گه‌لۆ ئه‌مريكا ده‌توانێ ئێران سزا بدات؟

 

دكتۆر جيمس  ئێم. دۆرسه‌ى

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

پوخته‌: سه‌ركرده‌كانى ئێران ده‌ڵێن ئایينده‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى (JCPOA)، پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا، پشت به‌ شنگ و تواناى ئه‌وروپا، چين و ڕووسيا ده‌به‌ستێ بۆ بێكاريگه‌ريكردنى سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئێراندا. له ‌كاتێكدا كه‌ داخوا ئه‌وروپا ده‌چێته‌ ژێر ئه‌و باره‌، جێگه‌ى شك و گومانه‌؛ هه‌رچى ڕووسيا، چين و ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب و "عومان"يشن، وێده‌چێ بيانه‌وێ هه‌نگاو هه‌ڵێننه‌وه‌ و مايه‌ى خۆيان تێ بكه‌ن.

ژماره‌كانى ئه‌م دواييیه‌ى‌ بازرگانيى ئێرانى، نيشانى ده‌ده‌ن كه‌ ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب (ئیمارات)، كه‌ پشتيوانێكى به‌هێزى هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ئه‌مريكايه‌ بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر ئێران له ‌بارى ئابوورييه‌وه‌، له‌وانه‌يه‌ له‌ ته‌ك "چين"دا له‌ هه‌وڵى كه‌مكردنه‌وه‌ى كاريگه‌ريى سزا توند و سه‌خته‌كانى ئه‌مريكا، ببێته‌ هێڵى سه‌ره‌كيى ژيان بۆ كۆمارى ئيسلامى. ڕووسيا و عومانيش به‌ پله‌ى دووه‌م دێن له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵايه‌كى ڕێگه‌تێچوودا تا ئێران بكارێ خۆى له كاريگه‌ريى ئه‌‌و سزايانه‌ لا بدا.

شك و گومانێكى زێده‌تر له‌ توانا و خواست و ويستى ئه‌وروپا ده‌كرێ، كه‌ داخوا ئه‌وروپا ده‌يه‌وێ به‌ره‌وڕووى سزا لاوه‌كييه‌كانى ئه‌مريكا [مه‌به‌ست ئه‌و سزايانه‌يه‌ كه‌ ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و لايه‌ن و كۆمپانيايانه‌يدا ده‌سه‌پێنێ كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵدا ئێراندا ده‌كه‌ن- ئاسۆ] ببێته‌وه‌، له ‌كاتێكدا ئه‌وروپا پشتيوانى زاره‌كيى ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كه‌ى 2015يه‌، كه‌ سنوورێكى بۆ به‌رنامه‌ى نوكلياريى ئێران دانا. ئاخر چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌م مانگه‌دا كار به‌‌ ڕێسا‌ نوێيه‌ داراييیه‌كانى ئه‌ڵمانيا بكرێ. ئه‌و ڕێسا و بنه‌مايانه‌ ده‌كارن ڕێگه‌ له‌ ئێرانى قه‌يراناوى بگرن كه‌ ئه‌و 300 مليۆن يۆرۆ (347 مليۆن دۆلار)ه‌ى له‌ بانكێكى كۆنترۆڵكراوى ئێرانى له‌ هامبۆرگ داندراوه‌، بباته‌وه ئێران،‌ يان بردنه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌يه‌ به‌دوا بخه‌ن.

ژماره‌كانى په‌يوه‌ست به‌ بازرگانيى ئێرانى له‌ ماوه‌ى نێوان 21ى ئادار تا 22ى ته‌مووزى ئه‌مساڵ كه‌ له‌ لايه‌ن شرۆڤه‌كارێكى ئابوورى و وزه‌ى ئێرانى، "خانم فايزه‌ فرووته‌ن"ه‌وه‌ كۆ كراونه‌ته‌وه‌، نيشانى ده‌ده‌ن چين و ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب پێكه‌وه‌ 39.8%ى هاورده‌ى ئێرانى و 37.8%ى هه‌نارده‌ى ئێرانى له‌گه‌ڵ چين و ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌بدا بووه‌. كه‌چى (9) ئه‌ندامى يه‌كێتيى ئه‌وروپا، له‌نێوياندا وڵاتگه‌لێكى سه‌نگينى وه‌ك ئه‌ڵمانيا، فه‌ڕه‌نسا و بريتانيا له‌ 15.5%ى هاورده‌ و، 7.93%ى هه‌نارده‌كراويان له‌گه‌ڵ ئێراندا تێپه‌ڕ نه‌كردووه‌...

وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ريف، به‌م دواييیه‌ گوتى ڕۆڵى چين، ڕۆڵێكى كليلئاسايه‌: "ڕۆڵى چين له‌ هێنانه‌دى و جێبه‌جێكردنى  JCPOA و ئێسته‌یش له‌ پاراستنى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌، ڕۆڵێكى ته‌وه‌ره‌ييیه‌." چين كه‌ له‌ ته‌ك ئه‌وروپا و ڕووسيا و ئه‌مريكادا ڕێككه‌وتننامه‌ نوكليارييه‌كه‌ى واژوو كردووه‌، پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌، ڕه‌تی كرده‌وه‌ به‌ده‌م داخوازييه‌كانى ئه‌مريكاوه‌ بچێ و چيديكه‌ نه‌وت له‌ ئێران نه‌كڕێ، به‌ڵام به‌ڵێنى دا كه‌ قه‌باره‌ى ئه‌و نه‌وته‌ى له‌ ئێرانى ده‌كڕێ، زێده ‌نه‌كا. چين بازاڕێكى هه‌ره‌ له‌پێشى نه‌وتى هه‌نارده‌كراوى ئێرانه‌.

ڕه‌تكردنه‌وه‌ى چين كه‌ چيديكه‌ نه‌وت له‌ ئێران نه‌كرێ، وا ده‌كا ئامانجى كاربگێڕيى ترامپ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتی ئێران بۆ سفر، نه‌هێته ‌دى؛ به‌و مانايه‌ى كه‌ دانانى دوا واده‌، 4ى نۆڤه‌مبه‌ر بۆ هاتنه‌دیى ئه‌م ئامانجه‌، ناواقعييانه‌يه‌.

چين بۆ به‌رژه‌وه‌نديى خۆى، حه‌ز ده‌كا به ‌چه‌ندين ڕێگه‌ پێگه‌ى كۆمارى ئيسلامى به‌هێز بكا، له‌وانه‌ پشته‌وانيكردنى سه‌ربازييانه‌ى ڕژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د كه له‌ لايه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتى ده‌گيرێ. ئه‌سه‌د‌ هه‌وڵى گرتنه‌وه‌ى دوا مه‌ترێز و قه‌ڵاى سه‌ره‌كيى ياخيبووان له‌ "ئيدلب"ى باكوورى ناوچه‌كه ده‌دا‌. له‌ ئاخاوتنێكدا بۆ ڕۆژنامه‌ى  "الوطن"ى سه‌ر به‌ حكوومه‌تى سووريا، باڵيۆزى چين له‌ سووريا، تشى تشينجين گوتى: "په‌كين سايه‌دى و چاودێريى ڕه‌وشى سووريا ده‌كا، به‌تايبه‌تى دواى سه‌كه‌وتنه‌كانى ئه‌سه‌د له‌ باشوورى سووريا و، سوپاى وڵاته‌كه‌ى [چين- ئاسۆ] ده‌يه‌وێ شان به ‌شانى سوپاى سووريا كه‌ جه‌نگى تيرۆريستان له‌ ئيدلب و هه‌ر به‌شێكى ديكه‌ى سووريا ده‌كا، به‌ شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كان به‌شداریى ئه‌و جه‌نگه‌ بكا." باڵيۆز مه‌به‌ستى سه‌ركه‌وتنه‌كانى ئه‌م دوايیيه‌ى ڕژێم بووه‌ دژى ياخيبووان له‌ باشوورى سووريا و به‌رزاييیه‌كانى جۆلاندا.

به‌شداريى چين له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر ئيدلب، كه‌ تاكه‌ ناوچه‌يه‌كه‌ به‌ده‌ست ياخيبووانه‌وه‌ ماوه ‌و له‌ جێگه‌كانى ديكه‌وه‌ بۆ ئه‌وێ گوێزراونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانى ئۆگۆرى باكوورى ڕۆژاواى پارێزگه‌ى شينجيانگ له‌ چين، پاش ده‌يان ساڵ خۆدوورگرتن، ده‌بێته‌ يه‌كه‌مين تێوه‌گلانى سه‌ره‌كيى چين له‌ جه‌نگێكى ده‌ره‌كيدا. چين له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و شه‌ڕڤانانه‌ى ئۆگۆر بۆ شينجيانگ، نيگه‌رانه‌.

ڕۆڵى پۆتانسيۆڵى ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب له‌ ياريده‌دانى ئێران بۆ خۆلادان له‌ سزاكانى ئه‌مريكا له‌وانه‌يه‌ سه‌ير نه‌بێ، چونكه‌ دوبه‌ى  له‌مێژه‌‌ وه‌كوو خاڵى په‌ڕينه‌وه‌ى شتومه‌ك بووه‌ بۆ ئێران و قه‌باره‌ى ئاڵووێرى بازرگانى له‌ كۆتايیى ئادارى ئه‌مساڵدا له ‌نێوان ئێران و ميرنشينه‌كاندا گه‌يشته‌ 16.8 بليۆن دۆلار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ميرنشينه‌كان پشتيوانى له‌ سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئێراندا ده‌كا. ئێران له‌ وه‌ڵامى زنجيره‌يه‌ك ڕێوشوێنى ميرنشينه‌كان دژى تۆڕه‌ داراييه‌كانى ئێران، هه‌وڵيداوه‌ ڕووى خۆى به‌ ئاراسته‌ى قه‌ته‌رو عومان وه‌رگێڕێ و پێوه‌ندييه‌ ئابوورييه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕووسيادا به‌هێز بكا.

خانم فايزه‌ فرووته‌ن ده‌ڵێ: "ميرنشينه‌كان بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێ، شه‌ريكه‌به‌شى بازرگانيى پله‌ يه‌كى ئێران بووه‌. ئێستا ڕۆڵى ڕووسيا و عومان له‌ گه‌شه‌بووندايه‌." فايزه‌ پێی وايه‌ له‌ ماوه‌ى كورتخايه‌ندا عومان ناتوانێ جێگه‌ى ميرنشينه‌كان بۆ ئێران بگرێته‌وه‌.

ڕووسيا به‌ ئێرانى گوتووه‌ له‌ ماوه‌ى چاوپێكه‌وتنێكى سه‌رۆك ڤلاديمير پووتين و عه‌لى ئه‌كبه‌ر ويلايه‌تى، گه‌وره‌ ڕاوێژكارى ڕابه‌رى باڵاى ئێرانى، ئايه‌توڵڵا خامنه‌يى، كه‌ وڵاته‌كه‌ى ده‌يه‌وێ 50 بليۆن دۆلار له‌ بوارى نه‌وت و گازى ئێرانيدا به‌گه‌ڕ بخا. چاوپێكه‌وتنى ئه‌م دوو پياوه‌، چه‌ند ڕۆژێ پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ى [16ى ته‌مووز- ئاسۆ] پووتين و ترامپ له‌ هێلسینكى بووه‌.

ويلايه‌تى ده‌ڵێ: كۆمپانيايه‌كى نه‌وتى ڕووسى به‌م دوايیيه‌ سه‌ودايه‌كى 4 بليۆن دۆلاریى له‌گه‌ڵ ئێراندا كردووه ‌و به‌م زووانه‌ ده‌ست به‌ كارى خۆى ده‌كا و دوو كۆمپانياى گه‌وره‌ى ديكه‌ى ڕووسى، ڕۆزنه‌فت و گازپرۆم، ده‌ستيان به‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى ئێرانيدا كردووه‌ و ده‌يانه‌وێ تا 10 بليۆن دۆلار قۆنته‌رات (كۆنتراكت) له‌گه‌ڵ ئێراندا مۆر بكه‌ن.

چه‌ند مانگێك به‌ر له‌وه‌ى كاربگێڕيى ترامپ سزاكان به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پێنێته‌وه‌‌، ئێران و ڕووسيا چه‌ند ڕێككه‌وتننامه‌يه‌كى سه‌ره‌تايیيان واژوو كردوون كه ڕووسيا‌  بايى 30 بليۆن دۆلار له‌ بوارى پيشه‌سازيى نه‌وت  له‌ ئێران به‌گه‌ڕ بخا.

توانا و ويستى ئه‌وروپا بۆ ڕۆڵگێران له‌ پاراستنى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى، له‌ سه‌رينى ڕێسا نوێيه‌ دارايیيه‌كانى ئه‌ڵمانياوه‌ شك و گومانى له‌سه‌ره‌ و پشت به‌وه‌ ده‌به‌ستێ كه‌ داخوا كۆمه‌ڵه‌ى پێوه‌نديى دارايیى جيهانى له ‌نێوان بانكه‌كاندا (SWIFT) كه‌ بنكه‌كه‌ى له‌ "برۆكسل"ه‌، هيچ باكێكى به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مريكا نييه‌؛ ئاخر له‌ بارێكداSWIFT نه‌توانێ بانكه‌كانى ئێرانى له‌ سيسته‌مى حه‌واڵه‌ى دارايیى خۆى تا نۆڤه‌مبه‌رى ئه‌مساڵ‌ بكاته‌ ده‌رێ، ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ته‌قڵ و شه‌قڵى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌مريكاوه‌.

كاربه‌ده‌ستانى ئه‌وروپا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر SWIFT گوێ به‌ سزاكانى ئه‌مريكا بدات، ئه‌وا هيچ ئومێدێك به‌ قورتاركردنى ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى نامێنێ. وێده‌چێ ئه‌وروپا پشتى به‌و ڕاستييه‌ قايم بێ كه‌ له‌وانه‌يه‌‌ ئه‌مريكا هه‌ڕه‌شه‌كانى خۆى ده‌رهه‌ق به‌ ئه‌وروپا نه‌باته‌ سه‌ر، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ سيسته‌مى دارايیى جيهانى هه‌ڵده‌ته‌كێنن كه‌ ئه‌مريكا خۆى سوودى لێ ده‌بينێ و پێى به‌هێز ده‌بێ.

به‌ هه‌ر حاڵ، بنه‌ما و ڕێسا نوێيه‌كانى بانكى ناوه‌نديى ئه‌ڵمانى كه‌ ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكى زێده‌يان پێ دراوه‌ بۆ بلۆككردن و سڕكردنى پاره‌وپووڵى بيانى، ئه‌گه‌ر بێنه‌ جێبه‌جێكردن "كۆتايى به‌ پێوه‌نديى گرنگ له‌گه‌ڵ بانكه‌ ناوه‌ندى و دامه‌زراوه‌ داراييیه‌كانى وڵاتانێكى سێيه‌م  ده‌هێنن" و  ته‌با له‌گه‌ڵ سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئێراندا دێنه‌ به‌رچاو.

ئه‌م ڕێسايانه‌ كه‌ له‌ 25ى ئابه‌وه‌ كاريان پێ ده‌كرێ، ڕێگه‌ به‌ بانكى ناوه‌ندى ده‌ده‌ن كه‌ داوايه‌كى ئێران ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌ بۆ ڕاكێشانى 300 مليۆن يۆرۆ له‌ كۆمپانياى AG Europäisch-Iranische Handelsbank كه‌ دامه‌زراوه‌يه‌كى داراييیه‌ و بنكه‌كه‌ى له‌ هامبۆرگه‌ و هى بانكه‌كانى ئێرانه‌، به‌ بانكى پيشه‌سازى و كانه‌كانى سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تى ئێرانيشه‌وه‌. ئێران ده‌يه‌وێ ئه‌و پاره‌يه‌ ڕاسته‌وخۆ بۆ تاران بگوازێته‌وه‌ و ڕێگه‌ له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ئه‌مريكا بۆ كۆسپخستنه‌ به‌رده‌م ئه‌و حه‌واڵه‌يه‌، بگرێ.

كاربه‌ده‌ستانى ئێرانى به‌ حكوومه‌تى ئه‌ڵمانيايان ڕاگه‌ياندووه‌ كه‌ پێويستيان به‌ دراوى بيانييه‌ تا به‌و ئێرانييانه‌ى بده‌ن كه‌ ده‌يانه‌وێ گه‌شتى ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن و، له‌به‌ر سزا سه‌پێندراوه‌كانى سه‌ر ئێران، كريديت كارتى متمانه‌پێكراويان نييه‌ و تا بكارن خه‌رجى گه‌شت و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى خۆيان بده‌ن.

كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مريكى و ئيسڕائيلى گوشاريان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ڵمانيا كه‌ ڕێگه‌ به‌ ڕاكێشانى ئه‌و بڕه‌ پاره‌يه‌ نه‌دا و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن كه‌ له‌وانه‌يه‌ ئێران ئه‌و بڕه‌ پاره‌يه‌ بۆ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى له‌ سووريا، يه‌مه‌ن و عێراق يان ئه‌فغانستان به‌كار بهێنێ. باڵيۆزى ئه‌مريكا له‌ ئه‌ڵمانيا، ڕيچارد ئه‌ى. گرينيل گوتى: "ئێمه‌ زۆر له‌و هه‌واڵانه‌ نيگه‌رانين كه‌ ڕژێمى ئێرانى هه‌وڵ ده‌دا به ‌سه‌دان مليۆن يۆرۆ له‌ بانكێكى ئه‌ڵمانييه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ ئێران." هه‌ر بڕيارێكى ئه‌ڵمانى بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ گواستنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌يه‌ كاريگه‌ريى ده‌بێ بۆ سه‌ر‌ هزر و تێگه‌يشتنى ئێران ده‌رهه‌ق به‌ پێگيريى ئه‌وروپا به‌گشتى له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و بۆچوونه‌كانى. ئه‌مه‌ش به‌ ده‌ورى خۆى  وا ده‌كا سه‌رنج بخرێته‌‌‌ سه‌ر هاوبه‌شه‌ سه‌ره‌كييه‌ بازرگانييه‌كانى ئێران. چين و ڕووسيا تا ڕادده‌يه‌ك بۆچوونيان ڕوون و ئاشكرايه‌ كه‌ له‌ كوێ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ ده‌وه‌ستن. له‌وانه‌يه‌ ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب خۆى له‌ هه‌ڵوێستيكى زۆر سه‌ختدا ببينێته‌وه‌ كه‌ ڕێوشوێنێكى ئه‌وتۆ بگرێته ‌به‌ر بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ى تێكه‌ولێكه‌ى به‌سوود و پڕقازانجى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێراندا.

له‌ وتارێكدا كه‌ ئه‌لخه‌ليج تايمز، ڕۆژنامه‌يه‌كى هه‌ره‌ كۆنى ميرنشينه‌كانه‌ كه‌ به‌ زمانى ئينگليزى ده‌رده‌چێ و حكوومه‌تى ميرنشينه‌كان به‌شداريى له‌ دامه‌زراندنيدا كردووه‌ و چه‌ند ڕۆژێك پێش كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نيوكلياریدا هاتووه‌ كه،‌ ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب چیى پێ ده‌بڕێ ئه‌گه‌ر سزاكان به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌ يان نا: "ميرنشينه‌ يه‌كگرتووه‌كانى عه‌ره‌ب له‌ سه‌پاندنه‌وه‌ى سزاكاندا قازانج ده‌كا، چونكه‌ پێشتريش وه‌كوو ده‌ڵاڵێكى پڕبه‌ها بووه‌ له‌ سه‌رده‌م و ماوه‌ى هاوشێوه‌دا. ئه‌و كاڵايانه‌ى كه له‌به‌ر سزا سه‌پێندراوه‌كان،‌ ناكرێ ڕاسته‌وخۆ بفرۆشرێنه‌ ئێران، ئه‌وا له‌ ڕێگه‌ى ميرنشينه‌كانه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌‌ ئێران."

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples