2016-11-24
ئايا دەبێ داعش (دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام)، ڕابماڵدرێ؟
بۆلتنى ژمارە ٣٤، نۆڤهمبەرى ٢٠١٦
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم
لە مانگى ئابى ئەمساڵدا، پرۆفیسۆر ئەفرایم ئینبار تێڕوانینێکى پیلەکەئامێزى لە سەنتەرى "BESA" (سەنتەرى بیگن- سادات بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیژى) بڵاو کردەوە کە گوتبووى: (داعش)ێکى کز و پەڕپووت، بەڵام بزێو، بەڕاستى بەسوودە.
ئینبار واى نووسیوە: "بەردەوامبوونى داعش، دەتوانێ بانگەشە بۆ خەلافەت لەنێو مسوڵمانە ڕادیکاڵەکاندا هەڵبتەکێنێ؛ با لێ گەڕێین ئەکتەرە خراپ و بەدەکان یەکدى ببڕنەوە و بەیەکدییەوە خەریک بن، لە برى ئەوەى چاویان لەسەر ئارمانج و نیشانەکانى ڕۆژاوا بێ؛ داعش کۆسپ و تەگەرە لە ڕێگەى هەڵپەى ئێران بۆ کەڵەگاییکردن لە ناوچەکەدا دەنێتەوە."
"داعشێکى کز و پەڕپوت، یاریدەى هەڵتەکاندنى نەخشە و پلانى هەڵەشەکارانەى تاران دەدا بۆ باڵادەستبوون لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا تێکشکاندنى سەرومڕى داعش، تەنیا بە قازانجى هێژموونیى ئێران، بە قازانجى بەهێزبوونى ڕۆڵى ڕووسیا لە ناوچەکەدا، بە قازانجى درێژبوونەوەى ملهوڕى و زوڵم و زۆرى ڕژێمەکەى ئەسەد، تەواو دەبێ." ئەم قسانەى ئینبار هێندە ناباو و نائاسایى بوون، کە ڕۆژنامەیەکى هەرە کۆنەپارێزى ئێران، کەیهان (بە زمانحاڵى ڕابەرى باڵا، ئایهتوڵڵا عەلى خامنەیى دادەنرێ)، بێننە قسە و، لە لاپەڕەى یەکەمى خۆیدا، بەو ناونیشانە تیشک بخاتە سەر تێڕوانینەکانى ئینبار: "سەرۆکى سەنتەرێکى لێتۆژینەوەى زایۆنى دەڵێ دەوڵەتى ئیسلامى لە جهنگى دژ بە ئێراندا بەسوودە. داعش لەنێو مەبەن." داکۆکیى ئینبار لە ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام "ساغى دەکاتەوە کە خوانەناسە تیرۆریستەکان (واتە داعش) نوێنەرایەتیى زایۆنیستەکان و ئەمریکا دەکەن لە جهنگى دژ بە ئێراندا"، کەیهان واى نووسیوە.
هەڵبەت، ئینبار لە نووسینەکەیدا بە تەماى ئەوە نەبووە هەرگیز داکۆکى لە دەوڵەتى ئیسلامى بکا، بەڵکوو قامکى بۆ ئەو ڕاستییە ڕاکێشاوە کە کاربگێڕیى ئۆباما زیاد لە ڕادەى خۆى، هەڕەشە و مەترسیى داعشى گەورە کردووەتەوە تا ڕەوایى بە ئێران بدا وەک "ئەکتەرێکى بەرپرس"، کە گوایا شەڕى داعش دەکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. ئەمە بەشێک بووە لە بنەما و پرەنسیپى کاربگێڕیى ئۆباما بۆ ساتوسەودا نوکلیارییەکەى لەگەڵ ئێراندا.
ئەم وتارەى ئینبار، زوو بە زوو کاردانەوەى لێ کەوتەوە- وەک سەنتەرى "BESA" كە جێگەیەکى لەبارى گەڵاڵەکردن و خەمڵاندنى فیکر و سیاسەتچێکردنە. کۆلۆنێل دکتۆر ئیران لیرمان کە هاوەڵێکى ئینبارە و (پێشتر جێگرى بەڕێوەبەرى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەییى ئیسرائیل بووە) دژە-وتارێکى بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند کە مانەوەى داعش بەپێچەوانەوە هەڵپەى ئێران بۆ باڵادەستبوون بەهێزتر دەکا، نەک خاو بکاتەوە. ئهو واى نووسیوە: "تێکوپێکشکاندنى داعش، دەبێ ببێتە یەکەمین قۆناخ لە هەڵمەتێکدا کە گۆشەگیرکردن و پووچکردنەوەى ئێرانى لێ بکەوێتەوە." لێرمان، دان بەوەدا دەنێ کە خاڵى واقیعى و جومگەییى تێروانینى ئینبار ڕەنگدانەوەى ئەو داخ و کەسەرەیە کە خەڵکێکى زۆر لە ئیسرائیل و سەرانسەرى ناوچەکەدا هەستى پێ دەکەن، کاتێ کە کارگێڕیى ئەمریکا و ئەوانى دیکە، ئێران وەک هاوپەیمانێکى پۆتانسیۆڵ و بەسوود لە جهنگى دژ بەوەى کە ناوى لێ نراوە خەلافەت، وێنا دەکەن.
"لەم سۆنگەیەوە، ستراتیژییەک، لێ بگەڕێ داعش نوزەى لێوە بێ و زیندوو بمێنێ، خەتەرى گەورەى بەدواوەیە. ئەو ڕێسا و بنەمایەى کە ناکرێ و نابێ لە ئاست تیرۆردا نەرمى و بەزەیى بنوێندرێ، بنەمایەکى گرنگ و پڕبەهایە... هێرشى هەمانگکراوى ڕۆژاوایى بۆ سەر داعش، پەرەسەندنێکە کە ئیسرائیلییەکان و خەڵکانى دیکە، دەبێ پێشوازیى لێ بکەن، نەک دژى بوەستنەوە. سەرباریش، تهواو تێکوپێکشکاندنى داعش لە مەیدانى جهنگدا، بە لایەنى زۆرەوە، دەبێتە مایەى هەرەسهێنانى ئەو بیر و بۆچوونانەى کە داعش پاڵى پێ داون. لەوەیش زێتر، مانەوە و بەردەوامیى داعش و کار و کردەى هوڤییانەى، دیارییەکە بۆ ئایەتوڵڵا خامنەیى. خامنەیى داعش بۆ لاواندنەوە و ڕاکێشانى تورکیا بەکار دێنێ، داعش بۆ لۆمە و سەرزەنشتکردنى عەرەبستانى سعوودى بهكار دەهێنێ، داعش بەکار دێنێ بۆ پاساودانى زیانگەیاندن بە خەڵکى سوننەمەزهەب لە عێراق و سووریا لە ڕێگەى کرێگرتە و دەستنێژەکانى ئێرانەوە."
"لێرمان"یش، هەوڵى کاڵ و کرچ و پراگماتیکیى سەرۆک ئۆباما ڕەت دەکاتەوە کە دەیەوێ ئێران و داعش وەک دوو ڕکابەرى هاوسەنگ نیشان بدا. لێرمان دەڵێ، ڕۆژاوا و "کەمپى جێگیر و هێور"ى سوننە، دەبێ ستراتیژییەک گەڵاڵە بکەن کە هەموو ئیسلامگەراکان: ئێران، داعش و ئیخوان موسڵمینەکان وەک دژمن سەیر بکا.
"ئەم لایەنانە، دەبێ پلانى هێرشێکى قۆناخ بە قۆناخ دابڕێژن کە بە تێکشکاندنى داعش دەست پێ بکا و، پاشان بچێتە سەر پەراوێزخستنى ئیخوانەکان و، دوایییەکەیش ڕژێمى ئێران گۆشەگیر بکا و، ئەو دەسکەوتانەى لێ وەربگیرێتەوە کە لەژێر ناوى بەرەنگاربوونەوەى داعش وەدەستى هێناون."
ليرمان كۆتاییى وتارەکەى بە قسەیەکى کاتۆ-ى سیناتۆرى ڕۆمانى هێناوە: (Raqqa Delenda Est)، واتە پێویستە پایتەختى داعش بگیرێتەوە و ئەو ڕێکخراوە تێکوپێک بشکێندرێ.
هاوەڵێکى دیکەى ئینبار، پرۆفیسۆر ستیڤن داڤید لە زانکۆى جۆنز هۆپکینز (ئەندامى دەستەى ڕاوێژکارى ئەکادیمیکى نێودەوڵەتى بۆ سەنتەرى BESA) هاتە دەنگ. پرۆفیسۆر داڤید واى نووسیوە: "تێکوپێکشکاندنى داعش و بنبڕکردنى ئەو کوشتوبڕەى ئەنجامى دەدا، چى پێ ناوێ، بێ لە سڕینەوە و لەناوبردنى خەلافەتەکەى داعش. لە ڕێگەى کۆنترۆڵکردنى خاکەوە، داعش دەکارێ و دەتوانێ خەڵک ساز بدا و بەکاریان بهێنێ بۆ هێرش و پەلامارى تیرۆریستانە و بێتواناییى ڕۆژاوا لە نەهێشتنى هەڕەشەیەکى گوشارهێن، نیشانى دنیا بدا."
"لەنێو جەرگەى ڕۆژهەڵاتى ناڤیندا، داعش لووتى خۆى دەژەنێتە ناو جیهان، بە سەدان خەڵکى بێسووچ و گوناه دەکوژێ و، ناوچەیەکى گرنگ دەشلەژێنێ. ئەمە چمان لەبارەى تواناى ڕۆژاوا بۆ پاراستنى خۆى، پێ دەڵێ؟ لەگەڵ هەر هێرش و پەلامارێکى تیرۆریستانەى داعشدا، لەگەڵ جاڕدانى بەرپرسیارێتی لەو هێرشانەدا، بەقا و متمانە بە ڕۆژاوا کەم دەبێتەوە. ئەگەر کۆمەڵە دەوڵەتێکى هەرە بەهێزى دنیا، نەتوانن ئەو هەڕەشە بەردەوامە پووچ بکەنەوە کە نزیکەى 30000 چەکدارێکى توندڕهوى ئایینى بە خۆیان و پیکەبەکانیانەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى ڕۆژاواى دروست دەکەن، ئەوا تواناى ڕۆژاوا بۆ دابینکردنى ئاسایش و تەناهیى وڵاتەکانى خۆى- با قسەیەک لەبارەى پێکهێنانى جیهانێکى لیبراڵ نەکا- دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
ئينبار داکۆکى لە بۆچوونەکانى خۆى دەکا. بۆ وەڵامدانەوەى ئەرگیومێنتەکەى د. لیرمان کە دەڵێ داعش پاساو دەداتە دەست ئێران بۆ وەدەستهێنانى هێژموونیى هەرێمایەتى، ئینبار قامک بۆ ئەوە ڕادەکێشێ کە ئێران پێویستیى بەو پاساوە نییە. بۆ ئەرگیومێنتەکەى پرۆفیسۆر داڤیدیش کە دەڵێ سەرکەوتنى داعش، کزى و نابودیى ڕۆژاوا دەردەخات، ئینبار وەڵام دەداتەوە و دەڵێ کزى و نابودیى ڕۆژاوا زۆرتر خۆى لە لەبەرداهینان (تنازلات)ى کاربگێڕیى ئۆباما بۆ ڕۆحانى، بۆ ئەسەد و بۆ ڤلادیمیر پووتین دەنوێنێ نەک بۆ ئەبوبەکرى بەغدادیى داعش. هەڕەشەى چەکە نوکلیارییەکانى ئێران بۆ سەر ڕۆژاوا و هێژموونیى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەگەڕکەوتنەوەى ڕووسیا لە ئەوروپا، زۆر زۆر گەورەترن لە هەڕەشەى تیرۆریستانەى داعش.
لەبارەى ئەو ئەرگیومێنتەیشەوە، کە دەڵێ تێکوپێکشکاندنى خەلافەتى بەغدادى، تیرۆریزم شل و گۆد دەکا، ئینبار بە توڕەیییەکەوە دەڵێ یاخیبووە ئیسلامییەکان لهمێژه ڕەگیان لەنێو دەیان وڵاتى سەرانسەرى دنیادا داکوتاوە و، شیعە (ئێرانى/ حزبوڵڵا) و تۆڕەکانى دیکەى سوننەگەرا لە خزمەتیاندان. زووتر هەر ئەمساڵ، پرۆفیسۆر هیلەل فریسچ، لێکۆڵینەوەیەکى لەبارەى هەڕەشەى داعش بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەییى ئیسرائیل ئەنجام دا.
ئەو پرۆفیسۆرە گەییشتبووە ئەو ئەنجامەى کە دەبێ ئیسرائیل لە ڕووى سەربازییەوە، لە جهنگى داعشدا بێلایەن بێ، مادامەکێ (واتە تا ئەو کاتەى) ئەو هێزانەى لهگهڵ داعش دهجهنگن، بەتایبەتى ئێران، لە ڕێگەى پێدانى چەکى پێشکەوتوو بە ناوچەکە، یان لە ڕێگەى هەوڵدان بۆ دانانى بنکە و قزگەى تیرۆر لە نزیک سنوورەکانى ئیسرائیل، "هێڵە سوورەکان"ى ئیسرائیل نابەزێنن.
سەرچاوە: