بژار شەریف *
لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە
سیاسەتکارانی عێراق لە جیاتی ئەوەی بەرپرسیارێتیی شکستەکانی حکوومەت بخەنە ئەستۆی دەستووری ئەزمووننەکراو، پێویستە لە ناوەوە لەو سیستهمە هاوتەریبە گەندەڵە بڕوانن کە سیاسەتی نیشتمانیی تێک داوە.
داواکاریی گۆڕان لە سیستهمی سیاسیی عێراق و هەموارکردنی دەستوور، هەر زوو لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی پەرلەمانیی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣وە سەری هەڵدا. هەر لەگەڵ دەنگدان بە دەستووری نوێ لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، زۆر کەس سەرزەنشتی سیستهمی "ناکاریگەر"ی پەرلەمانییان کرد و بە هۆکاری پشت سەرجەم ئەو قەیرانانەیان دانا کە عێراق پێیاندا تێپەڕ دەبێت.
ئەم تۆمەتانە، بەم دوایییانە دەرکەوتن پاش ئەوەی لایەنگرانی سەدر هەڵیان کوتایە سەر باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تیایدا مانیان گرت؛ "موقتەدا سەدر"یش داوای گۆڕینی دەستوور و سیستهمی سیاسیی کرد. ئەم داواکارییە لەلایەن هێزەکانی دیکەیشەوە دەنگدانەوەی هەبوو، لەوانە: میلیشیای عەسائیبی ئەهلی هەق بە سەرکردایەتیی قەیس خەزعەلی؛ بۆ نموونە سەرکردەیەکی عەسائیب بە ناوی نەعیم ئەلعەبودی لە نووسینێکدا گوتبوی "ڕیفۆرم لە سیستهمی سیاسیدا.. زیاتر لە هەر کاتێکی تر بووە بە مەرج و داواکارییەك"؛ جگە لەوەیش ڕاگەیەنراوێکی خەزعەلی، سەرلەنوێ دەربارەی پێویستیی پشتبەستن بە سیستهمی سەرۆکایەتی دواوە و بە سیستهمێکی "گونجاو بۆ عێراق" وەسفی کردووە.
بیرۆکەی سیستهمێکی سەرۆکایەتی یان نیمچەسەرۆکایەتی لە عێراقدا، نوێ نییە و پێشتر شیخ خەزعەلی لە ساڵی ٢٠١٢دا ڕای گەیاندووە؛ هەروەها بزووتنەوەی "ئیمتیداد" کە هەڵقووڵاوی بزووتنەوەی جەماوەریی گەنجانی ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩یە، داوای کردووە سیستهمی فەرمانڕەواییی عێراق لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، یان نیمچەسەرۆکایەتی بگۆڕدرێت، وەك هەوڵێك بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسییانەی ئێستا لە عێراقدا هەن. بزووتنەوەکە لە ڕاگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە "گرنگترین ئەو پڕەنسیپانەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پشتی پێ بەستوون، بریتین لە "هەموارکردنی دەستوور و گۆڕینی شێوەی سیستهم لە سەرۆکایەتییەوە بۆ نیمچەسەرۆکایەتی. هەروەها وەك حزبێکی تازە دەرکەوتوو وای دەبینێت كه هەڵبژاردنی سەرۆك لەلایەن گەلی عێراقییەوە، کارێکی پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە سیستهمی پشکپشکێنە و دابەشبوونی تائیفەگەری، کە بوون بە بەربەستی هەر جووڵانەوەیەکی ڕیفۆرمخوازنە لە عێراقدا.
سەیرەکە لەم بابەتەدا ئەوەیە هەردوو لایەنی ناکۆك و ململانێکار لە عێراقدا وای دەبینن هۆکاری شکستی حکوومەت سیستهمەکەیە، وێڕای ئەوەی دەستووری ٢٠٠٥ لە ڕاستیدا بەڕوون و ڕەوانی پێکهاتەی حکوومیی کارای دیاری کردووە- لەوانە "پڕەنسیپە سەرەکییەکان و شێوەی دەوڵەت و حکوومەت و ماف و ئازادییە گشتییەکان و ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هزر و بیر، سێ دەسەڵاتە فیدراڵییەکە و دەستە سەربەخۆکان و پەیکەربەندی و دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان- هێشتا کەسایەتییەکانی وەك خەزعەلی هەن، پێیان وایە ئەوە سیستهمی پەرلەمانییە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی سیاسییە، نەك وەزیر و بەرپرسانی حزبی. بێ گومان، خەزعەلی هاوکات پێداگری دەکات کە دانیشتووانی شیعە لە عێراقدا بەو پێیەی گەورەترین پێکهاتەیه لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، مافی ئهوهی هەیە دەسەڵاتێكی تایبهت [قۆرخكراو]ی ههبێت.
بەڵام لە شیکردنەوەی سیاسیی ماوەی دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، دەبێ چاودێران لە خۆیان بپرسن: ئایا بەڕاست ئەوە سیستهمی پەرلەمانییە، بەرپرسە لە شکستهێنانی یهك له دوای یهكی سەقامگیریی عێراق؟ ئەوانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە چاودێریی دۆخی عێراق و پرۆسەی سیاسی دەکەن، دەزانن کە ئەوەی لە عێراقدا وەك سیستهمی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەو سیستهمە نییە کە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا پێناسە کراوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە جیاتی سیستهمەکە، دەوڵەتێکی هاوتەریب هەیە تیایدا لایەنە سیاسییە تائیفییەکان هەوڵیان داوە سیستهمێك بەرهەم بهێنن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بگونجێت و دوور بێت لە بەرژەوەندیی خەڵك؛ ئەمەیش وای کردووە پەراوێز بخرێت و بێجگە لە کۆمەڵێك ڕێکاری شکلی هیچ شتێکی تر نەبێت.
بێجگە لەوەیش لە ڕێگەی داب و نەریتە سیاسییەکان (ترادیسیۆنەکان) ئەوانەی کە هێزە سیاسییە جیاجیاکان دایان ناون، ئەو ڕێکارانەیش تێ دەپەڕێنرێن بۆ مانەوەی دەستەبژێرێك لە دەسەڵاتدا. لەگەڵ دانانی دەستووری عێراقی و خستنەدەنگدانییەوە لە ساڵی ٢٠٠٥، هێزە سیاسییەکان ڕێگهی جیاوازی دوور لە دەستووریان گرتۆتە بەر و، لە بری ئهوه بە کردەوە خراپەکانی ڕژێمە زۆردارەکانی پێشووەوە پابەند بوون.
سیستهمی دیفاکتۆی هاوتەریب لە عێراقدا
تێکچوونی بنیادی دەستووری عێراقی و بەتایبەت پەراوێزخستنی یاسا سەرەکییەکان لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە، مایەی نیگەرانییە. بەتایبەتتر لە دوای ئەوەی هەندێك حزبی سیاسی، جیاجیاکارییان کردووە بۆ پیشێلکردن و پشتگوێخستنی دەستوور و یاسا تەواوکارەکانی وەك نەوت و گاز (ماددە ١١٠) و یاسای بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و، دەیان ماددەی دیکە لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی و پێگەکانیان لە دەسەڵاتدا. ئەمەیش بووەتە هۆی دروستبوونی فهوزای بەڕێوەبردن لە وڵات و دروستبوونی قەیران و ناکۆکیی درێژمەودا لە نێوان هەردوو حکوومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستاندا لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردن و داهاتەکان.
هاوکات حزبە سیاسییەکانی عێراق لە پابەندبوون بە مەرجە دەستوورییە گرنگەکانی وەك ماددەی (٣٨)ی دەستوور شکستیان هێناوە، کە تیایدا ئازادییە مەدەنییە بنچینەیییەکانی وەك ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە مسۆگەر کراون. حزبە سیاسییەکانی عێراق لە جیاتی ئەوەی یاسا دەربکەن و بڕیار بدەن بۆ دووپاتکردنەوە و پاراستنی ئازادییەکان، هەروەك چۆن پێویستە سیاسەتکاری دیموکرات وابێت، زۆربەی جار ئەوان ئەم ئازادییە مەدەنییانە پێشێل دەکەن کە لە دەستووردا ئاماژەیان پێ دراوە. وا دیارە ئەوان پێیان باشە بە یاساکانی دیکتاتۆرییەتەوە پابەند بن، وەك ماددەی ٢٢٨ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩، کە ئەرکی بێدەنگکردنی ناڕازییەکان و ڕێگریکردنە لە ئازادیی ڕادەربڕین. هەروەها حزبە سیاسییەکان لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە، تەنیا ئەو ڤێرژنە شێواوەی دەوڵەتی فیدراڵی خۆیان چەسپاندووە. لە جیاتی ئەوەی وەك ناوبژیکارێکی بێلایەن لە نێوان حزب و قەوارە فیدڕاڵەکاندا کار بکەن، سیستهمی دادوەریی فیدڕاڵی، بووە بە تەنیا درێژکراوەی بەرژەوەندیی حزبی و دینامیکی تائیفەگەریی ژەهراوی.
پەرلەمانی کۆماری عێراق
دەسەڵاتی دادوەری بەهۆی ئەوەی لەسەر دەستی لایەنە سیاسییە جیاجیاکانەوە دەستکاری کراوە، وای لێ هاتووە ماددە دەستوورییەکان بە گوێرەی بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکان ڕاڤە دەکات. بۆ نموونە، ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی ماددەی (٧٣)ی دەستوور- کە تایبەتە بە تێگەیشتن لە چەمکی "گەورەترین فراکسیۆن" و مەرجەکەی بریتی بوو لەوەی سەرۆكی عێراق، نوێنەری گەورەترین فراکسیۆن ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت- لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە مایەی ناکۆکی و مشتومڕ. هەرچەندە لیستی عێراقییە بە سەرکردایەتیی ئەیاد عەلاوی زۆرترین دەنگی بەدەست هێنابوو و توانی بگاتە (٩١ کورسی) و لیستەکەی نووری مالیکی ٨٩ کورسیی بەدەست هێنابوو، لێرەوە مالیکی گوشارێکی زۆری کردە سەر دادگهی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی لێکدانەوەی ئەو ماددەیە وا ڕابگەیەنێت مەبەست له "گەورەترین فراکسیۆن" ئەوەیە کە لەناو پەرلەماندا پێک دەهێنرێت. سەرەنجام مالیکی توانی بەو هۆیەوە بۆ خولێکی دیکە دەسەڵات بگرێته دهست- ئەمەیش پێشهاتێك بوو، بێ گومان ڕێڕەوی دیموکراسیی وڵاتی لە بنچینەدا بە ئاراستەیەکی خراپدا گۆڕی.
وێڕای ئەوەی دەستووری عێراقی هەرگیز دەرفەتی ڕاستەقینەی پێ نەدراوە، بەڵام هێشتا حکوومەتی عێراقی هەلی لەبەردەمدایە لەم بارەیەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، لە ڕێگەی جێبەجێکردنێکی وردی دەستوور و پابەندبوونێکی ڕاستگۆیانە بە بڕگەکانی دەستوور، لەگەڵ کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموارکردن و گۆڕانکارییە ڕیشەیییەکانی سیستهمەکە. هەرچەندە ڕەنگە داواکاریی پێکهێنانی سیستهمی سەرۆکایەتی، واقعی بێت، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای عێراق، بەڵام گرنگە بزانین کە هێشتا دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ تاقی نەکراوەتەوە- بەدڵنیایییەوە هیچ پاساوێك نییە بۆ سیاسەتکار و چالاکوانەکان داوای هەڵوەشاندنەوە و لابردنی بکەن.
ئەوەی ئەمڕۆ هەیە دەستوورێکی هاوتەریبە: دەستوورێك، حزبەکان دایان ناوە و ساڵەهایە دوور لە یاسا و بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دەستکارییان کردووە. لە کاتێکدا تۆمەت ئاراستەی پێکهاتەی حکوومەت دەکرێت، لێپرسراوان و دەسەڵاتداران هیچ شتێكیان نەکردووە، بێجگە لە هەوڵدان و گەڕان بە دوای دەسکەوتی حزبی و کەسی، تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی شکۆی نیشتمان و هاووڵاتیانیشیان بووبێت. لێرەوە پێویستە لە عێراقدا گێڕانەوە و چیرۆکی شکستی حکوومەت دووبارە دابڕێژرێتەوە و جەخت بخرێتە سەر ئەم واقعە هاوتەریبە و هەر دەسەڵاتێکی دیکەی لێهاتوو لە عێراقدا- بە دادگهی باڵای فیدڕاڵی و پەرلەمانیشەوە- دەبێ کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستهمی هاوتەریب بکات، هاوکات خودی دەستووری عێراق بپارێزێت و لە هەوەس و بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و تائیفی دووری بخاتەوە.
* بژار شەریف، توێژەرێکی سیاسیی نیشتەجێی شاری هەولێرە، گرنگی بە کاروباری عێراق دەدات و وەك ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لەگەڵ كۆمهڵێك دامەزراوەی سیاسیدا کاری کردووە، هەروەها وەك وەرگێڕ لەگەڵ چەند ڕۆژنامەیهكی بیانیدا کار دەکات.
سەرچاوە: