حەنا عیسا |
خاسییەت و پێکهاتە و سوودەکانى ڕۆشنبیرى
حەنا عیسا، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح لەم سەردەمەدا ڕۆشنبیرى بە ماناى بەرەوپێشچوونى تاک و کۆمەڵ دێت لە ڕووى بیرکردنەوە و ئەدەب و لایەنى کۆمەڵایەتى و گشت لایەنە جیاوازەکانى ژیانەوە. ڕۆشنبیرى، تەنیا کۆمەڵێک بیرۆکە نییە، بەڵکوو بیردۆزێکە ڕەوشتى مرۆڤ دیاری دەکات و یارمەتیی دەدات بۆ وێناکردنى کۆى ڕێگەکانى ژیانى. ئەم وێناکردنەیش زۆر جار شێوەى کۆمەڵگە بەگشتى پێشان دەدات و دەبێتە خاڵى جیاکەرەوەى نەتەوەیەک، جا لە هەر ڕوویەکەوە بێت: بیروباوەڕ، زمان، بەها ڕەوشتییەکان، پرەنسیپەکان، ڕەوشت، پیرۆزییەکان و یاسا، یان ئەزموونى ئەو گەلە. بە شێوەیەکى گشتى، ڕۆشنبیرى وەکوو کەشتییەک وایە کە پێویستە زانیارى و بیروباوەڕ و هونەر و ڕەوشت و داب و نەریت و یاساکان لەخۆ بگرێت. ڕۆشنبیرى، بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسا و بیروباوەڕ و بەها، کە تاکەکانى کۆمەڵگە پەیڕەوى دەکەن. بەمەیش ڕۆشنبیرى دەبێتە ئەو هێز و دەسەڵاتەى کە ئاراستەى کۆمەڵگە دەکرێت و، ئاستى ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە کاریگەریى دەبێت لەسەر خەیاڵکردنى تاکەکان و بیرکردنەوەیان بەرامبەر بە خۆیان و جیهان، تا دەگاتە ئەو ئاستەى کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەوەى کە چییان خۆش بوێت و ڕقیان لە چى بێت؛ تەنانەت کاریگەریى دەبێت لەسەر حەز و ئارەزوویان بۆ ئەو خۆراکانەى کە دەیخۆن، ئەو جلوبەرگانەى دەیپۆشن و شێوازى قسەکردنیان و ئەو یارییە وەرزشییانەى دەیکەن و سەرسامییان بەو پاڵەوانە مێژوویییانەى کە لە ویژدانى ئەواندا نامرن؛ هەروەها بە پیرۆزڕاگرتنى کۆمەڵێک هێما و نیشانە بۆ دەرخستن و پێشاندانى خۆیان بە جیهانى دەرەوە. دەکرێ وشەى ڕۆشنبیرى بۆ ئەم سێ مانا سەرەکییەى خوارەوە بەکار بهێندرێت: - بۆ ئەو چێژە جیاوازەى هونەرە جوانەکان و زانستە مرۆڤییەکان دەیبەخشن بە مرۆڤ، کە هەندێک جار بە ''ڕۆشنبیرییە ئاستبەرزەکان'' ناو دەبرێت. ــ بۆ شێوازى ناسینەوەى مرۆڤ و ئەو ڕێگهیانەى پشتیان پێ دەبەسترێت؛ هەروەها بۆ بیروباوەڕ و زانستە کۆمەڵایەتییەکان. ــ بۆ کۆمەڵێک ئاراستەى هاوبەش؛ واتە ئەو ئامانج و بەها و چالاکییانەى کە دامەزراوەیەک، یان ڕێکخراوێک لەوانى تر جیا دەکاتەوە. بۆ یەکەم جار لە سەدەى هەژدەیهم و نۆزدەیهم ئەم چەمکە بۆ چاکسازى و باشترکردنى ئاستى کشتوکاڵ و بێستانکردن لە ئەوروپا بەکار هات، بەڵام لە سەدەى نۆزدەیهم ئەم چەمکە زیاتر بە ماناى گۆڕین و باشترکردنى تواناکانى مرۆڤ بەکار هات، بەتایبەتى لە ڕێگەى پەروەردە و فێرکردنەوە, هەروەها بە ماناى پەرەپێدانى تواناى گەشەکردنى ژیرى (عەقڵ) و ڕۆحیى مرۆڤ بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنى نەتەوەیی و، گەیشتن بە بەها باڵاکان؛ بە شێوەیەک کە لە ناوەڕاستەکانى سەدەى نۆزدەیهمدا هەندێک لە زاناکان ئەم چەمکەیان بە واتاى تواناکانى مرۆڤ بەکار هێنا لەسەر ئاستى جیهان. لە سەدەى بیستەمیشدا بریتی بوو لە مانایەکى سەرەکیى زانستى ئەنترۆپۆلۆژی (مرۆڤناسی)، کە هەموو لایەنێکى مرۆڤایەتی دەگرێتەوە. سیفەتەکانى ڕۆشنبیرى: ١. ڕۆشنبیرى بەرهەمێکى مرۆڤە و، لە ڕێگەى بنیاتنانى ئەو پێکهاتانەوە بەدەست دێت کە ئەو چەمکە دروست دەکەن. ٢. کاتێک کەسێک ڕۆشنبیرییەکى جیاواز لە کۆمەڵگەکەى وەردەگرێت، ژیانى کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کەسە گران دەبێت؛ چونکە ژیان بەبێ پەیوەندییە ئاڵوگۆڕکراوەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەبێ بەشداریکردن لە بۆنە بەکۆمەڵەکاندا سەختە و ناکرێت. ٣. ڕۆشنبیرى بوارێکى ئاڵۆزە و پێکهاتەکانى بەپێى سیفەت و جیاکەرەوەکانى، ناو دەبرێن. بۆ نموونە، هەندێک جار ڕۆشنبیرى لە شوێن و شتى جیاوازدا خۆى دەبینێتەوە، وەکوو: گۆڕستانەکان، یان هەندێک مەکینە و ئامرازی وەکوو گاسن (ئەو ئامێرەى زەوى دەکێڵێت)، یان هەندێک هێمای وەکوو تەوقەکردن (دەستگووشینی یهكتر)، هەروەها هەندێک شێوازى ترى ڕۆشنبیرى، وەکوو ڕێوڕەسم و داب و نەریتەکانی هاوسەرگیرى و یەکترناسین و دۆستایەتى؛ هەمووی ئەوانە دەتوانن ئاستى ڕۆشنبیریى کۆمەڵگەیەک، یان نەتەوەیەک نیشان بدەن. ٤. ڕۆشنبیرى سیفەتى ماددى و مەعنەوى هەڵدەگرێت. بەگشتى ڕۆشنبیرى شێواز و ڕێگهکانى ژیان بۆ کۆمەڵگە دیاری دەکات. مەبەست لە ڕەگەزە ماددییەکان، ئەو دەستکەوتانەن کە لە دەرەنجامى هەوڵەکانى بیر و عەقڵى مرۆڤەوە هاتوونەتە کایەوە. لە هەمان کاتدا، ڕۆشنبیرى کار و ئەرکى خۆى تەواو ناکات، ئەگەر هات و هەموو مانا و بیرۆکە و ئاراستە و داب و نەریتەکان لەخۆی نەگرێت، وەک چۆن ڕەگەزە ماددییەکان کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتنى تاکەکان و پەیوەندییەکانیان و بەها و ڕەوشتییان دەبێت. بەو شێوەیە ڕەگەزە ماددی و مەعنەوییەکان پێکەوە چەمکى ڕۆشنبیرى بنیات دەنێن. ٥. کاتێک کە ڕۆشنبیرى هەر دوو کۆڵەکەى ( ڕەگەزى) ماددى و مەعنەوى لەخۆ گرت، ئەوە هەر دوو کۆڵەکەکە وەکوو ئەندامانى جەستە بەیەکەوە گرێ دەدرێن و کاریگەرییان لەسەر یەکترى دەبێت؛ ئەوەیش بەو مانایە دێت کە سیستەمى سیاسى لە وڵاتدا کاریگەریى دەبێت لەسەر سیستەمى ئابوورى و بەپێچەوانەیشەوە. هەروەها سیستەمى پەروەردە دەکەوێتە ژێر کاریگەریى هەر دوو سیستەمى ئابوورى و سیاسییەوە. بە هەمان شێوە داب و نەریتەکان کاریگەرییان لەسەر خێزانەکان دەبێت لە ڕێگەى نەریتەکانى هاوسەرگیرى و پەیوەندیی نێوان گەورە و بچووکەوە؛ یان گۆڕینى شێوازى ژیان کاریگەریى لەسەر بەها و داب و نەریتەکان دەبێت. بەم شێوەیە ڕەگەزەکانى ڕۆشنبیرى بەیەکەوە گرێ دراون و، وەکوو ئەندامانی جەستە هەر یەکەیان بەوی دیكه کاریگەر دەبێت، کە ئەوە بە گرێدانێکى دینامیکى ناو دەبردرێت. ٦. ڕۆشنبیرى، زگماک نییە، بەڵکوو بەدەست دەهێنرێت؛ واتە تاکەکان فێرى دەبن و وەچە لە دواى وەچە دەگوازرێتەوە. زۆر هەڵەن ئەوانەى ڕۆشنبیرى بە زگماک ناو دەبەن، بەڵکوو مرۆڤ لە سەرەتاکانى تەمەنیدا ڕۆشنبیرى بەدەست دەهێنێت، تاوەکوو دەبێتە بەشێک لە کەسایەتیى مرۆڤ. ٧. هەندێک لە ڕەگەزەکانى ڕۆشنبیرى بەوە جیا دەکرێنەوە، کە کەڵەکە بوونە؛ واتە لە چەند وەچەیەکەوە بەدەست هاتوونە و، وەچە یەک لە دواى یەکەکان ڕۆشنبیریى جیاواز لە دواى خۆیان بەجێ دەهێڵن. بەمەیش ڕۆشنبیرى پێش دەکەوێت و پەرە دەستێنێت. ٨. دەکرێ ڕەگەزەکانى ڕۆشنبیرى لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى تر بگوازرێنەوە. هەرچەندی مامەڵەکردن و تێکەڵی لە نێوان دوو کۆمەڵگەدا هەبێت، ئەوەندە زیاتر لێک نزیک دەبنەوە و لەسەر یەکترى کاریگەر دەبن؛ بەڵام هەموو کات ئەو کۆمەڵگەیەى خاوەن ڕۆشنبیرییەکى بەهێزتر و ڕێکترە، زیاتر کاریگەریى لەسەر کۆمەڵگەکەى تر دەبێت، هەروەکوو ئاماژەیشمان پێ دا، ڕۆشنبیرى سیستەمێکى دینامیکییە و قابیلى گۆڕانە. پێکهاتەکانى ڕۆشنبیرى: ١. پێکهاتە ماددییەکان: هەموو ئەو شتانە دەگرنەوە کە مرۆڤ لە ژیانى ڕۆژانەیدا بەکاریان دەهێنێت، وەکوو: شوێنى نیشتەجێبوون، بینا، جلوبەرگ، کەلوپەلى ماڵ و هتد. ٢. پێکهاتە فکرییەکان: ئەمەیش ئایین و هونەر و زانست و زمان دەگرێتەوە. ٣. پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان: بریتین لەو پێکهاتانەى کە بیناى کۆمەڵایەتى لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەن. سوودەکانى ڕۆشنبیرى: ١. هەستێکى ئەرێنى لە لاى تاکەکانى کۆمەڵگە دروست دەکات؛ هەروەها ئیش و کارى ڕۆژانەیان بۆ ئاسان دەکات؛ دەتوانن زاڵ بن بەسەر ئەو کۆسپانەدا کە دێتە پێشیان و، پێویستییە بایۆلۆژییەکانیان بەئاسانى دابین بکەن، وەکوو: خواردن و خواردنەوە و شوێنیان. ئەمەیش وا دەکات تواناى مانەوە و بەردەوامبوونیان زیاتر بێت. ٢. کاریگەریی لەسەر شێواز و ڕەوشتى تاکەکان دەبێت. ٣. ئەو کۆمەڵانەى خاوەنی ڕۆشنبیریى خۆیانن، هەموو کات یاسا و سیستەمى تایبەت بە خۆیان دەبێت. ئەو یاسایانەیش گیانى هاوکارى لە نێوان تاکەکاندا زیاتر دەکەن و وا دەکەن ئاسانتر خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکانى ژیان بگونجێنن. ٤. ڕۆشنبیری وا دەکات تاکەکان ڕێز و پێزانینیان هەبێت بۆ ئەو پەروەردەیەی ههیانبووه، بەتایبەت کاتێک لە نێوان ڕۆشنبیریى خۆیان و ڕۆشنبیرى و داب و نەریتێکى تردا بەراورد دەکەن؛ کە دەبینن ڕۆشنبیرى و کەلتوورى خۆیان زۆر پێشکەوتووترە و لە کۆمەڵگهكانى دیکە زیاتر دەتوانن مافەکانیان پیادە بکەن. ٥. لە ڕێگەى ڕۆشنبیرییەوە تاک دەتوانێت بە زووترین کات چارەسەر بۆ کێشەکانى بدۆزێتەوە؛ بەمەیش کاتێکى زۆرى بۆ دەگەڕێتەوە و هەست بە ماندووێتی ناکات. ٦. تاک دەتوانێت هەڵسوکەوتەکانى لە چوارچێوەى ئەو ڕۆشنبیرى و داب و نەریتەدا کە هەیەتى دیاری بکات، یان ئەو شتانە لێک بداتەوە کە هەن؛ ئایا ڕاستن، یان هەڵە، ئاسایین، یان شازن. سەڕەڕاى ئەوانە، ڕۆشنبیری، تاک بە کۆمەڵگەکەى دەبەستێتەوە و هەستى وەفادارى و نیشتیمانپەروەریى بۆ دروست دەکات.
سەرچاوە: |