نووسینی: پۆڵ كۆركۆران*
وه‌رگێڕانی: ته‌حسین ته‌ها به‌هائه‌دین
ئه‌و وتارانه‌ی له كۆتایی ركابه‌ری و ململانێ سه‌خته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێن، رۆڵێكی له‌وه زیاتریان هه‌یه كه زنجیره دابونهریتێكی ناوبه‌تاڵ و كلۆر بن. ئه‌م وتارانه گهواهییهكن له‌سه‌ر هه‌قانییه‌تی ئه‌نجامه‌كان، پتهوكهری یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و رێخۆشكه‌ری رێگای ئاشتیانه و كاریگه‌ری گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات.
له چواری نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ٢٠٠٨، له كاتێكدا كه ژماردنی ده‌نگه‌كان كۆتایی نه‌هاتبوو، هه‌ر دوو كاندیدای یه‌كه‌می سه‌رۆككۆماریی ئه‌مریكا له كۆتاییهێنان به رووداوی فه‌رمیی سیاسی‌دا رۆڵی خۆیان گێڕا. یه‌كه‌م وتار هی جۆن مه‌ك كه‌ین، كاندیدای دۆڕاو بوو. ئه‌و وته‌یه‌ی پاش هه‌ڵبژاردن پێشكه‌شی كرد، په‌یڕه‌ویكردن بوو له رێسای دێرینی زمانپاراوی:
هه‌ڤاڵانم، گه‌شتێكی دوورودرێژمان گه‌یانده كۆتایی. خه‌ڵكی ئه‌مریكا قسه‌ی خۆیان كرد و، داوای خۆیان به‌ڕوونی به‌یان كرد. كه‌مێك به‌ر له ئێستا، ئه‌و شانازییه‌م پێ بڕا كه په‌یوه‌ندی به سیناتۆر باراك ئۆباماوه بكه‌م و پیرۆزبایی لێ بكه‌م... بۆ هه‌ڵبژاردنی به سه‌رۆككۆماریی ئایینده‌ی وڵاتێك كه هه‌ردووكمان عاشقانه خۆشمان ده‌وێ. له‌م ركابه‌رییه دوورودرێژ و دژوارانه‌دا، سه‌ركه‌وتوویی، توانایی و، تێكۆشان و كۆڵنه‌دانی ئه‌و جێگای رێزه بۆ من. ئه‌و به‌م كاره‌ی توانی ببێته ئیلهامبه‌خش و مایه‌ی ئۆمێدی ملیۆنان كه‌س له خه‌ڵكی ئه‌مریكا كه سه‌روه‌ختێك به هه‌ڵه وایان ده‌زانی پشك یا نفووزێكی كه‌میان له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری له ئه‌مریكادا هه‌یه و من له‌ناخی دڵمه‌وه ئه‌م شته ستایش ده‌كه‌م و بۆ گه‌یشتن به‌و ئه‌نجامه ده‌ستخۆشیی لێ ده‌كه‌م.
باراك ئۆباما له وته‌ی دوای سه‌ركه‌وتنی خۆیدا، وه‌ڵامی ئه‌وی دایه‌وه و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كرده‌وه كه " ئێمه هه‌رگیز كۆمه‌ڵێك كه‌س یا كۆمه‌ڵه ویلایه‌تێكی سوور (ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كۆماریخوازن) و ویلایه‌تی شین (ویلایه‌ته‌كانی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیموكرات) نه‌بووین. ئێمه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاین و هه‌میشه‌ش وا ده‌مێنینه‌وه" وته‌كانی دواتری سه‌رۆككۆماری هه‌ڵبژێردراو، نیشانه‌ی قه‌در و پێزانینی بوو ده‌رهه‌ق به ركابه‌ره‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردندا:
ئه‌مشه‌و، كه‌مێك پێش ئێستا، په‌یامی پڕ لوتف و خۆشه‌ویستیم له‌لایه‌ن سیناتۆر (جۆن مهككەین)ه‌وه پێ گه‌یشت. سیناتۆر مهككەین ململانێیه‌كی هه‌ڵبژاردنی دژوار و دوورودرێژی تێ په‌ڕاندووه. و له‌پێناو وڵاتێكدا كه عاشقیه‌تی، خه‌باتێكی ته‌نانه‌ت سه‌ختتر و دوورودرێژتریشی كردووه. ئه‌و، گیانفیدایی وای بۆ ئه‌مریكا كردووه كه زۆرێك له ئێمه ته‌نانه‌ت ناتوانین ته‌سه‌وڕی بكه‌ین. ئێمه بۆ بارودۆخی باشی ئه‌مڕۆی وڵات قه‌رزاری خزمه‌ته‌كانی ئه‌م سه‌ركرده لهخۆبردووهین.
له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا كه خاوه‌نی دیموكراسییه‌كی ساخله‌م و ته‌ندروستن، شاهیدی گێڕانه‌وه‌ی جیاجیاین له‌و به‌سه‌رهاته. سێگۆلن رۆیاڵ بۆ نیكۆڵا ساركۆزی هیوای ئه‌وه‌ی خواست " له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌یدا له خزمه‌تكردن به گشت خه‌ڵكی فه‌ڕه‌نسا باشترین سه‌ركه‌تن وه‌ده‌ست بهێنێت." تارۆ ئازۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی شكستخواردووی ژاپۆن، رای گه‌یاند، " من له‌و بڕوایه‌دام كه ئه‌مه بڕیار و داوه‌ریی گه‌له و پێویسته به ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین." له كۆتایی چالاكییه سیاسییه‌كاندا له سه‌رانسه‌ری جیهان، كۆمه‌ڵه ئاڵوگۆڕێكی رێزدارانه‌ی هاوشێوه ئه‌نجام ده‌درێت. هه‌ندێ كه‌س ئه‌م ده‌ربڕینانه ته‌نیا به جۆرێك له ره‌چاوكردنی دابونه‌ریت ده‌زانن: ناڕاسته‌قینه، بێهۆ و، له باشترین حاڵه‌تدا، به قارهمانبازیی له مۆدهكهوتووی داده‌نێن. لێ هه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینانه، رۆڵێكی هه‌ستیار ده‌گێڕن:
له وتاره‌كانی دوای هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و ركابه‌ره‌ی كه له گۆڕه‌پان چووه‌ته ده‌ره‌وه، جه‌خت له‌سه‌ر هه‌قانیه‌ت (راستیه‌تی)ی هه‌ڵبژاردن ده‌كاته‌وه. وه‌ڵامی كه‌سی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه نیشان ده‌دات كه به‌چاوی به‌شی به‌هاگران و پڕبایه‌خی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌رنج له لایه‌نگرانی هه‌موو كاندیداكان ده‌درێ. به‌م پێیه، هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، به چاوپۆشین له توندی و گه‌رموگوڕیی ململانێكان، به جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی كۆتایی دێت.
رێوره‌سمی فه‌رمی بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات
به‌وپه‌ڕی سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌بێ بگوترێ كه كاندیدای دۆڕاو، خاوه‌نی ده‌رفه‌تێكی زیاتره بۆ پێشكه‌شكردنی وتار له شه‌وی پڕڕووداوی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه له پرۆسه‌ی دیموكراسیدا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه. كه‌سی براوه، به‌ناچار، ده‌بێ بۆ به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردن بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌و به سوپاسگوزاری ده‌رهه‌ق به لوتف و خۆشه‌ویستیی ركابه‌ر، وه‌ك جوامێرێك ده‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا كه ئه‌م گهورهكردنهی ركابه‌ر، ده‌ستكه‌وته‌كانی خۆیشی به گرنگتر ده‌نوێنێ.
شێوازی ده‌ربڕینی قبووڵكردنی شكست، ئه‌ركێكی گرنگتریشی له رێوره‌سمی فه‌رمیی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له وڵاتی دیموكراتدا هه‌یه. وته‌ی ده‌ستاوده‌ستكردنی دوای هه‌ڵبژاردن، كه له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و پته‌و و له ئان و ساتی فشاری توندی سۆزاوی (عاتیفی)دا پێشكه‌ش ده‌كرێت، هه‌ڵومه‌رجی پێویستی فه‌رهه‌نگی بۆ سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و دەسەڵاتی ڕاستەقینەی سیاسی سیاسی به‌رجه‌سته ده‌كات. به شێوه‌یه‌كی ته‌شریفاتی كۆتایی به‌و قه‌یرانه سیمبولییه (هه‌ڵبژاردن) ده‌هێنێ كه وڵاتانی دیموكرات به‌رده‌وام و به ئامانجی دیاریكراو ئه‌زموونی ده‌كه‌ن و، به‌م پێیه فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل و سیسته‌می پشتئه‌ستوور به دستوور به‌هێز ده‌كات.
بۆ كه‌سی شكستخواردوو، ئه‌م وته و قسهزانییه (وتاربێژییه) ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه شكستی هه‌ڵبژاردن ببێ به گێڕانه‌وه (ریوایه‌ت)ی سه‌ركه‌وتن: لایه‌نی شكستخواردوو، به‌ڵێنه‌كانی ئایینده‌ی خۆی بۆ سه‌ركه‌وتن له ئایینده‌دا تازه ده‌كاته‌وه. زمانی ململانێ، بەستراوەیی حزبی و، بنه‌ما لێكدژەکان (متضاد)، ده‌گۆڕێن بۆ سیمبوله‌كانی فه‌زیله‌تی كۆن، جوامێری و، رۆحیه‌ی وه‌رزشكاری – واته له‌و جاره‌ی كه كاری سه‌ره‌كی، بردنه‌پێشی یارییه و ره‌چاوكردنی رێسا و یاساكانی یاری، بردنه‌وه یا دۆڕاندن زیاتر گرنگییان هه‌یه.
هه‌ندێ كه‌س، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری له ئه‌مریكادا به چالاكییه رێكخراوییهكان ده‌یچوێنن كه له نێوان دوو ركابه‌ری دوژمن‌دا ئه‌نجام ده‌درێ. ئه‌م چالاكییانه چه‌شنی جه‌نگ، پڕجهنجاڵ و ده‌نگه‌ده‌نگ و به جۆش و خرۆشن. میدیاكان حه‌زیان له‌وه‌یه به پشتبه‌ستن به دووبه‌ره‌كی و شه‌ڕ و، راگه‌یاندنی ناوی براوه‌كان و دۆڕاوه‌كان له راپرسییه‌كانی هه‌فتانه‌دا، ئاگری ئه‌م بابه‌ته خۆش بكه‌ن. كاندیداكان توانایی، كه‌سایه‌تی و به‌هره‌ی سه‌ركردایه‌تیی ركابه‌ره‌كانیان ده‌به‌نه ژێر پرسیاره‌وه. له‌باره‌ی رابردووی ئه‌و كاندیدایانه‌ی له‌سه‌ر كارن، به‌وردی لێكۆڵینه‌وه ده‌كرێ. له نیشانه‌كانی لاوازیی كاندیداكان ده‌كۆڵرێته‌وه. ئه‌و كاندیدایانه‌ی كه كار ده‌كه‌ن ده‌چنه نێو "باری هه‌ڵبژاردن"ه‌وه و هه‌وڵێكی زۆر له‌م جۆره چالاكییانه‌دا ده‌ده‌ن.
رێكخراوه پێشكه‌وتووه‌كانی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری تێ ده‌كۆشن ده‌نگده‌ران به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكی بچووكتردا دابه‌ش بكه‌ن و دواتر زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌م گرووپانه‌ی ده‌نگده‌ر تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌كه‌ن. ئه‌م میتۆده، تاكه‌كانی گه‌ل به‌گوێره‌ی حزب، ویلایه‌ت، ناوچه و، هتد لێك جیا ده‌كاته‌وه. راده‌گه‌یه‌نرێ كه هه‌ر خولێكی هه‌ڵبژاردن، دووبهرهكیهێنهرترین، سه‌رسه‌ختترین و نه‌رێنیترین (سلبی) ململانێ بووه. زۆرێك له خاوهنڕایان به‌م ئه‌نجامه گه‌یشتوون كه وڵات زیاتر له جاران بۆ دوو جه‌مسه‌ر دابه‌ش ده‌بێت.
بنه‌ما په‌سه‌ندكراوه‌كانی دیموكراسی ده‌كه‌ونه ژێر فشاری راسته‌قینه‌وه. ئینتیماكان، گلایهكان و، پێشداوه‌رییه كۆنه‌كان، سه‌رله‌نوێ ده‌رده‌كه‌ون. جۆش و خرۆش و گوڕوتین، به‌ره‌و توندی هه‌ڵده‌كشێن. و دواجار، هه‌موو كاندیداكان، یه‌كێكیان نه‌بێ و، نزیكه‌ی نیوه‌ی ده‌نگده‌ران دڵ‌سارد و دڵشكاو ده‌بن، ئۆمێدهكانیان به‌بادا ده‌چن و، گومانه‌كانیان ده‌بێت.
كاتێ هه‌موو شتێك به‌باشی ده‌چێته پێش ئه‌م شته روو ده‌دات.
شێوازی ده‌ربڕین له وتاره‌كانی دوای هه‌ڵبژاردندا، به‌مانای سارێژكردنی زامه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و زیانانه‌یه كه هه‌ر دوو حزبه‌كه به‌ریان كه‌وتووه. ئه‌وه ته‌نیا كاندیدای شكستخواردووه كه ده‌توانێ شكستی خۆی پشتڕاست بكاته‌وه و، سه‌ركه‌وتنی كه‌سی براوه رابگه‌یه‌نێت، خه‌ڵك بۆ یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی بانگهێشت بكات و، داوا بكات كه پشتگیری له‌و كاندیدایه بكه‌ن، كه بۆ چه‌ندین مانگ ململانێی له‌گه‌ڵدا كردووه. ئه‌م هه‌نگاوه به‌مانای بازدان به‌سه‌ر هیواكان و به‌رزه‌فڕییه كه‌سییه‌كاندا، به بانگهێشت بۆ یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی، گرێدراویی سه‌رله‌نوێ بۆ حزب و، دڵنیابوون له ئایینده‌یه‌كی رۆشنتر بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی دواتر پاساو ده‌كرێت.
هه‌ر به‌و شێوه‌یه بوو كه له ساڵی ٢٠٠٤دا، جۆن كێری له‌باره‌ی "مه‌ترسیی دووبه‌ره‌كی له وڵاتی ئێمه‌دا و پێویستی – ئه‌وپه‌ڕی پێویستی – به یه‌كێتی، بۆ دۆزینه‌وه‌ی وه‌رزێكی هاوبه‌ش و خڕبوونه‌وه له ده‌وری یه‌كتر" قسه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نگره وهفادارهكانیدا كرد. ئاواته‌خوازم ئه‌مڕۆ ره‌وتی كۆتاییهێنان به ناكۆكییه‌كان ده‌ست پێ بكرێت... ئێمه ئێستاكه ده‌بێ له‌به‌رخاتری وڵاتمان هاوكاریی یه‌كتری بكه‌ین. له رۆژانی ئایینده‌دا گه‌ره‌كه به‌دوای ئارمانجێكی هاوبه‌شدا بگه‌ڕێین. و ده‌بێ به‌بێ په‌شیمانی یا تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری، به‌بێ تووڕه‌یی یا دڵڕەنجان، هه‌وڵه‌كانمان یه‌ك بخه‌ین.
چوار ساڵ دوای ئه‌وه، جۆن مهككەین هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ی له قسه‌كانیدا وەبیرهێنایەوە: سیناتۆر ئۆباما و من له كۆمه‌ڵه شتێك‌دا بۆچوونی جیاوازمان هه‌بووه و له‌باره‌یه‌وه قسه‌مان كردووه و، ئه‌و سه‌ركه‌وت... شێلگیرانە داوا له هه‌موو ئه‌و ئهمریكاییانهی كه پشتگیری‌یان كردووم، ده‌كه‌م كه نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ من پیرۆزبایی له‌و بكه‌ن، به‌ڵكوو ئیراده، جددییه‌ت و، هه‌وڵی خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاكانی هاوكاری و ئاشته‌وایی، له‌پێناو زاڵبوون به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كاندا و یارمه‌تیدان به پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانیی وڵات، به‌رگریكردن له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له جیهانێكی پڕمه‌ترسیدا و، به‌جێهێشتنی وڵاتێكی به‌هێزتر و باشتر له‌وه‌ی پێمان گه‌یشتووه، بۆ منداڵان و نه‌وه‌كانمان و بیخه‌نه به‌رده‌ستی سه‌رۆككۆماری ئایینده‌ی وڵات. ناكۆكییه‌كانمان هه‌رچییه‌ك بێت، ئێمه هه‌موومان ئه‌مریكایین".
گواستنه‌وه‌ی هێواش و رێكوپێكی ده‌سه‌ڵات: به‌ره‌نگارییه‌كی جیهانی
نه‌ریتی قبووڵكردنی شكست و داوا بۆ یه‌كێتی و هاوكاری، له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا به نه‌ریتی دێرینی هه‌ڵبژاردنی ركابه‌رانه‌ی ئه‌و، به‌باشی جێی خۆی گرتووه و جێگیر بووه. لێ نه‌ریتێكی ئاوا، به پله‌ی توندتر یا لاوازتره‌وه، له وڵاتانی دیكه‌ی دیموكراتیشدا هه‌یه. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی، له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی ساڵی ٢٠٠٥ی بریتانیاشدا خۆی ده‌رخست. بی بی سی رای گه‌یاند كه مایكڵ هاورد، سه‌ركرده‌ی حزبی پارێزكار (موحافزكار)، به گوتنی ئه‌م ده‌سته‌واژه لێبڕاوانه، شكستی خۆی قبووڵ كرد: گوایه به‌ڕێز بلێر، بووه‌ته براوه‌ی سێیه‌مین خولی سه‌رۆكوه‌زیری بۆ حزبی كرێكار و، من بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه پیرۆزبایی لێ ده‌كه‌م. كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌و به‌ڵێنانه بباته سه‌ر، كه بۆ گه‌ل و وڵات زۆر گرنگن... كاتێ ئه‌و كاره‌ی كرد، پشتگیریی من به‌ده‌ست ده‌هێنێت".
چه‌مكه‌كانی دیموكراسی له وته‌ی سێگۆلن رۆیاڵ-دا، دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماریی ساڵی ٢٠٠٧ی فه‌ڕه‌نسا، روونترن: " هاوڕێیان، هاووڵاتیان... ئه‌نجامی ده‌نگی گشتی راگه‌یه‌نراوه و، هیوام وایه سه‌رۆككۆماری تازه‌ی وڵات به سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی به ئه‌ركی خۆی بهێنێت و، له‌ناخی دڵمه‌وه سوپاسی خۆم ئاراسته‌ی ١٧ ملیۆن كه‌س ده‌كه‌م... من ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆمم خسته گه‌ڕ و، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌وڵه به‌رده‌وام ده‌بم... ده‌مه‌وێ سوپاسی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه بكه‌م، كه خه‌باتیان كرد، وه‌رن با قه‌دری وزه(تاقه‌ت) و شادی بزانین... هه‌ڵبژاردن، دیموكراسیی زیندوو كردۆته‌وه... هه‌ر شتێكمان به‌یه‌كه‌وه ده‌ست پێكردووه، پێكه‌وه به‌ره‌وپێشی ده‌به‌ین".
وتاری دوای هه‌ڵبژاردن له ئه‌مریكای باشوور، ئه‌فریقا، ئاسیا، ئه‌وروپا و ئۆسترالیاشدا پێشكه‌ش ده‌كرێ، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن دابودەستووری فه‌رمی له‌خۆ ده‌گرێ و ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری له ئه‌مریكادا خاوه‌ن ستانده‌ری میدیایی نین. ئه‌م بابه‌ته نه‌مازه له‌و وڵاتانه‌دا راسته كه یا خاوه‌ن حزبی جیاجیان و یا سیسته‌می په‌رله‌مانییان به شێوه‌یه‌كه كه بۆ پێكهێنانی زۆرینه له ده‌وڵه‌تدا، پێویستی به ئیئتیلاف(هاوپه‌یمانی)ی چه‌ند حزبێكه.
ناتوانین گواستنه‌وه‌ی ئارام و رێكوپێكی ده‌سه‌ڵات له حزبێكه‌وه بۆ حزبێكی تر به شتێكی مسۆگه‌ر دابنێین. ئه‌م كاره پێویستیی به پێوه‌ری یاسایی و متمانه‌ی قووڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌زموونی پراكتیكی هه‌یه كه گوزارشت له دادوهرانهبوونی هه‌ڵبژاردن بكات. له دیموكراسییه تازه سهرههڵدراوهكاندا یا ئه‌وانه‌ی له گه‌شه‌كردندان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه به‌ده‌ست دووبه‌ره‌كییه فه‌رهه‌نگییه‌كانه‌وه گیریان خواردووه، نه‌بوونی ئه‌زموون له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا یا متمانهپێنهبوونی، به به‌ره‌نگاری(ته‌حه‌ددا)یه‌كی راسته‌قینه دێته هه‌ژمار.
ئه‌و رژێمانه‌ی كه دوای كۆده‌تا، كۆده‌تای ئاشتیانه یا جگه له‌وه، سه‌قامگیر ده‌بن، له باڵاده‌ستبوون له هه‌ڵبژاردندا به‌دوای هه‌قانیه‌تی دیموكراتیكی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به زه‌بری چه‌ك سه‌ركه‌تنیان وه‌ده‌ست هێنابێت. له حاڵه‌تی وه‌هادا، رێبه‌رانی حزبه‌كان له‌جیاتی ملدان به‌رامبه‌ر شكستی خۆیان، تانه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن و لافی ساخته‌كاری له ژماردنی ده‌نگه‌گان، سانسوور و، ترساندن و توندوتیژی لێ ده‌ده‌ن. ئه‌وان ره‌نگبێ داوا له لایه‌نگرانیان بكه‌ن كه خۆیان راگرن و ململانێ بكه‌ن و خۆیان به‌كوشت بده‌ن. بۆ وڵاتێك كه به‌نیازه دامه‌زراوه‌ی دیموكراتیك بنیات بنێت و جێگیریان بكات، ئه‌و به‌ره‌نگارییه‌ی كه رێبه‌ره ركابه‌ره‌كان به‌ره‌وڕووی ده‌بنه‌وه، قبووڵكردنی شكسته وه‌ك پردێكی سه‌رووتر له ده‌سه‌ڵاتخوازییه تاكه‌كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كان.
رۆڵی نه‌ریتی وتاره‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن، له‌وه زیاتره كه به‌س هۆكاری چاره‌سه‌ر بێت. ئاڵوگۆڕی فه‌رمیی رێزگرتنهكان، ره‌نگه به چه‌ند نیشانه‌یه‌كی به‌جێماو له سه‌رده‌مێكی مەند و كه‌متر به‌رژه‌وه‌ندخوازانه لێك بدرێته‌وه، به‌ڵام راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی تیایدا به‌شدارن، سه‌رله‌نوێ نمایشێكی سیاسیی كلاسیكی ده‌به‌نه سه‌ر شانۆ. دوای ململانێیه‌كی سه‌خت و دژوار، ئه‌م جۆره وتارانه ده‌ربڕ و به‌یانكه‌ری چه‌مكی زۆر ئه‌بستراكت(رووت)ن: " چۆنیه‌تیی كاری دیموكراسی" و " ده‌نگی خه‌ڵك". ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌توندی نه‌یاری یه‌كتری بوونه، ده‌چنه رێزی هاووڵاتیانی دیكه‌وه، سه‌رله‌نوێ یه‌ك ده‌گرنه‌وه و به‌نیسبه‌ت به‌هاكانه‌وه دیسان ده‌روه‌سته ده‌بنه‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌چێته سه‌رووی ركابه‌رییه‌كانی پێشوو.
رێوڕه‌سمی په‌یوه‌ست به ته‌سلیمبوون به‌رامبه‌ر شكست و راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن، كه به شێوه‌یه‌كی گشتگیر له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه په‌خش ده‌كرێت، خاوێنكه‌ره‌وه‌ی قۆناغی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه. به ژماردنی ده‌نگه‌كان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیداره‌وه، په‌یامنێران ئه‌نجامه‌كان له‌سه‌ر ئینتێرنێت شی ده‌كه‌نه‌وه و، له‌باره‌یه‌وه لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن و لێكی ده‌ده‌نه‌وه: دۆڕاوی مسۆگه‌ر كه‌ی وته‌ی دوای هه‌ڵبژاردنی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات؟ ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كاندیدای دۆڕاو ئاهه‌نگه‌كانی شه‌وی سه‌ركه‌وتن بۆ كه‌سی براوه به رێگه‌پێدراو نه‌زانێت؟ و ئایا كاندیدای دۆڕاو تووشی تاڵی و تووڕه‌یی ده‌بێت و یا له ساتی نائۆمێدیدا " به لوتف و خۆشه‌ویستی" ده‌رده‌كه‌وێت؟ ئه‌م رێوڕه‌سمه‌ی شكست، به‌مانای گواستنه‌وه‌ی سیمبولیكی ده‌سه‌ڵاته. ئه‌م وتارانه، به درێژایی كات و له چوارچێوه‌ی ئه‌و میدیایانه‌دا كه خاوه‌ن هێزێكی رووهوزیادبوونن، گۆڕاون بۆ هه‌نگاوه دیموكراتیكه جێگیركراوهكان كه هه‌رچی زیاتر ئێمه شاره‌زای چۆنیه‌تیی چه‌سپاندنی فه‌رمانڕه‌وایی نه‌ته‌وه‌یی و جێگیركردنی سیمبولیكی ئەو ده‌كه‌ن.
تێبینی:
* پۆڵ كۆركۆران، (Paul Corcoran) توێژه‌ری سیاسی و ئه‌مریكایی و مامۆستای یاریده‌ده‌ره له زانكۆی ئادلاید له ئوسترالیا. ئه‌و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت گرنگی به‌و بابه‌تانه ده‌دات كه له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان، له‌وانه ستراتیژییه‌كانی پشتبه‌ستوو به ته‌كنیكی ده‌ربڕین و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی میدیاكان، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و، سیاسه‌ت و هونه‌رن.
سەرچاوە: ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا