ئیدارەی ترەمپ: کورتبڕییەک بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییی کوردستان، یان بەپێچەوانەوە؟

2016-12-08

ئیدارەی ترەمپ: کورتبڕییەک بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییی کوردستان، یان بەپێچەوانەوە؟

ڕێگه‌ی سەربەخۆییی کوردستان بە بەغدادا تێ دەپەڕێت، نەك بە ئانکارا و کۆشکی سپیدا

 

مایکڵ نایتس*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دامگا هەورامی

ئەوانەی لەناو عێراقدا دەژین توانای سەلماندنی کارێکیان هەیە، بە جۆرێک کە دەتوانن هەموو جیهان سەرسام بکەن؛ هەندێک جار زیاد لەوەی لێیان چاوەڕوان دەکرێت، دەیکەن و، هەندێک جاریش بێهیواکەرن. هەندێک جار چاودێران، کە سەیری ئەو مەترسی و کارەساتانەی ناو عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، بڕوا ناکەن کە ئەم وڵاتە و خەڵکەکەی، بتوانن بەم شێوەیە بمێننەوە. بەڵام لەگەڵ هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ی داعش بۆ سەر هەندێک ناوچەی عێراق، کوردەکان و عێراقییەکان بە بەرنگاربوونەوەیان لە دژی داعش، چاودێرانیان سەرسام کرد و، لەم هەفتانەی داوییدا توانییان دەرگه‌ی بەرنگاربوونەوەی داعش لە مووسڵدا بشکێنن.                                            

لە هەمان کاتدا عێراقییەکان و کوردەکان لە سەرکەوتنێکی مەزندا بوون، بەڵام هەنگاوێکی نائومێدکەرانەیشیان بەرەو دواوە هەڵهێنا. لە دوای ساڵی ٢٠١٠وە، بە هۆی پشتگوێخستن و تووڕەیی و ڕق و قینی سێکتەرەکانی حکوومەتی بەغداوە، ئەو هەنگاوانەی کە بڕیار بوو بەرەو سەقامگیری هەڵبنرێن، پشتگوێ خران و وەلا نران. کوردەکان لە ساڵی ٢٠١٤دا، کە لەڕاددەبەدەر دەوڵەمەند بوون، زۆربەی زۆری داهاتەکەیان لەدەست دا، چونکە زۆر بەخێرایی هەنگاویان بۆ پێشەوە هەڵدەهێنا و، بە پشتبەستنیان بە تورکیا، ڕوویان کردە سەربەخۆییی ئابووریی خۆیان.

ئێستا کاتی ئەوەیە کە بەغدا و کوردستان لە نێوان خۆیاندا، بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ کوردستان بدەن. هەروەها لە ئێستایشدا ئەم سەرەتایەی کارکردنی ئیدارەکەی ترەمپ، پرسیارێک بە دوای خۆیدا دەهێنێت و، دەکرێت بپرسین ئایا کوردەکانی عێراق، دووبارە دەخرێنەوە ئەو سووڕە وەسوەسەیییەی ڕێگه‌ی بەرەو سەربەخۆبوون، بە ڕەدووکەوتنیان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ؟

گفتوگۆی نێوان کورد و شیعە لەسەر کۆنفیدراڵییەت

ئەوە شتێکی باوە لە نێوان سەرکردە عێراقییەکاندا، بە "سەددام حوسێن"یشەوە، کە باس لە ئۆتۆنۆمیی کوردەکان بکەن و، تەنانەت کوردەکان بەرەو هەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی، هان بدەن. لەم ساڵانەی دواییدا سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نووری مالکی، بەڕاشکاوانە هانی کوردی داوە بۆ سەربەخۆبوون؛ لەم ڕۆژانەیشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی، ناوبەناو ئەو گوتانە دووپات دەکاتەوە و، هەمان ئەو شتانە بەگوێی کوردەکاندا دەداتەوە.

بەڵام هەموو جارێک بەربەستێک هەیە؛ هەرکە کوردستان دەیەوێت ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، بەغدا لە دژی ئەم ڕیفراندۆمە خۆپیشاندان دەکەن و، دەڵێن هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە. یانیش هەندێک لە سەرکردەکان لە بەغدا، ئێران وەک پاساوێک بەکار دەهێنن و دەڵێن "ئێمە دەبێت لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستاندا بین، بەڵام براکانمان لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەمەدا نین و، ئەمەیش بووەتە کێشە بۆمان".

گفتوگۆی من لەگەڵ گەورە بەرپرسانی شیعە و کورد و سوننەکان، ئەو باوەڕەیان لا دروست کردووم، کە ئەم جۆرە گفتوگۆیانە، دەبێت بگۆڕدرێن و شتێکی باشی نوێ بێتە ئاراوە، ئەویش گفتوگۆی نێوان کورد و بەغدایە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتە سیادییەکان بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان هەر دوو لادا. یەکێک لە هۆکارەکان بۆ ئەم دانوستان و دابەشکردنە، هۆکاری ماندوبوونیانە لە جەنگی دژ بە داعش، جەنگی دژ بە دڕندەیی و جەنگێک پڕ لە مەترسی و تاریکتر و مەترسیدارتر لەم بارودۆخە تاریکەی کە ئێستا عێراق پێیدا تێ دەپەڕێت. مەیلێکی شاردراوەی ئاشتی لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا هەیە، کە پێکەوە جەنگی دژ بە داعش دەکەن.

کێ لەم کاتەدا دەیەوێت جەنگێکی تر بکات؟ لەوانەیە میلیشیا شیعەکان و تورکەکان بچنە جەنگێکی ترەوە، بەڵام کورد و شیعە سیاسی و مەرجەعییەکان، ئەمە ناکەن. هەروەها هەر لەم ڕووەوە، گۆشەنیگایەکی سیاسیش هەیە. بارزانی و عەبادی پێویستیان بە یەکترە، هەردووکیشیان یەک دووژمنیان هەیە کە هەوڵی ناکۆکیی نێوانیان دەدات ـــ ئەویش ئێرانی هاوپەیمانە خائینەکەی مالکییە.

دەسەڵاتە زلهێزەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی IMF و، بانکی نێودەوڵەتی World Bank، زۆر بەتاسەوەن بۆ بینینی هاریکاریی دوولایەنەی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دژ بە داعش و چاکسازیی ئابووری لە عێراقدا. بەغدا بۆ ئەو چاکسازی و گۆڕانکارییە، ئامادەیە. ئێستا ئەوان ترسی جیابوونەوەیان نەماوە و، بۆ دەستپێکردن بە ژیانێکی نوێ، سەربەخۆییی خۆیانیان دەوێت.

سەرکردە شیعەکان لە نێوان خۆیاندا ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە بەبێ کوردستان، باری داراییی عێراق باشتر دەبێت و چیتر پێویستییان بە یاسای ناوچەیی نابێت. ئەوان حکوومەتێکی تەقلیدیی یەکگرتووی تۆکمەیان دەوێت کە لە لایەن شیعە عەرەبەکانی عێراقەوە بەڕێوە بچێت. لە بەرانبەر ئەم پشتپەردەیییەی عەرەبەکانەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە پاییزی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی زۆر باش و کەموێنە، توانیی لەسەر پرسی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیادی بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان هەولێر و بەغدادا، گفتوگۆ لەگەڵ عەبادی و سەرکردە شیعەکانی تریشدا بکات.

سوودەکانی ئەم دابەشکردنە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە

بەش بە حاڵی خۆم، من پێم وایە هۆکارگەلێکی زۆر هەن وا دەکەن کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە بۆ هەرێمی کوردستان باشتر بێت، تاوەکوو ڕاگەیاندنی تاکلایەنەی سەربەخۆییی کوردستان، یان هەر ڕێگەیەکی تر بۆ ئەم ڕاگەیاندنە. دانوستان وا دەکات بەغدا و کوردستان لەسەر ناکۆکییەکانی نێوانیان دووبارە لە بەرانبەر یەک خۆیان پڕچەک نەکەنەوە و، لە ڕووی سەربازییەوە دژی یەک نەوەستنەوە. دانوستان، خۆی لە خۆیدا پێوانەیەکە بۆ سەقامگیری و ئاسایش. ئەگەر سەردانەکانیان بەردەوام بن، دەتوانن زیاتر لە یەکتر تێ بگەن و لەسەر ئەو هێڵە سوورانەی نێوانیان بگەنە ئەنجامێک. لەمەدا ڕێتێچوونێکی کەم هەیە کە لایەنێکیان خیانەت لە لایەنەکەی تریان بکات.

یەکسانیی دابەشکردنی دەسەڵاتە سیادییەکان و ڕێزگرتن لە یەکتر، وا دەکات کە هەر دوو لا، دەست لە پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی یەکتر وەرنەدەن. هەندێک لە یاساکانی ئەم بەشکردنە و هێڵە سوورەکانی نێوانیان یارمەتییەکی زۆرن بۆ سەقامگیری و نەهێشتنی ترسی بەغدا لە دەستێوەردانی تورکیا و دەستتێوەردانی دەوڵەتی سوننە و، هەروەها کەمکردنەوەی مەترسیی کورد لە جموجووڵی میلیشیا شیعەکان (دواتر ئەمە دەبێتە پاساوێکی باش بۆ تورکیایش، کە بتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ دەوروبەریدا هەڵسوکەوت بکات).

نیشاندانی ڕوویه‌کی نێونەتەوەیی، بژاردەیەکی تری باشە و، کورد و سەرکردە عێراقییەکان دەتوانن پێکەوە سیاسەتێکی هاوبەشی دەرەوەیان هەبێت. هەر ئەو کاتەی کە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن، هاوڕێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عەبادی، کە پێکەوە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک کرد، هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو بڕوایەی کە تاچەندە کۆنفیدراڵییەت لە بەرژەوەندیدایە.

لەوانەیە گرنگتر لەوەیش، عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارگەلێکی زۆرتریان هەبێت لەوەی کە هاوکاری یەکتر بن، وەک ئەو هۆکارانەی کە خۆیان، بە "بۆشاییی ئابووریی هاوبەش" ناوی دەبەن. شتێکی سەیر نییە کە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییەکی هاوبەشی زۆری ئابوورییان هەیە. ئەمانە هەمان دراو بەکار دەهێنن و ژێرخانی نەوت و غازیان پێکەوەگرێدراوە و، پێکەوەیش پەیوەندییان لەگەڵ هەندێک بازاڕی ناوەکی و دەرەکیدا هەیە. لەم کاتەدا سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی World Bank و بەخشەرەکانی تریش، زیاتر لە هەرێمی کوردستان دڵنیا دەبن، ئەگەر بێت و دەسەڵاتە سیادییەکانی لە ڕێگەی گفتوگۆوە و بەڕەزامەندی بەغدا و لە بەغداوە ئەو دەسەڵاتانەی پێ درابێت.

دواتر ئەگەر بەغدا لەو دەسەڵاتە سیادییە یەکسانانەی نێوانیان و جیابوونەوەیان لەسەر ڕەزامەندیی نێوان خۆیان و بەغدا، پشتیوانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا کەمتر ڕێی تێ ده‌چێ کە دراوسێکانیان، وەک تورکیا و ئێران، بتوانن زەفەریان پێ بەرن. زیاد لەوەیش ئەم پێکهاتن و تەبایییه‌یان، دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ نێوبژیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی سەربەخۆبوونی کوردستانەوە.

مەترسییەکانی ئەم ستراتیژییەتە کورتخایەنە

لەم ڕۆژانەدا ئەوە بەتەواوەتی ڕوون و ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان زیاد لە ڕادە، پشتی بە تورکیا بەستووە و، بەم شێوەیەیش ئانکارا بووه‌تە هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. بەڵام کوردەکان لەنێو خۆیاندا هەڵسوکەوتی حکوومەتەکەی ئەردۆغان بە مەترسی دەزانن، لەوانە ــ شەڕکردنی لەگەڵ پەکەکە و ٢٣ ڕۆژ داخستنی بۆڕییە نەوتەکەی هەرێمی کوردستان لە مانگی دووی ئەمساڵدا و، کردە کۆنترۆڵنەکراوەکانی هێزەكانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و بۆمبارانکردنیان لەناو هەرێمی کوردستاندا و، دەستگیرکردنی پەرلەمانتار و سەرکردەکانی هەدەپە لەناو تورکیادا.

ئەو وانەیەی لێرەدا دەبێت فێری بن ئەوەیە، کە لەوانەیە هاوپەیمانی پێویست بێت، بەڵام ئەمە ئیشێکی ژیرانە نییە کە هەموو هێڵکەکانمان بخەینە یەک سەبەتەوە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە هەمان شێوە بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمریکایش ڕاستە.

پێ دەچێت ئەم چەند ساڵای داهاتوو هەڵێک بێت لە بەردەم کوردەکاندا، بۆ ئەوەی بتوانن سەرنجی واشنتۆن بە لای خۆیاندا ڕابکێشن و پشتیوانیی واشنتۆن بۆ سەربەخۆبوونی کوردستان دەست بخەن. بەڵام وایش پێ دەچێت کە ئەم ئیدارە نوێیەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەزموونی نەبێت و لە ناوەوە بەش-بەش و دەمدەمی بێت. ئەمەیش وا دەکات کە لەوانە بێت هەمان مێژووی تراژیدیی کوردەکان لە هەوڵدانیان بۆ سەربەخۆبوون، دووبارە ببێتەوە ــ وەک کارەساتەکەی ساڵی ١٩٧٥ کە هێنری کیسەنجەر خوڵقاندی.

ئەم دانوستان و لێکتێگەیشتنەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و گفتوگۆیان لەبارەی سەربەخۆییی کوردستانەوە، باشترین شتێک دەبێت بەرانبەر ئەو ستراتیژییەتانەی دەسەڵاتە دەرەکییەکان هەیانە. ئەم گفتوگۆیانەی ئێستا، دەستپێکێکی باشە بۆ بەره‌وپێشچوون و لێکنزیکبوونەوە و تێگەیشتنی زیاتر. لەم کاتەدا بە هیچ شێوەیەک کوردستان لە ترۆپکی سەرکەوتندا نییە، بەڵام کەوتووەتە سەر ڕاستەڕێیەک بۆ نزیکبوونەوە لە سەرکەوتن.

ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان بەغدا و واشنتۆن و تورکیا و ئێراندا

نابێت کوردستان چاولەڕێی تیمەکەی ترەمپ بێت، بەڵکوو دەبێت خۆی لەوە بەدوور بگرێت. هەرێمی کوردستان دەتوانێت بازووی خۆی لە دانوستان و گفتوگۆکانی بەهێز بکات، بە نیشاندانی ئەوەی کە ئەو پێشتر قەت داوای پشتیوانیی لە کۆشکی سپی و سیناتۆرەکان و کۆنگرێس نەکردووە.

هونەری سەرکردایەتیی کورد لەوەدایە کە سەرنجی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ خۆی ڕاکێشێت و ئەو بژاردەیەی ڕاگرێت و، لە هەمان کاتدا بەردەوام نرخی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بزانێت. لە ئێستادا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەغدا، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو دەسەڵاتەی کە دەسەڵات و هێزە نێونەتەوەیییەکان، دان بە سەربەخۆبوونیدا بنێن. دەبێت هەرێمی کوردستان، فشار بخاتە سەر ئیدارەی ترەمپ، کە لە پەیوەندی و تێوەگلانی بمێنێتەوە و جەخت لەسەر گفتوگۆ سەرکەوتووەکانی پێشووی بکاتەوە و، هەوڵی هاوکاری و هەماهەنگی لەسەر مووسڵ بدات تا دواتر لە ئەنجوومەنی باڵای نێونەتەوەیی، بگەنە سەربەخۆیی کوردستان.

واشنتۆن بەش بە حاڵی خۆی، پێویستیی بەوە نییە هیچ زیانێک بە دانوستانەکان بگەیەنێت و، دەبێتە هاوڕێ و لێکنزیککەرەوەیەکی ڕاستگۆ. ئەگەر کەسانی تری بیانیش، ویستیان دەست بخه‌نە نێو گفتوگۆ و دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان و بەغداوە، ئەوە واشنتۆن دەگەڕێتەوە و، ڕێگە بە دووبەرەکی و ناکۆکی ناداتەوە و دووبارە کار لەسەر ئەو لێکنزیکبوونەوانە دەکاتەوە. دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکان درێژه‌ بە گوشارەکانی بۆ سەر کوردستان بدات، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی و پەرلەمان و کابینەکانی حکوومەت. بەبێ ڕێککەوتنی ناوخۆیی، کوردستان لایەنی دانوستانەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا لاواز دەکات.

بۆ کوردەکان، دانبەخۆداگرتنی زیاتر، کلیلی سەرکەوتنیانە. دەزانم بە نووسینیش بێت ئەمە شتێکی گرانە لەوەی کە هەر لە کۆنەوە تاکوو ئێستا، چەند کورد تووشی نەهامەتی بووە و، چەندین ساڵە ئەوان هەر لە چاوەڕوانیدان. بەڵام پرۆسەی دانوستانیان لەگەڵ بەغدا چیدی چاوەڕوانیکردن نییە: بەنرخترین شتە کە لە ئێستادا سەرکردایەتیی کورد دەست بەم پرۆسەیە بکات و برەوی پێ بدات.

سەردانەکانی کورد بۆ بەغدا، کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەوڵاتانی ترەوە پشتیوانی دەکرا، وای کرد کە بانکی جیهانی، بێتە کوردستانەوە و ئەمریکا پێشمەرگە پڕچەک بکات و ڕۆژانە زیاد لە پەنجا هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بخاتە سەر ئابووریی هەرێمی کوردستان. سەردانەکانی کورد بۆ بەغدا، کە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە کە بەهێزترین ئابوورییان لە جیهاندا هەیە، دەبێتە بەربەستێک لە بەردەم ئێراندا بۆ تەنگژەدروستکردن لەسەر سەربەخۆییی کوردستان. پشتپێبەستووترین ڕێگەی سەربەخۆییی کوردستان، هێشتایش بە بەغدادا تێ دەپەڕێت، نەک بە ئانکارا و کۆشکی سپیدا.  

 

  • مایکڵ نایتس ئەندامێکی پەیمانگەی واشنتۆنە و، لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا کاری کردووە. یەکەم جارە ئەم گوتارە لە ماڵپەڕی پەیمانگەی کوردی واشنتۆندا بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوە:

http://www.washingtoninstitute.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples