ئاخرزەمانێکی نزیک: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارێکی نییە، بێ لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا

نووسەر: پاتریک وینتۆر (سەرنووسەری بەشی دیپلۆماسیی ڕۆژنامەی "گاردییەن")

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

لەم دوایییەدا ڕەشەبای گەرمەسێریی "شاهین" لە باکووری عەممان خەسارەتێکی زۆری لە پاش خۆی بەجێ هێشت. ئەوە یەکەمین ڕەشەبای گەرمەسێری بوو کە تا ئەو ڕاددەیە بەرەو خۆراوای کەنداو پێشڕەویی کرد. لە هاوینی ئەمساڵدا گەرمای ٥٠ پلە لە بەسرەی باشووری عێراق ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبای یەکجار زۆر بەرز کردەوە و، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە کارەبا پەیتا پەیتا بپچڕێت؛ لەو ماوەیەدا خەڵکی شارەکە بۆ ئەوەی فێنک ببنەوە، لە ماڵەکانیان وەدەر دەکەوتن و بە سواری ئۆتۆمبێلەکانیان دەسووڕانەوە.

ساڵی ٢٠١٦ لە کوێت پلەی گەرما گەیشتە ٥٣.٦ و ڕیکۆردی گەرمترین ڕۆژی تۆمار کرد؛ هاوینی ئەمساڵیش تێکڕای سووڕی ١٠ ڕۆژەی گەرما بە هەمان ڕاددە خنکێنەر بوو. لەم دوایییەدا لە جەددە و دواتر لە مەککە لافاوی لەناکاو هەستا، لە کاتێکدا کە لە دەیەی ١٩٨٠وە تا ئێستا تێکڕای پلەی گەرما لە سەرانسەری عەرەبستان ٢٪ و بەرزترین پلەی گەرمایش ٢.٥٪ هەڵکشاوە. لە قەتەر کە زۆرترین سەرانەی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکانی بەر کەوتووە و گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی شلە، تەنانەت لە کەشی کراوەیشدا بۆ پاڵاوتنی هەوا ئامێری هەواگۆڕکێ بەکار دێنن.

لە تاران هەموو ساڵێک چوار هەزار کەس بەهۆی پیسیی هەواوە گیان دەسپێرن و، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە لەم دوایییەدا هاووڵاتیانی خۆزستانی بە گرتنی ڕێگه‌کان و سووتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل، ناڕەزایەتیی خۆیان لەو وشکەساڵییە دەربڕی کە بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردن و گەمارۆ ئابوورییە دەرەکییەکان و گەرمای پشووبڕەوە پەیدا بووە. بەپێی مەزندەکان، لە ئەنجامی قەیرانی کەشوهەوادا تێچووی ساڵانەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە بواری تەندروستیدا شەش ملیار دۆلار زیاد بووە. ڕاددەی خوێ، یان سوێراییی ئاوی کەنداو کە بەرهۆی کاری هەردەم ڕوولەزێدەی وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوە، لە سەدا ٢٠ زیادی کردووە و ئەمەیش خەسارەتی بە ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان و جۆراوجۆریی ژینەکی (بایۆلۆژیکی)ی نێو ئاوی کەنداو گەیاندووە.

هەڵبەت دۆخەکە زۆر لەوە خراپتری بەسەر دێت و پلەی گەرمی و شێ و ئاستی ئاو پتر هەڵدەکشێت. خێراییی گەرمبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو هێندەی شوێنانی دیکەی دنیایە. ئەگەر پێشبینییە نیگەرانکەرەکان وەڕاست بگەڕێن، لەوانەیە ئیدی مەککە بۆ ئەوە نەشێت مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ ببێت؛ ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە حەج ببێتە زیارەتێکی پڕمەترسی و تەنانەت کارەساتبار. زۆر بەشی بەرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو بیابانی ئافاری ئیتیۆپیا (Ethiopia)ی بەسەر دێت کە ناوچەیەکی بەرینە لە کەناری دەریای سوور و هیچ کاتێک بۆ مرۆڤ نەبووەتە نشینگەیەکی هەمیشەیی. لەوانەیە تا کۆتاییی ئەم سەدەیە شارە پڕزریقەوبریقەکانی کەناری کەنداو بەهۆی هەڵکشانی ئاستی ئاوەوە وەژێر ئاو بکەون. هێشتا ناکرێ بڵێین "ئێستا ئاخرزەمان"ە، بەڵام دەشێ قسە لە "ئاخرزەمانێکی نزیک" بکەین.

زینە خەلیل حەج، دامەزرێنەری ڕێکخراوی "ئاشتیی سەوزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەڵێت، ئەم ناوچەیە گوشارێکی دووبەرانبەری لەسەرە و "لە ئەنجامی گۆڕانی خواست لەسەر وزە، ئەو ناوچەیەی کە مانەوەی ئابوورییەکەی پشتی بە نەوت و کاربۆن و سووتەمەنییە فۆسیلییەکان (Fossil fuel) بەستووە، لەمەولا ناتوانێت پشت بەو سەرچاوانە ببەستێت. ئیتر بازاڕی نەوت نامێنێت. بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەبێت ئەم ناوچەیە بۆ مانەوەی خۆی بیر لە گۆڕانێکی دیکەیش بکاتەوە. کەشوهەوای تاقەتپڕووکێن خەریکە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەگۆڕێت، بۆیە هیچ چارەیەک نییە بێجگە لە ڕەچاوکردنی سیاسەتی گونجاو لەگەڵ پاراستنی ژینگە."

ئیشتیای تێرنەخۆری ڕۆژاوا بۆ سووتەمەنییە فۆسیلییەکان، دەرفەتی ئەوەی بەم ناوچەیە داوە کە کۆمەڵێک شاری پشتبەستوو بە ئۆتۆمبێل و پڕ لە بینای بەرزی هەوربڕ و مۆڵ و بازاڕی پڕزریقەوبریقەی خاوه‌ن ئامێری هەواگۆڕکێی دڵخوازی تێدا دروست بکرێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە ڕێیەک بۆ پارێز لە خۆوێرانکەرییەکەی بدۆزێتەوە؛ تۆماس فریدمەن گوتەنی، ئەمە ساتە پرۆمیتیوسئاساکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

ڕاستییه‌كه‌ی، هەر نەبێ لە دەیەیەک پێشترەوە گوتراوە کە ئەم ناوچەیە دەبێت دەست لە پشتبەستن بە نەوت هەڵگرێت. سەبارەت بە دیاریکردنی کاتێکی تەواو بۆ ئەوەی کە خواست لەسەر نەوت بگاتە ئەوپەڕی خۆی، بۆچوونی جیاواز هەیە و دیاریکردنی کات پەیوەندیی بە گریمانەی جۆراوجۆر لەبارەی یاساکان، تەکنه‌لۆژی و هەڵسوکەوتی بەکار‌هێنەرانەوە هەیە. بەڵام زۆر کەس دەڵێن خواست لەسەر نەوت لە دەوروبەری ٢٠٤٠ دەگاتە لووتکە و دوای ئەوە کەم دەبێتەوە.

بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی "ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی وزە" ناسراو بە "سفری ساف تا ساڵی ٢٠٥٠" خواست لەسەر نەوت لە ٨٨ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە لە ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ ٧٢ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠٣٠دا و، ٢٤ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠٥٠دا کەم دەبێتەوە و ئەوەیش بە واتای دابەزینی ٧٥٪ی خواستە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٥٠دا. هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە وڵاتانی کەنداو لە هەرسێ توخمە پێویستەکەی وزەی تازەوەبوو (renewables) سوود وەردەگرن: سەرمایە، تیشکی خۆر و ڕووبەرێکی بەرینی زەوییە چۆڵەکان. تا ئەم دوایییەیش پێنەدەچوو وڵاتانی خاون نەوت، لەوانە ئێران، هەست بە پێویستیی جێگرەوەی خێرای سووتەمەنییە فۆسیلییەکان بکەن.  

ئەو کاتەی داوایان لە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان کرد بۆچوونی خۆی دەربارەی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی وزە و بانگەوازەکەی بۆ ڕاگرتنی وەبەرهێنانی نوێ لە بواری نەوتدا دەرببڕێت، ڕاپۆرتەکەی بە "خەون و خەیاڵ" لە قەڵەم دا. ساڵی ٢٠١٩ش لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا لە "کۆنگرەی جیهانیی وزە" لە ئەبوزەبی گوتی: "ئەگەر گوێم بە پێشبینییەکانی ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی وزە ببزوایە و پێیان نیگەران بووایەتم، لەوانە بوو پێویست بێت هەموو ڕۆژێک حەبی دژەخەمۆکی بخۆم."

سەعد ئەلکەعبی، وەزیری وزەی قەتەر گوتی، ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز زیان بە دابینکردنی وزە دەگەیەنێت و بەو "هیوا و گوڕوتینەی بۆ جێگرەوەی سووتەمەنییە فۆسیلییەکان هەیە" پێ کەنی. بەپێی مەزندەکانی ئۆپێک، خواست لەسەر نەوت تا ساڵی ٢٠٤٥ بەگشتی زیاد دەبێت و بەشی نەوت لە خواستی جیهانی بۆ وزە لە ٣٠٪وە دەگاتە ٢٨٪ و ئەم نەختۆکە دابەزینەیش هی ئەوە نییە پێی بڵێین شۆڕشی سەوز. بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی ئێستای دابینکردنی وزە و هەڵکشانی بەرچاوی نرخی نەوت و پێشبینیی زیادبوونی خواست لەسەر نەوت، ئەمساڵ پشتیوانی لە جێگرەوەی خێرای سووتەمەنییە فۆسیلییەکان دژوارترە لە پار. وڵاتانی کەنداو هەتا ئێستایش بەتوندی پشتیان بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بەستووە – زیاتر لە ٧٠٪ی سەرلەبەری هەناردەی کوێت، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی و عەممان نەوت و گازە و، زیاتر لە ٧٠٪ی سەرلەبەری داهاتی دەوڵەت لە کوێت، قەتەر، عەممان و بەحرێن لە داهاتەکانی نەوتەوە بەدەست دێت.

شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی، محەمەد بن سەلمان، لە دوورەدیمەنی ٢٠٣٠دا – کە ساڵی ٢٠١٦ بڵاو کرایەوە – بەڵێنی دا وڵاتەکەی بکات بە دەسەڵاتێکی پیشەسازی. بەڵام هه‌قیقه‌تی بابەتەکە شتێكی تره‌. ئاماری بانکی جیهانی ئەوە نیشان دەدات کە ٧٥٪ی بوودجەی عەرەبستانی سعوودی، لە هەناردەکردنی نەوت دابین دەکرێت.

کۆمپانیای نەوتیی "ئارامکۆ"ی عەرەبستانی سعوودی کە گەورەترین جێپێی کاربۆنیی لە دنیادا هەیە، نەک هەر بە خێراییی کۆمپانیاكانی وەکوو بریتیش پترۆلیۆم (BP) و شێڵ سەرقاڵی ئەوە نییە ڕوو بکاتە وزەی تازەوەبوو (renewables)، بەڵکوو لەم داویییەدا ڕای گەیاند کە توانای خۆی لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتی خاودا تا ساڵی ٢٠٢٧ لە ١٢ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە دەگەیەنێتە ١٣ ملیۆن بەرمیل.

بە ڕای زینە خەلیل حەج، چاری ئەم گرفتە پێویستی بە گۆڕانی دەروونناسییانە و وەلانانی بەکارهێنەری هەیە. "کەنداو هێشتا لە ئاستانەی وەها گۆڕانێکدا نییە. ئەگەر سەیری شێوازی ژیان لە قەتەر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عەرەبستانی سعوودی بکەین، دەبینین لەسەر بناغەی بەکارهێنانی بێپایان دانراوە. نیگەرانییەکەی من لەوەیە کە هێشتا نە مەیلمان لەم کارە هەیە و نە پێوەین سیاسەتی بۆ دابڕێژین." ئێستا لە باری سەرانەی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکانەوە ئێران لە پلەی حەوتەم، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پلەی دووەم و عەرەبستانی سعوودی لە پلەی سێزدەیەمدایە.

هەڵبەت ڕێبەرانی وڵاتانی کەنداو لە کۆڕ و کۆبوونەوەی وەکوو "کۆڕبەندی گۆڕانی کەشوهەوا لە گڵاسکۆ" لە وەڵامی ڕەخنەکاندا دەڵێن، ئەم ناوچەیە بەگشتی، نە ئێستا و نە لە ڕابردوویشدا لە ڕیزی گەورەترین سەرچاوەکانی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکاندا نەبووە. کەنداو تەنیا ٤.٧٪ی سەرلەبەری ئەو گازە کاربۆنییانە بەرهەم دێنێت کە لە دنیادا بڵاو دەبنەوە؛ کە ژمارەیەکی زۆر بچووکە بەراورد بەو پیسییەی کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چین لە کەشوهەوادا بڵاوی دەکەنەوە. ئەو گازە کاربۆنییانەی لە نەوتی هەناردەکراوی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو دەبێتەوە، نەک بە ناوی بەرهەمهێنەرانەوە، بەڵکوو بە ناوی بەکارهێنەرانەوە تۆمار دەکرێت.

سەرباری ئەوانەیش، پێدەچێت ڕێبەرانی ئەم ناوچەیە بەرە بەرە نەک هەر وەڵامی گوشارەکانی ڕۆژاوا دەدەنەوە، بەڵکوو ملکەچی گوشاری هاووڵاتیانی خۆیشیان دەبن. ئەوان لەوە گەیشتوون کە سەرەنجام دەبێت لە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەیان - نەوت- چاوپۆشی بکەن. فرانک وۆتێرس، بەڕێوەبەری تۆڕی وزەی پاکی یەکێتیی ئەوروپا-ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، دەڵێت، هەرچەند تەنانەت ساڵێک لەمەوبەر پەرجۆ دەربارەی وزەی تازەوەبوو (renewables) بێسوود بوو ("وەکوو ئەوە بوو کە بچییە لای قەساب و پێی بڵێی دەتەوێت ببیت بە گیاخۆر")، بەڵام ئێستا ڕوانگەکان لە باری گۆڕاندان.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی یەکەمین وڵاتی ئەم ناوچەیە بوو کە پەیماننامەی پاریسی پەسند کرد و ئێستا داهاتە دەوڵەتییەکانی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کەمتر پشت بە نەوت دەبەستێت. هەفتەی ڕابردوو ئەو وڵاتە ڕای گەیاند کە، پێوەیە تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕاددەی سافی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکانی خۆی بگەیەنێتە سفر: ئەم وڵاتە بەتەمایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، ١٦٣ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات و "مریەم ئەلمهیری"ی وەکوو وەزیری نوێی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا داناوە. ئەم هەواڵە پاش ئەوەی ٨٠ ڕۆژ هاوبیری و ڕاوێژی لەسەر کرا لە هەموو وەزارەتخانەکاندا ڕاگەیەندرا؛ ئەو هاوبیری و ڕاوێژەی لە مانگی جوونەوە دەستی پێ کردبوو. ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، یەکەمین وڵاتی خاوەن نەوتە کە بەڵێنی داوە ڕاددەی بڵاوکردنەوەی گازی کاربۆنی لە بەکارهێنانی ناوخۆییدا بگەیەنێتە سفر.

ئەم بەرنامەیە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و هەندێک لە بەشەکانیشی ناڕوون و نادیارن، بەڵام ڕێڕەوکەی ڕوونە. ئەم وڵاتە بەڵێنی داوە تا ساڵی ٢٠٥٠ لە سەدا ٥٠ی کارەبای خۆی لە وزەگەلی تازەوەبوو (renewables) و ناوکی دابین بکات. کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی گوتوویەتی، سەداسەدی وزەی کارەبای خۆی لە وزەی خۆری و ناوکی دابین دەکات. چاوەڕوان دەکرێت پارکی خۆریی محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم – بە تواناییی بەرهەمهێنانی بە لانی زۆرەوە ٥٠٠٠ مێگاوات – ببێت بە گەورەترین و هەرزانترین پارکی خۆریی دنیا. تێچووی بەرهەمهێنانی وزەی خۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر زۆر کەمە.

ڕکەبەرایەتییەکی توند لە نێوان وڵاتانی کەنداودا هەیە، هەر بۆیە دەبینین زۆر هەواڵ لەو بارەیەوە بڵاو دەبێتەوە. قەتەر وەزارەتخانەیەکی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا داناوە؛ بەحرێن ڕای گەیاندووە کە دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕاددەی سافی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکانی خۆی بگەیەنێتە سفر؛ کوێتیش ڕای گەیاندووە کە بەرنامەیەکی نوێی بۆ ڕاددەی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکان هەیە.

عەرەبستانی سعوودی کە پێی خۆش نییە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دوا بكه‌وێ، گوتوویەتی تا ساڵی ٢٠٣٠ بەشی وزەگەلی تازەوەبوو (renewables) بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ژمارەی بچووکی ٣/٠ لە سەداـوە دەگەیەنێتە لە سەدا ٥٠ و لە دەیەکانی داهاتوودا ١٠ ملیار درەخت دەچێنێت. لە پشووەکانی کۆتاییی هەفتەی ڕابردوودا ئەم وڵاتە – گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە دنیادا – لە ڕیاز میوانداریی "کۆڕبەندی داهێنانی سەوزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" کرد و لەو کۆڕبەندەدا جۆن کێری و شازادە چارڵز، شازادەی جێنشینی بریتانیا، بۆ پشتیوانی لە کۆڕبەندەکە وتاریان پێشکێش کرد. عەرەبستانی سعوودی بەڵێنی داوە تا ساڵی ٢٠٦٠ ڕاددەی سافی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکان لە سنووری خۆیدا بگەیەنێتە سفر – هەڵبەت شازادەی جێنشینی بریتانیا داوای کرد ئەو ئامانجە تا ساڵی ٢٠٥٠ وەڕاست بگەڕێت. عەرەبستان گوتوویشیەتی کە تا ساڵی ٢٠٣٠ لە ڕاددەی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکان ٢٧٨ ملیۆن تۆن – پتر لە دوو هێندەی ئامانجی پێشوو – کەم دەکاتەوە.

بەرپرسانی باڵای عەرەبستانی سعوودی ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆڕبەند و وەڕێخستنی سایت و دابینکردنی دوورەدیمەنەکان دەکەن، بەڵام متمانەی ڕاستەقینە ئەو کاتە بەدەست دەکەوێت کە ئەو قسانە لە بانگەشەوە ببن بە کردەوە. بەشی زۆری چاودێرانی ڕۆژاوایی لە پابەندیی عەرەبستانی سعوودی بە بەڵێنەکانییەوە دڵنیا نین. بەپێی ڕێساکانی ژمێریاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو گازە کاربۆنییانەی لە هەناردەکردنی سووتەمەنییە فۆسیلییەکانی عەرەبستانی سعوودییەوە بەرهەم دێن، لە دەفتەری ژمێریاریی ئەو وڵاتەدا تۆمار ناکرێت و ڕاستده‌رچوونی بەڵێنەکانی عەرەبستان سەبارەت بە کەمکردنەوەی گازە کاربۆنییەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، گرێ دراوە بە سەلماندنی کاراییی تەکنه‌لۆژیی ڕاکێشانی کاربۆن و هایدرۆژنی ئاوی. ڕێکخراوی "ئاشتیی سەوزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" پێی وایە کۆڕبەندەکەی ڕیاز جۆرە فریوکارییەک بووە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامه‌ندیی ئەمریکا، چونکە بەشێک لە بەرنامەکانی عەرەبستانی سعوودی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتە. خەڵکی دیکەیش لەو بارەیەوە دەڵێن، لانی کەم سعوودییەکان هەستیان بەوە کردووە کە لە جیاتی هەوڵدان بۆ پێشگرتن لە باسی گۆڕانی کەشوهەوا، بێنە ناو باسەکەوە.

زۆری پێچووە تاکوو ڕژێمە پاشایەتییەکانی کەنداو ئەوە بپەژرێنن کە سەرەنجام دەبێت دەست لە نەوت هەڵگرن؛ یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دواکەوتنە ئەوەیە کە بە یارمەتیی ئەو سامانەی لە نەوتەوە دەستیان دەکەوێت خەڵکەکەیان بەئارامی حه‌واندووەتەوە. ئەوان بە وەرنەگرتنی  پیتاک و خەرجکردنی سۆبسید بۆ ئاو، بەنزین و وزە، هاووڵاتیانی خۆیان وەتەماح خستووە. دۆخەکە لە لوبنان و عێراق و تاکوو ڕاددەیەک ئێرانیش جیاوازە. بەڵام ئەو دۆخە لە باری گۆڕاندایە و کۆمەڵێک ڕێکخراوی بچووک کە لەلایەن خەڵکەوە دامەزراون و بەرگری لە  ژینگە دەکەن، وەکوو ڕێکخراوی "کەسک" و ڕێکخراوی "سروشتی عێراق" و ڕێکخراوی "ئاشتیی سەوزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" خەریکە سەر هەڵدەدەن.

بە باوەڕی تامار زاندبێرگ، وەزیری ژینگەی ئیسڕائیل کە گیاخۆر و چەپە، ئەم بابەتە دەتوانێت پەیوەندیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێک بخاتەوە. زاندبێرگ کە سەرقاڵی ئەوەیە دەوڵەتی ئیسڕائیل ڕازی بکات بەوەی کە ڕاددەی سافی بڵاوکردنەوەی گازە کاربۆنییەکان بگەیەنێتە سفر، دەڵێت وڵاتانی ئەم ناوچەیە هەمیشە هەر باسی ڕابردوویان کردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دەبێ باسی داهاتووی هاوبەش بکەن؛ "ئێمە کۆمەڵیک گرفتی هاوبەشمان هەیە و هەموو سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی گەرما و بێئاوی و تێکچوونی ژینگەین؛ دەبێت لە ڕێچارەکاندا هاوبەش و بەشدار بین."

 

سەرچاوە: https://www.aasoo.org/fa/articles/3619

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples