نازك حامد ئەلهاشمى
وەرگێڕان و پووختکردنەوەى: چرا عومەر ساڵح
گەشەکردنى گشتگیر و بەردەوام بە پێوەرێکى سەرەکیى کۆمەڵگەى نوێ و پێشکەوتوو دادەنرێت، بۆیە پێویستە بەبێ جیاوازیدانان لە نێوان ژنان و پیاواندا گرنگییەکی زۆر بە کۆکردنەوەى توانا مرۆییە بەردەستەکان بدرێت، هەروەها گرنگیدان بە ئافرەتان و ڕۆڵیان لە گەیشتن بە گەشەکردنێکى گشتگیر و بەردەوامدا بە بەشێکى سەرەکیى گەشەکردن دادەنرێت. بە پێى ئەو وتە کلاسیکەى کە باوە ''ئافرەتان نیوەى کۆمەڵگە پێک دەهێنن''، نیوەى توانا و وزەى بەرهەمهێنانیشن، بەو پێیەش پێویستە شان بە شانى پیاوان و بە شێوەی یەکسان و بێ جیاوازى لە پرۆسەى بەرهەمهێناندا بەشدار بن. ئێستا پێشکەوتنى هەر کۆمەڵگەیەک بەستراوەتەوە بە پێشکەوتنى ئافرەتان و تواناكانيان بۆ بەشداربوون لە هەموو جۆرەکانى گەشەکردندا، کە ئەم بەشدارییەش خۆی یەکێکە لە ڕێساکانى گەشەکردن، چونکە تواناکانى مرۆڤ دروستکەرى سەروەت و سامانن.
بۆ پاڵپشتیکردنى ئەم ڕۆڵەى ئافرەتان پێویستە لەسەر ئاستى کەرتى گشتى و کەرتی تایبەت هەوڵى تەواو بدرێت بۆ ئەوەی هەلى زیاتر بە ئافرەتان بدرێت تاکوو تواناکانیان لە گشت بوارە جیاوازەکاندا بەدەربخەن، بە شێوەیەک کە ببنە هاوبەشێکى سەرەکى لە پرۆسەى گەشەکردنى گشتگیر و بەردەوامدا.
بەشداریى ئافرەت لە گەشەکردنى ئابووریدا
پێناسەى کار لە ڕووى ئابوورییەوە بریتییە لە ''چالاکیی ئابووریى ئامانجدار کە لەو بیرۆکەیەوە دەست پێ دەکات وا لە بیر و هزرى مرۆڤدا دروست دەبێت، دواتر بەپراکتیککردنى بۆ هێنانەدیی مەبەست و دەرەنجامەکانى''، قەبارەى هەر کارێکیش لە هەر کۆمەلگەیەکدا بە دوو پێوەر دیاری دەکرێت:
لەم ڕووەوە گرنگیدانێکى نێودەوڵەتى لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هەیە و لەو پێناسەیەوە دەست پێ دەکات کە نەتەوەیەکگرتووەکان کردوویەتى بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنى کۆمەڵگە و دەڵێت: "بریتییە لە پرۆسەى یەکخستنى هەوڵەکانى هاووڵاتى و حکوومەت بۆ باشترکردنى بارى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى''. ئەمەیش یارمەتیى تاک دەدات بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگە و بەشداری لە گەشەکردنیدا بە پێی ئەو توانایەى هەیەتى. هەر لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە پێویستى بە بەشداریی هەمووانە، بۆیە دەبێ ئافرەتانیش تێیدا بەشدار بن، چونکە بەشێکن لە کۆى هەمووان، پێویستیشە ئەم هاوبەشییەی ئافرەتان هەموو لایەنەکانى گەشەکردن بگرێتەوە، نەک تەنیا لایەنێک؛ وەکو هەبوونى ڕۆڵى ئافرەت لە بوارەکانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و ڕۆشنبیریدا، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وابەستەن بە لایەنى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى و سياسییەوە، کە ئەم بەشدارییەى ئافرەتان سنووردار دەکەن، بۆیە ياساكانى UNDP و ڕاپۆرتى ژمارە یەکى ساڵى ٢٠١٥ی كۆمارى سوودان جەخت لەسەر یەکسانیى ئافرەتان لە کارکردن و کرێى کارکردن و مافى پاشەکەوتکردن و بەرهەمهێنان و مافى ئازادیی بازرگانی دەکەنەوە، هەروەها جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە مافیان هەبێت بۆ پێکهێنانى کۆمەڵە و سەندیکاکان، هەمووی ئەوانە لە دەستوورى کاتیى سوودان و یاساى کارى سوودان و یاساى خزمەتى شارستانى و یاساى هاندانى وەبەرهێناندا باس کرابوو و ڕێک خرابوو. لێرەدا دەردەکەوێت لە ڕووى یاسایییەوە ژینگەیەکى لەبار بۆ ئافرەتان ڕەخساوە، تاوەکوو ئافرەتان لە پرۆسەکانى گەشەکردندا بەشدار بن، بەتایبەت لە بوارى ئابووریدا.
ئەو لایەنە ئابوورییانەى ئافرەتان دەتوانن تێیاندا بەشدار بن
ئافرەتان دەتوانن بە تەواوی لە هەموو لایەنەکانى ئابووریدا بەشدار بن و لە هەموو کەرتێکدا ڕۆڵى خۆیان بگێڕن. بەشداربوونی ئافرەتان لە چالاکیگەلی ئابووریدا هەنگاوێکە بۆ دروستبوونى کۆمەڵگەیەکى جێگیر و بنیاتنانى ژێرخانێکى ئابووریى بەهێز، جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیشە دەربارەى یەکسانى و مافەکانى مرۆڤ بەگشتى و ئافرەتان بەتایبەتى. هەمووی ئەمانە و هەوڵەکانى UN women و ڕێککەوتنى جیهانیى نەتەوەیەکگرتووەکان واى کرد کە کەرتى تایبەت جەخت بکاتەوە لەسەر توخمە سەرەکییەکانى هەستانەوەى ئافرەتان و بەشداریپێکردنیان و یەکسانییان لەگەڵ ڕەگەزى بەرامبەر لە شوێنى کارکردن و بازاڕى ئابووری و کۆمەڵگەدا.
یەکێتیى بانکى جیهانى بۆ ئافرەتان The Global Banking Alliance for Women (GBA)
یەکێتییەکى جیهانییە کە کۆمەڵێک دامەزراوەى دارایی و بانکی جیهانى لەخۆی دەگرێت. ژمارەى ئەندامەکانى بریتین لە ١٣٥ دەوڵەت. ئەو یەکێتییە هەل بۆ ئەندامەکانى دەڕەخسێنێت لەو باشترین خزمەتانە بکۆڵنەوە کە بانکەکان پێشکەش بە ئافرەتانی دەکەن، ئەمەیش لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى و شارەزایی و دەستکەوتنى ئاسانى پێداویستییەکانەوە. هەروەها ئەو یەکێتییە هەوڵ دەدات کارمەندانى بانک باشترین خزمەت پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن و ڕۆشنبیریى پێویست دەربارەى گرنگیى ڕۆڵى ئافرەت لە بوارى ئابووریدا، وەکوو کارمەند، یان وەبەرهێن، یان بەڕێوەبەر و سەرۆک بڵاو بکەنەوە، کە لە ڕێگەى ئەمەوە ڕەخساندنى هەل و دەرفەت بۆ ئافرەتانى تر ئاسانتر دەبێت. بەڵام ڕێژەى بەشداریی وڵاتانى عەرەبى لەم یەکێتییەدا لە کاتى دامەزراندنییەوە زۆر کەمە، تەنیا چەند دەوڵەتێک نەبێت، وەکو لوبنان و فەڵەستین، کە لە ڕاستیدا ئەندامەتی تێیدا زۆر گرنگە و کاریگەریى زۆری لەسەر دەوڵەتى ئەندام دەبێت، چونکە یەکێتیى بانکى جیهانى هەموو کات بەرنامەى تایبەت بە هاندانى ئافرەتان و بەرنامەى تایبەت بە ئاڵوگۆڕکردنى شارەزایی بە شێوەیەکى شەفاف بەڕێوە دەبات. هەروەها خولى تایبەت دەکاتەوە بۆ کەسانى بەرپرسی دەوڵەتانى ئەندام. هەمووی ئەمانەیش کاریگەرییان لەسەر دەوڵەتانى ئەندام دەبێت و لە کارى بانکەکان و وەزارەتەکانى بازرگانى و ئابوورى لە ناوخۆى وڵاتەکاندا ڕەنگ دەداتەوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا هێشتا جیاوازییەکى زۆر لە ڕووى خزمەنگوزارییە داراییەکانەوە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا دەکرێت، بەڵام بانکەکانی بازرگانی ڕۆڵێکى چالاک لە گەشەپێدانى ئابووریى ئافرەتاندا دەبینن. هەروەها ئەم یەکێتییە جیهانییەى بانکەکان و ئەندامەکانى لەو باوەڕەدان کە دەتوانن لەم ڕێگەیەوە کەشێکى وا لە ڕووى پێشکەشکردنى خزمەنگوزارییەوە بۆ ئافرەتان بڕەخسێنن کە هەست بە هیچ جۆرە جیاوازییەک لەگەڵ ڕەگەزى بەرامبەردا نەکەن. هەروەها هەوڵ دەدەن بۆ هێنانەدیى هەموو ئامانجەکانى کۆمەڵەى بانکى نێودەوڵەتى بە دابینکردنى خزمەتگوزارییە داراییەکان تا ساڵى ٢٠٢٠، کە ئەمەش پلانێکە بۆ داهاتوو.
چالاکیی کارمەندانى ئافرەت لە بانکەکاندا
ئەمەیش دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر:
- كەرتى خانمانى كار (سیدات الاعمال)
ویکیپیدیا بەم شێوەیە پێناسەى خانمانى کار دەکات و دەڵێت: ''نازناوێکى گشتییە دەدرێتە پاڵ هەر ئافرەتێک کە کۆمپانیایەک، یان کۆمەڵێک کۆمپانیا بەڕێوە ببات، جا بازرگانى بێت، یان پیشەسازى، یان کشتوکاڵى، یان دامەزراوەیەک بەڕێوە ببات کە بە مەبەستى قازانج دروست کراوە بۆ بەدەستهێنانى داهات و سوودلێوەرگرتن.''
- کەرتى وەبەرهێنانى بچووک
بانکى نێودەوڵەتى پلانێکى گرنگى تایبەت بە هەوڵەکان بۆ یەکسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز هەیە، هەروەها هۆکارێکى گرنگیشە بۆ بەهێزکردنى بوارى ئابوورى، کە پشکى شێرى ئەم پلانە دەدرێت بە ئافرەتان، بەتایبەت لەو وڵاتانەى هەژارى باڵى بەسەردا کێشاون. بە پێى ئەو پلانە بانکى نێودەوڵەتى دەست دەکات بە پێشکەشکردنى قەرز و هاوکارى، بەبێ سوود و قازانج، لە ڕێگەى دامەزراوەى نێودەوڵەتى بۆ گەشەپێدانەوە، ئەمەیش بۆ هاندانى گەشەکردنى ئابوورى و باشترکردنى ژیانى هاووڵاتییان و دانانى سنوورێک بۆ جیاوازیى ڕەگەزى لەو وڵاتانەدا. بۆ نموونە، مامەڵە دەکرێت لەگەڵ چالاکییەکانى ئافرەتان لە بانکەکانى سوودان لە ڕێگەى پرۆژەى بچووکەوە، (یان تەرخانکردنى بچووک) کە وەبەرهێن و پیشە بچووکەکان دەگرێتەوە. ئەمەیش بە پێى سروشتى ئەو چالاکییەى ئەنجام دەدرێن دیاری دەکرێت، ئەم مامەڵەکردنەش لە ساڵانى ڕابردوودا گرنگییەکى زۆرى پێ درا، چونکە هانى چینى لاواز بۆ پرۆژە و وەبەرهێنانى بچووک دەدات، هەمووی ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتى بانکى ناوەندی، کە ساڵانە بانکەکان ملکەچ دەکات بە دانانى ١٢%ی کۆى گشتیى تەرخانکردن بۆ وەبەرهێنانى بچووک. بۆ نموونە، ڕێژەى ئەو ئافرەتانەی ساڵى ٢٠١٥ لە بانكى سوودان سوودیان لە تەرخانکردنى بچووک وەرگرت گەیشتە ١٣%ى کۆى گشتیى تەرخانکراو بۆ پرۆژە و وەبەرهێنانى بچووک. ئامانجەکان لەم هاندانەى ئافرەتانیش دەتوانین لە چەند خاڵێکدا باس بکەین:
ئەو ئاستەنگانەى دێنە بەردەم ئافرەتان لە پرۆسەى گەشەپێدانى ئابووریدا
ئامرازەکانى یارمەتیدەر بۆ گەشەپێدانى ئابووریى ژنان
سەرچاوە: