شێوازەکانی جه‌نگی سیاسیی کۆماری ئیسلامی: چەکدارە بریکارەکان، دیپلۆماسیی ئایینی، تەوژمی ئابووری

 

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

گرووپێک لە توێژەرانی بیرگەی ڕەند (Rand) لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی "جه‌نگی سیاسیی مۆدێرن: شێوازەکانی ئێستا و وەڵامە شیاوەکان" (٢٠١٨) لە شێوازەکانی جه‌نگی سیاسییان کۆڵیوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە له‌و شێوازانه‌ی جه‌نگی سیاسی دەکۆڵێتەوە کە حکوومەت و ناحکوومەتەکان ئەنجامیان دەدەن. حکوومەته‌كانی وەک ڕووسیا و ئێران و ناحکوومەتانی وەک داعش و تالیبان.

ڕاپۆرتی دەزگه‌ی ڕەند لەمەڕ جه‌نگی سیاسییەوە، بۆ نموونە جه‌نگی سیاسیی کۆماری ئیسلامی

بیرگەی ڕەند کە لە ١٩٤٨ دامەزراوە، خانەیەکی هزریی کۆنه‌پارێزە؛ دەرەنجامی توێژینەوەکانی ئەم دەزگه‌یە بۆ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان جێگەی سەرنجن و ڕێکارەکانی بەرەوڕووبوونەوە لە دژایەتییەکان و کێشەکانی پاراستن و نەپاراستن وەک خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بە وێنەی پێشنیار دەخاتە بەردەمی واشنگتۆن. ڕەخنەگران دەڵێن ڕوانگەکانی ئەم بیرگە کۆنه‌پارێزە، ناکرێ سه‌ربه‌خۆ و جیا لە ڕوانگە فەرمییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ببینرێن. ئەم دەزگه‌یە بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکا کە لە توێژینەوەکانی خۆیدا سوود لە شێوازناسییە زانستییەکان وەردەگرێ.

بە گوتەی نووسەرانی ئەم ڕاپۆرتە: بە لە بەرچاوگرتنی دەستوورە بەناوبانگەکەی کارل فۆن کلاوزۆیتس- "جه‌نگ بەردەوامبوونی سیاسەتە بە کەرەستەی تر"- لە دوا شیکردنەوەدا گشت جه‌نگەکان سیاسین. بەڵام چەمکی "جه‌نگی سیاسی" واتایەکی تایبەتی لەم توێژینەوەدا هەیە. جه‌نگە سیاسییەکان ئامێتەیەکن لە دیپلۆماسیی سیاسی- ئابووری و دیپلۆماسیی چەکداری. حکوومەتەکانیش لە هەر ناوچەیەکدا و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی جیۆپۆلیتیکی ئەوان و بە شێوەیەکی جیاواز، یارییان پێ دەکەن. لە شوێنێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە:

"لە لایەکەوە جه‌نگی سیاسی، گشت کەرەستەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی دەگرێتە خۆی: دیپلۆماتیک، ئاسایش، چەکداری، ئابووری و...، لە لایەکی ترەوە، جه‌نگی سیاسی نە هاموشۆ ئاسایییەکانی ئابووری و دیپلۆماسییە و نە جه‌نگی تەواوی نێوان دوو لایەن؛ بەڵکوو هەمیشە لە ناوچە خۆڵەمێشییەکەی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدایە و هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەم دووەیش کاڵ و کاڵتر دەکاتەوە."

بەشێک لە توێژینەوەکەی بیرگەی ڕەند، هێمایەکی تایبەت دەخاتە سەر "جه‌نگی سیاسی" لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ئەو شێوازە تایبەتە کە تاران لەم ساڵانەی دواییدا بۆ ئەم شەڕەی داهێناوە.

جه‌نگی سیاسی بە شێوازی ئێرانی

جه‌نگی سیاسی، یەکێک لە پاژە سەرەکییەکانی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە پێناو بەربەرەکانێ لە ئاست دزەکردن و شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کەمهێزییە چەکدارییەکانی ئێران لە ئاست ئەمریکادا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شێوازی جه‌نگی سیاسی لە لایەن تارانەوە هەیە.

جه‌نگە سیاسییەکانی ئێران بریتین لە: چالاکییە زانیارییەکان، سوودوەرگرتن لە ڕاگەیاندنەکان، دەستێوەردانی سیاسی و باڵادەستیی ئابووری. بە بڕوای بەرپرسانی ئێرانی، ئایدیۆلۆژیی "تەوەری خۆڕاگری" کۆماری ئیسلامی و کارامەیی لە ڕاپەڕاندنی جه‌نگی سیاسیدا، دەرفەتێک بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕەخسێنێ.

ڕووخاندنی سەددام حوسێن لە ٢٠٠٣دا و هاتنەسەرکاری حزبە شیعییەکان لە بەغدا بوارێکی بێوێنەی بۆ دزەکردنی ئێران ڕەخساند. سەرهەڵدانی داعشیش دەرفەتگەلی بێهاوتای بۆ تاران لە تخوبی دراوسێکەی ڕۆژاوا هێنایە دی. ئێران بۆ بەرگریکردن لە حکوومەتی بەشار ئەسەدیش لە سووریا کەوتووەتە نێو جه‌نگێکی سیاسییەوە؛ هەرچەند لە شوێنێکی پڕئاستەنگتری وڵاتێکدا کە شیعەی زۆر لێ نییە.

تا ئاییندەیەکی پێشبینیکراو، کارزانییەکانی جه‌نگی سیاسیی ئێران ئاستەنگی تایبەت لە ئاست دەستکەوتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دێننە دی. لەوانەیە سەرنجڕاکێشبوونی ئایدیۆلۆژیی خۆڕاگریی ئێران پاش ڕاپەڕینەکانی عەرەبی و جه‌نگی سووریا –کە بووەتە هۆکاری زیانێکی زۆر لە ناوزڕاندنی ئەم وڵاتە لە دنیادا- کەم بووبێتەوە، بەڵام ئێران هێشتا خۆی بە قارەمانی گرووپە دەرپەڕێنراوەکانی شیعە لە ئاست مەترسیی جیهادگەرایییەکەی سوننەکان دەخاتە بەرچاو. ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوە کە تاران توانای دزەکردنێکی بەرچاوی لە قووڵاییی جیهانی عەرەبیدا هەبێ.

ڕوانگەکانی ئێران لەمەڕ جه‌نگی سیاسییەوە

یادەوەرییە مێژوویییەکەی ئێران لەمەڕ دەستێوەردانە دەرەکییەکان، بە ئامێتەیەک لەگەڵ جۆرە هەستێکی "گرنگایه‌تیی نەتەوەیی"، هێشتا ڕەفتارەکانی ئەمڕۆی لە جه‌نگی سیاسیدا پێک دێنێ. حکوومەتی ئێران خۆی لە حاڵەتێکی هەمیشە گەمارۆدراودا دەبینێ و هاوکات ڕۆڵی خۆخوازانەی خۆی بە وێنەی داکۆکیکار لە لێقەوماوانی دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی ڕۆژاوا دەبینێ.

"پێرشیا" کە لە ڕابردوویەکی دووردا وەک زلهێزێک دەژمێردرا، لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەمدا بووبوو بە حکوومەتی گەلێکی نیوەلاواز و پاشکەوتوو. ئەم وڵاتە قەت نەکەوتە ژێر چەپۆکی هێزەکانی ڕۆژاوا، بەڵام دەستێوەردانی بریتانیا، ڕووسیا و دواتر ئەمریکا لە کێشە ناوخۆیییەکانیدا، بووبووە بارێکی ئاسایی و، لە ڕوانگەی ئێرانیشەوە ڕووداوێکی دووپاتەی سووکوچرووک. شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران کۆتاییی بە حکوومەتە دەسەڵاتخوازەکەی محەممەدڕەزا پەهلەوی هێنا کە پشتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەرم بوو؛ لە بنەڕەتدا خەباتێکی دژەئیمپریالیستی بوو.

عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێستای ئێران، لەو بڕوایەدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی "بنەما"کانی کۆماری ئیسلامییە، نەک تەنیا هەڵسوکەوتە ناوچەیییەکانی. خامنەیی پێی وایە واشینتۆن بە بانگەشە بۆ دیموکراسییە ڕۆژاوایییەکەی و نانەوەی گۆنگەڵی ده‌روونییەوە بەتەمایە "شۆڕشی نەرم" لە دژی حکوومەتەکەی بخاتە ڕێ.

خامنەیی لە سێپته‌مبەری ٢٠١٥دا بە گرووپێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند کە "دزەی ئابووری و ئاسایشی، هێندەی دزەی هزری، فەرهەنگی و سیاسی گرنگ نییە." بە گوتەی "وه‌لی فه‌قیھ" یەکێک لە تەکنیکە سەرەکییەکانی هێزی نەرمی ئیمپراتۆرییه‌تی شەیتان، خۆشکردنی ئاگرە لە نێوان خەڵکی کۆمەڵگه‌دا.

جه‌نگی سیاسیی ئێران بەرپەرچدانەوەی هاوکاتی دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکان، عەرەبستانی سعوودی، ئیسڕائیل و داعشی کردووەتە ئامانج. بەرپرسانی ئێران ئەمانەی تێكڕا بە وێنەی پازێلگەلێک لە پیلانی تێکشکاندنی شۆڕشی ئیسلامی ناساندوون. خامنەیی دەڵێ: ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پاساوی هەبوونی خۆی، خوازیاری ناجێگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەمێکە خۆیان وەک پارێزەرانی ئامانجەکانی فەڵەستین ناساندووە و ئەم کێشەیان کردووەتە یەکێک لە پاژە سەرەکییەکانی جه‌نگی سیاسی لە ناوچەدا.

بەڵام بە دابەشبوونی بەرەی جه‌نگەکانی ناوچەیی لە نێوان شیعە و سوننەکاندا، ڕابەرانی ئێرانیش عەرەبستانی سعوودی بە گرنگترین دوژمنی ناوچە دەزانن؛ چونکە پاشای عەرەبستان بانگەشە بۆ وەهابییەت (تەفسیرێک لە ئیسلامی سوننە کە شیعە بە نۆژەنێک لە دین دەزانن) دەکا. ئێرانییەکان بەرپرسانی سعوودی بە بەرپرسی سەرهەڵدانی داعش دەزانن کە ئایدیۆلۆژییەکی نزیک لەوانیان هەیە. زۆربەی بەرپرسانی ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش دەزانن. خامنەیی دەڵێ ئامانجی ئەمریکا لە دروستکردنی ئەم گرووپانە دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەیە بە سەر وڵاتی بچووکتردا کە کۆنترۆڵ بکرێن؛ بۆیە جه‌نگەکان تائیفی نین بەڵکوو "جه‌نگ لە نێوان ئەوانەدایە کە لە پێناو ئامانجەکانی ئەمریکا و ڕۆژاوادان یان لایەنگری سەربەخۆییی گەلانن."

بۆ ئێران سوودمەندبوون لە هێزی نەرم، گرنگترە لە هێزی ڕه‌ق. وەدیهێنانی حەز و ئارەزووەکانی خەڵک لە بری پەیماننامە دیپلۆماسییەکان، شێوازێکی پتەوتر لە دەسەڵات دێنێتە دی. بە گوتەی خامنەیی "ئامانجی کۆماری ئیسلامی، گەلانی ناوچە"یە. کاریگەربوون لە هزر و دڵەکاندا دەتوانێ کاریگەریی ستراتیژیی ئێران بەگەڕتر بخا و تێچوویەکی کەمیشی هەیە. کەواتە ئەو تەکتیکانەی لە نێو گشت تەکتیکە جیاوازەکانی جەنگی سیاسی لە ناخی شێوازی کاری ئێراندایە، لەژێر "هێزی نەرم"دا کۆ دەبنەوە و ئامانجیشیان کاریگەرییەکی فەرهەنگی و ئایینییە.

بەڵام لە ڕاستیدا، هۆکاری جه‌نگی سیاسیی ئێران لاوازییە مێژوویییەکەیەتی لە بەرامبەر هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا؛ هەرچەند بەرپرسانی ئێرانی هەرگیز ئەم شتە نادرکێنن. ئێران وڵاتێکی گەشەسەندووە کە لێهاتوویییەکی ئابووری و چەکداریی سنوورداری هەیە. کەواتە دەبێ پەنا بۆ ته‌کتیکە ناهاوچاخەکان ببا. ئێران سەرەڕای پشتگیری لە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا و چەکدارە شیعەکان لە عێراقدا، جه‌نگی سیاسی بە قابیلییەتێکی ناچەکداری و ناهاوچاخ دەزانێ کە دەبێ دژ بە کاریگەرییە سیاسی، ئابووری و چەکدارییەکەی ئەمریکا بەکار بهێنرێن.

شێوازەکانی جه‌نگی سیاسی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا گەلێک ته‌کتیکی جۆراوجۆری جه‌نگی سیاسیی هێناوەتە دی کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • سوودوەرگرتن لە چەکدارە بریکارەکان بۆ دەستێوەردان لە سیاسەتەکانی ناوچەكه‌ بە سوودی ئێران
  • بەکارهێنانی ئایدیۆلۆژیی ئایینی لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی چەکداران
  • سوودوەرگرتن لە کارتێکەریی ئابووری بە وێنەی ئامێری گوشاری سیاسی
  • هەڵگیرساندنی جه‌نگی ده‌روونی و بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێی میدیاکانی ناوخۆ، "ئێن جی ئۆ"ەکان و گرووپە بریکارەکانی ناوچەیی
  • دیپلۆماسیی ئایینی و فەرهەنگی
  • خۆبەخاوەنکردنی بزووتنەوەکانی خەڵک

ئەوەیشیان کە ئێران جەخت لەسەر کام ته‌کتیک دەکاتەوە، دەگەڕێتەوە سەر باری سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتی مەبەست.

یەک: سیاسەت لە ڕێی شەڕکەرە بریکارەکانەوە

چەکدارە بریکارەکانی ئێران لە ستراتیژیی جه‌نگی سیاسیی تاراندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن؛ بە شێوەیەک کە پڕکەرەوەی لێهاتوویییە چەکدارییە ناهاوچاخەکانن. هێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ئەرکی ڕێنماییی ئەم هەوڵانەی لە ئەستۆیە. ئەم هێزە بەرپرسی ڕاهێنانی چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی دوور و ناوەڕاستدا.  ئێران لە ڕێگەی چەکدارە بەئەمەگەکانی خۆیەوە سیاسیکارەکان دەترسێنێ و قەیرانە سیاسییەکان دێنێتە دی. ئەم قەیرانە سیاسییانە حکوومەتی مەبەست ناچار دەکەن کە دەستی یارمەتی بۆ ئێران درێژ بکا.

تاران هەروەها دنەی چەکدارەکان دەدا کە ڕێکخراوی سیاسی دروست بکەن و، حزبوڵڵای لوبنان چاکترین نموونەی ئەم ته‌کتیکەیە. ئێران هەروەتر پشتگیری لە چەکدارە خەنیمەکان (حه‌ریفه‌كان) دەکا و زۆر جار خۆی گرووپی چەکداری خەنیم دروست دەکا تا بژاردەی ستراتیژیکی لەبەردەست بن و نەهێڵێ هیچ گرووپێک دەسەڵاتی زۆری هەبێ. لە لایەکی ترەوە زیادکردنی گرووپە چەکدارەکان دەتوانێ سەر لە دوژمن بشێوێنێ کە نەزانێ ئەم گرووپە جۆراوجۆرانە چۆن سەریان هەڵێناوە و، دەرفەتی ئەوەیش بە ئێران دەدا کە ئینکاری ئەوە بکا دەستی لە بشێوییە گرژەکاندا هەیە.

ناڕوونی لە ئەندازەی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گرووپە چەکدارەکانیشدا، لەوانەیە ببێتە هۆیەک کە ئەکتەرە ناوچەیییەکانی ئایدیۆلۆژیی خۆڕاگریی کۆماری ئیسلامی، تەنیا سەر بە ئێران بێنە بەرچاو. لە هەمان کاتدا سوپای قودس هەوڵ دەدا لە کەمپەکانی مەشقپێکردندا ئەو هەستە مەعنەوی و ئیلهامبەخشە بخاتە دڵی سەربازە نوێیەکانییەوە کە پێشتر شەڕکەرانی بەرەی جه‌نگی ئێران و عێراق پێی ڕاهێنرابوون.

دوو: گوشاری ئابووری؛ نوێڵێکی سیاسیی ئێران

ئێران هەروەها سوود لە ئامڕازە ئابوورییەکان لە جه‌نگی سیاسیدا وەردەگرێ و جەختی خۆی بەتایبەت دەخاتە سەر بەدەستهێنانی بەشی بازاڕ لە ئابوورییە لاوازەکاندا و وەکوو گوشارێک لە ئاست حکوومەتەکاندا بەکاری دێنێ. بۆ نموونە، کاتێ بەغدا لە ٢٠٠٨دا دەستی بە ڕاونانی چەکدارانی سەر بە ئێران کرد، تاران کەڵکی لە وابەستەبوونی عێراق بە کارەبای ئێران وەرگرت و کارەبای "بەسرە"ی بڕی. لە سووریایشدا ئێران سوودی لە دوورەپەرێزیی ئەسەد وەرگرتووە و ملیاران دۆلاری بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی ئێران خستووەتە بەر دەستی دیمەشق.

سەرەڕای ئەمەیش، تاران بەدەگمەن شێوەیەکی وەها ئاشکرا بۆ گوشاری ئابووری بەکار دێنێ؛ بۆیە سوودوەرگرتن لە هێزی ئابووری، بە وێنەی نوێڵی دەستێوەردانی سیاسی، کارێکی هێندە ئاسان نییە. بەڵام هاوکات کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی بەسەر بەشێکی مەزن لە ئابووریی ئێران– چ لە ڕێی دەزگه حکوومییەکانەوە- دەزگه‌کانی سەر بە سوپا، یان ڕێکخراوە ئایینییە چەند ملیار دۆلارییەکان- ئەم هەلە دێنێتە دی کە تاران کارە ئابوورییەکانی بخاتە نێو ستراتیژیی گشتیی جه‌نگی سیاسییەوە.

دیارە ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی خۆی، لە بری کەڵکوەرگرتن لە هەڕەشەی ئابووری، زۆرتر سوودی لە هاندان وەرگرتووە. بە درێژاییی سەرۆککۆماریی ئەحمەدینەژاد، تاران هەوڵی دەدا بە دانی یارمەتیی ئابووری بە وڵاتانی ئەفریقی و ئەمریکای لاتین لە دوورەپەرێزی نێونەتەوەیی ڕزگاری بێت. هاندانێک کە دیارە لە بری پشتگیریی دیپلۆماسی و لە سۆنگەی دژەئیمپریالیستی و بەرنامەی ناوکییەوە پێشکەش دەکرا.

بۆ نموونە، هەر لە ناوەڕاستی ساڵانی دووهەزارەوە هاوکاری و وه‌به‌رهێنانی ئابووریی ئێران لە مۆریتانیا گەشەی سەند و ئەم وڵاتە ئەفریقییە هاوکات لە ڕووی دیپلۆماسییەوە لە ئیسڕائیل دوور کەوتەوە. یان بۆ نموونە تاران هەڵوێستی دژ بە ئەمریکابوونی ئۆڤۆ مۆرالیس (سەرۆککۆماری بۆلیڤیا)ی بە بەڵێنی وه‌به‌رهێنانێکی یەک ملیارد دۆلاری لە بەشە لاوازەکانی ئابووریی ئەو وڵاتە هان دا.

سێ: هەوڵە ئایدیۆلۆژییەکان لە جه‌نگی سیاسیی ئێراندا

چالاکیی ده‌روونی (سایكۆلۆژی) و ئایدیۆلۆژیک بەشێکی دانەبڕاوی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە وێنەی حکوومەتێکی دەرکەوتوو لە شۆڕشێکەوە، چاک لە گرنگبوونی پرۆپاگەندە دەگا. بە بڕوای مایکل ئایزنێشتات: "لە كاتێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چالاکیی ده‌روونی و سیخوڕی بۆ پشتگیری لە چالاکییە چەکدارییەکان ئەنجام دەدا، ئێران پەیتا پەیتا لە پێناو پشتگیری لە چالاکییەکانی جه‌نگی ده‌روونی و پرۆپاگه‌نده‌ی حکوومەتەکەی، دەست بە کردەوەی چەکداری دەکا (وەک خستنەبەرچاوی هێز و کردارە تیرۆریستییەکانی بریکاری)؛ بەم واتایە، تاران زۆرتر بە تێکدانی ڕەوشی دەروونیی دوژمنەکەیەوە بە دوای سەرکەوتندایە نەک لە ڕێی سەرکەوتنە چەکدارییە کلاسیکەکانەوە، وەک ڕێخستنی جه‌نگی پووکانەوە دژ بە سەربازەکانی ئەمریکی لە عێراق و ئەفغانستاندا، یان ترساندنی هاووڵاتیانی دوژمنەکەی. وەسفی ئێران لە جه‌نگی ٢٠٠٦ی لوبنان بە وێنەی سەرکەوتنێک بۆ حزبوڵڵا، نموونەیەکە لە کردارە سیخوڕییەکانی ئەم وڵاتە.

هیسپان تیڤی، کەناڵە ئیسپانییەکەی کۆماری ئیسلامی

تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێکی بنەڕەتییە لە کردارە سیخوڕییەکانی ئێران. تەلەڤزیۆن ڕەوتی دەنگوباسەکانی ئێران کۆنترۆڵ دەکا و، ده‌ستووری ئەو وڵاتەیش کەناڵی تایبەتی قەدەغە کردووە. تەلەڤزیۆنی ئێران لە ٤٥ وڵاتدا لقی تایبەتی هەیە و بە پێنج زمانی دەرەکییش دەنگوباس بڵاو دەکاتەوە و بۆ کەناڵی ئەلمەناری حزبوڵڵایش بەرنامە ڕێک دەخا. سوودوەرگرتنی ئێران لە تەلەڤزیۆن لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی بینەر و بیسەرانی ناوچە لە ٢٠٠٣ و پاش هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەر عێراق بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دەستی پێ کرد و، کەناڵێکی عەرەبیی ٢٤ كاتژمێریی بە ناوی "العالم" (ئه‌لعاله‌م) خستە ڕێ. ئەم کەناڵە هەواڵییە لە نزیکەی ٤٠ وڵاتدا ٥٠ هەواڵنێری هەیه‌ژ و نووسینگەکانی لە غەززە و ڕاموڵڵادان. ئەلعالەم چرکە بە چرکە خەریکی ڕاگەیاندنی هەواڵەکانی جه‌نگی ٢٠٠٦ی لوبنان بوو، تا "میحوەری بەرگریکردن" لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوانتر بکا.

ئەم کەناڵە ئینگلیزییە بە ناوی "پارس تیڤی"یەوە و لە ٢٠٠٧ دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی پارس تیڤی دەرخستنی وێنە نێوده‌وڵه‌تییەکەی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی پرۆپاگه‌ندەکانی ئەمریکایە لە دنیادا. ئەم کەناڵە ساڵانە پتر لە ٢٥ میلیۆن دۆلار بوودجەی خۆی لە تەلەڤزیۆنی ئێران دەستەبەر دەکا. تەلەڤزیۆنی ئێران لە ٢٠٠١دا کەناڵە ئیسپانییەکەی "هیسپان تیڤی"ی دامەزراند کە لە سەرانسەری ئەمریکای لاتیندا دەبینرێ. عیززەتوڵڵا زەرغامی، سەرۆکی ئەو کاتەی تەلەڤزیۆنی ئێران، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هیسپان تیڤی "ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێشاندانی شه‌رعییەتی ئایدیۆلۆژیمان بۆ جیهان دەگێڕێ."

ئێران کاناڵەکانی خۆی بەپێی چێژ و سەلیقەی بینەرانی خۆی ڕێک دەخا. بۆ نموونە، بێژەرە ئافرەتەکانی پارس تیڤی و هیسپان تیڤی چارۆگەی کراوە بە وێنەی حیجاب دەخەنە بەرچاوی بینەرانی ڕۆژاوا، بەڵام بێژەرە ئافرەتەکانی کەناڵی ئەلعالەم شێوازێکی کۆنه‌پارێزانەی حیجاب بەکار دێنن کە لە دنیای عەرەبدا بەکار دەبردرێ.

چوار: دیپلۆماسیی فەرهەنگی، یان چڕبوونەوەی ئایینی

ئێران لە دیپلۆماسیی ئایینی و فەرهەگییشدا تێ ده‌كۆشێ. تایبەتمەندییە دیپلۆماسییەکەی تاران لە ساڵانی سەرەتای کۆماری ئیسلامییدا، هەوڵدان بوو بۆ هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژیی خۆی لە ڕێی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وەک ڕێکخراوی بانگەشەی ئیسلامییەوە. بەڵام ئێران تا ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠ و پاش جه‌نگی عێراق، ئیتر بۆی دەرکەوتبوو کە خەڵکی عەرەب زیاتر لەوەی حەزیان لە یەکێتیی ئیسلامی بێت، شەیدای یەکێتیی عەربین. هەر بۆیەیش "حەزی بڵاوکردنەوەی پرۆپاگه‌نده‌ی شۆڕشگێڕانە، بەرە بەرە بوو بە هەوڵدانێکی ورد و ڕێکخراو لە پێناو ناساندنی فەرهەنگ و به‌هاکانی ئێران لە دەرەوەی وڵاتدا." ئێران لە هەوڵی خۆیدا بۆ هاواهەنگکردنی کردارە جۆراوجۆرەکان لە بەشی دیپلۆماسییە فەرهەنگییەکەیدا، ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکانی لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزراند. ئەرکی ئەم ڕێکخراوە ناساندنی به‌هاکانی شۆڕشی ئیسلامی و بەدیهێنانی "یەکێتیی ئیسلامی بە هۆی بۆنە فەرهەنگییەکانی نێوان وڵاتە موسڵمانەکانە".

بەپێی وتارێک لە وەرزنامەی "زانستی سیاسی"ی ئێرانەوە، ڕێکخەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگ و پەیوەندییە ئیسلامییەکان "ئەرکی هەرە گرنگی پێکهێنانی بڕوای گشتی و دروستکردنی پێوەندی لەگەڵ نوخبەکانی کۆمەڵگە و گواستنەوەی به‌ها ئیسلامی-نەتەوەیییەکانە" لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە هەمان کاتدا، ئەمەیان پۆشەنێکی لەبارە بۆ کردەوە سیخوڕییەکان و، هەوڵیشە بۆ ڕاکێشانی هێز لەنێو خەڵکانی ناوچەدا. بۆ نموونە، موحسین ڕەببانی، کارداری پێشووی فەرهەنگیی ئێران لە ئەرژەنتین، بە گومانلێکراوی سەرەکی لە ڕوودای دانانەوەی بۆمبەکەی  ساڵی ١٩٩٤ لە گەڕەکی جوولەکەکانی بۆینس ئایرێس دەژمێردرێ. خامنەیی بە کۆنترۆڵکردنی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆن و ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکان، دەستێکی باڵای لە هەوڵەکانی ئێران لە گۆڕەپانی هێزی نەرمدا هەیە.

٧٠ بنکەی فەرهەنگیی ئێران لە سەرانسەری دنیادا پشکێکی گرنگیان لە دیپلۆماسیی فەرهەنگیی تاران لە ئەستۆیە و، بەڕێوەبردنی ئەم بنکانەیش لە ئەستۆی ڕێکخراوی فەرهەنگی و پێوەندییە ئیسلامییەکاندایە؛ هەرچەند هەوڵەکانی ئەوان لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانی ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێن. بنکە فەرهەنگییەکانی ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکان لە زۆربەی وڵاتەکاندا پرۆگرامی فێرکردنی زمانی فارسییان هەیە، یاخود لە دانانی ئەم بەرنامانەدا یارمەتییان دەدا. ئەم بنکانە میواندارێتیی ڕووداوە فەرهەنگییەکانیان لە ئەستۆیە و هەوڵە ئایدیۆلۆژییەکانیان بەپێی ئەو وڵاتەی کە تێیدان، دادەڕێژرێ و هەموار دەکا. جەختی ئایدیۆلۆژیک لە وڵاتە شیعەنشینەکاندا، دەخرێتە سەر یەکێتیی شیعەکان و، لە وڵاتە سوننەنشینەکانیشدا دەگەڕێتەوە سەر پشتگیریکردن لە ئیسلام. لە وڵاتە غەیرەموسڵمانەکانیشدا ئەم جەختە دەخرێتە سەر هەڵوێستە دژەئیمپریالیستییەکان.

بۆ نموونە، لە سووریا کە شیعەی زۆری لێ نییە، بنکە فەرهەنگییەکان خەریکی فێرکردنی زمان و کەلتووری فارسی و بانگەشەن بۆ یەکێتیی موسڵمانان. ئەم بنکانە بەڵام لە بەیروت، کە شیعەیەکی زۆری لێیە، دەمێکە ڕێوڕەسمی عاشوورا وەڕێ دەخەن. لە هەمان کاتدا، بنکە فەرهەنگییەکانی ئێران لە وڵاتانی غەیرەموسڵمانی وەک ئەمریکای لاتین یان بەشێک لە ئەفریقادا خەریکی پرۆپاگه‌نده‌ی دژەئیمپریالیستی و دژەزایۆنیستین. بۆ نموونە، ئەم بنکانە لە سیرالیۆن میوانداری مەراسیمی ساڵانەی ڕۆژی قودسە دژ بە ئیسڕائیل.

تاران لە وڵاتانێکدا کە شیعەی زۆری لێیە، خەریکی ڕاکێشانی مەلاکانی ناوچەیە تا بە وێنەی باڵیۆزی ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی کار بکەن. ئێران تێچووی فێرکردنی ئەم مەلایانە لە "حەوزەی عیلمییەی قوم" و بەر لە گەڕانەوەیان لەژێر ناوی ڕابەرانی ئایینیدا دابین دەکا. کۆگه‌ جیهانییەکانی ئەهلی بەیت کە لە لایەن ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییەکانی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبردرێن و لە سەرانسەری دنیادا ئەندامیان هەن، ڕۆڵی سەرەکییان لەم چەشنە هەوڵانەدا هەیە.

هەوڵەکانی ئێران بۆ زیاتر دزەکردن لەنێو کۆمەڵانی شیعە، تا ئەمریکای لاتین و بەتایبەت بەڕازیل و ئەرژەنتینیشی گرتووەتەوە. بەڕازیل و ئەرژەنتین شوێنی ژیانی کۆمەڵە خەڵکێکی زۆرە لە شیعەکانی لوبنان. بۆ نموونە، لە شاری فۆز دۆلواچۆ لە بەڕازیل مزگەوتێک بە ناوی ئایەتوڵڵا خومەینی هەیە کە شێخ محەممەد خەلیل، یەکێک لە مەلاکانی سەر بە حەوزەی عیلیمیەی قوم بەڕێوەی دەبا.

لاوازیی دیپلۆماسیی فەرهەنگیی ئێران

سەرەڕای هەوڵە هەماهەنگکراوەکانی ڕێکخراوی فەرهەنگ و پێوەندییە ئیسلامییەکان و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامی، زۆربەی شرۆڤەکارە ئێرانییەکان ڕەخنەیان لە بە گوتەی ئەوان "خاڵە لاوازەکان"ی دیپلۆماسیی فەرهەنگیی تاران هەیە.

یەکێک لە ڕەخنەکان ئەوەیە کە بڵاوکراوە فەرمییەکان بەشی هەره‌ زۆری هەوڵەکانی ئێرانیان گرتووەتە خۆ. بەشێک لە شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە بەرنامەکانی پرۆپاگه‌ندە فەرهەنگییەکانی ئێران هیچ داهێنانێکیان تێدا نییە. کێشەیەک کە بە بڕوای ئەوان کێشەیەکی مەزنە، بەتایبەت لە ئاست ئەو شتەدا کە ئەوان پێی دەڵێن هەوڵە پشوودرێژ و ڕێکخراوەکانی ڕۆژاوا بۆ لەکەدارکردنی سیمای کۆماری ئیسلامی.

بە بڕوای مەحموودڕەزا گولشەنپەژو، شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوە لە بنکەی  توێژینەوە ستراتیژیکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، میدیاکانی ڕۆژاوا لە ترساندنی خەڵک لە ئێران بە جەختخستنە سەر نەبوونی مافی مرۆڤ و لێدانی مۆركی "هێزی تێکدەر" لەم وڵاتە، سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. گولشەنپەژو ڕادەسپێرێ کە ئێران دەبێ وەک وڵاتە سەرکەوتووەکان لە هەناردەکردنی فەرهەنگدا ئیش بکا. بۆ نموونە، چین پتر لە ٣٠٠ ئەنستیتۆی کۆنفسیۆسی لە سەرانسەری دنیادا دروست کردووە کە فەرهەنگ و زمانی چینی بڵاو دەکەنەوە.  پەکین هەروەها سەرمایەیەکی زۆری بۆ چاتربوونی میدیا ئینگلیزییەکانی خۆی خستووەتە گەڕ و ژمارەی کارمەندەکانی تا ٢٠١٦ دە بەرابەر کردووە و کەناڵەکانی پەخشی بەرنامەکانی، بەتایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەفریقادا زیاتر کردوون. گولشەنپەژو ئاماژە بۆ زنجیرە بەرنامە عامه‌پەسەندەکانی تورکی و فیلمەکانی بالیۆد دەکا و ئەوان بە کەرەستەی بەنرخی دەسەڵاتی نەرمی ئانکارا و نیودێهلی دەزانێ. ئەو پێی وایە دەکرێ بە پشوودرێژی و بەڕێوەبەرایەتییەکی کارامەوە، ئەم هەوڵانە لە دیپلۆماسیی فەرهەنگیدا بە وێنەی کەرەستەیەک بۆ برەوپێدان بە دەسەڵاتی نەرمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و دنیادا بخرێنه‌ گه‌ڕ.

تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامی، داهێنانێکی نوێی بۆ وەڵامدانەوە بەم خاڵە لاوازانە بەکار هێناوە. ئێران لە ٢٠١٤دا دەستی بە دروستکردنی فیلمێکی عەرەبی کرد بە ناوی "گۆرانییەکانی وڵاتەکەم" کە هەوڵێک بوو بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پرۆپاگه‌نده‌کانی داعش. بیرۆکەی ئەم فیلمە کە چیرۆکی عاشقانەی ژنێکی مەسیحی و پیاوێکی موسڵمانە لە ژێر هەڕەشەکانی داعشدا، دیالۆگە عەرەبییەکانی فیلمەکەیش دەرخەری ئەوەن کە ئەم پرۆژەیە پەیامێکی دیاریکراوی بۆ عەرەبەکان پێیە: ئێران لە خەمی ژین و بژێوی هەموو دانیشتووانی ناوچەکەدایە نەک تەنیا لە خەمی شیعەکاندا. ئەم فیلمە هەروەها مەبەستی بوو کە ترسی شارە عەرەبییەکانی ناوچە لە ئێرانەوە بگۆڕێ و ئاراستەی ڕۆژاوای بکا. عەباس ڕافعی، دەرهێنەری فیلمەکە "چەکە ئەمریکییەکانی داعش پێشان دەدا و دەڵێ زۆربەی چەکەکانی ئەوان لە لایەن زایۆنیزمەوە دابین کراون".

کۆماری ئیسلامی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دوایییەی جیهانی عەرەبیدا، هەوڵی داوە لە ڕێی تەیارکردنی خەڵکی ڕەمەکەوە بۆ خۆی بایەخ پەیدا بکا. بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی، نموونەی ئەم سەرکەوتنانە لەم زەمینەیەدا گەلێک زۆرن. بۆ نموونە "بەهاری عەربی"یان کردە "هۆشیاربوونەوەی ئیسلامی" کە شۆڕشی ئێران بووەتە هۆی ئەم بەئاگاهاتنەوەیە. بە گوتەی حوسێن ئەمیر عەبدولڵاهیان، بریکاری پێشووی وەزیری دەرەوە لە بواری وڵاتە عەرەبییەکان، ڕابەرانی شۆڕشی میسر لەژێر کاریگه‌ریی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ڕۆڵی ئێران بوون لە ناوچەدا.

عەبدوڵڵاهیان دەڵێ: گەنجانی عەرەب ئەگەر میدیای زیاتریان لەبەردەست با، دەیانتوانی ببینن چۆن ئێران پێشکەوتنی بەدەست هێناوە و، چۆن لە بەرامبەر ڕۆژاوادا بەرگریی لە پاراستنی دەسکەوتە زانستی و ناوچەیییەکانی کردووە. عەلیڕەزا زاکانی، نوێنەرە کۆنه‌پارێزەکەی پێشووی پەرلەمانیش لە سێپته‌مبەری ٢٠١٤دا و پاش کەوتنی سەنعا (پایتەختی یەمەن) بە دەستی شۆڕشگێڕە حوسسییەکانەوە، ڕای گەیاندبوو کە ئەمڕۆ سێ پایتەختی عەرەبی لەدەستی ئێراندان و سەر بە شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن؛ هیوای ئەوەیشی خواستبوو کە سەنعا چوارەمینیان بێت. ئاماژەکەی زاکانی، ڕووی له‌ دیمەشق و بەغدا و بەیروت بوو.

 

 

سەرچاوە:

https://www.rand.org

پوختەی ڕاپۆرتەکە بە فارسی

https://www.radiozamaneh.com/407855

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples