نووسینی: عه‌بدولموعین موعین، مامۆستای زانكۆ و توێژه‌ر_ كابول
(بۆ پێنووسی نووسیوە)
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ته‌حسین ته‌ها
ئاشتی، ئارامترین و ته‌نیاترین وشه‌یه له ئه‌ده‌بیاتدا. مێژووی مرۆڤ كه په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌پساوه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌نگ و شه‌ڕوشۆڕدا هه‌یه؛ وای كردووه ئاشتی ببێته ونبووێك كه مرۆڤ ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێ.
ژیانی ئاشتییانه، مرۆڤدۆستی، یه‌كترقبووڵكردن، خۆشگوزه‌رانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی ئاشتییانه‌ی نێوان مرۆڤه‌كان، به پێنوێن و نیشانده‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئاشتیی به‌رده‌وام و پایه‌دار داده‌نرێن. به بڕوای من ئاشتی له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا، ئه‌گه‌ر به كۆتاییهێنان به شه‌ڕ و ناكۆكییه‌كانی ده‌سه‌ڵات واتا وه‌ربگرێ؛ ئاشتی له كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، به كۆتاییهێنان به شه‌ڕ و ناكۆكی و ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقییه‌كان مه‌یسه‌ر ده‌بێ. ده‌بێ ئه‌وه له‌پێش چاو بگیرێ كه په‌یوه‌ندیی ئه‌م دوو كایه‌یه (سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه) له گه‌یشتن به ئاشتی، پێچه‌وانه‌یه؛ به جۆرێك كه له نه‌بوونی یه‌كێكیاندا، ئه‌وه‌ی تر ناتوانێ له‌سه‌ر پێ بوه‌ستێ.
ئه‌فغانستان، وڵاتێك كه هێشتا به‌نێو ئه‌زموونی ڕۆژانی سه‌ختی جه‌نگ و توندوتیژییه سیاسییه‌كاندا تێ ده‌په‌ڕێ؛ تا ئێستا نه‌یتوانیوه بگاته ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام و پاوه‌جێ. له چوار ده‌یه‌ی دواییدا حكوومه‌ته‌كانی ئه‌فغانستان هه‌رده‌م له بڕگه زه‌مه‌نییه جیاجیا سیاسییه‌كاندا به‌دوای ڕێدۆز [ده‌روازه و بۆچوون]ی ئاشتیخوازانه‌وه بوون له‌گه‌ڵ نه‌یاره چه‌كداره‌كانیاندا، كه به‌داخه‌وه تا ئه‌م ساته‌یش هێشتا ئاشتیی ڕاسته‌قینه له‌م وڵاته‌دا به‌رقه‌رار نه‌بووه.
له‌م نووسینه‌دا خۆم له‌وه ده‌پارێزم كه بچمه سه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئاشتی له سه‌رده‌می موجاهیدین و حكوومه‌ته كۆمۆنیستییه‌كان و، ته‌نیا ده‌پڕژێمه سه‌ر قۆناغی دوای تالیبان؛ قۆناغێك كه خه‌ڵكی ئه‌فغانستان له ئه‌ندامێتیی زۆره‌ملێ و نایاساییی حكوومه‌تی میرنشینی هاتنه ده‌رێ و، بوون به ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراو و یاسایی‌ی حكوومه‌تی كۆماری و له‌گه‌ڵ به‌ها دیموكراسییه‌كاندا موتوربه كران. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی ئه‌فغانستان هه‌ژده ساڵ ده‌بێت له‌ژێر سایه‌ی سیسته‌می كۆماری ئیسلامی‌دا ده‌ژین، به‌ڵام ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت سێبه‌ری قورسی جه‌نگ به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا زاڵه و ڕۆژانه خه‌ڵك ده‌كاته قوربانی.
تالیبان وه‌ك هێزی چه‌كدار و دژبه‌ری سیسته‌می كۆماری، له‌و كاته‌وه‌ی كه ئیداره‌ی سیاسیی ئه‌فغانستانیان به‌ده‌سته‌وه بوو تا به ئه‌مڕۆ، به شێوه‌یه‌كی بێبه‌زه‌یییانه درێژه به تێكدان و وێرانكردنی وڵات و كوشتنی خه‌ڵكی بێتاوانی ئه‌فغانستان ده‌ده‌ن و ده‌ست له توندوتیژی به‌رناده‌ن. من هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌م له‌نێوان تالیبان، ئه‌لقاعیده، داعش و گشت گرووپه تیرۆریستییه‌كانی تردا. له‌و باوه‌ڕه‌دام كه "توندوتیژی" ده‌رهاوێشته‌ی هه‌موو ئه‌و گرووپانه‌یه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بینیمان كه له وتووێژه سیاسییه‌كاندا تالیبان به ئه‌ده‌بیاتی میرنشینی ئیسلامی و، به به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی میرنشینی ئیسلامی چوونه نێو دانوستاندنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان و به‌م نیازه‌یشه‌وه ویستیان له وتووێژی نێوان لایه‌نه ئه‌فغانه‌كاندا به‌شدار بن و هه‌ر به‌م نیازه‌یشه‌وه ده‌یانه‌وێ پیشانی ده‌ن كه له ڕووی یاسایییه‌وه هێشتا به حكوومه‌تی دانپێدانراوی ئه‌فغانستان دێنه هه‌ژمار و خاوه‌ن شه‌رعییه‌تی سیاسین و، ده‌بێ جیهان دانیان پێدا بنێت و به‌فه‌رمی بیانناسێت. هه‌ر له‌م ڕووه‌وه له واژووكردنی ڕێككه‌وتننامه‌كه له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتووه‌كاندا، تالیبان هه‌وڵیان دا هه‌ر له‌و شوێن و هه‌ڵوێسته‌وه (حكوومه‌ت) مامه‌ڵه بكه‌ن. به ڕای من ئه‌م زێده‌خوازییه، شتێك نییه جگه له نوكته‌یه‌كی سیاسیی گاڵته‌جاڕانه كه تالیبان به‌دوایه‌وه‌ن. له لایه‌كی تره‌وه هه‌ندێ ئاڵقه‌ی ئه‌مریكی به هاوكاریی جه‌نه‌ڕاڵه پاكستانییه‌كان، تالیبانیان پف دا و گه‌وره كرد و خستیانه به‌رامبه‌ر حكوومه‌تی ئێستا، تاكوو بتوانن لاوازی كه‌ن و ڕێ بۆ حكوومه‌تی كاتی خۆش بكه‌ن.
هه‌موومان شاهیدین كاتێ تالیبان ڕێككه‌وتننامه‌یان له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتووه‌كاندا واژوو كرد، هۆتافی سه‌ركه‌وتنیان كێشا و لێبووردنی گشتییان ده‌ركرد به‌ڵام چه‌ند كاتژمێرێكی پێ نه‌چوو كه یه‌كێ له سه‌ركرده‌كانی تالیبان گوتی: له‌مه‌وپاش سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان مه‌كوژن و ته‌نیا سه‌ربازانی ئه‌فغان بكه‌نه ئامانج. به ڕای من ئه‌مه بێڕه‌حمانه‌ترین ڕسته‌یه، كه ته‌نیا ده‌توانین له زمانی دوژمنێكی خۆماڵییه‌وه گوێبیستی بین كه گشت خه‌ڵكی به نیازی له‌ناوبردن كردۆته ئامانج.
هه‌ر چۆنێك بێت، پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌مه‌یه: كاتێ تالیبان، ئه‌فغانستان به داگیركراو، هه‌ژده ساڵ حكوومه‌ته نوێیه‌كان به ده‌سكه‌ڵا و پیاوی ئه‌مریكا و سیسته‌می سیاسیی كۆماری و به‌ها په‌سندكراوه‌كانیان به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌ت داده‌نێن؛ چۆن ده‌كرێ پڕۆسه‌ی دانوستاندنی نێوان لایه‌نه ئه‌فغانه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌ست پێ بكرێ؟
له ڕووی قووڵاییی مشتومڕه‌كه‌وه له وتووێژه‌كانی ئاشتی له‌گه‌ڵ تالیباندا، شته‌كه له‌م دوو پڕه‌نسیپه‌دا (كۆماری و میرنشینی) شاردراوه‌ته‌وه كه هه‌ر كامه‌یان كۆمه‌ڵێك به‌های جیاوازی تێدا جێی گرتووه. له لایه‌كه‌وه تالیبان جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌وایه‌تی و ڕاست و دروستیی میرنشین ده‌كه‌نه‌وه كه له به‌ها ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كانه‌وه هه‌ڵقووڵاوه. كه‌چی پێیان وایه كۆماری، سه‌ر به به‌ها داسه‌پێنراوه ڕۆژاوایییه‌كانه كه له‌گه‌ڵ به‌ها ئیسلامییه‌كاندا وێك نایه‌ته‌وه. هه‌ر چۆنێك بێت، كۆماری و میرنشین دوو چه‌مك یاخود دوو به‌های دژبه‌یه‌كن كه كۆكردنه‌وه‌یان مه‌حاڵه. به واتایه‌كی تر، هه‌ردووكیان یه‌كتری پێشێل ده‌كه‌ن و كۆ ناكرێنه‌وه. به ده‌ربڕینێكی تر، ئێمه له‌گه‌ڵ دوو بانگه‌شه‌ی ناكۆك و پێچه‌وانه‌دا ڕووبه‌ڕووین كه یه‌كێكیان هه‌ڵگری به‌ها یاسایییه‌كانه و ئه‌وه‌ی تریان كه‌ژاوه‌ی به‌ها شه‌رعی و ته‌كلیفییه‌كانی سه‌له‌فی ساڵحه.
گه‌ر واز له باسی چه‌مكی كۆماری و میرنشین بێنین، ده‌مێنێته‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له كۆڵانی ئه‌م دووانه‌وه ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌كتری دانیشن و گفتوگۆ بكه‌ن؛ ئێره ڕێك هه‌مان ئه‌و شوێنه‌یه كه چاره‌نووسی گه‌لی ئه‌فغانستان، ده‌یه‌وێ بۆ جارێكی تر تۆمار بكرێت. چاره‌نووسێك كه چوار ده‌یه جه‌نگ و توندوتیژی و وێرانی و قوربانیی بۆ خه‌ڵك نووسیوه.
سه‌رباری ئه‌مه، تا ئێره ده‌بینرێ كه تالیبان هێشتا هه‌ر سوورن له‌سه‌ر هه‌ڵوێست یاخود هه‌مان بانگه‌شه و لافی خۆیان (میرنشینی ئیسلامی) و له پێناویدا له هه‌ر جێ و شوێنێك پێداگری ده‌كه‌ن و هه‌نگاوێك له هه‌ڵویستی خۆیان پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه. ڕاستییه‌كه‌ی، تالیبان هه‌ر به‌م بانگه‌شه‌وه له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتووه‌كاندا گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن و له چه‌ندان شوێنی ده‌قی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی "میرنشینی ئیسلامی" هاتووه كه ده‌ری ده‌خات، تالیبان له بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامی سه‌رترن. به ده‌ربڕینێكی دیكه، تالیبان به‌دوای میرنشینی ونبووی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن كه ساڵه‌های ساڵه هه‌ڵوه‌ریوه و جگه له یاده‌وه‌ریی توندوتیژانه، شتێكی تری لێ به‌جێ نه‌ماوه.
به بڕوای من، كاتێ تالیبان باس له داگیركردنی هه‌ژده ساڵه‌ی ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن؛ به مانای به‌رده‌وامبوونه له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی میرنشینی ئیسلامی كه هه‌موو شه‌وێ خه‌ونی پێوه ده‌بینن. له‌م ڕووه‌وه نایانه‌وێ خۆیان سنووردار و پابه‌ند بكه‌ن به بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌ك گرووپێكی سیاسی، چونكه ئه‌م دووانه له ڕووی واتا و ڕۆڵه‌وه جیاوازن له یه‌كتری. "بزووتنه‌وه‌ی تالیبان"، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سپێكی خه‌باتی تالیبان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئیسلامیی موجاهیدین و، "میرنشینی ئیسلامی"یش هه‌مان جۆری حكوومه‌تی ئیسلامگه‌رای تالیبانه كه ساڵه‌های ساڵه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی، له ڕێگه‌ی شه‌ڕ و جه‌نگ و توندوتیژی و كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانه‌وه هه‌وڵی خۆیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ.
له كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه تالیبان به سه‌پاندنی ویست و ئیراده‌ی خۆیان له‌سه‌ر مێزی دانوستاندن، سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ستووری ئه‌فغانستان و به‌ها دیموكراسییه‌كان لاواز بكه‌ن.
تالیبان به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ، ده‌یانه‌وێ پاكانه بۆ هه‌موو كرده‌وه دژه‌مرۆڤانه‌كانیان بهێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بتوانن بانگه‌شه‌ی میرنشینی ئیسلامی بخه‌نه شوێنی كۆمارییه‌وه. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌وه‌ی كه ده‌توانێ له به‌رامبه‌ر پێدرێژی و زێده‌خوازییه‌كانی تالیباندا بوه‌ستێته‌وه؛ دروستكردنی ڕوانگه‌ی هاوبه‌شی هاووڵاتیان، ڕه‌وته سیاسییه‌كان و ده‌وڵه‌ته بۆ به‌رده‌وامیی سیسته‌می كۆماری كه ده‌توانێ له زێده‌خوازیی تالیبان كه‌م بكاته‌وه و له‌پشت مێزی دانوستاندن شكستیان پێ بهێنت.