بۆچی پێكدادانی سنوورداری سه‌ربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ده‌كرێ ببێته‌ شتێكی حه‌تمی؟

و: پێنووس

ژەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد، سەرۆکی بنکەی فەرماندەییی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ڕای گەیاند، کە وڵاتەکەی لە پێناو پاراستنی ئاسایشی گه‌رووی هورمز و بابولمەندەبدا بە دوای هاوپەیمانییەکی چەکداری لە ناوچەی کەنداودایە. پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە چەکدارییە، بیرخەرەوەی هاوپەیمانییەکانی بەر لە جه‌نگی عێراق و ئەفغانستان و لیبیایە کە لە ناوچەكه‌دا پێک هێنران.

عەرەبستانیش لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕای گەیاند کە لە پێناو "به‌هێزكردنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچەكه‌"دا ڕەزامەندیی خۆی لەم بارەوە دەربڕیوە.

ئەمە لە كاتێکدایە کە دەستبەسەرکردنی "ستینا ئیمپرۆ" ئەو نەوتهه‌ڵگرە بریتانییە کە هەینیی ڕابردوو لە لایەن ئێرانەوە ڕاگیراوە، بووەتە هۆی تەنگەژەیەکی نوێ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.

ئامانجی نووسەری ئەم بابەتە سەلماندنی ڕوودانی جه‌نگی نێوان ئەمریکا و ئێران یان پێشبینیکردنی ئەو جه‌نگە نییە. لێرەدا بە هێنانەوەی بەڵگە و شایەتەکان هەوڵ دراوە بگوترێ کە ئەگەری ڕوودانی ئەم جه‌نگە نەک زۆرتر بووە، تەنانەت ڕەنگە لە داهاتوودا ئه‌م جه‌نگه‌ سنوورداره‌، ببێتە ڕووداوێکی مسۆگەر لە نێوان بڕیارده‌رانی تاران و واشنگتۆندا. لێرەدا تاوتوێی   ئەو ئەگەرانە دەکەین کە ڕوودانی جه‌نگیان لەم هەلومەرجەدا پتر کردووە.

١) به‌هێزكردنی توندڕۆکان لە لایەن هەر دوو لاوە

به‌هێزكردنی توندڕۆکان لە ئەمریکا و ئێراندا یەکێکه‌ لە هۆکارەکانی گەشەکردنی گرژییەکان لە ناوچەی کەنداودا. لابردنی لایەنگرانی سیاسەتی میانڕۆیی لە بەرامبەر ئێران لە کابینەی ترامپدا و دانانی  توندڕۆکان لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا بێئەگەر نەبووە.

لابردنی تیلەرسن و جیمز مه‌تیس، یەکەمین وەزیرەکانی دەرەوە و بەرگری لە کابینەی ترامپ و بەشداربوونی پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتن لە تیمەکەی سەرۆککۆماری ئەمریکادا، تای تەراوزووەکەی بە سوودی لایەنگرانی هەڵوێستی توند لە بەرامبەر ئێراندا لاسەنگ کرد.

واشینتۆن لە ڕۆژی ٢٢ی ئه‌پریلدا ڕای گەیاند، ئیتر درێژە بە چاوپۆشیکردن لەو وڵاتانە نادات کە نەوت بە ئێران دەفرۆشن. چاوپۆشینەکردنی ئەمریکا، لەو وڵاتانە کە نەوت لە ئێران دەکڕن، لە کردەوەدا ده‌بێته‌ هۆی کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکانی ئێران و پێشزەمینەیەک بۆ ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی کەنداو.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران چەند ڕۆژ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌خشرانی ئەو وڵاتانەی نەوت لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن، بۆ یەکەم جار باسی "گرووپی بی"ی هێنایە گۆڕێ و هەوڵەکانی جۆن بۆڵتن و محەمەد بن سەلمان و محەمەد بن زائید ئالینیهال و بنیامین نه‌تانیاهۆی لەمەڕ ده‌ستپێكردنی جه‌نگی دژ بە ئێران خستە بەر باس.

لە لایەکی ترەوە پێدەچێ بە دەرکەوتنی ئەمریکا لە بەرجام و دەستنەخستنی ئاکامێکی بەرچاو لە هەوڵەکانی ئەوروپا، مەیدان بۆ میانڕۆکانی لایەنگیری بەرجام به‌رته‌سك بووه‌ته‌وه‌‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا فەرماندەکانی سوپای پاسداران ڕۆڵێکی گرنگتریان له‌ گۆڕانكارییه‌كاندا وه‌رگرتووه‌.

بۆ نموونە محەمەد باقری، سەرۆکی ئه‌ركانی هێزە چەکدارەکانی ئێران گوتوویەتی، هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە "ئامادە و دەستلەسەر پەلاپیتکە"ن. ئەمە لە كاتێکدایە کە بە گوتەی محەمەد خاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران، دكتۆرینی "پەلاماری دوژمن له‌ قووڵاییدا" ئه‌جێندای نوێی سوپایه‌.

"محەمەد سەلامی"یش گوتوویەتی: "هەڕەشەکانی دوژمن لێوڕێژ بوونەتەوە، بەڵام هەڕەشەکانی ئه‌وان تەواو نابن. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا پەککەوتەییی دوژمن، لە ئێمە گەلێک زۆرترە."

خاکپوور کە فەرماندەیەکی تازەی سوپای پاسدارانە، بە کەسێکی دژەئەمریکی ناوبانگی دەرکردووە. دەکرێ قیتکردنەوەی خاکپوور و گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییەی خامنەیی لە سوپای پاسداراندا بە نیشانەی کەشێکی تازە دابنرێن کە لە دوای په‌ره‌سه‌ندنی گرژییەکان له‌گه‌ڵ ئەمریکا هاتوونەتە دی.

ڕابەری ئێران لە ١٣ی ژووئەندا بە گرتنەبەری هەڵوێستی توندوتیژ لە دیدار له‌گه‌ڵ "شینزۆ ئابێ"ی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆندا گوتبووی: من ترامپ به‌ شایانی ئه‌وه‌ نازانم هیچ په‌یامێكی له‌گه‌ڵدا ئاڵوگۆڕ بكه‌م و هیچ وەڵامێکیشم بۆ ترامپ نییە و نابێت.

ئەمە لە كاتێکدایە کە دەربڕینی ئەم قسە توندانە بەس لە لایەن به‌رپرسانی ئێرانەوە ناگوترێن. دۆناڵد ترامپ لە ڕاگەیاندنی بۆچوونێکی خۆی لەمەڕ گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کێشەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا گوتوویەتی، تاران دەبێ "زۆر ئاگای لە خۆی بێت". سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتریش لە تویتەرەکەی خۆیدا نووسیبووی: "ئێران هەڕەشەیەکی تازەی کردووە. ڕۆحانی دەڵێ، كه‌ ئەگەر پێکهانتنێکی نوێی ناوکی سەر نەگرێ، دەتوانن چەندیان حەز لێ بێت یۆرانیۆم بپیتێنن. ئێران! ئاگات لە هەڕەشەکانی خۆت بێت! لەوانەیە بەسەر خۆتدا بشکێنەوە و، بە چەشنێ بتگەزن کە تا ئێستا کەس بەم شێوەیە نەگەزترابێ."

ئەم قسانە کاردانەوەیەک بوون لە به‌رامبه‌ر گوتەکانی سەرۆککۆماری ئێراندا کە گوتبووی: "ئەوە ساڵێکە لەم ناوچەیەدا دەستتان بە گڕ و گڕبازی کردووە، ئێوە کە دەڵێن یاریکردن بە ئاگر کارێکی بڤەیە، ئەدی بۆچی ئاگرتان کردووەتەوە؟ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرەیش هەر بە دەستی خۆتانە."

لەم هەلومەرجەدا و بە لەبەرچاوگرتنی گوتەکانی هەر دوو لا، دەردەکەوێ کە مەیدانی تەڕاتێنی میانڕۆکان چ لە تاران و چ لە واشینتۆندا بەرتەسک بووەتەوە و، بگره‌ جیاکردنەوەی ئەم گرووپەیش کارێکی ئەستەمە. بەو مانایه‌ی كه‌ میانڕۆکان و توندڕۆکانی ئێران لەم ڕۆژانەدا هەڵوێستی هاوچەشن دەنوێنن.

٢) کەمبوونەوەی هێزی کردارەکانی ئەوروپی

بێهێزکردنی پێگەی وڵاتە ئەوروپییەکانیش، دەکرێ بە یەکێک لەو هۆکارانە دابنرێ کە لەم هەلومەرجەدا ئەگەری تێکبەربوونی چەکدارانە لە نێوان ئەمریکا و ئێرانی زۆرتر کردووە. کەمکردنەوەی پابەندبوون بە بەرجام لە لایەن ئێرانەوە، جڵەوی دۆخه‌كه‌ی لە دەست وڵاتە ئەوروپییەکان دەرهێنا. هەرچەند ئەوروپییەکان هەوڵیان دا بە دامەزراندنی ئیسنتێکس پێشگیری لە كه‌مكردنه‌وه‌ی پابەندییە بەرجامییەکانی ئێران بگرن، بەڵام ئەم هەوڵانە، دوای ساڵێک لە دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و خەستتربوونی گەمارۆکان، کارێکی ئەوتۆی نەکردووەتە سەر بڕیاربەدەستانی تاران.

دەکرێ بێئاکامبوونی هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆنیش لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە ئاراسته‌ی کارانەبوونی ئەوروپییەکان لە بەرجامدا لێک بدرێتەوە. ئەم هەوڵانە تا ئێستایش ئاکامێکی ئەوتۆیان لێ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌: ماکرۆن و ڕۆحانی لە شەشی ژۆئییەدا و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پێک هاتن کە تا ١٥ی ژووئییەی ئەمساڵ هەلومەرجی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە تاوتوێ بكه‌ن.

سەرەڕای سەفەرەکەی ئیمانوێل بۆن، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری فه‌ڕەنسا بۆ تاران، پێدەچێ ئەم هەوڵانە ئاکامێکی بەرچاویان نەبووبێت. هەرچەنده‌ عەباس عێراقچی لە ٢٣ی ژووئییەدا و بە مەبەستی بەدواداچوونی هەوڵەکان، ڕۆیشتە فه‌ڕەنسا تا دەقی پەیامەکەی حەسەن ڕۆحانی پێشکەش بە سەرۆککۆماری فه‌ڕەنسا بکا.

ئەمەیش لە كاتێکدایە کە خامنەیی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئەوروپا یازدە بەڵێنی هەبوو و هیچیانی جێبەجێ نەکردوون." ڕابەری ئێران وێڕای بە "ڕووقایم" ناوبردنی هێزەکانی ئەوروپا گوتوویەتی: "هۆکاری مانەوەی گرفتەکان لە نێوان ئێمە و ئەوروپییەکاندا لووتبەرزبوونی ئەوانە."

لە لایەکی ترەوە گرژییەکانی ئەم دوایییەی نێوان تاران و لەندەن كه‌ دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سۆپه‌ڕنەوتهه‌ڵگری "گریس ١" لە لایەن ده‌وڵه‌تی لۆكاڵی جه‌به‌لوتارقه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا‌، ئاگری فه‌زای گه‌رووی هورمزی، له‌ جاران گه‌رمتر کردووە. بە هەڵبژاردنی بۆریس جۆنسن، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و نزیکبوونی هەڵوێستەکانی لەگەڵ سیاسەتەکانی ترامپدا، دەکرێ چاوەڕێی ئەوە بکرێ کە ڕۆڵی لایەنە ئەوروپییەکانی بەرجام بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کاڵتر ببێتەوە.

لەم نێوانەدا هەڵبژاردنی جۆزێپ بۆرل، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا وه‌ك جێگری فێدریکا مۆگرینی بۆ پۆستی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، یەکێک لەو شتانەیە کە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە هەبێ کە پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە. هەرچەنده‌ بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستەکانی پێشووی جۆزێپ بۆرل، چاوه‌ڕێ ناکرێ کە هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا لە ئاست ئێراندا بگۆڕدرێ.

هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوە خێراکانی ناوچەكه‌، دەبێ بزانین کە جارێ بۆ دەستبەکاربوونی جۆزێپ بۆرل كاتێكی زۆری ماوه‌. بەرپرسە نوێیەکەی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، گه‌ر دواجار پشتگیریی بكرێت، لە یەکی نۆڤه‌مبەردا کاری خۆی ده‌ست پێ دەکا.

٣) ئاخۆ بەرەنگاربوونەوەی سنوورداری چەکداری، دەبێتە پێشزەمینەی گوتوبێژ؟

یەکێکی تر لەو هۆکارانەی ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی سنوورداری چەکداریی لە نێوان ئێران و ئەمریکا زەقتر كردووه‌ته‌وه‌، گۆڕانی هاوسه‌نگیی نێوان تێچووی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانە و قازانجی جه‌نگه‌کەیە بۆ هەر دوو لا. هەرچەنده‌ ئێران سەرەڕای قەیرانە ئابوورییەکەی لە مانگەکانی ڕابردوودا بەرەوڕووی ناڕازیبوونەکانی وەک خۆپێشاندانەکانی دێسه‌مبه‌ری 2017 لە شارەکاندا نەبووەتەوە، بەڵام دووریش نییە تووشی دەنگهەڵبڕینەکانی ناوخۆ ببێتەوە. ئابووریی ئێران بە گەشەسەندنی نێگەتیڤانەی ٤،٥ لە سەد و هه‌ڵاوسانی ٥٣ لە سەد و کەمبوونەوەی داهاتی نەوت نەک تەنیا لە بارێکی خرپدایە، بەڵکوو پێدەچێ ڕۆژانی سەخت و ئەستەمتری لە پێش بن.

زۆربەی شرۆڤەکاران لە قۆناغە جیاوازەکاندا ئه‌و ئه‌گه‌ره‌یان هێنابووه‌ گۆڕێ، کە جه‌نگی دەرەکی لە چاره‌سه‌ركردنی کێشە ناوخۆیییه‌كاندا یارمەتیی کۆماری ئیسلامی دەدا. ئەم ئارگیۆمێنته‌، ڕەنگە لەم ڕۆژانەدا زۆرتر له‌ ڕابردوو جێی باوه‌ڕ بێت. لە هەمان کاتدا نابێ ئەوەیش لەبیر بکەین کە پێكدادانی سنوورداری سه‌ربازی له‌ نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەبێتە هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نەوت. ئەمەیش ئەو شتەیە کە دەتوانێ كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی نه‌وتیی ئێران قەرەبوو بکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە تاووتوێکردنی كاردانه‌وه‌ی بازاری ئازادی دراو لە تاران لە به‌رامبه‌ر قەیرانەکانی ئەم دوایییە لە ناوچەی کەنداودا، نیشاندەری ئەوەیە کە زۆربه‌ی جار نرخی دۆلار لە ڕۆژانی یەکەمی مامه‌ڵه‌دا دوای قه‌یران دابەزیوە و تەنانەت ئەگەر بەرزیش بووبێتەوه‌، له‌سه‌ر ڕه‌وتی دابه‌زینی خۆی به‌رده‌وام بووه‌.

لە لایەکی ترەوە هەرچەند دۆناڵد ترامپ بەڵێنی بە دەنگدەرانی خۆی داوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جه‌نگە پڕخەرجەکان بپارێزێ، بەڵام لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکادا ڕەچاوکردنی هەلومەرجێک کە جه‌نگی دەرەکی بە وێنەی سەرپۆشێک بۆ کێشەکانی ناوخۆ بەکار بهێنرێ شتێکی سەیر نییە. ترامپ لە نێوان سەرۆککۆمارەکانی ئەمریکادا کەسێکی زۆر خۆشەویست نییە و، دووریش نییە بۆ خۆشەویستکردنی خۆی یان لە ترسی کەوتنە ژێر لێپرسینەوە و ختووکەدانی هەستی نیشتمانپەروەریی دەنگدەرانی خۆی، پێكدادانێكی سنووردار له‌گه‌ڵ ئێراندا بخاتە به‌رنامه‌ی خۆیه‌وه‌.

هەرچەنده‌ لە دوایین ڕاپرسییەکەی کەناڵی "ئێن بی سی"دا ژمارەی ئەوانەی لە مامه‌ڵه‌ی ترامپ ڕازین زیادی کردووە، بەڵام هێشتا ژمارەی ناڕازییەکانی زیاترە. لە ڕاپرسییەکەی "ئێن بی سی"دا ٤٨ لە سەدی دەنگدەران لە مامه‌ڵه‌ی ترامپ ڕازی و ٥١ لە سەدیان ناڕازی بوون.

ئەگەری پلانداڕشتن بۆ ختووکەدانی هەستی نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیزم، تەنیا تایبەت بە ترامپ و حکوومەتی ئەمریکا نییە. ئێرانیش لە کاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌م دوایییه‌ی نەوتهه‌ڵگرە بریتانییەکە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دابەزینی كۆماندۆكانی سوپای پاسداران له‌سه‌ر کەشتییەکە، بە دوای ختووکەدانی هەستی نیشتمانپەروەریی هاووڵاتیانی خۆیدا بوو.

لە لایەکی ترەوە، ناکرێ ئەوەیش لەبەرچاو نەگرین کە ئەگەری پێكدادانی سنوورداری سه‌ربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران لەوانەیە ببێتە ڕێخۆشكه‌رێك بۆ گفتوگۆی نێوان ئەم دوو وڵاتە. وا دێته‌ پێش چاو كه‌ ئێستا پێوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، زیاتر له‌ جاران گه‌شتبنه‌ بنبەست‌. دەرچوون لەم بنبەستە، پێویستی بە گۆڕانی کەشی ئێستا و مۆرەکانی شەتڕەنجی ئێستایە.

ئێران لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا خۆی ناچار بە سەلماندنی ئەوە دەبینێ کە تا گەمارۆکان هەڵنەگیراون لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ ناکا. له‌ به‌رامبه‌ردا ئەمریکایش پێویستی به‌وه‌یه‌ بیسەلمێنێ کە سیاسەتی ده‌رچوون لە بەرجام و بەکارهێنانی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا، سیاسەتێکی دروست بووە و بەم کارەوە ئێرانی ڕاكێشاوه‌ته‌ سەر مێزی گفتوگۆ.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری درەوەی ئێران گوتوویەتی کە ئێران گەمارۆکانی ئەمریکا بە وێنەی "تیرۆریزم دژ بە خەڵکی مەدەنی" دەبینێ و ئامادە نییە لەگەڵ تیرۆریستەکان بکەوێتە گفتوگۆ.

سەرۆکئه‌ركانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش گوتوویەتی: "لە ئه‌پریلی ئەمساڵەوە ستراتیژییەکی نوێمان بە ناوی خۆڕاگریی کارا گرتووەتە بەر. ئەمەیش ئەو قۆناغەیە کە بە فەرمانی ڕابەری شۆڕش، ئێمە نە لە جه‌نگ دەترسین و نە پێشوازییشی لێ دەکەین. گفتوگۆ لەم قۆناغەدا بە مانای خۆبەدەستەوەدانە و بەتوندی ڕەتی دەکەینەوە."

"عەلی خامنەیی"یش لە دیدارەکەی شینزۆ ئابێی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆندا گوتبووی: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەزموونە تاڵەکەی گفتوگۆی ئەم ساڵانەی دوایی لەگەڵ ئەمریکا دووباره‌ ناکەینەوە."

هەروەها ڕابەری ئێرانیش لە قسەکانی خۆیدا وشه‌ی "فرتوفێڵ" و "ژه‌هری دووئه‌وه‌نده‌"ی بۆ وەسفی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بەکار هێناوە.

هەڵبەت دەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ کە تاقە ڕێگەی دەرکەوتن لەم بنبەستە، پێكدادانی سنوورداری سه‌ربازیی نێوان دوو لایه‌نه‌كه‌ نییە. یەکێک لەو ئه‌گه‌رانه‌ی كه‌ ده‌كرێ بۆ دەرچوون لەم بنبەستە ڕەچاو بکرێ، دەرنەچوونی ترامپە لە هەڵبژاردندا بۆ جاری دووه‌م و، هاتنەسەرکاری یەکێک لە خەنیمە دیموکراتەکانی ئەوە. وێڕای ئەوەیش، دەبێ سه‌رنج له‌وه‌ بده‌ین کە بە لەبەرچاوگرتنی خێراییی گۆڕانکارییەکان لەم دوو مانگەی دواییدا و په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشینتۆن، تا ڕۆژی 20ی جانیوه‌ریی 2021 و ده‌ستپێكی خولی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری جێگره‌وه‌ی چاوه‌ڕوانكراوی دۆناڵد ترامپ، زۆری ماوه‌‌.

٤) ئه‌گه‌ری لێكدانه‌وه‌ی "هەڵە" و ڕوودانی پێكدادانی سه‌ربازی

لە مانگەکانی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای بەردانەوەی فڕۆکە بێفڕۆكه‌وانه‌ ئەمریکییەکەی گلۆباڵ هاوک لە لایەن ئێرانەوە لە ٢٠ی ژووئه‌نی ئەمساڵدا، قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری ڕوودانی پێكدادانی سه‌ربازیی نێوان دوو وڵات دوای لێكدانه‌وه‌ی "هه‌ڵه‌"ی یه‌كێ له‌ دوو لایه‌نه‌كه‌، کراوە.

ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران پاش بەردانەوەی فڕۆکە بێفڕۆكه‌وانه‌ ئەمریکییەکە گوتبووی كه‌، سوپای پاسداران، هاوکات لەگەڵ فڕۆکە بێفڕۆكه‌وانه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌، دەیتوانی فڕۆکەیه‌كی P8ی ئەمریکییش به‌ 35 گه‌شتیاره‌وه‌ بخاتە خوارەوە، بەڵام ئەم کارەی نەکرد.

ترامپیش لە وەڵامی ئەم قسانەدا گوتبووی کە، بڕیاری ئێران لەمەڕ پەلامارنەدانی ئەم فڕۆکەیە "ژیرانە" بووە. سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتریش لەمەڕ ئەو فڕۆکەیەوە گوتبووی: ئەگەر تاقە سه‌ربازێكی ئه‌مریكییش لەم پەلامارەدا گیانی لەدەست بدابایه‌، هەلومەرجەکە بەگشتی دەگۆڕدرا. ئەم قسانە و بێهەڵوێستبوونی ئەمریکا لە ئاست بەربوونەوەی فڕۆکە بێفڕۆكه‌وانه‌کەیدا، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات کە هێڵی سووری ئەمریکا لەم گرژییەی ئێستادا سەلامەتبوونی سوپای وڵاتەکەیەتی.

ئەمە لە كاتێکدایە کە ئەگەری لەکۆنترۆڵدەرچوونی گرژییەکانی نێوان هەر دوو لا دوای ڕووداوێکی "کۆنترۆڵنەکراو" و "کتوپڕ"، گه‌ر بێت و سه‌ربازانی ئەمریکی بپێكرێن، شتێکی چاوه‌ڕواننه‌كراو نییە.

لە هەمان کاتدا و بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی کەنداو (ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کەشتییە نەوتهه‌ڵگرە بریتانییەکە)، دوور نییە ڕووداوێکی تری لەم چەشنە، کە له‌ 20ی ژووئه‌ن ڕووی دا و، ئێران و ئه‌مریكای خسته‌ به‌رده‌م پێكدادانی سه‌ربازییه‌وه‌، جارێكی تر دووباره‌ ببێته‌وه‌. هەرچەنده‌ ڕابەرانی ئەم دوو وڵاتە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ مەیل و ویستێكیان بۆ شەڕ و پێکدادان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كه‌ی تر نییە.

لە لایەکی ترەوە ئێران ئەگەر بکەوێتە ژێر گوشاری زیاتر و به‌ناچاری هەڕەشەی خۆی لەمەڕ داخستنی گه‌رووی هورمز جێبەجێ بکا، ئەگەری پێكدادانی سه‌ربازیی نێوان ئەم دوو وڵاتە زۆرتر دەبێ. بەشێک لە بەرپرسانی ئێران، بۆ نموونە محەمەد باقری، پێشتر بەڕاشکاوی یاخود به‌ناڕاسته‌وخۆ هەڕەشەی کردبوو کە "ئەگەر قەرار بێت کەشتییە نەوتهه‌ڵگرەکانی ئێمە بە گه‌رووی هورمزدا تێ نەپەڕن، مسۆگه‌ر نەوتی هیچ وڵاتێکی تریش بەم گه‌رووەدا تێ ناپەڕێ."

سەرۆککۆماری ئەمریکا پاش هێرش بۆ سەر دوو نەوتهه‌ڵگرەکەی دەریای عەمان لە ناوەڕاستی مانگی مایسدا گوتبووی: "گه‌رووی هورمز داناخرێ و ئەگەر ئەم ڕووداوە بقەومێ، زۆر ناخەیەنێ." ئەو ماوەیە کە ترامپ ئاماژەی بۆ دەکا و قەرار نییە زۆر بخایەنێ، لەوانەیە هەمان ماوەی تێکبەربوونە چەکدارییەکانی نێوان هێزەکانی ئەم دوو وڵاتە بێت.

 

سەرچاوە:

https://fa.euronews.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples