میشێڵ فۆكۆ ١٩٢٦-١٩٨٤
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ته‌حسین ته‌ها
له تاووتوێكردنی سیسته‌مه هزرییه‌كانی ڕۆژاوادا، میتۆدی نه‌ریتی، تا ئێستا به‌م جۆره بووه كه ته‌نیا له دیارده ئه‌رێنی (پۆزه‌تیڤ)ه‌كان بكۆڵدرێته‌وه. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، "لیڤی شترۆس" له كایه‌ی جینۆلۆژیدا گه‌یشته میتۆدێك كه ئه‌م توانایه ڕه‌خسا كه له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و، یان له هه‌ر كه‌لتوورێكدا پێكهاته نه‌رێنی (نێگه‌تیڤ)ه‌كانیش تاووتوێ بكرێن. ئه‌و بۆ نموونه سه‌لماندی: ئه‌گه‌ر سێكسكردن له خێزاندا (زینا له‌گه‌ڵ مه‌حاریم) له چوارچێوه‌ی كه‌لتوورێكدایه، به پشتگیریی مۆدێلێكی به‌هامه‌ندی تایبه‌ته‌وه گرێ‌دراو نییه. چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا ئێمه له‌گه‌ڵ دیمه‌نێكی شه‌تڕه‌نجییانه‌دا كه خانه (چوارگۆشه)ی خۆڵه‌مێشی و شینی كراوه‌ی نادیاریان هه‌یه به‌ره‌وڕووین، كه چۆنێتیی بیركردنه‌وه و كردار و ڕه‌فتاری باوی ئه‌م كایه كه‌لتوورییه ده‌ستنیشان ده‌كات. من ویستم ئه‌م مۆدێله له‌باره‌ی مێژووی سیسته‌مه هزرییه‌كان به‌كار بهێنم. كه‌واته، بۆ من بابه‌ته‌كه ئه‌وه نه‌بووه كه په‌ی به‌و شته ببه‌م كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، یان له كه‌لتوورێكدا ڕێزی لێ ده‌گیرێت و پشتگیری ده‌كرێت. زیاتر له هه‌ر شتێك، ده‌مویست له‌وه بكۆڵمه‌وه كه چ شتێك ناپه‌سه‌ند و ڕه‌تكراوه‌یه. من ته‌نیا سوودم له‌و شێوازی لێكۆڵینه‌وه‌یه وه‌رگرتووه كه له جینۆلۆژیدا قبووڵ كراوه.
شێتی له گشت چاخ و سه‌رده‌مێكدا ڕه‌تكراوه بووه. له‌م په‌نجا ساڵه‌ی دواییدا، له‌و وڵاتانه‌ی كه به پێشكه‌وتوو داده‌نرێن، جینۆلۆژی و ده‌روونپزیشكیی به‌راوردكاری، هه‌وڵ ده‌دات كه لێكۆڵینه‌وه بكات: یه‌كه‌م، ئایا ئه‌و شێتییه‌ی كه له وڵاته‌كانیاندا هه‌یه، واته كێشه ده‌روونییه‌كان، وه‌ك پارانۆیید و دووكه‌سێتیبوون (شیزۆفرێنیا) و... له كۆمه‌ڵگه به‌رایییه‌كانیشدا بوونیان هه‌بووه؟ دووه‌م، ده‌یانه‌وێ له‌وه بكۆڵنه‌وه كه پله و شوێنگه‌ی شێته‌كان له كۆمه‌ڵگه به‌رایییه‌كاندا چۆن بووه و، ئێستاكه له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا چ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا هاتووه؟ ئایا وا نییه كه كۆمه‌ڵگه به‌رایییه‌كان بۆ شێته‌كان ئیعتیباریان دانابوو، كه‌چی له كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێستادا شێته‌كان وه‌لا نراون (پشتگوێ خراون)؟ ئایا قه‌ومناسان (ئیتنۆلۆژیسته‌كان) له سیبیریا و، یان له ئه‌مریكای باكوور، بۆ نموونه، نه‌خۆشی ده‌روونی نین؟ سێیه‌م، ئه‌م توێژه‌رانه له خۆیان پرسیوه كه ئایا هه‌ندێ كۆمه‌ڵگه‌ی دیاریكراو، خۆیان نه‌خۆش بوونه؟ بۆ نموونه Ruth Beenedit دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان، به‌م ئه‌نجامه گه‌یشت كه تاك به تاكی هۆزی سوورپێستی كواكویتڵ نیشانه‌كانی پارانۆییدیان تێدا بینراوه.
ئه‌گه‌ر من ئێستا ڕووم له ئێوه‌یه، حه‌ز ده‌كه‌م شێوازێكی كاركردن هه‌ڵبژێرم كه له‌گه‌ڵ شێوازی كاركردنی خه‌ڵكی تردا ناكۆكه. من سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ تاووتوێی ئه‌وه بكه‌م كه پێگه و پله و پایه‌ی شێته‌كان له كۆمه‌ڵگه به‌رایییه‌كاندا چۆن بووه. دووه‌م، ده‌مه‌وێ له‌وه بكۆڵمه‌وه كه كۆمه‌ڵگه پیشه‌سازییه‌كانی ئێمه به چ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵیان ده‌جووڵێنه‌وه. سێیه‌م، بیر له هۆیه‌كانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ڕوویان دا بكه‌ینه‌وه و، دواجار وه‌كوو ئه‌نجام، بیسه‌لمێنم كه دۆخی شێته‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنی پیشه‌سازیدا، له بنه‌ڕه‌تدا هیچ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.
به‌گشتی، ده‌كرێ كایه‌ی چالاكیی مرۆڤ بۆ چوار بابه‌ت دابه‌ش بكرێ:
له گشت كۆمه‌ڵگه‌كاندا كه‌سانێك هه‌ن كه كرداریان جیاواز و جیایه له یاسا و ڕێسا دیاریكراوه‌كانی نێو ئه‌م چوار بابه‌ته. به‌كورتی، ئه‌مانه كه‌سانێكن كه "په‌راوێزنشین"یان پێ ده‌گوترێ. خۆی له‌نێو مرۆڤه ئاسایییه‌كانیشدا په‌یوه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ كار، به‌گوێره‌ی ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌نیان جیاوازه. له زۆرێك له كۆمه‌ڵگه‌كاندا، سه‌ركرده سیاسییه‌كان و پیاوانی ئایینی كه كاری ئه‌وانی تر كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن و، یاخود به هێزی سه‌رووسروشتی (میتافیزیكی)، نێوبژیكاریانن، خۆیان ڕاسته‌وخۆ كار ناكه‌ن و له پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا به‌شدار نین.
هه‌روه‌ها كه‌سانێك هه‌ن كه وازیان له دووه‌مین كایه، بنیاتنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، هێناوه. ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه، نموونه‌ی ئه‌مانه‌ن. به‌تایبه‌تی له پله و ئاسته‌كانی كه‌نیسه‌ی كاتۆلیكدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌مانه هه‌ن. جگه له‌وه‌یش، ده‌زانین كه له‌نێو سوورپێسته‌كانی ئه‌مریكای باكووردا هاوڕه‌گه‌زبازی و، یان جووتبوون له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا بوونی هه‌یه. ده‌بێ بگوترێ ئه‌مانه هه‌موویان له پڕۆسه‌ی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵوێستی په‌راوێزنشینییان گرتۆته به‌ر.
هه‌روه‌ها له كایه‌ی ئاخاوتن، وشه، گرووپێك هه‌ن كه له نۆرمه‌كان لا ده‌ده‌ن و، ئه‌و وشانه‌ی به‌كاری ده‌هێنن واتا و مانایه‌كی تریان هه‌یه. بۆ نموونه قسه‌ی په‌یامبه‌ران هه‌میشه پڕه له ڕه‌مز و ڕازی سیمبۆلیك كه له‌وانه‌یه ئه‌و ڕاستییه‌ی له‌ناویدا شاردراوه‌ته‌وه، ڕۆژێك ئاشكرا ببێت. ئه‌و وشانه‌ی شاعیران به‌كاری دێنن له بابه‌تی جوانیناسی (ستاتیكا)ن، كه ئه‌وانیش له نۆرمه‌كان لا ده‌ده‌ن.
له هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌سانێك هه‌ن كه له یارییه‌كان و ئاهه‌نگه‌كان ده‌خرێنه په‌راوێزه‌وه، چونكه به مه‌ترسیدار ده‌ستنیشان كراون و، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆیان بوونه‌ته بابه‌تی ئاهه‌نگه‌كان: وه‌كوو "به‌ڵاگێڕه‌وه" (ڕێوڕه‌سمێكی قوربانیكردنه) له‌نێو عیبرییه‌كاندا. زۆربه‌ی جار وا ده‌هاته پێش، كه كه‌سێك ده‌بێته قوربانی، تاكوو باری تاوانی ئه‌وانی تر بگرێته ئه‌ستۆ. له ڕێوڕه‌سمی ده‌ركردنه‌كه‌یدا خه‌ڵك ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا.
له گشت ئه‌م حاڵه‌تانه‌دا، ده‌ركراوان به‌ر یه‌كێك له‌م كایانه ده‌كه‌ون. به‌ڵام حاڵه‌تی وا دێته پێش، كه كه‌سێك له هه‌موو ئه‌م كایانه ده‌رده‌كرێ و، به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج و بارودۆخ، حوكمه ئایینییه‌كان، ڕه‌مز و ڕازه زمانییه‌كان و یاساكانی یاری، دۆخ و چاره‌نووسی شێته‌كه دیاری ده‌كرێت و، یان زۆر ساده، شێته‌كه نه‌خۆشه.
له هۆزێكی به‌راییی ئوستراڵیا بۆ نموونه، شێت بۆ كۆمه‌ڵگه، بوونه‌وه‌رێكی ترسناكه كه هێزێكی سه‌رووسروشتییی هه‌یه. له لای تره‌وه، هه‌ندێ له شێته‌كان ده‌بنه قوربانیی كۆمه‌ڵگه. هه‌ر چۆنێك بێت قسه له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه له چوار كایه‌دا: كار، خێزان، ئاخاوتن و سه‌رگه‌رمی (خۆشی)، شێوازێكی ڕه‌فتار و كرداری جیاوازیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا هه‌یه.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به بابه‌تی كاره‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه كه، یه‌كه‌مین پێوه‌ڕی ده‌ستنیشانكردنی شێتی له ڕۆژگاری ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه كه، بسه‌لمێنرێت كه‌سه‌كه توانای كاركردنی نییه. فرۆید قسه‌یه‌كی به‌جێی كردووه كه شێت (ئه‌و به‌زۆری باس له "زه‌ینپه‌رێش" ده‌كات) كه‌سێكه كه نه ده‌توانێ كار بكات و نه ده‌توانێ خۆشه‌ویستی بنوێنێت. من دواتر دێمه‌وه سه‌ر فرمانی "خۆشویستن". به‌ڵام له‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی فرۆیددا هه‌قیقه‌تێكی مێژووییی قووڵ شاردراوه‌ته‌وه. له ئه‌وروپای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، بوونی شێته‌كان به‌فه‌رمی ناسێنرابوو. شێته‌كان تووشی له‌رزین ده‌بوون، بێئیراده و سست و خۆڕانه‌گر بوون و، خۆیان له ئیش ده‌دزییه‌وه، به‌ڵام ڕێگه‌یان پێ درابوو به‌به‌ره‌ڵڵایی بسووڕێنه‌وه. نزیكه‌ی له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌مه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی كه‌وته سه‌رپێ و، چیتر نه‌توانرا له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره مرۆڤانه‌دا هه‌ڵبكرێت. وه‌كوو په‌رچه‌كردار له به‌رامبه‌ر پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیدا، هه‌م له فه‌ڕه‌نسا و هه‌م له ئینگلته‌را چه‌ند سه‌نته‌رێكی گه‌وره دامه‌زران تا ئه‌مانه كۆ بكه‌نه‌وه. نه‌ك به‌س شێته‌كان، به‌ڵكوو بێكاران، په‌ككه‌وتووان، به‌ساڵاچووان و، سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌یشی كه نه‌یانده‌توانی كار بكه‌ن بۆ ئه‌م سه‌نته‌رانه ده‌گوازرانه‌وه.
به‌پێی ڕای نه‌ریتیی مێژوونووسان، Pinel له كۆتایییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م، واته ڕێك له ساڵی 1793 له فه‌ڕه‌نسا، شێته‌كانی له زنجیر و كۆتوبه‌ند ڕزگار كردوون. تا ڕادده‌یه‌ك هاوكاتی ئه‌مه‌یش، Tuke له ئینگلته‌را كلینیكی ده‌روونیی كردۆته‌وه. وای بۆ ده‌چن كه تا ئه‌م مێژووه، وه‌ك مرۆڤه تاوانباره‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شێته‌كاندا كراوه. به‌ڵام ده‌بێ من ڕوونی بكه‌مه‌وه كه ئه‌م وێناكردنه، نادروسته. یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌ی كه شێته‌كان به‌ر له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا، به تاوانبار هه‌ژمار نه‌ده‌كران. دووه‌م شت، ئه‌مه پێشداوه‌ری و زووبڕیاردانه، كه بگوترێ شێته‌كان له دۆخی پێشوویان ڕزگاریان بووه. دووه‌مین وێناكردن، كه ڕه‌نگه پێشداوه‌رییه‌كی قورس‌تر بێ له یه‌كه‌م وێناكردنه‌كه، ئه‌وه‌یه كه له كۆمه‌ڵگه به‌رایییه‌كاندا، هه‌روه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن، له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و له سه‌ده‌ی بیسته‌م، پله و پایه و پێگه‌ی شێته‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌مان ئه‌و پێگه و پله و پایه‌یه بووه، كه ده‌كرێ به "جیهانگیر" (یونیڤه‌رساڵ) ناو بنرێ. تاكه جیاوازی له‌وه‌دایه كه له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌مه‌وه تاكوو سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، خێزان مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو داوا بكات شێته‌كه له شوێنێكی تر به‌خێو بكرێت. به‌م پێیه، یه‌كه‌مجار خێزان بوو كه شێتی ڕه‌وانه‌ی شێتخانه كرد. له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه ئه‌م مافه به‌ره به‌ره له خێزان سه‌ندرایه‌وه و، درایه ده‌ست پزیشكان. بڕوانامه‌ی پزیشك له‌م ڕووه‌وه زه‌روور بوو و، هه‌ر جۆره به‌رپرسیارێتی و مافی خێزانی (بنه‌ماڵه‌یی)یش له شێت وه‌رده‌گیرایه‌وه؛ ته‌نانه‌ت مافی ڕه‌گه‌زنامه و مافه مه‌ده‌نییه‌كان (هاووڵاتیبوون). ده‌توانین بڵێین كه یاسا له به‌رامبه‌ر پزیشكیدا وه‌ستایه‌وه، تاكوو شێته‌كان هیچ نه‌بێ بتوانن له په‌راوێزدا درێژه به ژیان بده‌ن.
سه‌باره‌ت به حاڵه‌تی دووه‌م، ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به غه‌ریزه‌ی سێكسی و سیسته‌می خێزانییه‌وه هه‌یه، ده‌بێت ئه‌م ڕاستییه (واقعه) بناسینه‌وه: له تاووتوێكردنی به‌ڵگه‌نامه و دیكۆمێنته‌كانی ئه‌وروپا تا سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، وا لێك ده‌درێته‌وه كه كرداری سێكسیی وه‌كوو ده‌سپه‌ڕ، هاوڕه‌گه‌زبازی و جووتبوون له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵان، به نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌ژمار نه‌ده‌كران. له ده‌سپێكی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م به‌دواوه‌یه كه ئه‌م جۆره كرداره سێكسییانه به نائاسایی و هاوواتای شێتی و تێكچوونی ده‌روونیی تاك دانراون كه له‌گه‌ڵ پێوه‌ڕه‌كانی خێزان له كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا وێك نایه‌نه‌وه. له‌و كاته‌وه‌ی كه Beyle ئیفلیجی په‌ره‌سه‌ندووی وه‌سف كرد و، "سیفلیس"ی به هۆكاره‌كه‌ی دایه قه‌ڵه‌م، ئه‌م تیۆرییه كه‌وته سه‌ر پێ كه كرداره سێكسییه نائاسایییه‌كان هۆی سه‌ره‌كیی شێتییه و، دوای ئه‌وه‌ی كه فرۆید "تێكچوونی غه‌ریزه‌ی سێكسی"ی به نیشانه‌ی ڕواڵه‌تییانه‌ی شێتی ده‌ستنیشان كرد، كاریگه‌رییه‌كی هاوشێوه‌ی خسته سه‌ر ئه‌م تیۆرییه.
سێیه‌مین حاڵه‌ت: شێته‌كان له ئه‌وروپا دۆخێكی تایبه‌تیان له په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ "زمان"دا هه‌بووه. له لایه‌كه‌وه وشه‌كانی شێته‌كان به بێ‌نرخ داده‌نران و، له لای تره‌وه به‌ته‌واوی به پشتگوێخراو نه‌ده‌مانه‌وه. هه‌میشه سه‌رنج و بایه‌خێكی تایبه‌تی ده‌درایه وشه‌كانی شێته‌كان.
بۆ نموونه، یه‌كه‌م شت، گوتراوه كه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه تاكوو كۆتایییه‌كانی سه‌رده‌می ڕێنیسانس، له كۆڕ و كۆبوونه‌وه و به‌زموڕه‌زمی خانه‌دانه‌كاندا قه‌شمه‌رجاڕی ده‌رباری (ناو كۆشك) هه‌بوون. ده‌توانین بڵێین كه قه‌شمه‌رجاڕی ده‌ربار، وشه‌كانی شێته‌كانی چه‌سپاندووه. قه‌شمه‌رجاڕ، به‌بێ گوێدانه ئه‌خلاقییات و سیاسه‌ت و ...، له‌ژێر په‌رده‌ی گه‌وجێتیدا، ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌ی كه مرۆڤه ئاسایییه‌كان مافیان نه‌بوو بیهێننه سه‌ر زمان، به شێوه‌ی سیمبۆلیك ده‌ری بڕیون.
با نموونه‌یه‌كی دیكه بهێنینه‌وه. وه‌ها گوتراوه: تا سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م ئه‌ده‌بیات به‌توندی چه‌سپێنرابوو، تا بتوانێت ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه به‌هێز بكات و خه‌ڵك سه‌رگه‌رم بكات. ئێستاكه له چاخی ئێمه‌دا، زمانی ئه‌ده‌بیات خۆی له هه‌موو شتێك ڕزگار كردووه و، به شێوه‌یه‌كی ته‌واو به لای پاشاگه‌ردانیدا شكاوه‌ته‌وه. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه نزیكایه‌تییه‌كی سه‌یر له نێوان ئه‌ده‌بیات و شێتی‌دا هه‌یه. زمانی ئه‌ده‌بیات له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی یاسا و ڕێساكانی زمانی ڕۆژانه‌دا نییه. به‌م پێیه، پێویست ناكات پێڕه‌وی له یاسا و ڕێسای تۆكمه بكات، هه‌رده‌م هه‌قیقه‌ت به‌یان بكات و، ئه‌و كه‌سه‌ی كه شتێك ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌ركی سه‌رشانی بێت كه هه‌میشه ڕاستگۆ بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بیری لێ ده‌كاته‌وه و، یان ئه‌و شته‌ی هه‌ستی پێ ده‌كات. به‌كورتییه‌كه‌ی، به‌پێچه‌وانه‌ی وشه به‌كارهێنراوه‌كان له سیاسه‌ت، یان له زانسته‌كاندا، وشه‌كانی ئه‌ده‌بیات له به‌رامبه‌ر زمانی ئاسایی‌دا هه‌ڵوێستی په‌راوێزی و لابه‌لا وه‌رده‌گرێت.
به درێژاییی ئه‌و سێ قۆناغه‌ی كه له خواره‌وه دێن، زمانی ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپا به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی په‌راوێزنشینیی هه‌ڵبژاردووه:
دواجاریش، ده‌بێ له گۆڕه‌پانی نواندن (ئه‌كته‌ری) له كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیدا، بیر له پێگه‌ی شێت بكه‌ینه‌وه. له شانۆی كلاسیكی ئه‌وروپا- وای بۆ ده‌چم له ژاپۆنیش وابێ- شێت له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه تاكوو سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م ڕۆڵی سه‌ره‌كیی گێڕاوه. شێت، ته‌ماشاچییه‌كانی ده‌خسته پێكه‌نینه‌وه، چه‌نكه ئه‌م، ئه‌و شته‌ی كه ئه‌كته‌رانی تر نه‌یانده‌توانی بیبینن بینیویه‌تی و، گرێی ئیشه‌كه‌ی بۆ كردوونه‌ته‌وه. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه ئه‌و مرۆڤێكه، لێهاتووانه ڕاستی ئاشكرا ده‌كات. له‌م باره‌یه‌وه، "لیرشا"ی شكسپیر نموونه‌یه‌كی باشه. ئه‌و ده‌بێته قوربانیی وێناكردنه شێتانه‌كانی خۆی. له هه‌مان كاتدا، ئه‌و كه‌سێكه كه ڕاستی (هه‌قیقه‌ت) به‌یان ده‌كات. به واتایه‌كی تر، شێت كه‌سێكه كه به ئه‌دا و ئه‌توار و ده‌مه‌لاسكێی خۆی، هه‌قیقه‌تێك به‌یان ده‌كات كه ئه‌كته‌ره‌كانی دیكه و ته‌ماشاچییه‌كان، بێخه‌به‌رن لێی. ئه‌و كه‌سێكه له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌قیقه‌ت ئاشكرا ده‌بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش، له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست گه‌رچی فیستیڤاڵ و ئاهه‌نگی جۆراوجۆر هه‌بوونه، به‌ڵام له‌م ئاهه‌نگانه، ئاهه‌نگێكیان نائایینی بووه. ئه‌م ئاهه‌نگه، "ئاهه‌نگی شێته‌كان"ی پێ ده‌گوترا. له‌م ئاهه‌نگه‌دا ڕۆڵه نه‌ریتییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌واو به‌راوه‌ژوو ده‌گێڕدران: هه‌ژاری، ڕۆڵی ده‌وڵه‌مه‌ندیی ده‌بینی و، ژێرده‌ستی ڕۆڵی باڵاده‌ستیی ده‌گێڕا. ڕۆڵی ژن و پیاو لێك ده‌گۆڕدرانه‌وه و، یاساغكراوه سێكسییه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنرانه‌وه. له‌م ئاهه‌نگه‌دا، خه‌ڵكی ئاسایی هه‌قیان هه‌بوو چی‌یان ویستبا، به ئوسقۆف و سه‌رۆكی شاره‌وانیی بیڵێن. به‌گشتی قسه‌كانیان سووكایه‌تیئامێز بوو...به‌كورتی، له‌م ئاهه‌نگه‌دا سه‌رجه‌م دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تی، زمانی و خێزانییه‌كان وه‌لاوه ده‌نران و ده‌خرانه ژێر پرسیاره‌وه. له كه‌نیسه پیاوێكی ئاسایی له جیاتی قه‌شه، ڕێوڕه‌سمی "شێوی خوایی (عشاء ربانی)"ی به‌جێ ده‌هێنا و، پاشان وڵاخێكیان ده‌هێنایه ناو كه‌نیسه‌وه و، به زه‌ڕینی، ڕێوڕه‌سمی ئایینی گاڵته‌ی پێ ده‌كرا.
له ڕۆژگاری ئێمه‌دا، مانای سیاسی- ئایینیی ئاهه‌نگه‌كان له‌نێو چووه و، له بری ئه‌وه، خه‌ڵك په‌نا ده‌به‌نه به‌ر خواردنه‌وه و مادده هۆشبه‌ره‌كان تاكوو له دژی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌نگ هه‌ڵبڕن. له بنه‌ڕه‌تدا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه لاساییكردنه‌وه‌ی شێتییه و، ده‌كرێ وه‌ك هه‌وڵێك به مه‌به‌ستی ئاگرتێبه‌ردانی كۆمه‌ڵگه دابنرێت. به‌دڵنیایییه‌وه من پێكهاته‌گه‌را (Strukturalist) نیم. پێكهاته‌گه‌رایی، ته‌نیا شێوه‌یه‌كی دیاریكراوه له وردكردنه‌وه و شیكردنه‌وه. بۆ نموونه چۆنێتیی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه شێته‌كان تێیدا ژیاون و، ئه‌م هه‌لومه‌رجه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه تاكوو ئێستا، گۆڕاوه؟ چ هه‌لومه‌رجێك بۆ ئه‌م گۆڕانكارییه، زه‌رووری بوونه؟ من ته‌نیا میتۆدی پێكهاته‌گه‌رایی به‌كار ده‌هێنم تاكوو هه‌موو ئه‌مانه ورد و شی بكه‌مه‌وه. له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و له چاخی ڕێنیسانس، شێته‌كان ئه‌م مافه‌یان پێ ده‌درا كه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ببه‌نه سه‌ر. وه‌ك گوته‌نی "گێڵی لادێ" هاوسه‌رگیریی نه‌ده‌كرد و، له سه‌رگه‌رمییه‌كاندا به‌شدار نه‌ده‌بوو. خه‌ڵكانی تر خه‌رجیی ژیانی ئه‌ویان دابین ده‌كرد و یار و یاوه‌ری بوون. ئه‌و له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر كۆچی ده‌كرد. هه‌ندێ جار ده‌چووه پاڵ سه‌ربازه‌كانه‌وه و، ده‌بووه ده‌ستفرۆشی گه‌ڕۆك. به‌ڵام كاتێ كه ده‌له‌رزییه‌وه، یان مه‌ترسیدار ده‌بوو، ئه‌وانی تر خانوویه‌كیان له ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ ده‌كرد و، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی له‌وێ ڕایان ده‌گرت. كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان هێشتاكه‌یش به‌رگه‌ی بوونی شێته‌كان ده‌گرن.
كۆمه‌ڵگه ئه‌وروپییه‌كان له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌یه‌م، تاقه‌تی شێته‌كانیان نه‌بوو. هۆیه‌كه‌ی، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كرا، ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی شێوه‌ی ده‌گرت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌م به‌وه كرد كه له ساڵانی 1650 تاكوو 1750 له شاره‌كانی وه‌ك هامبۆرگ، لیۆن و پاریس كۆمه‌ڵه سه‌نته‌رێك دامه‌زران كه نه‌ك ته‌نیا شێته‌كان، به‌ڵكوو به‌ساڵاچووان، نه‌خۆشان، بێكاران، ده‌ربه‌ده‌ر و به‌ڵڵاكان و سۆزانییه‌كانی تێدا كۆ ده‌كرانه‌وه. واته هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌ودیو سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گوزه‌رانیان ده‌كرد. كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیی سه‌رمایه‌داری، تاقه‌تی بوونی گرووپه به‌ره‌ڵڵاكانی نه‌بوو. له دانیشتووانه نیو ملیۆنییه‌كه‌ی كه له‌و كاته‌دا له پاریس ده‌ژیان، شه‌ش هه‌زار كه‌س له كه‌مپه‌كاندا ڕاده‌گیران. له‌م سه‌نته‌رانه‌دا، ئامانج چاره‌سه‌ركردن نه‌بوو. ده‌بووایه هه‌مووان كار بكه‌ن. له ساڵی 1663، پۆلیسی پاریس ڕێك خرایه‌وه. ئه‌وكات، سه‌فحه‌یه‌كی شه‌تڕه‌نجییانه به خانه‌ی جیاوازه‌وه بۆ فۆرمۆله‌كردنی كۆمه‌ڵگه دیزاین كرا. پۆلیس به‌رده‌وام به‌ره‌ڵڵاكانی ده‌خسته ژێر چاودێرییه‌وه.
ته‌نزه‌كه له‌وه‌دایه كه له بنكه ته‌ندروستییه‌كانی ده‌روونپزیشكیی مۆدێرندا، زۆربه‌ی جار، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كان له ڕێگه‌ی كاره‌وه ئه‌نجام ده‌درێ. ئه‌و لۆژیكه‌ی كه بنه‌مای ئه‌م شێوازی چاره‌سه‌ركردنه‌ی له‌سه‌ر بنیات نراوه، ڕوون و ئاشكرایه. كاتێ كه بێتوانایی له كاركردندا پێوه‌ڕ و پێوانه‌ی شێتی بێت، ئه‌وه‌نده به‌سه كه له بنكه‌ی ته‌ندروستیدا فێره كاركردن بكرێن تاكوو شێته‌كه چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت.
كه‌واته ئێستا بۆچی شوێنی ڕاگرتن و چاودێریكردنی شێته‌كان له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مه‌وه تاكوو سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م گۆڕاوه؟ ده‌گوترێ كه Pinel له ساڵی 1793 ئه‌وانی ئازاد كردووه. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و ئازادی كردن، په‌ككه‌وته‌كان، به‌ساڵاچووان، به‌ره‌ڵڵاكان و سۆزانییه‌كان بوون. ئه‌و، شێته‌كانی هه‌ر له كه‌مپه‌كاندا ڕاگرت. ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌دا هه‌نگاوێكی وه‌ها هاوێژرا، به‌س به هۆی ئه‌وه بوو كه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا ڕیتمی گه‌شه‌ی پیشه‌سازی، زیاتر وه‌په‌له كه‌وت و ئاپۆڕه‌ی بێكاری پرۆلیتاریا- وه‌ك سوپای یه‌ده‌گی هێزی كار داده‌ندرا كه ئه‌مه خۆی یه‌كه‌مین پڕه‌نسیپی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بوو. له‌م ڕووه‌وه، ئه‌و كه‌سانه‌ی توانای كاركردنیان هه‌بوو به‌ڵام كاریان نه‌ده‌كرد، له كه‌مپه‌كان ئیزن دران. هه‌ڵبه‌ت له‌م حاڵه‌ته‌یشدا دووه‌مین پڕۆسه‌ی ده‌سته‌بژێركردن ڕووی دا: نه‌ك ئه‌وانه‌ی نه‌یانده‌ویست كار بكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وانه‌ی توانای كاركردنیان نه‌بوو، واته شێته‌كان، له كه‌مپه‌كاندا مانه‌وه و، به نه‌خۆشگه‌لێك هه‌ژمار كران كه هۆی تێكچوونیان كه‌سێتی، یان ده‌روونی بوو. له‌م ڕووه‌وه، ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی كه تا ئه‌وكات به‌ندیخانه بوون، ناویان لێ نرا شێتخانه، یان بنكه‌ی ته‌ندروستی. دامه‌زراندنی ئه‌م كلینیكانه له ئه‌نجامی هۆكاره‌كانی خواره‌وه بوو:
من نامه‌وێ ده‌روونپزیشكی ڕه‌ت بكه‌مه‌وه به‌ڵام چاره‌سه‌ركردنی شێته‌كان به داوده‌رمان، دواتر ده‌ركه‌وت. له‌و باوه‌ڕه‌یشدا نیم كه ئه‌نجامه وه‌ده‌ستهاتووه‌كان كاریگه‌رییه‌كی قووڵی له‌سه‌ر دۆخی شێته‌كان هه‌بووبێت. جگه له‌وه، بره‌وسه‌ندنی چاره‌سه‌ری داوده‌رمان، هه‌روه‌ك گوتم له بنه‌ڕه‌تدا هۆی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بووه: شێتی و نه‌خۆشیی ده‌روونی به هاوواتا دانران و، زاراوه‌یه‌ك به ناوی "نه‌خۆشیی ده‌روونی" دۆزرایه‌وه و به‌كار هێنرا. كلینیكی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان، وه‌ك هاووێنه و هاوتای كلینیكه‌كانی نه‌خۆشییه جه‌سته‌یییه‌كان هاتنه دامه‌زراندن. ده‌توانم بڵێم، شێتی یه‌كێكه له فۆرمه سیمبۆلیكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری. من هه‌روه‌ها له‌و بڕوایه‌دام كه پێگه‌ی شێته‌كان له كۆمه‌ڵگه به‌رایییه‌كان و كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كاندا له بنه‌ڕه‌تدا جیاوازییه‌كی نه‌كردووه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌نیا به‌راییبوونی كۆمه‌ڵگه‌كانمان ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، ده‌مویست ئه‌و زیانانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا به‌ر كۆمه‌ڵگه‌كانمان كه‌وتوون، ده‌ربخه‌م. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می ئێمه‌دا دۆخی شێته‌كان تۆزێك باشتر بووه، له‌به‌ر ده‌ركه‌وتنی ده‌روونشیكاری و داوده‌رمانی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانه. به‌ڵام ئه‌م دۆخه، هێشتا ده‌سپێكی كاره‌كه‌یه. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هێشتایش شێته‌كان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌م پرسیاره‌ی كه ئه‌وه‌ی گوتم، ته‌نیا كۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌دارییه‌كان ده‌گرێته‌وه و، له كۆمه‌ڵگه سۆسیالیستییه‌كاندا چ باسه، زانیارییه سۆسیۆلۆژییه‌كانم له‌م باره‌یه‌وه به‌شی ئه‌وه ناكه‌ن كه داوه‌ری بكه‌م.
سه‌رچاوه:
ترجمهی محمد ربوبی، بازنگری غلام‌حسین نظری
برگرفته ازمجلهی ادبی Sinn und Form شمارۀ ۵، سپتامبر ـ اکتبر ۱۹۹۸، آکادمی هنرها، برلین .
http://www.neveshtar.de/fuko.htm