تورکیای هاوپەیمانمان لە قەیراندایە و پێویستیی بە یارمەتیی ئێمەیە

2016-11-26

تورکیای هاوپەیمانمان لە قەیراندایە و پێویستیی بە یارمەتیی ئێمەیە

 

جێن مایکڵ تی فڵین

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە زۆربەی ئەمریکییەکان، نازانن دەبێت چی بۆ تورکیای هاوپەیمانمان بکرێت، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە بە بارودۆخێکی قەیراناویی سیاسیدا تێ دەپەڕێت و، هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی ئەو ناوچەیە. میدیا ئەمریکییەکان کارێکی باشیان کرد لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکانیان لەسەر سەختگیریی حکوومەتەکەی ئەردۆغان دژی ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام لە دیدگه‌یەکی باشەوە نەیانڕوانیوەتە بابەتەکە.

دەبێت ئـێمە لەو تێگەییشتنەمانەوە دەست پێ بکەین، کەوا تورکیا بۆ مەرام و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، زۆر گرنگە. تورکیا بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمەیە لە دژی داعش لە سووریا و عێراقدا و، سەرچاوەی سەقامگیریی ناوچەکەیشە. لە ڕووی سوپایییەوە، تورکیا هاوکارێکی باشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبووە. بەڵام ئیدارەی ئۆبامایش تورکیای پەراوێز خستبوو، کە ئەمەیش سیاسەتێکی ژیرانە نەبوو لەسەر ئەو هاوپەیمانییە مێژینەیەی نێوانمان.

بابەتی سەرەکیی ناڕەزاییی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا، "فەتحوڵڵا گوڵەن"ە، کە مەلایەکی گومانلێکراوی دانیشتووی پێنسیلڤانیایە و، جارێکیان سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کلینتۆن، بە "هاوڕێ"ی خۆی ناوی بردووە.

گوڵەن وا خۆی نیشان دەدات کە گوایە کەسێکی میانڕەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو مسوڵمانێکی توندڕەوە. ئەو بەشانازییەکی زۆرەوە دەڵێت جەنگاوەرەکانی، ئامادەی جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی ئەون. ئەگەر گوڵەن کەسێکی میانڕەو بوایە، تورکیای بەجێ نەدەهێشت و، هانی دوژمنایەتیکردنی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و حکوومەتەکەی نەدەدا.

بۆ ئەوانەمان کە لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر‌ دامەزرێنەرانی ئیخوان موسڵیمین (حەسەن بەننا و سەیید قوتب) کردووە، لە کردار و گوفتاری گوڵەنیش تێ دەگەن. کۆتایییەکانی سەیید قوتب، زۆر لە ئێستای گوڵەن دەچوو. سەیید قوتب، نووسەری ٢٤ کتێبی پەروەردەیی و هونەرییە و، بازنەیەکی ناوەکیی لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران دروست کردبوو. بەپێچەوانەی ئەو لایەنە ڕووکەشییەی (façade)، سەیید قوتب نیشانی دەدا، نووسینەکانی هاندەرێک بوون بۆ دروستبوونی گرووپی تیرۆریستیی وەك ئه‌لقاعیدە. قوتب لە ساڵی ١٩٦٦دا، بە تۆمەتی ئەوەی کە هاندەری یاخیبووەکان بووە لە میسر، لەسێداره‌ درا.

بە هەمان شێوە حه‌سه‌ن بەننا، کە کەسێکی میسری بوو، لە ساڵی ١٩٤٦دا مرد؛ داڕێژەری بناغەی جیهادییەکان بوو، کە پرۆسەیەکی لەسەرخۆ و درێژخایەن بوو. ئەم پرۆسەیەی، ماوەی چارەکە سەدەیەکی خایاند لە پێناو ئامادەکردنی هێزێك بۆ هەر هێرشێکی یەکلاکەرەوە لەسەر هەر بابەتێک کە خۆیان بیانەوێت. بەننا، بەئاشکرا دەیگوت: تەنیا شەریعەت ڕێسا و دەستوورمانە.

بۆ ئەو کەسانەی کە لە کۆمەڵگەیەکی هوشیاردان و کەسانێکی بەئاگان، بە هەمان شێوەی قوتب و بەننا، مۆرکی تیرۆر بە گوتە و نووسینەکانی گوڵەنەوە دیارە. تۆڕە جیهانییەکەی گوڵەن، ئاماژەیەکە بۆ تۆڕێکی نووستووی تیرۆر و، هەموو نیشانەیەکی ئەو تۆڕە نووستووە تیرۆریستییەی تێدایە. لە دیدگه‌ی تورکیایشەوە وا دەبینرێت، کە واشنتۆن "ئوسامە بن لادن"ێکی تورکیی لەخۆ گرتووە و حەشاری داوە.

بێدەنگیی واشنتۆن لە ئاستی ئەو ڕووداوە بەربڵاوەی تورکیا (هەوڵی کۆدەتا سەربازییەکەی ١٥/٧/٢٠١٦ی تورکیا)، قسەوباسێکی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتی کاتێک گوێمان لەو گوتە باوەڕپێنەکراو و بێبنەمایانە دەبێت، کە دەڵێن گوایە سەرۆکی هەڵبژێردروای تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، خۆی ئەم کۆدەتایەی ئه‌نجام داوه‌ و بۆمبارانی پەرلەمانەکەی خۆی کردووە و زەرەری لەو ئابوورییە بەهێزەی تورکیای داوە، تەنیا بۆ ئەوەی دۆست و دوژمنی خۆی بۆ دەرکەوێت و بزانێت کێ دوژمنیەتی. ئەمە قسە و قسەڵۆکێکی بێبنەمایە و، هەمان قسەوباسی ئەوانەیە کە دەیانگوت هێرشەکەی ١١ی سێپتێمبەری ئەمریکا، دەستی خودی ئەمریکا خۆی تێدا هەبووە، بۆ ئەوەی بیانووی داگیرکردنی جیهانی ئیسلامی هەبێت و، نەوتەکەیان ببات!

بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە، ئەمە زیاتر خراپکردنی بارودۆخەکەیە، کەوا ئەمریکییەکان لە ڕێگەی باج و خەراجەوە، کۆمەکی داراییی ١٦٠ قوتابخانەی ڕێپێدراوی گوڵەن دەکەن. ئەم قوتابخانانە زیاتر لە کۆمپانیای گووگڵ هەل و گەرەنتی وەرگرتنی جۆری H1-B ڤیزەیەیان پێ دراوە (H1-B جۆرێکە لە ڤیزا، کە ڤیزای کۆچبەری نییە و، بەپێی ئەم ڤیزایە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕێگە بە دەرچووانی ئەم قوتابخانانە دەدەن ئیشیان بۆ بکەن و ئیش و کاریان دەدەنێ). باوەڕ ناکەیت کە چۆن کارمەندانی ڤیزا، ڤیزایان بە کۆمەڵێک مامۆستا داوە، کە تەنانەت ناتوانن بە ئینگلیزی بئاخڤن و بەئاسانیش لێیان تێ ناگەیت. بەرنامەی سی بی ئێس (CBS)، کە بەرنامەیەکی ٦٠ خولەکییە، ئاخاوتنی یەکێك لەو مامۆستا تورکییە هێنراوانەی، وەک دۆکیۆمێنت وەرگرتووە. لە ئۆهایۆ و تەکساسدا، لە چەندین سکاڵای یاساییدا، ئاماژە بە پەرەسەندن و کارکردنی نائاساییی ئەم قوتابخانانە دراوە.

بەڵام وا پێ دەچێت کۆمەکی داراییی ئەم قوتابخانانە، بۆ تۆڕەکەی گوڵەن نەبێتە گرفت. پارێزەرەکانیان دەتوانن لە سەرچاوە دارایییەکانی حکوومەتەوە کۆمەکی دارایی بۆ تۆڕەکەی گوڵەن دەست بخەن. خێرخوازەکانی وەک دەزگه‌ی کۆزمۆس (Cosmos Foundation)، بەردەوامن لە هاوکاریکردنی قوتابخانە ڕێپێدراوە یاسایییەکانی گوڵەن.

لە هەمان کاتدا، دەزگه‌ی کۆزمۆس بەخشەرێکی سەرەکیی دەزگه‌ی کلینتۆنیشە. ئیتر ئەمە شتێکی سەیر نییە کلینتۆن، مەلا گوڵەن بە"هاوڕێکەم" بانگ بکات. چیتر ئەوە شتێکی شاردراوە نییە، کە هوما عابدین (Huma Abedin)ی یاریدەدەر و دەستەخوشکی هیلاری کلینتۆن، بۆ ماوەی دوانزە ساڵ سەرنووسەری گۆڤارێک بووە، كه‌ لە لایەن پەیمانگه‌یەك لە لەندەن بۆ پرسی مسوڵمانی کەمینە بڵاو کراوەتەوە. ئەم پەیمانگەیە، هاندەر و زیندووکەرەوەی بیرۆکەی مسوڵمانە توندڕەوەکانی وەك حەسەن بەننا و سەیید قوتب و هاوبیرەکانیانە.

کۆمەڵگەی ئەمریکییان بەوە قایل کردووە و ئەو بڕوایەیان لا دروست کردوون کە گوایە گوڵەن سۆفییە و خەریکی گوتنەوەی وانەکانی ڕومیی شاعیرە و گەشە بە گفتوگۆ ڕوحییەکانی مرۆڤ دەدات و، لاوە ئەمریکییەکان بە باشترین پەروەردە فێری بیرکاری و زانست و ئینگلیزییان دەکات. دەنگە ناڕازییه‌كان لەم کەسە، بەخێرایی لە لایەن تۆڕەکەیەوە خەفە و بێدەنگ کران. ئەو ڕووکار و دەمامکە (façade)ی بەڕووی خۆیدا دروست کرد، کە گوایە کەسێکی میانڕەوە لەگەڵ سەرۆکی ئێستای تورکیادا.

ئەم وێنەیە، بیرخەرەوەی هەڵەیەکی گەورەی سەردەمێکی پێشووی ئەمریکایەــ ئەو هەڵەیەی کە بۆ تاهەتایە بڕی تێچووی ئاسایشی نێونەتەوەییی بەرز کردەوە خەرجیەکانی زیادکرد. هەموو ئەو مەلا ڕیشنە بەتەمەنەمان بیر دێتەوە کە لە ساڵی ١٩٧٨ لە نوفل لوشاتوی (Neauphle-le-Château) لە پاریس لەژێر درەختی سێوەکە دانیشت.

دەیگوت من پیاوی خوام و هاتووم بۆ لەناوبردن و ڕووخاندنی دیکتاتۆرێک و، گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی خەڵک. واشنتۆن بڕوای پێ کرد! بەداخەوە دوای سەرکەوتنی و گرتنەدەستی دەسەڵات لە شۆڕشی ئێراندا، بەترسەوە سەیرمان دەکرد کە بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ دیپلۆماتکارەکانمانی بەند کرد؛ هەر لەو شوێنەی کە یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانەکانمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێ بوو. لە دوای ئەو هەڵە بەرپێنەگیراوەوە، ئیتر جارێکی تر جیهان وەک خۆی لێ نایەتەوە.

ئایەتوڵڵا خومەینی، ئەو پیاوە خوایییەی  بن دارسێوەکە، بوو بە یەکێک لە سەرەکیترین لایەنەکانی سپۆنسەرکردنی تیرۆر. پاسەوانە شۆڕشگێڕەکانی حزبوڵڵای لە لوبنان دامەزراند کە ڕێکخراوێکی به‌ناوبانگی تیرۆریستییە. تیرۆریستەکانی ئایەتوڵڵا، خزمەتکارە ئەمریکییەکانیان کوشت و، بە هەزاران سوننه‌مەزهەبی عێراقییان لەناو برد و، سوپای قودسیان لە سووریا چەندین هاووڵاتیی سوننه‌مەزهەبیان كۆمه‌ڵكوژ كرد. دەرەنجام، داعش وەک پەرچەکردارێکی توندڕەوی سوننی، دژ بەو پاشاگەردانییەی مەلای هاوڕێی ژێر دارسێوەکەمان دروست بوو.

کاتێک مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، کە خەڵکی، هەمان هەڵەی پێشوویان دووبارە دەکەنەوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە تێڕوانینێکی نوێوە سەیری تورکیا بکەین. بڕیارێکی ژیرانە نییە ‌هیچ شتێک لە دژی تورکیا بکەین، کە لە ناتۆ (NATO)دا هاوپەیمانمانە و، نابێت واشنتۆن بە دەمامکی تیرۆر هەڵبخەڵه‌تێت، بە دەمامکی تیرۆر و ناسەقامگیرییەک، کە لە ناوماندا و لە پەنسیلڤانیا، خەریکە چەکەرە دەکێشێت و گەورە دەبێت.

ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە پێداچوونەوە بۆ سیاسەتمان بکەین و، سیاسەتی دەرەوەمان چاک بکەین و، تورکیا لە سەرووی کارەکانمانەوە دابنێین و، لە سیاسەتی دەرەوەماندا له‌پێش هەموو کارەکانمانه‌وه‌ بێت. دەبێت لە دیدگه‌ی تورکیاوە سەیری جیهان بکەین. بیرکردنەوەی ئێمە چۆن دەبوو و چیمان دەکرد ئەگەر لە دوای ڕووداوەکەی یازدەی سێپتێمبەر (١١/٩) بمانبیستایە، کەوا ئوسامە بن لادن لە یەکێک لە ڤێلاکانی تورکیادایە و، ١٦٠ قوتابخانەی لە تورکیادا هەیە، کە بە باج و خەراجی خەڵکی تورکیا بەرێوە دەچن؟

هێزە توندڕەوە ئیسلامییەکان، لە بازنەیەکی توندەڕەوی وەک تۆڕەکەی گوڵەنەوە سەرچاوە دەگرن. نابێت ئێمە ژینگەیەکی بەهەشتی بۆ گوڵەن بسازێنین. بۆ ئێمە زۆر گرنگە بزانین، هاوڕێ ڕاستەقینەکانمان کێن.      

     

      

  • جێن مایکڵ تی فڵین، کاربەڕێکه‌ری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بووە و، نووسەری کتێبی "گۆڕەپانی جەنگـ - ”The Field of Fightه. ‌فڵین لە ٨/١١/٢٠١٦دا گوتارێکی پێشکەش کرد، دەڵێت: "ئێمە دەبێت لە دیدگه‌ی تورکیاوە سەیری جیهان و ناوچەکە بکەین."
  •  

سەرچاوە:

http://thehill.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples