"نەگەڕانەوە بۆ دواوە": نەوەی Z، پێشڕەوی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا

ئیڤانا ساریچ

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی "مەهسا ئەمینی" لە ئێران پێ دەنێتە مانگی دووەمییەوە، تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی نێوان ئەم شەپۆلەی خۆپیشاندان و جووڵانەوەکانی ڕابردوو، ئەوەیە نەوەی Z* تیایدا ڕۆڵێکی باڵای هەیە، بەتایبەت کچانی گەنج.

وێنە گەورەکە: خۆپیشاندەران  تا دێت زیاتر ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی سەرکوتکاریی حکوومی دەبنەوە، لەوانە توندوتیژیی کوشندە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و سنووردارکردنی ئینترنێت و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ. بەڵام لاوان بەردەوامن لە هاتنەسەر شەقامەکان- چەندان ڕێگه‌ی دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە ڕێگەی ئینترنێتەوە دۆزیوەتەوە، بۆ داواکردنی زیاتری ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و حکوومەتێك بە شێوەیەکی باشتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران بکات.

گرێدانی خێرا: خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە، دوای تەنیا چەند ڕۆژێك لە مەرگی "مەهسا ئەمینی" دەستیان پێ کرد؛ لەو کاتەی ئەم کچە تەمەن ٢٢ ساڵەیە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقیی ئێرانییەوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی ئەو یاسا ئایینییەی کە داوای سەرپۆشیی لە ژنان دەکات، دەستبەسەر کرابوو. دەسەڵاتداران دەڵێن "ئەمینی" بەخراپی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە؛ ئەم ئیدیعایه‌یش لای خانەوادەکەی جێی گومانە.

  • لەو کاتەوە، ناڕەزایەتییەکان دەیان شاری سەرانسەری ئێران و جیهانی گرتۆتەوە.
  • لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا گرتە ڤیدیۆی ژنان و کچان زۆر بوون، لەوانەی لە قوتابخانەکان و لەسەر شەقامەکانی ئێراندا سەرپۆشەکانیان فڕێ دەدەن و سەرپێچیکارانە دەجووڵێنەوە و، هاوار دەکەن "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، وەك ئاماژەیەك بۆ ڕابەری باڵا، "خامنەیی"ی تەمەن ٨٣ ساڵان.
  • لە شارێکی دەرەوەی تاراندا کچانی خوێندکار بەڕێوبەرێکی پەروەردەیییان لە قوتابخانە وەدەرناوە. بەپێی کەناڵی بی بی سی ژمارەیەك کچی هەرزەکار لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هاوار دەکەن و دەڵێن "ئەگەر یەك نەگرین، ئەوان، یەك بە دوای یەك هەموومان دەکوژن."

ڕێکخراوی قازانجنەویستی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی، ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو ڕای گەیاند، کە لەنێو ئەو ٢١٥ کەسەی کە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییەی ئێراندا کوژراون، لانی کەم (٢٧)یان منداڵ بوون.

  • جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، پێشتر هەر لەم مانگەدا ڕای گەیاندووە، تێکڕای تەمەنی زۆربەی ئەوانەی لە ماوەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون، دەگاتە ١٥ ساڵان.
  • لای خۆیانەوە، خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ئێرانی، بەبێ هیچ بەڵگەیەك، تۆمەتی ناڕەزایەتییەکان دەخەنە ئەستۆی هێزە دەرەکییەکان- ئەم تۆمەتەیش چەندان جار لەلایەن خۆپێشاندەران و هەوادارانیانەوە ڕەت کراوەتەوە.
  • بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوەی سەربەخۆی ڕیفۆرمخوازی ئێرانی "الشرق"، وەزیری خوێندنی باڵای ئێران دوو هەفتە لەمەوبەر گوتوویەتی هەندێك لە منداڵانی قوتابخانەکان لەناو ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و ڕەوانەی "دامەزراوە دەروونییەکان" کراون. ئەوەیشی گوتووە، کە "خوێندکارەکان لە دوای چاکسازیکردنیاندا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو ژینگەی قوتابخانەکانیان."

رێڕەوی هەواڵەکان: ژنان هەمیشە بەشێك بوون لە بزاڤەکانی ناڕەزایەتی لە ئێران، بەڵام بە گوێرەی لێدوانی شرۆڤەکاران، بچووکیی تەمەنی زۆربەی خۆپیشاندەران لەگەڵ ڕاستیی سەرکردایەتیکردنی ژنان، ئەم شەپۆلەی خۆپیشاندانەکان لەوانەی تری ڕابردوو جیا دەکاتەوە.

مەریسا خورما، بەڕێوبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری ویلسن بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە ئەوەی ئەم دۆخە جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە "ژنانی گەنج بەتایبەتی سەرکردایەتی دەکەن، هەروەها بەربەستی ترس تێک شکێنراوە- ئەوەی کە ئێمە بەتەنیا لە شارە گەورەکاندا نایبینین، بەڵکوو لە شارە بچووکەکانی سەرانسەری ئێراندا دەیبینین."

هەروەك خاتوو عەسەل ڕاد لە ئەنجومەنی نەتەوەییی ئێرانی ئەمریکیدا دەڵێت: "لەوە ناچێت خۆپیشاندەرانی نەوەی Z هەمان ترسی نەوەکانی پێش خۆیان هەبێت." ڕوونیشی دەکاتەوە کە "بەشداریکردنی منداڵانی خوێندنگه‌کان، جیاوازیی ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستایە لەگەڵ ناڕەزایەتیییەکانی بزاڤی سەوزی ساڵی ٢٠٠٩دا، کە بزاڤێکی پشتگیریکاری دیموکراسییە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٠٩ و، بۆ ماوەی چەند مانگێك لە خۆپیشاندان بەردەوام بوو."

بەشێك لەم کارە بۆ تەمەنەکەیان دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوان "کەمتر لە کەسانی بەتەمەنتر لە مەترسییەکان دوور دەکەونەوە"، بەڵام ئەو ڕاستییەیش هەیە ئەوان لەناو ئەو ڕووداوانەدا نەژیاون کە نەوەی بەتەمەنەکان دروستیان کردووە؛ هەروەك عەسەل ڕاد ئاماژەی پێ دەدات وەك شۆڕشی ١٩٧٩ و جەنگی نێوان ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.

  • وەك ڕاد بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، لاوان جۆش دراون، چونکە "وای دەبینن ئاییندەیان لە مەترسیدایە."

دۆخی یارییەکە: نەوەی Z هاوکات چەندان ڕێگه‌یان لەبەردەمدایە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و زانینی زیاتر دەربارەی خۆدەربازکردن لە کۆتوبەندەکان، زیاتر لەوانەی پێشتر لە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا کردوویانە. ڕاد دەڵێ "لەبەر ئەوەیە گرتە ڤیدیۆی لەم شێوەیە دەبینین، لەبەر ئەوەیە ناڕەزایەتی لەم شێوەیە دەبینین." مەریسا خورما دەڵێت "ئەم دەستگەیشتنە بە شێوە جیاوازەکانی زانیارییەکان و دەربارەی جیهانی دەرەوە، یارمەتیدەر بووە لە پەرەسەندنی شێوە جۆراوجۆرەکانی خۆپیشاندانەکان- وەك گۆرانی و شیعر- لەگەڵ ئەو جۆش و خرۆشییەی کە نەوەی Z بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین هەیەتی.

"ئەوان جیهانێکی جیاواز دەبینن پێشتر ئەزموونیان نەکردووە؛ بەمەیش لە توانایاندایە، بە شێوەیەکی باشتر لە ستەم و نایەکسانی تێ بگەن." هەروەك دەڵێت "ئەوان بۆ گوزارشتکردن لە ڕا و بۆچوونەکانیان، زۆر بەهێز و زۆر متمانەیان بە خۆیانە و، کەمتر لە مەترسییەکان دوور دەکەونەوە."

ئەوەی کە پێویستە چاودێری بکرێت: وێڕای ئەوەی چاوەڕوان ناکرێت کۆتوبەندەکانی حکوومەت، بەتەواوەتی پێچەوانە بکرێنەوە- چونکە ڕەنگە ئەمە داڕووخانێکی تەواوی حکوومەت بێت- ڕاد پێشبینی دەکات خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی حکوومەت ناچار دەبێت هەندێك لە کۆتوبەندەکان کەم بکاتەوە.

  • ڕاد دەڵێت "هیچ گەڕانەوەیەك نییە بۆ هەمان دۆخی جاران، چونکە لەو بڕوایەدام ئەو تابۆ و قه‌دەغەکردنانە شکێنراون."
  • واقعەکە ئەمەیە، كه‌ ئەگەر لە یاخیبوونی مەدەنیدا بەردەوام بن، ده‌وڵه‌ت كارێكی ئه‌وتۆی له‌ده‌ست نایه‌، دەزانن؟ دەوڵەت دەتوانێت چی بکات ئەگەر بێت و ٢٠ ملیۆن ژن بڕیار بده‌ن هیچ شتێك نه‌کەن، ئایا چارەگی دانیشتووانی وڵات دەستگیر دەکات؟

 

  • نەوەی Z: ئەو نەوەیەیە کە لە سەردەمی دەرکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەدایک بوون. (وەرگێڕ).

 

سەرچاوە:

https://www.axios.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples