ئووڤێ برینگ: هەرێمی کوردستان دەتوانێ بگاتە سەربەخۆیی

2016-10-04

ئووڤێ برینگ: هەرێمی کوردستان دەتوانێ بگاتە سەربەخۆیی

 

پەیامنێری پێنووس لە ستۆکهۆڵم

ڕۆژی شەممە، یەکی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦، سمینارێک لە بینای ناوەندیی ئا.بێ.ئێفی ستۆکهۆڵم و لەژێر سەردێڕی "یاسای نێونەتەوەیی لەسەر پرسی سەربەخۆییی کوردستان چی دەڵێ؟" بۆ پرۆفیسۆر ئووڤێ برینگ، مامۆستای فێرگەی بەرزی بەرگری و زانستگەی ستۆکهۆڵم، کە ماوەیەکیش ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سوید بووە پێک هات، کە پێشوازییەکی باشی لێ کرا. سمینارەکە لە لایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید، کتێبخانەی کوردی و یەکێتیی نووسەرانی کورد لە سویدەوە ئامادە کرابوو. ئەمەی خوارەوە پوختەی وتارەکەی پرۆفیسۆر برینگە لەم سمینارەدا:

"سەربەخۆیی، پرسیارێکە لە بارودۆخی ئێستادا تەنیا دەتوانێ لەسەر داهاتووی کوردستانی عێراق بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان؛ لە ئێران، تورکیا، سووریا  یا خود لوبنان. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەکەدا، لێره‌ و لەوێ باسی کوردستانی گەورەیش دێتە گۆڕێ. گەشەی ڕووداوەکان، دەبێ لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەم بارودۆخە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان بخوڵقێنن، دەنا لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییی گشتی،  پەیڕەو و پڕۆگرامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەکانی ئەم ڕێکخراوەیەوە، پشتی ناگیرێ. دیارە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ژیۆپۆلیتیک (جوگرافیای سیاسی)ی ناوچەکە دەتوانن پشتگیر بن و بارودۆخەکە بەهێزتر کەن، بەڵام هێزە دەسەڵاتدارەکانی خودی کوردستانن کە ئەم بڕیارە دەدەن و، مافی نێونەتەوەییی گشتیش ئەوکات بە هانایانەوە دێ.

ئەوەندەی کوردستانی عێراق دەگرێتەوە، بێت و بارودۆخی سیاسیی عێراقی ئێستا بەرەو هەڵوەشانەوە بچێ، یا خود داواکارییەکانی کورد بە شێوەیەکی ماقووڵ و شیاو جێبەجێ نەبێت، ئەوا دەرفەتی سەربەخۆیی بۆ هەرێم دێتە پێش.

کوردی عێراق، ئێستا خۆی خاوەنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی خۆیەتی لە باکووری وڵاتدا. ئەگەر ئەم  خۆبەڕێوەبەرییە ــ کە خۆی مافێکی نێونەتەوەیییە کوردەکان هەیانەـ لە باری ئابوورییەوە کز ببێ، بۆ نموونە ئەو بەشەی، کورد لە داهاتی نەوتی عێراق دەیخوازێ بەدەستی نەگات، یا خود ئەو مافە خۆبەڕێوەبەرییەی هەیەتی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ڕێزی نەگیرێ، ئەوا ئەوکات مافی نێونەتەوەییی گشتی، دەکەوێتە ناوەوە و چرکەژمێرەکەی دەکەوێتە کار. جا کە بێت و وڵاتانی جیهانیش بۆ چارەسەرییەکی دیکە پشتگیریی لێ بکەن، ئەوا سەربەخۆیییان مسۆگەر دەبێت. ڕێک وەک ئەوەی بۆ کۆسۆڤۆ هاتە پێش و، ڕژێمی ناوەندیی بێلگراد نەك تەنیا پشتگیریی لێ نەدەکردن بەڵکوو دژایەتیشی دەکردن، ئینجا دەربیجەیەک لە مافی نێونەتەوەیی بە ڕوویاندا کرایەوە کە چیتر شەرعییەتی سنوورەکانی وڵاتەکە و ڕەهەندەکانی دیکەی شەرعییەتەکەی لەبەرچاو نەگیرێ و وەک حاڵەتێکی ڕیزپەڕ، لەژێر چەتری دەسەڵاتی ناوەندی بێتە دەرێ و وڵاتی سەربەخۆی خۆی پێک بێنێ. نموونەی کۆسۆڤۆ، چەند جارێک لە مێژوودا  هاتۆتە گۆڕێ و، دەکرێ جارێکی دیکەیش بێتە گۆڕێ.

مافی نێونەتەوەییی گشتی، سەرنج دەداتە پرەنسیپەکانی ئێستا لە پەیڕەو و پرۆگرامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڵگەنامەکانی تردا، هەروەها نموونە و ڕێکارە مێژوویییه‌كان. کوردستان هاوبەشیی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو باوێژێ؛ فەرهەنگ و کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر هەرێمی خۆیدا و وریاییی سیاسی. هاوکات هەمیشە بەستەر (لینک)ێک هەیە لەگەڵ مێژوودا. دیرۆکی کورد، پڕە لە خەبات دژی توانەوە و داخوازیی سەربەخۆیی و مافی خۆبەڕێوەبەری.

مافی نێونەتەوەیی، کاری بەوە نەداوە کێ کوردە. خەڵکی کورد خۆیان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن. خۆیان بە دەوروبەر نیشان دەدەن کە هەستێکی هاوبەشیان هەیە. هەموو کوردن. ئەمە سەرەڕای جیاوازیی زاراوە و دین و ئایینیان. کورد دیرۆکی هاوبەشی هەیە، دابونەرێتی هاوبەشی هەیە، فەرهەنگ و کەلەپووری هاوبەشی هەیە، هەرچەند "ئەلفوبێ"یه‌كی هاوبەشیشی نییە، بەڵام پێناسێکی هاوبەشی لەسەر کوردبوون هەیە.

کورد دواتر، دەبێ سنوورێکی هاوبەش بۆ خۆی دیاری بکات. هەروەک ئیسرائیل وای کرد. لێرەدا ئەو سنوورانەی حکوومەتی هەرێم بە نموونە دێنمەوە. کورد خۆی دەڵێ ٤٠ ملیۆن کەسن؛ هەرچەند زانستنامەی نەتەوەیی و کتێبە سەرچاوەکان باسی ٢٢ میلیۆن کورد دەکەن. دیارە کورد دەیەوێ بەردەوام ڕێژەی خۆی زیاتر پێشان بدات و دەوڵەتەکانیش قازانجیان لەوەدایە کە زۆر بە کەمتر لەوەی لە ڕاستیدا هەن، بیانژمێرن.

پێگەی مودێرنی کورد لە سەردەمی نوێدا و پێکەوەگرێدانی بە مافی نێونەتەوەیی، دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م دەرکەوت. ساڵی ١٩٢٠، پەیمانی ئاشتیی "سێڤرێ" لە نزیک پاریس نووسرا، کە نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ چونكه‌ "کەمال ئاتاتورک" دەسەڵاتی لە تورکیادا کەوتە دەست و، ئەم پەیمانەی قبووڵ نەکرد. بەڵام بە هەر حاڵ، ئەمە بەڵگەنامەیەکی گەلێ گرنگی جیهانییە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی هەندێ پرەنسیپی تێدا جێگیر کران کە هەرچەند جێبەجێ نەکران، بەڵام بۆ داهاتوو بە سیگناڵ دادەنرێن. بۆ نموونە، لەم پەیمانەدا باسی کوردستان کراوە، هەم وەک هەرێم و هەم وەک چەمک. تەنانەت سەردێڕی فەسڵێکیشی "کوردستان"ە. لەم بەڵگەنامەیەدا، لانی کەم ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردستان لەبەرچاو گرتبوو. ڕێک وەک ئەوەی ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی. بەڵام گەشەی ئەم دەسەڵاتەیشی بەرەو سەربەخۆیی، لەبەرچاو گرتبوو.

ساڵی ١٩٢٢، هەندێ دەوڵەت کە پێشتر خاوەن کۆڵۆنی بوون لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکالەت(نوێنه‌رایه‌تی)ی دەسەڵاتی هەندێ هەرێمی دەرەوەی ئەوروپایان درایێ و لەوانە بریتانیای مەزن، دەسەڵاتی عێراقی ئێستا و بەشێک لە کوردستانی ئێستای پێ درا. ئەوکات لەسەر ئەوە شەڕ بوو کە کوردستان و عێراق، دەبێ چ سنوورێکیان لەگەڵ تورکیا هەبێ. ئەم ئاریشەیە بە "پرسی مووسڵ" بەناوبانگ بوو. ڕاستە کە ئێستا زۆربە، مووسڵیان پێ بە شارێکی عێراقییە بەڵام ئەوکات مووسڵ شارێکی تەواو کوردستانی بوو. دیارە دواتر سەدام حوسێن دیموگرافیی باژاڕەکەی بە سوودی عەرەبەکان گۆڕی. هەروەک لەگەڵ کەرکووکیش کردی. بەداخەوە تا ڕادەیەکی زۆریش لەو بەعەرەبکردنەدا سەرکەوتوو بوو.

بریتانیا لەو ناوەدا له‌ بری سەربەخۆیی، بڕیاری بە ئۆتۆنۆمیی کوردستان دا و، عێراقی بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانا و بەشێک لە کوردستانیشی بە عێراقەوە لکاند. ساڵی ١٩٣٣، عێراق بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٢٥ لەسەر سنووردانان لە نێوان تورکیا و عێراقدا، بڕیاری دا کە مووسڵ بەشێک بێ لە عێراق. مافی ئۆتۆنۆمیش بۆ کورد لە دەستووری عێراقیدا چەسپا، ئەمە هەرچەند حکوومەتەکانی عێراقی ئەودەم و  دواتر، گەلێ جاران هەوڵی ئەوەیان دا کە ئەوەندەی دەتوانن ئەم دەسەڵاتە خۆجێییە، سیس و بێهێز بکەن.

دواتر كه‌ جه‌نگی جیهانیی دووه‌م پەیدابوو، کورد وەک فاکتەرێکی جیهانی، هاتەوە کایەی سیاسییەوە. بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی کوردی، بە ڕێبەریی مستەفای بارزانی کە بۆی دژوار بوو لەناو عێراقدا چالاکیی هەبێ و، سەر لە ئاخر ناچار کرا بخزێندرێتە ناو هەرێمی دەسەڵاتی ئێرانەوە. لەم ناوەدا لە ساڵی ١٩٤٦ لە باژاڕی مەهاباد دەوڵەتی کوردستان دامەزرا و، ئەمەیش لە مێژوودا بۆ جاری یەکەم بوو. دیارە ئەم حکوومەتە، هەرێمێکی بەرتەسکی دەگرتەوە. کۆماری مەهاباد ماوەیەکی کەم ژیا و، بەهاری ١٩٤٧، پێشمەرگە کوردەکان ناچار کران خاکی کوردستان بەجێ بێڵن و بەرەو سۆڤیەت ڕاو نران. مستەفای بارزانی بە پێشمەرگەکانییەوە ماوەی یازدە ساڵ لەوێ مایەوە و دوای ڕووخانی پاشایەتی لە عێراقدا، واتا ١٩٥٨، سەرۆكکۆمار "قاسم" داوای لە بارزانی کرد بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی.

بە بڕوای من، کۆماری کوردستان لە مەهاباد وەک فاکتەرێک لە سیاسەتی نێونەتەوەیی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا دەوری نەگێڕا و تەنیا لەگەڵ سۆڤیەتدا پێوەندیی هەبوو. بۆیەیش پێم وا نییە کە کورد لەو ماوەیەدا نموونەی دەسەڵاتێکی خەڵکی هەبووبێ کە ببێتە بناغە بۆ بەدواداچوونی مافی نێونەتەوەیی. بەم حاڵەوە، سەرنجڕاکێشە کە کورد توانیی کۆمارێک بۆ خۆی دابمەزرێنێ.

لە ساڵی ١٩٦٣، دەسەڵاتی قاسمیش ڕووخێنرا و چەند ساڵ دواتر، حیزبی بەعس هاتە سەر دەسەڵات و سەدام حوسێن وەک سیاسەتمەدارێکی ژمارە دوو دەرکەوت؛ هەرچەند لە ئەسڵدا سیاسەتمەداری هەرە گرنگ بوو و سەرۆککۆمار ئەلبەکر، تەنیا دەسەڵاتێکی ڕواڵەتیی هەبوو. سەدام، بە پیلان و بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە گەرەنتیی دەسەڵاتی خۆجێییی بە کوردەکان دا، بەڵام ڕاستییه‌كه‌ی هیچ بەرنامەیەکی بۆ مافپێدان و چارەکردنی پرسی کورد نەبوو. کورد زوو لەم ڕاستییە دەگات و بارزانی دەکەوێتە بەر هەڵمەتی تیرۆرێک، بەڵام ڕزگاری دەبێ و سەدام بە پلاندانەری ئەم تیرۆرە دەناسێنێ. لە ئەنجامدا شۆڕشێک لە ساڵی ١٩٧٤دا بەرپا دەبێ و پێشمەرگە لە بزاڤێکی ڕزگاریخوازیدا چەک هەڵدەگرێ. سەدام لە بەرامبەر ئەم بزووتنەوە چەکدارییەدا چ کارێکی پێ ناکرێ و لە کۆتاییی ساڵی ١٩٧٥دا لە دووتوێی ڕێککەوتنی ئەلجەزایردا، لەگەڵ شای ئێران پێک دێ و لە بەرامبەر کشاندنەوەی سنوورەکانیدا بۆ ئەم دیوی شەتولعەرەب، پشتیوانیی چەند ساڵەی شای ئێران لە بزووتنەوەی چەکداریی کوردەکان کۆتایی پێ دێ و، ئەم بزووتنەوەیەیش دادەمرکێ.

دوای ڕووخانی شا و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، جه‌نگێكی هەشت ساڵە لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراقدا دەقەومێ و سەدام لە قۆناغی کۆتاییی ئەم جه‌نگه‌، لە مانگی مای ١٩٨٨دا شاری هەڵەبجە، کە کەوتبووە بەر دەست هێزەکانی ئێرانییەوە، بۆمبارانی کیمیایی دەکا و پێنج هەزار کەس لە کوردەکان دەکوژێ. ئەمەیش، هەر بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنی ناودێر بە ئەنفال دژی کوردەکان و، بە کۆمکوژی دادەنرێ. ژمارەی تۆمارکراوی کوژراوانی کورد لێرەیشدا، لەگەڵ ئەوەی سەرچاوە کوردەکان خۆیان دەیڵێن جیاوازیی بەرچاوی هەیە. لە ٥٠ هەزارەوە تا ١٨٢ هەزار. سەدام بەر لە هەڵەبجەیش نزیکەی پێنج هەزار زیندانیی کوردی له‌سێداره‌ دابوو. وەبیر دێنمەوە کە چەند ساڵ لەمەوبەر، کۆمیسیۆنی دەرەوەی پەرلەمانی سوید ـ دیارە نەک حکوومەتی سوید ـ ئەنفالی بە پاکتاوی نەژادیی کورد ناسی.

لە پاش هێرشی سەدام بۆ سەر کوێت، جارێکی دی سەدام هێرشی کردەوە سەر کوردەکان کە دەیانەویست ئاڵوگۆڕ لە بارودۆخی خۆیاندا بکەن. ئەمریکا و بریتانیا هەرێمێکی دژەفڕینیان لە باکووری عێراق بۆ کوردەکان ڕاگەیاند کە بووە هۆی ئەوەی سەدام کۆنترۆڵی خۆی بەتەواوی بەسەر کورددا لەدەست بدات. کوردیش لەو هەرێمەدا توانیی دەسەڵاتی خۆجێییی خۆی دابمەزرێنێ، کە تاکوو ئێستا بەردەوامە. ئەمە بەکورتی مێژووی کوردەکانی عێراق بوو کە پاڵنەر و هاندەریانە بۆ گەشەی ئەم دەسەڵاتەی ئێستایان و دامەزراندنی حکوومەتی سەربەخۆ.

ئووڤێ برینگ لە کۆتاییی وتارەکەیدا، جارێکی تر ئاماژەی بەوە کردەوە کە کوردەکانی عێراق دەتوانن بە بەرجەستەکردنەوەی ڕیزپەڕی لە شەرعییەتی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی عێراق و، ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە ناوەندییە لە کردەوەدا گرنگی ناداتە مافی شیاوی ئابووری و سیاسیی کوردەکان، ڕێگەی سەربەخۆییی خۆیان بگرنە بەر و لەم پێناوەدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، دەوری گرنگ و ئەرێنی دەگێڕێ. ئەو گوتی: هەروەک مێژووی گەلێ وڵاتی دیکەیش نیشانی داوە، دەکرێ بە پشتبەستن بە پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین، کوردیش سەربەخۆییی خۆی لە دڵی ئەو وڵاتە ناوەندییەی لەگەڵیدا دەژی، وەدەست بێنێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples