گۆڕانی نافەرمانی لە جیهاندا: شێوە و چییەتیی نوێی شۆڕشە مەدەنییەکان

نووسەر: مارک بایسینگر*

کورتکردنەوە و وەرگێڕانی بۆ فارسی: محەمەدعەلی کەدیوەر

وەرگێرانی لە فارسییەوە: ساماڵ ئەحمەدی

 

ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی، شۆڕشە ڕەنگی و نەرمەکانی کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو و ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەم سیستەمە سیاسییە سەقامگیرەکانی ئەو وڵاتانەیان لەهەڵمەت گرت و تووشی ئالینگارییان کردن، هەم تیۆرییە کلاسیکەکانی شۆڕشیان خستە ژێر پرسیارەوە. تیۆرییە کلاسیکەکانی کۆمەڵناسی، وەکوو تیۆرییە مارکسیستییەکان، یان تیۆرییەکانی "تێدا سکۆچپۆڵ"[i]، یان چارڵز تیڵی[ii]، شۆڕشیان لە ڕێگەی کرداری توندوتیژانەی کۆمەڵانی خەڵکەوە پێناسە و شرۆڤە دەکرد، بەڵام ئەو بزووتنەوانە بەگشتی کەڵکیان لە کۆمەڵێک تاکتیکی ناڕەزایەتی بەبێ چەک و بە شێوازی ئاشتیخوازانە وەردەگرت. هەروەها بەپێچەوانەی شۆڕشە کلاسیکییەکانی وەکوو شۆڕشی ڕووسیا و چین، ئەو بزووتنەوانە ئایدیۆلۆژیایه‌کی یەکپارچەیان نەبوو و، لەلایەن ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕی وەکوو به‌لشه‌ڤیکەکانی ڕووسیا، یان حزبی کۆمۆنیستی چینەوە ڕێبەرایەتی نەدەکران. بێجگە لەمە، بەپێچەوانەی ڕوانگەی کلاسیک دەربارەی شۆڕش کە گرنگییەکی تایبەت بە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەدات، بزووتنەوەکانی ئەم دوایییانە لە وڵاتانێک سەریان هەڵدا کە تووشی قەیرانێکی نێودەوڵەتی نەبوون.

بەکورتی، تێگەیشتنی کلاسیک لە شۆڕشی جەماوەریی خەڵک بۆ شرۆڤەی بزووتنەوە نوێیەکان دەست نادات. سەرباری گۆڕانی چییەتیی شۆڕشەکان لە درێژاییی سەدەی بیستەم و ئێستایش کە سەدەی بیست و یەکەمە، تیۆرییەکانی شۆڕش هەروا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە و لە ئەنجامدا بۆ واتاسازی و ڕوونکردنەوەی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکانی ئەم دوایییە، تا ڕادده‌یه‌ك ناکام بوون.

مارک بایسینگر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پرینستۆن، لە کتێبە نوێیەکەیدا بە ناوی "شاری شۆڕشگێڕ: بەشاریبوون و گۆڕانی جیهانیی نافەرمانی"، بەرەنگاری ئەو ئالینگارییە بووەتەوە و، بۆ یەکەمین جار کۆمەڵێک داتای دەستی یەکەمی لە هەموو جووڵانەوە شۆڕشگێرییەکان لە ساڵی (١٩٠٠)ه‌وە تا ئێستا کۆ کردووەتەوە و، بە شیکردنەوەی ئەو داتایانە نیشانی دەدات کە شۆڕشەکان هەم لە فۆرم و هەم لە ناوەڕۆکدا گۆڕاون. بایسینگر تیۆرییەکی نوێ بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵاییسانی شۆڕشەکان، سەرکەوتن و ئەنجامەکانیان دەخاتە ڕوو. چوار دەیە بەر لە ئێستا، کتێبە گرنگەکەی تێدا سکۆچپۆڵ بە ناوی "دەوڵەتان و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان"، دەرگه‌یەکی نوێی بەڕووی تیۆری و توێژینەوەکانی شۆڕشدا کردەوە: کتێبە نوێیەکەی بایسینگریش لە ڕووی هەڵسەنگاندنی چەندێتی و ئاماری و، بەریناییی تیۆری و توانای شیکارییەوە، پلەیەکی هاوسەنگی کتێبەکەی سکۆچپۆڵی هەیە و کۆمەڵێک دەرگه‌ی نوێ بەڕووی توێژینەوە دەربارەی شۆڕشدا دەکاتەوە.

پێناسەیەکی نوێ لە شۆڕش

بایسینگر سەرەتا پێناسەیەکی نوێ دەربارەی شۆڕشەکان دەخاتە ڕوو: "گەمارۆدانی حکوومەتێکی سەقامگیر لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژێم و بەدیهێنانی گۆڕانی ڕیشه‌ییی سیاسی و کۆمەڵایەتی." ئەم پێناسەیە بەراورد بە پێناسە کلاسیکەکان بەستێنێکی واتاییی فرەوانتری هەیە و، ئەنجامی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە لە پێناسەکە بار ناکات. دەکرێ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە ئامانجی جۆراوجۆری هەبێت: لەوانەیە سەرکوت بکرێت، لەوانەیە لە چەندان ڕێگەی توندوتیژانە، یان ئاشتیخوازانەوە حکوومەت بڕووخێنێت، دەنا ڕەنگە کودەتا، یان گۆڕانی دیکەی وەکوو چاکسازی لە ڕژێمی زاڵیدا لێ بکەوێتەوە. لە پێناسەی کلاسیکدا تەنیا بزووتنەوەیەک بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دادەنرێت کە سەرکەوتوو بێت. بەڵام بە ڕای بایسینگر، ئەوەی کە چ شتێک بە شۆڕش دادەنرێت، نابێ لەسەر بنەمای هۆکارەکان، یان ئەنجامی بزووتنەوەکان پێناسە بکرێت. ئەمە پرسیارێکی ئەزموونییە کە بەدەر لە ئەنجامەکانیان، پێویستی بە تاوتوێی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان هەیە.

کۆی داتاکانی بایسینگر زیاتر لە ٣٠٠ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتانی جیاجیا و لە سەرەتای سەدەی بیسته‌مەوە تا ئێستا وەخۆ دەگرێت. لەو داتایانەدا بۆ هەر ئیپیزۆد (بڕگە، بەش)ێکی شۆڕشگێڕانە، ئامانجەکانی شۆڕش، تاکتیکەکانی شۆڕش و مێژووی شۆڕش تۆمار کراوە. بە پشتبەستن بەو داتایانە و وردبوونەوە لە هێندێک بابەتی وەکوو شۆڕشی پرته‌قاڵی (٢٠٠٥) و شۆڕشی شکۆ (Revolution of Dignity)(٢٠١٤) لە ئۆکراینا و، شۆڕشەکانی میسر و تونس (٢٠١١) و چەند بابەتێکی دیکە، بایسینگر شۆڕشەکانی زیاتر لە یەک سەدەی ڕابردوو تاوتوێ و شرۆڤە دەکات.

گۆڕانی مێژووییی ئیپیزۆدە شۆڕشگێڕییەکان

لە یەک سەدەی ڕابردوودا شۆڕشەکان چ گۆڕانێکی گرنگیان بەسەردا هاتووە؟ بایسینگر بۆ شیکردنەوەی گۆڕانی شۆڕشەکان پەنجە لەسەر دوو جیاوازیی بنەڕەتییان دادەنێت: ئەوەی کە شۆڕشەکان تایبەتمەندیی گوندی و شارییان هەبووە و، ئەوەیشی کە شۆڕشەکان تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی، یان مەدەنییان هەبووە. مەبەست لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان ئەو شۆڕشانەن کە تەنیا بەدوای گۆڕانی ڕژێمی سیاسیی زاڵدا نەبوونە و گۆڕانی پێکهاتەی چینایەتی و کەلتوورییان لە سەرلەبەری پێگەکانی وڵاتدا بەئامانج گرتووە. شۆڕشە سۆسیالیستییەکان لە ڕووسیا، چین و کووبا نموونەی ئەو جۆرە شۆڕشانەن. تیۆرییە کلاسیکەکانی شۆڕشەکان، وەکوو کتێبەکەی تێدا سکۆچپۆڵ، لەسەر ڕوونکردنەوە و شەرحی ئەو جۆرە شۆڕشانە چڕ بوونەتەوە. ئەو شۆڕشانەی زیاتر تایبەتمەندیی گوندییان هەبوو، لەو کۆمەڵگایه‌نەدا ڕوویان دەدا کە کشتوکاڵ گرنگترین بەشی ئابووریی وڵاتەکە بوو، هەر بۆیە خەڵکی گوندەکان ڕۆڵی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی شۆڕشەکاندا هەبوو. هەروەها ئەو شۆڕشانە بە لای زۆریانەوە شێوازگەلی چەکدارییان به‌كار ده‌هێنا کە جاری وابوو شەڕی ناوخۆی لێ دەکەوتەوە.

لە بەرامبەر شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکاندا، شۆڕشە مەدەنییەکان زیاتر لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا ڕوو دەدەن. لە شۆڕشە مەدەنییەکاندا تایبەتمەندییەکانی ڕژێمی سیاسی، ئازادییە سیاسییەکان و مافی هاووڵاتیبوون (شارمەندی) بەرچاوترە. ئامانجی ئەم جۆرە شۆڕشانە پەرەسەندنی مافە مەدەنییەکان و وەڵامدەربوونی دەوڵەتی دیکتاتۆر لە ڕێگەی میکانیزمە دیموکراتیکەکانەوە بووە. بەپێچەوانەی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان کە زیاتر لە گوندەکان سەر هەڵدەدەن، زۆربەی شۆڕشە مەدەنییەکان لە شارەکاندا ڕوو دەدەن. تاکتیکە چەکدارییەکانیان بەکار نەهێناوە –کە بەشداریی گشتی کەم دەکەنەوە، بەڵکە شێوازگەلی دوور لە توندوتیژی، وەکوو خۆپێشاندان بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان لە کەشی شاردا مەبەستیان بووە. گرووپە جیاوازەکانی چینی نێونجیی شار، ڕۆڵی گرنگیان لە بەرەوپێشبردنی ئەو شۆڕشانەدا هه‌بووە.

گۆڕانی مێژووییی شۆڕشەکان بە گوێرەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی/مەدەنی و شاری/گوندی بووە. لە کۆتایییەکانی سەدەی هەڤدەوە تا سەرەتای سەدەی بیستەم، شۆڕشەکان تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتییان هەبووە، لە شارەکاندا چڕ نەبوونەتەوە و سوودیان له‌ تاکتیکە چەکدارییەکان وه‌رگرتووه‌. حزوور لەناو شاردا بۆ شۆڕشگێڕان هەڵگری لێکدژییەکی گرنگە. لە لایەکەوە، بنکەی حکوومەتە زاڵەکان لە شارەکان و بەتایبەت لە پایتەختە، هەر بۆیە حزوور لەناو شاردا لە سەرێکەوە شۆڕشگێڕان لە ئامانجەکەیان کە ڕووخاندنی حکوومەتە نزیک دەکاتەوە و، لە سەرێکی دیکەوە هێزی سەرکوتی حکوومەتیش لەناو شارەکاندا زیاترە.

بەڵام دوای جەنگی جیهانیی دووەم، شۆڕشەکان و شۆڕشگێڕان لە شارەکانەوە بەرەو گوندەکان کۆچیان کرد. هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتە ئەوەیە کە بە کۆکردنەوەی سامان و بەهێزتربوونی دەسەڵاتی حکوومەتەکان، هێزی زۆردارییشیان بەگوڕتر بوو، ئیدی شۆڕشگێران لە خۆیان ڕانەدەدی لەناو شاردا بەرەنگاری حکوومەت ببنەوە. هەر بۆیە شۆڕشگێڕان بەرە بەرە ڕوویان لە گوندەکان کرد و دەستیان کرد بە ڕێکخستنی خەڵکی گوندەکان و بزووتنەوەی چەکداری لە ناوچە شاخاوی و هەڵەمووتەکان کە حکوومەت کەمتر دەستی بەو شوێنانە ڕادەگەیشت. شۆڕشی چین بە ڕێبەرایەتیی ماوتسی تۆنگ و شۆڕشی کووبا بە ڕێبەرایەتیی فیدڵ کاسترۆ لە گرنگترین نموونەکانی شۆڕش لەو سەردەمەدان. لەو سەردەمەدا زۆربەی شۆڕشەکان شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوون و ئامانجی وەکوو گۆڕانی پێکهاتەی چینایەتی و سەربەخۆیی لە هێزە کۆڵۆنیالیستییەکانیان لەسەردا بوو.

بە نزیکبوونەوە لە کۆتاییی سەدەی بیستەم، بەتایبەتی دوای جەنگی سارد، گۆڕانی گرنگ لە شۆڕشەکاندا پێک هات. شۆڕشە مەدەنییەکانی جێگه‌ی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانی گرتەوە. جارێکی دیکە شۆڕشەکان لە گوندەوە بەرەو شار هاتنەوە و لە جیاتی پشتبەستن بە خەباتی چەکداری، ڕوویان لە شێوازە ناتوندوتیژەکان کرد. شانسی سەرکەوتنی شۆڕشەکانیش لەم سەردەمانەدا زیاتر بووە. سێ هۆکار لە پێکهاتنی ئەو گۆڕانەدا کاریگەرییان هەبووە:

١) شارنشینی لە سەرانسەری جیهاندا گەشەی سەندووە و، هەر هاتووە و جەماوەری زیاتر لە شارەکاندا نیشتەجێ بوون. چڕبوونەوەی جەماوەر لە شارەکاندا، خۆی بوو بە سەرچاوەیەکی هێزەکیی بەدیهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بۆ شۆڕشگێڕان. هەروەها بە پەرەسەندنی تەکنه‌لۆژیای پەیوەندییەکان لە کەشی شارەکاندا شیانی هەماهەنگیی خێرای ئامادەکردن (و مۆبالیزه‌كردن)ی جەماوەر بۆ شۆڕشگێڕان ڕەخسا.

٢) شۆڕشە کۆمەڵایەتییە گوندییەکان زیاتر خوازیاری سەربەخۆیی بوون. بەڵام دوای ئەوەی کە زۆربەی دەوڵەتەکان سەربەخۆییی خۆیان لە دەوڵەتە کۆڵۆنیالیستییەکان وەرگرت، شۆڕشە مەدەنییەکان حکوومەتە سەربه‌خۆ نوێیەکان و تایبەتمەندییە ستەمکارییەکانیان کردە ئامانج.

٣) گۆڕانی گرنگ لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا ڕووی دا. شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ جەنگەکانی نێوان وڵاتان لە پەیوەندیدا بوون. بۆ نموونە، شۆڕشی ڕووسیا بە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕووی دا، یان شۆڕشی چین دوای داگیرکرانی چین لەلایەن ژاپۆنەوە هەڵگیرسا. بەڵام ژمارەی جەنگەکانی نێوان دەوڵەتان لە دنیادا ڕووی لە کەمی کرد. هەروەها ئەمریکا تا کۆتاییی جەنگی سارد وەکوو زلهێزێکی دژەشۆڕش هەڵسوکەوتی دەکرد، بەڵام لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، سیاسەتی ئەمریکاش كه‌وته‌ سه‌ر پەرەپێدانی دیموکراسی لە ڕێگەی گۆڕانی ڕژێمەوە. سەرەنجام بەجیهانیبوون جەماوەری خەڵکی لە شوێنە جیاجیاکانی جیهانەوە پێکەوە گرێ دا و تەکنه‌لۆژیا نوێیەکانی پەیوەندی، وەکوو "ئینتەرنێت"یشی هێنایە ئاراوە.

چ هۆکارگەلێک دەبنە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشەکان؟

ڕەنگە ئەمە گرنگترین پرسیار بێت دەربارەی شۆڕشەکان کە گۆڕەپانی تیۆرییە لێکدژ و سه‌رنجڕاکێشەکانی نێوان توێژەرانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بووە.

بایسینگر دوای شرۆڤەی ئەو گۆڕانانەی لە شۆڕشەکانی زیاتر لە یەک سەدەی ڕابردوودا ڕوویان داوە، لەسەر بنەمای داتا نوێیەکەی خۆی، تیۆرییەک سەبارەت بە شۆڕشەکان دەخاتە ڕوو، كه‌ تیۆرییه‌كی "پێکهاتەییی شیمانەیی"یە. بەو واتایەی کە زنجیرەیەک هۆکاری پێکهاتەیی، ئەگەری هەڵگیرسانی شۆڕش زیاد دەکەن، بەڵام ئەوەی کە سەرەنجام شۆڕش ڕوو دەدات، یان نا، پەیوەندیی بە جۆری کردەوەی دژبەران و حکوومەتەوە هەیە.

شیکردنەوەی ئاماریی داتاکانی شۆڕش نیشان دەدات کە هەڵگیرسانی شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان، بەپێچەوانەی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانه‌وه، بەستراوەتەوە‌ بە تایبەتمەندییەکانی ڕژێمی سیاسیی زاڵەوە.

بەڵام کامانەن ئەو ڕژێمە سیاسییانەی لە بەردەم هەڵگیرسانی شۆڕشدان؟ ئەو ڕژێمە سیاسییە نادیموکراتیکە داخراو و سەرکوتکەرانەی تێیاندا گەندەڵی زۆرە و ڕێبەرەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵاتدا ماونەتەوە، لە بەردەم هەڵگیرسانی شۆڕشە مەدەنی-شارییەکاندا له‌رزۆكترن، بەتایبەتی پاش جەنگی سارد.

لە ڕوانگەی ئاستی پەرەسەندنی ئابوورییشەوە شۆڕشەکان زیاتر لە وڵاتانێک ڕوو دەدەن کە داهاتی سەرانەیان مامناوەندییە، نەک ئەو دەوڵەتانەی کە زۆر دەوڵەمەندن، یان ئەو دەوڵەتانەی کە زۆر هەژارن. بەرهەمهێنانی نەوتیش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان هەبووە: بەو واتایەی کە داهاتی نەوتی، ئەگەری هەڵگیرسانی ئەو جۆرە شۆڕشانەی کەمتر کردووەتەوە. سەرەنجام ڕوودانی شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان لەو ڕژێمە دەسەڵاتخوازانەدا کە تایبەتمەندیی سەربازی و کەسییان هەبووە، زیاتر بووە.

وەکوو ئاماژەی پێ درا، بوونی ئەو بارودۆخە تەنیا ئەگەری هەڵگیرسانی شۆڕش زیاد دەکات، بەڵام نابێتە هۆی ڕوودانی بێئەملاولای شۆڕش. کردەوەکانی حکوومەت و دژبەران ئەو کاتەی کە بارودۆخی پێکهاتەیی ئامادە بێت، چارەنووسسازن. بۆ نموونە، حکوومەت دەتوانێت بە دەستپێکردنی چاکسازی، دامرکاندنی دژبەران، سەرکوت و تێکشکاندنی دژبەران، یان دابەشکردنی پارە لە کاتێکدا کە هۆکارە پێکهاتەیییەکان بەردەست بن، پێش بە هەڵگیرسانی شۆڕش بگرێت. لە لایەکی دیکەوە، لەوانەیە دژبەران بەهۆی پرژوبڵاوی، ململانێی کەسی، بەباشترزانینی چاکسازی لە شۆڕش و هەڵەی ڕێبەرانیانەوە دەرفەتە ڕەخساوەکان به‌جوانی نه‌قۆزنه‌وه‌.

چ هۆکارگەلێک دەبنە هۆی سەرکەوتنی شۆڕشەکان؟    

وەکوو باس کرا، لە درێژاییی سەدەی رابردوودا بەگشتی ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشەکان بۆ بەدیهێنانی گۆڕان لە ڕژێمە سیاسییەکاندا زیاتر بووە. هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر سەرکەوتنی شۆڕشەکان، دەکرێ بەسەر دوو دەستەدا دابەش بکرێن: یەکەم، تایبەتمەندییەکانی ڕژێمی سیاسی و، دووەم تایبەتمەندییەکانی شۆڕشەکە خۆی، وەکوو ئامانجەکان و تاکتیکەکان.

لەنێو ڕژێمە سیاسییەکاندا، ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕش لە ڕژێمە هیبرید (Hybrid)ەکاندا زیاترە لە ڕژێمە دەسەڵاتخوازە بەتەواوەتی داخراوەکان و، ڕژێمە دیموکراتیکەکانیش. ڕژێمە هیبریدەکان، لێکدراوێکی هاوکاتن لە ڕواڵەتگەلی دیموکراتیک و تایبەتمەندییە دیکتاتۆرییەکان؛ نە دیموکراسیی تەواون و نە دەسەڵاتخوازیی تەواو داخراو. لەم جۆرە ڕژێمانەدا بەشێک لە مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هەروەها هێندێک دامەزراوە بۆ بەشداریی خەڵک بە شێوەی نیوەوناچڵ هەن. لە ڕژێمە دیموکراتیکەکاندا بەهۆی ئەوەی کە دەرگه‌ی گۆڕان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە کراوەیە، شۆڕشگێڕان بەختێکی وایان بۆ ڕازیکردنی گرووپەکان و ئەندامانی کۆمەڵگە بۆ پەیوەستبوون بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەوە نییە. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ڕژێمە دەسەڵاتخوازانەی کە بەتەواوەتی داخراون، وەکوو ڕژێمی سیاسیی سۆڤیەتی پێشوو بە ڕێبەرایەتیی "ستالین"یش بە هیچ شێوەیەک بواری جووڵانەوە و چالاکیی سیاسی بە دژبەرانیان نادەن. 

شۆڕشە گوندییەکان، بەپێچەوانەی شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان، پێوەندییەکی بەراوەژوویان لەگەڵ ئاستی دیموکراسی لە وڵاتدا هەیە. واتا ئەگەری سەرکەوتنی ئەو شۆڕشانە لە ڕژێمە بەتەواوەتی داخراوەکاندا زیاترە و، ئەوەندەی کە ڕژێمی سیاسیی وڵاتێک لە دیموکراسی نزیک بێتەوە، ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشە گوندییەکان کەمتر دەبێتەوە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە لەو جۆرە ڕژێمانەدا هیچ بژارەیەکی جێگرەوەی شۆڕش نییە و شۆڕشگێڕانیش بەهۆی سەرکوتی تونده‌وه‌ بەختێکی وایان بۆ سەرکەوتن لە شارەکاندا نییە.

بێجگە لەمە، ئەوەندەی کە ڕێبەری ڕژێمێکی سیاسی بۆ ماوەیەکی درێژتر لەسەر دەسەڵات مابێتەوە، بەختی سەرکەوتنی شۆڕش دژی ئەو ڕژێمە سیاسییە زیاتر دەبێت. بەئەستۆوەبوونی بەرپرسیارێتیی ڕژێمی سیاسی لە ماوەیەکی درێژدا بەو واتایە دێت کە گرووپەکان و ئەندامانی کۆمەڵگە، کەسی ڕێبەر زۆر زیاتر بە بەرپرسیاری کێشە و ئاڵۆزییەکانی وڵات دەزانن و ڕێکخستنی شۆڕشگێڕانە دژی ئەو ڕێبەر و ڕژێمە ئاسانتر دەبێت. بۆ نموونە، لە بەهاری عەرەبیدا دەبینین بنعەلی بۆ ماوەی ٢٤ ساڵ لەسەر دەسەڵات بوو، حوسنی موبارەکیش ٣٠ ساڵ دەسەڵاتدار بوو. لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێرانیشدا محەمەدڕەزا پەهلەوی بۆ ماوەی ٣٧ ساڵ هەر خۆی جڵەوی ڕێبەرایەتیی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو.

بێ لەوەیش، بەختی سەرکەوتنی شۆڕشەکان پەیوەندییه‌كی نەرێنیی لەگەڵ ڕاددەی بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتێکدا هەیە. واتا ئەوەندەی کە وڵاتێک بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر بێت، بەختی سەرکەوتنی شۆڕش لەو وڵاتەدا کەمتر دەبێت. ئەو ڕژێمانە بە پشتبەستن بە داهاتە نەوتییەکان دەتوانن هێزە سەرکوتکەرەکانیان گەرەنتی و پۆشتە بکەن و بە دابەشکردنی داهاتی نەوتی لە کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی بەرنامە خۆشبژێوییەکان و تۆڕەکانی داڵدەرییەوە ڕێگری لە تێکەڵبوونی خەڵک لەگەڵ بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان بکەن. ئابووریی نەوتی لە ئێران نموونەیەکی باشە لە ڕوانگەی بایسینگرەوە: هەنگاوی یەکەمی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی کۆمپانیای نەوت و دواتر بەدەستەوەگرتنی تۆڕی دابەشکردن لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە بوو.

بەڵام تایبەتمەندیی خودی شۆڕش، وەکوو شوێن، ئامانجەکان و تاکتیکەکانیش کاریگەریی گرنگیان لەسەر بەختی سەکەوتنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان هەیە.

یەکەمین و لەوانەیە گرنگترین هۆکار لەو پۆلێنەدا بە لانی زۆرەوە ژمارەی ئەو ناڕازییانەیە کە لە شۆڕشێکدا بەشداری دەکەن. ئەوەندەی کە ژمارەی زیاتری ناڕازییان تێکەڵاوی ڕیزەکانی شۆڕش ببن، بەختی سەرکەوتنی شۆڕشیش زیاتر دەبێت. بەبێ لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی دیکە، تاوتوێی کۆی هۆکارەکانی شۆڕشەکان لە سەدەی ڕابردوودا نیشان دەدات کە ئەگەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە توانای ڕێکخستنی ٢٠٠ هەزار کەسی بووبێت، بەختی سەرکەوتنی پەنجا بە پەنجا بووە. هەر بەم شێوەیە ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییانەی بەشداریی خەڵک تێیاندا کەمتر بووە، بەختی سەرکەوتنیشیان کەمتر بووە. کاریگەریی ئەم هۆکارە لەسەر شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان، زیاتر بووە لە شۆڕشە کۆمەڵایەتی-گوندییەکان. لەوەیڕا کە شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان زیاتر کەڵکیان لە شێوازە ناچەکدارییەکان وەرگرتووە، هێنانەمەیدانی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک پێویستیی سەرکەوتنیانە.

تاکتیکی خۆپێشاندانیش زیاترین کاریگەریی لەنێو تاکتیکە گشتییەکاندا لەسەر سەرکەوتنی شۆڕشەکان هەبووە. هەروەها ئەوەندەی کە ژمارەی ناڕازییان زیاتر بێت، ئەگەری پەرەسەندنی تۆڕی پەیوەندییی نێوان ناڕازییان و حکوومەت زیاتر دەبێت. واتا ژمارەی ئەو کەسانەی کە هاوکات لەگەڵ حزووریان لە دامەزراوە حکوومییەکاندان، ڕەنگە بەشێک بن لە ناڕازییان، یان لەگەڵ ناڕازییاندا لە پەیوەندیدا بن زیاترە. ئەو جۆرە پەیوەندییانە ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێ کە توانای دەزگه‌ی سەرکوت دژی ناڕازییان لاوازتر بێت و ئیمکانی لەتبوون و دووبەرەکی لەناو حکوومەتدا زیاتر بکات، سەرەڕای ئەوانەیش، هەرچەندە ژمارەی کەمی ناڕازییان دەتوانێت شکستی زۆربەی شۆڕشەکان شی بکاتەوە، بەڵام ژمارەی زۆریشیان گەرەنتیدەری سەرکەوتنی شۆڕش نییە.

شوێنی شۆڕشیش کاریگەریی گرنگی لە سەرکەوتنیدا هەبووە. بەگشتی بەختی سەرکەوتنی شۆڕشەکانی شار لە شۆڕشەکانی گوند زیاتر بووە. ئەوەیش بەهۆی نزیکیی ئەو شۆڕشانە لە ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات و تۆڕی دەمارەکانی حکوومەتە. ئەوەندەی کە ناڕازییان لە ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات نزیکتر بن، ئەگەری کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی سیاسییش زیاترە.

کاریگەریی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە لە نێوان شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان و شۆڕشە گوندییەکاندا بەتەواوەتی جیاوازە. لە شۆڕشە گوندییەکاندا ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی زیاتر کردووە، بەڵام لە شۆڕشە مەدەنی-شارییەکاندا بەپێچەوانەوە توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە ئەگەری شکستی شۆڕشیان زیاتر کردووە.

بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئامانجی جیاوازیان مەبەست بووە. بەشێکیان تایبەتمەندیی لیبراڵیان هەبووە، بەشێکیان ئامانجی کۆمەڵایەتیی وەکوو فرەوانکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یان گۆڕانی سیستەمی چینایەتییان ڕەچاو کردووە، ئامانجی بەشێکی دیکەیان وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و کۆتاییهێنان بە نفووزی دەرەکی بووە، بەشێکیان ویستوویانە دەستووری وڵاتەکە بگۆڕن، بەشێکی دیکەیان خوازیاری گۆڕانی سیستەمی ئیتنی بوون و بەشێکیشیان مەبەستیان بووە پەرە بە ئیسلامخوازی بدەن. لە نێوان ئەو ئامانجە شۆڕشگێڕییانەدا، ئەو شۆڕشانەی کە مەبەستیان بووە دەستوور بگۆڕن و بەهای لیبراڵ بەدی بێنن، بەختی سەرکەوتنیان زیاتر بووە.

سەرەنجام لە بواری ڕێبەرایەتییشدا شۆڕشەکانی سەدەی ڕابردوو جۆری جیاوازیان تاقی کردووەتەوە. بەشێکیان پێیان وابوو، دەبێ ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی بە شێوەی هاوپەیمانی بێت، بەڵام لە بەشێکیاندا تاکە حزبێک ئاڵای شۆڕشەکەی هەڵگرتووە. لە بەشێک لە شۆڕشەکاندا، حزبەکان ڕێبەری شۆڕش بوون، بەڵام لە بەشێکی دیکەیاندا گرووپە نەریتییەکان جڵەوی شۆڕشیان بەدەستەوە گرتووە. لە جۆرەکانی دیکەیشدا گرووپە چەکداری و میلیشیایییەکان، یان ڕێبەرایەتیی نهێنی و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکان شۆڕشیان بەرەو پێشەوە بردووە. زیاتر وا وێنا دەکرێت کە بوونی یەک حزبی ئاڵاهەڵگری شۆڕشگێڕی (Vanguard Party) بۆ سەرکەوتنی شۆڕش گرنگە. ڤیلادیمیر لێنین داهێنەری سەرەکیی ئەم تیۆرییە بوو کە دواتر لەنێو بزووتنەوە ماڕکسیستییەکان و تەنانەت بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی دیکەیشدا، بوو بە بابەتێکی پەژراو. بەڵام بەپێچەوانەی ئەم تیۆرییە باوە، کۆمەڵێک شۆڕش کە ڕێبەرایەتیی هاوپەیمانییان هەبوو، هەروەها سەندیکا کرێکاری و پیشەیییەکان و بزووتنەوەگەلی کۆمەڵاتییش هەبوون کە بە شێوەیەکی بەرچاو بەختی سەرکەوتنیان زیاتر بوو. هیچ کام لە جۆرەکانی دیکەی ڕێبەرایەتی، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر سەکەوتنی شۆڕشەکان نەبوو.

شۆڕشگێڕان کێن؟      

هەرچەند تیۆریی جۆراجۆر دەربارەی تایبەتمەندییەکانی کەسانی شۆڕشگێڕ هەیە، بەڵام وێ دەچێت وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ڕێگەی داتا ئەزموونییەکانەوە بە شێوەیەکی تەکووز دژوار بێت. بایسینگر بە لەکارهێنانی چوار ڕاپرسی کە هاوکات لەگەڵ شۆڕشی پرته‌قاڵی و شۆڕشی شکۆ لە ئۆکراینا و، شۆڕشەکانی تونس و میسر کرابوون، هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر بەشداریی شۆڕشگێڕانە تاوتوێ دەکات. ئەم ڕاپرسییانە لەسەر بنەمای وەرگرتنی نموونە لە هەموو جەماوەری وڵاتەکە کراون و گەلێک پرسیاری جۆراجۆریش دەربارەی بەشداری لەو شۆڕشانەدا و پشتیوانی، یان دژایەتیی هاووڵاتییان لە ڕاپرسییەکاندا گونجێنراون. ئەم بابەتە دەرفەتی ئەوە بۆ توێژەران دەڕەخسێنێت کە بەراورد بکەن لە نێوان ئەو کەسانەدا کە لە شۆڕشەکاندا بەشدارییان کردبوو، لەگەڵ ئەو گرووپە بێلایەنانەی دیکەدا کە هاوڕا، یان دژی شۆڕش بوون.

کامانە گرووپ و چینی کۆمەڵایەتی، زیاتر لەو شۆڕشانەدا بەشدارییان کرد؟ بەپێی ئەو ڕاپرسییانە، پێکهاتەی گرووپە بەشدارەکانی ئەو چوار شۆڕشە جیاوازن. گرووپەکانی وەکوو بێکاران، کرێکاران و فەرمانبەرانی دەوڵەت لە هەر کام لەم شۆڕشانەدا زیاتر، یان کەمتر بەشدارییان کردووە. بەڵام ئەوەی کە لە نێوان هەرچوار شۆڕشەکەدا هاوبەشە، بەشداریی زیاتری ئەو هاووڵاتییانەیە کە خوێندەوارییان زیاتر بووە، یان ئیمکاناتی زیاتریان هەبووە، کە ئەمە نیشاندەری بەشداریی بەرچاوی چینی نێونجییە لە شۆڕشە مەدەنی-شارییەکاندا.

لە لایەنی تەمەنیشەوە چەشنە جۆراوجۆرییەکی بەشداریی تەمەنە جیاوازەکان، بەتایبەتی گەنجان لەم شۆڕشانەدا دەبینرێت. بۆ نموونە، لە شۆڕشی تونسدا حزووری گەنجان لەنێو شۆڕشگێڕاندا بەرچاوتر بووە، لە کاتێکدا ئەم دیاردەیە لە شۆڕشەکەی میسردا نابینرێت. لە لایەنی ڕەگەزییشەوە بەگشتی پیاوان زیاتر لە ژنان لە شۆڕشەکاندا بەشدار بوون، هەرچەندە ڕاددەی بەشداری لە نێوان ژنان و پیاواندا لەو شۆڕشانەدا جیاوازە. بۆ نموونە، گەورەترین درز لە بواری بەشداریی ژنان لە شۆڕشەکەی تونسدا بەرچاو دەکەوێت، لە کاتێکدا کە ڕێژەی بەشداریی ژنان و پیاوان لە شۆڕشی شکۆی ئۆکراینادا لێک نزیکترە. 

داتا پەیوەندیدارەکان بە شۆڕشی ئۆکرایناوە، خاڵی سه‌رنجڕاکێش و گرنگ دەدرکێنن. ئەوانەی پشتیوانیی شۆڕشیان کردووە لە توێژی ناکۆکی وەکوو نەتەوەخوازانی دژەبازاڕ، نەتەوەخوازانی لایەنگری بازاڕ و سۆسیالیستەکان پێک هاتبوون. ئەنجامەکانی ئەم لێکدانەوەیە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو جۆرە شۆڕشانە حەتمەن لایەنگرانێکی یەکدەست نین کە هۆگری ئایدیۆلۆژیایه‌کی تایبەت و بۆچوونی هاوبەش دەربارەی بابەتە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیان بن. بەپێچەوانەوە، ئەم شۆڕشانە لە هاوپەیمانیی نەرێنی (Negative Coalition)ی نێوان گرووپە ناهاوڕاکان پێک هاتوون و شۆڕشگێڕان حەتمەن دەربارەی بابەتە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیان بۆچوونی هاوبەشیان نییە. مەبەست لە هاوپەیمانیی نەرێنی ئەوەیە کە تەنیا بۆ دژایەتیی ڕژێمی زاڵ پێک هاتووە و دۆزینەوەی هەڵوێستی هاوبەش لە نێوان هاوپەیمانەکاندا دەربارەی بابەتە سیاسییەکان دژوارە. بە واتایەکی دیکە، هاوپەیمانەکان دەربارەی ئەوەی کە نایانەوێت هاوڕان، بەڵام دەربارەی ڕۆژی دوای ڕووخانی ڕژێمی زاڵ هاوڕا نین.

میراتی شۆڕش

میرات و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی شۆڕشەکان چین؟ بە زمانێکی دیکە، دوای ئەوەی کە ئیپیزۆدێک، یان سەردەمێکی شۆڕشگێرانە کۆتاییی دێت، چ گۆڕانێک لە سیاسەت و ئابووریی وڵاتاندا دەبینین؟ ئەنجامەکانی توێژینەوە ئامارییەکەی بایسینگر ئەوە نیشان دەدات کە ئایدیۆلۆژیا و جۆری ڕێکخستن و تاکتیکەکانی شۆڕشەکان، جۆری کاریگەرییەکانیان دیاری دەکەن. بەگشتی، شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە دامەزراندنی ڕژێمێکی سیاسیی پایەدار و سەقامگیردا زیاتر سەرکەوتوو بوون. لەم دوایییانەدا سێ توێژەر و مامۆستای دیاری زانستە سیاسییەکان، ژان لاشاپێڵ، ستیڤ لیڤیتسکی و لوکان وای، لەگەڵ قوتابییەکانیان توێژینەوەیەکیان کردووە کە بە لای هۆکارهێنانەوەدا دەشکێتەوە.[iii] توێژینەوەکەی ئەو توێژەرانە نیشان دەدات کە ئەو ڕژێمە دەسەڵاتخوازانەی وا لە پرۆسەی ڕێکخستنێکی درێژخایەن و توندوتیژدا پێک هاتوون، لەچاو ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکانی دیکە زیاتر ماونەتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم بابەتەیش ئەوەیە کە ڕێکخستنی درێژخایەن و توندوتیژ دەبێتە هۆی یەکگرتووییی نێوان نوخبەی زاڵ بەسەر وڵاتدا، هەروەها حزبێکی سیاسیی زاڵ دادەمەزرێنێت و ناوەندە سەربەخۆکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا لەنێو دەبات و دەزگه‌یەکی بەهێزی سەرکوت بنیات دەنێت.[iv]

لە بواری نایەکسانیی داهات و ئابوورییشەوە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە بەگشتی ئاستی نایەکسانی لە کۆمەڵگەکەیاندا کەم بکەنەوە. ئەم کاریگەرییەیش زیاتر لە ڕێگەی هێرش بۆ سەر سامانداران لە ڕێگەی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەوە، هەروەها لە ڕێگەی سیاسەتەکانی دابەشکردنەوەوە، وەکوو دابەشکردنەوەی زەوی بووە. بەڵام شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری گەشەی ئابووری و ئازادییە سیاسییەکاندا کاریگەریی زۆر نەرێنییان لەسەر ئەو وڵاتانە هەبووە کە تێیاندا شۆڕش کراوە؛ بە شێوەیەک کە ئەو شۆڕشانە گەشەی کەمی ئابووری و لەنێوچوونی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و وەڵامدەربوونی حکوومەتیان لێ کەوتووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، میراتی سەرەکیی شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان بەرزبوونەوەی ئاستی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و وەڵامدەربوونی حکوومەتەکان بووە. بەڵام ئەو پێشکەوتنە ڕێژەیییە سیاسییە لە هەموو بابەتەکاندا بە ئاستی دیموکراسیی هەڵبژاردن نەگەیشتووە و لە هێندێک بابەتدا پێشکەوتنە سەرەتایییەکان بە تێپەڕبوونی کات کاڵ بوونەتەوە. لە بواری گەشەی ئابوورییشدا ئەو شۆڕشانە کاریگەریی نەرێنیی جێی سه‌رنجی وەکوو شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانیان نەبووە و، ئاستی نایەکسانییشیان لە کۆمەڵگەدا کەم نەکردووەتەوە. هەڵبەت ئەم شێوەی کاریگەریدانانە جیاوازە و لەگەڵ ئامانج و شێوازەکانی ئەو شۆڕشانە یەک دەگرێتەوە، چونکە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر پەرەدان بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی نایەکسانییان مەبەست بووە و زۆربەیشیان پەنایان بۆ توندوتیژی بردووە. لە لایەکی دیکەوە، شۆڕشە مەدەنی-شارییەکان زیاتر ویستوویانە دیکتاتۆریی سیاسی کۆنترۆڵ بکەن و وا بکەن کە حکوومەت وەڵامدەر بێت و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان پەرە بستێنن.

وەکوو لەم توێژینەوە کورتەدا دەردەکەوێت، کتێبەکەی مارک بایسینگر هەتا ئێستا گشتگیرترین خوێندنەوەیە دەربارەی گشت هۆکار، پرۆسە و ئەنجامی شۆڕشەکان و، یەکەمین کتێبیشە کە بنەمای تیۆری و ئەزموونیی خۆی لەسەر توێژینەوەی تێکڕای جەماوەری شۆڕشەکان داناوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەمەوبەر هەموو تیۆرییەکانی شۆڕشەکان لەسەر خوێندنەوەی تاکە شۆڕشێک، یان تاوتوێی ژمارەیەکی کەمیان دانراون. قووڵاییی ئەزموونیی کتێبەکە و وردبینیی زیرەکانەی شیکاری و بەریناییی تیۆرییەکەی بە ڕاددەیەکە، دەکرێت وا دابنرێت کە ئەم کتێبە دەستپێکی وەرزێکی نوێ بێت بۆ خوێندنەوەی شۆڕشەکان.

بەراوردی ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشە گوندی و شارییەکان بەپێی دۆخی ڕژێمی سیاسی. هەروەکوو لە پێنوێنەکەدا دەردەکەوێت، شۆڕشە گوندییەکان و شۆڕشە شارییەکان پەیوەندییەکی جیاوازیان لەگەڵ دۆخی ڕژێمی سیاسی هەیە. لە شۆڕشە گوندییەکاندا ئەوەندەی کە ڕژێمی سیاسی کراوەتر بێت، ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕش کەمتر دەبێتەوە. بەڵام لە شۆڕشە شارییەکان و شۆڕشە مەدەنی-شارییەکاندا، سەرەتا کە لە ڕژێمە دەسەڵاتخوازە داخراوەکانەوە بەرەو ڕژێمە دەسەڵاتخوازە هیبریدەکان دەچین، دیسان ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕش کەم دەبێتەوە و دەگاتە کەمترین ڕاددەی خۆی. ئەو پێنوێنەی سەرەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخ، لە ئیمتیازی پۆلیتی کەڵک وەردەگرێت. ئیمتیازی پۆلیتی (Polity Score) شێوازێکی هەڵسەنگاندنی ڕژێمە حوکمڕانەکانە کە تێیدا نزمترین ئیمتیاز (١٠-) بۆ ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان و بەرزترین ئیمتیاز (١٠+) بۆ ڕژێمە دیموکراتیکەکانە.

 

سەرچاوە:

https://www.aasoo.org

 

 

* مارک بایسینگر، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە "زانکۆی پرینستۆن"ە. ئەم ڕاپۆرتە، کورتەیەکە لەو سەرچاوەیەی خوارەوە:

 

Beissinger, Mark. The Revolutionary City: Urbanization and the Global Transformation of Rebellion. Princeton University Press, 2022.

[i] Skocpol, Theda. States and Social Revolutions: A Comparative Analysis of France, Russia, and China. Cambridge, UK: Cambridge University Pres, 1979.

[ii] Tilly, Charles. From Mobilization to Revolution. McGraw-Hill New York, 1978.

[iii] Lachapelle, Jean, Steven Levitsky, Lucan A. Way, and Adam E. Casey. “Social Revolution and Authoritarian Durability.” World Politics 72.4 (2020): 557-600.

[iv] Levitsky, Steven, and Lucan Way. “The Durability of Revolutionary Regimes.” Journal of Democracy 24.3 (2013): 5-17.

 

 

 

  

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples