بۆچی تورکیا پشتی کردە ئەمریکا و باوەشی کردە ڕووسیا؟

ئارۆن ستێن بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ لە ئنستیتیوتی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە لە ئەمریکا ئارۆن ستێن بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ لە ئنستیتیوتی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە لە ئەمریکا

ئەو کەڵێنەی لە عێراق و سووریا دەستی پێ کرد و ئێستایش مەترسیی دابەشبوون لە ناتۆ دەکات

 

ئارۆن ستێن  (Aaron Stein) *

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: زوبێر ڕەسووڵ

پێوەندییە گرژەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا چەند ساڵیکە ڕوو لە هەڵکشانە. هەر دوو لا ناکۆکن لەسەر لستێکی درێژی کێشەکان. لە هەڵوێستە دەسەڵاتگەراکانی ئەردۆغانەوە بگرە، تا دەگاتە ڕەتکردنەوەی ئەمریکا لە ڕادەستکردنی پیاوە ئایینییە تورکەکەی پەنسلڤانیا "فەتحوڵڵا گویلەن" کە تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئەردۆغان. هەرچەندە هەر دوو دۆستە کۆنەکە ( ئانکارا و واشنتۆن) لەسەر زۆربەی کێشەکان ناكۆكن، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش باوەڕێکی بەرفراوان هەیە لەناو داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا و شارەزایانی بواری ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە سەرباری کێشە ڕووکەشییەکان، بەڵام دەستەبژێری ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا تا ئێستایش ئەمریکا وەک دۆستێکی ستراتیژی دەبینن کە ناتوانن دەستبەرداری بن. بە شێوەیەک ئانکارا ناتوانێت بەبێ کارکردن لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بپارێزێت.  

بەڵام لە ساتەوەختی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، کە ڕێگه‌ی بۆ دروستبوونی حکوومه‌تێکی کوردی خۆش کرد، لەو ڕۆژەوە تورکیا وا سەیری ئەمریکای دەکات وەک هێزێک کە مایەی ناسەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاڵپشتیکردنی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ هێزە کوردییەکانی سووریا ئەم بۆچوونەی ئەوەندەی تر بەهێز کرد و پاڵیشی بە تورکیاوە نا کە ڕوو لە کڕینی چەکی ڕووسیا بکات؛ لە هەمان کاتدا پابەندبوونی تورکیایشی بە هاوپەیمانێتیی ناتۆ خستە ژێر پرسیارەوە. بۆ سەلماندنی ئەو بێمتمانه‌یییه‌ی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە ئێستادا، پێویست ناکات لە پلانی کڕینی سیسته‌می بەرگریی مووشەکیی S-400ی ڕووسی دوورتر بڕۆین.

مانگی ڕابردوو، ئەمریکا هۆشداریی ئەوەی دا کە کڕینی سیسته‌می بەرگریی S-400 دەبێتە هۆی لەدەستدانی شوێنی تورکیا لە پڕۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە سەرکردایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکان، کە خودی تورکیا وەک ئەندامێک لە یەکێتیی نێودەوڵەتی، بەشدار بووە لە کۆمەکی پێشخستنی ئەو فڕۆکەیە، واتا F-35، کە بریار وا بوو تورکیا 100 فڕۆکەی پێ بدرێت. تورکیا پلانی ئاییندەی هیزە ئاسمانییەکانیشی هەر لەسەر ئەو پرۆگرامە داناوە. بەڵام دیزاینکردنی S-400 لە لایەن مۆسکۆوە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە کە شکست بە تەکنەلۆژیی شەبەحی وڵاتە یەکگرتووەکان بهێنێت؛ بۆ ئەمەیش تورکیا نیگەرانە لەوەی کە، دوور نییە ئەم سیسته‌مە ڕووسییە لە بنەڕەتدا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بێت لەسەر نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی جەنگی کە ئەمریکا بەرهەمی دەهێنێت. لە دۆخێکی وەهادا ئەم زانیارییانە، دەکرێت بکەونە دەست مۆسکۆ، کاتێک خەبیرە ڕووسەکان بەشەکانی ئەو سیسته‌مە لای خۆیان بپارێزن؛ ئەمە جگە لەوەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی لەسەر چۆنێتیی بەکارهێنانی فڕۆکەی F-35 لە بنکەکای ئەمریکا، ڕاهێنانی سەربازیی بە فڕۆکەوانە تورکەکان کردووە. لەگەڵ گەیشتنی سیسته‌می مووشەکیی S-400، تورکیا لە کۆنسۆرتیومی consortium F-35 لا دەبرێت؛ واتا ڕێگریکردن لە وەرگرتنی ئەو فڕۆکەیەی کە تورکیا خۆی بەشداریی ماددیی لە دروستکردنیدا کردووە. 

بەڵام ئەردۆغان ئەوەی ڕەت کردەوە کە ملكه‌چی داواکاریی وڵاتە یەکگرتووەکان بێت. لە بەرامبەریشدا ڕێز لە ڕێككەوتنەکەی لەگەڵ ڕووسیا دەگرێت. ئەو هەنگاوەی ئانکارا بژاردەیەکی سیاسی بوو وەک ئاماژەیەک بۆ هەموو ئەوانەی پێیان وا بووبێت کە تورکیا ئامادەیە بۆ وازهێنان لە پێوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن لە پێناو پێوەندیی بەهادار لەگەڵ مۆسكۆ. لۆژیکێکی ئاشکرا بۆ خوێندنەوەی ئەوە هەنگاوە، واتا بە گرتنەبەری سیاسەتێکی دەرەوەی بێلایەنانەتر، ئەردۆغان و حزبەکەی دەیانەوێـت چەمکێکی تەسکتر بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا پەرە پێ بدەن. یەکێکیان لە ڕێگه‌ی پێوەندیی نزیکتر لەگەڵ ڕووسیا دیتە دی، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و ئەمنییەوە. لە کاتێکدا پێناچێت ئەمە بە مانای چوونە باوەشی مۆسکۆ بێـت لەسەر حسابی واشنتۆن؛ بەڵكوو بە مانای ئەوەی کە تورکیا وای نابینێت کە ئەمریکا ئەو هاوپەیمانە بێت کە ناتوانێت دەستبەرداری بێت.

خۆبەدوورگرتن

دروستبوونی هاوپەیمانێتیی تورکیا و ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ترسی هاوبەشی هەر دوو لا بووە لە فرانبوونی یەکێتیی سۆڤیەت. نزیکیی جوگرافیی تورکیا لە یەکێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو وای کرد کە ببێتە هاوپەیمانێکی ئایدیاڵی بۆ هەڵمەتەکانی ئەمریکا لە چاودێریکردنی نەیارەکانی لە جەنگی سارددا، بەتایبەت بۆ لەمپەردروستکردن لە بەردەم دابەشکارییەکانی سۆڤیەت لە هەر یەکە لە بوڵگاریا و ئه‌رمه‌نستان. لە بەرامبەریشدا تورکیا گەرەنتیی ئاسایشیی لە ئەمریکا دەست دەکەوت، کە پشتئەستوور بوو بە دانانی چەکی ناوکیی ئەمریکا لە هەر بەشێکی تورکیا  بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشیکی لەناکاوی یەکێتیی سۆڤیەت. بەڵام لە ماوەی سێ دەیەدا، واتە لە کۆتاییی جەنگی ساردەوە، هەر یەکە لە تورکیا و ئەمریکا بۆیان ئاسان نەبووە یاخود کێشەیان هەبووە لە دیاریکردن و پێناسەکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش. کەڵێنی جیاوازیی نێوان هەر دوو لا لە دوای داگیرکردنی عێراق له‌ لایه‌ن ئەمریکاوه‌ لە ٢٠٠٣ خێراتر بوو، کە بووە هۆی دروستبوونی بۆشایییه‌کی هەرێمی لە ناوچەکە؛ ئەم بۆشایییەیش بە شێوەیەکی لاوەکی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پڕ کرایەوە. سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە پاڵپشتیی ئەمریکا، توانیی ببێتە خاوەنی دامەزراوەکانی حوکمڕانیی دستووری و سەربەخۆ. ئەمەیش بووە هۆی نیگەرانی لای دەستەبژێری ئاسایشیی نەتەوەی تورکیا کە هەمیشە ناسیۆنالیزمی کوردی وەک سەرچاوه‌یەکی بۆ مانەوەی دەوڵەتی تورکیا ببینن. ئانكارا بۆ چەند دەیە دەبێت، شەڕی کوردە جوداخوازەکان دەکات. بۆیە ترسی ئەوەی هەیە کە تورکیا تووشی هەڵوەشانەوە ببێت لەسەر بنەمای ئیتنی، ئەگەر کوردەکان پاڵپشتی بکرێن.  

دۆخەکە خراپتریش بوو کاتێک جەنگی سووریا دەستی پێ کرد. سیاسەتی ئانکارا لە سووریا بریتی بوو لە پەراوێزخستی کورد، کاتێک لە ٢٠١٢ کورد بەتەواوی توانیی سەر سنووری خۆی کە لە هامان کاتدا سنووری نێوان تورکیا و سووریایشە کۆنترۆڵ بکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کورد زۆرینە بوو. سەرەتا تورکیا ویستی ئەو گرووپە بەرهاڵستکارەی کورد، واتا حزبی یەکێتیی دیموکراتی ( پ.ی.د) بگرێتە خۆ، بۆ ئەوەی لە بەرەی تورکیا دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد کار بکات. هەڵبەتە پەیەدە یەكێکە لە لقەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە ئەویش لە بنەڕەتدا حزبێکی کوردبیە و چەند ساڵە دژی تورکیا خەبات دەکات، بەڵام هەر یەکە لە تورکیا و وڵاتە یەکگرتووەکان بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستیی دادەنێن. تورکیا سەرەتا مەبەستی بوو کە کوردانی سووریا بخاتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە دژی ڕژێمی ئەسەد، بۆ ئەوەی لە هەمان کاتدا ڕێگریش بێت لە دروستبوونی کیانێکی کوردی کە لەژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان بێت، تا ئەوەی لە بوونی حکوومەتووکی ناوەندیی بە‌هێز لە سووریا دڵنیا دەبێت.

بەڵام تا ئەو کاتەیش، گشت ئەو کێشانە نەبوونە هۆی ئەوەی کە ئانکارا لە ململانێیەکی ڕاستەوخۆدا بێت لەگەڵ واشنتۆن.  لە ڕاستیدا تورکیا زۆر هەوڵی دا بۆ ئەوەی باوەر بە ئەمریکا بێنێت کە ‌هێزی سەربازی دژی ڕژێمی ئەسەد بەکار بهێنێت، یان بە لای کەم  بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕژێمی سووریا بکات کە دەستی بگاتە بەشی باکووری سووریا.

تورکیا بەتوندی هەوڵی دەدا ئەو دۆخەی سووریا لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە؛ لە کۆتاییشدا پێی باش بوو کە حکوومەتی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بەڵام دواجار تورکیا لە یاریکردن بە بەکار‌هێنانی هێزی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی خۆی و پاڵپشتیکردنی سیاسەتەکانی لە چاوپۆشین لە گرووپە جیهادییە شۆڕشگێرەکانی باکووری سووریا، شکستی هێنا؛ ئەمانە گشتیان هۆکار بوون بۆ سەنگەربەندیی تورکیا دژی ئەمریکا.

هەتا لە ١١ سێپتەمبەریشەوە ئەمریکا دژی ئەوە بوو کە گرووپە جیهادییەکان نەوایه‌كی ئارامیان هەبێت. بەڵام ڕای گشتیی ئەمریکا زۆر لە دژی دەستێوەردانی درێژخایەن و تێچووی زۆری جەنگ بوو لە شێوەی جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستان؛ ئەمەیش بووە سیاسەتێکی بەهێزی واشنتۆن. واتا لە بری بەکارهێنانی هێزی ئەمریکا لە جه‌نگەکان، واشنتۆن پشتی بە هێزە پرۆکسییە خۆماڵییەکان بەست. هەر لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو هێزە بەرهەڵستکارانەی کە لەگەڵ جیهادییەکان لە ناوچە سنووریەکانی سووریا هاوپەیمان بوون، واشنتۆن کارکردنی لەگەڵ هێزە کوردەکانی سووریای هەڵبژارد. ئەمەیش وەک پەیامێکی ئاشکرا بوو کە ئەمریکا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی دەخاتە پێش پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا. ئانكارایش بە ڕەتکردنەوەی ئەو بژاردەیەی ئەمریکا، دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر باکووری سووریا لە ٢٠١٦ و لە ٢٠١٨ بە ئەمانجی گوشارخستنە سەر ئەمریکا بۆ پچڕاندنی پێوەندی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریا و  ڕێگرتن لە دروستبوونی کیانێکی کوردیی سەربەخۆ بە درێژاییی سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا.

لەگەڵ دوورکەوتنەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سووریا، ئانكارا دەستی کردەوە بە پێداچوونەوە بەو ڕێزگرتنە کلاسیکییەی کە سەبارەت بە پرسەکانی تری ئاسایشی نەتەوەیی، بۆ واشنتۆن هەیبوو. بۆ زیاتر لە دەیەیەک دەبێت، حزبی داد و گەشەپێدان بەجددی کار دەکات بۆ ئەوەی پشتبەستنی خۆی بە واشنتۆن کەم بکاتەوە؛ هەروەها بۆ ئه‌وه‌ی تورکیایەک بونیاد بنێت کە هێزیکی جیهانی (global power)ی سەربەخۆ بێت. ڕوئیای داڕشتنی سیاسەتی تورکیا لە لایه‌ن سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ئەحمەد داوودئۆغلوو، بریتی بوو لە ئامادەکردنی تورکیا بۆ دوای وڵاتە یەکگرتووەکان. ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ی کە چاوی لە سەرکردایەتیی تورکیایە، ئانکارا لە سەنتەری ئەو پرۆژەیە بوو؛ لە سەرەتا  بە جۆرێک ڕای گشتیی تورکییان بۆ ئامادە دەکرد کە جیابوونەوە لە واشنتۆن لە بەرژەوەندیی تورکیایە. هەرچەندە سەرەتا ئەو بیرۆکەیە لەناو بیرۆکراسییەتی بەرگریی تورکیا، واتا دەستەبژێری دامەزراوەی سەربازی، ڕەت کرایەوە، بەڵام دوای ١٧ ساڵ لە حوکمڕانیی ئاکپارتی و دوای ئەوەی کە واشنتۆن بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کوردانی سووریا، تورکیای تووڕە کرد، بەشی هەرە زۆری نوخبەی ناسیۆنالیزمی تورکیای لە دژی واشنتۆن هان دا. ئەم هۆکارە ئانکارای هان دا کە بە دوای هاوبەشیی ئەکتەری تری هەرێمی و جیهانیی کاریگەردا بگەڕێت. 

هاوپایمانێتییه‌کی چاوەڕواننەکراو

بادانەوەی ئانکارا بە ئاراستەی مۆسکۆ، دەرەنجامێکی بەهەدەردراو نەبوو. ڕووسیا مێژووێکی درێژی هەیە لە دەستخستنە ناو کاروباری ناوەخۆی تورکیا؛ مۆسکۆ بۆ دەستخستنە ناو هەڵبژەردنەکانی تورکیا پرۆپاگەندە بەکار دێنێت. هەندێک ڕاپۆرت دەڵێن کە مۆسکۆ هێرشی ئەلیکترۆنییش بۆ سەر ژێرخانی تورکیا ئەنجام دەدات، هەروەها سەرکردە سیاسییە جیابووەکانی ڕووسیایش کە لە تورکیا دەژین تیرۆر دەکات. بە درێژاییی جەنگی سووریا هەر یەکە لە ئانکارا و مۆسکۆ پشتی دوو لایەنی جیاوازیان دەگرت. ئێستایش کە ئانکارا لە واشنتۆن جیا بۆتەوە، دۆستایەتیی لەگەڵ مۆسکۆ زۆر ئاسانە.  ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە، پێوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا نەگەیشتوونەتە ئاستی هاوپەیمانێتییه‌كی فەرمی و ڕاگەیه‌ندراو؛ ئێستایش هاوپەیمانێتیی ڕووسیا و تورکیا لە پێوەندییه‌کانی ئانكارا و واشنتۆن لاوازترە. لەگەڵ ئەوەیشدا گۆڕانکارییەکانی سووریا دەتوانن ئەوەمان پێ بڵێن کە بۆچی تورکیا دەتوانێت جیاوازییەکانی لەگەڵ ڕووسیا بشارێتەوە، لە کاتێکدا پێوەندییه‌کانی لەگەڵ ئەمریکا لە دۆخێکی زۆر لەرزۆکتردایە.

هەماهەنگیی ڕووسیا لەگەڵ تورکیا تەنیا لە دوای ئەوە هات کە مۆسکو توانیی سەرکەوتوو بێت لە شکستپێهێنانی ئەو گرووپە سەربازییانەی کە لە لایەن تورکیاوە لە سووریا پاڵپشتی دەکران.  دوای ئەوەی کە تورکیا یەکێک لە فڕۆکەکانی سیخۆی Su-24ی هێرشبەری ڕووسیای لە نۆڤەمبەری ٢٠٠٥ خستە خوارەوە، ڕووسیا فۆکەسی خستە سەر بۆردوومانکردنی ئەو ڕێگه‌ وشکانییەی کە تورکیا لە یارمەتیدانی میلیشیا پرۆکسییەکان لە باکووری سووریا پشتی پێ دەبەست. دواتریش لە ڕێگه‌ی بۆمبارانکردنێکی چڕی ئەو ڕێگه‌یەی کە تورکیا هاوکارییه‌کانی دەگەیاندە میلیشیاکان بۆ حەلەب، ئەمە لە کۆتاییی ٢٠١٥ تا سەرەتای ٢٠١٦ بەردەوام بوو. ڕووسیا توانیی ئەو ڕێگه‌یە لە تورکیا ببڕێت بۆ گەیشتن بە حەلەب، کە لە ڕاستیدا تەوەری سەرەکیی هەڵمەتەکانی تورکیا بوو بۆ گوشارخستنە سەر ڕژێمی ئەسەد لە سەرەتای جەنگەکەدا. دەرەنجامەکەیشی ئەوە بوو کە بووە هۆی وەدەرنانی تورکیا لەسەر مێزی ململانێکانی سووریا؛ ئەمەیش وای کرد کە تورکیا هیچی بۆ نەمێنێتەوە جگە لە چاودێریکردنی کوردەکانی سووریا و پرسی ئاوارەکان. ئەم هۆکارانە وای کرد کە تورکیا ناچار بکات کار لەگەڵ ڕووسیا بکات، بەتایبەت بۆ کارگێڕیکردنی ناوچەکانی جه‌نگ، واتا ئەو ناوچانەی کە ئاوارەکان بەجێی دەهێڵن. تورکیا لە ڕێگه‌ی داخستنی سنووری خۆی لەگەڵ سووریا ئەمەی ئەنجام دا، دواتریش ده‌ستی كرد بە دروستکردنی که‌مپ بۆ نیشتەجێکردنی ئاواره‌کان لەناو خاکی سووریا. بەڵام بە هۆی جه‌نگی بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکان، ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە ئاسان نەبوو؛ بۆیە تورکیا ناچار بوو پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسەکان پتەو بکات بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر ڕژێمی ئەسەد و بتوانن هێرشەکانی لەو ناوچەیەدا سنووردار بکەن.

لێرەدا، ڕووسیا وەک دۆستێکی سەربازیی باوەرپێکراوی تورکیا لە سووریادا دەرکەوت؛ ئەمەیش وای کرد کە ئانکارا دەست بە هێرشە سەربازییەکانی بکاتەوە لە ناوچە سنوورییەکان و گوشار بخاتە سەر کوردانی سووریا، بەبێ مەترسیخستنە سەر ڕژێمی ئەسەد. ڕووسیا سوودی زۆری لەو  هێرشانە بینی، چونکە ئەم دۆخه‌ دەبووە هۆی گرژیی نێوان واشنتۆن و ئانکارا؛ لە هەمان کاتدا دەبووە هۆی گرژی بۆ جیهانیش، چونکە هەر دوو لا ئەندامی ناتۆ بوون. ڕووسیا باشترین بژاردەی تورکیایش بوو بۆ چارەسەری ئاشتی لە سووریا؛ لەوانەیە تا دانانی ده‌ستوورێکی نوێیش بۆ سووریا هەروا بمێنێتەوە، واتا تورکیایش بەشی هەبێت. هەر دوو بوارەکە ئەو دەرفەتە دەدەنە تورکیا بۆ دامرکاندنەوەی داخوازییەکانی کورد لە سووریا، کە خۆی لە کیانێکی خۆسەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبینێتەوە. لە لایەکی تره‌وه‌ ئەمە وا دەکات کە تورکیا دەسەڵاتی تەوای بەسەر میلیشا بەرهەڵستکارەکانی ڕژێمی ئەسەد هەبێت کە تورکیا وەک بەشێک لە ڕێکارەکانی چارەسەری ئاشتی بەشدارییان پێ بکات. ئەم دۆخە وای کردووە پێوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان ڕووسیا و تورکیا دروست بێت کە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی سووریا پێویستییان بە یەکتر بێت.

گشت ئەوەی ئاماژەمان پێ دان، یارمەتیمان دەدات بۆ شرۆڤەکردنی ڕازیبوونی تورکیا بۆ دەستخستنی سیسته‌می S-400. مەرجەکانی ئەم ڕێکكەوتنە (سەفقە) لەسەر سیسته‌می مووشەکەکان، ناپاکی لە سروشتی سیاسیی ئەو ڕێکكەوتنەی هەر دوو لا دەکات. لە ڕووی مێژوویییه‌وە تورکیا بۆ بەدەستهێنانی سیسته‌می بەرگری، هەردەم ئەولەوییەتی داوەتە گواستنەوەی تەکنەلۆژی و بەخۆماڵیکردنی بەرهەمهێنان لە لایەن کۆنتراکتەرە تورکەکانەوە. ڕووسیا ڕەتی کردەوە کە ڕێگه‌ بە گواستنەوەی هیچ تەکنەلۆژییه‌كی بەهادار و هەستیار بۆ تورکیا بدات، چونکە تورکیا دواجار هەر یەکێکە لە ئاندامانی ناتۆ و، ئەگەرەی ئەوەی لێ دەکرێت زانیارییە هەستیارەکانی تایبەت بەو سیسته‌مە بداتە دەست ئەندامانی تری ناتۆ ئەگەر لەگەڵ ڕووسیا بەینی تێک چوو. کەواتە، تورکیا ئەو ڕێگه‌یەی هەڵبژاردووە کە واز لە ئەولەوییاتی دەسکەوتنی کەلوپەلە سەربازییە کلاسیکەکان بێنێت و مەترسی بە ئاییندەی سیسته‌می هێزە ئاسمانییەکانی بکات، لە پێناو باشترکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ.

لەدەستدانی پرۆگرامی ف٣٥ تەنیا تێچووی کورتخایەنی سیاسەتی دەرەوەی سەربەخۆی ئانکارا نابێت؛ واشنتۆن هەڕەشەی سەپاندنی ئابڵووقه‌ی ئابوورییشی کردووە بەسەر تورکیادا، ئەمە جگە لە ئاماژەکردن بە مانەوەی هێزە ئەمریکییه‌کان لە سووریا. ئەمەیش واتا بەردەوامیدان بە کارکردن لەگەڵ هێزە کوردییه‌کانی نەیاری تورکیا. بەڵام لە درێژخەیاندا ئەردۆغان و ئاکپارتی گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە سیاسەتێکی دەرەوەی بێلایەنانە، باشتر خزمەت بە بەرژەوەندییه‌كانی تورکیا دەکات لە سووریا و، هەروەها لە بەرامبەر بەرهەڵستیی کوردەکانیش لە ناوەخۆدا. بەسادەیی بڵێین، ئانکارا پێی وا نییە پێوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن لەو نزیکانەدا ئەوەندە گرنگ و پڕدەسکەوتە، وەک واشنتۆن دەیبینێت.

 

سەرچاوە:

https://www.foreignaffairs.com

 

ئەم بابەتە لە  گۆڤاری کاروباری دەرەوە – Foreign Affairs بڵاو بۆتەوە لە ڕێکەوتی ٩ پووشپەڕی/ حوزەیرانی ٢٠١٩. بۆ بینینی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

<<https://www.foreignaffairs.com/articles/turkey/2019-07-09/why-turkey-turned-its-back-united-states-and-embraced-russia>>.

* ئارۆن ستێن بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ لە ئنستیتیوتی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوە لە ئەمریکا. ئارۆن بەوردی کار دەکات لە بوارەکانی پێوەندار بە تورکیا، ئێران، کورد، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples