هەڤپەیڤین لەگەڵ جەک گۆڵدستۆن
فارسی: مێهرداد واعیزینەژاد
وەرگێڕانی بۆ کوردی: ساماڵ ئەحمەدی
جەک گۆڵدستۆن مێژوونووسی شۆڕشەکانە. هەرچەند پسپۆڕییە سەرەکییەکەی مێژوو نییە و زیاتر کۆمەڵناس، یان بڵێین جەماوەرناسە. هەڵبەت ناسناوە فەرمییەکەی، "مامۆستای سیاسەتدانانی گشتی"یە. بەکورتییەکەی، لە پۆلێنبەندیی دنیای ئاکادیمیکدا جێیەکی دیار بۆ ئەو دەست نادات. بەڵام کە چاو لە پڕانیی نووسراوەکانی بکەین، دوو-سێ بابەت تۆختر و دیارترن: بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵوگۆڕە جەماوەرییەکان، پەرەسەندن و شۆڕش. بەکورتی و کرمانجی، جەک گۆڵدستۆن "شۆڕشباز"ە. ناتوانێ دەست لە شۆڕشەکان هەڵگرێت؛ جا ئەوروپای سەدەی شازدە بێت، یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم. "کێشە"ی ئەو، گۆڕانە بنچینەیییەکانی کۆمەڵگە مرۆیییەکانە. یەکەم جار کە نامەم بۆی نووسی، نەمدەزانی لەم دوو-سێ ساڵەی دواییدا وەرگێڕانی سێ بەرهەمی لە ئێران (1397-1399-1400) بڵاو بوونەتەوە. کە لە کاتی دیاریکراودا چووم بۆ دیدارەکەمان، ناوەکەیم بە فارسی سێرچ کرد و هەر بەدەم چاکوچۆنییەوە لێیم پرسی: "ئاگادار بووی؟" گوتی: "نا، بەڵام پێم سەیر نییە. خولیای شۆڕش ئیشتیای تێگەیشتن لە واتای شۆڕشەکان زیاتر دەکات."
***
- لەوانەیە پرسیاری یەکەمم ساویلکانە بنوێنێت، بەڵام وا بیر دەکەمەوە بۆ چوونە ناو باسەکەوە خراپ نییە. ئاخۆ شۆڕش پێشبینی دەکرێت؟ یان ڕەنگە ئاوا بپرسم باشتر بێت: تۆ کە چەندان دەیەیە سەرقاڵی توێژینەوەیت دەربارەی شۆڕشەکان، دەتوانی بە شێوەیەک ڕوودانی شۆڕشێک پێشبینی بکەیت؟
- ئەگەر دەکرێ بوومەلەرزە پێشبینی بکرێت، ئەوە دەشێ شۆڕشیش پێشبینی بکرێت. شۆڕش وەکوو ڕەوشی کەشوهەوا نییە کە پێشبینیی بکەین و کەمتاکورتێک وەڕاستیش بگەڕێت. لەوانەیە بەچاو ببینی کە ڕەوشی هەوا زریانییە، بەڵام پێوانەی زانستییشت بۆ پێوانی هەیە. بۆ نموونە، کە دەزانی پەستانی کەش دادەبەزێت، واتا زریان بەڕێوەیە، یان ئەگەری هەڵکردنی زۆرە. بەڵام دەربارەی شۆڕشەکان ئەو پێوەر و پێوانەیەمان نییە. ئەگەر هەبووایە باش بوو. بۆ نموونە، دەمانگوت "ژمارەی ناڕازییان". واتا ئەوەندەی ژمارەی ناڕازییان زیاتر بێت، ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕش زیاتر دەبێت.
جا ئەوە یەکێک لە قوتابییەکانی من لەبارەی ئەم پەیوەندییانەوە خەریکی لێکۆڵینەوەیە. بەڵام هیچ پەیوەندییەکی پتەوی لە نێوانیاندا نەدۆزیوەتەوە. هەمووی هەر ئەگەر و مەگەرە. جارێ هەر ناکرێ بڵێی کێهەیان هۆیە و کێهەیان بەرهۆیە. بۆ نموونە، دەبینی تەمەنی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ سەرکەوتنی لە ڕووخاندنی ڕژێمدا پەیوەندیی پێچەوانەی هەیە. بەڵام ئەم قسەیە بەو واتایە نییە کە بزووتنەوە تەمەندرێژەکان خراپن. واتاکەی ئەوەیە لەو بابەتانەدا کە لێمان کۆڵیونەتەوە، کاتێ کە حکوومەتێک بەهێز بووە، لە بەرامبەر ئەو خەڵکەیدا کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان خۆی ڕاگرتووە و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون، بەڵام لە کۆتاییدا بە هیچ کوێ نەگەیشتوون. کەچی ئەو کاتەی کە حکوومت سست و لاواز بووە، بە چەند هەفتەیەک ڕووخاوە و هەمووان گوتوویانە چ بزووتنەوەیەکی کورت و سەرکەوتوو بوو.
هەڵبەت کۆمەڵێک نیشانە هەن ئەگەر بیانبینین دەتوانین بڵێین ئەگەری شۆڕش زیاترە. بۆ نموونە، ئەوەی کە حکوومەت ڕەواییی خۆی لەدەست دابێت، یان ناڕەزایەتیی بەرفرەوان وڵاتێکی ئیفلیج کردبێت. ئەم جۆرە شتانە پێویستن، بەڵام بێ گومان هەر ئەوانە بەس نین. بۆ ئەوەی بڵێین دۆخەکە شۆڕشگێڕانەیە، دەبێ حکوومەت لە قەیرانەوە گلابێت: قەیرانی ئابووری، سەربازی، یان گەندەڵی و ئابڕووتکاوی؛ شتێکی وا کە بەهۆیەوە خەڵک بڵێن ئەم حکوومەتە ناتوانێت وڵات ئیدارە بکات. پاشان دەبێ خەڵک ڕژابێتنە سەر شەقام. دەبێ کەسانێک لەناو دەسەڵاتدا هەبن کە بە خەڵک بڵێن تەنانەت لەناو دەسەڵاتیشدا هەمووان لایەنگری ڕژێم نین. لە ڕاستیدا دەبێ خەڵکی ناڕازی لەناو دەسەڵاتدا کەسانێکیان هەبێت. هەروەها دەبێ هێزە چەکدارەکانیش تووشی دوودڵی بووبێتن. بەو واتایەی کە دەسڕێژ لە خەڵکی ناڕازی نەکەن. یان بچنە ڕیزی خەڵکی شۆڕشگێڕەوە. سەرەنجام ئەوەی کە هێزە بیانییەکان لایەنگری لە شۆڕشگێڕان بکەن، یان لانی کەم بێلایەن بن. بۆ نموونە، لە قۆناغێکدا وا دیار دەکەوت کە ئەسەد لە سووریا کۆتاییی هاتووە. ناڕەزایەتییەکان پەرەیان سەندبوو، هێزە سەربازییەکان دەچوونە ناو ڕیزی دژبەرانی حکوومەتەوە، بەڵام لەناکاو ڕووسیا هاتە ناو بابەتەکەوە و گوتی: "نەخێر، نابێ ئەسەد بڕوات. ئێمە دەیهێڵینەوە." بەکورتی دەبێ پێنج مەرج هەبێت و پێشبینیی ئەوەی کە کەی هەر پێنج مەرجەکە وەڕاست دەگەڕێن، دژوارە. بۆ نموونە، تۆ نازانی فڵان دەسەڵاتی بیانی تاکوو چ ڕاددەیەک پشتیوانی لە هاوپەیمانەکەی دەکات. نازانی هێزە سەربازییە پلەباڵاکان چییان لەبن سەردایە. نازانی چ بەشێکی پێکهاتەی دەسەڵات ئەگەری ئەوەی هەیە کە پشت بکاتە حکوومەت. لە ئەنجامدا، زۆر بابەتی وا لە مێژوودا هەبوو کە خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام ئەوەی کە ئاخۆ ناڕەزایەتی دەستپێکی شۆڕشە، یان نا، ئەوە هەرگیز بەلێبڕاوییەوە ناگوترێت. تەنانەت دەکرێ بڵێی زۆر جار وا نییە!
- یانی تەنانەت ئەگەر ئەو پێنج مەرجەی باسیشت کرد، هاوکات پێکەوە پەیدا ببن، ناکرێ بڵێی ئەگەری شۆڕش لە ئارادایە؟
- ئەگەر هەر پێنج مەرجەکە پەیدا ببن، واتا قەیرانی شۆڕش لە ئارادایە، یان وەک دەڵێن لە دۆخی شۆڕشداین. ئەوەی کە شۆڕشەکە سەرکەوتوو بێت یان نا، ئەوە دەبەسترێتەوە بەوەی کە ڕێبەرانی شۆڕشگێڕ تا چ ڕاددەیەک توانای ڕێنوێنی و یەکخستنی ڕیزەکانی خەڵکیان هەبێت. لەوانەیە قەیرانت هەبێت، بەڵام ڕێبەرایەتیی دروستت نەبێت؛ لەوانەیە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکە ماندوو ببێت، یان تووشی تێکهەڵچوونی ناوخۆیی ببێت و شکست بێنێت. لەبەر ئەمە، ئەگەر بزووتنەوەیەک بخوازێ بەئەنجام بگات، دەبێ ڕێبەرانی شیاوی هەبێت کە بتوانن وێنە و ئاسۆی دواڕۆژ بخەنە بەرچاوان و بۆ گەیشتن بەو وێنە و ئاسۆیه، هاوڕێ و هاودڵی خەڵک بن.
- ئەگەر ڕێم بدەی لێرەدا باسێکی ئێران بکەم، لەبەر ئەوەی باسی ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەکەی ئەم دوایییەی ئێران زۆر گەرمە. لە ڕۆژان و هەفتەکانی دوای کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، زۆر کەس دەیانگوت، لەبەر ئەوەی ناڕەزایەتییەکان تەنیا یەک ڕێبەرایەتیی نییە، شتێکی باشە، چونکە ناڕەزایەتیی خۆڕسک زهحمهتتر سەرکوت دەکرێت. بەڵام وەکوو تۆ باسی دەکەی، ئەگەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت وا باست کردن، ئەوە سەرکەوتوو نابێت.
- بەڵێ وایە. ڕێم بدە لە یەکێک لەو توێژینەوانەوە بۆت باس بکەم کە تازە کراوە و بۆ ئەو کەسانەی هیوایان بە گۆڕان هەیە دڵخۆشکەر نییە، بەڵام ڕەنگە ڕوونکەرەوە بێت. نزیکەی دە ساڵ پێش ئێستا ئێریکا چێنۆوت و ماریا ستیفان کتێبێکیان دەبارەی ناڕەزایەتیی دوور لە توندوتیژی بڵاو کردەوە. لەو کتێبەدا ناڕەزایەتییەکانی ئەم پەنجا ساڵەی دوایییان تاوتوێ کرد و بەو ئەنجامە گەیشتن کە بۆ گۆڕانی ڕژێمێک ناڕەزایەتیی دوور لە توندوتیژی، کاریگەرترە لە ناڕەزایەتیی توندوتیژانە. لەم دوایییانەدا جارێکی دیکە داتاکانیان تاوتوێ کردووەتەوە و دیتوویانە کە ئەو قسەیە هێشتا هەر ڕاستە: واتا ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی دوور لە توندوتیژی، لە ناڕەزایەتیی توندوتیژ، یان خەباتی چەکداری کاریگەرترە. بەڵام ڕاددەی سەرکەوتنی هەردوو مۆدێلەکەی ناڕەزایەتی لە دە ساڵی ڕابردوودا زۆر دابەزیوە. ڕاددەی سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوانەی توندوتیژییان تێدایە، بووەتە نزیکەی یەک لەسەر چوار و، ڕاددەی سەرکەوتنی ئەو ناڕەزایەتییانەی توندوتیژییان تێدا نییە لە نیوە کەمتر بووەتەوە. لە ئەنجامدا، وا دیارە ئیتر ئەو تیۆرییە ڕاست نییە کە پێی وایە زۆربهی ئەو ناڕەزایەتییانەی دوورن لە توندوتیژی، سەر دەکەون. چێنۆوت و ستیفان دەڵێن، ئەوە دەکرێ دوو هۆی هەبێت. یەکیان ئەوەی کە حکوومەتەکان فێر بوون چۆن بەرەنگاری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ببنەوە. واتا ئاگایان لە هێزە سەربازییەکان و کەسانی نوخبەی سیاسی بێت. وریا بن کاری وا نەکەن کاریگەریی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە. بۆ نموونە، بە هێزە سەرکوتکەرەکان دەڵێن بەبێ ئامانج دەسڕێژ لە جەماوەر نەکەن. لە جیاتی ئەوە، گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی لاستیکی بەکار دێنن. دوای ئەوەیش، شەوانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ناڕازییە سەرەکی و ناسراوەکان و دەیانگرن. واتا هۆیەکی ئەمەیە: یانی هەڵسوکەوتی حکوومەتەکان. بەڵام هۆیەکی دیکە، بە گوتەی چێنۆوت و ستیفان، ئەوەیە کە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی کە بە یارمەتیی ئینتەرنێت وەڕێ دەخرێن و ڕێبەر و هێزی چەکداریی مەیدانیی ڕاهێنراویان نییە، ئاسانتر سەرکوت دەکرێن. ڕاستییهكهی، ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە بێڕێبەر و خۆڕسکانە بۆ دەستپێک و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە باشن، بەڵام بۆ خۆڕاگری لە بەرامبەر سەرکوتدا زۆر کاریگەر نین. ڕێبەری شۆڕشگێڕیش لەوانەیە دەستگیر بکەن، یان بیکوژن. بەڵام کەسێکی وەکوو نێلسۆن ماندێللا سەرباری ئەوەی کە چەندان دەیە لە زیندان مایەوە، بەردەوام بۆ دژبەرانی ئاپارتاید پشتیوانێکی کاریگەر بوو. تەنانەت ئەو ڕێبەرانەی دەشکوژرێن هەر کاریگەرن، چونکە شەهیدبوونەکەیان زۆر جار دەبێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ خەڵک و هەڵگیرسانی ئاگری ناڕەزایەتی. بەکورتی، بوونی ڕێبەر پێویستە. ئەگەر حکوومەت کەم تا زۆر توندوپتەو بێت، ناڕەزایەتییە خۆڕسک و بێڕێبەرەکان لە درێژماوەدا شتێکی ئەوتۆیان بەدەست ناکەوێت.
- ئەوە سەرباری ئەوەیشە کە بە گوێرەی ئەو توێژینەوەیەی باست کرد، وێ دەچێت ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکانیش بەرە بەرە بەهێزتر ببن.
- بەڵێ بەهێزتر بوون. خۆ دەربارەی پێشکەوتنی بەرە بەرەی دیکتاتۆرەکانیش کۆمەڵێک توێژینەوە کراوە. دیکتاتۆرەکان لە یەکترەوە شت فێر دەبن: وەکوو شێوازەکانی دەستگیرکردن، تەکنهلۆژیای کۆنترۆڵکەر، ڕێگهکانی بەرەنگاربوونەوەی جەماوەر و ئەو شتانە. بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە هەرچەندێکی تاکتیکەکانی سەرکوت پێش بکەون، دیسان هێزێک بۆ بەکارهێنانی ئەو تاکتیکانە پێویستە. کە واتا ئەگەر بەشێکی بەرچاوی سوپا، یان پۆلیس بڵێت: "ئامادە نین ئەو کارە بکەین"، یان "پاراستنی ئیوە باییی ئەو کارە نییە"، کاری حکوومەت لەنگە.
- لێرەدا پرسیارێک هاتە مێشکمەوە کە دیسان پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەیە. چۆن دەکرێ ئەو دۆخە بەدەست بێت کە باست کرد؟ واتا ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان، یان پۆلیس پشتی دیکتاتۆر بەر بدەن. ئاخۆ هەر لە بنەڕەتدا دەکرێ بۆ شتێکی لەو چەشنە بەرنامە دابنرێت؟ یان ئەوە لەو دیاردانەیە کە لەبەر ئەوەی نازانین کەی و چۆن هەڵدەکەوێ، ناتوانین بۆ ئەوەی ئاسانتر، یان خێراتر بێت، هیچی بۆ بکەین؟ لەو چرکە سیحراوییانەی کە تەنیا دەتوانین هیوادار بین هەڵکەوێت، یان ئەوپەڕەکەی خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.
- لێرەدا گرنگیی ڕێبەرایهتی [سهركردایهتی] دەردەکەوێت. دەبێ کەڵک لە هەلومەرج وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر هەلومەرجێک هەبێت. واتا دەبێ هێزە چەکدارەکانی ڕژێم بناسی و بزانی لە چ بارێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کەسانێک پشتی ڕژێم بەر بدەن. دەبێ هەم ئەوانە بدۆزییەوە کە ئەگەری ناڕازیبوونیان هەیە و هەم هۆی ناڕازیبوونەکەیشیان بزانی. بۆ نموونە، لەوانەیە دیکتاتۆرێک، یان حکوومەتێک زیاتر گرنگی بە دەروەستی و وەفاداری بدات وهك له پسپۆڕی و لێهاتوویی. لە ئەنجامدا ئەو ئەفسەرانەی ناو هێزە چەکدارەکان کە هەست دەکەن قەدریان نەزانراوە ناڕازی دەبن. یان لەوانەیە لە ڕیزەکانی خوارەوە سەربازی وا هەبن کە لەگەڵ جەماوەری ناڕازی هەست بە نزیکایەتی دەکەن؛ واتا بە خۆیان دەڵێن ئەمانەیش هەر خوشک و برای خۆمانن، ناتوانین بیانکوژین. ئەگەر بتوانن هەستێکی وایان بەلاوە هەڵخڕێنن، یان کەمپینێک وەڕێ بخەن بەو ناوەرۆکەی کە ئێمەیش هەر خێزانی خۆتانین، لەگەڵ ئەم وڵاتە دوژمنایەتیمان نییە و تەنیا دژی حکوومەتین، جاری وایە ئەگەری هەیە وەڵامدەر بێت. بەڵام لێرەیشدا دیسان ڕێبەرایهتی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت خاڵی لاوازی و خاڵە خەسارهەڵگرەکان بدۆزێتەوە. واتا کەسی وا کە بزانێت چ کەسانێک لەناو هێزە چەکدارەکان، یان لە پۆلیسدا ئەگەری ئەوەیان تێدایە کە بە شێوەی نووستوو و پهنگراو ناڕازی بن و، چۆن دەکرێت بەوە ڕازی بکرێن کە بۆ لای خەڵک بێن.
ئەمە خاڵێک بوو. خاڵی دیکەیش کە پێم وایە سەبارەت بە ئێرانیش گرنگ بێت، ئەوەیە کە شۆڕشەکان کاتێک سەر دەکەون کە ئەو خەڵکەیان ڕەگەڵ بکەوێت وا لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە لەسەر شەقام نەبوون. واتا کاتێک کە ناڕازییەکان هاوپەیمانییەک پێک دێنن لە گرووپی جیاواز بە کێشەی جیاوازەوە. بۆ نموونە، لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی میسرییەکاندا لە گۆڕەپانی تەحریر سەرەتا هەر گەنجەکان بوون کە لە توندوتیژیی پۆلیس ناڕازی بوون، یان لەدەست بێکاری و ناڕوونیی دواڕۆژی خۆیان وەزاڵە هاتبوون، بەڵام بزووتنەوەی ئەو گەنجانە کاتێک بەهێز بوو کە ئەندامان و لایەنگرانی "ئیخوانولموسلمین"یش ڕەگەڵیان کەوتن. کە ئیخوان بەو هەموو ڕێکخراو و هێزی مەیدانی و ڕێبەرییە بەهێزەیەوە هاتە گۆڕەپانەکەوە، ناڕازییەکان توانییان لە بەرامبەر ملهوڕەکانی حکوومەتدا بەرەنگاری بکەن و نەهێڵن کڵپەی ناڕەزایەتییەکان دامرکێت. سەرەنجام سوپاش ڕەگەڵیان کەوت، چونکە ئەندامانی سوپاش لە حوسنی موبارەک ڕازی نەبوون. لە ئەنجامدا بیریان لهوه كردهوه کە بێت و حوسنی موبارەک بڕووخێت و ناڕەزایەتییەکان سەرکەوتوو بن، هەر خۆمان جێگرەوەی بۆ دیاری دەکەین، دەی چی لەوە باشتر؟ واتا بە جۆرێک کەڵکیان لە هەلومەرج وەرگرت. بەڵام ڕووداوەکان بەو جۆرە نەچوونە پێشەوە کە ئەوان خۆیان لێ خۆش کردبوو. ئیخوانولموسلمین بە دەسەڵات گەیشتن کە بە هیچ شێوەیەک بە دڵی هێزە سەربازییەکان نەبوو. لە ئەنجامدا، مشووری ئەوەیشیان خوارد.
هەرچۆنێک بێت، مەبەستم ئەوەیە کە هاوپەیمانییەکی لەو جۆرە پێویستە. لە جێیەک خوێندمەوە کە نزیکەی لەسەدا ٤٠ی دەستبەسەرکراوانی ئەم دوایییەی ئێران لەژێر تەمەنی بیست ساڵیدان. واتا گەنجە هەرە لاوەکان هێزی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیەن کە بۆ دەستپێکی کارەکە زۆریش باشە. بەڵام دەبێ جەماوەری ٢٥ تا ٤٥ ساڵییش ڕەگەڵیان کەون. بە بۆچوونی من، تاکوو ئەو کاتەی جەماوەری ئەو بەرەیەیش، ئامادە نەبن کار و پێگە و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە و بڕژێنە سەر شەقام، هیچ ڕوو نادات. هەمووان دەزانن دەزگهی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی چەندە توندوتیژ و دڕە و، هیچ گوێی بە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان نابزوێت. ئەو بەرە گەنجەی کە خێزانیان پێك هێناوە و کاریان هەیە، شتی زیاتریان هەیە بۆ لەدەستدان، لەبەر ئەوە بەزەحمەتتر خۆیان لە قەرەی مەترسی دەدەن. دەبێ چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە سەر شەقام؟ هەرچۆنێک بێت ئەوانیش ناڕازین و خوازیاری گۆڕانن. بەڵام تاکوو ئەو کاتەی ئەزموونەکانی پێشوو (وەکوو ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی) لە زەینیاندا بمێنێت و ببینن کە هێزە چەکدارەکان هەروا پشتیوانی لە ڕژێم دەکەن و بڕیارەکەیان بۆ بەرگری لە ڕژێم هیچ درزێکی تێ نەکەوتووە، لەوانەیە پێیان باش بێت پەلە نەکەن تاکوو نیشانەیەک لەو خاڵی لاوازییە ببینن کە باسم کرد.
- وەک تۆ دەڵێی، لایەنی بەرامبەری هێزی شۆڕشگێر تەنیا ڕژێم، یان هێزی سەرکوتکەر نییە. نامەوێ بڵێم سەرلەبەری کۆمەڵگەیە، بەڵام دیارە کە سیستم و پێکهاتەیەک هەیە و شۆڕشگێر دەیەوێ تێکی بدات. جا لەم پرۆسەیەدا لەوانەیە زۆر کەس زیانی بەر بکەوێت. واتا لەوانەیە فەرمانبەرێک وا بیر بکاتەوە کە بێت و شۆڕش سەر بگرێت، حەتمەن دۆخم باشتر دەبێت؛ لەوانەیشە هەر خێرا وا بیر بکاتەوە کە كێ دهزانێ؛ ڕەنگە دۆخم خراپتریش ببێت. یانی وەک بڵێی هیچ گەرەنتییەک نییە.
- ئەو کەسەی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەبێ ئەملاولا هەر بیر لە بردنەوە دەکاتەوە.
- ئەگەر وایە، ئاخۆ دەکرێ بڵێی ناڕەزایەتیی خەڵک هەرچەندی گشتگیر و قووڵ و کۆنیش بێت، بۆ شۆڕش هێشتا هەر کیفایەت نییە؟
- ناڕەزایەتی هەرگیز کیفایەت نییە. چەند ساڵ لەمەوبەر نامیلکەیەکم دەربارەی شۆڕشەکان نووسی بە ناوی A Very Short Introduction to Revolutions که بە ڕستەیەکی لەم شێوەیە دەست پێ دەکات: "زۆر کەس وا بیر دەکەنەوە کە شۆڕش کاتێک سەر هەڵدەدات کە خەڵک هێندە بێتاقەت ببێت، بگاتە تینی. لە چی بگاتە تینی؟" لە هەژاری، لە گەندەڵی، لە ستەم؟ ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە خەڵکی زۆربەی وڵاتانی پەرەنەسەندوو هەمووی تەمەنیان لەگەڵ ئەو شتانە دەژین؛ جاری وایە نەوە دوای نەوە هەروا دەبن. کەواتا وا نییە کە خەڵک دەگاتە تینیان و ئیدی تەقینەوە ڕوو دەدات. زۆر جار ئەو کاتەی دۆخەکە زۆر خراپە، خەڵک تووشی خەمۆکی دەبن، یان تۆڵەی بارە لەنگ و خراپەکەیان لە خۆیان و خەڵکی دەوروبەریان دەکەنەوە. هەڵبەتە ناڕەزایەتی دەبێتەوە هۆی ئەوەی کە خەڵک دژی دۆخی هەیی بن و گۆڕانیان بوێت، بەڵام ئەوە کیفایەت نییە. زۆرینەی مرۆڤەکان هەمیشە کێشەیەکیان هەیە کە بەهۆیەوە ناڕازی بن و وا هەست بکەن کە ئەوە شایانی ئەوان نییە و مافیان لەوە زیاترە. خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە بەشێک لەو جەماوەری خوازیاری گۆڕانە، لە هەلومەرجێکدا بن بتوانن کاریگەرییان هەبێت. بەڵام کەسێکی لە دەسەڵاتدایە، یان دۆخێکی هاوشێوەی هەیە، ئەگەر بکەوێتە ناو گەمەکەوە و بەئەنجام نەگات، لە خەڵکی دیکە زیاتر زیانی بەر دەکەوێت. لەوانەیە ئەگەر هەست بکات حکوومەت خیانەتی لە وڵات و لە خەڵکەکەی کردووە بچێتە ڕیزی ناڕازییانەوە. بۆ نموونە، زەمانی شا، بەشێکی هەراوی خەڵک -چ خەڵکی کۆڵان و بازاڕ، چ قوتابییان و چ ئەوانەی کە پێگەی باشیان هەبوو، وەکوو بازاڕییەکان و ئاخوندەکان- بەهەڵە، یان بەدروستی بەو بۆچوونە گەیشتبوون کە شا جێبەجێکەری خواستەکانی ئەمریکایە و ئێران و ئێرانیی بەلایەوە گرنگ نییە. قسەی "خومەینی"یش هەر ئەوە بوو، بۆیە توانیی زۆر کەسان ڕازی بکات بەوەی کە شا نەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خەڵک نییە، بگرە دوژمنی خەڵکە. ئەگەر بەشێک لەوانەی لەناو دەسەڵاتیشدان بەو ئەنجامە گەیشتبێتن، ئەوە کارەکە بۆ فەرمانڕەوا دژوار دەبێت.
ڕەوشێکی کە لەوانەیە تێیدا کەسایەتییەکانی نزیک لە دەسەڵات پشت لە حکوومەت بکەن، ئەوەیە کە فەرمانڕەوا گرووپێک لەوانە هەڵکێشێت و ئەوانەی دیکە پشتگوێ بخات. ئەو کاتە لەوانەیە کەسێک، یان گرووپێک کە پێگەیەکی باشی هەبووە و ئێستا نەیماوە، بڵێت ئیتر لەم حکوومەتەدا من بە هیچ نابم. ڕەوشی لەم جۆرە زیاتر بە تێپەڕبوونی کات پەیدا دەبێت. ئەو کاتەی ڕژێمێک چەندان ساڵ دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت و بازنەی دەسەڵاتەکەی ساڵ بە ساڵ وێک بێتەوە، ئەوانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەکەوە، دەبنە سکاڵاکەر. بەڵام بۆ ئەوەی ئەو جۆرە مرۆڤە ناڕازییانە بگەن بەوەی کە بڵێن "دەبێ ئەم حکوومەتە نەمێنێت"، پێویستە ڕووداوێکی بەرچاو ڕوو بدات: بۆ نموونە، قەیران، یان جۆرە ئابڕووچوونێکی بەرچاو، یان تێكشکانی سەربازی، یان قەیرانی ئابووری، یان شتێکی وا کە ئەو کەسەی پێگەیەکی تاکوو ڕاددەیەک دڵخوازی هەیە، بڵێت وڵاتەکە خەریکە لەناو دەچێت و پێویستە دەسەڵات بگۆڕێت. بەڵام ڕووداوی لەو جۆرە دەگمەنە. شۆڕش دەگمەنە، ڕێکەوڕاست لەبەر ئەوەی کە دەبێ ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی خاوەن دەسەڵات و سامان بەو ئەنجامە بگەن کە پێگە و دۆخیان لە حکوومەتێکی دیکەدا باشتر دەبێت. ئەم هەڵکەوتەیش بەئاسانی هەڵناکەوێت، بەڵام کە هەڵکەوێت، واتا ئەو کاتەی ئەو جۆرە کەسانە بەو ئەنجامە بگەن، ئەگەری زۆرە کە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیی خەڵک بکەن.
- تێگەیشتنی من لە دۆخی ئێستای ئێران ئەوەیە کە، ئەو ناڕەزایەتییەی تۆ باسی دەکەی، کەسانی نزیکی حکوومەتیشی گرتووەتەوە. بازنەی دەسەڵات لەم ساڵانەی دواییدا وا وێک هاتووەتەوە کە بەشێکی زۆری ملکەچان و باوەڕپێکراوانی ڕێبەرییش تێیدا جێیان نابێتەوە. تەنانەت شیاویی کەسێکی وەکوو عەلی لاریجانی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ساڵی ١٤٠٠ ڕەت کرایەوە. خێوەتەکەی ڕژێم ئیتر جێی کەسێکی وەکوو ئەویشی تێدا نابێتەوە. ساڵی ١٣٨٨ مووسەوی و ئەوانی دیکە گوتیان لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە. هیچ کەس نەیدەگوت دەبێ ڕژێم بڕووخێت؛ چ ئەو و چ کەڕوبی، هەردووکیان شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧یان قبووڵ بوو. نەیاندەویست، یان نەیاندەتوانی ببن بە ڕێبەری شۆڕشێکی نوێ. تا ئەم چەند ساڵەی دواییش ڕێبەر بەڕواڵەتیش بووبێت گەمەی بە چاکسازیخوازەکان دەکرد. لەوانەیە هەوڵ دەدا وەکوو بەشێکی خێزانەکە بیانهێڵێتەوە. ڕاستییەکەی، من لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٩٦یشدا پێم سەیر بوو کە کەسایەتییەکی تاکوو ڕاددەیەک میانڕهوی وەکوو ڕۆحانی بچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە. کە چوو، خاتەمی و خەڵکی دیکەیش پشتیوانییان لێی کرد و بردییانەوە. خۆم قەت پێم وا نەبوو ئەوە ڕوو بدات. بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەی لێ کەوتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا ڕێبەر بەکردەوە ڕای گەیاند، پێویست ناکا کەس بێت، هەر ئەم پیاوەی خۆم تەواوە. دیارە ئەم بابەتە زۆر لەوەیش توندترە و، لەوانەیە کەسانی وەکوو لاریجانی وا بیر بکەنەوە کە ئەمڕۆ دەستمان بە دەسەڵات ڕاناگات، ڕەنگە سبەی هەر بەتەواوی دەربکرێین؛ کەواتا هەتا درەنگ نەبووە با مشوورێکی لێ بخوێن و کارێک بکەین. هەڵبەت من پێم وایە هیچ ناکەن. چاوەڕێن خامنەیی بمرێت و چونکە جێنشینی دیار نییە، دوای ئەو ئەگەری هەیە هەموو شتێک ڕوو بدا. لەو کاتەدا ئەوانەیشی کە پەراوێز خراون دەتوانن بڕشتی خۆیان بەکار بێنن. بەکورتی، من وا بیر دەکەمەوە ئەگەر بەیانی خامنەیی بمرێت، دوور نییە چاکسازیخوازە نائومێدەکانی سەر بە حکوومەتیش بچنە ڕیزی خەڵکی ناڕازییەوە و بڵێن دەبێ ڕێبەری نوێ کەسێک بێت کە خەڵک پێی ڕازی بن. لەوانەیە وا بیر بکەنەوە ئێستا کە خەڵک توندئاژۆکانیان ناوێت، کەواتە ئێمە هەوڵ دەدەین و لەوانەیە بەدەستمانەوە بێت و سەر کەوین. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ هەمان یەکپارچەیی و نفووزی پێویستیان هەیە؟ سەرباری ئەوەیش، دیار نییە هەڵوێستی سوپای پاسداران چی دەبێت. هەرچییەک بێت، سوپا هێزێکی گەورەیە کە خاوەنی بەرژەوەندیی بەربڵاوی ئابوورییە و تاکوو ئێستا بۆ ڕژێم وەفادار بووە.
ئێستا کە باسی دواڕۆژ هاتە گۆڕێ، با ئەم پرسیارە بکەم: کاتێ کە هەمووی ئەو مەرجانەی لە سەرەتای وتووێژەکەمانەوە باست کردن، بەدی بێن و حکوومەت بڕووخێت، چی ڕوو دەدات؟ ئەزموونی شۆڕشەکانی دیکە لەو بارەیەوە چییان پێیە؟ بەشی زۆری ئێرانییەکان کە لە قسەدا باسی دواڕۆژ دەکرێت، بەگاڵتە، یان بەجددی دەڵێن "سبەینێی ڕووخاندن". وەک بڵێی هیوا و ئاواتیان بۆ دواڕۆژ لەو دەربڕینەدا کورت دەکەنەوە. ئاگام لێیە بزەت دێتێ. پێت وایە ئەوە خەیاڵپڵاوییە؟
- سبەینێی ڕووخاندن حەتمەن ڕۆژێکی خۆشە. هیچ گومانێك لەوەدا نییە. بەڵام ئەدی مانگێک دوای ڕووخاندن چی؟ ڕێم بدە نموونەیەک بێنمەوە: تونس. بۆچی تونس؟ چونکە لە قۆناغێکی دوای "بەهاری عەرەبی"دا وا دیار دەکەوت کە سەرکەوتووترین نموونەی بزووتنەوەی دیموکراسیخوازییە لە دنیای ئیسلامدا. وا وێنا دەکرا کە کێشە و گرفتەکانیان چار کردووە. تەنانەت "خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ"یشیان وەرگرت. ئیسلامییەکانیشیان ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد و هەڵوێستێکی میانڕهوتریان نیشان دا. سەرباری ئەوانەیش کێشە ئابوورییەکان بەردەوام بوون و، ئەوە بووە بیانوویەک بۆ قەیس سەعید، سەرۆککۆماری تونس، کە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و بڵێت، پێویستە خۆم کاروبارەکان بەڕێوە ببەم، چونکە لەم قۆناغەدا وڵات پێویستی بە ڕێبەری بەهێز هەیە. کەچی ئێستا دەبینین هیوای سەقامگیریی دیموکراسی لە کزیی داوە. لە "سبەینێی ڕووخاندن"یشدا بە ئەگەری زۆرەوە لەوانەیە هەموو ناکۆکییە ئایینی و نەتەوەیی و جوگرافییەکان کە زۆر جار لە سەردەمی شۆڕشدا بەلاوە دەنرێن، جارێکی دیکە سەر هەڵدەنەوە. ئەگەر بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکە ڕێبەریی بەهێزی هەبێت کە پێشتر هەمووی ئەو گرووپانەی لە دەوری یەکتر کۆ کردبێتەوە و جۆرە پلانێکی نیشتمانیی داڕشتبێت، ئەگەری کۆتایییهكی خۆش و تەنانەت دیموکراتیك زیاترە. بەڵام ئەگەر زۆر گرووپی جۆراوجۆر هەبێت کە سەرباری دژایەتیی حکوومەت هاوبەشییەکی وایان نەبێت و بەرنامەیەک دانەنرابێت، کارەکە قورستره. بۆ نموونە، لە ئێران چارەنووسی هێزە سیاسی-ئایینییەکان چیی لێ دێت؟ کورد چی؟ ئاخۆ نەوەی نوێ و نەوەکانی پێشوو دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا ناکۆکیی توندیان ناکەوێتە نێوانەوە؟ ڕووسیا چی دەکات ئەگەر ببینێت لە ئێران شۆڕشێک کراوە بەرژەوەندییەکانی دەخاتە مەترسییەوە؟ مەبەستم ئەوەیە کە مەترسیی ڕووداوی ناخۆش زۆرە.
- قسەکەت دەسەلمێنم. بەڵام خاڵێکی کە پێم وایە جێی هیوایە، ئەوەیە کە وا دیار دەکەوێت بەشی زۆری چالاکان و ناڕازییان لە ئاستی جیاوازدا تاکوو ڕاددەیەک ئاگایان لەو مەترسییانە هەیە. لێرە و لەوێ دەتوانی ببینی کە ئەو بابەتانە باس دەکرێن و مشتومڕیان لێ دەکەوێتەوە. ڕەنگە وەڵامێکی ڕوون و ورد بۆ ئەوە نەبێت، بەڵام وێ دەچێت کە دەکرێ گهشبین بی بەوەی کە بەرە بەرە شتێکی وەکوو ئەو بەرنامە نیشتمانییەی گوتت، پێک بێت. واتا لە تاریکییەوە نەچینە ناو تاریکییەکی دیکەوە. دەمویست باسی خاڵێکیش بکەم کە زیاتر تێبینییە تا پرسیار: ئەوەی کەمێک لەمەوبەر ئاماژەت بە دووانەی چاکسازیخواز و توندڕۆ (بناژۆخواز) کرد. وێ دەچێت بەشێکی هەراوی خەڵکی ئێران ئەو دووانەیەیان تێپەڕ کردووە. واتا وێ دەچێت کە ئیتر ئەوە بابەتی بەرباس نەبێت، بەتایبەتی دوای ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی. لەوانەیە هەڵەیش بم، بەڵام ناتوانم وا بیر بکەمەوە کە ناڕازییانی ئەمڕۆ ئیتر ڕووی خۆش نیشانی ئەو کەسە بدەن کە پێیان وایە بەشێک لە حکوومەت بووە.
- لەنێو نەوەی لاوتردا حەتمەن وایە؛ مەبەستم ئەو نەوەیەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا پێ گەیشتووە. بەردەوام بیستوویەتی کە ئێران وڵاتێکی بەهێز و سەربەرزە، بەڵام لە کردەوەدا دەبینێ وڵاتەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر و تەریکتر دەبێت. دەبینێ ئەوانەی خوێندوویانە و زانکۆیان تەواو کردووە بێکارن، یان ژیانیان لەنگە. ئەوە سروشتییە کە دڵشکاو و تووڕەیە. بەڵام نەوەی کەمێک بەتەمەنتر، بۆ نموونە ئەوانەی لە نێوان چل بۆ پەنجا ساڵدان و لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشدا گەورە بوون، نەک لەم ساڵانەی دواییدا، ئەوانە ئەزموونیان جیاوازە و ڕەنگە بڵێین بەبێ ئەوەی ئاگایان لێ بێت بەشێک لە پڕوپاگەندهی ڕژێمیان وەرگرتووە. پێم وایە ئەم نەوەیە هەر دەیەوێ بزانێ چی دەبێت. پێم وا نییە بەو شێوەی کە ژێر ٢٥ ساڵییەکان بەتەواوی نائومێد بوون، ئەمانیش نائومێد بووبن. هەموو شۆڕشە گەورەکانی مێژوو ڕێبەرانی ناسراویان هەبووە. هەموویان کاریزماتیک نەبوون، بەڵام یان وتاربێژی چاک بوون، یان بەباشی لە ڕێکخستن شارەزا بوون و توانیویانە دوورنوێن و وێنەیەک لە ڕژێمی دواڕۆژ دروست بکەن کە ملیۆنان کەس وەجۆش و خروش بێنێت و ڕەگەڵ خۆیان بخات. بەبێ کەسانی وەکوو کاسترۆ، یان لێنین، یان ترۆتسکی بەئاسانی دەوڵەتێکی تازەی خۆڕاگر دانامەزرێت. واتا ئەگەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی، ڕێبەرێکی بەڕاستی بەتوانای نەبێت، دوورە لەوەی کە ڕژێمێکی یەکپارچەی لێ پێک بێت. بۆ نموونە، لە گرانادا شۆڕش کرا، بەڵام دوو ڕێبەرەکەی شۆڕشەکە کەوتنە گیانی یەکتر و هەموو ڕیسەکەیان کردەوە بە خوری. یان لە نیکاراگوای شۆڕش کرا بە ڕێبەرایەتییەکی هاوپەیمانی لە چەپەوە تاکوو کڵێسا و سەرمایەداران. ئەوانەیش دوای شۆڕش پێک هەڵپڕژان و سەرەنجام دانیەل ئۆرتێگا هەمووانی وەدەر نا و خەڵکی ناڕازییشی وەبەر دەسڕێژی گوللە دا. کەواته هێندە ئاسان نییە. بڕیارە چ کەسێک بە قسەکەی تۆ ئێران بگەیەنێتە "سبەینێی ڕووخاندن"؟ هەڵبەت جاری وایە ڕێبەرانی شۆڕش لە پرۆسەی شۆڕشدا پەیدا دەبن. ناپلیۆن پێش ئەوەی ببێت بەو ناپلیۆنە، ئەفسەرێکی ئاسایی بوو. کەس نەیدەزانی بڕیارە ببێت بەو ناپلیۆنە. بەڵام خاڵی جێی سەرنج لێرەدایە کە پێش ئەوەی نۆرە بگاتە سەر ناپلیۆن، ڕێبەرانێک لە خانەدانەکان و قەشەکان ڕەگەڵ شۆڕش کەوتبوون کە بەوە شۆڕشەکە سەر کەوت. بەکورتی ئەوە بەو ئاسانییە سەر ناگرێت.
- خومەینییش هەر لەو دەستە ڕێبەرانە بوو کە ناوت هێنان، وا نییە؟
- بێ گومان. خومەینی لە ڕێنوێنیکردنی شۆڕشدا ڕێبەرێکی زۆر کاریگەر بوو. هەر کەسێک چیی پێ خۆش بووایه، ئهوی پێ دەگوت. نەیگوت ئەگەر شا بڕوات ڕژێمێکی فەقیهـسالار دێتە سەر کار کە ژنان ناچار دەکات چارشیو بە خۆیاندا بدەن و لەچك بکەن. تەنیا گوتی ئێرانێکی نوێ بنیاد دەنێین و هەمووان لەژێر چەتری ئەو ئێرانەدا جێیان دەبێتەوە. لە کرێکارانی لایەنگری حزبی توودە لە پیشەسازیی نەوتەوە بگرە، تاکوو ڕۆشنبیرانی سکیولار و بازاڕییانی نەریتی. هەڵبەت کۆمەڵانی خەڵک باوەڕیان بەوە کرد و شوێنی کەوتن. دەیگوت بابەتی سەرەکی دژایەتیی شایە؛ کە شا بڕوات کۆمارێک بنیاد دەنێین کە پێک هاتبێت لە دیموکراسیی مۆدێرن و مێژوو و نەریتی ئایینیی ئێران. ڕێبەرایەتی ئەمەیە. واتا بتوانی هەموو ئەو کەسانەی کە پێشتر ئامادە نەبوون لەسەر مێزێک دابنیشن، کۆیان بکەیتەوە بۆ ئەوەی یەک بگرن. پێم وا نییە ئێرانی ئێستا کەسایەتییەکی وای تێدا بێت.
- بەڵێ، لانی کەم لەم کاتەدا کەسایەتییەکمان بەو تایبەتمەندییانەوە نییە. بە بۆچوونی من، ئەوەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی ڕووی دا، ئاوارتە بوو، نابێ وەکوو نموونە و نەخشەڕێگهی شۆڕشێکی دیکە بەتەمای بین. بەڵام وای دەبینم کە هەر ئەو وێنە و بیرەوەرییەی ساڵی (١٣٥٧)ە، ڕوانگە و بیری یاریکەرانی سیاسیی ئەمڕۆی –ئەگەر بە نائاگاداریی خۆیشیان بێت- لێ بەرهەم هاتووە. واتا هەر لە خۆمەوە پێم وایە کە ڕژێمێک دەڕووخێت، خێرا ڕژێمێکی دیکە جێی دەگرێتەوە، وەکوو ئەوەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی. خومەینی گوتی: "من حکوومەت دیاری دەکەم" و کردیشی. هەمووانیش قبووڵیان کرد. هەڵبەت هەر دوای ئەوە شەڕی دەسەڵات دەستی پێ کرد، بەڵام پێم وایە گواستنەوەی دەسەڵات و سەقامگیربوونی ڕژێمی نوێ تا ڕاددهیهك خێرا سهری گرت. ئاخر تۆ لە کتێبەکەتدا دەڵێی دوای شۆڕش، لە نێوان دە تا دوازدە ساڵی پێ دەچێت تاکوو ڕژێمی نوێ وای لێ بێت کە بڵێی سەقامگیرە. دەربارەی شۆڕشەکەی ئێران ڕەنگە بکرێ بڵێین لە کەمتر لە سێ ساڵدا (واتا بۆ نموونە لە هاوینی ١٣٦٠ی هەتاوییەوە) ئیتر ڕکابەرێک نەمابوو، ڕژێم سەقامگیر ببوو. دوای ئەوە، ئەگەر ململانێیەکیش بووبێت، لە نێوان شوێنکەوتووانی خومەینیدا بوو.
- تا ئەو جێیەی کە دەڵێی خومەینی دژبەرانی خۆی قەڵاچۆ کرد و نەیهێشت ڕیسی حکوومەت ببێتەوە بە خوری، لەگەڵت هاوڕام. بەڵام لەوێوە کە دەڵێی حکوومەت دوای سێ ساڵ سەقامگیر بوو، هاوڕات نیم. پێم وایە تا پێش کۆتاییی جهنگی ئێران و عێراق، ناکرێ بڵێین ئێران حکوومەتی سەقامگیری هەبوو. چونکە گهر جهنگەکەیان دۆڕاندبایه، ڕهنگه هەموو شتێک تێک چووبایه. لە ئەنجامدا، من پێم وایە ئەو کاتەی دەتوانین بڵێین ئەو حکوومەتە سەقامگیر بوو و ئیتر مەترسیی ڕووخانی لەسەر نەبوو، ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوییە. هەڵبەت پێش ئەوەیش ڕژێمێکی گیانسەخت بوو. دیارە لەژێر گوشاری جهنگدا یەکدەنگتر و پتەوتریش بوو. ڕژێمێک بوو کە گوێی بە کوشتن و دەستبەسەرکردن و دوورخستنەوەی دژبەرانی نەدەدا. بەڵام دەبێ ئەوەیش بڵێین کە خومەینی ڕێبەری وڵاتێک بوو كهوا له جهنگدا بوو؛ ئەو جهنگەی کە ئێران بۆی ئامادە نەبوو. ئەو جهنگەی کە ئەمریکاش پشتیوانی دوژمنەکەی بوو. هەڵبەت ئەو ڕژێمانەی کە بەرهەمی شۆڕشن، تاکوو ماوەیەک دەتوانن پشت بە کوڵ و هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵکەکەیان ببەستن؛ نموونەیشیان کەم نییە ئەو ڕژێمانەی بەرهەمی شۆڕشن و خۆڕاگری و ئیرادەیان بۆ جهنگ، دەبێتە مایەی سەرسوڕمانی هەمووان. دوایین نموونە ئۆکراینایە. ئەو حکوومەتەی ئێستای ئۆکراینا بەرهەمی ڕاستەوخۆی شۆڕشی ٢٠١٤ی ئەو وڵاتەیە. ئۆکراینییەکان دەزانن ئەگەر پووتین لە جهنگەکەدا سەر کەوێت، دەیەوێت حکوومەتەکەیان بگۆڕێت و ئۆکراینا بگەڕێتەوە بۆ هەمان پێگەی بووکەڵەی بیبیجانی پووتین. هەر بۆیە ئۆکراینییەکان بۆ ئازادی و وڵاتەکەیان شەڕ دەکەن. بە ورە و لێهاتوویی و بوێرییەکی وەهاوە شەڕ دەکەن کە ساڵێک لەمەوبەر بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات. بەڵام ئەگەر ئەم جهنگە بە جهنگێکی دوای شۆڕش بزانی، ئەو پەرچەکردارە ئەوەندەیش سەیر و سەمەرە نییە، لەبەر ئەوەی شۆڕش هیوابەخشە. ئەو خەڵکەی شۆڕشیان کردووە، وا بیر دەکەنەوە کە دواڕۆژێکیان لە پێشە، شیاوی ئەوەیە شەڕی بۆ بکەن. نایانەوێ بگەڕێنەوە بۆ سەردەمێک کە بۆ تێپەڕاندنی، ئەو هەموو گیانبازییەیان کردووە. بەکورتی ئەگەر بگەڕێمەوە سەر باسی خومەینی و ڕۆڵی ڕێبەر، کە بابەتی باسەکەمان بوو، پێم وایە خومەینی یەکێکه لە ڕێبەرانی شۆڕشگێڕی دیاری مێژوو و، ڕووخاندنی ئەو ڕژێمەی دای مەزراندووە، ڕێبەرێکی وەکوو خۆی دەوێت. تەنانەت ئەگەر کەسێکی وەکوو بۆریس یەڵتسین لەبەرچاو بگری، ڕاستە دوای ئەوەی بەدەسەڵات گەیشت بووە مایەی ئابڕووچوون، بەڵام کردەوەی پێشووی درەوشاوە بوو.
ئەوە یەڵتسین بوو کە توانیی خەڵکی ڕووسیا لە پشت دوورنوێنێک کۆ بکاتەوە و یەکیان بخات کە هەویەتییەکی جیاواز لە سۆڤیەتی هەیە. ئەو، هێمای زیندووی دواڕۆژێک بوو کە خەڵک بەهیوای بوون و پێی وەجۆش و خرۆش دەهاتن: ڕووسیا وەکوو نەتەوەیەکی ئاسایی، نەک زەڕافەی سۆڤیەت کە زۆر کەس نەیاندەتوانی بە وڵاتی خۆیانی بزانن. کەواتا ئێرانیش ئەگەر بیەوێت لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕ بێت، دەبێ کەسێک بێت و وێنە و ئاسۆیهك لە دواڕۆژ بئافرێنێت کە جیاواز بێت لەوەی هەیە و به دڵی خەڵک بێت. باشە، لە ڕژێمی دوای کۆماری ئیسلامیدا باڵاپۆشی (حیجاب) داسەپێندراو نییە. بەڵام بڕیارە وڵاتەکە چۆن بەڕێوە ببەین؟ کێیە ئەو کەسەی بڕیارە بەڕێوەی ببات؟ سیاسەتی دەرەوەمان چۆن دەبێت؟ لە ڕۆژاوا نزیک دەبێت؟ ئەدی جەماوهری ئایینی، یان کۆنەپارێز، یان نەریتی؟ پارەی نەوت چیی لێ دێت؟ بەکورتی، قسەی من ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوەیە بەبێ ڕێبەر تووشی هەناسەبڕکێ دەبێت و دەکەوێت. هەر ئەوەندە کیفایەت نییە کە بڵێین ئێمە ئەو حکوومەتەمان ناوێت و دەبێ بڕوات. ئەوە ئاواتەخوازییە، نەک شۆڕش.
- ئەمە هۆکارێکی ئەوەیە کە گوتم شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی ڕوانگەی ئێمەی سەبارەت بە شۆڕش پێک هێناوە. ڕەنگە ڕاستەکەی ئەوە بێت کە بڵێم ڕوانگەی ئێمەی "شێواندووە". هەر بۆیە کە ناوی شۆڕش دێت، لەخۆوە بیر لە شۆڕشی ١٣٥٧ دەکەینەوە و ڕەوتی ئەو ڕووداوانە دەبینین. لە کاتێکدا پێم وایە نموونەیەکی باش نییە، چونکە تاکوو ڕاددەیەک ئاسان و خێرا ڕووی دا.
- ڕاستە. لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا زۆر فاکتەری جۆراجۆر هاوکات بەدی هاتن. بەڵام هەر لەو شۆڕشەیشدا خەڵک یەک ساڵ خۆپێشاندانیان دەکرد. وا نەبوو کە بە شەوێک ڕژێم بگۆڕدرێت. گوشاری ئەمریکاش لەسەر شا و سوپا هەبوو. هەروەها شا و فەرمەندەکانی سوپا سەریان لێ شێوابوو. پێم وایە شا بەتەواوی "تێدا مابوو" کە ئەم هەموو ئێرانییە وێکڕا دەیانەوێت ئەو بڕوا. لەوانەیە بە خۆی گوتبێت، من پێم وا بوو خەڵک خۆشیان دەوێم. ئامادە نەبوو بە هەر نرخێک بێت کەڵەوەکێشی بکات و حکوومەتەکەی بپارێزێت. گوتی من نەخۆشم و پێویستم بە چارەسەر هەیە. دەچم بۆ نەخۆشخانە، بەختیار و ئەوانی دیکە کێشەکان چار دەکەن. بەڵام ئەوانەی مابوونهوهیش هی ئەوە نەبوون بڵێن سەد کەس لەسێدارە دەدەین و خەڵکی وەبەر دەسڕێژ دەدەین. هەر نەیاندەزانی دەبێ چی بکەن. سەرەنجام دەستیان هەڵێنا و گوتیان کە خەڵک هێندە سوورن لەسەر ئەوەی کە ڕژێم بگۆڕدرێت ئێمە بۆچی پێشی لێ بگرین؛ با ڕێگهکەیان بۆ چۆڵ بکەین بزانین چی دەبێت. ڕێیان بە گەڕانەوەی خومەینی دا. بەڵام وا نییە بڵێی خێرا و ئاسان بوو. دەبوو گوشاری دەرەکی هەبێت؛ دەبوو ڕێبەرێکی وەکوو خومەینی پەیدا بێت؛ دەبوو شا و شوێنکەوتووەکانی ئیرادەیان نەمێنێت و خۆیان بەدەستەوە بدەن. دەبوو هەمووی ئەمانە هەبن، تاکوو شۆڕش ڕوو بدات.
- ئەو بابەتەی دوایی کە باست کرد، جیاوازیی بنەڕەتیی ئەم حکوومەتە و حکوومەتی پێشووە. چونکە هیچ کام لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن بچن بۆ شوێنێکی دیکە. بێ گومان ڕوو لە ئەمریکا و میسر ناکەن!
- با بیرەوەرییەک بگێڕمەوە. جارێکیان چووبووم بۆ میسر، چوومە سەر مەزاری شا. هەستێکی سەیر بوو. کەشێکی زۆر جوان و ڕێکوپێکە. حکوومەتی میسریش زۆر باش پێی ڕادەگات. لەوێ وێستابووم و لە دڵی خۆمدا گوتم، شای ئێران لەو ژێرەدا خەوتووە. بیرم لەوەیش کردەوە کە خەڵکی ئێران هێندە لێی بێزار بوون کە ناچار بوو ڕا بکات، هەر بۆیە لێرە لەژێر خاکی میسردا خەوتووە.
- خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کوڕی هەمان شا، ئەمڕۆ یەکێک لە ڕێبەرانی دیاری دژبەری کۆماری ئیسلامییە. پێم وایە ئەگەر سبەینێ خامنەیی بمرێت، دوور نییە چاکسازیخوازانی نائومێدی ناو حکوومەتیش ڕەگەڵ خەڵکی بکەون و بڵێن ڕێبەری نوێ دەبێ کەسێک بێت کە خەڵک پێی ڕازی بن.
- بەڵێ سەرنجڕاکێشە. هەڵبەت دیسان نموونەی دیکەی لەو جۆرەمان لە مێژوودا هەن. بەشێک لە سەرانی بنەماڵە پاشایەتییەکانی ئەوروپای ڕۆژاوا دەڵێن، دەمەوێ بگەڕێمەوە وڵاتەکەی خۆم (بۆ نموونە لە بوڵگاریا، یان شوێنی دیکە) و ببم بە شا. دەی خۆ کەسیش گرنگییان پێ نادا. بەڵام نموونەی واشمان هەیە وەکوو فلیپین، سەرۆککۆماری ئێستای فلیپین، فردیناند مارکۆس جونیۆر، کوڕی هەمان مارکۆسە کە لە شۆڕشی دوور لە توندوتیژیی ساڵی ١٩٨٦دا کە بە "شۆڕشی زەرد" ناسراوە، وەلا نرا. کێ پێی وابوو جارێکی دیکە مارکۆسێک دەبێتەوە بە ڕێبەری فلیپین؟ بەڵام مارکۆسی کوڕ ماوەیەکی زۆر بەشێلگیرییەوە، خەریک بوو لەگەڵ گرووپە سیاسییەکانی ناو فلیپین پەیوەندیی ڕێک دەخست. وا نەبوو کتوپڕ خۆی باوێتە ناو گۆڕەپانەکە و بڵێ منیش هەم. سەرەتا بوو بە نوێنەری سینات؛ لەو کەسانە نزیک بووەوە کە دوای باوکی ببوون بە سەرۆککۆمار؛ سامانەکەی بەکار هێنا بۆ ئەوەی لایەنگرەکانی ئامادە بکات و هەڵبەت هەرەوەزی میدیاییشی وەڕی خست. بەکورتی چەندان ساڵ هەوڵی دا بۆ ئەوەی کە دەرفەت ڕەخسا کەڵکی لێ وەربگرێت و، وایشی کرد. بەڵام سەرەنجام یەک هۆکاری دیاریکەر لە سەرهەڵدانی ئەو بژارانەدا ئەوەیە کە هیچ بژارەیەکی دیکە نییە. بێ گومان ناوی پەهلەوی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا لە زۆر ناوی دیکە ناسراوترە، چ بە لایەنی ئەرێنی بێت، یان بە لایەنی نەرێنی. بەڵام سەرباری ئەوەیش، ئەگەر لەناو سوپای پاسداراندا لایەنگری نەبێت، لەوانەیە ناوبانگەکەی هیچی لێ شین نەبێت.
- بە بۆچوونی من، ئەوەی باسی دەکەی بەڕاستی گرنگە. خۆزگە خەڵکێکی زۆر ئەم هەڤپەیڤینە بخوێننەوە. دیارە ئەو شتە نییە کە ئێمە دەمانەوێ بیبیستین، بەڵام پهلهپیتكهیهكی توندە و دەتوانێت ڕێشاندەر بێت. چونکە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گۆڕینی ڕژێمی ئێستای ئێران کارێکی ئاسان نییە. دەبێ شۆڕشی ١٣٥٧ لە مێشکی خۆمان وەدەر نێین. من هەر پێم وایە ئەو شۆڕشە ئاسان و خێرا بوو. بەڵێ، وەکوو باست کرد، یەک ساڵ خەڵک خەبات و خۆپێشاندانیان دەکرد. بەڵام تەنانەت ساڵێکیش لە بەرامبەر ئەو هەموو ساڵەدا کە "ماو" بۆ ڕێکخستنی جووتیارانی چین هەوڵی بۆ دا، شتێکی وا نییە. بێ لەوەیش، ئەم جارەیان بەرامبەرەکەی ئێمە شا نییە، کە نەخۆش و بەڕواڵەت خەمۆک بوو، ئامادەیش نەبوو بە هەر نرخێک بێت دەسەڵاتەکەی بپارێزێت. وەکوو باست کرد ئەمریکاش ڕۆڵی هەبوو. فەرمانڕەوایانی وەکوو شای ئێران و حوسنی موبارەک ئەگەر نیشانەی وایان بەرچاو بهاتایە کە پێیان وابووبێت ئەمریکا وەکوو پێشتر پشتیان ناگرێت، شیمانەی ئەوەیان دەخستە مێشکی خۆیانەوە کە ئیدی کار لە کار ترازاوە و هەموو شتێکیان لەدەست دەرچووە. دڵنیا نیم ئەمە دەربارەی خامنەیی، ڕووسیا، یان چین ڕاست بێت. پێت وایە ئەگەر پووتین، یان شی، پەیامێکی ڕوون، یان بەئاماژە بدەن لەسەر ئەوەی کە "کات بەسەر چووە"، چی ڕوو دەدات؟
- بە بۆچوونی من، هیچ هێزێکی بیانی نوێڵی گوشاری تەواوی بۆ ئەوە نییە کە بە ڕژێمی ئێستای ئێران بڵێت "دەبێ بڕۆی". ڕەنگە هۆیەکی ئەوە بێت کە ئەم ڕژێمە چەندان دەیەیە لەگەڵ هەمووان ملە دەکات و گەمارۆی لەسەرە و ناچار بووە پشت بە خۆی ببەستێت. من پێم وایە ڕووسیا ئەگەر بزانێت ئەوە خەریکە حکوومەتێکی سەر بە ڕۆژاوا پێک دێت، دەستێوەردان دەکات. پێشم وا نییە دەستێوەردانەکەی بەو ڕاددەیە بێت کە لە سووریا کردی، واتا بە هێزی ئاسمانی هێرش بکات؛ بەڵام وای بۆ دەچم بێت و شەڕی دەسەڵات بێتە گۆڕێ و بۆ نموونە، چەند بەشێکی سوپای پاسداران تێیەوە بگلێن، ڕووسیا لە ئاستی پشتیوانیی دارایی، یان ڕاوێژی سەربازیدا خۆی تێ هەڵدەقورتێنێت.
بەڵام خاڵێک هەیە نابێ لەیادی بکەم، ئەویش ئەوەیە کە ئەم ڕژێمە هەر لە ڕۆژێ هەوەڵێوە لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەمریکادا وەستاوە. بە جۆرێک چارەنووسی خۆی بەدەست خۆی بووە و هەوڵ دەدات هەرواش بمێنێتەوە. با لێرە لەلایەن خۆمەوە وەکوو ئەمریکییەک شتێک بڵێم بۆ ئەوەی تۆمار بکرێت. من نەچوومەتە ئێران، بەڵام هەمیشە هۆگری کهلتووری ئێرانی بووم. منداڵەکانم کە دەچوونە قوتابخانە، نزیکترین هاوڕێکانیان ئێرانی بوون. لەبەر ئەوە هاتوچۆمان ههبووە. زۆربەی نەورۆزان دەچووینە ماڵیان. لە ڕوانگەی مێژووییشەوە ڕێزێکی تایبەتم بۆ ڕۆڵی ئێران لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا هەیە. ڕاستییەکەی، پێم وایە دەبێ لەو کارەی لە سەرەتای شۆڕشەوە ئەمریکا لەگەڵ ئێران کردوویەتی، بێزاری دەرببڕین. بەگشتی پێم وایە ئەمریکا بەو شێوەیەی کە شایستەی گەل و خەڵکی ئێرانە، هەڵسوکەوتی نەکردووە. حیسابی حکوومەت جیاوازە کە هەر لە سەرەتاوە ئەمریکای بە دوژمن داناوە. بەکورتی دەمەوێ بڵێم، وەکوو ئەمریکییەک هیوادارم ئێران لەو دۆخەی ئێستای تێپەڕ بێت و ئێرانییەکان و شارستانییەتی ئێرانی جارێکی دیکە ئەو ڕۆڵە بەدەست بێننەوە کە پێشتر لە جیهاندا ههیانبووه. خۆم بەداخەوەم بۆ ئەوەی ئێران گۆشەگیرە و حکوومەتەکەی سەربەگێچەڵە. ئەم حکوومەتە هەم بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەم بۆ ئارامیی جیهانیش زیانبارە. خۆزگە ئێران دەکەوتە سەر ڕێیەک کە خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، بەڵام لە ململانێی ڕۆژاوا و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەفتارێکی هاوسەنگتری هەبووایە. هەڵبەت وەکوو کەسێکی بیانی، پێم باشە حکوومەتی ئێران لە سیاسەتی دەرەکیدا کردەوەخواز [پراگماتیك] بێت، نەک توندئاژۆ؛ حکوومەتێک بێت کە پەسندی خەڵک بێت، حکوومەتێکی وا کە ئابووریی ئێران ڕێک بخاتهوه. ڕاستییەکەی نازانم دەبێ چۆن بەو جێیە بگەن و، بەداخەوەم کە ئەوە دەڵێم: پێم وایە، بۆ گەیشتن بەو جێیە ڕێیەکی دوور ماوە. ڕژێم، بوون و نەبوونی خۆی لە سوپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی خەرج دەکات و دەرفەتی ئابووریی ئاوارتەی پێ داون. ڕوون نییە ئەو درزانەی کە دەبنە ڕێی گۆڕانی بنەڕەتی لە پێکهاتەیەکدا، بڕیارە لە کوێوە دیار بکەون.
- ئەو دوورەدیمەنەی نیشانت داین هێندە تاریک و تنۆکە، نازانم چۆن بڵاوی بکەینەوە! دەڵێی هەرچی هەیە هەر هەواڵی ناخۆشە.
- هەواڵی خۆش ئەوەیە ئەگەر بە دیدی درێژماوە لە مێژوو بڕوانین، بە لای زۆرەوە ئەو گۆڕانەی خەڵکی وڵاتێک داوای دەکەن، بە شۆڕش وەدەست ناکەوێت. فەڕەنسییەکان سەد ساڵ هەوڵیان دا (شۆڕشەکانی ۱۷۸۹، ۱۸۳۰، ۱۸۴۸، ۱۸۷۰) تا گەیشتن بە کۆماری سێیەم، کە یەکەمین کۆماری دیموکراتیکی پایەداری فەڕەنسا بوو. پێش ئەوە، هەرچی دەیبینی هەر هەڵکشان و داکشان و بشێوییە. لە چین و ڕووسیاش ڕەنگە شۆڕشێکی دیکە پێویست بێت تا بە حکوومەتێک بگەن کە وەڵامدەری خەڵک بێت. حکوومەتی ئێستای هەردوو وڵاتەکە لایەنگریان هەیە، بەڵام دژبەری تووڕەیشیان زۆرە. ئەگەر کێشە ئابوورییەکانی چین، یان گرفتی کۆڤید بەردەوام بێت، یان ئەگەر جهنگی ڕووسیا لە ئۆکراینا ببێتە جهنگی داخوران، لەوانەیە لایەنگرانی حکوومەتیش نائومێد بن. ئەگەری هەیە ئەو ناڕەزایەتییانەی ئێستایش هەن، پەرە بستێنن و تەنانەت گۆڕانی بنەڕەتییشیان لێ بکەوێتەوە. لەو بارەدا، ئەگەر دواتر سەیری ڕابردوو بکەین، دەڵێین چەندە زۆری پێ چوو! دەربارەی ئێرانیش من گومانم نییە کە لاوانی ناڕازیی ئەمڕۆ، ئێرانێکی ئازاد و ئاوەدان بە چاوی خۆیان دەبینن. پێم وا نییە ئەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕوو بدات، لانی کەم مادام کە خامنەیی زیندوو بێت و هەروا پاڵی وە تەختی دەسەڵاتەوە دابێت. ئەوەیشمان لەبەرچاو بێت کە ئەم سەردەمە لەو سەردەمانەیە کە دنیاش زۆر قەیرانی تێدایە. پۆپۆلیزمی تووڕەی ڕاستڕۆ، هەستی دژ بە کۆچبەران، تەنانەت ڕەگەزپەرستیی ئاشکرا لەو وڵاتانەیشدا کە بڕیارە نموونەی دیموکراسی بن، بەرچاوە. هەر لەم ئەمریکایە گۆڕەپانی سیاسەت پڕ بووە لە تیۆریی پیلان و پیلانگێڕی. خەڵکی میانمار و تایلەند سەرباری ئەوەی کە چەندان ساڵە بۆ دیموکراسی خەبات دەکەن، کەچی هەروا گرفتاری حکوومەتی سەربازین. چاو لە هەر شوێنێکی دنیا بکەی، سەرلێشێواویی خەڵک و دابەشبوونی کۆمەڵگە دەبینی. پایە سەرەکییەکانی ئابووریی مرۆڤ کە دروستکردنی کاڵا و دەستاودەستکردنی بوو، وەلەرزە کەوتوون و کاڵای دیجیتاڵی و ئاڵووێری دارایی بەرە بەرە جێی ئەوانەی گرتووەتەوە و، جهوههری ئابووریی سەدەی بیست و یەکەم جۆرێکە، سامان لەناو دەست و بەڕکی گرووپێکی بچووکدا کەڵەکە دەبێت، بەپێچەوانەی ئابووریی چەند دەیە لەمەوبەر کە زۆر "کار و پیشەی چینی ناوەندی"ی لێ دەکەوتەوە. ئەنجامی ئەم گۆڕانە ئەوە بووە کە نایەکسانی زیاتر بووە و خەڵک تووڕەن.
لە هەندێک لایەنەوە ئەم دۆخە له دەیەی ١٩٣٠ دەچێ. سەردەمێکە کە زۆربەی وڵاتان لەوەی پێشتر هەبوو ناسەقامگیرترن. گهشبینیی خەڵک بە دواڕۆژ و متمانەیان بە حکوومەتەکان، لەوەی پێشتر هەبوو کەمترە. تاکوو ئەم سەردەمە تێپەڕ نەکەین، دۆخەکە دژوارتر دەبێت. بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە دەیەی ١٩٣٠یش تێپەڕ بوو. داتەپینی ئابووری ترسناک بوو. خۆ جهنگی جیهانییش پێویستی بە ڕوونکردەوەی زیادە نییە. بەڵام دوای جهنگ، بەتایبەتی لە دەیەی ١٩٥٠وە لە زۆر شوێنی دنیا چەندان دەیە ئارامی و خۆشگوزەرانیی ڕوو لە زێدەمان هەبوو. ئەم جارەیش هەر وایە. لەوانەیە گۆڕانی بەرەییش (گۆڕانی نەوەکان) پێویست بێت. بەرە، یان نەوەیەکی لاو کە هیوادارتر بێت و توانای پێکەوەهەڵکرنی زیاتر بێت سەر هەڵبدات و بە داهێنانی نوێی زانستی و تەکنەلۆژی، جارێکی دیکە ڕوانینی مرۆڤ بۆ دواڕۆژ بەرەو گهشبینی ڕاکێشێت. بەکورتی، وا بیر دەکەمەوە کە لەم گەوەش تێپەڕ دەبین. بەڵام ئەوەی کە کەسێک (لە ئێران، یان هەر شوێنێکی دیکە) پێی وا بێت هەر کە ناڕەزایەتیی دەربڕی و تووڕەییی خۆی نیشان دا، دۆخەکە دەگۆڕێت، ئەوە خۆشباوەڕییە. جێی ڕێزە، بەڵام خۆشباوەڕییە. ئەگەر لە من بپرسن، دەڵێم ئەوە باشە کە ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام هۆشمەندانە و بەڕێوجێ هەڵسوکەوت بکەن. ئەگەر دەلوێت، ڕێکخستن بکەن. پێویستییە سەرەتایییەکانی گۆڕان دابین بکەن. ڕێبەرانێک پەیدا بکەن کە بتوانن بزووتنەوەیەک بەرەو پێشەوە ببەن و پەرەی پێ بدەن. هەوڵ بدەن دوژمن بناسن. هەر ئەوە بەس نییە کە بڵێی لەم ڕژێمە بێزارم. هەوڵ بدەن لەوە تێ بگەن کە چ کەسانێک لەم سیستهمەدا ئەگەری ئەوەیان تێدایە کە لەگەڵ گۆڕان هاوڕا بن. پاشان بیر لەوە بکەنەوە بڕیارە شێوەی دواڕۆژ چۆن بێت. ئاخۆ هەر لە بنەڕەتەوە دەتوانن وێنەیەکی دواڕۆژ لە مێشکی خۆتاندا وێنا بکەن کە هەمووی ئەو گرووپە ڕەنگاوڕەنگانەی ئێران لەسەری هاوڕا بن؟ ئەگەر ئەوەتان پێ دەکرێت، ئەوە شتێکتان هەیە کە شایانی ئەوەیە شەڕی بۆ بکەن. بەڵام بەبێ ئاسۆ و وێنەیەک لە دواڕۆژ، ئەو شتەی بەدەستتانەوەیە هەر تووڕەیییە و هەر بە تووڕەییش دژوارە دواڕۆژی ڕوون بنیاد بنرێت.
- پێم وایە بەشێکی زۆری ئەو ئێرانییانەی ساڵی ١٣٥٧ ڕژانە سەر شەقام، ئەگەر ئەم وتەیەی تۆ ببیستن، بە نیشانەی تەئیید و پەشیمانی، سەرت بۆ دەلەقێنن. با پرسیارێکی دیکە بکەم: مادام کە باس هاتە سەر شۆڕش، جاری وایە وێ دەچێت بیرەوەرییەکانی شۆڕشی ١٣٥٧ نەک هەر بیرکردنەوەی خەڵک، بگرە بیرکردنەوە –یان ڕاستتر بڵێم جیهانبینیی سیاسی-ی فەرمانڕەوایانی ئێرانیشی پێک هێناوە. وەک بڵێی هەموو شتێک بە پێوانەی ئەو ڕووداوە دەپێون کە چل و چەند ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە. وا بیر دەکەنەوە ئەگەر هەنگاوێک پاشەکشە بکەن، کۆتایییان پێ دێت. چارەنووسی شا بە مایەی پەندلێوەرگرتن دەزانن. بەڵام حکوومەتێک تا کەی دەتوانێت لەسەر ئەو شێوازە بڕوات؛ سەرباری خەڵکی ناڕازی، قەیرانی بێژماری ناوخۆیی و بهبێ پەیوەندییەکی واتادار و ڕێگهخۆشكهری دەرەکییش؟
- ئەگەر ئامادە بی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا هەموو کارێک بکەی، دەتوانی بمێنییەوە، بەو مەرجەی هێزی سەربازی پشتت بەرنەدات. مەکیاڤێللی بە فەرمانڕەوایان دەڵێت، ئەگەر دەتانەوێت ئیمتیاز بدەن، لە پێگەی بەهێزەوە بیدەن. چونکە ئەگەر لە کاتی لاوازیدا ئیمتیاز بدەی، دەڵێن ناچار بوو، هیچی دیکەی پێ نەدەکرا و بەوەیش شتێکی باشتان لەسەر نانووسن. کەواتا ئەگەر حکوومەتێک لە پێگەکەی دڵنیا بێت، دەتوانێ ئیمتیاز بدات و زیانیشی وێ نەکەوێت. بەڵام حکوومەتێکی لاواز بنوێنێت و وا بکات کە خەڵک ڕووهەڵماڵاوتر بن، ئەوە ڕەنگە ئیمتیاز نەدات. وێڕای ئەوەی کە بێت و بە هێزە سەربازییەکان پشتئەستوور بێت، یان باکی لە دڕندەیی نەبێت، ئەوە لەوانەیە بەشوێن وتەیەکی بەناوبانگی دیکەی مەکیاڤێللیدا دەڕوات: " لێت بترسن، باشترە لەوەی خۆشییان بوێیت."
- وا دیارە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییش بەشوێن ئەو وتەیەدا دەڕۆن. وەک بڵێی ئیتر سندووقی دەنگدان و بەشداریی خەڵک و ئەو ڕەوایییەیش کە خۆیان باسی دەکەن، بەلایانەوە گرنگ نییە؛ نموونەکەی لادانی لاریجانی لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمارییە. تەنانەت ئیتر نواندنی ڕواڵەتییش بەپێویست نازانن.
- خاڵی جێی سەرنج ئەمەیە. ئەگەر دوای ئەوەی دەسڕێژیان لە خەڵکی ناڕازی کرد و هەزاران کەسیان دەستبەسەر کرد و تەنانەت کەسانێکیان لەسێدارە دا، چەند فەقیهێکی پلەباڵا لە قوم، یان چەند نوێنەرێکی ناسراوی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ناڕەزایەتییان دەربڕیبایە، یان بۆ نموونە بیانگوتایە ئەو ڕەفتارانە لە ڕاددە دەرچوون و متمانە و پرێستیژی ڕژێم و شۆڕشیان لەکەدار کردووە، ئەوە ڕەنگە ڕۆچنەیەک بکرایەتەوە کە بڵێین ئەگەری گۆڕان هەیە. بەڵام شتی وا ڕووی نەدا. لانی کەم من نەمدی هیچ کەسێک هاوارێک بکات. دەستە دەستە خەڵکیان گرت و بردیانن و چەند لاوێکیان لەدار دا، کەچی بێجگە لە خەڵکە ناڕازییەکە هیچ کەسێک دەنگی لێوە نەهات.
- وایە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەنگی جیاواز نییە. لەوانەیە جارجارە ڕەخنەیەکی نەرم، یان شاراوە دەربارەی دەسەڵاتی جێبەجێکەر ببیسترێت، بەڵام شتێکی وا نییە کە بڵێی ئەوە بەرهەڵستییەکی واتادارە.
- بەو حاڵەیشەوە بەشێک لە ئێرانییەکان دەڵێن با وڵاتانی ڕۆژاوایی باڵوێز و نوێنەرەکانیان لە ئێران بانگ بکەنەوە و دەست بەسەر دارایییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵاتدا بگرن. بۆچی؟ چونکە ئەو ڕژێمە لەبەر ئەو ڕەفتارەی لەگەڵ خەڵکی ئێران دەیکات، چیی دیکە ڕەوایهتیی نەماوە. بەداخەوەم، شتی وا ڕوو نادات. لە ڕوانگەی وڵاتانی دیکەوە ئێران هەروا وڵاتێکی گەورە و مەترسیدارە. وڵاتان ئامادە نین لەبەر هەڵسوکەوتی ترسناک لەگەڵ خەڵکی ناڕازی ئەو هەنگاوانە بنێن. ئێستایش ئەوە قورسترین گەمارۆیان دژی ئەو ڕژێمە جێبەجێ کردووە، ئەویش لەبەر بەرنامەی ناوکی. ئەگەر چاوتان لەوە بێت کە لەوە زیاتر بکەن، چونکە ڕژێم دەسڕێژ لە خەڵکی ناڕازی دەکات، واقعبینانە نییە. وڵاتانی دیکە بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە. بەوردی هەموو شتێکی خۆیان هەڵدەسەنگێنن. دەیانەوێت دەروویەک بۆ بەکارهێنانی نفووزی خۆیان هەر بهێڵنەوە. نایانەوێت هەموو پردەکان بڕووخێنن. هەرچییەک بێت، بەرامبەرەکەیان وڵاتێکی گەورەی مەترسیدارە. ناتوانن بڵێن ئیدی قسە لەگەڵ ئەو حکوومەتە ناکەین. لە جیاتی ئەو، قسە لەگەڵ کێ دەکەی؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە ئێران حکوومەتێک لەسەر کارە و شوێنێکی زۆر گرنگ و ستراتیژیکیشە. دیارە کە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیش هەروا لە دەستی ئەو حکوومەتەدایە. تا ئەو کاتەی کە ئەو حکوومەتە بەردەوامە، لایەنی بەرامبەری وڵاتانی دیکە هەر خۆیەتی. ئەگەر کاتێک وا دیار بکەوێت کە خەریکە کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەست دەردەچێت و ئەگەر ئێرانییەکان بتوانن حکوومەتێک لە تاراوگە پێک بێنن کە پێگەی هەراوی لەنێو خەڵکدا هەبێت، ئەو کاتە ڕەنگە دۆخەکە بگۆڕێت. هەرچەندە ئەمریکا ئەم بژارەیەیشی لە ڤهنێزوێلا تاقی کردەوە. حکوومەتەکەی ئێمە ڕای گەیاند کە مادۆرۆ لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاریی کردووە و لە ڕوانگەی ئێمەوە سەرۆککۆمار نییە و دیکتاتۆرە و خراپە و ئیدی ئێمە لە جیاتی ئەو، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، کە لە تاراوگەیە، بەفەرمی دەناسین. چەند ساڵێک بەم شێوەیە تێپەڕ بوو. چیی لێ هات؟ هیچ. هیچمان دەست نەکەوت. ئێستا دیسان حوللەمەرەسێ، گەڕاوینەتەوە سەر سێ و پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی ڤهنێزوێلا گرێ داوەتەوە. کەواتە ئەوەی کە بەکردەوە لە دنیای سیاسەتدا ڕوو دەدات ئەوەیە کە، بە بۆڵە و نابەدڵییەوە دەڵێن لەم حکوومەتە بێزارین، ئەوانیش لە ئێمە بێزارن، بەڵام هێندێک بابەت هەیە کە بەهۆیانەوە دەبێ پەیوەندیمان لەگەڵی هەبێت.
- پرسیارێکی گەورە بە لای خۆمەوە ئەوەیە کە ئەگەر چالاکانی سیاسیی ئێرانی بتوانن وڵاتانی بیانی ناچار بکەن کە هەڵوێستی توندتر لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بنوێنن، واتا گوشاری دەرەکی لەسەر حکوومەتی ئێران زیاتر بێت، ئاخۆ دەکرێت بەدڵنیایییەوە بڵێین ئەو گوشارە خەڵکی ئێران لە ئاواتەکانیان نزیکتر دەکاتەوە؟
- بڕوانە، ئەمریکا، جارێکی دیکەیش هەر بیست ساڵ لەمەوبەر هەوڵی دا کەسێک پەیدا بکات کە کاروباری عێراق بەدەستەوە بگرێت. چیی لێ هات؟ ئەحمەد چەڵەبی کڵاوی لەسەر هەمووان نا و ئەوە بوو کە دەیبینی. یان نموونەی تازەتر: سووریا. ئەمریکا هەوڵی دا لەگەڵ ڕێبەرانی دژی ئەسەد لە دەرەوەی سووریا دانوستان بکات، بەشکم حکوومەتێک لە تاراوگە پێک بێت، بەڵام ئەو کەسانە ئامادە نەبوون لەگەڵ یەکتر لە یەک ژووریشدا دابنیشن. مەبەستم ئەوەیە کە بڵێی ئەمریکا حکوومەتێکی ئێرانیی لە تاراوگە بەفەرمی بناسێت، ئەوەندەیش ئاسان نییە. چ کەسێک و چ گرووپێک بەفەرمی بناسێت؟ ئەو ئێرانییانەی بەو بژارەیە ڕازی نین، چی؟ پێگەی دواڕۆژی ئەمریکا لە ئێراندا چۆن دەبێت ئەگەر بەدیار بکەوێت جەماوەرێکی زۆر لەگەڵ ئەو بژارەیە هاوڕا نەبوون؟ بەکورتی، بۆ هیچ وڵاتێک، ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت، یان هەر وڵاتێکی دیکە، عاقڵانە نییە کەسێک، یان گرووپێکی دیکە لە جێی ڕژێمی ئێستا بەفەرمی بناسێت، مەگهر ئەوەی کە بژارەکە بەڕوونی و پتەوی لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ بکرێت. بەداخەوە لەم کاتەدا بژارەیەکی لەو جۆرە نییە.
بەڵام دواڕۆژ لە پێشدا نەنووسراوەتەوە؛ دواڕۆژ دروست دەکرێت. لەوانەیە دەرفەت بڕەخسێت و ڕێبەرانێک بێن و دواڕۆژێکی باشتر دروست بکەن. من پێم وا نییە ئەمڕۆ و سبەینێ ئەوە ببێت، بەڵام ڕەنگە لە یەک دوو ساڵی دیکەدا بزووتنەوەیەکی نوێ لەسەر بزووتنەوەکانی ساڵانی ١٣٨٨ و ١٣٩٨ و بزووتنەوەکانی ئەم دوایییە وەڕی بخرێت و لەوەیش زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات. پێشتریش گوتم: من پێم وا نییە بە مردنی خامنەیی -کە لەوانەیە دوور نەبێت- دۆخەکە بەراوەژوو ببێتەوە و دەرفەتی تازە هەڵکەوێت. لەو کاتە هەستیارەدا ئەو کەسە زیاترین سوودی پێ دەبڕێت کە لەوانی دیکە ئامادەتر بێت و پلان و ڕێکخستنی بۆ ئەوە هەبێت.
سەرچاوە: