چاكسازیی ئایینیی مارتین لۆته‌ر و ته‌وه‌زه‌ڵیی سه‌رپه‌رشتیارانی ئایین

05, 05, 2017

عه‌لیڕه‌زا مه‌ناف زاده‌

وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: ته‌حسین ته‌ها

لۆته‌ر ده‌یگوت: "ته‌نیا خوایه‌ كه‌ له‌ گوناهی ته‌وبه‌كارانی ڕاستگۆ و یه‌كڕه‌نگ خۆش ده‌بێت. كه‌نیسه‌ له‌م نێوه‌دا هیچكاره‌یه‌. قه‌شه‌كان، كاریان بووه‌ته‌ ئه‌وه‌ كه‌ دیارییه‌ خوایییه‌كان به‌ مه‌سیحییه‌كان بفرۆشنه‌وه‌." له‌ سه‌رده‌می لۆته‌ر، ئه‌هلی كه‌نیسه‌ سوودیان له‌ ساویلكه‌ییی خه‌ڵك وه‌رده‌گرت و داوایان لێ ده‌كردن كه‌ به‌ پاره‌دان به‌ سندووقی لێخۆشبوونی گوناهان، بۆ خۆیان و مردووه‌كانیان داوای لێخۆشبوون بكه‌ن. لۆته‌ر باوه‌ڕ به‌ خوای، كرده‌ بابه‌تێكی ویژدانی و تاكه‌كه‌سی.

دووشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو، سه‌ره‌تای مانگی نۆڤێمبه‌ر، پاپا فڕانسوا، ڕێبه‌ری كاتۆلیكه‌كانی جیهان، به‌ یاوه‌ریی ئانتی جاكلین، ئوسقۆفی گه‌وره‌ی كه‌نیسه‌ی سوید، ڕێوڕه‌سمی ڕێزنان له‌ چاكسازیی ئایینیی "مارتین لۆته‌ر"ی، كه‌ به‌ر له‌ پێنج سه‌د ساڵ له‌ باكووری ئه‌ڵمانیا كه‌وته‌ سه‌ر پێ و، پێكهاتنی قوتابخانه‌ی پڕۆتستانتی لێ كه‌وته‌وه‌، له‌ كه‌نیسه‌ی گه‌وره‌ی شاری لووند له‌ سوید، كرده‌وه‌. ئه‌م ڕێزلێنانه‌ كه‌ ساڵێكی خایاند، له‌ هه‌مان ڕۆژ له‌ چه‌ندین وڵاتی دیكه‌ی ڕۆژاوایی، له‌وانه‌ ئه‌ڵمانیایش ده‌ستی پێ كرد. ڕێبه‌ری كاتۆلیكه‌كانی جیهان له‌ ڕێوڕه‌سمی شاری لووند گوتی: "ده‌بێت به‌ سۆز و ڕاستگۆیییه‌وه‌ له‌ ڕابردووی خۆمان بڕوانین، هه‌ڵه‌كانمان قبووڵ بكه‌ین و دواتر داوای لێبووردن بكه‌ین." ئه‌وجا گوتی: "بزاڤی چاكسازیی ئایین، پشكی هه‌بوو  له‌وه‌ی كه‌ كتێبی پیرۆز گرنگییه‌كی شایسته‌ی له‌ ژیانی كه‌نیسه‌دا هه‌بێ و، ئێمه‌ سوپاسگوزاری ئه‌وین." ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ كه‌نیسه‌ی كاتۆلیك به‌و تۆنه‌وه‌ ده‌ستی دۆستی و برایه‌تی بۆ پرۆتستانته‌كان درێژ ده‌كات. بزاڤی چاكسازیی ئایین،  چ گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی له‌ بیروباوه‌ڕه‌كانی مه‌سیحیدا دروست كرد؟

ئه‌م بزاڤه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی شازده‌یه‌می زایینی، كه‌وته‌ سه‌ر ڕێ. به‌ڵام پێویستی به‌ چاكسازیی كه‌نیسه‌، له‌ كۆتاییی سه‌ده‌ی ده‌یه‌م له‌نێو ئه‌هلی كه‌نیسه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ جیهانی مه‌سیحییه‌تدا، هه‌ستی پێ ده‌كرا. پێش لۆته‌ر له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، هه‌ندێ چاكسازیخواز له‌ ده‌زگه‌ی كه‌نیسه‌ چه‌ند هه‌وڵێكیان دابوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجیان باشتركردنی سیسته‌می كه‌نیسه‌ بوو و نه‌ك گۆڕینی ستراكچه‌ره‌كه‌ی، نه‌یانتوانیبوو له‌ بنه‌ڕه‌تی سیسته‌می كه‌نیسه‌ییدا گۆڕانێك به‌دی بهێنن. چاكسازییه‌كانیان سه‌رنجی خستبووه‌ سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌هلی كه‌نیسه‌ و گه‌نده‌ڵیی دارایی و ئه‌خلاقیی قه‌شه‌كان و، نه‌ك بونیادی زنجیره‌پله‌كانیان و، له‌ هه‌موویشی گرنگتر، پره‌نسیپه ئیمانییه‌كان و ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كانی مه‌سیحییه‌ت.

ئه‌و بزاڤه‌ی كه‌ ده‌بوایه‌ چاكسازیی ڕیشه‌یی له‌ ئایینی مه‌سیحییه‌تی لێ بكه‌وێته‌وه‌، له‌ ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی شازده‌یه‌م له‌ شارێكی بچووكی دوو هه‌زار كه‌سییه‌وه‌ به‌ ناوی ویتنبێرگ له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ستی پێ كرد. ده‌سپێكه‌ر و په‌ره‌پێده‌ره‌كه‌ی، مارتین لۆته‌ر، "كه‌لامزان"ی ئه‌ڵمانی بوو. ئه‌و له‌ ساڵی 1483 له‌ شاری ئایسلێبێن چاوی به‌ دنیا هه‌ڵێنا. باوكی له‌ مانسفێڵد كرێكاری كانزا بوو و، لۆته‌ر له‌و شاره‌دا تا ساڵی 1497 له‌ قوتابخانه‌یه‌كی ئاساییدا ده‌یخوێند. پاشان ساڵێك له‌ ماگدبۆرگ و دوو ساڵ له‌ ئایزناخ خوێندی. له‌ ساڵی 1501 چووه‌ زانكۆی ئێرفورت و، له‌ ساڵی 1505 له‌و زانكۆیه‌ پله‌ی "ئوستادیی فه‌لسه‌فه‌"ی وه‌رگرت. پاشان له‌سه‌ر داوای باوكی، له‌ كۆلێژی ماف خۆی ناونووس كرد. به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێك دوای ئه‌وه‌، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ سه‌ردانێك له‌ مانسفێڵد، زۆری نه‌مابوو هه‌وره‌تریشقه‌یه‌ك گیان له‌ جه‌سته‌ی جیا بكاته‌وه‌. لۆته‌ر لای خۆی په‌یمانی دا، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ مه‌ترسییه‌كه‌ ڕزگاری بێت جلی قه‌شه‌كان بپۆشێ. له‌ 17ی جولای 1505، وێڕای ئه‌وه‌ی باوكی پێی ناخۆش ‌بوو، گه‌یشته‌وه‌ ڕاهیبه‌ ئاگۆستینییه‌كانی ئێرفورت.

لۆته‌ر له‌ پێنج ساڵی خولی ڕاهیبییه‌كه‌یدا، داڕووخانی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی مه‌سیحی و هه‌ژاریی سه‌رچاوه‌كانی فێركردنی ئایینیی له‌ نزیكه‌وه‌ بینی. له‌ ڕۆما، كه‌ گه‌نده‌ڵیی ئه‌خلاقیی زاڵ به‌سه‌ر سیسته‌می كه‌نیسه‌ی بینی، تووشی شۆك بوو. له‌و پێنج ساڵه‌دا به‌ چاوی خۆی بینیی كه‌ چۆن تیۆلۆژی (خواناسی)ی مه‌سیحی، ئیمانی مرۆڤی بۆ سیسته‌مێك له‌ كار و كرده‌وه‌ی بێهووده‌ و بێكه‌ڵك و بێڕۆح دابه‌زاندووه‌ و، به‌ بینینی گه‌نده‌ڵیی داراییی قه‌شه‌كان له‌ ڕۆما، گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ كه‌نیسه‌ی كاتۆلیك به‌رجه‌سته‌كه‌ری داڕووخانێكه‌ كه‌ سه‌تاپای مه‌سیحییه‌تی گرتۆته‌وه‌. چوار هه‌فته‌ زیاتر له‌ ڕۆما نه‌مایه‌وه‌. یه‌كه‌م جار سه‌رێكی له‌ ئێرفورت دا، دوای ئه‌وه‌ له‌ ساڵی 1511 چووه‌ ویتنبێرگ و چه‌ند مانگێك دواتر، بووه‌ یاریده‌ده‌ری شێخی "دێر/په‌رستگه‌"ی ئاگۆستینییه‌كان. له‌و كاته‌وه‌ی پێی نایه‌ نێو دێره‌وه‌، پرسی "ڕزگاربوون" مێشكی داگیر كرد. حه‌زی بێزاری له‌ خوا و كفریكردن، له‌ دڵیدا په‌روه‌رده‌ ده‌بوو. چه‌ند ساڵێكی پێ چوو، تا له‌ زه‌ینی ئه‌ودا خوای به‌هێز (قهار) ببێته‌ خوای باوك، كه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كه‌ی بۆ منداڵه‌كانی بگوازێته‌وه‌.

دوای هێنان و بردنێكی دوورودرێژ، دواجار گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ مه‌رجی ڕزگاربوون، عیباده‌ت (په‌رستن)، زیاره‌ت و نوێژ و نزا و پاڕانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكوو ئیمانه‌ به‌ باوك، كه‌ له‌ وجوودی مه‌سیحدا وێنا بووه‌ تا مرۆڤه‌كان ڕزگار بكات. ئه‌م ئیمانه‌ "نیعمه‌تی خۆڕاییی خواوه‌ند"ه‌. ئیمانداری مه‌سیحی، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ چواردیواریی ژووره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ خوای خۆی و كه‌لامه‌كه‌یدا خه‌ڵوه‌ت ده‌كات و، نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر قه‌شه‌دا چۆك دابدات و دان به‌ گوناهه‌كانیدا بنێت، یان لێخۆشبوونی گوناهه‌كانی دایك و باوكی كۆچكردووی به‌ پاره‌ بكڕێت.

ئه‌مه‌ پره‌نسیپی سه‌ره‌كیی ئیمانی پرۆتستانتی بوو، كه‌ لۆته‌ر دواتر ڕازاندییه‌وه‌ و پێی گه‌یاند. خواوه‌ند له‌ دووتوێی كتێبی پیرۆز و ویژدانی مرۆڤه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌نده‌كانیدا ده‌دوێ، نه‌ك له‌ ڕێگه‌ی كه‌نیسه‌ و ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كانییه‌وه‌.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا، داوای لێخۆشبوون و به‌ده‌ستهێنانی به‌ پاره‌، ببووه‌ ڕێبازێكی جێكه‌وتوو له‌ نه‌ریتی كه‌نیسه‌دا. له‌م بواره‌دا لۆته‌ر چه‌ندان جار هۆشداریی دابووه‌ ڕێبه‌رانی كه‌نیسه‌. به‌ڵام كاتێ كه‌ خوێندكارانی "زانكۆی ویتنبێرگ"ی بینی كه‌ پۆل پۆل له‌ سنووره‌كانی "زاكسن"ه‌وه‌ تێ ده‌په‌ڕن و له‌ ماگدبۆرگ لێخۆشبوونی گوناهه‌كانیان ده‌كڕن و به‌دڵخۆشی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، 95 "تێز"ه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی له‌باره‌ی لێخۆشبوونی گوناهانه‌وه‌ نووسی و، له‌ 31ی ئۆكتۆبه‌ری 1517دا به‌ كه‌نیسه‌ی ویتنبێرگه‌وه‌ هه‌ڵواسی. له‌و 95 تێزه‌دا لۆته‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد كه‌ تیۆرییه‌كی نوێی هێناوه‌، به‌ڵكوو ده‌یویست ڕێنمایییه‌كانی كه‌نیسه‌ وه‌بیر بهێنێته‌وه‌. به‌بێ خواستی ئه‌و، تێزه‌كانیان هه‌ڵگرت‌ و چاپیان كرد و بڵاویان كرده‌وه‌. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رفراوانی ئه‌و تێزانه‌ له‌نێو خه‌ڵكدا و پاشان له‌ كۆڕوكۆبوونه‌وه‌ی ئایینیدا، په‌رچه‌كرداری توندی به‌دوای خۆیدا هێنا. پاپا به‌فه‌رمی داوای له‌ شێخی دێری ئاگۆستینییه‌كان كرد كه‌ لۆته‌ر ناچار به‌ ته‌وبه‌ بكات. به‌ڵام لۆته‌ر له‌ باوه‌ڕه‌كانی پاشگه‌ز نه‌بووه‌وه‌. ده‌ره‌نجام ئه‌ویان به‌ ئیلحاد و سووكایه‌تیكردن به‌ فه‌خامه‌تی پاپا تۆمه‌تبار كرد.

له‌و باسوخواسانه‌دا كه‌ هاتنه‌ گۆڕێ، لۆته‌ر سه‌ره‌تا ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی خسته‌ ڕوو، كه‌ كه‌نیسه‌ هیچ پێویستییه‌كی به‌ سه‌روه‌ری ئه‌م دنیایه‌ نییه‌، چونكه‌ مه‌سیح وه‌بان سه‌رییه‌تی. پاشان ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ تاكه‌ مه‌رجه‌عییه‌تی مه‌سیحییه‌كان، مه‌رجه‌عییه‌تی كتێی پیرۆزه‌ و پاپایش ده‌بێ ملی بۆ كه‌چ بكات. وه‌ها بوو كه‌ ویتنبێرگ، بوو به‌ قه‌ڵای بزاڤی چاكسازیی ئایین و، هێنده‌ی پێ نه‌چوو كه‌ كۆمه‌ڵێك ناوه‌ندی دیكه‌یش له‌ چه‌ند شارێكی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا بۆ لایه‌نگریكردن له‌ هزره‌كانی لۆته‌ر دامه‌زران. گه‌ڵاڵه‌ی سه‌ره‌كیی بیروباوه‌ڕ و شێوازی كاری پرۆتستانتی، لۆته‌ر و هاوكاره‌كانی له‌ ساڵانی نێوان 1520 و 1530دا دایان ڕشت.‌

لۆته‌ر وه‌ڵامی كه‌م تا زۆر نوێی چوار پرسیاری سه‌ره‌كیی دایه‌وه‌، كه‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌ جیهانی مه‌سیحییه‌تدا له‌ ئارادا بوون. له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا كه‌ ڕێگه‌ی ڕزگاربوون چییه‌، گوتی‌: چاكه‌كارییه‌ ئاسایییه‌كان نا، به‌ڵكوو ئیمانی پاك و بێگه‌رد به‌ خوا. به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسیاره‌ی كه‌ له‌ كوێ بۆ مه‌رجه‌عییه‌تی ئایینی بگه‌ڕێن‌، گوتی: له‌ كه‌لامی خوادا، كه‌ له ناخی‌ كتێبی پیرۆزدایه‌. له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا كه‌ كه‌نیسه‌ چییه‌، گوتی: سه‌رجه‌م ئوممه‌تی ئیماندارانی مه‌سیحی. به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسیاره‌یش كه‌ گه‌هه‌ری ژیانی مه‌سیحییانه‌ چییه‌، ڕای گه‌یاند: په‌رستنی خوا، له‌ ڕێگه‌ی به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌وه‌. فه‌رق ناكا كه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ كه‌نیسه‌یی بێت، یان دنیایی. چونكه‌ له‌ چاوی خواوه‌نده‌وه‌ هه‌ر كارێكی سوودبه‌خش، پیرۆزه‌.

به‌م پێیه‌، لۆته‌ر به‌ هه‌ڵگرتنی كۆتوبه‌ندی كه‌نیسه‌ له‌سه‌ر ملی ئیمانداری مه‌سیحییه‌وه‌‌، بووه‌ هۆی گۆڕانكارییه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ر، كه‌ خۆی زه‌مینه‌ی بۆ بزۆزی و دینامیكییه‌تی شارستانییه‌تی ئه‌وروپی ڕه‌خساند.

سەرچاوە:

http://fa.rfi.fr

 

Last modified on سێ شەممە, 15 ئایار 2018 11:06
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples