بەرەو گۆڕانکاری لە جيۆپۆلیتیکی نەوت لە جیهاندا

2016-10-11

بەرەو گۆڕانکاری لە جيۆپۆلیتیکی نەوت لە جیهاندا

 

پێنووس: ڕۆژنامە گەورەکانی فەرەنسا بەبایەخەوە تەماشای دوایین ڕێکكەوتنی ڕێکخراوی دەوڵەتە هەناردەکارانی نەوت (OPEC)یان کردووە. هەر چواردە وڵاتی ئەندام لەم ڕێکخراوە، لە کۆتاییدا گەییشتن بە "سازانێك" بۆ نزمکردنەوەیەکی کەم  لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژی ٢٨/٩/٢٠١٦. ئەمە یەکەم ڕێکكەوتنە بۆ ئەم دەوڵەتانە لە دوای قەیرانی داراییی ساڵی ٢٠٠٨، ئامانجی نەهێشتنی نزمبوونەوەی نرخی نەوتە، کە بووه‌تە هەڕەشە بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەر لە ئاسیاوە تاوەکو ئەمریکای باشوور. لە ماوەی ٢٦ مانگ لە نزمبوونەوەی نرخی نەوت، وڵاتانی "OPEC" هیچیان نەکردبوو، هەرچەندە چوار جاریش لە ئاستی وەزیرەکان کۆ بوونەتەوە. چەندیش ڕووسیا هەوڵی دا، بگات بە ڕێكکەوتنێك لەگەڵ "OPEC"، کەچی هەر بێئەنجام بوو. جیهان تووشی سەرسووڕمان هات کە ڕێكکەوتنێکی لەم شێوەیە لە جەزائیر دروست بوو. لەگەڵ ئەم ڕێكکەوتنە هەست بە بەرزبوونەوەی بەهای نەوت کرا، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئەم بەرزبوونەوەیه‌، کورتخایەن دەبێت یان درێژ خایەن. تا ئێستا هەموو لایەك چاودێریی دۆخەکە دەکەن.

لەبەر ئەوەی ئەم ڕێكکەوتنە (کە بە ڕێكکەوتنی جەزائیر ناسراوە) بڕیاری کۆتایی نییە، لە ڕۆژی ٣٠/١١ کۆبوونەوەیەکی تر لە ڤییەننا، بۆ بەشە هەرە زەحمەتەکەی ئەم ڕێكکەوتننامەیە هەیە: ئەویش دانانی "کۆتا"ی بەرهەمهێنانە لە نێوان ئەم دەوڵەتانە. عێراق، ئەندام لە ئۆپێك، هەر لە ئێستاوە دژی ئەم جۆرە ڕێكکەوتننامەیە بۆ دیاریکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ یەك بە یەکی ئەندامەکانی ئؤپێك. هەروەها کەمکردنەوەی (٧٠٠٠٠٠) بەرمیل ڕۆژانە، ڕێژەیەکی کەمە. هەروەکو وەزیری نەوتی نەیجیریا  Kachikwu ڕای گەیاندووە، بنميچ (سەقف)ێك دانراوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت کە لە ٣٢،٥ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا تێپەڕ نەکات. بەرهەمی پێش ڕێكکەوتنەکە، نزیکەی (٣٣،٢) بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێکدا.

بەڵام شرۆڤەکارانی BMO Capital Markets  تێبینیی ئەوەیان کردووە کە ئەو "کۆتا"یانەی ڕێکخراوی "OPEC" دایدەنێت، وڵاتانی ئەندام خۆیانی پێوە پابەند ناکەن. گەورە بانکی ئەمریکی Goldman Sachs لەم بارەیەوە ڕایەکی تری هەیە؛ بە هۆی ئەم ڕێكکەوتنەوە، پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکات؛ بڕی (٧ تا ١٠) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك زیاد ببێت لە وەرزی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧. بەڵام لە مەودای دوورخایەن، ئەم بانکە زۆر باوەڕی بەوە نییە کە وڵاتانی "OPEC" ڕێز لە "کۆتا"ی بەرهەمهێنانی نەوت بگرن. کێشەکە لەوەدایە تا چەند نرخی نەوتيش بەرز بێتەوە، گەڕان و دەرکردنی نەوت زیاتر دەبێت. شرۆڤەکارێکی تریش لە گەورە بانکی فەرەنسیی SociétéGénéral، پێی وایە؛ گومان لە گەییشتن بە ڕێكکەوتننامەیەکی کۆتایی، وا دەکات کە نرخی نەوت لەم دوو مانگەی داهاتوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بە خۆیەوە ببينێت.   

بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەم ڕێكکەوتنەی جەزائیر، کە لە لایەن وەزیری نەوتی قەتەری، مەحەمەد سالەح ئەلسادە، بە ڕێكکەوتننامەیەکی مێژوویی وەسف کرا، لایەنێکی جيۆپۆلیتیکیی سەرنجڕاکێشی تێدایە. ئەم ڕێكکەوتنه‌، بەرهەمی ڕێكکەوتنی دوو برای دوژمنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: سعووديا و ئێران. ئەم ڕێكکەوتنە، خۆی جۆرە ئاگربەستێکی ئابووریی لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا دروست کردووە. هەر ئەم دوو دەوڵەتە، ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ ئەکتەری جەنگن دژی یەك لە یەمەن و سووریا و عێراق. کەچی لای هەردوو لایەن، کەمبوونەوەی نرخی نەوت، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر داهات و دارایی و هەوڵە سەربازییەکان بە مەبەستی خۆسەپاندنیان لە ناوچەکەدا، هەبووە. لە لایەکەوە، هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران، ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ بازاری نەوت دەدات؛ ئێران هیوای ئەوەیە بگات بە بەرهەمهێنانی ٤ مليۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە لایەکی ترەوە، سعوودیای عەرەبی، بەرەو ڕووی کورتهێنانێکی گەورە هاتووە لە بودجەی خۆی: نزیکەی ١٠٠ مليار دۆلار. هەر بۆ ئەم مەبەستە، سعوودیا کەمکردنەوەی مووچە و فەرمانبەری ڕاگەیاندووە.

بە ڕوانگەی گەورە سەرنووسەر "Hubert-Rodier"ی ڕۆژنامەی فەرەنسیی "Les Echos"، هەرچییەك بێت ناوەڕۆکی سازانی ئەم جارەی جەزائیر، جوگرافیای نەوت لە سنووری وڵاتانی "OPEC" نەماوە. بەرهەمی ئەم ڕێکخراوە، تەنیا (%٤٠)ی کۆی بەرهەمی نەوتی جیهان پێک دەهێنێت. لە دیدی ئەم سەرنووسەرەوە، ئەو سەردەمە تێ پەڕی، کە دەوڵەتانی ئەم ڕێکخراوە بتوانن جیهان تووشی شۆکی ئابووری بکەن هەروەکو لە ساڵانی ١٩٧٣ و ١٩٨٦ سازیان کرد. ئێستا، چەندین فاکتەری نوێ دروست بووە کە دەوڵەتانی هاوردەکاری نەوت کەمتر پشت بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەستن. زۆر وڵات لە ئابووریی وزە و دوور لە نەوت بەردەوامن. هەروەها ڕووسیا - یەکەم بەرهەمهێنی هایدرۆکاربۆن لە جیهاندا و ئەمریکا سەربەخۆیە لە بابەتی وزەدا. ئەم سەربەخۆبوونە، بە هۆی شۆرشی نەوتی "شیست" بووە، واتە نەوتی لە تاوێر دروستکراو. ئەم دوو زلهێزە "ڕووسیا و ئەمریکا" بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دڵخۆشن. ئێستا کارتی یارییە گەورەکە بە دەستی ئەو دوو وڵاتە زلهێزەیە؛ ئابووریی نەوت لە لایەن ئەم دوو زلهێزەوه‌ کۆنترۆڵ دەکرێت. دەتوانن خۆیان کارتەکان بەسەر جیهاندا دابەش بکەن. واتا وڵاتانی ئەندام لە "OPEC" گەمە گەورەکەی نرخی نەوت، بەرەبەرە، لە دەستیان دەردەچێت. تا چەند باوەڕ دەکەن، لە ترسی لەدەستچوونی داهاتەکانیان، تاران و ڕیاز یەک بگرن؟! 

 

سەرچاوەکان بە زمانی فەرەنسی:

1- http://www.lesechos.fr

2- http://www.lefigaro.fr

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples