ئه‌و سی شته‌ی كه‌ یارمه‌تیی گه‌شه‌ی عه‌قڵانییه‌تی تاك ده‌ده‌ن

09, 02, 2021

نووسەر: دکتۆر مه‌حموود سه‌ریعولقه‌له‌م، توێژه‌ری بواری په‌ره‌پێدان، زانسته‌ سیاسییه‌كان و مێژووی هاوچه‌رخی ئێران

وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: ته‌حسین ته‌ها

 

ئه‌و سی شته‌ی كه‌ یارمه‌تیی گه‌شه‌ی عه‌قڵانییه‌تی تاك ده‌ده‌ن

  • به‌ خۆی ده‌ڵێ: من به‌رهه‌م دێنم، كه‌واته‌ هه‌م؛
  • لانی كه‌م ساڵانه‌ 15 كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌؛
  • به‌وپه‌ڕی ئه‌ده‌ب و ڕێزه‌وه‌، سینگ بۆ بیروڕای جیاواز و دژ به‌ خۆی ده‌رده‌په‌ڕێنێ؛
  • وه‌ك ئه‌ڵمانه‌كان، هه‌ستیاره‌ به‌ واده‌ و قه‌وڵ و قه‌راره‌وه‌؛
  • هه‌ڵده‌بژێرێ كه‌ به‌رامبه‌ر چ بابه‌تێك په‌رچه‌كردار بنوێنێ؛
  • توانایه‌كی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌ كۆبه‌ندكردنی قسه‌كانی خۆیدا؛
  • - هه‌وڵ ده‌دات بچێته‌ ناواخنی عه‌قڵی به‌رامبه‌ری خۆیه‌وه‌ تا بیناسێ؛
  • - لانی كه‌م له‌ گفتگۆكانی خۆیدا 2500 وشه‌ به‌كار دێنێ؛
  • - وه‌ك ژاپۆنییه‌كان، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك، دابه‌شی ده‌كاته‌ سه‌ر 10 به‌ش؛
  • - ده‌توانێ له‌ بیست ساڵییه‌وه‌ هێڵی هزر و بیره‌كانی خۆی بكێشێ؛
  • - لانی كه‌م ده‌توانێ 30 لاپه‌ڕه‌ی A4 له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ بنووسێ؛
  • - وه‌ك ئینگلیزه‌كان، له‌ هیچ دۆخ و هه‌لومه‌رجێكدا جنێو به‌وانی تر نادات؛
  • - ده‌زانێ جیاوازی چییه‌ له‌ نێوان هه‌شت و، هه‌شت و یه‌ك خوله‌كدا؛
  • - وه‌ك تۆنسییه‌كان، باوه‌ڕبه‌خۆبوونی هه‌یه‌ و ڕێگه‌ ده‌دات هه‌مووان قسه‌ی خۆیان بكه‌ن؛
  • - زۆر باش ئاگاداری ئه‌نجام و ئاكامی كورتخایه‌ن و درێژخایه‌نی قسه‌كانییه‌تی؛
  • - توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی نووسین ڕه‌خنه‌ له‌ خۆ بگرێ؛
  • - به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان، ژماره‌ به‌كار دێنێ؛
  • - درۆ ناكات، چونكه‌ عه‌وداڵی بنیاتنانی بینای متمانه‌یه‌؛
  • - ئه‌وه‌نده‌ له‌ كه‌نار ڕووبار داده‌نیشێت تاكوو ڕۆژگار خۆی وه‌ڵامی ناپیاوه‌تی ده‌داته‌وه‌؛
  • - گرێدراوی و وابه‌سته‌ییی داراییی به‌ ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، له‌ كه‌مترین ئاستی خۆیدایه‌؛
  • - بۆ درككردن و تێگه‌یشتن له‌ پێگه‌ی ته‌نیایی، هه‌وڵی خۆی ده‌خاته‌ گه‌ڕ؛
  • - وه‌ك چینییه‌كان، بڕیاره‌كانی ئه‌و، له‌ واقعه‌ هه‌ستپێكراو و دیاره‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؛
  • - ئه‌وه‌نده‌ ئه‌ركناسه‌، كه‌ به‌ده‌گمه‌ن كه‌سێك شتێكی وه‌بیر دێنێته‌وه‌ یان ئاگاداری ده‌كاته‌وه‌؛
  • - هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگه‌ی دونیای ناخ و ده‌روونیانه‌وه‌، له‌ قسه‌ی ئه‌وانی تر تێ بگات؛
  • - وه‌ك خه‌ڵكی ئیسكاندیناڤیا، خۆی‌ له‌سه‌ر خاكه‌ڕاییی زاتی ڕادێنێ؛
  • - له‌ ڕێگه‌ی گه‌شته‌ زۆره‌كانییه‌وه‌، ده‌رفه‌تی به‌راوردكردن به‌ده‌ست دێنێ؛
  • - له‌ ڕێگه‌ی چاو و زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ دژایه‌تی و ڕازینه‌بوونی خۆی نمایش ده‌كات؛
  • - زۆربه‌ی په‌رچه‌كرداره‌كانی خۆی، به‌ دیدێكی درێژخایه‌نه‌وه‌ ڕێك ده‌خات؛
  • - مێشكی زیاتر به‌ Fact داوه‌ری ده‌كات و بڕیار ده‌دات تاكوو به‌ وه‌هم، مه‌زه‌نده‌ و گومان؛
  • - وه‌ك یاساناسێك، له‌ به‌كارهێنانی وشه‌كاندا وه‌سواسی هه‌یه‌؛

 

سی تایبه‌تمه‌ندیی كه‌سایه‌تیی له‌ق و ناجێگیر (= په‌ره‌نه‌سه‌ندووییی كۆمه‌ڵگه‌)

  • ڕۆژێ سێ جار جیهانبینییه‌كه‌ی ده‌گۆڕێ؛
  • زۆر مانۆڕ ده‌دات و لێ ده‌سووڕێته‌وه‌؛
  • هه‌ر ساتێك له‌وانه‌یه‌ هه‌ر شتێك بكات؛
  • هه‌ر زوو ده‌ڕووخێ؛
  • ناتوانێ دۆست و هاوڕێی جێگیری هه‌بێ؛
  • ته‌نیا ده‌بێ به‌ شان و باڵیدا هه‌ڵبگوترێ؛
  • زۆر باسی ڕاستگۆیی و كه‌ڕامه‌ت ده‌كا؛
  • زۆر زیره‌كه‌ به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌كی كورت؛
  • هه‌شتا له‌سه‌دی Data ده‌شارێته‌وه‌؛
  • ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی له‌سه‌ر هیچ پڕه‌نسیپێك ڕانه‌وه‌ستاوه‌؛
  • Fact به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانێ؛
  • له‌ فرتوفێڵدا هیچ سنوورێك ناناسێ؛
  • جوان و به‌وردی دیراسه‌ی ڕیسكه‌كان ناكا؛
  • به‌قه‌د ژماره‌ی به‌رده‌نگه‌كان [موخاته‌به‌كان]، ده‌مامك ده‌به‌ستێ؛
  • زۆر هاتوهاوار ده‌كات و ده‌یكات به‌ هه‌را؛
  • له‌ هێوری و ئارامیی ئه‌وه‌وه‌ بۆ تووڕه‌بوون، كه‌متر له‌ 30 چركه‌ی پێده‌چێ؛
  • ده‌توانێ له‌ ڕۆژێكدا له‌ پێنج شانۆی جیاوازدا ڕۆڵ بگێڕێت؛
  • چێژ له‌وه‌ وه‌رده‌گرێ كه‌ به‌ خه‌ڵكی ڕابوێرێ؛
  • به‌ چینه‌ تێكچنراوه‌كانی خه‌یاڵپڵاویدا پیاسه‌ ده‌كا؛
  • ئاگایانه‌ و به‌وریایییه‌وه‌ وشه‌كان به‌كار دێنێ بۆ فریودان؛
  • تێگه‌یشتن له‌ واقع، له‌گه‌ڵ ستایلی كورتخایه‌نی ژیانی ئه‌ودا دژ و ناكۆكه‌؛
  • به‌ زێده‌بێژی و موباله‌غه‌ شاگه‌شكه‌ ده‌بێ؛
  • ناتوانێ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ متمانه‌ به‌ده‌ست بێنێ؛
  • پێناسه‌یه‌كی كورتماوه‌ی هه‌یه‌ بۆ چێژوه‌رگرتن و ژیان؛
  • وا ڕه‌فتار ده‌كا كه‌ ئه‌وانی تر پرسیار نه‌كه‌ن؛
  • حه‌ز ده‌كا سه‌نته‌ری هه‌موو شوێنێك و هه‌موو شتێك بێ؛
  • به‌ خستنه‌ڕوو و هێنانه‌گۆڕێی ئه‌رگیۆمێنت [استدلال]، بێتاقه‌ت ده‌بێ؛
  • نزیكی و تێكه‌ڵییه‌كه‌ی، به‌زۆری شتێكی ساخته‌یه‌؛
  • پێی وایه‌ خۆڕاگری، ژه‌هره‌؛
  • هیچ حه‌زی له‌ ته‌ركیزكردن و سه‌قامگیری نییه‌، چونكه‌ هه‌یه‌جان و عاتیفه‌ی لێ ده‌ستێنێ؛

 

بۆچی سیاسه‌تی ئێمه‌، به‌گشتی تێكه‌ڵ بووه‌ به‌ تووڕه‌یی؟ سی هۆ

  • چونكه‌ هاوپه‌یمانێكی وامان له‌ جیهاندا نه‌بووه‌ پشتی پێ ببه‌ستین؛
  • چونكه‌ بیۆگرافیمان (زۆر) كه‌م خوێندۆته‌وه‌؛
  • چونكه‌ كڕیاری هه‌یه‌؛
  • چونكه‌ زۆر زۆر پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌ربكه‌و‌ین؛
  • چونكه‌ زیاتر چێژ له‌ هه‌یه‌جان وه‌رده‌گرین تاكوو له‌ بێده‌نگی و ئارامی؛
  • چونكه‌ میدیاكان بابه‌تیان ده‌ست ده‌كه‌وێ؛
  • چونكه‌ وه‌ك چه‌ندێتی سه‌یری جیاوازییه‌كانی نێوان وڵاتان ناكه‌ین؛
  • چونكه‌ به‌زۆری لێكتێگه‌یشتن به‌ عه‌یب ده‌بینین؛
  • چونكه‌ Compromiseمان به‌ سازش و ته‌نازول ته‌رجه‌مه‌ كردووه‌؛
  • چونكه‌ له‌ نه‌ست و نائاگای خۆماندا، بێده‌نگی و به‌ڕوونی قسه‌كردن، به‌ لاوازی ده‌زانین؛
  • چونكه‌ زۆر تاقه‌تی ئه‌وه‌مان نییه‌ ئه‌رگیۆمێنت بێنینه‌وه‌؛
  • چونكه‌ به‌ كه‌سێك كه‌ ئارام و قسه‌زانه‌، ده‌ڵێین كه‌ كێشه‌ی هه‌یه‌؛
  • چونكه‌ له‌ جیاتی دۆست و هاوڕێ، به‌دوای مورید ده‌گه‌ڕێین؛
  • چونكه‌ به‌زۆری میدیاكان، زیاتر به‌ پرسه‌ عاتیفی و هه‌یه‌جانییه‌كانه‌وه‌ ناوبانگ په‌یدا ده‌كه‌ن؛
  • چونكه‌ كۆڕه‌فتاری ئێمه‌ زیاتر په‌رچه‌كردارانه‌یه‌؛
  • چونكه‌ پێناسه‌ی ئێمه‌ بۆ سه‌روه‌ریی سیاسی، به‌زۆری نائابوورییانه‌یه‌؛
  • چونكه‌ له‌ نائاگای ئێمه‌دا، داستان و چیڕۆك زۆر له‌ Fact سه‌رنجڕاكێشتره‌؛
  • چونكه‌ ده‌ربڕینی ئه‌رگیۆمێنتییانه‌ی لاوازییه‌كان، وه‌ك شكستێك ده‌بینین؛
  • چونكه‌ پێمان وایه‌ خوێندنه‌وه‌ی خۆمان بۆ پرسه‌كان، ته‌نیا خوێندنه‌وه‌یه‌ و ته‌واو؛
  • چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌ قسه‌كردندا هاتوهاوار ده‌كا، به‌ هه‌ق ده‌زانین؛
  • چونكه‌ بۆ سی ساڵی داهاتوو، به‌رنامه‌ و پلانمان نییه‌؛
  • چونكه‌ پێناسه‌ی ئێمه‌ بۆ سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی، زیاتر نزیكه‌ له‌ گۆشه‌گیری و په‌راوێزكه‌وتنه‌وه‌‌؛
  • چونكه‌ كاتێ كه‌ تووڕه‌ ده‌بێ، هه‌ست ده‌كه‌ین غه‌دری لێ كراوه‌؛
  • چونكه‌ فێره‌ Share كردن نه‌بووین؛
  • چونكه‌ پێویستیمان به‌ سه‌قامیگیریی به‌رده‌وامی خۆمان هه‌یه‌؛
  • چونكه‌ له‌ سیاسه‌تدا عه‌وداڵی ڕاستگۆیین و نایدۆزینه‌وه‌؛
  • چونكه‌ پێمان وا نییه‌ بنه‌مای ده‌سه‌ڵات، بریتییه‌ له‌ تێكڕای به‌رهه‌مهێنانی نیشتمانی‌؛
  • چونكه‌ زۆربه‌مان مێژووی چوار سه‌ده‌ی سه‌رمایه‌داریمان نه‌خوێندۆته‌وه‌؛
  • چونكه‌ ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن، له‌ نائاگا و نه‌ستی ئێمه‌دا كۆگه‌یه‌كی گرنگی نییه‌؛
  • چونكه‌ شاره‌زایییه‌كی وردمان نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیبه‌یته‌وه‌؛

 

 بۆچی ئاگامان له‌و شته‌ نییه‌ كه‌ ده‌یڵێین؟ سی هۆ

  • چونكه‌ كتێب ناخوێنینه‌وه‌؛
  • چونكه‌ گرنگیی گه‌شه‌ی كه‌سایه‌تی، ته‌نانه‌ت ناگاته‌ له‌سه‌دا ده‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌؛
  • چونكه‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌، پشتئه‌ستووره‌ به‌ له‌به‌ركردن و ده‌رخكردن تاكوو بیركردنه‌وه‌؛
  • چونكه‌ په‌روه‌رده‌ی خێزانی، پتر پشتئه‌ستووره‌ به‌ هه‌ست و سۆزه‌وه‌ تاكوو گه‌شه‌ی تاك؛
  • چونكه‌ فێر نه‌كراوین كه‌ قسه‌كردن، به‌رپرسارێتییه‌؛
  • چونكه‌ كاتێ پاره‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێ، هه‌ست به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین؛
  • چونكه‌ كاتێ ده‌گه‌ین به‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌ست به‌ گه‌وره‌یی و باڵاده‌ستی ده‌كه‌ین؛
  • چونكه‌ زۆربه‌مان به‌دوای دوو ئامانجی سه‌ره‌كیدا ده‌ڕۆین له‌ ژیاندا: پاره‌ و ناوبانگ؛
  • چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سی، به‌سه‌ر ڕه‌فتاری ئه‌خڵاقیدا زاڵه‌؛
  • چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك ئامرازێك سه‌یری مرۆڤه‌كانی تر ده‌كه‌ین؛
  • چونكه‌ تاكه‌كان، له‌پڕ ده‌گه‌نه‌ پێگه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو؛
  • چونكه‌ بێڕێزیكردن به‌ مرۆڤه‌كان له‌ جیهانی سێیه‌مدا ده‌رهاوێشته‌ و ئاكامێكی خراپی ئه‌وتۆی به‌دواوه‌ نییه‌؛
  • چونكه‌ هێزی هه‌ست و سۆز و عاتیفه‌، له‌سه‌دا نه‌وه‌د به‌سه‌ر عه‌قڵی حیسابكه‌ر و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ردا زاڵه‌؛
  • چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ به‌ر له‌ قسه‌كردن، مه‌جالی پڕۆڤه‌كردنی نییه‌؛
  • چونكه‌ تاكه‌كان، ده‌فع ده‌بن؛
  • چونكه‌ ژماره‌ی Follower، زۆر گرنگتره‌ له‌ هه‌بوونی پڕه‌نسیپ؛
  • چونكه‌ دیار نییه‌ به‌رپرسی په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی كێیه‌؛
  • چونكه‌ په‌روه‌رده‌، له‌ خێزان و پۆلی خوێندنه‌وه‌، گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ جیهانی مه‌جازی؛
  • چونكه‌ ڕه‌گه‌زی "كات" له‌ قسه‌كردندا ڕاگیراوه‌؛
  • چونكه‌ ناسه‌قامگیریی ئابووری، هاوسه‌نگیی ڕه‌فتاریی تێك داوه‌؛
  • چونكه‌ ئاشنابوون به‌ ئه‌ده‌بیاتی فارسی زۆر زۆر لاواز بووه‌ته‌وه‌؛
  • چونكه‌ له‌ نائاگای تاكه‌كاندا، به‌شی ڕه‌چاوكردن و پاراستنی مافی خه‌ڵكی تر قفڵه‌؛
  • چونكه‌ گرووپه‌ ژێده‌ره‌ كه‌لتوورییه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا گۆڕاون؛
  • چونكه‌ ده‌روونناسیی تێگه‌یشتن له‌وانی تر، له‌ زۆربه‌ی تاكه‌كاندا لاوازه‌؛
  • چونكه‌ زیره‌كی و گورجوگۆڵیی حازربه‌ده‌ست، گرنگتره‌ له‌ میراتی كه‌سایه‌تی؛
  • به‌ خه‌یاڵی خۆمان، ئه‌وانی تر هه‌ست به‌ نییه‌ت و نیازی ئێمه‌ ناكه‌ن؛
  • چونكه‌ ئینتیما بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست، زۆر لاوازه‌؛
  • چونكه‌ ژیان شتێكی جددی نییه‌؛
  • چونكه‌ نازانین وشه‌ نه‌رێنییه‌كان له‌ مێشكی مرۆڤدا ده‌مێننه‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بن؛
  • چونكه‌ زۆربه‌ی تاكه‌كان، ته‌نانه‌ت پینج لاپه‌ڕه‌یش له‌باره‌ی خۆیانه‌وه‌ ناتوانن بنووسن.

 

سی كۆسپی ده‌روونناسانه‌ له‌ به‌رده‌م پێشكه‌وتندا

  • ڕاده‌ربڕین سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر بابه‌تێك؛
  • ته‌قریبه‌ن ڕاگرتنی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ بیروڕای خۆمان؛
  • ته‌قریبه‌ن ڕاگرتنی ڕه‌خنه‌ له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی خۆمان؛
  • ته‌قریبه‌ن ڕاگرتن و وه‌ستاندنی ڕه‌خنه‌ له‌ بێبه‌ڵێنی و په‌یمانشكێنیی خۆمان؛
  • ته‌قریبه‌ن ڕاگرتنی ڕه‌خنه‌ له‌ قسه‌ی ناشیرین گوتن به‌وانی تر؛
  • به‌كارهێنانی نائاگایانه‌ی وشه‌كان؛
  • دڵخۆشبوون به‌ هاوكارینه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر؛
  • به‌رده‌وام داوه‌ریكردن و بڕیاردانی نه‌رێنی له‌سه‌ر نییه‌ت و نیازی خه‌ڵكی تر؛
  • خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وانی تر، ڕابردوو له‌بیر ده‌كه‌ن؛
  • دڵخۆشیی له‌خۆڕا و نائاگایانه‌ به‌هۆی زیره‌كی و گورجوگۆڵیی یه‌ك هه‌فته‌یییه‌وه‌؛
  • په‌كخستنی ئامرازه‌كانی كۆنترۆڵی تووڕه‌یی؛
  • دڵخۆشیی نائاگایانه‌ به‌هۆی چوونه‌ نێو تایبه‌تمه‌ندێتی [هه‌رێمی تایبه‌تی]ی ئه‌وانی تره‌وه‌؛
  • به‌خۆگوتنی نائاگایانه‌ له‌سه‌ر خۆ به‌ ڕاست زانین؛
  • به‌خۆگوتن [ته‌لقین]ی نائاگایانه‌ له‌سه‌ر خۆ به‌هه‌ق زانین؛
  • به‌خۆگوتنی نائاگایانه‌ له‌سه‌ر خۆ به‌گه‌وره‌ زانین؛
  • ڕاگرتنی خانه‌كانی گومانكردن له‌ به‌شی ئاگای مێشكدا؛
  • خووی نائاگا به‌ شاردنه‌وه‌ی ڕاستی و هه‌قیقه‌ت؛
  • خووی نائاگا به‌ درۆكردن؛
  • خووی نائاگا به‌ جنێودان؛
  • خووی نائاگای پێچه‌وانه‌ نیشاندانی پرسه‌كان؛
  • خووی نائاگا به‌ بێتاواندانانی خۆمان له‌ هه‌ڵه‌كان؛
  • خووی نائاگا به‌ نغرۆبوون له‌ خۆپه‌رستییه‌كاندا؛
  • خووی نائاگا به‌ موباله‌غه‌ و زمانلووسی؛
  • خووی نائاگا به‌ ناشیرینكردنی ڕكابه‌ره‌كان؛
  • خووی نائاگا به‌ گه‌ڕان به‌ دوای ڕیشه‌ی كێشه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان؛
  • خووی نائاگا به‌ دژایه‌تیكردنی نائاگایانه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان و وه‌رچه‌رخاندا؛
  • خووی نائاگا به‌ شێواندنی مانای وشه‌كان؛
  • خووی نائاگا به‌ چێژوه‌رگرتن له‌ پێڕه‌ویكردن له‌وانی تر؛
  • خۆشه‌ویستی و شه‌یداییی بێسنوور بۆ پاره‌ و ده‌سه‌ڵات و، شاردنه‌وه‌ی ئاگایانه‌ی ئه‌م شه‌یدایییه‌؛
  • باڵاده‌ستیی نزیكه‌ی ڕه‌های نائاگای ژه‌نگاوی له‌سه‌ر بیروڕا، ڕه‌فتار و ئاخاوتن.

 

 

سەرچاوە: https://sariolghalam.com

 

 

Last modified on سێ شەممە, 09 شوبات 2021 19:56
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples