مووسڵ؛ داهاتوویەکی زۆر مەترسیدارتر لە ئێستای داعش

2016-11-27

مووسڵ؛ داهاتوویەکی زۆر مەترسیدارتر لە ئێستای داعش

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگە هەورامی 

 

مووسڵ یەکێکە لە شارە گەورەکانی عێراق و، بە دووریی ٤٠٠ کم دەکەوێتە بەشی باکووری بەغدای پایتەختەوە. ڕووباری دیجلە ئەم شارە دەکات بە دوو بەشەوە و، بەشە سەرەکییەکەی دەکەوێتە بەشی ڕۆژاواوە.

هەرچەندە زۆرینەی دانیشتووانەکەی مسوڵمان و مەسیحین و، زمانی عەرەبی، زمانی بەکارهێنانە؛ بەڵام ئەم شارە بەوە ناسراوە، کە کۆمەڵگەیەکی تێکەڵە و، ئایین و کەمایەتیی جیاجیای تێدایە. حکوومەتی عێراق لە ١٠/٠٦/٢٠١٤دا کۆنترۆڵی ئەم شارەی لەدەست دا و، کەوتە ژێر دەستی داعشەوە. بەم هۆیەیشەوە، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی ئاوارە بوون و، لە کەمپەکانی "یوئێن" جێگیر بوون. ئەم داگیرکارییەیش قسەوباسێکی زۆری لە نێوان سیاسییەکاندا بە دوای خۆیدا هێنا، لەوەی کە کێ لە به‌ده‌سته‌وه‌دان و داگیرکردنی مووسڵ بەرپرسیارە.

لە دوای ٢٠٠٣وە، مووسڵ یەکێک بووە لەو شارانەی کە دژی هەبوونی ئەمریکا لە عێراق بووە و، ڕۆژانە لەم شارەدا هێرش کراوەتە سەر سوپای ئەمریکی و، بەم جۆرە، ڕۆژانە هەندێك سەربازی ئەمریکی دەکوژران و هەندێکیش بریندار دەبوون. ئەگەر ئاوڕێک لە دواوە بدەینەوە، دەگەینە ئەوەی کە لە دوای ٢٠٠٣وە ئەمە یەکەم جار نەبووە کە ئەم شارە بکەوێتە ژێر دەستی یاخیبووەکان. لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥دا ئەم شارە کەوتە ژێر دەستی یاخیبووەکان، بە جۆرێک کە چیدی ئەمریکییەکان نەیانتوانی لەوێ بمێننەوە و ئەو شارەیان بەجێ هێشت.

ئەو کاتە، مووسڵ کەوتە ژێر دەستی کۆمەڵێک یاخیبوو، کە زەرقاوی سەرکردایەتیی دەکردن و گرووپێکی تیرۆریستیی سەر بە ئەلقاعیدە بوون. بەڵام ئەم دەستبەسەراگرتنە، تەنیا چەند ڕۆژێکی خایاند کە سوپای ئەمریکی دووبارە لە چەند لایەکەوە هێرشی کردە سەریان و، شارەکەی لەژێر دەست دەرهێنانەوە.

ئێستایش داعش، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە دەستی بەسەر ئەم شارەدا گرتووە، لەژێر گوشارێکی زۆری هێزە ئازادکەرەوەکاندان. ئەم هێزانەیش لە سوپای عێراق و پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکان پێك دێن. ئەم هێزانە لە سێ قۆڵی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکوورەوە، دەستیان بە هێرشبردن کردووە و، بەرەی ڕۆژاوای شارەکەیان بەکراوەیی جێ هێشتووە. ئەمەیش لای زۆرینە، بووەتە پرسیارێك کە داخۆ بۆچی بەرەی ڕۆژاوایان بەکراوەیی جێ هێشتووە؟ وەڵامی ئەمە ئاسانە، ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە کە درگه‌یەك بێت بۆ هەڵهاتنی داعشەکان بەرەو سووریا.

ئەم جەنگەی مووسڵ، زیاتر جەنگێکی سیاسییە وەك لەوەی کە جەنگێکی سەربازی بێت. ئەم شارە بەم زووانە ئازاد دەکرێتەوە و ئاهەنگی ئازادکردنەوەی بۆ دەگێڕدرێت، بەڵام باشترە بیر لەوە بکەینەوە کە لە دوای ئازادکردنەوەی ئەم شارە، چی ڕوو دەدات؟ بارودۆخێکی زۆر مەترسیدارتری دەبێت وەك لەو دوو ساڵەی کە لەژێر دەستی داعشدا بووە! لە ئێستادا دوو نەیار لە دژی یەک، کار دەکەن و دێنە ناو عێراق و سووریاوە بۆ داڕشتنەوەی پلانی داهاتوویان لە ناوچەکەدا.

لایەنی یەکەم، ئەمریکا و تورکیان و، لایەنی دووەمیش ئێران و ڕووسیان. بەرەی ئەمریکا و تورکیا لە ڕێی پێشمەرگەوە، هاتوونەتە ناوەوە و بەرەی ڕووسیا و ئێرانیش لە ڕێی شیعەکانەوە، کە لە لایەن جه‌نه‌ڕاڵ "قاسم سولەیمانی"یەوە سەرکردایەتی دەکرێن. ئێران دەیەوێت دەستی بگەیەنێتە سووریا و، ناوچەیەکی شیعی لە عێراق و سووریادا دروست بکات، بەڵام ئەمریکا لەم بابەتە ئاگادارە و دەیەوێت ئەم پلانە پووچەڵ بکاتەوە.

دەرەنجام، پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکان پێکەوە ناگونجێن و، ناکۆکییەکی کەم بەسە بۆ ئەوەی پێکدادان لە نێوانیاندا دروست ببێت. بیهێنەرە پێش چاوی خۆت کە لە دوای ئازادکردنەوەی مووسڵ ئەم هەموو بەرە جیاوازانە، بە بەرژەوەندییە جیاوازەکانیانەوە لە نزیکەوە پێك دەگەن، دەبێت چی ڕوو بدات؟

 

*

  • ئەم بابەتە لە (The Maghreb and Orient Courier)ه‌وە وەرگیراوە.

 

سەرچاوە:

http://lecourrierdumaghrebetdelorient.info

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples