بۆچی تورکیا گرنگی بە مووسڵ دەدات؟

2016-12-01

بۆچی تورکیا گرنگی بە مووسڵ دەدات؟

قادر ئوستو

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

زۆربەی چاودێرانی سیاسی، ئەوەیان لا ڕوون نییە کە بۆچی تورکیا دەیەوێت بەشێك بێت لە ئۆپه‌راسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ. ئەمەی لێرەدایە، چەند بەرژەوەندییەکی بنەڕەتییە، کە وایان کردووە تورکیا لەم ئۆپه‌راسیۆنەدا بەشدار بێت: یەکێک لە و بەرژەوەندییانە ئەوەیە، کە تورکیا دەیەوێت سنوورێک بۆ شوێنی کارکردنی پەکەکە و یەپەگە، کە لقێکی پەکەکەیە، دابنێت. دواتر دیەوێت یارمەتیی پێشمەرگە بدات لە وه‌دەرنانی داعش بەرەو وڵاتی شام و، بەرگریش لە تورکمانەکان بکات. هەروەها، ڕێگر بێت لە بەردەم شەپۆڵی پەنابەراندا و، سەقامگیری بۆ مووسڵ بگەڕێنێتەوە و، بیگەڕێنێتەوە دۆخی پێش داعش.

بەڵام خەریکە ئەم دەستێوەردانەی تورکیایش، دەبێتە سەرچاوەی ناکۆکی لە نێوان ئانکارا و بەغدادا، چونکە بەغدا، لە دوای ودەرنانی داعش لە مووسڵ، دەیەوێت کاریگەری و سەرنجی تورکیا و سوننەکان و کورد لە مووسڵ کەم بکاتەوە.

هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراقدا

هۆکاری هەبوون و ئامادەبوونی سوپای تورکیا لە باکووری عێراق، بەتایبەت لە باشیک، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لەو ناوچەیە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا. چاودێرانی سیاسی، بەم پەلهاوێشتن و بەرفراوانبوونەی دەسەڵاتی داعش لە ماوەیەکی کورتدا، سەرسام بوون، کە توانییان بەخێرایی ناوچەیەکی زۆری عێراق و سووریا، بخەنە ژێر سنووری دەسەڵاتی خۆیانەوە. کاتێک مووسڵ کەوتە ژێر دەستی داعش، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێی وابوو داعش دەتوانێت بەرەو بەغدایش پەل بهاوێژێت و، ئەوێیش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

لەم لایشەوە تورکیا، دەمێک بوو بناغەی پەیوەندییەکی پتەوی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەندێک گرووپی سوننە و تورکمانەکاندا دانابوو و، ئەم پەیوەندییەی تورکیایش وای کردبوو کە ببێتە یەکێک لە گەورە بەرژەوەندیدارەکانی ناوچەکە. سەرهەڵدانی داعشیش، مەترسی بوو لەسەر ئەو سەرمایەگوزارییە گەورەیەی تورکیا لە ناوچەکەدا.

لە پۆشپەڕی ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێک داعش دەستی بەسەر مووسڵدا گرت و خەلافەتی خۆی تێدا ڕاگەیاند، ٤٩ دیپلۆماتکاری تورکیا، کە یەکێکیان كونسوڵی تورکیا بوو، لە لایەن داعشەوە دەستبەسەر کران. بۆ ماوەی چەند مانگێک سوپای تورکیا هیچ چالاکییەکی نەبوو، تا لە ڕەزبەری ساڵی ٢٠١٤دا، داعش بەندییەکانی ئازاد کرد.

هەر لە دوای ئازادکردنی بەندکراوە تورکەکانەوە، داعش چواردەوری کۆبانێی دا، کە شارێکی بچووکە و دەکەوێتە سنووری نێوان تورکیا و سووریاوە و، بووە هۆی شەپۆڵێکی نوێی پەنابەران بۆ ناو تورکیا. بە هۆی نەبوونی پێشینەی پێکەوەکارکردنی سوپای تورکیا لەگەڵ پێشمەرگەدا، تورکیا ڕێی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دا، کە بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ و پاراستنی لە دەستی داعش، بە خاکی ئەواندا بڕۆن. ئەم ئۆپه‌راسیۆنە، ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سەربازییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بتوانن پتر پێکەوە هاوکار بن و پەیوەندییەکانیان باشتر بن.

لەو کاتەدا تورکیا لەگەڵ "پەکەکە" لە پرۆسەی ئاشتیدا بوو، کە ئەم پرۆسەی ئاشتییەیش هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی بوو. بەڵام تورکیا لە پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و "پەیەدە" بەگومان بوو و، دەترسا ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیی دیفاکتۆ لە باکووری سووریادا دروست بکەن، لەبەر ئەمە، تورکیا دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، لەوەی کە یارمەتیی پەیەدە بدەن.

سەرەڕای ناڕەزاییی تورکیا، ئەمریکا لە هاوکاریکردنی "یەپەگە" بەردەوام بوو و، لە ئاستی دروستبوونی ئەو ئۆتۆنۆمییە دیفاکتۆیەی کانتۆنەکان لەو ناوچەیەدا، خۆی گێڵ کرد. ئەمە، بووە خاڵێکی ڕەشی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان ئەمریکا و تورکیادا، بەتایبەت دوای هەرەسهێنانی پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە و، دووبارە هەڵگیرساندنەوەی جەنگی نێوانیان لەمانگی شەشی ساڵی ٢٠١٥دا.

دوو بەرژەوەندیی گرنگ

ئامانجی تورکیا لە ئۆپه‌راسیۆنی بەرگریی فورات، وەدەرنانی داعشە و دوورخستنەوەیانە لە سنوورەکانی و، لە هەمان کاتدا پووچەڵکردنەوەی خەونی پەیەدەیە لە پێکەوەنووسان و یەکخستنی کانتۆنەکانیدا. چونکە ئەگەر پەیەدە بتوانێت ئەمە بکات، ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی بچووکی پەکەکە لەسەر سنووری تورکیادا. بەم شێوەیە، دەکرێت بگوترێت کە لە ئێستادا هەبوونی سوپای تورکیا لە مووسڵ، هەمان بەرژەوەندییە کە لە سووریادا هەیبووە.

لە کاتێکدا کە ئێستا پەکەکە، هەمان داوا و خواستی شەرعییەتوەرگرتنی وەک هەرێمی کوردستان نییە، ئەمادەبوونی لە گۆڕەپانەکەدا و جەنگانی لەگەڵ داعش، ئاماژەیەکە بۆ ئەم خواستە و، ئەمەیش بۆ تورکیا مایەی نیگەرانییە. بەم جۆرە، موازەنەکردن و ڕێگرتن لەم خواستەی پەکەکە لە لایەک و، هاریکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە، دوو بەرژەوەندیی گرنگی تورکیان لە عێراقدا.

ڕا و بۆچوون: ڕۆژێک دوای جەنگی مووسڵ

لە خاکەلێوەی ساڵی ٢٠١٥دا، بنکەی سەربازیی باشیک دامەزراوە و، وەک بنکەیەکی ڕاهێنان و هاریکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دژی داعش، لە دوای جەنگی مووسڵیش هەر دەمێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش وەزیری بەرگریی تورکیا، ئیسمەت یەڵماز Ismet Yilmaz سەردانی بەغدای کردووە و، بڕیاری داوە لە ڕێگەی ڕاهێنان و کەرەستەی جەنگەوە، هاریکاریی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بکات بۆ وەدەرنانی داعش لە مووسڵدا. تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دامەزراندنی بنکەی باشیک، لەسەر ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراق بووە و، بە ئاگاداریی حکوومەتی عێراق دامەزراوە.

لە ڕاستیدا، "خالد عوبەیدی"، وەزیری بەرگریی عێراق، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە سەردانی بنکەی باشیکی کردووە. بەدڵنیایییەوە ئەمەیش ئەو کاتە بووە کە حکوومەتی عێراق مەترسییەکی گەورەی لە پەلهاوێشتنی داعش هەبووە بۆ ناوچەکانی تری عێراق و، هەموو شتێکی بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو مەترسییە، کردووە.

لە دوای ئەمەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە تورکیایش تێیدا ئەندامە، هاتە گۆڕەپانەکەوە بۆ پاشەکشەپێکردنی داعش. ڕاستەخۆ لە دوای ئەمەوە، بەغدا ترسی پەلهاوێشتنی زیاتری داعشی نەما و، لە ڕەزامەندیی هاتنەناوەوەی تورکیا پاشگەز بووەوە و، چیتر لەگەڵ ئەوەدا نییە تورکیا لە باکووری عێراق بمێنێتەوە.

گۆڕانی هەڵسوکەوت و هه‌ڵوێستی بەغدا لە بەرانبەر تورکیادا

لە بەفرانباری ساڵی ٢٠١٥دا، حکوومەتی عێراق هۆشداریی دایە تورکیا بۆ نەهێشتن و لابردنی بنکەی باشیک و کشانەوەی سوپای تورکیا لە عێراق و، هەڕەشەی ئەوەی لێ کرد کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی، سكاڵای لێ دەکات ئەگەر بێت و، تورکیا نەگەڕێتەوە. تورکیا پابەندبوونی خۆی نیشان دا بەوەی کە چیدی هێزی تورکی، ڕەوانەی ناو عێراق ناکات، بەڵام سوورە لەسەر مانەوەی ئەو هێزانەی لە عێراقدا، کە ئەمەیش مایەی خۆشحاڵی بوو بۆ هەرێمی کوردستان. ئەنکەرە بەغدای لەوە دڵنیا کردەوە کە تەنیا بە مەبەستی ڕاهێنانی پێشمەرگە لە دژی داعش لەوێیە و، ڕێزی یەکپارچەییی خاکی عێراقیش دەگرێت.

کاتێک ماوەی دیاریکراوی بەغدا بۆ کشانەوەی هێزە تورکییەکان بەسەر چوو و، تورکیایش هێزەکانی خۆی لە عێراق نەکشاندەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عەبادی، داوای لە ناتۆ کرد، کە "داوا لە تورکیا بکات هەرچی زووترە هێزەکانی خۆی لەناو خاکی عێراقدا بکشێنێتەوە." لەو کاتەدا، گۆڕینی هه‌ڵویستی عەبادی لە بەرانبەر تورکیا، پێ دەچێت بە هۆی گوشاری ڕووسیاوە بووبێت، بەتایبەت لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕووسیەکە لە سەرماوەزی ساڵی ٢٠١٥دا لە لایەن تورکیاوە.

لەم دوایییانەیشدا، لە خەزڵوەری ساڵی ٢٠١٦دا دووبارە عەبادی، سەرەکوەزیرانی عێراق، هۆشداریی دایە تورکیا بۆ پاشەکشەپێکردنی سەربازەکانی لە باشیک و، هەڕەشەی لێ کرد کە ئەگەر نەکشێتەوە، لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات، چونکە ئەمە شکاندنی سەروەریی یاساییی خاکی عێراقە.

ئەم گوتانەی عەبادی، ڕاستەوخۆ سەرزەنشکردنی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیای بەدوادا هات و، لەبەر ئەم هۆکارەیش تورکیا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ئازادکردنەوەی مووسڵ بەشداریی نەکرد؛ لە کاتێکدا تورکیا سوێندی خواردبوو کە بمێنێتەوە و یارمەتیی جەنگی دژ بەداعش بدات. ئەمەیش لەبەر پەیوەندی لەگەڵ هەندێک لە عەرەبە سوننی و تورکمانەکان و، پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

ڕا و بۆچوون: جەنگی مووسڵ ـــ سەرەتای شکستێک

لەژێر فەرمانڕەواییی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نووری مالکی، زیاتر سیاسەتی خێڵەکی پەیڕەو دەکرا. ئەم جۆرە سیاسەتە، بووە هۆی کوشتارێکی زۆری سوننەکان و تێکچوونی پەیوەندیی نێوان سوننە و شیعە و دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان هۆز و خێڵەکاندا. تورکیا لەم بارودۆخە ئاگادارە و، نایەوێت هەمان شت لە ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ و لە دوای ئازادکردنی مووسڵیس دووبارە بێتەوە.

تورکیا لە زووەوە بە سەقامگیریی و یه‌كپارچه‌ییی خاکی عێراقەوە پابەند بووە و، هەر زوو زانیویەتی دابەشبوونی ئەم وڵاتە دەبێتە هۆی ناکۆکیی زیاتر و بار و گوزەرانی خەڵکی ناوچەکەیش تێک دەچێت. هەرچەندە چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە، هەرێمی کوردستان حەز بە ئۆتۆنۆمی دەکات و ئەم ئۆتۆنۆمییەش ئەو گرژییە سیاسییانەی، کە لە دوای داگیرکردنی عێراقەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا دروست بوون نایانهێڵێت، بەڵام پێیان وانییە کە لە ئێستادا مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردەکان.

لە بەرانبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، تورکیا هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی دەدات. ئەمه‌ لە کاتێکدایە، کە تورکیا دژی هەردوو لایەنی پەکەکه‌ و داعش دەجەنگێت، کە ئەمانە مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا و، بەبەردەوامی هێرشی دەکەنه‌ سەر. لە بارودۆخێکی ئاساییدا، لەوانەیە هەبوونی سوپای تورکیا، شکاندنی سەروەریی عێراق بێت، بەڵام لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە لاوازی و هەره‌سهێنانی سیسته‌می سیاسیی عێراق، وای کردبێت ئەم بابەتی هاتنەناوەوەی تورکیای هێنابێتە ئاراوە.

تێبینی:

  • قادر ئوستون، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگه‌یSETA یە (دەزگه‌یەکی لێکۆڵینەوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە لە واشنتۆن دی سی).

سەرچاوە:

http://www.aljazeera.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples