لە ڕکابەریی نێوان ئەمریکا و چین لە جیهانێکی نوێی جووتجەمسەردا؛ ئەوروپا لە نێوانیان دەبێت

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

جەنگی بازرگانیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین، سیستمی سیاسیی نێودەوڵەتی بەرەو دوو جەمسەری بردووە، لە کاتێکدا "دۆناڵد ترامپ"ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و "شی جین پینگ"، سەرۆکی چین لە لووتکەی جی ٢٠دا چاویان بەیەکتر کەوتووە و لەوبارەیەوە گفتوگۆیان کردووە. بەمەیش ئەوروپا ڕووبەڕووی دۆخێکی پڕ لە ئاریشە دەبێتەوە و پرسیارەکەیش ئەوەیە ئەوروپا کام لایەن لە نێوان ئەمریکا و چیندا هەڵدەبژێرێت؟

ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی یاریی گۆڵف لە ڤێرجینیا، دڵتەنگ دەرکەوت. لە هەژماری تویتەرەکەیدا، گلەیی و گازەندەی لە "سەدیق خان"ی شارەداری لەندەن هەبوو. ئەم دوو پیاوە چارەی یەکترییان ناوێت. ترامپ لە جاوپێکەوتنێکدا ده‌ڵێت: "خان کارەساتە." و "تەنیا شتەکان خراپتر دەکات." ترامپ گلەیی لە کۆنگرێسیش دەکات و پێی وایە ئەندامەکانی، زۆر مایەی نیگەرانی و ئاڵۆزین زیاتر لە هەر سیاسەتڤانێکی تر، چونکە بیروڕای خۆیان هەیە و تۆیش بەئاسانی لەو بیروڕایە ناگەیت.

سێشەممەی ڕابردوو ترامپ دەستی بە هەڵمەتی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٠دا کرد و بە هێرشکردنە سەر میدیا دەستی پێ کرد و بە "میدیای ساختە" ناودێری کردن. ڕکابەرەکانی بەگشتی بریتین لە چەپڕەوە تووڕەکان و دیموکراتەکان. ترامپ هێرشی کردە سەر ئەوانیش و گوتی: "هەموومان دەزانین کە ئەوان دەیانەوێت وڵاتەکەمان وێران بکەن."

"شی جین پینگ"، سەرۆکی چین، بەر لە پشووی هەفتەی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێک سەردانی تاجیکستانی کرد و، سەرکردەکانی ئاسیا پیرۆزباییی ٦٦ ساڵەی ڕۆژی لەدایکبوونیان لێ کرد. "ڤلادیمیر پووتین"ی سەرۆکی ڕووسیا کێکێک و بۆکسێکی ئایس کرێمی پێشکەش بە سەرۆکی چین کرد و سەرۆکی چین پێی گوت: "خۆشترین کێک و ئایس کرێم بووە."

شی جین پینگ هەفتەی ڕابردوو بەرەو کۆریای باکوور بەڕێ کەوت! ئەوە یەکەمین سەردانی سەرۆکی چینە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا. سەرۆکی چین ئەوەیشی ڕاگەیاندووە کە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕیی ستراتیژی سەردانی پیۆنگ یانگی کردووە. شی جین پینگ لە هیچ شتێک نیگەران نەبووە، بەتایبەت خۆپیشاندانی جەماوەری لە هۆنگ کۆنگ لەبارەی زیادبوونی ناڕەحەتییە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ سەرهەڵدانی "پەکین"ێکی نوێ، یان جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا. شی جین پینگ هیچ نیگەرانییەکی دەرنەخست، پێچەوانەی دۆناڵد ترامپ کە هەمیشە نیگەرانییەکانی خۆی دەردەخات.

رووبەڕووبوونەوە و نیگەرانییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە (ئەمریکا و چین) بە لووتکەی جی ٢٠ەوە دیار بوو چونکە هەر دوو سەرۆک، نوێنەرایەتیی شتێکیان دەکرد کە لە دوای جەنگی ساردەوە بوونی نەبووە: ئەویش زیاتربوونی دابەشبوونی جیهانە بۆ جەمسەربەندی و دابەشبوونی بۆ دوو پانتاییی سیاسی و ئابووری. دەرەنجامەکانی لووتکەیەکی لەم شێوەیە بەتەنیا کاریگەریی لەسەر هێزە ڕکابەرەکان نابێت، بەڵکوو لەسەر هەموو وڵاتانی بەشداربوو دەبێت، چونکە ئەم لووتکەیە %٨٠ بەرهەمی ئابووریی جیهان پێک دەهێنێت و دوو لەسەر سێی بازرگانیی جیهانیش پێک دەهێنن.

پێچەوانەی ململانێکانی ئەمریکا لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو کە زیاتر سەربازی و ئایدیۆلۆژی بوو، بەڵام ململانێی نێوان ئەمریکا و چین وەک دوو جەمسەر، لەسەر ئابوورییە. واشنگتۆن و ترامپ لەو بڕوایەدان کە چین بەرەنگاریان دەبێتەوە.

کێشەیەکی بێبەدیل

ماڵپەڕی فاینانشڵ تایمز هۆشداریی داوە کە ڕکابەریی ئەمریکا و چین گرنگترین گەشەی جیۆپۆلیتیکی بە دوای خۆیدا دەهێنێت لەو سەردەمەدا و، کاریگەریی لەسەر هەموو کەسێک دەبێت کە لایەنداری بکات یان بیەوێت بەتەواوی بێلایەنیی خۆی بپارێزێت؛ بە شێوەیەکی گشتی ئەم ڕکابەرییە مەترسیی دەبێت. پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن وڵاتانی پیشەسازی، یان یەکێتیی ئەوروپا و ئەڵمانیا مامەڵە لەگەڵ ئەو ململانێیە دەکەن؟ ئەگەر کەسێکی تر سەرۆکی ئەمریکا بوایە ئەم پرسیارە وەڵامەکەی ئاسان بوو.

ئەوروپا هاوڕای بەها بنەڕەتییەکان و سیسته‌می ئابووریی ئەمریکایە، نەک چین کە وڵاتێکی تۆتالیتارە، بەڵام دۆناڵد ترامپ و دروشمە دەستدرێژیکارەکەی "سەرەتا ئەمریکا" و سیاسەتی ئابووری و گومرگی، ئالنگاری نەک تەنیا بۆ سەر چین بەڵکوو بۆ هەموو هاوپەیمانانی ئەمریکا، هەر لە ئەوروپاوە تا دەگاتە کەنەدا، ژاپۆن و کۆریای باشوور دروست دەکات، بەتایبەت ئابووریی ئەڵمانیا کە زیاتر بە لای چینەوە جێگەی بایەخە. بڕیاردان و خۆیەکلاکردنەوە لە نێوان ئەمریکا و چین بەدیل نییە، بەڵکوو ئاریشەیە.

ئێستا حکوومەتی ئەمریکا لە پەکین زیاتر هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرای هەیە. چەندین مانگە واشنگتۆن گوشار لەسەر وڵاتان دەکات بۆ ئەوەی کارەکانیان لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکانی بواری نێتوۆڕک/رایەڵە ڕابگرن. لە مانگی ئایاردا، ئیدارەی ترامپ کۆمپانیای "هەواوی"ی خستە لیستی ڕەشەوە و کارەکانی  لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە وەستاند، بەڵام بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی ئەمریکا. کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک گووگڵ و چەند کۆمپانیایەکی تر پێشتر ڕایان گەیاندبوو کە پەیوەندی و کارەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای هەواوی دەوەستێنن.

سیاسەتی ئێستای واشنگتۆن لە هەمبەر ئێراندا ئەوەیە؛ "یان لەگەڵ ئێمەی، یان دژی ئێمەی" و ئەمەیش لە لایەن هەندێک سیاسیی ئەمریکی پاڵپشتی دەکرێت و، دەمێکیشە ئەم جۆرە سیاسەتە لە لایەن ئەمریکاوە پیشان نەدراوە. "کیرۆن سکینەر"، بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێی وایە: "ڕکابەری لەگەڵ چین، جەنگە لەگەڵ شارستانییەتێکی ڕاستەقینە."

گۆڕانی ستراتیژەکان

لە هەمان کاتدا پەکین پاڵپشتیی سیاسەتەکانی دەکات بەرەو واقعێکی تازەتر. سەرکردایەتیی چین هانی خاوەن کار و وەبەرهێنەر و ئەندازیار و زانایانی دەدات کە خۆیان بۆ بەهێزکردنی کەرتی تەکنەلۆژییان ئامادە و تەیار بکەن. لە ڕوانگەی چینەوە جەنگی بازرگانی بەڕێوەیە، چونکە ڕوودانی دەستپێکی جەنگەکە کەوتۆتە سەر جووڵەکانی ئەمریکا. بەڵام پێیشدەچێت ئەمریکا ستراتیژی جەنگەکەی بونیاد نابێت. "ماکس زێنگلین" لە پەیمانگه‌ی مێرکەیتەر بۆ لێکۆڵینەوە لە چین پێی وایە کە: "چوار ساڵ لەمەو بەر، پەکین ماستەر پلانی خۆی داڕشتووە بە ناوی "لە چین بەرهەم هاتووە ٢٠٢٥) کە ١٠ کەرتی پیشەسازی لەخۆ دەگرێت. نووکە چین بە ئامانجی بونیادنانەوەی کەرتی تەکنەلۆژیی کلاسیکی وەک فڕۆکە و بەرهەمهێنانی فڕۆکە، ئەو پلانە دەستکاری دەکات."

"لو هی" وەک یەکێک لە گرنگترین ڕاوێژکارە ئابووری و دانوستانکارەکانی سەرۆک شی جین پینگ، پێی وایە کە تەشەنەکردنی ململانێ بازرگانییەکان لایەنی ئەرێنییشی بۆ چین هەیە. گوشاری دەرەکی، یارمەتیمان دەدات بۆ باشترکردنی داهێنان و گەشەپێدانەکانمان؛ بۆیە ئێمە دەتوانین چاکسازی و کرانەوە زیاتر لە خۆماندا بکەین و کواڵیتیی گەشەی خۆمان زیاتر بەرز بکەینەوە.

لە لووتکەی "ڕێگه‌ی ئاوریشم" لە سەرەتای ئەمساڵدا کە زۆرێک لە سەرکردە ئەوروپییەکان لە پەکینی پایتەختی چین بەشدار بوون تیایدا، شی جین پینگ بەشێک لە ڕەخنەکانی لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە قبووڵ کرد و ڕای گەیاند، کە گۆڕانکارییەکان هەستیان پێ دەکرێت؛ بۆ نموونە کۆمپانیای "بی ئێم دەبلیو" ڕێگەی پێدراوە بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان کار بکات. کارگەی زەبەلاحی کیمیاویی ئەڵمانی ڕێگەی پێ دراوە بۆ بەردەوامبوون و بونیادنانی ژێرخانی لە ناوخۆی چیندا.

ئەوروپییەکان تێبینیی ئەوەیان کردووە کە چین لەژێر گوشاردایە و بەرگری دەکات، چونکە دەیەوێت لە هەر دوو بەرەی واشنگتۆن و بڕۆکسل دوور بکەوێتەوە. لە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا-چین لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، ئەوروپییەکان هەڕەشەی واژوونەکردنی کۆتاییی بەیاننامەکەیان کرد کە ستراتیژێکی سەرکەوتوو بوو. دواجار، چین ڕازی بوو بۆ گەڵاڵەکردنی ستراتیژێکی ڕوونتر کە نەک تەنیا بازاڕی چین کراوە بکات بەڵکوو بۆ چاودێریکردنی ڕکابەرییەکی ڕەوا و هاوتا لە بازرگانیکردندا ڕێگە بە میکانیزمە سیاسییەکانیش بدات.

چەقین لە ناوەڕاستدا

زۆریك لە وڵاتانی بەشداربووی لووتکەی جی ٢٠ پاڵپشتی ترامپ بوون سەبارەت بە چین، بەڵام نیگەرانیش بوون بەوەی کە جەنگی بازرگانی، سیسته‌می ئابووریی جیهان تێک بکشێنێت کە ئەمریکا ڕۆڵێکی گەورە لە بونیادنانیدا دەگێڕێت. چین بەراورد ناکرێت بە ئێران و ژاپۆن و ڕکابەرەکانی ساڵانی هەشتای ئەمریکا. ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت قەبارەی بازرگانیی نێوانیان ٢ ملیار دۆلار بوو بۆ هەر ساڵێک. نووکە ئەمریکا قەبارەی بازرگانی لەگەڵ چیندا ٢ ملیار دۆلارە لە ڕۆژێکدا.

بازاڕی چین، گرنگترە بۆ پیشەسازی و هەناردەی کاڵای ئەڵمانی لە بازاڕی ئەمریکی. زیاتر لە %٤٠ی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە چین کار دەکەن و، زیاتر لە نیوەی کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی تریش کە لە ئەمریکا کار دەکەن تاریفەی گومرگی کاریگەریی لەسەر دروست کردوون. ئەوروپا ئێستا لە نێوان ئەو دوو هێزەدا (ئەمریکا و چین) چەقیوە. "سی سیلیا مالمستۆرم"، کۆمیسیار لە یەکێتیی ئەوروپا، پابەندیی خۆیان بە فرەلایەنی دووپات کردەوە و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی دێر شپیگڵ ڕای گەیاند: "ئێمە بە دوای سیاسەتەکانی ترامپ ناکەوین. چین ڕکابەری ئابووریی ئێمەیە بەڵام دوژمنی سیاسیمان نییە." ترامپ هەڕەشە لە هاوپەیمانە ئەوروپی و ئاسیایییەکانی دەکات بە هەمان ئەو ڕێگه‌ و شێوازەی کە لە بەرامبەر چیندا بەکاری دەهێنیت؛ تەنانەت دوای ساڵێک لە جەنگی بازرگانی، هێشتا ڕوون و ئاشكرا نییە کە ململانێکان لەگەڵ چین چۆن چارەسەر دەبن.

 

سەرچاوە:

https://www.spiegel.de

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples