جەنگی دژ بە داعش، ١٠ جەنگی چاوەڕوانکراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت

2016-12-01

جەنگی دژ بە داعش، ١٠ جەنگی چاوەڕوانکراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت

لیز سڵای

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگە هەورامی

سنووری دەسەڵاتی خەلافەتی داعش، بەخێرایییەکی بەرچاو لە کەمبوونەوەدایە. سەنگەرەکانی بەرگریکردنی داعش لە عێراق و سووریادا، یەک بە دوای یەک تێک دەشکێن. ئەو جەنگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات گەییشتووەتە خاڵێک، کە پرسیارگەلێکی سەبارەت بە کۆتاییی جەنگەکە و "دوای ئەم جەنگە، چی ڕوو دەدات؟" بە دوای خۆیدا بهێنێت.

تا ئێستا وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە، دوای ئەم جەنگەی داعش چی ڕوو دەدات؟، ئەوەیە، کە وا دیارە جەنگێکی زیاتری بەدواوە بێت. بەشێکی ئەم ڕێتێچوونەی جەنگی دوای داعش، دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیژییەتی ئەمریکا کە لەم جەنگەدا پشتی بە کۆمەڵێک هاوپەیمانیی خۆی لە ناوچەکەدا و کۆمەڵێک گرووپ و تاقمی چەکدار بەستووە کە زۆر جار بەتوندی بەرانبەری یەکتر دەبنەوە. بەم جۆرە، هەموویان داعش بە دوژمنی خۆیان دەزانن و، هەروەها هەندێک لەم گرووپانە لەناو خۆیاندا، هەندێکی تریان بە دوژمنی خۆیان دەزانن. هەر کاتێک شوێنێک لە داعش پاک دەکەنەوە، دەبێتە دەمەقاڵەی نێوانیان و، هەرکەسە دەڵێت من ئازادم کردووە و لەژێر دەسەڵاتی مندا دەبێت، بە جۆرێک کە خەریکە پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بێت. لە دوای جەنگی داعش، لەسەر ئەو شوێنانەی ئازاد دەکرێنەوە، چه‌ند جه‌نگێكی نوێ بەڕێوەن.

هەرچەندە ئەمەی لە خوارەوە دێت ڕیزبەندی نییە، بەڵام ئەمانە دە جەنگی چاوەڕوانکراون، کە پێ دەچێت لە دوای جەنگی داعش ڕوو بدەن. هەندێک لەو جەنگانە جێی گومانن و، هەندێکیشیان هەر لە ئێستاوە دەستیان پێ کردووە و، هەندێکیشیان لەوانەیە هەر ڕوو نەدەن. بەڵام ڕوودانی هەر یەکێک لەم جەنگانە، هەلێک دەبێت بۆ زیاترمانەوەی داعش و، بەبەردەوامی بارودۆخێک دەڕەخسێنن، کە داعش گەشە بکاتەوە و، لەوانەیشە وا بکات بۆ چەندین ساڵ ئەمریکا لەو ناوچەیە گرفتار بکات.

جەنگی یەکەم: جەنگی نێوان ئەو هێزە کوردانەی ئەمریکایان لە پشتە، لەگەڵ ئەو هێزە عەرەبانەی تورکیایان لە پشتە لەناو سووریادا

ئەمە یەکێکە لەو جەنگانەی کە هەر لە ئێستاوە دەستی پێ کردووە و یەکێکیشە لە هەرە ئاڵۆزترین جەنگەکان. تورکیا، کە لەناو وڵاتەکەی خۆیدا دژی ئەو کوردانە دەجەنگێت کە لە هەوڵی جیابوونەوەدان و، چاودێریی بارودۆخی کوردەکانی سووریایش دەکات، کە لە ئێستادا بە هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان لە باکووری سووریادا فراوان دەکەن. عەرەبە یاخیبووەکانی سووریایش، کە تورکیا هاوکارییان دەکات، دژی ئەو پەلهاوێشتنه‌ی کوردەکانن و، وەك دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی عەرەبی لە قەڵەم دەدەن. دوو هەفتە لەمەوبەر، کاتێک تورکیا دەستی بە دەستێوەردان لە سووریادا کرد و، کەوتە هاوکاریی عەرەبەکان، زۆر بەڕوونی ئەوە دیار بوو کە چەند ئامانجی یارمەتیدانی عەرەبەکان بوو بۆ بەره‌نگاربوونەوەیان لە دژی داعش، ئەوەندەیش ئامانجی یارمەتیدانی ئەو عەرەبانە بوو بۆ بەره‌نگاربوونەوەی کوردەکان. بەم شێوەیە جەنگ لە نێوان عەرەبەکان و کوردەکان دەستی پێ کرد. ئەمریکا داوای لە هەردوو لا کرد کە جەنگ ڕابگرن، بەڵام ئەوە ڕوون نییە کە ئایا ئەمریکا و تورکیا، کە هاریکاریی ئەو دوو لایەنە دەکەن، جەنگەکە قووڵتر دەکەنەوە یان ڕای دەگرن.

جەنگی دووەم: جەنگی نێوان تورکیا و کوردانی سووریا

ئەم جەنگە هاوشێوەی جەنگی یەکەمە، بەڵام جەنگێکی گەورەتر دەبێت. لە ئێستادا تورکیا دەسەڵاتی خۆی گواستووەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی سووریا کە لە لایەن داعشەوە داگیر کرابوون و ناوچەگەلێکی عەرەبنشینن. بەڵام تورکیا زۆر نیگەرانە بەرانبەر ئەو دەوڵەتە کوردییە دیفاکتۆیەی کە بە درێژاییی سنوورەکانی، بەرەو ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، درێژ دەبێتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵدا کوردەکان لەو ناوچەیە، ئۆتۆنۆمیی خۆیانیان ڕاگەیاند و، لە ئێستایشدا تورکیا بە درێژاییی سنوورەکانی، لە هەوڵی دروستکردنی دیوارێکدایە بۆ ڕێگریکردن لەو کوردانە، لە چوونەناو وڵاتەکەی. ئەگەر ئەم ناکۆکییانە هەر بەم جۆرە بەردەوام بن، ئەوا تورکیا ڕاستەوخۆ ئەو ناوچەیەی کوردەکان، کە هەندێک سەربازی ئەمریکیشی لێیە، داگیر دەکات.

جەنگی سێیەم: جەنگی نێوان کوردانی سووریا و حکوومەتی سووریا

هەروەها حکوومەتی سووریایش لە بەرانبەر ئەم کوردانەدا، کە خەون بەو ناوچە کوردنشینانەی خۆیانەوە دەبینن و، دەیانەوێت ئازادی بکەن، هەست بە مەترسی دەکات. هەتا ئەم دوایییانەیش، کوردەکان هاوپەیمانییه‌کی زۆر باشیان دەگەڵ سووریادا نەبوو، بەڵام چەند جارێک بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، بەشانازییەکەوە ئەوەی دووپات دەکردەوە کەوا "حکوومەتەکەی، یارمەتیی پڕچەککردنی کوردەکان دەدات". ئەم پەیوەندییەی نێوان حکوومەتی سووریا و کوردەکان، سارد بووەوە کاتێک کوردەکان ئۆتۆنۆمییان ڕاگەیاند و، لەو شوێنانەی کە سوپای هەردوو لای لێ بوو، چەند جەنگێکی ماوەکورتیان لە دژی بەرپا کرد. لە ئێستادا ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەم خواستی خۆبه‌ڕێوەبەرییەی کوردەکان، لەگەڵ خواستی ئەسه‌د یەک ناگرێتەوە، کە باسی سەروەریی دەسەڵاتی سووریا لەناو تەواوی سنووری سیاسیی سووریادا، دەکات.

جەنگی چوارەم: جەنگی نێوان ئەمریکا و سووریا

ئەمە یەکێکە لەو جەنگانەی کە ماوەی پێنج ساڵە ئەگەری ڕوودانی هەیە، هەر لەو کاتەوەی کە سەرۆک ئۆباما داوای لە ئەسەد کرد لە دەسەڵاتەکەی بکشێتەوە. لە ئێستادا بەڵگەیەکی بەو جۆرە لەبەردەست نین کە داخۆ تا چەندە هەردوو لا، هەوڵی ڕاگرتنی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەدەن. هەر جۆرێک بێت تا ئێستا ئەگەرێکی کەم هەیە لەسەر ئەم بەره‌نگاربوونەوەیە. بەڵام هەندێک ناوچە هەیە کە دەکرێت بەره‌نگاربوونەوەی داعش، ببێتە هۆکاری نزیکبوونەوە و بەریەککەوتنی هه‌ندێ لەو گرووپانەی کە ئەمریکا هاوکارییان دەکات لەگەڵ سوپای سووریادا و، بەمەیش ئەو گرووپانە، دەگەنە جێگه‌یەک کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای حکوومەتی سووریادا ڕووبەڕووی یەک ببنەوە. یەکێک لەو شوێنانە، ڕققەی پایتەختی ئێستای داعشە؛ ئەو شوێنەی کە لە مانگی پۆشپەڕی ئەمساڵدا ئەمریکا و سووریا بە ئاڕاستەی پێچەوانە، هێرشیان کردە سەری. لەم مانگەی دواییدا، فڕۆکە ئەمریکییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی سووریایان لە بۆردوومانکردنی کوردەکان ترساند؛ ئەم ترساندنەش‌ زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ سوریا، کە لە ئێستادا ئەمریکا ڕێگە نادات چیتر بۆردوومانی کوردەکان لەو ناوچەیەدا بکات.

جەنگی پێنجەم: جەنگی نێوان تورکیا و سووریا

دەستێوەردانی ئێستای تورکیا و، چوونەناو سووریاوە بە بیانووی بەره‌نگاربوونەوەی داعش و لێدانی کوردەکان، سنووردار کراوە و ئاستێک بۆ تورکیا دانراوە. لە ئێستادا تورکیا سەرقاڵی چاککردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئێران و سووریادا، کە دوو هاوپەیمانی گرنگی سووریان و، پێ دەچێت ئەوان گڵۆپی سەوزیان بۆ چوونی تورکیا بۆ ناو سووریا هەڵکردبێت.

ئەگەر بێت و، تەنانەت تورکیا لە بەره‌نگاربوونەوەی داعشدا باش بێت، لە شاری حەڵەب، کە شارێکە ناکۆکییەکی زۆری لەسەرە، سوپای تورکیا، بە هێزە سوورییەکان دەگەن و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و، ئەمەیش دەبێتە بابەتێکی ئاڵۆز و سەرەتای کێشەیەکی گەورە.

جەنگی شەشەم: جەنگی نێوان کوردانی عێراق و حکوومەتی عێراق

جووڵان و پێشڕەویکردن لە سووریاوە بەرەو ڕۆژهەڵات بە درێژاییی سنوورەکانی داعش لە عێراقدا، بارودۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەبات، بەڵام کەمتر مەترسیدارە. هەروەکوو کوردەکانی سووریا، کە چۆن کۆنترۆڵی ناوچەکانی خۆیانیان کردووە و، ئەمەیش سووریای نیگەران کردووە کە ئەم کردەیەی کوردەکان، دژی سەروەریی سووریایە، بە هەمان شێوە کوردەکانی عێراقیش هەندێک ناوچەیان لە داعش پاک کردوەتەوە و خستوویانەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقیدا بوون و، بەمەیش بەغدا نیگەرانە. لە لایەکەوە حکوومەتی عێراقی کە پشتی بە ئەمریکا بەستووە دەڵێت، دەبێت دوای تەواوبوونی جەنگی داعش، کوردەکان لەو ناوچانەدا بکشێنەوە و لە لایەکی تریشەوە، دیسان کوردەکان بە پشتیوانیی ئەمریکا، دەڵێن ئەو شوێنانەمان بە خوێن ئازاد کردووە؛ پاشەکشە ناکەین. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەم ناکۆکییانە لەسەر ئەو شوێنانە، پێش داعشیش هەبوون، بەڵام بە تەواوبوونی جەنگی داعش، دووبارە به‌ شێوازێکی خراپتر ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان هەیە.

جەنگی حەوتەم: جەنگی نێوان کوردانی عێراق و میلیشیا شیعەکان

ئەم جەنگەیش بە هەمان هۆکاری جەنگی شەشەم، ئەگەری سەرهەڵدانی هەیە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەم جەنگە پێشتریش ڕووی داوە و، دەکرێت ئەم جارە بەتەواوەتی و لە بارێکی مەترسیداردا ڕوو بداتەوە. ئەو میلیشیا شیعانەی کە ئێرانیان لە پشتە، لە باکووری بەغداوە دەستیان بە بەره‌نگاربوونەوەی داعش کردووە و، دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی جارانیان. ئەم میلیشیایانە ڕووبەڕووی پێشمەرگەی کوردستان بوونەوە، کە هاوپەیمانێکی ئەمریکایە و، هەروەها دژایەتیی پەلهاوێشتنی پێشمەرگە دەکەن و، لەگەڵ هەبوون و مانەوەی پێشمەرگەدا لە شوێنە جێناکۆکەکاندا، نین. تا ئێسایش لە شوێنێک کە ناوی دووزخوورماتووە، پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکاندا ڕووی داوە. بەڵام نە لە سووریا و نە لە عێراقیشدا، یەکگرتوویییەکی باش لە نێوان کوردەکاندا نییە، کە ئەمەیش دیسان ڕێگەخۆشکەرە بۆ زیادبوونی ئەگەری جەنگی هەشتەم، کە جەنگی نێوان کوردەکان خۆیانە.

جەنگی هەشتەم: جەنگی کورد لە دژی کورد (جەنگی ناوخۆ)

ئەم جەنگە، یەکێکە لە هەرە ئاڵۆزترین جەنگەکان، بەڵام هێشتایش ئەگەری ڕوودانی زۆرە. کوردەکان بە شێوەیەکی ناخۆش لە هەموو شتێکدا دابەش بوون و، تەنیا لە یەک شتدا نەبێت كه‌  هاوڕان، ئەویش هەوڵدانە بۆ هەبوونی قەوارەیەکی کوردیی سەربەخۆ. کوردەکانی عێراق بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش دەبن و، لە ساڵانی ١٩٩٠دا جەنگێکی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕووی دا. یەکێك لەم لایەنانە لەگەڵ کوردانی سووریدایە و، ئەوی تریان دژی کوردەکانی سووریایە، کە ئەوانیش لە نێوان خۆیاندا تەبا و یەکگرتوو نین. بە هۆی پێکنەهاتنیانەوە، ئەگەری جەنگ لە نێوان کوردانی سووریا و عێراقدا هەیە و، هەروەها ئەگەری جەنگی ناوخۆ لە نێوان کوردەکانی هەریەکە لەو دوو وڵاتەدا، هەیە.

جەنگی نۆیەم: جەنگی عەرەبە سوننەکان لە دژی شیعە، یان کوردەکان

ئەو شوێنانەی داعش دەستی بەسەردا گرتن، بە زۆری ناوچە سوننەنشینەکان بوون. کاتێك کوردەکان و شیعەکان ئەو ناوچانەیان لە دەسەڵاتی داعش پاک کردەوە، دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتەوە و، لەوێ ماونەتەوە تاوەکوو وا بکەن جارێکی تر داعش نەتوانێت لەو شوێنانەدا بگیرسێتەوە. هەندێک لەو سوننییانە، یارمەتیی داعشیان دەدا و، لە دژی میلیشیاکان دەجەنگان، هەندێکیشیان ئاسایی لەوێ مابوونەوە و ژیانی خۆیانیان دەکرد.

بەڵام هەندێک ڕاپۆرت لەبارەی به‌دڕه‌فتاریی شیعە و کوردەکان هەیە لە دژی سوننەکانی ئەو شوێنانەی کە لەژێر دەستی داعش پاک دەکرانەوە. لەوانە سوننەکان بەزۆر بۆ شوێنانی تر ڕاگوێز کراون و، زۆربەی پیاوەکانیان دەستبەسەر کراون. بە هۆی نەبوونی سیاسەتێکی حەکیمانە بۆ هاوپەیمانی و پێکەوەبوون لەگەڵ سوننییەکاندا، پێ دەچێت لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا، بزووتنەوە و شۆڕشێکی سوننی دروست ببێت و، لە دژی کورد، یان شیعەکاندا بێتە ئاراوە.

جەنگی دەیەم: جەنگی بەجێماوەکانی داعش لە دژی هەر کەسێک

داعش هێشتا دەسەڵاتی بەسەر ناوچەگەلێک لە سووریا و عێراقدا هەیە. هێرشەکان لە دژی هەردوو پایتەختەکەی داعش، مووسڵ و ڕەققە، بەردەوامە. ئەگەر بێت و، جەنگ لە نێوان ئەو گرووپانەدا کە دژی داعش دەجەنگن ڕوو بدات، ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ داعش دوا دەکەوێت.

تەنانەت ئەگەر بێت و، جەنگ لە نێوان ئەم گرووپانەیشدا ڕوو نەدات، ئەو گرفتانەی کە بەهەڵواسراوی و بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، لە داهاتوودا دەبنە هۆکاری ناسەقامگیری. سەرکەوتنی سەربازی و سەرکەوتن لە ڕووی سوپایییەوە ڕێگەچارە نییە ئەگەر بێت و، لە ڕووی سیاسییەوە ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن و، هەمان ئەو هەڵەیە و ئەو بۆشایییە دروست دەبێتەوە کە داعشی تێدا دروست بوو. ئەگەر ئەم جەنگەی داعش، ببێتە مایەی ڕوودانی هەر یەکە لەم جەنگانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، ئەوە بۆ مانەوەی زیاتری داعش لە ناوچەکەدا، ڕێگەخۆشکەر دەبێت.

 

سەرچاوە:

https://www.washingtonpost.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples