تێڕوانینی ناوچەکە لەسەر سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان

2016-12-04

تێڕوانینی ناوچەکە لەسەر سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان

 

نووسەران: علی ڕەزا نادر، لاریی هاناوەر، برێنا ئاڵێن و علی سکۆتن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگە هەورامی 

ئەم ڕاپۆرتە تێڕوانینی ڕێتێچووی ناوچەکە دەخاتە ڕوو، سەبارەت بە ئەگەری جیابوونەوەی باکووری عێراق لە عێراق. بەتایبەت، نووسەرەکانی ئەم ڕاپۆرتە هەوڵیان داوە بەرژەوەندییەکانی سێ دەوڵەتی دراوسێی هەرێمەکە سەبارەت بە جیابوونەوە لە عێراق شرۆڤە بکەن، کە سێ لایەنی سەرەکیی ناوچەکەن و، ئەوانەیش حکوومەتی ناوەندیی عێراق و تورکیا و ئێرانن. هەروەها نووسەرەکان هەوڵیان داوە سیاسەتی هەریەکە لەو سێ دەوڵەتە سەبارەت بە سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان نیشان بدەن. نووسەرەکان بە سێ سیناریۆ، به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ و کاردانەوەی هەریەکە لە بەغدا و ئانکارا و تاران سەبارەت بە سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان، بەم جۆرە دەخەنە ڕوو: سیناریۆی یەکەم، ڕاگەیاندنی تاکلایەنەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەیش بەگشتی لە لایەن ناوچەکەوە دژایەتیی دەکرێت. سیناریۆی دووەم، دوایین کەس کە هێشتا هەر ماوە “Last Man Standing”، ئەمەیش کاتێك دەبێت کە حکوومەتی عێراق بڕووخێت و کوردستان سەربەخۆییی خۆی ڕابگەیەنێت. سیناریۆی سێیەم، لێکدوورکەوتنەوە و نەمانی پەیوەندیی بەردەوامی نێوان بەغدا و هەولێر. هەروەها نووسەرەکانی ئەم بابەتە لە هەر سیناریۆیەکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە چۆن هەریەکە لەو سیناریۆیانە سەرنجی لایەنە نەتەوەییخوازە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی تری کوردستان ڕادەکێشێت، کە خەڵکەکەیان نەک تەنیا هاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بن، بەڵکوو هەوڵ بدەن پەیوەندیشی پێوە بکەن.

لە ڕوانگەی عێراقەوە:

  • جیابوونەوەی کوردەکان ڕووبەڕووبوونەوەیەکە بەرانبەر بە دەسەڵاتی بەغدا. لە کاتێکدا دەسەڵاتی بەغدا بۆ ڕێگری لە جیابوونەوەی کوردەکان، سنووردارە.
  • ڕاگەیاندنی تاکلایەنەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، بەغدا تووڕە دەکات و کاردانەوەیەکی توندی دەبیت. بەڵام وردە وردە دوورکەوتنەوە و پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، ڕێگەخۆشکەرە بۆ دانوستان و لێکتێگەیشتن سەبارەت بە جیابوونەوەکە و، ئەمەیش وا دەکات بەغدا سەبارەت بە دەرەنجامی جیابوونەوەکە میانڕەوتر بێت و، لە داهاتوودا بەرژەوەندیی هەردوو لایەنەکەی تێدا دەبێت.
  • ئەگەر بێت و ڕاگەیاندنی سەبەخۆیی، دووبارە لە ڕێگەی ده‌مارگرژی (تەعەسوب)ی نەتەوەیییەوە بێت، ئەوا بەغدا دەتوانێت لەگەڵ تاران و ئانکارادا ڕێک بکەوێت و، دژی ئەم سەربەخۆیییە ڕابوەستنەوە.

لە ڕوانگەی تورکیاوە:

  • یەکەم جار یەکێک لە دژە هەرە سەرسەختەکانی سەربەخۆییی کوردستان تورکیایە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە.
  • لە دیدگه‌ی تورکیاوە، وردە وردە و بەردەوام هەنگاونان بەرەو سەربەخۆییی کوردستان، سوودێکی گەورەی سیاسی و ئابووریی دەبێت، بەڵام جووڵانەوەی خێرا بەرەو سەربەخۆیی ـــ بەتایبەتی ئەگەر هەرێمی کوردستان هانی کوردەکانی سووریا و تورکیا بدات بۆ دروستکردنی هەرێمێکی گەورەتری ئۆتۆنۆمی ـــ دەبێتە هۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمەکە.

لە ڕوانگەی ئێرانەوە:

  • لە دیدگه‌ی کۆماری ئیسلامییەوە، سەربەخۆییی کوردستان بابەتێکی هەستیارە و، دەترسێت سەربەخۆبوونی ئەم پارچەیەی کوردستان، هانی کوردەکانی تر بدات کە بە زەبروزەنگ خەفە کراون و، ئەوانیش هەمان داوا و هەمان شت بکەن.
  • لەوانەیە ئێران، دان بە سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستاندا بنێت و پێی ڕازی بێت، ئەگەر بێت و بەپێی ئەوەی کە خۆی دایدەنێت هەڕەشە نەبێت لەسەر سەقامگیریی ئێران و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بارودۆخی ناو ئێران نەبێت.
  • دیسان ئێرانیش ئەوەی پێ باشە کە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە شێوەیەکی لەسەرخۆ بێت و بە دانوستان و لێکتێگەیشتنەوە جیا ببێتەوە، ئەم جیابوونەوەیه‌ هێدی هێدییه‌یش وا دەکات کە بەغدا هیچ شتێکی بەرانبەر بە جیابوونەوەکە نەبێت و، ئیتر ده‌بێت ئێرانیش میانڕەوانە، هەر گرفت و دژایەتییەک کە هەیەتی،  لە ناوخۆیدا چارەسەری بکات. 

 

سەرچاوە:

لینکی کورتەی ڕاپۆرتەکە

http://www.rand.org

لینکی تەواوی ڕاپۆرتەکە

http://www.rand.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples