کوردێگزیت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ن: عومەر تەکدەمیر*

لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

لە سەردەمی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوی جیهانیدا، دەستەبژێرە سیاسییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، ناسیۆنالیزم بەکار دەهێنن. لە ماوەی ژیانی شاژن "ئەلیزابێس"دا، ١٢٨ وڵات بەکرده‌یی سەربەخۆیییان بەدەست هێناوە. کورد گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە لە جیهاندا. پرس و کێشەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وەك نهێنی و مەتەڵێك ماوەتەوە. مافی دیاریکردنی چارەنووس حەز و ئاواتی کوردانی عێراقە. ئەمە بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتە نەتەوەیییەکانی دواتر، بە شێوەیەکی جیاواز ڕوو دەدات، بەتایبەت لە بەرەی پۆست-کۆمۆنیستیدا، بە وڵاتە نوێیه‌کانی یۆگۆسلاڤیای پێشوویشەوە، لەگەڵ وڵاتانی پۆست-کۆڵۆنیال لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و ئەفریقا و ئاسیادا. لەگەڵ ئەمەیشدا مۆدێلی کوردی کەمێك هاوشێوەیە لەگەڵ کەیسی ڕیفراندۆمەکانی کاتالۆنیا لە ئیسپانیا و سکۆتله‌ندا لە بریتانیا. خەونی "کوردستانی سەربەخۆ" لە دوای دەستێوەردانی چەندان زلهێزەوە سڕ کرا؛ وێڕای ئەوەی ٧٨٪ی دەنگدەرانی شیاو (لە کۆی  ٥ ملیۆن) لە ڕۆژی ٢٥ی سێپته‌مبەری ساڵی ٢٠١٧ دەنگیان دا، لەم ڕێژەیەیشدا ٩٣.٢٩٪ی کورده‌كان گوتیان "بەڵێ" بۆ "دەوڵەتێکی سەربەخۆ".

دەرکەوت جارێکی تریش کورد "هیچ دۆستێکی نییە، جگە لە چیاکان"؛ وڵاتانی ئیقلیمی وەك تورکیا سەربەخۆیییەکەیان قبووڵ نەکرد، هاوکات ئەمریکا لە پێشنیار و ئامۆژگارییەکەدا داوای کرد ڕیفراندۆمەکە هەڵوەشێنرێتەوە. سوپای عێراقی لەگەڵ میلیشیای حەشدی شەعبیی شیعی کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە سپۆنسەر دەکرێت، پەلاماری شاری کەرکووکی دا؛ ئەو شارەی کە بە نەوت دەوڵەمەندە، بە هۆکاری ناتەباییی نێوان هەردوو هێزی "پارتی دیموکراتی کوردستان" (KDP) و "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" (PUK، پێشتریش سیاسەتکاری دێرینی کورد جەلال تاڵەبانی گوتویەتی "کەرکووک قودسی کوردستانە."

داواکاریی سەروەریی ئیقلیمی، بە چەند لایەنێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی جیاوازه‌وه‌ گرێ دراوە. لە دوای هەردوو جەنگەکەی کەنداو لە (١٩٩١-٢٠٠٣) و کۆتاییی "سەددام حوسێن"دا هیوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەییی سەربەخۆ لەگەڵ لامەرکەزییەت لە عێراقدا دەستی پێ کرد. ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکەی پێشمەرگە بۆ ئازادکردنی مووسڵ لەژێر دەستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (ISIS / DAESH) لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٧ ترسێکی ئەمنیی هێنایە کایەوە، بەتایبەت بۆ کورد؛ ئەو کاتەی ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا نزیك بوو شاری هەولێر کۆنتڕۆڵ بکات، حکوومەتی عێراقیش نەیتوانی بیپارێزێ. بەغدا لە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کورد و پابەندبوون بە مافە دەستوورییەکاندا شکستی هێنا. لە تەك ئەمەیشدا چالاکییە بازرگانییەکانی کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانی (وەك گاز و نەوت) و جوگرافیای سیاسی لە ناوچەکەدا و جه‌نگی بەوەکالەت لە نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەك (ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیا) لە سووریا، بۆ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو کاتەدا هاندەر بوون، ئەو خەونە سەربەخۆیییە بێتە دی کە لە جەنگی جیهانیی یه‌كه‌مەوە چاوەڕێی دەکەن.

سەردەمی ناسیۆنالیزمی نوێ

هەرێمی کوردستان بە شێوە و ڕێڕەوێکی ناسیۆنالیستانەی پێشکەوتنخواز پێک هێنراوە، کە فرەڕەنگیی نێوان کەمینە جیاجیا نەتەوەیی و ئایینییەکان لەخۆ دەگرێت، وەك: عەرەب، تورکمان، ئاشووری، ئێزیدی، جوو و مەسیحییەکان. ئەم جۆرە ناسیۆنالیستیبوونە ناباوە، بەڵێنی "کۆمەڵگه‌یەکی خه‌یاڵی"ی جیاواز و ناچەشن دەدات" کە بەرگری لە نەتەوەی فرەزمان دەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەکارهێنانی زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی و ئینگلیزی دەستی پێ کرد، بۆ نموونە لە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆمدا. ئەم پڕۆژە سیاسییە نوێیە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگه‌یەکی نوێی کوردستانی، لەسەر بنەمای فرەکەلتووری و لیبڕالیزم و پلۆڕالیزمی سیاسی، لە ڕێگەی داڕشتنەوەی سنووری نەخشەکەی سایکس پیکۆ (١٩١٦).

کورد لە عێراقدا ئامانجیەتی، خۆی بە ئابووریی بازاڕی نێودەوڵەتییەوە گرێ بدات و بڕواتە ناو یانەی دیموکراسیی لیبڕاڵی. ئەم مۆدێلەی دەسەڵاتی کوردیش، جیاوازییەکی ڕیشەییی هەیە لەگەڵ مۆدێلی کوردستانی ڕۆژاوا لە باکووری سووریا. لە بەرامبەردا ڕژێمی کانتۆنی سەربەخۆ بۆ کورد لە سووریا پێک هێنراوە وەك دەسەڵاتێکی دیموکراسیی بێدەوڵەت، لەسەر بنەمای ئابووریی کۆمەڵگه‌یی و یەکسانیی جێندەری و، پەیکەرێکی دژ بە دەوڵەتی نەتەوەیی دامەزراوە.

لە دوای ڕیفراندۆم، ڕەنگە مێژوونووسێك بێت و بانگەشە بکات و بڵێت کورد جارێکی تر دەرفەتێکی دیکەی زێڕینی لەدەست دا، هەروەك لە ڕابردوودا وای کردووە. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٤٦ کوردستانی سەربەخۆ لە کۆماری مەهاباد، بۆ ماوەی یازدە مانگ بەردەوام بووە، هەروەها لە ساڵانی (١٩٢٧-١٩٣١) لە کۆماری ئارارات، کە تورکیا دانی پێدا نا؛ بە هەمان شێوە لە کوردستانی سوور، کە لە ساڵانی (١٩٢٣-١٩٢٩)  لە یەکێتیی سۆڤیەتدا کانتۆنێکی سەربەخۆ بووە، هەموویان تەمەنیان کورت بووە.

دەشێ داواکارییەکانی کورد لە پلۆڕالیزمی دیموکراسی و پلۆڕالیزمی که‌لتووری، ببێت بە مۆدێلێك بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دیموکراسیکردن و عەلمانیکردنی ڕژێمە زۆردارەکانیان. ئەم پڕۆژە سیاسییە، بەڵێنی هێنانەکایەی سەقامگیری و سەرکەوتن و بووژانەوەیە بۆ ناوچەکە. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە، ببێت بە تەوق و گەمارۆدانێکی ئەمنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژاوا، بە پەکخستنی پرۆسەی سەرهەڵدانی گرووپە فەندەمێنتالەکان؛ تەنانەت بە وەستاندنی کۆچی دانیشتووانی ناوخۆیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژاوا.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فرەشێوەی دوای هەژموون

دەشێ ئەم گۆڕانە مێژوویییە و ڕێڕەوە سیاسییە کوردییە، هانی تورکیا و ئێران بدات، سیسته‌می سیاسیی خۆیان ئازاد بکەن؛ دواتریش وەڵامی نائومێدی و ناڕەزایەتییەکانی دانیشتووانی کوردانی خۆیان بدەنەوە و داواکارییە بەکۆمەڵەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت کوردانی ئەم وڵاتانە، هەمان ئاراستە دەگرنە بەر و، بەرەو دەوڵەتی جیا و دابڕاو هەنگاو دەنێن. لە جیاتی ئەمە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی دەشێ ئەم سیاسەتە پێشکەوتووەی کورد، ببێت بە فاکتەرێکی بەهێزی توانادارکردن، بۆ چەسپاندنی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیقلیمی. هەروەها دەشێ بە ئاراستەی ئاشتەوایی لەگەڵ سەرکردەکانی زۆرینەی عەرەبی و هۆزە جیاوازەکاندا، خێرایی به‌ حکوومەتی عەرەبی شیعی لە عێراقدا ببه‌خشێت. دەکرێ لە حکوومەتی ناوەندیدا ئەم کارە ئەنجام بدرێت، لە تەك کارکردن لە دژی ئەگەری پشتیوانیکردن لە گرووپە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکانی سەردەمی دوای داعش.

پێ دەچێت جارێکی تر، خەونی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دوا بخرێت؛ لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە توانایدا بێت بەرامبەر بە بەڵێنەکانی وەفادار بێت لە تەبەنیکردنی بەها دیموکراسییەکان و سیکۆلاریزم و یەکسانیی لیبڕاڵی. ئەوا ئیدارەی پارتی دەتوانێت یەکڕیزیی نەتەوەیی دروست بکات و بەردەوام بێت لە ڕۆڵی خۆی لە ململانێی هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکاندا. بەم شێوەیە، دەتوانێت لە سیاسەتی جیهانیدا شوێنێك بۆ خۆی بدۆزێتەوە و دەشێ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییش لەگەڵ خەونی بەردەوامی سەربەخۆییدا هاوسۆز بێت؛ بە هەمان شێوە سەبارەت بە سیاسەتە ئیقلیمییەکان، ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی سیاسی لە تورکیا و ئێراندا بڕەوێتەوە، هەروەها مەیلی دەستدرێژیی سەربازی و گەمارۆی ئابووری لە بەرامبەر هاوسێی کۆنیان هێور بێتەوە. پەیوەندیی نەرم، سوودی بۆ ئابووریی سیاسیی ناوچەکەیش دەبێت. ئه‌مه‌ سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆیی بەردەست دەکات و لە ململانێی هێزە جیهانییەکاندا ئەگەری لاوازبوونی ئەو وڵاتانە لە کاروباری دەرەوەدا دەپارێزێت. لە سەرووی ئەمەیشەوە، یارمەتیدەر دەبێت لە چەسپاندنی ئاشتی لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا، لە سایەی سیاسەتی زۆمبیی ئێستای دوای ڕاستی و زۆرداریدا.

 

  • عومەر تەکدەمیر، مامۆستا و سەرۆك بەشە لە زانکۆی "کۆڤێنتری"ی لەندەن. بەڕێوبەری کارگێڕیی توێژینەوە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە کۆمەڵەی توێژینەوە نیودەوڵەتییەکانی بریتانیادا هاوکاری گرووپی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیایە. ئه‌و نووسەری ئه‌م کتێبه‌یه‌: پێکهێنانی ئابووریی سیاسیی کورد: چەسپاندنی کۆمەڵایەتی و هەژموون و شوناس (٢٠٢١).

سەرچاوە:

https://blogs.lse.ac.uk

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples