا، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە بۆ خەڵکی کوردستان کە ئێمە متمانەمان بە سەرۆک بارزانی هەیە. ئێمە پێمان وایە لە چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەی مافی کەمینەکانی وەک تورکمان، کلدان، ئاشوورییەکان، ئێزدییەکان و هەموو گرووپەکانی تر پارێزراو دەبێت. وەک ژنێکی تورکمان و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و گرووپی تورکمانەکان و تەنانەت کەمینەکانی تریش لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگە و ڕۆڵیان دەبێت و، ئەمەیش دەکرێت ببێت بە مۆدێڵێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکانی تری بەشەکانی تری عێراق. بارزانی بەناوودەنگە لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە."

کاتێک بەڕێز بارزانی سەرۆکوەزیران بوو، نووسینگەیەکی تایبەتی بۆ ڕزگارکردنی ئێزدییەکان دامەزراند. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە ساڵی ٢٠١٤وە، زیاتر لە ٣٣٤٠ ئێزدی لە دەستی داعش و لەو کاتەوەی کە کەوتوونەتە دەست ئەو گرووپە تیرۆریستییە، ڕزگار کراون. لە کاتێکدا ئەوە ڕاستە کە داعش ٦٤١٧ ئێزدیی ڕفاندووە و ٢٩٩٢ تا ئێستا بێسەروشوێنن. ئێزدییەکان دەبێت دڵنیا ببنەوە لەوەی کە سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان ناوەستێت، تاوەکوو هەموو ئێزدییەکانی ژێردەستەی داعش ڕزگار نەکات.

بەڕێز بارزانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا، بۆ یەکخستنی کەمینەکان و گونجاندنیان لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا هەموو شتێکی کردووە. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو مەسیحییەکان، ئێزدییەکان و گرووپە ناموسڵمانەکانی تر وەک بەشێکی بنەڕەتیی کوردستان دەبینێت و ئه‌وه‌ ڕەت دەکاتەوە وەک "کەمینە" ناویان بهێنێت و باسیان بکات. بەگوێرەی نووسینگەی ڕاگەیاندنەکەی، بارزانی ڕای گەیاندووە: "ئەو پێکهاتانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین کەمینە نین، بەڵکوو پێکهاتەیەکی ڕاستەقینەن و ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵیان لە وڵاتەکەدا هەیە."

حوسێن قایدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێنراوەکان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کورد" لە ساڵی ١٩٥٣وە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە سەرکردایەتیی کوردی وایان بەباش زانیوە و پێیان باشتر بووە کە بنووسرێت کوردستان، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتە و دانیشتووانی هەموو ناوچەکان لەخۆ بگرێت؛ هەر لە مەسیحییەکانەوە تا دەگاتە جوولەکە و ئێزدی و ئەندامانی تری گرووپە ناموسڵمانەکان و تاوەکوو هەموویان پێکەوە یەکگرتوو بن. هەروەها گرووپی ئیتنیکیی تری ناکوردیش هەن، وەک ئەو تورکمان و عەرەبانەی کە لە کوردستاندا دەژین. ئەو گرووپانە ناچار نەکراون و ڕەگەزپەرستییان لە بەرامبەر نەکراوە و لە مافەکانیان لە کوردستاندا بێبەش نەکراون."

لە دوای هەموو ئەو کۆژان و ئازارانەی کە داعش بەسەر پێکهاتە ناموسڵمانەکانی هێنا لە عێراق، زۆرێک لە مەسیحی و ئێزدییەکان هەستیان کرد کە هیچ کەسێک پشت و پەنایان نییە تەنیا کوردەکان نەبێت. لەم دوایییەدا، عێراق دەستی کرد بە هێرشیکی تر لە دژی داعش کە دەگوترێت گەورەترین هێرش بووە لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی مووسڵەوە. داعش هەوڵ دەدات جموجۆڵەکانی لە عێراق دەست پێ بکاتەوە و هێزە عێراقییەکانیش لە نێوان خۆیاندا دابەش بوون، ئەگەرچی سەختە بەرەنگاری گرووپە تیرۆریستییەکان ببنەوە. ئەم ڕاستییە وای لە زۆرێک لە مەسیحییەکانی عێراق کردووە کە هەست بە شڵەژان و نائارامی بکەن و وایان لێ بکات لە کوردستان بمێننەوە، نەک بگەڕێنەوە زێدی باوباپیرانیان لە ناوچەکانی تری عێراق.

ئەو مەرگەسات و دڕندەیییەی کە لە ناوچەکانی تری عێراق لەو چەند ساڵەی دواییدا لە هەمبەر کەمینەکان کراوە، تەنیا کورد بەیەکگرتوویی لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا توانیویەتی بەتەواوی هەموو ئەو گرووپە ناموسڵمانانە بپارێزێت و لەبەر ئەوەیشە گرووپە کەمینەکان لە کوردستان دەنگیان پێ داوە. بۆیە دەبێت سەرکەوتنی لە سەرۆکایەتییەکەی، وەک سەرکەوتنی لە پاراستنی گرووپە کەمینەکان بێت.

بۆیە دەمێکە کەمینەکان تەنیا ناوچەیەکی بچووکیان لە عێراق هەیە (هەرێمی کوردستان) کە هەست بە سەلامەتی و ئاسایش دەکەن تیایدا؛ ئازادن لە پیادەکردنی بیروباوەڕەکەیان و پەیڕەوکردنی داب و نەریتی باوباپیرانیان بەبێ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت. لە هەمان کاتدا، بە هۆی خودموختاریی هەرێمەکەوە کە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی بە کەمینەکان داوە، نێچێرڤان بارزانی دەتوانێت ببێت بە مۆدێڵێکی ‌جوان و هاوچەرخ بۆ ژمارەیەک لە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە کە کەمینەکانی وڵاتەکەیان دەچەوسێننەوە. نێچیرڤان بازرانی دەتوانێت پیشانیان بدات کە دەکرێت هەرێمێک هەبێت لە موسڵمانانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دیموکراتە و مافی کەمینەکان، مافی ژنان و گرووپەکانی تر و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان زامن دەکات. 

 

* ڕەیچڵ ئەڤرەهام، شیکەرەوەی سیاسییە لە ناوەندی سەفادی بۆ دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی، توێژینەوە، پەیوەندییە گشتییەکان و مافەکانی مرۆڤ. نووسەری کتێبی "ژن و جیهاد"ە.

 

سەرچاوە:

https://m.washingtontimes.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples