له‌ جیاتی پاشمله‌قسه‌كردن، ڕه‌خنه‌ بگرن

21, 09, 2016

نووسەر: ئەنسیە نووش ئابادی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: تەحسین تەها

ده‌روونناسی – زۆر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كان و زۆر له‌ دۆستایه‌تییه‌كان له‌به‌ر پاشمله‌قسه‌كردن له‌نێو ده‌چن، ده‌توانرێ له‌ بری پاشمله‌قسه‌كردن به‌ شێوازێكی دروست ڕه‌خنه‌ بگیرێ.

پاشمله‌قسه‌كردن (غه‌یبه‌ت)

له‌م وتاره‌دا ته‌نیا ڕه‌هه‌ندی ئه‌خلاقیی پاشمله‌قسه‌كردن و كاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌كه‌ی له‌ناو خێزاندا تاووتوێ كراوه‌ و هه‌وڵ دراوه‌ به‌ ئامۆژگاری و فێركردنی ڕه‌خنه‌، ڕێگه‌ له‌ دروستبوونی بواره‌كانی پاشمله‌قسه‌كردن بگیرێت.

زیانه‌كانی پاشمله‌قسه‌كردن له‌ناو خێزان و خزماندا

ئه‌گه‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ پچڕاوه‌كانی ناو خزمان بكۆڵینه‌وه‌ و بگه‌ینه‌ ڕیشه‌كانی، ده‌بینین پاشمله‌قسه‌كردن له‌ بنه‌ڕه‌تیترین كۆڵه‌گه‌كانیه‌تی. له‌ نێو ئێمه‌دا به‌ گشتی هه‌ندێ كێشه‌ هه‌ن كه‌ ده‌توانین به‌ شێوه‌یه‌كی لۆژیكی له‌گه‌لیاندا بجووڵێینه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بیر له‌ چاره‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه‌ یان له‌گه‌ڵیاندا بسازێین. به‌ڵام كاتێ مه‌سه‌له‌ی پاشمله‌قسه‌كردن دێته‌ گۆڕێ، هه‌ست و سۆزی نێگه‌تیڤ له‌ كێشه‌ ئاسایییه‌كانه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و ئیتر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیش مه‌حاڵ ده‌بێت. بۆیه‌ پچڕاندنی په‌یوه‌ندی و ڕه‌شكردنه‌وه‌ و لابردنی خودی مه‌سه‌له‌كه‌‌ تاكه‌ ڕێگه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

پاشمله‌قسه‌كردن دڵی عاتیفیی خێزانیش، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامه‌كانی هه‌موو ڕۆژێ له‌ ده‌وری یه‌كتری كۆ ببنه‌وه‌، بریندار ده‌كات. پاشمله‌قسه‌كردن كه‌ڵێنێكی عاتیفی ده‌خاته‌ نێو ئه‌ندامانی خێزانه‌وه‌ و له‌ جیاتی به‌هێزكردنی هه‌ست و سۆزی دۆستانه‌، تووڕه‌یی و ڕقیان به‌رامبه‌ر یه‌كتری به‌هێز ده‌كات. به‌هۆی پاشمله‌قسه‌كردنه‌وه‌ هه‌ستێكی نێگه‌تیڤ بڵاوه‌ ده‌كات و ڕۆ ده‌چێته‌ نێو دڵی سه‌رجه‌م به‌شداربووانی.

پاشمله‌قسه‌كردن هه‌میشه‌ هه‌ڵگری وزه‌یه‌كی نێگه‌تیڤه‌ و گه‌رچی هه‌ر له‌ هه‌مان ساتدا زیانه‌كانی نیشان نه‌دات، وه‌كو برینێكی شاراوه‌یه‌ كه‌ به‌دڵنیایییه‌وه‌ ڕۆژێك سه‌ر ده‌ردێنێ. له‌ هه‌موویشی گرنگتر، پاشمله‌قسه‌كردن هه‌میشه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری ڕه‌شبینییه‌. چه‌ندی زیاتر له‌ پاشمله‌ قسه‌ بكه‌ین، زیاتر هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌ خراپ ده‌بینین. له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌م متمانه‌مان له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندیدا له‌ كه‌می ده‌دات و هه‌م بوێریمان له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ یه‌كتری.

بۆچی پاشمله‌ قسه‌ ده‌كه‌ین؟

پاشمله‌ قسه‌ ده‌كه‌ین چونكه‌ تووڕه‌ و ڕه‌نجاوین، به‌ڵام نازانین چۆن به‌ شێوازێكی دروست تووڕه‌ییمان نه‌هێڵین. مرۆڤه‌ به‌هێز و هاوسه‌نگه‌كان كاتێ ده‌بینن پێویست به‌ چاكسازی له‌ ئه‌خلاق یا ڕه‌فتاری كه‌سێكدا ده‌كات، ڕه‌خنه‌ ده‌گرن به‌ڵام لاوازه‌كان یا ئه‌وانه‌ی دڵیان نه‌خۆش كه‌وتووه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر پاشمله‌قسه‌كردن و به‌ غه‌یبه‌ت هه‌ست و سۆزه‌ ڕقاوییه‌كانی خۆیان هاوسه‌نگ ده‌كه‌ن.

كه‌سێك پاشمله‌ قسه‌ ده‌كات كه‌ له‌خۆڕا نابینێ له‌ به‌رده‌م كه‌سه‌كه‌دا ڕه‌خنه‌ی لێ بگرێ. بۆیه‌ گه‌رچی بێده‌نگه‌، به‌ڵام ئارام و ڕازی نییه‌ و به‌ پاشمله‌قسه‌كردن هه‌سته‌كانی خۆی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام له‌وێوه‌ كه‌ له‌ كاتی پاشمله‌قسه‌كردندا، ئه‌و كه‌سه‌ی غه‌یبه‌تی ده‌كرێ له‌وێ نییه‌، ده‌توانێ زێده‌ڕۆیی بكات و شك و گومانی خۆیشی بخاته‌ سه‌ر، كه‌واته‌ زۆربه‌ی پاشمله‌قسه‌كردنه‌كان بوختانیان له‌گه‌ڵه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ جاری وایه‌ پاشمله‌قسه‌كردن ده‌بێته‌ خوو و سه‌رگه‌رمییه‌ك. له‌م جۆره‌ خێزانانه‌دا ئه‌ندامانی خێزان به‌ره‌ به‌ره‌، له‌ جادده‌ی هاوسه‌نگی ده‌رده‌چن و به‌ گوته‌ی ده‌روونناسان، كه‌سایه‌تییان ده‌بێته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌كێشه‌ (ئاسته‌م). كه‌سایه‌تییه‌ به‌كێشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كن كه‌ به‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌كیش هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت و چه‌ندی هه‌وڵ بده‌یت به‌ لۆژیكی له‌گه‌ڵیاندا بجووڵێیته‌وه‌، دیسانه‌وه‌ش به‌و به‌هره‌ تایبه‌ته‌ی كه‌ هه‌یانه‌، ڕێگه‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ تا كه‌موكوڕییه‌ك له‌ ڕه‌فتاری ئێوه‌دا ببیننه‌وه‌ و نیازێكی خراپ بده‌نه‌ پاڵ ئێوه‌.

بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ پاشمله‌قسه‌كردن، فێره‌ ڕه‌خنه‌گرتن بن

ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت كه‌سێك بۆ جارێك ببینین وه‌كو هاوسه‌فه‌ر، ڕێبوار و ... باشتر وایه‌ به‌رامبه‌ر به‌دڕه‌فتارییه‌كه‌ی، دان به‌ خۆماندا بگرین و ببوورین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكدا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ بژین، ده‌بێت فێری ڕێگه‌ی دروستی ڕه‌خنه‌گرتن بین.

كاتێ ژیانمان له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی وه‌كو خزمانی هاوسه‌ر، دراوسێ، هاوكار و ...دا وه‌ها لێك ئاڵاوه‌ كه‌ ناچارین به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، ده‌بێ بتوانین په‌یوه‌ندییه‌كی دروست و بنیاتنه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا دابمه‌زرێنین. له‌ په‌یوه‌ندییه‌ بنیاتنه‌ره‌كاندا كێشه‌كان به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌بن. له‌  كاراكته‌ره‌كانی په‌یوه‌ندیی بنیاتنه‌ر، بوونی ئازایه‌تیی ڕه‌خنه‌گرتنه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا.

پاشمله‌قسه‌كردن

ئه‌گه‌ر به‌ جۆرێكن كه‌ هه‌رچی ئه‌وانی تر ئازارتان ده‌ده‌ن بێده‌نگ و له‌ ڕواڵه‌تدا هێمن و له‌سه‌رخۆ ده‌مێننه‌وه‌ و كاردانه‌وه‌یه‌ك نیشان ناده‌ن، حه‌زتان بۆ لای پاشمله‌قسه‌كردن ده‌چێت. چونكه‌ سه‌بر و دانبه‌خۆداگرتنیشتان سنووری هه‌یه‌. به‌ڵام پێویست ناكات كه‌ یان دان به‌ خۆدا بگرن یان به‌ شه‌ڕ بێن. فێر ببن چۆن ڕه‌خنه‌ بگرن.

كاتێ ڕه‌فتارێك به‌رده‌وام ئێوه‌ ده‌ڕه‌نجێنێ، ده‌بێ چاكی بكه‌نه‌وه‌. باشترین ڕێگه‌یشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ لۆژیكی و به‌بێ هه‌بوونی له‌حنێكی دوژمنانه‌ یا زێده‌ڕۆیی له‌ ده‌ربڕینی هه‌سته‌كاندا و ... قسه‌ی خۆتان وه‌كو ڕای خۆتان بخه‌نه‌ ڕوو، به‌م جۆره‌ موئه‌ده‌بانه‌تر دێته‌ پێش چاو.

له‌وانه‌یه‌ له‌ كاتی قسه‌كردندا به‌توندی تووشی كاردانه‌وه‌ی ڕووحی، هه‌یه‌جانی ده‌روونی، ساردبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌كان، ئاره‌قكردنی ناوله‌پ و ته‌وێڵ و ...بن. ده‌بێ به‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌تانه‌دا زاڵ بن و هه‌ڵبه‌ت ئاگاتان لێ بێ له‌حنی تووڕه‌ به‌خۆوه‌ مه‌گرن. كاتێ كه‌ لۆژیكی و موئه‌ده‌بانه‌ (ڕێزدارانه‌) قسه‌ ده‌كه‌ن نیگه‌رانی هیچ شتێك مه‌بن.

تووڕه‌یی یان كاردانه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئیدی گرنگ نییه،‌ چونكه‌ ئێوه‌ هه‌ڵه‌ نین‌. گریمان هه‌ڵه‌ش بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ گفتوگۆدا ڕێز و لۆژیكتان ڕه‌چاو كردووه‌، شێوه‌یه‌كی ناشیرین به‌خۆوه‌ ناگرێت. هه‌ڵبه‌ت گرێنتییه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن به‌رامبه‌ره‌وه‌ پشتگیری بكرێن، به‌ڵام هه‌ر چۆنێ بێ، ئه‌وتان له‌ هه‌ست، شێوازی بیركردنه‌وه‌ و داوه‌ریكردنی خۆتان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ناخۆش زۆر كه‌متر ده‌بێت.

 

سه‌رچاوه‌: tebyan.net

 

Last modified on سێ شەممە, 15 ئایار 2018 10:59
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples