له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى دادێ، چ له‌ پارێزگه‌ى ئيدلبى سووريا ده‌قه‌ومێ؟

 

 

سه‌نته‌رى كارينگى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ

[ئيدلب پارێزگه‌يه‌كى سووريايه‌ و نزيكه‌ى 2 مليۆن و نيو خه‌ڵكى، به‌ خۆجێ و ئاواره ‌و په‌ناهه‌نده‌وه‌، لێ ده‌ژى. بۆته‌ مه‌كۆى گرووپه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن و هه‌يئه‌تى ته‌حرير شام؛ واته‌ "نه‌سره‌"ى جاران  ده‌ستى به‌سه‌ر به‌شێكى زۆرى ئه‌و پارێزگه‌يه‌دا ده‌ڕوا. هه‌ندێ ميليشياى سه‌ر به‌ حزبى ئيسلاميى توركمانستانيش له‌وێ هه‌ن‌ كه‌ هه‌م "ڕووسيا" و هه‌م "چين"یش به‌ تيرۆريست و دوژمنێكى سه‌رسه‌ختى خۆيانيان ده‌زانن. توركيا له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا هه‌وڵی داوه‌، كه‌ گرووپه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن له‌ ئيدلب له‌ژێر ناوى "الهيئة الوطنية للتحرير" كۆ بكاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌يئه‌ى ته‌حريرى شام وه‌كوو خۆيان ماونه‌ته‌وه‌. ماوه‌يه‌كه‌ ڕژێمى سووريا هێز و جبه‌خانه‌ بۆ سنووره‌كانى ڕۆژهه‌ڵات و باشوورى ئه‌و پارێزگه‌يه‌ ده‌نێرێ و قسه‌ له‌وه‌ ده‌كرێ، ها ئه‌مڕۆ ها سبه‌ى ڕژێم په‌لامارى گونده‌واره‌كانى ئه‌و پارێزگه‌يه‌ ده‌دا. ئاسۆ كه‌ريم.]

 

پێت وايه‌  له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى دادێ، چ له‌ پارێزگه‌ى "ئيدلب"ى سووريا ده‌قه‌ومێ؟

ئه‌ليكسى خلبينكۆڤ: شاره‌زايه‌كى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ڕووسيا بۆ كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى و  لێكۆڵه‌رێكى ديارى گرووپى ڕاوێژكاريى ڕووسييه‌ له‌ Eurasia Strategies.

كێشه‌وبێشه‌ى سووريا نموونه‌ و مۆدێڵێكى باوى هه‌يه‌. ناوچه‌كانى كه‌مكردنه‌وه‌ى جه‌نگ به‌ره ‌به‌ره‌ نامێنن و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى سووريا، به ‌پشتيوانیى هێزى ئاسمانیی ڕووسى، هێرش و په‌لامارى پلانبۆدانراوى وه‌هاى ئه‌و ناوچانه‌يان داوه‌ كه‌ ڕێگه‌ بۆ مۆسكۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ ساتوسه‌ودا بۆ گواستنه‌وه‌ى ژماره‌يه‌كى زۆرى ياخيبووه‌ چه‌كداره‌كان بۆ پارێزگه‌ى ئيدلب بكا. وه‌ك ئه‌نجامێك، ئيدلب تاكه‌ ناوچه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى شه‌ڕ و پێكهه‌ڵچوونه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆنترۆڵى حكوومه‌تى سووريا مابێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و حه‌مكه‌ گرووپه‌ى ئۆپۆزيسيۆن و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و هه‌روابێته‌وه‌ گرووپگه‌له‌ تيرۆريستييه‌ى تێدا كۆ ببنه‌وه‌. له‌ سۆنگه‌ى ئه‌و تێكه‌ڵپێكه‌ڵييه‌وه‌، ئيدلب بووه‌ته‌ جۆرێ ده‌ڤه‌رێكى خۆڵه‌مێشى له‌ لاى مۆسكۆوه‌.

فاكته‌رى توركى، ڕه‌وشى ئيدلبى ئاڵۆز كردووه‌. بۆ ماوه‌يه‌ك ئيدلب ناوچه‌ی نفووزى توركى بووه‌؛ ئاخر توركيا پشتيوانى گرووپه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن بووه‌ له‌وێ. سه‌رباريش، به‌گوێره‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ى ئاستانا، له‌سه‌ر توركيا پێويسته‌ ته‌ناهى و ئاسايشى ناوچه‌كه‌ بپارێزێ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش 12 پێگه‌ى چاودێریى دامه‌زراندووه‌. ئانكارا‌ شه‌ريكێكى ڕووسيايه‌ له‌ سووريا و ده‌سته‌به‌رێكى پرۆسه‌ى ئاستانايه‌. مۆسكۆ، توركياى ده‌وێ تا پاساوى ميتۆد و شێوازى خۆى ده‌رهه‌ق به‌ كێشه‌ى سووريا پێ بداته‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ڕه‌خنه‌ و گله‌يیيه‌كانى ڕۆژاوا و ناتۆوه‌. به ‌هه‌ر حاڵ، به‌ سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازييه‌كانى ڕژێمى سووريا و كۆمه‌ك و باروبوى زێده‌ى ڕووسياوه‌، ورده‌ ورده‌ بايه‌خ و گرنگيى ڕۆڵى ئاستانا كه‌م ده‌بێته‌وه‌. به‌شێكى ئه‌م داوه‌رييه‌ خۆى له‌و ڕاستييه‌دا ده‌بينێته‌وه‌ كه‌ دوا گه‌ڕى وتووێژه‌كان له‌ سوتچى به‌ڕێوه‌ چوو نه‌ك له‌ ئاستاناى پايته‌ختى قه‌زاقستان.

بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر هه‌نگاوێ له‌گه‌ڵ سياسه‌ته‌كانى ڕووسيا له‌ سووريا ته‌با و هاوئاهه‌نگ بێ، به ‌لاى ڕووسياوه‌ گرنگه‌ ئيدلب بێته‌وه‌ بنده‌ستى حكوومه‌تى سووريا. لێ له‌ هه‌مان كاتدا، مۆسكۆ نايه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و پارێزگه‌يه‌، به‌ره‌نگارى توركيا ببێته‌وه‌. له‌م چه‌ند مانگه‌ى دواييدا، چه‌ند جارێ به‌ تۆپ و به‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان، له‌ ئيدلبه‌وه‌ په‌لامارى بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازييه‌كانى ڕووس دراوه‌ و ئه‌مه‌یش هۆيه‌كى ڕه‌وايه‌ به ‌لاى مۆسكۆوه‌ كه‌ ئانكارا‌ هان بدا بۆ گه‌يشتن به‌ پلانێك كه‌ هه‌م توركيا پێى په‌سند بێ و هه‌م حكوومه‌تى سووريا؛ به‌و مه‌رجه‌ى كه‌ دواتر ئيدلب بكه‌وێته‌وه‌ ده‌ستى حكوومه‌تى سووريا و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى توركيایش به‌هه‌ند وه‌ربگيرێن.

هه‌روا بێته‌وه‌ و شايانى گوتنه‌، ڕووسيا ده‌يه‌وێ په‌نابه‌ره‌كانى سووريا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆيان و توركيایش هه‌م وه‌كوو شه‌ريكێكى گرنگ له‌م باره‌وه‌ چاوى لێ ده‌كرێ و هه‌م زۆرترين په‌ناهه‌نده‌ى سووریى حه‌واندووه‌ته‌وه‌. به‌م مانايه‌، هه‌ر هێرش و په‌لامارێكى به‌رفره‌ى سه‌ربازى دژى ئيدلب، له ‌كاتى ئێستادا له‌سه‌ر مێزى مۆسكۆ نييه‌، چونكه‌ وه‌كى ديكه‌ هێرشێكى وا ده‌بێته‌ هۆى شه‌پۆڵێكى ديكه‌ى سه‌ره‌كيى په‌ناهه‌ندان به‌ ئاراسته‌ى سنووره‌كانى توركيا و ئه‌مه‌یش دژ به‌ نه‌خشه‌ و پلانه‌كانى مۆسكۆ و ئانكارا‌يه‌.

له‌ به‌شێكى وه‌ڵامى ئه‌و شاره‌زا ڕووسييه‌دا هاتووه‌: فاكته‌رێكى ديكه‌ى گرنگ كوردن، كه‌ زۆريان حه‌ز لێيه‌ ببنه‌ به‌شێكى هه‌ر هاوكێشه‌يه‌كى ئيدلب. به‌م دوايیيانه‌، هامشۆ له ‌نێوان كورده‌كانى سووريا و ديمه‌شق و كورده‌كان و ڕووسيا زۆر بووه‌. وێده‌چێ كورده‌كان له‌و بژارده‌ (خیار)ه‌ بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ ساتوسه‌ودايه‌ك له‌گه‌ڵ ديمه‌شقدا بكه‌ن كه‌ له‌گينه‌ جۆرێ له‌ ئۆتۆنۆمييان پێ بدا؛ له ‌به‌رانبه‌ردا "ديمه‌شق"يش ده‌ستى به‌ چاڵه‌نه‌وت و گازه‌كان و پاڵاوتگه‌كانى خۆى ڕابگاته‌وه‌. گومانى تێدا نييه‌، ئه‌نجامێكى كۆتايى له‌ ئيدلب، پێوه‌نديى به‌ نيگه‌رانييه‌ ئه‌منييه‌كانى توركيا و ئه‌و گه‌ره‌نتييانه‌وه‌ هه‌يه‌ كه‌ ئانكارا‌ ده‌توانێ دواجار له‌ هه‌ر ساتوسه‌ودايه‌كى ڕژێمى سوورى- كوردى له‌ به‌رانبه‌ر ئيدلبدا به‌ده‌ستيان بهێنێ.

 

سەرچاوە:

https://carnegie-mec.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples