بنه‌وانه‌كانى ئيسلاميزم له‌ توركياى سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد و گه‌يشتنه‌ ده‌سه‌ڵات

2018-02-04

ئه‌م لێكۆڵينه‌وه‌يه‌ له‌ به‌رگى 22ى بڵاوكراوه‌ى  Hudson Institute به ‌ناوى "ئاراسته‌كانى ئێسته‌ى ئايديۆلۆژیى ئيسلامى- Current Trends in Islamist Ideology " له‌ نۆڤه‌مبه‌رى 2017دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و، لاپه‌ڕه‌ 41- 57ى ئه‌و به‌رگه‌ى گرتووه‌ كه‌ به‌ "پى دى ئێف" له‌سه‌ر سايتى ئينيستيتۆى ناوبراودا هه‌يه‌.

ئاسۆ كه‌ريم

 

بنه‌وانه‌كانى ئيسلاميزم له‌ توركياى سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد و گه‌يشتنه‌ ده‌سه‌ڵات

به‌هلوول ئۆزكان

ناته‌بايیى نێوان كه‌ماليزم و ئيسلاميزم (Islamism) نموونه‌يه‌كى هه‌ره‌ باوى ديراسات و لێكۆڵينه‌وه‌ى سياسه‌ته‌كانى توركيايه‌‌. به‌گوێره‌ی ئه‌م گريمانه‌يه‌، كه‌ماليسته‌كان هه‌ر له‌ دامه‌زراندنى كۆماره‌وه‌ له ساڵى ‌ 1923دا، دامه‌زراوه‌ (Establishment)ى سياسيى توركيا‌يان بۆ خۆ مۆنۆپۆڵ كرد و ڕيفۆرمگه‌لێكى دوورمه‌ودايان ده‌ست پێ كرد، به‌و مه‌به‌ست و ئامانجه‌ى كه‌ به‌ته‌واوى له‌ بارى سياسى و ئابوورى و كه‌لتوورى و جڤاكييه‌وه‌، توركيا‌ مۆدێرنه‌ بكه‌ن. ئه‌م ڕيفۆرمانه‌، نه‌مازه‌ له‌ ده‌يه‌ى يه‌كه‌مى كۆماردا، گۆڕانكاریى درێژخايه‌نيان له‌ گه‌لێ بوارى ژيانى توركيدا لێ كه‌وته‌وه،‌ وه‌ك: پێڕه‌ويكردن له‌ ئه‌لفوبێى لاتينى، جلوبه‌رگى ڕۆژاوايى، یاسایه‌كى مه‌ده‌نى و سيسته‌مێكى په‌روه‌رده‌يیى مۆدێرن.

نه‌ريتخوازانى نێو كۆمه‌ڵگه‌ى توركى، نه‌مازه‌ ئيسلاميسته‌كان، به‌توندى به‌ره‌نگارى ئه‌م ڕيفۆرمانه‌ بوونه‌وه‌. ئاخر ئه‌وان- ئه‌و كۆڕ و كۆمه‌ڵانه‌ى كه‌ به زمانى‌ توركى "جه‌ماعات"يان پێ ده‌گوترێ- پێگه‌ و پايه‌ى زۆرى سياسيى جارانى خۆيان له ‌نێوان 1923 و كۆتايیى چله‌كاندا له‌ده‌ست دا‌. به‌م پێيه‌، ئه‌و ناته‌بايى‌ و دابه‌شبه‌ندييه‌ى نێوان كه‌ماليزم و ئيسلاميزم، تا ڕادده‌يه‌ك، ئاوێنه‌يه‌كى به‌سوود و مفايه‌ بۆ حاڵيبوون له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێسته‌ماندا.

به‌ هه‌ر حاڵ، مه‌ترسی له‌وه‌دايه‌ ئه‌م ناته‌باييیه‌ به‌ بزوێنه‌رى سه‌ره‌كى له‌ سياسه‌ته‌كانى توركى دابندرێ و، گريمانه‌ى ئه‌وه‌یش‌ بكرێ كه‌ ئه‌و ناته‌باييیه‌ له‌ ته‌واوى مێژووى 90 ساڵه‌ى كۆمارى توركيا‌دا به‌ هه‌مان‌ هێز و گوڕى خۆى ماوه‌ته‌وه‌ و كارى خۆى ده‌كا [1]. له‌ سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌، ئيسلاميسته‌كان تا هاتووه‌ ڕێژه‌ى زۆرتر و زۆرترى ده‌نگيان له‌ هه‌ڵكشانێكى سياسيدا وه‌ده‌ست هێناوه.‌ تا به ئه‌‌مڕۆ ڕاده‌گا، هۆكاره‌كانى ئه‌و بردنه‌وه‌ و هاتنه‌پێشه‌وه‌يه‌‌ى ئيسلاميزم، بوونه‌ته‌ بابه‌تێكى گه‌رمى وتووێژى زانستى له‌ توركيا‌. مۆدێلى هه‌ره‌ باوى ڕاڤه ‌و لێكدانه‌وه‌ى ئه‌و بردنه‌وه‌يه‌ به‌م شێوه‌يه‌يه‌: ئيسلاميسته‌كان نوێنه‌رايه‌تیى سياسه‌تگه‌لێك ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رچاوه‌يان له‌ دامێن و ناوچه‌ى په‌راوێزخراوى ناو توركيا‌ گرتووه ‌و داواى ڕيفۆرمى ديموكراتيك ده‌كه‌ن؛ ئه‌و ڕفۆرمانه‌‌ خۆيان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بيرۆكراسيیه‌تى عه‌لمانيى كه‌ماليستى و ملهوڕ‌دا ده‌بيننه‌وه‌ (پارتى گه‌لى كۆمارى - جه‌هه‌په‌ - CHP  كه‌ ئه‌تاتو‌رك خۆى له‌ 1923 دای مه‌زراندووه‌، نوێنه‌ره‌ سياسييه‌كه‌ى كه‌ماليزمه).‌ ئاخر جه‌هه‌په‌‌ كۆنترۆڵى كۆڵه‌گه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى له‌ توركيا‌ كردبوو، به‌تايبه‌تى‌ له‌نێو سوپا و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريدا به‌هێز و خورت بوون. به‌گوێره‌ى ئه‌م ڕيوايه‌ته‌، سه‌روه‌ختێك كه‌ماليسته‌كان‌ كه‌ پشتيان به‌ عه‌ردى نه‌ده‌كه‌وت، به‌ده‌وام و پێ به‌ پێ له‌ پرۆسه‌يه‌كدا كه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ ده‌ستى پێ كردووه‌ تا‌ سه‌ركه‌وتنى ئاكه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2002دا، ده‌سه‌ڵاتى له‌ده‌ستداوه‌. [2] سه‌رباريش، له‌ دواى 2002يشه‌وه‌، ململانه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌په‌نابردنى كه‌ماليسته‌كان بۆ هه‌وڵ و ته‌قه‌للاى كوده‌تاچييانه‌، بۆ تێكشكاندن و پاكتاوكردنى ئيسلاميسته‌كان، به‌رده‌وام بووه‌. له‌ 2007دا، دادگه‌ى ده‌ستوورى بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ڵبژاردنى پاڵێوراوى ئاكه‌په‌، عه‌بدوڵڵا گويل بۆ سه‌رۆكايه‌تيى كۆمار هه‌نگاوى هه‌ڵێنايه‌وه‌. پاشان كێسى پێوه‌دانى حزبى داد و گه‌شه‌پێدان (AKP)ى به‌دوادا هات كه‌ به‌ قازانجى ئه‌و حزبه‌، به‌ جياوازیى يه‌ك ده‌نگ بڕێندرايه‌وه‌.

له‌ 2008 پێوه‌‌، ئاكه‌په‌ وه‌ڵامى بيرۆكراسيى دادوه‌رى و سه‌ربازى و، هه‌روا بێته‌وه‌ سياسه‌توان و ڕۆژنامه‌نووسه‌ دژه‌كانى خۆى به‌ زنجيره‌يه‌ك تۆمه‌تدانه‌پاڵ داوه‌ته‌وه‌‌ و،  پاشان ئاكه‌په‌ هه‌ر خۆيان دانيان به‌وه‌دا‌ ناوه‌ كه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ هه‌ڵبه‌ستراو و بێبنه‌ما بوون. به‌ هۆى ئه‌م دادگه‌ييكردنه‌ شانۆييیانه‌وه‌، ئاكه‌په‌ پرۆسه‌يه‌كى پاكسازيى ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكى دژه‌ ئاكه‌په‌ (له‌ناو ده‌وڵه‌ت، له‌ناو ميديا، به‌تايبه‌تى له‌ سوپادا) ده‌ستی پێ كرد كه‌ له‌ مێژووى كۆماردا بێپێشينه‌ بووه‌. [3] شايانى گوتنه‌ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى جڵه‌وى حوكمڕانى له‌ لايه‌ن ئاكه‌په‌وه‌ له‌ 2002 و سه‌ركه‌وتنى ئه‌و حزبه‌ له‌ ململانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا دژى ڕكابه‌ر و نه‌ياره‌كانى، به‌تايبه‌تى له‌ناو سوپا و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريدا، ته‌نيا و ته‌نيا به‌ پشتيوانيى ئيسلاميسته‌كانى توركيا‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكه به‌ پشتيوانیى‌ هه‌ندێ خه‌ڵكى ليبراڵ و تا ڕادده‌يه‌ك خه‌ڵكى چه‌پى ناو توركيایش بووه‌. هه‌روابێته‌وه‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپى (EU) و ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكایش له‌و ململانێيه‌دا‌ پشتيوان و لايه‌نگرى ئاكه‌په‌ بوون. وا ده‌هێنرايه‌ به‌ر زه‌ين، كه‌ ئاكه‌په‌ لايه‌نگرێكى سه‌رسه‌ختى ئابووريى بازاڕ و توندوتۆڵ و پێكه‌وه‌به‌ستراوى جيهانييه‌‌؛ هه‌روا له‌‌ ئاكه‌په‌ ڕاده‌يترا كه‌ گۆڕانكاريى ديموكراتيك له‌ توركيا‌دا بكا. له‌ وتارێكيدا له‌ 2005، وه‌لى ناسر به‌ره‌وژوورهه‌ڵكشانى ئاكه‌په‌ى به‌ "سه‌رهه‌ڵدانى ديموكراسيى ئيسلامی" داناوه‌؛ ته‌نانه‌ت له‌ ديماهيى 2009دا، هێنرى باركى و مۆرتۆن ئه‌برامۆويتز، كه‌ دوو  توێژه‌ر و ديپلۆماتى ئه‌مريكين و شاره‌زاى كاروبارى ناو توركيان، وتارێكيان بۆ گۆڤارى به‌ناوبانگى فۆرن ئه‌فێرز نووسى به ‌ناوى "ترانسفۆرمه‌ره‌كانى توركيا‌"؛ هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستيان له‌ ترانسفۆمه‌ر ئاكه‌په‌ى حوكمڕان بووه‌. له‌و وتاره‌دا، باركى و ئه‌برامۆويتز، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن كه‌ ده‌بێ ڕۆژاوا پشتى ئاكه‌په‌ بگرێ تا "ببێته‌ ديموكراسيیه‌تێكى ليبراڵيى لێبوورده‌". [4]

 ئه‌م وتاره‌ لێكۆڵينه‌وه‌ى وا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێی وايه‌ سياسه‌ته‌كانى توركيا‌ به‌گوێره‌ی ناته‌بايى و ناكۆكیى كه‌مالى- ئيسلامى بخوێنرێنه‌وه‌ و، وه‌ك ئه‌نجامێكى ئه‌و خوێندنه‌وه‌يه‌یش‌ ئيسلاميزم به‌و ئه‌كته‌ره‌ سياسييه‌ بچوێنرێ كه‌ نوێنه‌رايه‌تیى دامێن و ناوچه‌ په‌ڕگير و په‌راوێزخراوه‌كانى توركيا‌ له‌ به‌رانبه‌ر ناوه‌نددا بكا، يان نوێنه‌رايه‌تیى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تدا.

حاڵى حازر، توركيا‌ پاش 15 ساڵ له‌ حوكمڕانيكردنى ئاكه‌په كه‌ زۆرينه‌ى ده‌نگه‌كانى بردووه‌ته‌وه‌‌‌، له‌ژێر بارى له‌ناكاودايه‌ و، له‌ پاى ئه‌و ڕه‌وشه‌یشدا حوكمى یاسا و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى هه‌ڵواسراون‌، سياسه‌توانه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن گيراون و چيديكه‌ هه‌لومه‌رجێكى له‌بار بۆ به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ڵبژاردنێكى ئازاد و بێگه‌رد له‌ توركيا‌ بوونى نييه‌. ئاكه‌په‌ له‌ به‌ديهێنانى په‌يامى به‌ديموكراتيزه‌كردنى توركيا‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى ده‌يه‌يه‌كدا باش ده‌چووه‌ پێش، سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌؛ به‌پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ 2017، ديموكراسى له‌ توركيا‌ بۆ ڕه‌وشێكى خراپتر پێش 2002 پاشه‌كشه‌ى كردووه‌. ئه‌م وتاره‌ ئه‌و قسه‌يه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه گوايا‌ بۆ ماوه‌ى زێتر له‌ 90 ساڵ، توركيا‌ دامه‌زراوه‌يه‌كى سه‌ره‌ڕۆ و ملهوڕانه‌ى عه‌لمانى- كه‌ماليستى تێدا باڵاده‌ست بووه‌. ئاخر هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سپێكى جه‌نگى سارد له‌ 1945ه‌وه‌، سياسه‌تى ناوخۆ و ده‌ره‌كيى توركيا‌ به‌ هۆى دژايه‌تیى كۆمۆنيزم و يه‌كێتيى سۆڤيه‌ته‌وه‌، شكڵى گرتووه‌. كاتێ توركيا‌ له‌ 1952دا چووه‌ ناو ناتۆ (NATO)وه‌، دژايه‌تیى كۆمۆنيزم بووه‌ بڕبڕه‌ى پشتى ئايديۆلۆژیى ده‌وڵه‌ت. ئه‌و ئايديۆلۆژیيه‌ به‌ هۆى به‌هاى ناسيۆناليستى و كۆنه‌پارێز و نه‌ريتخوازییه‌وه‌ سه‌قا دراوه‌ته‌وه‌؛ ئيسلاميسته‌كان لاى خۆيانه‌وه‌، له‌ مليان خۆش بووه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ پێكهێنانى هاوپه‌يمانێتييه‌ك له‌گه‌ڵ  دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌تدا بقۆزنه‌وه‌. به‌كورتى، به‌پێچه‌وانه‌ى باوه‌ڕى ميللى، ئيسلاميزم له‌ توركيا‌ له‌ ماوه‌ى جه‌نگى سارددا هه‌رگيز بزووتنه‌وه‌يه‌ك نه‌بووه‌ كه‌ نوێنه‌رايه‌تیى داوێن و ناوچه‌ په‌راوێزخراوه‌ چه‌وساوه‌كان و قوربانيى ده‌ستى ناوه‌ندى سياسيى ده‌وڵه‌ت، بكا. به‌ڵكه‌، ئيسلاميزم له‌ لايه‌ن سه‌نته‌ره‌وه‌ باره‌كه‌ڵڵاى لێ كراوه‌ و، وه‌ك هه‌توان و چاره‌سه‌رێك له ‌به‌رانبه‌ر به‌ره‌وژوورهه‌ڵكشانى بزووتنه‌وه‌ى چه‌پ له‌ قۆناغى دواى شه‌سته‌كاندا، چاوى لێ كراوه‌. له‌ ئه‌نجامدا، دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌تى توركى، هيچ دڕدۆنگييه‌كى له ‌به‌رانبه‌ر ئيسلاميزمدا نيشان نه‌داوه‌، به‌ڵگه‌یش ئه‌و ڕاستييه‌يه‌ كه‌ ئيسلاميسته‌كان حزبيان بۆ خۆ دامه‌زراندووه‌ و، له‌ 1970يش به‌م لاوه‌، به‌شداریى حكوومه‌تگه‌لێكى ئيئتلافييان كردووه‌، يان له‌ هه‌مان ده‌يه‌دا، وه‌زاره‌تگه‌لێكى گرنگ و هه‌ستياريان به‌ڕێوه ‌بردووه‌ وه‌ك: وه‌زاره‌تى كاروبارى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى داد.

له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا، هاوپه‌يمانێتیى نێوان ئيسلاميزم و ده‌وڵه‌ت له‌باريه‌ك [دوو شت پێكه‌وه‌ بووبن، دواتر لێك جيا ببنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ژن و مێرد كه‌ لێك جيا ده‌بنه‌وه‌، ده‌ڵێن له‌باريه‌ك هاتنه‌ده‌رێ- ئاسۆ] هاته‌ ده‌رێ، چونكه‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ له‌ سه‌رده‌مى جه‌نگى سارددا وه‌ك جه‌مسه‌رێكى دژه‌چه‌پ پشتيوانیى له‌ ئيسلاميزم ده‌كرد، زۆر له‌وه‌ى چاوه‌ڕێى ده‌كرد به‌هێز و خورت ببوو. له‌ بان ئه‌وه‌یش نفووزى چه‌پ، پاش داته‌پينى يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت كه‌وته‌ داكشان؛ بنكه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه‌ى چه‌پ، ڕێزى ئيسلاميسته‌كانيان به‌رفره‌تر كرد، چونكه‌ ئيسلاميسته‌كان‌ وه‌كو هێزێكى سياسى به‌ نه‌خشه ‌و پلانه‌وه‌ بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى ته‌واوى ده‌سه‌ڵات هاتبوونه‌ گۆڕێ. [5] به‌كورتى پاش به‌كۆتاهاتنى جه‌نگى سارد، ئيسلاميزم- له‌و ڕۆڵه‌ى تێ په‌ڕاند كه‌ ده‌وڵه‌ت خستبوويه‌ ئه‌ستۆى- و ئه‌و كه‌لێن و بۆشاييیه‌ى پڕ كرده‌وه‌  كه‌ چه‌پێكى كز و نابوود له ‌دواى خۆيه‌وه‌ جێى هێشتبوو؛ له‌ هه‌مان كاتدا، ئيسلاميزم جێگه‌ى حزبه‌ ناوه‌ڕاست- ڕاستڕه‌وه‌كانى گرته‌وه‌ كه‌ وه‌ك گه‌نده‌ڵ و به‌رپرس له‌ قه‌يرانه‌ ئابوورييه‌كانى‌ توركيا‌ تێيان ده‌ڕوانرا. ئيدى له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ وه‌ك حزبێكى نه‌ناسراو سه‌يرى ئيسلامييه‌كان نه‌كراوه‌، به‌ڵكه‌ ئيسلاميزم نوێنه‌رى بزووتنه‌وه‌يه‌كى تا ئه‌وپه‌ڕ ڕاستڕه‌وى به‌رفره‌ بووه‌ له‌نێو دامه‌زراوه‌ى ده‌وڵه‌تدا كه‌ پێڕه‌ویى له‌ سياسه‌تێكى ملهوڕ و‌ داپڵۆسێنانه‌ى‌ دژ به ‌‌فره‌يى  ده‌كرد و، سروشتێكى هه‌بووه‌ وه‌ك زۆرينه‌ى وڵاتانى سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد، كه‌ پێى وا بووه‌ له‌ ململانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا، "ئامانجه‌كان هه‌ميشه‌ پاكانه‌ بۆ ڕێوشوێنه پێڕه‌ولێكراوه‌‌كان ده‌كه‌ن" [واته‌ پره‌نسيپه‌ باوه‌كه‌ى مه‌كياڤێللی- ئاسۆ]. له‌به‌ر ئه‌وه‌، سه‌ير نييه‌ كه‌ ئه‌و پێشبينييانه‌ى له‌ نه‌وه‌ده‌كان به‌م لاوه‌ ده‌كران، كه‌ گوایه‌ توركيا‌ له‌ لايه‌ن بزووتنه‌وه‌يه‌كى تا ئه‌وپه‌ڕ ڕاسترۆوه‌، به‌تايبه‌تى ئيسلاميسته‌كان، به‌ديموكراتيزه‌ ده‌كرێ، ده‌ركه‌وت به‌ته‌واوى هه‌ڵه ‌و شاشن.

ئيسلاميزم  وه‌ك هه‌توانێك بۆ "ده‌رده‌چه‌پ"

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى نۆڤه‌مبه‌رى 2015ى توركيا‌دا، نوێنه‌رى ئاكه‌په‌، ئيسماعيل قه‌هره‌مان، كه‌ ئێسته‌ ته‌مه‌نى،  خۆى له‌ هه‌شتا ده‌دا [ئيسماعيل قه‌هره‌مان له‌ 1940 له‌دايك بووه‌- ئاسۆ]، وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى گه‌وره‌ى ميللى له‌ توركيا هه‌ڵبژێردرا. بێ له‌و ماوه‌ كورته‌ى له ‌نێوان 1996- 1997دا، بووه‌ وه‌زيرى كه‌لتوور له‌سه‌ر حيسابى حزبى ڕه‌فاهى ئه‌ربه‌كان، قه‌هره‌مان سياسه‌توانێكى ناسراو و به‌ده‌نگ و دۆ نه‌بووه‌. له‌ ئابى 2016دا له‌ هه‌ڵچوونێكى ڕاڤه‌نه‌كراودا، وه‌ك بڕه‌ سوڕه‌، ده‌رهه‌ق به‌ شۆڕشگێرى كۆبايى، ئه‌رنستۆ چێ گيڤارا [له‌ ئه‌رژه‌نتين له‌ 1928 له‌دايك بووه و يه‌كێ بووه‌ له‌ سه‌ركرده‌ى پارتيزانه‌كانى كۆبا و له 9ى ئۆكتۆبه‌رى‌ 1967 له‌ بۆليڤيا شه‌هيد بووه‌- ئاسۆ‌]، ده‌ڵێ: "چێ گيڤارا  بكوژ بووه‌؛ به‌ده‌ستى خۆى خه‌ڵكى كوشتووه‌ و له‌ ته‌مه‌نى 39 ساڵيدا كوژراوه‌... ئه‌و گه‌ريلا بووه‌. نابێ وێنه‌ى ئه‌و چه‌ته‌يه‌ له‌سه‌ر شان و پشت، يان به‌رۆك و ياخه‌، يان له‌سه‌ر كراسى خوێندكارێكى ئاماده‌يیى توركيا‌ دابندرێ." چ واى له‌ قه‌هره‌مان كردووه‌ ئاوا له‌ دژى كه‌سايه‌تيى چێ گيڤارا، كه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى دنيادا ڕێزى لێ ده‌گيرێ و به‌ په‌رستن ده‌په‌رسترێ، پاش زێتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌يه‌ك له‌ كۆتاييهاتنى جه‌نگى سارددا، ئه‌وها هه‌ڵبچێ و گڕ بگرێ؟ شايانى گوتنه‌ قه‌هره‌مان له‌ بيسته‌كانى ته‌مه‌نيدا وه‌ك ئه‌ندامێكى يه‌كێتيى نه‌ته‌وه‌يیى قوتابيانى توركيا Millî Türk Talebe Birliği  (MTTB) پێى ناوه‌ته‌ ناو سياسه‌ته‌وه‌- ئه‌و يه‌كێتييه‌ مه‌كۆيه‌كى سه‌ره‌كيى چالاكيى گه‌نجانه‌ى دژه‌- شيوعيه‌ت بووه‌ له‌ توركيا- و له‌ ساڵى 1967دا بووه‌ته‌ سه‌رۆكى ئه‌و يه‌كێتييه‌.

به‌ ده‌سته‌واژه‌ى ديكه‌، قه‌هره‌مان بۆ ماوه‌ى نيو سه‌ده‌ زێتر، كه‌سێكى كاراى ئه‌نتى-چه‌پ بووه‌ له‌ توركيا؛ له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ سه‌ربرده‌ى سياسيى ئه‌و پياوه‌، تيشكێكى زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر تۆمارى ئيسلاميزم له‌ توركياى هه‌مان ماوه‌ و قۆناخدا. له‌ شه‌سته‌كاندا، به‌ڕاستى چه‌پى توركى، ببووه‌ بزووتنه‌وه‌يه‌كى جه‌ماوه‌ریى هاوته‌ريب له‌گه‌ڵ به‌ره‌وژوورهه‌ڵكشانى چه‌پ له‌ سه‌رانسه‌رى دنيادا. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 1965دا، بۆ نموونه‌، حزبی كارگه‌رانى توركيا‌ ‌ يه‌كه‌مين حزبى سۆسياليست بووه‌ كه‌ بچێته‌ ناو پارله‌مان؛ ته‌نانه‌ت ئه‌وكات "جه‌هه‌په‌"یش له‌ ڕووى سياسييه‌وه‌ خۆى به‌ چه‌پى ناوه‌ڕاست داده‌نا. هه‌روابێته‌وه‌ له‌ هه‌مان ماوه‌دا، ئيسلاميزميش پێشچاوتر ببوو- له بوارى‌ سياسه‌ت، له‌ بوارى ميديا، له‌ بوارى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، له‌ ڕێكخراو و سازيى گه‌نجان، له‌ناو ڕووداوه‌ ئايينييه‌كان و له‌ هه‌موو جێگه‌يه‌كى ديكه‌دا- له‌ هه‌مان كاتدا ئيسلاميزم له‌ توركيادا گۆڕانكارييه‌كى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا هاتبوو‌ و، تا هاتووه  له‌ به‌ندوباوى عوسمانلى دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و له‌ بزووتنه‌وه‌ ئيسلامييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست نزيك بووه‌ته‌وه‌.

سه‌رهه‌ڵدان و به‌ره‌وژوورهه‌ڵكشانى ناسيۆناليزمى عه‌ره‌بى له‌ په‌نجاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا له‌ژێر ڕێبه‌رايه‌تيى ناسر، وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا لێك ده‌درايه‌وه‌. بۆ نموونه‌، ڕاپۆرتى ژماره‌ 5820ى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يسى ئه‌مريكا‌ به‌ڕاشكاوانه‌ ده‌ڵێ: "ڕۆژاوا و بزووتنه‌وه‌ى ناسيۆناليستى ڕاديكاڵيى عه‌ره‌به‌ياتى له‌ ڕووى يه‌كتردا ڕاوه‌ستاون. ڕۆژاوا له‌ به‌رانبه‌ر ناسيۆناليزمى ڕاديكاڵدا پشتيوانى له‌ ڕژێمه‌ كۆنه‌پارێزه‌كان ده‌كا، له‌ كاتێكدا سۆڤيه‌تييه‌كان خۆيان وه‌كوو دۆست و داكۆكيكارى ئه‌وان نيشان ده‌ده‌ن." [6] دوو ساڵ پێشتر، سه‌رۆكى ئه‌مريكا،‌ ئايزنهاوه‌ر، له‌ ڕۆژژمێره‌كه‌ى خۆيدا بۆ پشته‌وشاركردنه‌وه‌ى نفووزى سه‌رۆكى ميسر، ناسر، نووسيويه‌تی‌: "هه‌ڵبژارده‌ى من بۆ ئه‌م ڕكابه‌رايه‌تييه‌، پاشاى سعووديا‌يه‌." به‌پێی ئاخاوتنه‌كانی ئايزنهاوه‌ر، "عه‌ره‌بستانى سعوودى وڵاتێكه‌ كه‌ شوێنه‌ پيرۆزه‌كانى جيهانى ئيسلامى لێيه‌ و، عه‌ره‌به‌كانی سعوودى له‌ هه‌موو كۆڕ و كۆمه‌ڵێكى ديكه‌ى عه‌ره‌بان به‌دينتر چاويان لێ ده‌كرێ. له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌، ده‌كرێ مه‌ليك وه‌ك ڕێبه‌رێكى ڕۆحیى موسڵمانانى لێ بێ." [7] سعووديیه‌كان خۆيان، له‌به‌ر ڕۆشنايیى هاوسه‌نگيى هێزى جه‌نگى سارددا، باش دركيان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌‌ به‌ قازانج و مافى ئه‌وان ته‌واو ده‌بێ، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر ناسيۆناليزمى به‌ره‌وسه‌رچووى عه‌ره‌بى و سۆسياليزم له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، ببنه‌ ڕێبه‌رى بزووتنه‌وه‌ ئيسلامييه‌كان. دامه‌زرانى "ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامى" به‌ ڕابه‌رايه‌تيى سعووديا‌ له‌ مه‌ككه‌ له‌ وه‌رزى حه‌جى ساڵى 1962دا، تا ڕادده‌يه‌كى زۆر هه‌ماهه‌نگيى نێوان گرووپ و گرۆيه‌ ئيسلاميسته‌كانى ئاسان كرد [8]. ڕاستییه‌كه‌ی، ڕۆژنامه‌نووسى تورك، ئوغور مومجو، له‌ كتێبه‌كه‌ى خۆيدا، ڕابيته (1987)‌، به‌وردى باس له‌وه‌ ده‌كا‌‌ چۆن ئيسلاميزم له‌ توركيا‌ (به‌ پاره‌ و پووڵى سعوودى و پشتگيریى ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامى) بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و، چۆن ڕايه‌ڵكه‌ له ‌نێوان سه‌رمايه‌ى ئيسلامى و سياسه‌ت له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و ته‌ريقه‌ت و فيرقه‌ ئايينييانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ كايه‌وه‌ كه‌ له‌ توركيا‌ "جه‌ماعه‌ت"يان پێ ده‌گوترێ [9]. پێش 20 ساڵ، به‌ر له‌وه‌ى ئه‌و كتێبه‌ى مومجو بڵاو ببێته‌وه‌، كاربه‌ده‌ستانی سه‌ر به‌ باڵى چه‌پى نێو ده‌وڵه‌ت، ئه‌و زانيارييه‌ هه‌واڵگرييانه‌يان گه‌ياندبووه‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاران كه‌ له‌باره‌ى ئيسلامييه‌كانه‌وه‌ هه‌يان بووه‌. ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ پێيان وابوو‌ سه‌رهه‌ڵدان و به‌ره‌وسه‌رهه‌ڵكشانى ئيسلاميستان-‌ كه‌ به‌ هۆى كه‌شوهه‌واى دژه‌-كۆمه‌نيستانه‌ى سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد له‌ توركيا- به‌گوڕ و به‌تينتر بووه‌، هه‌ڕه‌شه‌يه‌كه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى عه‌لمانيى وڵات.

له‌ ڕاستيدا، وتارێكى تێروپڕ له‌باره‌ى چالاكيى ئيسلامى له‌ توركيا‌ له‌ژێر ناوى "كێ له‌ پشت بزووتنه‌وه‌ى كۆنه‌په‌رستى له‌ توركيايه‌؟" به ‌پشتبه‌ستن به‌ ڕاپۆرته‌كانى "ميت" له‌ ژماره‌ى 19ى ئادارى 1968ى گۆڤارى "ئانت"ى سۆسياليستى بڵاو كرايه‌وه‌. [10] شايانى گوتنه‌،‌ وتاره‌كه‌ نه‌خشه‌يه‌كى ڕێكخراوه‌يیى به‌ ناوى ئيخوانولموسلمين تێدا بووه‌؛ ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنج و تێڕامانه‌ كاتێكى مرۆڤ به‌ ڕووداوه‌كانى نيو سه‌ده‌ى پێشوودا ده‌چێته‌وه‌، ده‌بينێ پێشبينييه‌كانى ئه‌و وتاره‌ له‌باره‌ى ئيسلاميزمه‌وه‌ چۆن و، بگره‌ به‌ته‌واوى هاتوونه‌ته‌ دى. ئه‌و وتاره‌ جه‌خت ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ دوو هێزى بيانى له ‌پشت ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ى ئيسلاميزمن له‌ توركيا‌: "توخمگه‌لێكى كۆنه‌په‌رستى ناو توركيا‌ كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى ده‌گه‌ڵ ڕێكخراوى ئيخوانولموسلمين له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا كار ده‌كه‌ن... ئيمپرياليزمى ئه‌نگلۆ- ئه‌مريكى، به‌هێزبوون و هاتنه‌سه‌ر كارى ناسيۆناليزم و سۆسياليزم له‌ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئه‌و داهاتانه‌ ده‌بينێ كه‌ له‌ نه‌وته‌وه‌ به‌ده‌ستى ده‌كه‌وێ. به‌م پێيه‌، ئيمپرياليزم ئيدى پێی وا بووه‌ كه‌ جێگه‌ى خۆيه‌تى‌ ئايينى ئيسلام به‌سياسى بكا و له‌ ڕێگه‌ى "ئاژانسى ناوه‌نديى هه‌واڵگريى ئه‌مريكى- سيا- CIA"ه‌وه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌ پشته‌وانيكردن له‌ بزووتنه‌وه‌ى ئيخوانولموسلمين. بزووتنه‌وه‌ى ئيخوانولموسلمين له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا له‌ لايه‌ن مه‌ليك فه‌يسه‌ڵى سعووديا‌یشه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا هێنراوه ‌و و دانه‌خۆره‌ كراوه‌." [11]

ئه‌و وتاره‌ ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا‌ و "سيا" به‌ پشته‌وانيكردن له‌ چالاكيى ئيسلامى تۆمه‌تبار ده‌كا و، ئه‌وه‌یش‌ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ بۆ سه‌ر‌ كۆمارى عه‌لمانيى‌ توركيا‌. ئه‌و ڕاپۆرته‌ى "ميت"ى توركى به‌ڵگه‌يه‌كى ڕوون و ئاشكرايه‌ كه‌ له‌ شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، باڵێك له‌ناو ده‌وڵه‌تى توركيا‌دا هه‌بووه‌ كه‌ به ‌لاى هاوپه‌يمانێتيى ناتۆوه‌ گرنگ بووه‌. بوونى ئيسلاميزم له‌نێو ده‌وڵه‌تدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌شوهه‌وا كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسيى چه‌په‌ و دژه‌- ئه‌مريكييه‌ بووه‌‌ له‌ توركيا‌ له‌ هه‌مان ماوه‌دا. به‌گوێره‌ی وتاره‌كه‌، دوو كه‌س چالاكييه‌كانى ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامييان له‌ توركيا‌ به‌ڕێوه‌ بردووه‌: ئه‌حمه‌د گوركان و ساڵح ئۆزجان. ئه‌و دووانه‌ هه‌ردووكيان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دامه‌زراندنى ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامى له‌ 1962دا ئاماده ‌بوون و ڕۆڵێكى گرنگيان له‌ سه‌رهه‌ڵدانى ئيسلاميزم له‌ توركيا گێڕاوه‌. گوركان، په‌رله‌مه‌نتارێكى حزبى داد بووه‌ له‌ قونيا و، ئه‌و په‌رله‌مه‌نتاره‌يه‌ كه‌ پێشنيارێكى دايه‌‌ پارله‌مانى ساڵى 1950 كه‌ ياساى ئاراى به‌ركار بگۆڕێ و ڕێگه‌ بدرێ بانگ به‌ زمانى عه‌ره‌بى بدرێ. گوركان هه‌روابێته‌وه‌ وه‌ك سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى دۆستايه‌تيى توركى- سعوودیيش كارى كردووه‌. [12] "ئۆزجان"يش وه‌ك سياسه‌توانێك گه‌لێك ڕۆڵى ته‌وه‌رئاسا و زيندووى له‌ناو‌ بزووتنه‌وه‌ى ئيسلاميدا گێڕاوه‌. ئۆزجان كه‌ خه‌ڵكى شارى ئۆرفه‌ى باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى توركيا‌يه‌، به ‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك عه‌ره‌به‌ و زمانى عه‌ره‌بى چاك ده‌زانێ؛ نفووزێكى زۆرى له‌نێو بزووتنه‌وه‌ى "نوور"دا هه‌بووه‌. ئه‌و بزووتنه‌وه‌ى نووره،‌ بزووتنه‌وه‌يه‌كى ئايينى بووه‌ و له‌ لايه‌ن سه‌عيد نوورسى (1878- 1960) دامه‌زراوه ‌و نووسينه‌كانى به‌ "نامه‌كانى نوور- رسائلى نوور" [نور وشه‌يه‌كى عه‌ره‌بييه‌ به‌ ماناى روناهى دێ- ئاسۆ] ناسراوه‌. ئۆزجان وه‌ك وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ديعولزه‌مان ناسراوه‌. به‌ديعولزه‌مان نازناوى فه‌خريى سه‌عيدى نوورسى، دامه‌زرێنه‌رى بزووتنه‌وه‌ى نووره‌.

كاتێ كه‌ سه‌رۆككۆمار جه‌وده‌ت سوناى له‌ 1968دا سه‌ردانى عه‌ره‌بستانى سعووديى كرد، ئۆزجان له‌ ڕێگه‌ى ڕايه‌ڵكه‌ و پێوه‌ندييه‌كانى خۆيه‌وه‌، ديمانه‌يه‌كى له ‌نێوان سۆناى و سه‌رۆكى ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامى، موحه‌مه‌د سروور ئه‌لسه‌بان (محمد سرور الصبان)دا ڕێك خست. [13] ئۆزجان هه‌روابێته‌وه‌ يه‌كێ بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ پرۆپاگه‌نده‌ى بۆ سعووديا‌ له‌ توركيا‌ كردووه‌ و خانه‌يه‌كى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌ پاره‌ى سعوودى به ‌ناوى هيلال (Hilal Yayınları) له‌ كۆتايیى په‌نجاكاندا دامه‌زراندووه‌. له‌ شه‌سته‌كان پێوه‌، خانه‌ى هيلال كتێبه‌كانى حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا، سه‌ييد قوتب، ئه‌بولئه‌علاى مه‌ودوودى و بيرمه‌نده‌ ئيسلامييه‌كانى ديكه‌ى، كردوون به‌ توركى و ڕۆڵێكى سه‌ره‌كیى له‌ په‌ره‌پێدانى كاريگه‌ریى ئه‌وانه‌ به‌سه‌ر ئيسلاميزمى توركيدا گێڕاوه‌.  له‌ 1977دا، ئۆزجان وه‌ك په‌رله‌مه‌نتارێكى حزبى سه‌لامه‌تى ميللى (Millî Selamet

Partisi)

كه‌ حزبێكى ئيسلامى بووه‌، هه‌ڵبژێردراوه‌. پاش كوده‌تاى 1980، ئۆزجان به‌رپرسى ڕێكخستنى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌ بووه‌ كه‌ له ‌نێوان موحه‌مه‌دى كوڕى مه‌ليك فه‌يسه‌ڵ و شه‌ش جه‌نه‌ڕاڵى توركى و سه‌رۆكوه‌زيران، "بولنت ئولوسو"دا به‌ڕێوه‌ چووه‌ تا سوپاى توركيا‌ ڕازى بكا سه‌رمايه ‌و پاره‌ و پووڵى سعوودى بێته‌ ناو توركيا‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌يدا، ئۆزجان بووه‌ شه‌ريكێكى دامه‌زرێنه‌رى بانكى (Faisal Finans Kurumu)،‌ كه‌ بانكێكى ئيسلامييه‌ و ساڵى 1984 به‌ سه‌رمايه‌ى سعووديا‌ له‌ توركيا‌ كرايه‌وه‌. [14] له‌ سه‌ره‌تاى 1968دا، ئه‌و وتاره‌ى له‌ گۆڤارى "ئانت"دا بڵاو كرايه‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ تۆرگۆت ئۆزال (كه‌ پله‌ به‌ پله‌ سه‌ر كه‌وتووه‌، تا بووه‌ته‌ سه‌رۆكوه‌زيران و له‌ كۆتايیى هه‌شتاكانيشدا بووه‌ته‌ سه‌رۆككۆمار) و، "كۆركۆت ئۆزال"ى براى (له‌سه‌ر حيسابى حزبى سه‌لامه‌ت له‌ حه‌فتاكاندا بووه‌ته‌ وه‌زير)، وه‌ك دوو پياوى ئيخوانولموسلمين له‌ چه‌ند بوارێكى سه‌ره‌كيى كه‌رتى ده‌وڵه‌تدا ئاماژه‌يان بۆ كراوه‌. [15] له‌و ده‌ميدا، تۆرگۆت ئۆزال ڕێكخراوى پلاندانانى ده‌وڵه‌تى به‌ڕێوه‌ بردووه‌ و، كۆركۆت ئۆزاليش به‌رپرسى كۆمپانياى په‌ترۆلى توركى بووه‌. كاتێ كه‌ تۆرگۆت ئۆزاڵ له‌ 1983دا بووه‌ته‌ سه‌رۆكوه‌زيران، مه‌رسوومێكى له‌ 16ى كانوونى يه‌كه‌مى 1983دا ده‌ركردووه‌ و ڕێگه‌ى به‌ سه‌رمايه‌ى سعوودى داوه‌ بگاته‌ توركيا به‌ ناوى "بانكداريى بێڕيبا"وه‌. ئه‌م هورژم و هاتنه‌ى سه‌رمايه‌ى سعوودى بۆ توركيا‌ به‌ هۆى ساڵح ئۆزجانه‌وه‌، دوو جێپێى سه‌ره‌كیى بۆ خۆى له‌ توركيا‌ كرده‌وه‌: ئه‌لبه‌ره‌كه‌ تورك به‌ سه‌رۆكايه‌تیى كۆركۆت ئۆزال و؛ فه‌يسه‌ڵ فاينانس، كه‌ به‌ده‌ست پياوى ده‌سته‌ڕاستى سعووديیه‌كان، ساڵح ئۆزجانه‌وه‌ بووه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ى ميت له‌ گۆڤارى "ئانت" به‌م شێوه‌يه‌ باس له‌ نه‌جمه‌ددين ئه‌ربه‌كان ده‌كا- دواتر ئه‌ربه‌كان بووه‌ته‌‌ سه‌رۆكى يه‌كێتيى ژووره‌كان و ئاڵووێرى كاڵاى توركيا/ Türkiye Odalar ve Borsalar Birliği- وه‌ك ناوێكى به‌ناوبانگ و گرنكى ئيخوانولموسلمين.  هه‌وه‌ڵ جار ئه‌ربه‌كان وه‌كوو په‌رله‌مه‌نتارێكى سه‌ربه‌خۆ له‌ قونياوه‌ له‌ 1969 هاته‌ ناو پارله‌مان و پاشان حزبێكى ئيسلامیى به ‌ناوى حزبى نيزامى ميللى (Milli Nizam Partisi)  دامه‌زراند. له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا ئه‌ربه‌كان ئيسلاميزمى له‌ توركيا كرده‌ بازنه‌يه‌كى به‌سوود و مفا [واته‌ بازنه‌يه‌ك كه‌ به‌ دواى قازانجێكى زۆردا بگه‌ڕێ- ئاسۆ]ى پشتبه‌ستوو به‌ ‌تۆڕێك جه‌ماعه‌ت و، پاشان بوونه‌ته‌ كۆمپانيا و دامه‌زراوه‌ى باڵاده‌ست و خۆسه‌پێن. جێگه‌ى سه‌رنج و تێڕامانه‌ كه‌ ميت له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ى خۆيدا له‌ گۆڤارى "ئانت" – كه‌ پشتى به‌ زانياریى متمانه‌پێكراو به‌ستووه‌-  وه‌ك "كانديدێك بۆ سه‌رۆكوه‌زيران" له‌ 1968 باسى له‌ ئه‌ربه‌كان كردووه‌ و پێشبينیى ئه‌وه‌یشى كردبوو‌ كه‌ له‌ جێگرى سه‌رۆكوه‌زيرانه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ته‌ ئيئتلافييه‌كانى حه‌فتاكاندا، ببێته‌ سه‌رۆكوه‌زيران له‌ 1996 دا. [16]

ناوى دوو ڕۆژنامه‌ و ناوى خاوه‌نه‌كانيان له‌و ڕاپۆرته‌ى ميت له‌ گۆڤارى "ئانت" هێنراوه‌ كه‌ باڵى ميدياى ئيخوانولموسلمينیان له‌ توركيا پێك هێناوه‌ و كاريگه‌رييه‌كى زۆريشيان له‌ ماوه‌ى 48 ساڵى ڕابردوودا هه‌بووه‌:  بوگون Bugun)، واته:‌ ئه‌مڕۆ) و خاوه‌نه‌كه‌ى مه‌حه‌مه‌د شه‌وكه‌ت ئيگى، كه‌ بيرمه‌ندێكى ناوبه‌ده‌ره‌وه‌ى ئيسلاميزمى توركيا‌يه ‌و؛ موعه‌ممه‌ر تۆپباش (له‌ بنه‌ماڵه‌ى "تۆپباش"ه‌، كه‌ يه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ هه‌ره‌ ده‌ستڕۆيشتووه‌كانى توركيا‌ له‌ بوارى بێزنسدا) و خاوه‌نى سه‌باحى بابى عالى. له‌ ڕۆژنامه‌ى بوگونى ئيسلاميدا، به‌ مانشێت و ناونيشانى وه‌ك "كۆمۆنيسته‌كانى دژ به‌ ناتۆ جاده‌يان پيس كردووه‌"، هه‌ميشه‌ ئيگى لايه‌نگيریى له‌ پێوه‌نديى توندوتۆڵى توركيا و ناتۆ كردووه‌ و لۆمه‌ى چه‌په‌كانى توركيا‌ى كردووه‌ و واى پێ گوتوون: "نا بۆ ناتۆ، يانى چى؟ نه‌فره‌تى خواتان لێ بێ." [17] له‌ 1968دا، ئيگى وتارێكى له‌ بوگون به‌ ناونيشانى "له‌ وڵاتى شه‌ريعه‌تدا" نووسيوه‌، كه‌ تێيدا باس له‌ سه‌رنج و تێڕوانينه‌كانى خۆى له‌باره‌ى عه‌ره‌بستانى سعوودی ده‌كا؛ ئه‌و وتاره‌ به‌ به‌شێكى كاراى پرۆپاگه‌نده‌ بۆ سعووديا‌ حيساب ده‌كرێ. [18] موعه‌ممه‌ر تۆپباش، خاوه‌نى ڕۆژنامه‌ ئيسلامييه‌ ئاماژه‌پێكراوه‌كه‌ى ديكه‌، سه‌باحى بابى عالى، ديسان پێوه‌ندييه‌كى به‌تينى له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانى سعووديدا هه‌بووه‌. ئه‌ندامێكى ديكه‌ى ماڵباتى تۆپباش، "ئه‌يمه‌ن تۆپباش"ه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كوركوت ئۆزال له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، "ئه‌لبه‌ره‌كه‌ى تورك"يان دامه‌زراندووه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌ندامه‌ ناسراوه‌كانى ديكه‌ى ئه‌و ماڵباته‌ جێگه ‌و پێگه‌ى باڵايان له‌نێو "كۆمه‌ڵه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانين" (İlim Yayma Cemiyeti) و "وه‌قفى به‌ره‌كه‌ت"دا هه‌بووه‌. [19] نه‌وه‌يه‌كى ديكه‌ى بنه‌ماڵه‌ى تۆپباش، "موسته‌فا له‌تيف تۆپباش"ه‌، كه‌ بێزنسمانێكى سه‌ركه‌وتووى گه‌وره‌يه‌ له‌ سه‌رده‌مى ئاكه‌په‌دا و  گۆڤارى فۆربس له‌ 2012دا، به‌ (14)مين كه‌سى ده‌وڵه‌مه‌ندى توركياى داناوه‌. هه‌روابێته‌وه‌ له‌ گۆڤارى "ئانت"دا، له‌ نه‌خشه‌ى ڕێكخراوه‌يیى ئيخوانولموسلميندا، ليستێك به ‌ناوى ئه‌و دامه‌زراوه‌ و ده‌زگه‌ و كۆمه‌ڵانه‌ و ئه‌وانه‌ى كارى تێدا ده‌كه‌ن، بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ ئيسلاميزم هه‌وڵی داوه‌ بنكه‌يه‌كى ميللى بۆ خۆى دروست بكا.

يه‌كێ له‌و ڕێكخراوانه‌ى كه‌ ناوى له‌و نه‌خشه‌يه‌دا هاتووه‌، "كۆمه‌ڵه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانين"ه،‌ كه‌ كۆمه‌كى دارايیى له‌ لايه‌ن مه‌ليكى ئه‌و ده‌مه‌ى سعووديا‌ وه‌رگرتووه‌. له‌وه‌یش زێتر، ئه‌نستيتۆيه‌ ئيسلامیيه‌كان كه‌ سه‌روكاريان له‌گه‌ڵ‌ "كۆمه‌ڵه‌ى بڵاوكردنه‌وه‌ى زانين"دا هه‌بووه‌، بۆ ئاخاوتن و وتووێژ ميوانداریى "يوسف قه‌ره‌زاوى"يان كردووه‌ و هاوينه‌كه‌ى 1967ى له‌ توركيا‌ به‌سه‌ر بردووه‌. ڕايه‌ڵكه ‌و پێوه‌نديى نێوان قه‌ره‌زاوى و ئيسلامييه‌كانى توركيا‌ تا هاتووه‌ له‌ ماوه‌ى نيو سه‌ده‌ى ڕابردوودا، به‌تينتر بووه‌. قه‌ره‌زاوى كه‌ ئه‌مڕۆ وه‌ك ئايديۆلۆژيستێكى به‌ناوبانگى ئيخوانولموسلمين ناسراوه‌، له‌ ئاخاوتنێكى خۆيدا له‌ 2016، به‌م شێوه‌يه‌ باسى له‌ ئه‌ردۆغان كردووه‌: "هيوا و ئومێدى موسڵمانان و ئيسلام". [20] ڕێكخراوێكى ديكه‌ كه‌ له‌ نه‌خشه‌كه‌دا ناوى هاتووه‌، "كۆمه‌ڵه‌ى خه‌بات دژى كۆمۆنيزم"ه‌، كه‌ ئاماده‌بوونێكى به‌رچاوى ئيسلامیى هه‌بووه‌. له‌ شه‌سته‌كاندا "فه‌تحوڵڵا گوله‌ن"، دامه‌زرێنه‌ر و ڕابه‌رى بزووتنه‌وه‌ى گوله‌ن ڕۆڵێكى سه‌ره‌كیى له‌ دامه‌زراندنى لقى "كۆمه‌ڵه‌ى خه‌بات دژى كۆمۆنيزم" له‌ ئه‌رزه‌روم گێڕاوه‌. [21]

يه‌كێ له‌و كۆمه‌ڵانه‌‌ى كه‌ له‌ ليستى ڕێكخراوه‌كانى ئيخوانولموسلمين ناوى تۆمار كراوه‌ و ڕۆڵێكى شايانی باسى له‌ سه‌رهه‌ڵدانى ئيسلاميزم له‌ توركيا‌ له‌ نيو سه‌ده‌ى ڕابردوودا گێڕابێ "يه‌كێتيى نه‌ته‌وه‌يیى قوتابيانى توركيا‌" (MTTB)يه‌. هه‌روه‌ك له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م سه‌ره‌باسه‌ى سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌ى بۆ كرا، ئيسماعيل قه‌هره‌مان، سه‌رۆكى ئێسته‌ى ئه‌نجومه‌نى گه‌وره‌ى ميلليى توركيا، ئه‌و ده‌مه‌ى كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ى ميت له‌ 1968دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و سه‌رۆكى ئه‌و ڕێكخراوه‌يه‌ بووه‌ و ڕێكخراوه‌كه‌یش "له‌ژێر كۆنترۆڵى ئيسلامييه‌كاندا بووه.‌" [22] قه‌هره‌مان وه‌ك مامۆستايه‌ك ڕاهێنان و مه‌شقى به‌ گه‌نجه‌ ئيسلامييه‌كانى يه‌كێتيى قوتابيان كردووه‌ و، به ‌درێژايیى ته‌مه‌نى خۆى دوژمنێكى سه‌رسه‌ختى سێكيولاريزم بووه‌. بۆ پته‌وكردنى هێڵى ئيسلامى له‌نێو يه‌كێتيى قوتابياندا، قه‌هره‌مان بزووتنه‌وه‌ى به‌ره‌وژوورهه‌ڵكشاوى چه‌په‌كانى له‌ شه‌سته‌كان به‌ "خزمه‌تكارى دوژمنه‌ نه‌ته‌وه‌ييیه‌كانى ئێمه‌، كۆمۆنيزم" زانيوه‌ و؛ لێبڕاوانه‌ دژى هه‌ر جۆره‌ ناڕه‌زايه‌تييه‌كى ئه‌وده‌م‌ له‌ ناتۆ ڕاوه‌ستاوه‌ و وه‌ك "به‌شێكى پلان بۆ داڕێژراوى به‌كۆمۆنيستكردنى توركيا‌" حيسابى كردووه‌، [23] سه‌ركرده‌كانى ئاكه‌په‌، له‌ بابه‌تى ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵڵا گويل، له‌ حه‌فتاكاندا له‌ يه‌كێتيى قوتابيان ددانى سياسييان كه‌وتووه‌ [واته‌ پێ گه‌يشتوون- ئاسۆ] و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر له‌و ڕێكخراوه‌دا كاريان پێ سپێردراوه‌. [24]  له‌وه‌یش پتر، له‌و كتێبه‌ى ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامى به ‌ناوى ڕێنوێنيى جيهانى بۆ ڕێكخراوه‌كانی چالاكييه‌ ئيسلامييه‌كان، بڵاو كراوه‌ته‌وه‌‌، يه‌كێتيى قوتابيان له‌ سه‌رووى ليستى "ئۆفيس و نوێنه‌رايه‌تييه‌كانى ڕابيته‌ى جيهانى ئيسلامى بووه‌ له‌ توركيا‌." [25]

له‌ ماوه‌ى جه‌نگى سارددا، توركيا‌ به‌زه‌حمه‌ت له‌ ئايديۆلۆژیى ئه‌نتى-كۆمۆنيستى كه‌ له‌نێو وڵاته‌كانى ئه‌ندامى ناتۆدا باو بووه‌، قورتارى بووه‌. ڕاپۆرته‌كه‌ى ميت كه‌ گۆڤارى ئانت له‌ 1968دا بڵاوى كردووه‌ته‌وه،‌ سه‌رنجى بۆ ئه‌و ڕاستييه‌ ڕاكێشاوه‌ كه‌ ئيسلاميزم له‌ توركيا‌ قازانجێكى زۆرى له‌و ڕه‌وشه‌ كردووه‌؛ سلێمان ديميرێلى داوه‌ته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ كه پاشان بووه‌ته‌‌ سه‌رۆكوه‌زيران. "ڕاپۆرته‌كانى ميت له‌باره‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى كۆنه‌په‌رستى"، به‌ سه‌رۆكوه‌زيران ديميرێل دراون؛ له‌ كاتێكدا له‌ ڕاپۆرته‌كاندا سكاڵا له‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ ديميرێل "بۆ چنينه‌وه‌ى ده‌نگان، خه‌ڵكى ساده ‌و ساكار و نه‌زانى به‌ به‌كارهێنانى ئايين هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه"‌ و هيچ باكى به "مه‌ترسيى كۆنه‌په‌رستى"‌ نه‌بووه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕژێمه‌ ده‌ستوورييه‌كه‌مان و چاكسازييه‌كان ده‌كا؛ مه‌ترسييه‌ك كه‌ خه‌ريكه‌ توركيا به‌ره‌و تاريكيى سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاست په‌لكێش ده‌كا.  ڕاپۆرته‌كه‌ ئه‌م ئاگاداركردنه‌وه‌يه‌ى داوه‌: "هێزه‌كانى كۆنه‌په‌رستى ئه‌مڕۆ، خێرا و به‌په‌له‌ خۆيان ڕێك ده‌خه‌ن و بوونه‌ته‌ ده‌وڵه‌تێك له‌نێو ده‌وڵه‌تدا و، ڕۆژێك دێ قه‌سته‌سه‌رى ديمێرێل خۆى ده‌كه‌ن." [26] مسۆگه‌ر ئه‌وه‌ شتێكى كه‌م نييه‌ كه‌ ديميرێل سه‌رهه‌ڵدان و خورتبوونى ئيسلاميزمى له‌ كۆتايیى شه‌سته‌كاندا وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك نه‌بينيوه‌- نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکوو‌ ديميرێل زه‌وينه‌یشى بۆ هاتنه‌ ئاراى ئيسلاميزم له‌نێو ده‌وڵه‌تدا خۆش كردووه‌ له ‌ڕێگه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تگه‌لێكى ئيئتلافى له‌گه‌ڵ حزبه‌ ئيسلامييه‌كان له‌ حه‌فتاكاندا- دواتر ديميرێل هه‌ر خۆى وه‌ك سه‌رۆككۆمار له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا ناچار بووه‌ و ده‌ست له‌ناو ده‌ستى سوپا بنێ، بۆ سه‌ركردايه‌تيكردنى خه‌بات دژى ئيسلاميزم.

سه‌رمايه‌ى سعوودى و هه‌ڵكشانى ئيسلاميزم

كتێبه‌كه‌ى مومجو "ڕابيته‌"، كه‌ له‌ ساڵى 1987دا چاپ كراوه‌، هه‌ق و حيسابێكى ورد و درشتى وه‌هاى تێدايه‌ كه‌ بۆت ڕوون ده‌كاته‌وه‌ چۆن ئايديۆلۆژیى ده‌وڵه‌تى توركيا پاش كوده‌تا سه‌ربازييه‌كه‌ى 1980‌ به‌ ئاقارى "تێكه‌ڵه‌يه‌كى توركى- ئيسلامى" وه‌رچه‌رخاوه‌ و چۆن ئيسلاميزم- به ‌پشتوپه‌ناى سعووديا‌- له‌ ماوه‌ى كاربگێڕيى ئۆزالدا  كه‌ هه‌رگيز هه‌ست و سۆزى ئيسلامييانه‌ى خۆى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌، به‌خۆدا هاتووه ‌و گه‌شه‌ى كردووه‌‌. ئه‌و سه‌روه‌خته‌، كاربه‌ده‌سته‌كانى باڵى چه‌پڕه‌و- به‌تايبه‌تى له‌نێو داموده‌زگه‌ى ته‌ناهى و هه‌واڵگريدا- كه‌ له ‌به‌رانبه‌ر به‌ئيسلاميكردندا نيگه‌ران و قوشقى بوون، له‌مێژ بوو ببوونه‌ كه‌مينه‌يه‌ك. له‌ هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا، ئه‌و باڵه‌ى ناو ده‌وڵه‌ت زانيارييان به‌ مومجو داوه‌ كه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ى خۆيدا سوودى لێ بينيون (دياره‌ مومجو هاوڕاى جيهانبينیى ئه‌وان بووه‌). له‌ 24ى كانوونى دووه‌مى 1993دا، مومجو خۆى بووه‌ قوربانيى غافڵكوژييه‌كى نادیار له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ى خۆيدا له‌ ڕێگه‌ى بۆمبڕێژكردنى ئۆتۆمبێله‌ تايبه‌ته‌كه‌ى خۆيه‌وه‌‌. لێوردبوونه‌وه‌ و لێوه‌كۆڵينێكى له‌نزيكه‌وه‌ى ئه‌و تۆڕانه‌ى كه‌ مومجو خستبوونييه‌ ڕوو- ئه‌و تۆڕانهى‌ (شبكات)، به‌مه‌به‌ستى سياسى به‌ سه‌رمايه‌ى ئيسلامى و به‌ جه‌ماعه‌ته‌كانه‌وه‌ به‌سترابوونه‌وه‌- ڕاستييه‌كى زه‌ق له‌باره‌ى هه‌لومه‌رجى ئه‌مڕۆى توركيا‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن: ئه‌و كه‌س و كۆمپانيا و دامه‌زراوانه‌ى له‌وێدا باسيان لێ كراوه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ خۆيان دواتر له‌ سه‌رده‌مى ئاكه‌په‌دا پێگه‌ و ستاتۆى گرنگيان به‌ده‌ست هێناوه‌. ئه‌وانه‌ى خواره‌وه‌ هه‌ندێ له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ له‌ناو ئه‌و ده‌زگه ‌و ڕێكخراوانه‌دا ده‌ستيان ڕۆيشتووه‌ و به ‌پاره ‌و پووڵى سعوودى هه‌ڵسوڕاون و له‌ ليسته‌كه‌ى ساڵى 1987ى مومجودا ناويان هاتووه‌: ئه‌يمه‌ن و موسته‌فا له‌تيفى بنه‌ماڵه‌ى تۆپباش كه‌ پشكێكيان له‌ سوپه‌رماركێته‌كانى BİMدا هه‌بووه‌. ئه‌وBİMه‌ به‌شێكه‌ له‌ جه‌ماعه‌تى ئه‌ره‌نكى (لقێكى ته‌ريقه‌تى ئايينيى نه‌قشبه‌ندييه‌) و ڕايه‌ڵه‌يه‌كى نزيك و پته‌وى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغاندا هه‌يه‌؛ حه‌سه‌ن كاليۆنجوى دامه‌زرێنه‌رى ئينشائاتى كاليون (Kalyon İnşaat)- كه‌ قۆنته‌راتێكى بۆ دروستكردنى سێیه‌مين فڕۆكه‌خانه‌ى ئيستانبۆڵ پێ درا و، يه‌كێكه‌ له‌ خاوه‌ن كه‌ناڵه‌كانى نزيك له‌ ئه‌كه‌په‌ وه‌ك رۆژنامه‌ى سه‌باح- كه‌ناڵى ته‌له‌فزيۆنى ATV له‌ته‌ك سه‌رۆكه‌كه‌ى جه‌مال كاليۆنجودا؛ سه‌برى  ئيكه‌رى دامه‌زرێنه‌رى گرووپى ئيكه‌ر (كه‌ له‌مێژه‌ پشتيوانى له‌ بڵاوكراوه ‌و وه‌قفه‌كانى ئيسلامييان ده‌كا) و، هه‌روابێته‌وه‌ "موراد ئيكه‌ر" كه‌ هاوپۆڵى  سه‌رۆكوه‌زيرانى پێشووى توركيا‌، داوود ئۆغلو بووه‌ له‌ قۆناخى ئاماده‌ييدا؛ "كه‌مال ئوناكيتان"ى وه‌زيرى پێشووى دارايى؛ "عه‌بدوڵڵا تنكلى" كه‌ بووه‌ ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رانى تورك ته‌له‌كۆم  پاش فرۆشرانى به‌ كۆمپانياى "ئۆگه‌ر ته‌له‌كۆم"ى سعوودى. [27]

پاش ئه‌وه‌ى له‌ هه‌شتاكاندا ئه‌م كه‌سانه‌ ڕايه‌ڵكه ‌و پێوه‌نديى قووڵيان له‌گه‌ڵ سه‌رمايه‌ى سعوودى دامه‌زراند، له‌ سه‌رده‌مى حوكمڕانيى ئاكه‌په‌دا كه‌وتنه‌ به‌رچاوان و ته‌نده‌ر‌ى پڕقازانجى بيناكردنيان پێ درا و، بوونه‌ هێزێكى ده‌ستڕۆيشتوو له‌ بوارى ميديا و سياسه‌تدا. [28] سه‌رمايه‌ى سعوودى و كه‌نداو له‌ ده‌سپێكى 2002وه‌ كه‌ ئاكه‌په‌ هاته‌ سه‌ر كار، پێ به‌ پێ، بوونى له‌ توركيا‌ به‌رچاوتر بووه‌. كۆمپانياگه‌لێكى له ‌بابه‌تى ديگيتورك، فاينانس بانك و تورك ته‌له‌كۆم كه‌ به‌ پاره‌ى قه‌ته‌ر و عه‌ره‌بستانى سعوودى كڕدراون. به‌كورتى سه‌رمايه‌ى كه‌نداو بووه‌ته‌‌ به‌شێكى گرنگ له‌ هه‌ر دوو بوارى عه‌قارات و بيناكردندا. زۆر ئاپارتمان كه‌ سه‌ريان له‌ ئاسمان ده‌سوێ، له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانى توركيا‌ دروست كراون  و، خاوه‌نى هه‌ندێكيان خاوه‌نى كۆمپانياكانى كه‌نداون. ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ى تورك كه‌ كه‌شوكوشێكى نزيكيان له‌گه‌ڵ پاره‌ و پووڵى سعووديدا هه‌بووه‌، بله‌ز و خێرا پله‌ به ‌پله‌ سه‌ر كه‌وتوون. بۆ نموونه‌ ئه‌فكان ئالا كه‌ وه‌زيرى ناوخۆ بووه‌ له‌ ماوه‌ى نێوان 2013- 2016دا، به‌ر له‌وه‌ى ببێته‌ وه‌زيرى ناوخۆ، جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران بووه‌؛ له‌ 2012دا وه‌ك ئه‌ندامێكى كۆميته‌ى وردبينى له‌ تورك ته‌له‌كۆم دامه‌زرێنراوه‌، تا نوێنه‌رايه‌تیى كۆمپانياى ئۆگه‌ر ته‌له‌كۆمى سعوودى بكا له‌ كۆمپانياى ناوبراودا.

بێ گومان، كۆمپانيا سعووديیه‌كه‌ وه‌ك كه‌سێكى متمانه‌پێكراو چاوى لێ كردووه،‌ به‌و پێيه‌ى كه‌سێكى هه‌ره‌ باش و متمانه‌پێكراوه‌‌ بۆ نوێنه‌رايه‌تيكردنى كۆمپانياى ناوبراو. هه‌روا ده‌كرێ ناوى موراد بهێنرێ كه‌ له‌ 2016ه‌وه‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌نديى كۆمارى توركيا‌يه‌ كه‌ بۆ ماوه‌يه‌كى درێژ پۆستى باڵاى له‌و كۆمپانيا و ده‌زگه‌يانه‌دا هه‌بووه‌ كه‌‌ بنكه‌ و باره‌گايان له‌ توركيا‌يه‌ و له‌ لايه‌ن كه‌نداوه‌وه‌‌ كۆنترۆڵ كراون وه‌ك: ئه‌لبه‌ره‌كات تورك و كوێت تورك. لێ ئه‌و هاتنه‌ به‌خوڕه‌ى پاره‌ و سه‌رمايه‌ى كه‌نداو‌- به‌تايبه‌تى سعوودى- خۆى له‌ خۆيدا بێ ئاريشه‌ نه‌بووه‌. له‌به‌ر ئه‌و هۆيه‌ى كه‌ پاره‌ و پووڵى وا، به‌رفه‌رمانى هيچ ميكانيزمێكى لێپرسينه‌وه‌ى دارايى نه‌بووه ‌و نييه‌، به‌و مانايه‌ى كه‌ هاتنى ئه‌و بڕه‌ پاره‌يه‌ بۆ توركيا هيچ شه‌فافيیه‌تێكى تێدا نه‌بووه‌‌. له‌وه‌یش زێتر، وه‌ك ده‌گوترێ گوژمه‌ پاره‌ى وڵاتێك  كه‌ له‌ وڵاتێكى ديكه‌ ده‌خرێته‌ گه‌ڕ، ئايديۆلۆژییشى له ‌پشته‌وه‌يه‌ و بۆ خێرات نييه‌.

وه‌به‌رهێنه‌رانى وڵاتانی كه‌نداو، به‌تايبه‌تى ئه‌وانه‌ى عه‌ره‌بستانى سعوودى، به‌رهه‌م و په‌روه‌رده‌كراوى سيسته‌مێكى پاشايه‌تيى دژى ديموكراتين و جيهانبينييه‌كى تۆتاليتارييان هه‌يه‌ كه‌ له‌ وه‌هابيزم ئاو ده‌خواته‌وه‌. جێگه‌ى سه‌رسووڕمانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ دواى گۆڕينى پێكهاته‌ى سياسى و ئابووريى توركيادا نه‌گه‌ڕێن به ‌شێوه‌يه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆيان بكا. [29] ئه‌ردۆغان كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ى سه‌رۆكوه‌زيران بوو له‌ سه‌ردانێكى بۆ سعووديا‌ له‌ 2010دا، ڕای گه‌ياند "يه‌كێتيى ئه‌وروپى به ‌لاى ئێمه‌وه‌ چه‌ند گرنگه‌، سعووديا‌یش هه‌نده‌"؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، له‌ ماوه‌ى 7 ساڵدا پاش ئه‌و سه‌ردانه‌، ڕياز ڕايه‌ڵكه ‌و پێوه‌ندیى ئه‌وتۆى له‌گه‌ڵ ئانكارا‌دا دامه‌زراندووه‌ كه‌ زۆر له‌وه‌ى نێوان ئانكارا‌ و برۆكسل گرنگتره‌. توركيا‌ "جه‌يشى ئه‌لفه‌تح"ى به‌ هاوبه‌شیى سعووديا‌ له‌ سووريا‌ پێك هێنا؛‌ هه‌روابێته‌وه‌ توركيا‌ له‌ دامه‌زراندنى جه‌يشولئيسلام له‌ژێر سه‌ركردايه‌تیى سعووديا‌ به‌شدار بوو؛ له‌ شوباتى 2016يشه‌وه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى سعووديا‌ له‌ بنكه‌ى ئاسمانیی ئه‌نجه‌رليك جێگير بوون. [30]

ئيسلاميزم و پێوه‌ندييه‌كانى توركيا‌ به‌ ڕۆژاواوه‌

له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا ئيسلاميزم ببووه‌ هێزێكى ئابووريى حيساب بۆ كراو له‌ توركيا‌. ئه‌و هێزه‌ له‌ چه‌ند جه‌ماعه‌تێك پێك هاتبوو [له‌ توركيه‌ به‌ كۆڕ و گرۆى ئايينى ده‌گوترێ جه‌ماعه‌ت. به‌ گوله‌نييه‌كان ده‌گوترێ جه‌ماعه‌ت- ئاسۆ] كه‌ نه‌شونمايان كردبوو و ببوونه‌ كۆمپانياى زه‌به‌لاح و له‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌ و ده‌زگه‌يه‌كى ده‌وڵه‌تدا جێگه‌ى خۆيان كردبۆوه‌. له ‌برى ئه‌وه‌ى ئيسلاميزم ده‌سه‌ڵاتى سياسى له‌گه‌ڵ هيچ لايه‌كدا به‌ش بكا، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بووه‌ خۆى ته‌واوى ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و كاربه‌ده‌ستانى سوپایش، ئيسلامى سياسييان پێ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك بووه‌. باڵى "ڕيفۆرمخواز"ى ئيسلاميزم كه‌ ئه‌ردۆغان و گويل سه‌ركردايه‌تيیان ده‌كرد، بيريان لێ كردبووه‌وه‌‌ كه‌ ده‌بێ پاكسازييه‌كى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و سوپا بكرێ. بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌مه‌یش ئه‌وان پێويستيان به‌ پشتيوانیى هاوپه‌يمانه‌ بيانييه‌كانى توركيا‌، نه‌مازه‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپى و ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا‌ هه‌بوو.  له‌ ماوه‌ى پێش كوده‌تاى 28ى شوبات و دوا به ‌دواى پێوه‌دانى حزبى "ڕه‌فاھ" و دامه‌زراندنى ئاكه‌په‌، ئه‌و باڵه‌ ڕيفۆرمخوازه‌ خۆى له‌ هێڵى ڕوانگه‌ى نه‌ته‌وه‌يى كه‌ ئه‌ربه‌كان پێڕه‌ویى لێ ده‌كرد، دوور خسته‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ى پێكهێنانى هاوپه‌يمانێتیى ستراتيژى له‌گه‌ڵ ڕۆژاوادا به‌سه‌ر په‌يژه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا پێ به‌ پێ سه‌ر كه‌وتن.

وه‌ك "ئلهان ئوزگه‌ل"ى لێكۆڵه‌ر تێبينیى كردووه‌، دوو سياسه‌تكارى هه‌ره‌ به‌رچاوى ئاكه‌په‌، ره‌جه‌ب ته‌یيب ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵڵا گويل له‌ ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ "به‌ پرۆسه‌يه‌كى گرنگى خۆپێگه‌ياندن و فێربوون"دا ڕه‌ت ببوون و له‌وه‌ گه‌يشتبوون كه‌ ڕۆژاوا و ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا‌ به‌تايبه‌تى، ڕۆڵێكى پێویست له‌ "هاتنه‌سه‌ركار و مانه‌وه‌يان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌ توركيا‌" ده‌گێڕن: "له ‌سۆنگه‌ى ئه‌مه‌وه‌، نه‌وه‌ى گه‌نج و تازه‌ پێگه‌يشتوو [ڕيفۆرمخواز]ى ڕوانگه‌ى ميللى پێيان باش بوو بێنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ك بێ ڕۆژاوا، يان بێ ئه‌مريكا‌، يان بێ لۆبیى جووله‌كه‌، به‌ڵكه‌ ئه‌وان گه‌ره‌كيان بوو به‌ پشتيوانیى ته‌واوى ئه‌و لايه‌نانه‌ هه‌ر هه‌موويان بێنه‌ سه‌ر كار و وه‌ك ئامرازگه‌لێك بۆ سازش و ساتوسه‌ودا له ‌پێناو ده‌سه‌ڵاتێكى زۆرتر و زۆرتردا ده‌كاريان بهێنن". [31] ڕاستییه‌كه‌ی، له‌ ماوه‌ى سه‌ردانى ئه‌و دووانه‌دا بۆ ئه‌مريكا‌ له‌ 2002دا، چ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌و ساڵه ‌و چ ڕاسته‌وخۆ دواى ئه‌وانيش، گويل و ئه‌ردۆغان، په‌يامى به‌و شێوه‌يان ده‌دا به‌ گوێچكه‌ى ئه‌وان [ئه‌مريكه‌، يه‌كێتيى ئه‌وروپى، لۆبيى جووله‌كه‌ -ئاسۆ]‌ له‌باره‌ى ئه‌و ڕێچكه‌يه‌ى كه‌ ده‌بێ ئاكه‌په له‌ داهاتوودا‌ بيگرێته ‌به‌ر. له‌ كانوونى يه‌كه‌مى 2002دا، بۆ نموونه‌، ئه‌ردۆغان چاوى به‌ گراهام فوله‌ر كه‌وت  (كارناسێكى سيا و شاره‌زاى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و يه‌كێكه‌ له‌ نه‌خشه‌سازانى پرۆژه‌ى ئيسلامى ميانڕۆ كه‌ له‌ لايه‌ن دامه‌زراوه‌ى "ڕه‌ند"ه‌وه‌ سپۆنسه‌ر ده‌كرا) و، هه‌روابێته‌وه چاو‌ى به‌‌ باڵيۆزى پێشووى ئه‌مريكا‌، مۆرتۆن ئه‌برامۆويتز كه‌وت؛  له‌ ئاخاوتنێكيشدا له‌ سه‌نته‌رى ديراساتى ستراتيژى و نێوده‌وڵه‌تى (CSIS)، كه‌ "تينك تانك"ێكى گرنگه‌ ئه‌ردۆغان، ئه‌مريكا‌ى به‌ "هاوبه‌شێكى سروشتيى توركيا‌" دانا. [32] ئاخاوتنى ئه‌ردۆغان له‌باره‌ى پێوه‌ندييه‌كانى له‌ ئه‌مريكا‌دا- "ئه‌وان شونى ئێمه‌يان هه‌ڵده‌گرت"، پڕبه‌پێستى خۆيه‌تى. [33] بێ شك، ئه‌ردۆغان له‌وه‌ تێ گه‌يشتبوو كه‌ ئه‌ندامه‌ پله‌ باڵاكانى دامه‌زراوه‌ى سياسيى ئه‌مريكا‌، ده‌يانه‌وێ مۆدێلى ئاكه‌په‌ به‌كار بهێنن بۆ كپكردنه‌وه‌ى شه‌پۆڵى فه‌نده‌مێنتاليزمى ئايينى له‌ دواى 11ى سێپته‌مبه‌ر له‌ ڕۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاستدا؛ ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ى به‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى به‌نرخ ده‌زانى له‌ ململانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا كه‌ خه‌ريك بوو له‌ توركيا‌ ده‌ست پێ بكا. ئه‌م دێڕانه‌ى خواره‌وه‌ له‌ لايه‌ن ڕۆژنامه‌نووس ده‌ريا سازاك له‌ كانوونى دووه‌مى 2002 نووسراون، ڕه‌نگدانه‌وه‌يه‌كى ڕاسته‌وڕاستى ئه‌و پێوه‌ندييه‌يه‌ كه‌ سه‌ركردايه‌تيى ئاكه‌په‌ له‌ نێوان سياسه‌تى ناوخۆ و سياسه‌تى ده‌ره‌خۆدا دای مه‌زراندبوو: "ئه‌ردۆغان له‌ ئاماژه‌كردن بۆ ئيسلامى ميانڕۆ، ڕای گه‌ياند كه ئه‌و‌ مۆديله‌ سياسییه‌ی له‌ توركيا‌ دێته‌ گۆڕێ، له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسيپه‌ داده‌مه‌زرێ كه‌ هاتنه‌سه‌ركار و دووركه‌وتنه‌وه ‌له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌بێ، له‌ چوارچێوه‌ى نيزامێكى ديموكراتى، عه‌لمانيى ده‌وڵه‌تدا كه‌ ببێته‌ نموونه‌يه‌ك بۆ هه‌ر وڵاتێك له‌ جيهانى ئيسلاميدا." [34] له‌ سه‌ره‌تاى نۆڤه‌مبه‌رى 1999دا، عه‌بدوڵڵا گويل به‌ یاوه‌ریی "ڕه‌جايى كوتان"ى دامه‌زرێنه‌رى حزبى فه‌زيله‌ سه‌ردانى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا‌يان كرد. له‌و سه‌ردانه‌ياندا، گويل گوتى: "ئێمه‌ ده‌رسمان له‌ ئه‌زموونى حكوومه‌تى ڕه‌فاه-يۆڵ وه‌رگرتووه‌" (حكوومه‌تێكى ئيئتلافیى نێوان حزبى ڕه‌فاهى نه‌جمه‌ددين ئه‌ربه‌كان و حزبى ڕێگه‌ى ڕاست بوو كه‌ بۆ ماوه‌يه‌كى كه‌م ژيا). گويل ده‌ڵێ: "ئه‌و خۆى، بوونه‌ ئه‌ندام له‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپیدا له‌ بازاڕێكى هاوبه‌شى ئيسلامى پێ باشتره‌." [35]

ئه‌م سياسه‌تى نزيكبوونه‌وه‌يه‌ له‌ ئه‌مريكا‌ كه‌ ئوزگه‌ل په‌يامه‌ تايبه‌تييه‌كانى ئاكه‌په‌ى ده‌رهه‌ق به‌ واشنتۆن، به‌ "گۆڕانێكى پراگماتيكى" ناو بردووه‌ كه‌ پره‌نسيپه‌ ديموكراتييه‌كان له‌ئامێز ده‌گرن، به‌رجه‌سته‌ى وه‌رچه‌رخانێكى بنه‌ڕه‌تى ناكا و ده‌ره‌نجامى پرۆسه‌يه‌كى قووڵى تێفكرينى ئه‌و حزبه‌ نييه‌؛ به‌ڵكه‌ به‌رجه‌سته‌ى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵايه‌كى پراگماتيكييانه‌يه‌ به ‌دواى هاوپه‌يمانێكى بيانيدا كه‌ ده‌ست و مه‌چه‌كى ئاكه‌په‌ له‌ ناوه‌وه‌ى وڵات به‌هێز بكا. [36] ئه‌ردۆغان خۆى زۆر واقعييانه‌ دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ "هه‌رگيز ده‌سته‌واژه‌ى "من گۆڕاوم"ی به‌كار نه‌هێناوه‌. ئه‌گه‌ر بگوترێ فلانه‌ كه‌س گۆڕاوه‌، به‌ ماناى هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه ‌و بادانه‌وه‌ دێ له‌ به‌هاكان؛ له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ به‌كارهێنانى ئه‌م ده‌سته‌واژه‌يه‌ كارێكى نه‌شياوه‌. ئێمه‌ ته‌نيا پێستى كۆنى خۆمان وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌يه‌ك بۆ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى دنيا، له‌خۆ داماڵيوه‌." [37] ئه‌م وێناكردنه‌ى "پێستى خۆ داماڵين" به‌ ماناى خۆگونجاندن دێ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى ئارا، بێ ئه‌وه‌ى سروشتى ڕاسته‌قينه‌ى خۆى بگۆڕێ؛ ئا ئه‌وه‌ زۆر به‌باشى تيشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌يه‌ى كه‌ ئاكه‌په‌ له‌ ماوه‌ى نێوان 2002 تا 2011 له‌ هه‌ر دوو بوارى سياسه‌تى ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌دا پێره‌ویى لێ كردووه‌.

له‌ ديمانه‌يه‌كى 1993دا، ئه‌ردۆغان كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ سه‌رۆكى لقى ئيستانبۆڵى حزبى ڕه‌فاھ بووه‌ ده‌ڵێ: "ئێمه‌ ده‌ڵێین ديموكراسى، ته‌نيا‌ ئۆتۆمبێلێكه‌. ئۆتۆمبێلێكه‌ بۆ گه‌يشتن به‌و سيسته‌مه‌ى خۆت گه‌ره‌كته‌." [38] له‌به‌ر ڕۆشنايیى ئه‌م ئاخاوتنانه‌ى ئه‌ردۆغاندا، پاش 15 ساڵ له‌ حوكمڕانيى ئاكه‌په‌‌، مرۆڤ كه‌ ڕه‌وش و بارى ئێسته‌ى حوكمى یاسا، لێكجياكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان و ئازاديى چاپه‌مه‌نى له‌ توركيا‌ ده‌بينێ، تووشى سه‌رسوڕمان نابێ. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ى 1999دا بووه‌، كه‌ فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، كه‌ هاوپه‌يمانێكى نزيكى ئاكه‌په‌ بووه‌ له‌ 2002ه‌وه‌ تا 2013، چووه‌ته‌ ئه‌مريكا‌ و لايه‌نگرى دامه‌زراندنى ڕايه‌لكه‌يه‌كى قايم و توند بووه‌ له‌گه‌ڵ واشنتۆندا. گوتارى ئه‌نتى-كۆمۆنيستانه‌ى گوله‌ن له‌ سه‌رده‌مى جه‌نگى سارددا، به‌زۆرى بۆ سه‌عيد نوورسى، پێشه‌واى بزووتنه‌وه‌ى نوور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و، هه‌ر له‌نێو ئه‌و بزووتنه‌وه‌يه‌یشدا گوله‌ن پێ گه‌ييوه‌. له‌ چله‌كاندا نوورسى داواى له‌ حكوومه‌تى ئه‌و ده‌مه‌ى (جه‌هه‌په‌) كردووه‌ كه‌ دژايه‌تیى شيوعیيه‌ت بكا و كۆمۆنيزمى به‌ غه‌زوو و په‌لامارى حه‌زياى سامناكى باكوورى ڕۆژهه‌ڵات شوبهاندووه‌ (واته‌ سۆڤيه‌ت) و ده‌بێ باوه‌ش بۆ قورئان و واقعى بیروباوه‌ڕ‌ بكرێته‌وه‌. به‌گوێره‌ی نوورسى، زۆر پێويسته‌ له‌و كێشه‌يه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا‌دا بوه‌ستين: "ده‌كرێ و ده‌شێ موسڵمانێكى دڵسۆز ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكى به‌هێزى وه‌ك ئه‌مريكا، كه‌ به‌راستى داكۆكى له‌ ئايين ده‌كا." [39] له‌ 1997دا، گوله‌ن به‌ئاشكرا هه‌ڵوێستى پرو-ئه‌مريكييانه‌ى خۆى كه‌ له‌ نوورسى به‌ميرات بۆى مابووه‌وه‌ ڕاگه‌ياند و گوتى: "كۆمۆنيسته‌ ده‌مارگير و سه‌رسه‌خته‌كان به‌بێ هيچ بنه‌مايه‌كى ژيره‌كى، يان مه‌نتيقى ڕكيان له‌ ئه‌مريكا‌ ده‌بێته‌وه‌." و پاشان ده‌ڵێ: "پڕ گرنگه‌ له ‌نزيكه‌وه‌ سايه‌ديى ئه‌مريكا‌ بكه‌ين- كه‌ داخوا له‌ چ به‌شێكدا ئێمه‌ هه‌ست به‌ نزيكى له‌ ئه‌مريكا‌ ده‌كه‌ين- تا به‌ڕاست و دروستى سوودى لێ بينين. ئا به‌م شێوه‌يه‌ ده‌توانرێ نه‌وه‌يه‌كى زێڕين، نه‌وه‌يه‌كى گه‌نج كه‌ نوێنه‌رايه‌تیى زانست و  ته‌كنه‌لۆژی بكات له‌ سه‌رانسه‌رى دنيادا پێ بگه‌يه‌نين." [40]

هه‌ر له‌ هه‌مان ماوه‌دا، خه‌ڵكێكى ديكه‌یش هه‌بوون كه‌ پێيان هه‌ڵه‌ بووه‌ توركيا تاكلايه‌نه‌ پشت به‌ ڕۆژاوا ببه‌ستێ و، ده‌يانگوت كه‌ ستايلى هاوپه‌يمانێتیى سه‌رده‌مى جه‌نگى سارد له‌گه‌ڵ ڕۆژاوادا مايه‌ى داكۆكیلێكردن نييه‌ و ده‌بێ ڕێبازێكى نوێى پێويست بۆ سياسه‌تى ده‌ره‌كى بگيرێته‌ به‌ر. ئيسماعيل جه‌م، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا‌ له‌ ماوه‌ى نێوان 1997- 2002، ده‌يگوت كه‌ توركيا پێويسته‌ خۆى له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتيش بگونجێنێ نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕۆژاوادا؛ جه‌م مه‌به‌ستى ئه‌وه ‌بوو كه‌ توركيا بكاته‌ هێزێكى جيهانى له‌ ڕێگه‌ى گرتنه‌به‌رى سياسه‌تگه‌لێكى سه‌ربه‌خۆ له‌ به‌رانبه‌ر ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌ردا. [41] له‌ناو ده‌سته‌ و دايره‌ (چه‌پڕۆ- نه‌ته‌وه‌يى)يه‌كان و هه‌ندێ ئه‌فسه‌رى پله‌باڵادا، ڕێبازێكى نوێى سياسه‌تى ده‌ره‌كى  كه‌ به‌ "ئۆراسيايى" هاته‌ هۆلێ،‌ ڕاست و دروستيى پێوه‌ندييه‌كانى توركيا ‌و ڕۆژاواى ده‌خسته‌ ژێر پرسياره‌وه‌. ئه‌م تێڕوانينه‌ له‌ 2002دا گه‌يشته‌ چله‌پۆپه‌، كاتێ كه‌ سكرتێرى گشتیى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يیى توركيا‌، جه‌نه‌راڵ تونجه‌ر كلينچ گوتی كه‌ توركيا‌ بچووكترين سوودى له‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپى نه‌بينيوه ‌و گوتى: "پێم وايه‌ بۆ توركيا‌ به‌سوود ده‌بێ، ئه‌گه‌ر ڕێى تێ بچێ و بكرێ، ڕێبازێك بگيرێته ‌به‌ر كه‌ ڕووسيا ‌و ئێرانيش بگرێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى ئه‌مريكا‌ فه‌رامۆش بكرێ." [42] به‌ هاتنه‌سه‌ركارى ئاكه‌په‌ له‌ 2002دا، ئه‌م ئاراسته‌ ئاماژه‌پێكراوانه‌ى سه‌رێ له‌ سياسه‌تى ده‌ره‌كيى توركيه‌ كۆتايیيان پێ هێنرا و سه‌رده‌مى لێكنزيكبوونه‌وه‌ى بێمه‌رج له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا‌، له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى ئه‌وروپيدا ده‌ستى پێ كرد. پاش په‌لاماره‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌ر، ئه‌مريكا‌ مۆدێلى ئاكه‌په‌ى بۆ وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌باش ده‌زانى، وه‌ك ئامرازێك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى فه‌نده‌مێنتاليزمى ئايينى له‌ جيهانى ئيسلاميدا. ئه‌مريكا بۆيه‌‌ ئاكه‌په‌ى به‌گونجاو ده‌زانى‌، چونكه‌ هه‌ڵگرێكى  ستانداردى نيوليبراڵيزم بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئابووريى بازاڕى ئازاد بووه‌ و له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنێكى ئازاد و بێگه‌رده‌وه‌ هاتووه‌ته‌ سه‌ركار.

له‌ 2004دا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا‌، كۆلن پاوڵ، عێراقى له‌گه‌ڵ نموونه‌ى توركيا‌ پێك گرتووه‌ و گوتوويه‌تی‌ له‌ عێراق "كۆمارێكى ئيسلامى دێته‌ دى، وه‌ك كۆماره‌ ئيسلامييه‌كانى ديكه‌- توركيا‌ و پاكستان." [43]  كه‌واته‌ ڕۆژاوا پشتيوانیى ئاكه‌په‌ى كردووه‌ وه‌ك مۆديلێكى ئيسلامیى ميانڕۆ؛ ئه‌ردۆغان له ‌لاى خۆيه‌وه‌ بله‌ز و خێرا بووه‌ كه‌ ئه‌م تێڕوانينه‌ به‌ قازانجى خۆى له‌ سياسه‌ته‌كانى ناوخۆى توركيا‌دا بقۆزێته‌وه‌. ئاكه‌په‌ باوه‌ڕى وا بووه‌ كه‌ ده‌بێ پاكسازى له‌ناو كاربه‌ده‌ستانى سوپا و دادوه‌رى و به ‌شێوه‌يه‌كى به‌ربڵاوتر، له‌نێو ده‌سته‌بژێره‌ عه‌لمانييه‌ كۆماريخوازه‌كان بكرێ- له‌ هه‌ر بارێكدا ئه‌وانه‌ بوون كه‌ سروشتى پێوه‌ندييه‌كانى توركيا‌ و ڕۆژاوايان هێنابووه‌ ژێر پرسيار‌- بۆ مكومكردنى ده‌سه‌ڵاتى خۆى. له‌م سۆنگه‌يه‌یشه‌وه‌ شاڵاوێكى توندى ده‌رهه‌ق به‌وانه‌ گرته ‌به‌ر و، هيچ له‌وه‌ نه‌پرينگايه‌وه‌، له‌ هه‌ر جێيه‌ك پێويست بێ، په‌نا بۆ شانۆگه‌ريى دادگه‌ييكردنيان ببا؛ له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا، ئاكه‌په‌ به‌ته‌واوى له‌ لايه‌ن ڕۆژاواوه‌ پشتگيرى كراوه‌. له‌ ئه‌نجامى ململانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا- كه‌ ئه‌و پێشهاتانه‌ى تێدا بووه،‌ وه‌ك: قه‌يرانى سه‌رۆكايه‌تى له‌ 2007، كێسى پێوه‌دانى ئاكه‌په‌ له‌ 2008، ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى ئه‌رگه‌نه‌كۆن و باليۆز [ئه‌و دووانه‌ ناون، گوايا پلان و نه‌خشه‌ بۆ لادانى حوكمى ئاكه‌په‌ له‌ توركيا به‌م دووه‌ ناوه‌ هه‌بووه‌، واته‌ ناوى باليۆز له‌ پلانه‌كه‌ نراوه‌، وه‌ك چۆن ئێسته‌ توركيه‌ ناوى له‌ ئۆپه‌راسيۆنى سه‌ر عه‌فرين ناوه‌، چله‌ زه‌يتوون- ئاسۆ ]، ئيسلامى سياسى سه‌ركه‌وتوو بووه‌. ئا به‌م جۆره‌، سياسه‌تى ناوخۆى ئاكه‌په‌ به‌ره‌و تۆتاليتا‌رييه‌ت وه‌رچه‌رخاوه‌، له‌ كاتێكدا سياسه‌تى ده‌ره‌كیى له‌گه‌ڵ ڕۆژاوادا، تا هاتووه‌ په‌ره‌ى سه‌ندووه‌. به‌ په‌ره‌پێدانى پێوه‌ندى و ڕايه‌ڵكه‌ له‌ گرۆ و ده‌سته‌ ڕاديكاڵه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست پاش ڕاپه‌ڕينه‌كانى عه‌ره‌بان، به ‌شێوه‌يه‌كى به‌رچاو ئاكه‌په‌ له‌ ئيسلامى ميانڕه‌و، كه‌ ئه‌مريكا‌ پشته‌وانیى لێ كردووه‌، دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌ زووێكه‌وه‌ پاش 2009، وتووێژ له‌ ئه‌مريكا‌ سه‌باره‌ت به‌ وه‌رچه‌رخانى سياسيى توركيا و خۆدوورخستنه‌وه‌ى له‌ واشنتۆن ده‌ستى پێ كردووه‌،  به‌تايبه‌تى دوا به‌ دواى 2011 كه‌ ئاكه‌په‌ پشتيوانیى له‌ حزبه‌كانى ئيخوانولموسلمين كرد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا و، بووه‌ لايه‌نگيرى ئه‌وان له‌ كێشه ناوخۆييیه‌كانى ميسر و سووريا‌ و تونس و ليبیادا. هه‌روابێته‌وه‌ هه‌ر كه‌س ده‌توانێ ئاماژه‌ به‌ ڕێبازى هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ى ئاكه‌په‌ بكا كه‌ باوه‌شى ‌ بۆ گرووپه‌ ڕاديكاڵه‌كانى وه‌ك "جه‌بهه‌تولنه‌سره"‌ له‌ جه‌نگى ناوخۆى سووريا كردووه‌ته‌وه‌‌ و قه‌يرانى په‌نابه‌رانى  وه‌ك ئامرازگه‌لێك بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپى به‌كار هێناوه‌ . ئێستاكه‌، ئه‌مريكا‌ و يه‌كێتيى‌ ئه‌وروپى پێوه‌ندييه‌كى پڕئاريشه‌يان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى ئيسلاميستى توركيا‌دا هه‌يه‌. ئانكارا‌ له ‌لاى خۆيه‌وه‌ ئه‌ويش تێ ده‌گا كه‌ ڕۆژاوا ده‌يه‌وێ پێى ئاكه‌په‌ بكێشێته‌وه‌ [سه‌رى له‌ عه‌ردى بدا]‌. ئاكه‌په‌ پێوه‌ندييه‌ نزيكه‌كانى ئه‌مريكا‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گوله‌ن، هه‌وڵى كوده‌تاى 15ى ته‌مووزى 2016، دادگه‌ييكردنى ڕه‌زا زه‌ڕاب (كه‌ گوايه‌ ئاگاى له‌وه‌ بووه‌ بليۆنان دۆلار له‌ ڕێگه‌ى توركيا‌ حه‌واڵه‌ى ئێران كراوه‌ بۆ بازدان به‌سه‌ر ئابڵووقه‌ى سه‌پێنراوى ئابوورى به‌سه‌ر ئێراندا) وه‌ك هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵا بۆ ڕووخاندنى حكوومه‌تى توركيا‌ ده‌بينێ. بۆ نموونه‌، ده‌كرێ ئاماژه‌ بۆ ئاخاوتنه‌ يه‌ك به‌ دواى يه‌كه‌كانى وه‌زيرى داد، "به‌كر بۆزداگ"یش بكرێ‌: "ڕوون نييه‌ داخوا كێ دادگه‌يى ده‌كرێ: ڕه‌زا زه‌ڕاب، يان سه‌رۆكى به‌شكۆى ئێمه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌يیب ئه‌ردۆغان، يان هاوسه‌ره‌كه‌ى ئامينه‌ ئه‌ردۆغان." [44] له ‌پشت گرژييه‌كانى توركيا‌ له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى ئه‌وروپى و ئه‌مريكا‌دا، ترسێكى شێتانه‌ هه‌يه‌ كه‌ داخوا ئه‌و ميتۆدانه‌ى له‌ دواى 2002 پێوه‌ ئاكه‌په‌ (له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا و بزووتنه‌وه‌ى گوله‌ندا) له‌ دژى نه‌ياره‌كانى په‌ناى بۆ بردبوون، ئێستاكه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خۆى، واته‌ ئاكه‌په‌ به‌كار ناهێنرێنه‌وه‌. له‌ 2004دا، كاتێ به ‌شێوه‌يه‌كى فه‌رمى، ده‌ست به‌ وتووێژه‌كانى چوونه‌ ناو يه‌كێتيى ئه‌وروپى كرا، هه‌رايه‌كى گه‌وره‌ى لێ كه‌وته‌‌وه‌، چونكه‌ ئابوورى و سياسه‌ته‌كانى توركيا‌ى به‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپييه‌وه‌ به‌ستايه‌وه‌‌ و ڕێگه‌ى بۆ هاتنى سه‌رمايه‌ى بيانى بۆ ناو توركيا‌ كرده‌وه‌.

ئێستا، له‌ 2017، ڕه‌وش‌ زۆر جياوازتر نابێ. له‌وه‌ته‌ى توركيا‌‌ بازنه‌ى يه‌كێتيى ئه‌وروپیى  جێ هێڵاوه ‌و چووه‌ته‌ ده‌رێ، حوكمى یاسا هه‌ڵواسراوه‌، حكوومه‌ت ده‌ستى به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كاندا گرتوون، خه‌ڵكى سه‌ر به‌ ئاكه‌په‌ له‌ جێگه‌ى ژماره‌يه‌ك سه‌رۆكشاره‌وانیى هه‌ڵبژێردراو دامه‌زرێنراون، سياسه‌توانه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و ڕۆژنامه‌نووسان خراونه‌ته‌ زيندانه‌وه‌ و وڵات به‌گشتى زێتر به‌ره‌و ملهوڕى ڕۆيشتووه‌. وه‌ك ئه‌نجامێكى ئه‌وه‌، ئابووريى توركيا‌ له‌ بێسه‌روبه‌رييه‌كى ته‌واودايه‌. زۆر لايه‌ن،‌ ئاكه‌په‌ وه‌ك يه‌كێ له‌و لايه‌نانه‌، درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌‌ گه‌يشتوونه‌ته‌ خاڵى كوڵان و، وێناچێ هيچ چاره‌يه‌كيان هه‌بێ. هيچ گومانى تێدا نييه‌ هه‌ستكردن به‌و‌ نائومێدييه‌ واى له‌ ئه‌ردۆغان كه‌ سه‌ركرده‌ى وڵاتێكى ناتۆيه‌، كردووه‌ بڵێ: "ئه‌گه‌ر توركيا‌ بچێته‌ نێو "شه‌نگه‌هاى پێنج"ه‌وه‌، ئه‌وا زۆر شت  سووك و ڕه‌وان تێ ده‌په‌ڕێ." [45] به‌كورتى، ئيسلاميزمى توركى‌ له‌ سه‌رده‌مى جه‌نگى سارددا هاتووه‌ته‌ گۆڕێ، كه‌ توركيا‌ به‌شێكى ململانێ بووه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى به‌ره‌وژوورهه‌ڵكشاوى چه‌پدا، كه‌چى ئێسته‌ ئيسلاميزم به‌پێی جيهانبينیى خۆى، كۆمارێكى ديموكراتيى عه‌لمانى، به‌ره‌و ڕژێمێكى ئيسلاميى سه‌ره‌ڕۆى تا ئه‌وپه‌ڕ ڕاست داژوا. هاوپه‌يمانه‌ ڕۆژاوايیيه‌كانى توركيا‌، به‌تايبه‌تى ئه‌مريكا‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن چوارچێوه‌يه‌ك و كۆمه‌ڵێ پره‌نسيپ ديارى بكه‌ن كه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌وان پێوه‌نديى خۆيان له‌گه‌ڵ ئيسلاميسته‌كاندا دابڕێژنه‌وه‌. سه‌رده‌مێك توركيا‌ كۆمارێكى عه‌لمانى – به‌ هه‌موو خه‌وشه‌كانييه‌وه‌- و ده‌وڵه‌تێكى ديموكراتى كاراى تێدا بووه‌. ئه‌و هاوپه‌يمانێتييه‌ى كه‌ بۆ كۆتاييهێنان به‌م ده‌وڵه‌ته‌ داڕێژراوه‌، به‌ ناوى تێكشكاندن و به‌زاندنى كه‌ماليزمى ملهوڕ، ئێسته‌ له‌باريه‌ك چووه‌. پێوه‌نديى نێوان توركيا‌ و ڕۆژاوا حاڵى حازر  له‌سه‌ر ساتوسه‌ودا و مامه‌ڵه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌. له‌ كاتێكدا ديموكراسيى توركى له‌ بناغه‌وه‌ تووشى هه‌ژان بووه‌، ئه‌م پێوه‌ندييه‌ پراگماتيكييه‌، پێناچێ بۆ ماوه‌يه‌كى درێژ به‌رده‌وام ببێ.

سه‌رچاوه‌:

https://www.hudson.org

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples