سیمۆن دی بوڤوار کێیه؟
وەر‌گێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: کنێر عه‌بدوڵڵا
سیمۆن دی بوڤوار، کە نووسه‌ر و بیرمه‌ندێکی فه‌ڕه‌نسی و فه‌یله‌سووفێکی بوونگه‌رایی (وجودی) و چالاکێکی سیاسی و بواری مافەکانی ژنانه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی چاودێرێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، له 9ی کانوونی دووه‌می ساڵی 1908 له‌دایک بووه و له 14ی نیسانی 1986 کۆچی دوایی کردووه. بڵاوکراوه‌ی زۆری هه‌یه، له‌وانە: ڕۆمان، وتار و لێکۆڵینه‌وه ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان؛ به ڕۆمانه‌کانی ناوبانگی ده‌رکرد، له‌وانه: "ناونراو"، "ڕۆشنبیره‌کان" و "ڕه‌گه‌زی دووه‌م".
سیمۆن له پاریس له‌دایک بووه، کچی گه‌وره‌ی جۆرج بێرتراند دی بوڤوارە؛ پارێزه‌ر بووه، له کاتێکدا خوازیاری ئه‌وه بوو که ببێت به ئه‌کته‌ر. دایکی، ناوی فرانسیس براسیر، کچی پیاوێکی خاوه‌نکاری ده‌وڵه‌مه‌ند و کاتۆلیکی ئایینخواز بووه. خوشکه‌که‌ی به ناوی هێلین، دوو ساڵ دوای خۆی له‌دایک بووه. خێزانه‌که‌ی، له‌سه‌ر ئاستێکی بۆرژوازی ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد تا له‌ده‌ستدانی سه‌روه‌ت و سامانیان له دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م؛ بۆیه فرا‌نسیسی دایکی پێداگیریی کرد له ناردنی هه‌ر دوو کچه‌که‌ی بۆ شوێنێکی شکۆدار. سیمۆن، له سه‌رده‌می منداڵی‌دا به ئایینه‌وه پابه‌ند بوو، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی ده‌یویست ببێت به یه‌کێک له قه‌شه ژنه‌کان؛ تا ئه‌و کاته‌ی له ته‌مه‌نی چوارده ساڵیدا ده‌ستبه‌رداری ئایینخوازی بوو و، بڕیاری دا تا کۆتاییی ژیانی، به که‌سێکی بێباوه‌ڕ بمێنێته‌وه.
سیمۆن هه‌ر له ته‌مه‌نێکی زووه‌وه بیرمه‌ند بوو، به هۆی هاندانی باوکییه‌وه که زۆر جار شانازیی پێوه ده‌کرد و ده‌یگوت: "سیمۆن وه‌ک پیاو بیر ده‌کاته‌وه." پاش ئه‌وه، له ساڵی 1925ی زایینی به‌کالۆریۆسی له بیرکاری و فه‌لسه‌فه به‌ده‌ست هێنا. له ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1929 له‌گه‌ڵ سارته‌ردا په‌یوه‌ندییان هه‌بوو و سارته‌ر داوای هاوسه‌رگیریی لێ کرد. ده‌رباره‌ی هاوسه‌رگیرییه‌که‌ی، ڕۆژێک سارته‌ر داوای لێ کرد که ڕێکكه‌وتننامه‌یه‌کی دوو ساڵی واژۆ بکات. له کۆتاییی ژیانیدا بوڤوار گوتی: "هاوسه‌رگیری مه‌حاڵ بوو؛ باوه‌ڕم به ماره‌یی نییه." بۆیه به‌ستنی په‌یوه‌ندییه‌که‌یان تا کۆتاییی ژیان بوو. دی بوڤوار ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد که به هیچ شێوه‌یه‌ک هاوسه‌رگیری نه‌کات. بۆیه له‌گه‌ڵ سارته‌ر پێکه‌وه نه‌ده‌ژیان، هیچ منداڵی نه‌بوو؛ ده‌رفه‌ت ڕێی پێ نه‌دا که له ڕووی ئه‌کادیمییه‌وه سه‌رکه‌وتوو بێت. بۆیه چووه بواری سیاسییه‌وه و خه‌ریکی نووسینیش بوو. هه‌ر یه‌که‌یان له سارته‌ر و بوڤوار وا ڕاهاتن که نووسینی یه‌کتری بخوێننه‌وه، بۆیه له گفتوگۆکانیاندا کاریگه‌ریی هه‌ر یه‌که‌یان به‌سه‌ر کاره‌کانی ئه‌وی تره‌وه هه‌بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیدار بوو به بوونگه‌رایییه‌وه (وجودی) وه‌ک کتێبی "بوون و نه‌بوون"ی سارته‌ر و کتێبی "ناونراو"ی بوڤوار.
ساڵانی کۆتاییی ته‌مه‌نی:
له گه‌شته‌کانی بۆ ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، سیمۆن دی بوڤوار یاده‌وه‌رییه‌کانی ژیانی نووسییه‌وه و، وتار و گشت کاره‌کانی تری به‌وردی له ماوه‌ی په‌نجا و شه‌سته‌کاندا بڵاو کرده‌وه؛ وێڕای زۆرێک له کورته‌چیرۆکه‌کانی، که له نێویاندا "ژنی شاره‌زا" بوو. ساڵی 1980یش "ئه‌و کاته‌ی شته ڕۆحییه‌کان دێن"ی بڵاو کردەوە، که کۆمه‌ڵێک کورته‌چیرۆکه و باس له گرنگیی ژنان ده‌کات له قۆناغه سه‌ره‌تایییه‌کانی ژیانیدا. ئه‌م چیرۆکانه پێش نووسینی ڕۆمانی "ناونراو" نووسرابوون، به‌ڵام نووسه‌ر له‌و کاته‌دا پێی وا بوو ئه‌و چیرۆکانه ته‌نیا دوای ته‌مه‌نی 40 ساڵیی خۆی شیاوی بڵاوکردنه‌وه‌ن.
له نێوان سارته‌ر و مێرلۆ پۆنتیدا، بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ پێوه‌ندییه‌کی دوژمنایەتی هه‌بوو، که وای له پۆنتی کرد ڕۆژنامه‌که به‌جێ بهێڵێت. بوڤوار پاڵپشتی سارته‌ر بوو و په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ مێرلۆ پۆنتی ڕاگرت. له دوا ساڵانی ته‌مه‌نیدا بوڤوار له شوقه‌که‌یدا میوانداریی کۆبوونه‌وه‌کانی ڕۆژنامه‌که‌ی ده‌کرد و زیاتر له سارته‌ر یارمه‌تیده‌ر بوو، که زۆر جار ناچاری ده‌کرد ڕا و بۆچوونه‌کانی وه‌ربگرێت.
سیمۆن دی بوڤوار چوار به‌رگی له ژیاننامه‌ی تایبه‌تی خۆی نووسییه‌وه. له حه‌فتاکاندا سیمۆن، بوو به چالاکوانێکی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ژنانی فه‌ڕه‌نسا. له ساڵی 1971 به‌یاننامه‌ی (343)ی واژۆ کرد، که تایبه‌ت بوو به داواکردنی ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریی له‌باربردنی منداڵ له فه‌ڕه‌نسا ببێته یاسا. که هاوپێچەکەی لیستێک ناوی ژنانی به‌ناوبانگی له‌خۆ گرتبوو، که ئاماده‌ییان بۆ له‌باربردن ده‌ربڕیبوو. هه‌ندێک له‌وانه باوه‌ڕیان به‌وه نه‌ده‌کرد که ئه‌و ژنانه دووچاری له‌باربردن بووبێتنه‌وه؛ بۆیه به‌رهه‌ڵستییان ده‌کردن ، که بوڤوار یه‌کێک بوو له‌و ژنانه. به‌ڵام به هۆی نهێنیبوونی مه‌سه‌له‌کەوە نه‌ده‌کرا بزانرێت. ئه‌و که‌سانه‌ی به‌یاننامه‌که‌یان واژۆ کردبوو، ژنانێک بوون له چین و توێژی جیاواز، له‌وانه: کاترین دینوف، دیلفین سیرخ و خوشکی بوڤوار بوو. له ساڵی 1974 بڕیاری به‌یاساییکردنی له‌باربردن له فه‌ڕه‌نسا درا.
وتاره درێژه‌که‌ی به ناوی "به‌ره‌و ته‌مه‌ن" ساڵی 1970 بڵاو بووەوه؛ حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نی تێڕوانینی هزری بوو تایبه‌ت به گه‌ڕانه‌وه و ته‌نیایی، که هه‌موو مرۆڤێک پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، گه‌ر هات و پێش گه‌یشتنیان به ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵی کۆچی دوایی نه‌که‌ن. ساڵی 1976 بوڤوار له‌گه‌ڵ "سیلفی لی بون" به گه‌شتێک چوون بۆ نیویۆرک له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان، به مه‌به‌ستی سه‌ردانی "کیت میلیت" له کێڵگه‌که‌ی و، ساڵی 1981 کتێبه‌که‌ی به ناوی "ماڵئاوا سارته‌ر"ی نووسی، که سه‌باره‌ت به ساڵانی کۆتاییی سارته‌ر بوو و یاده‌وه‌ریی ناخهەژێنی له‌خۆ گرتبوو. له پێشه‌کییه‌که‌یدا باسی کردووه، ته‌نیا کتێبه که پێش بڵاوبونه‌وه‌ی، سارته‌ر نه‌یخوێندبێته‌وه. پاش مردنی، ئەو نامانەی سارته‌ر بۆی نووسیبوو، بە هه‌ندێ ده‌ستکارییەوە بڵاوی کردنه‌وه؛ ئه‌وه‌یش له پێناو خۆلادان بوو، یان پاراستنی هه‌سته‌کانی هه‌ندێ له خزمه‌کانی که هێشتا له ژیاندا مابوون و، دوای مردنی بوڤوار، کچه به‌خێوکراو و میراتگره‌که‌ی سارته‌ر، نه‌یتوانی نامه‌کانی تری بڵاو بکاته‌وه. زۆربه‌ی نامه‌کانی سارته‌ر که ئێستا هه‌ن، له نووسینه‌وه‌ی بوڤوارن، که که‌مێکی له‌ناوچوون. بەپێچه‌وانه‌وه، کچه به‌خێوکراوه‌که‌ی، "سیلفی لی بون" نامه نووسراوه‌کانی بڵاو کرده‌وه، که تایبه‌ت بوون به سارته‌ر.
ڕۆژنامه‌ی لی تان مودێرنیس:
له کۆتاییی جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا بوڤوار و سارته‌ر به‌شدار بوون له ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی "لی تان مودێرنیس" که ڕۆژنامه‌یه‌کی سیاسییە و سارته‌ر له‌گه‌ڵ مۆریس مێرلۆ پۆنتی و که‌سانی تر ده‌ریان کرد. بوڤوار ڕۆژنامه‌که‌ی به‌کار ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانی به‌ره‌و ئاستێکی باڵاتر به‌رێت و یه‌ک به یه‌ک بیروڕا فه‌لسه‌فییه‌کانیشی ده‌ربخات، پێش گۆڕینی بۆ وتار و کتێب. بوڤوار تا مردنی وه‌ک ڕۆژنامه‌نووسێک له ڕۆژنامه‌که‌دا کاری ده‌کرد.
مردنی، ڕێزلێنانی و میراتگری:
بوڤوار، له ته‌مه‌نی هه‌شتا و حه‌وت ساڵیدا، به هۆی هه‌وکردنی سییه‌کانییه‌وه، له پاریس کۆچی دوایی کرد. له پاریس له پاڵ سارته‌ردا نێژرا. له کاتی مردنیدا ناوبانگی له گه‌شه‌کردندا بوو، به‌تایبه‌ت له بواری ئه‌کادیمیدا، به‌ڵام سه‌باره‌ت بە بزووتنه‌وه‌کانی ژنان، پێش ساڵی 1986 وه‌ک بیرمه‌ندێکی فه‌ڕه‌نسی و فه‌یله‌سووفێکی بوونگه‌رایی (وجودی) که‌سانێکی زۆر ئاشنا بوون به ناسینی هه‌روه‌ها له‌و سه‌رده‌مه‌دا گفتوگۆکان چڕ‌وپڕ بوون له‌و باره‌یه‌وه سه‌باره‌ت هه‌ر یه‌ک له بوڤوار و سارته‌ر کاریگه‌رییان به‌سه‌ر یه‌کترییه‌وه هه‌بوو. ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌کرێت له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا به ناوی "بوون و نه‌بوون"، سارته‌ری سه‌رسام کرد، له کاتێکدا له‌باره‌ی کاریگه‌ربوونی به بوونگه‌راییی سارته‌ره‌وه زۆری ده‌نووسی.
هه‌ندێ له زانایان، پاش ماوه‌یه‌ک کاریگه‌ریی هه‌ندێ له وتاره فه‌لسه‌فییه‌کانیان له‌سه‌ر بیری سارته‌ر دۆزییه‌وه. زۆرێک له ئه‌کادیمییه باڵاکان لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی بوڤوار ده‌کرد گه‌ر له ناوه‌وه، یان ده‌ره‌وه‌ی بواری فه‌لسه‌فه‌دا بووبێت، له‌وانه: مارگرێت سیمۆنز و سالی سکۆلتز. جگه له‌وه‌ی ژیانی بوڤوار جێی سه‌رسامیی زۆرێک له مرۆڤه‌کان بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
ساڵی 2006 ئه‌ندازیارێکی بیناسازیی شاری پاریس به ناوی "دیتمار فیشنقر" داوای لێ کرا دیزاینی پردێک بۆ پیاده‌ڕۆ‌کان بکات له ڕێی ڕووباری سێن، که ناوی لێ نرا "پردی سیمۆن دی بوڤوار" و وه‌ک ڕێزێک لێی نرا. پرده‌که ده‌گاته‌وه به نووسینگه‌ی نیشتمانیی نوێی فه‌ڕه‌نسا. جگه له وتاری هه‌مه‌ڕه‌نگ، 21 کتێبی چاپکراوی هه‌بوو به زمانی ئینگلیزی، که هه‌ندێک له‌وانه بۆ زمانی تر وه‌رگێڕدراون، له‌وانه: یه‌که‌م کتێبی که له ساڵی 1943 ده‌رچوو، به ناوی "ناونراو" تا دوا کتێبی به ناوی "نامه‌کان بۆ هاوسه‌ر" که ساڵی 1998 بڵاو کرایەوە.
سیمۆن دی بوڤوار، له ژیانیدا خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی دیار بوو، له‌وانه: خه‌ڵاتی گۆنکۆر ساڵی 1954، خه‌ڵاتی ئۆرشەلیم (Jerusalem) بۆ ئازادیی تاک له کۆمه‌ڵدا ساڵی 1975 و، خه‌ڵاتی نه‌مسا بۆ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌وروپا، ساڵی 1978؛ که به هۆی ڕۆمانی "ڕۆشنبیره‌کان"ەوە ساڵی 1954 له فه‌ڕه‌نسا، دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م وه‌ری گرت.
کتێبی "ڕه‌گه‌زی دووه‌م"، یه‌کێک بوو له‌و کتێبه به‌ناوبانگانه‌ی بوڤوار که له به‌شی دووه‌می کتێبه‌که‌دا باسی له ژنان کردووه وه‌ک: ئه‌فسانه و واقع و، ده‌ڵێت: "پیاوان بوونه‌ته هۆکاری ئه‌وه‌ی که ژنان "ئه‌وی دی بن"، له کۆمه‌ڵدا ئه‌و کاته‌ی پروپاگه‌نده‌یه‌کی ناڕاست و ته‌مومژاوییان ده‌رباره‌ی ژنان بڵاوده‌کرده‌وه، ئه‌و جۆره شێوازانه‌یان وه‌ک بیانوویه‌ک به‌کار ده‌هێنا بۆ تێنه‌گه‌یشتن له ژنان، یان له مه‌سه‌له‌ی ژنان و کێشه‌کانیان و، دواتر دوورکه‌وتنه‌وه له یارمه‌تیدانیان."
ئه‌و وێناکردنه باوه به شێوه‌یه‌کی گشتی له کۆمه‌ڵگه‌کاندا له لایه‌ن توێژی باڵای پله‌داره‌کانه‌وه دژ به کۆمه‌ڵانێکی پله نزمتر جێبه‌جێ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها بوڤوار ڕوونی کرده‌وه که جیاکاری له‌سه‌ر بنه‌مای بنه‌چه، چین و ئایینیش ڕوو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و جۆره شێوازه له جیاکاری به‌توندی و زیاتر له‌سه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌که ده‌رده‌که‌وێت؛ به شێوه‌یه‌ک پیاو هه‌وڵی دانانی وێنه‌یه‌کی باوی ژنان ده‌دات و به‌کارهێنانی ئه‌و وێناکردنه وه‌ک بیانوویه‌ک بۆ ڕێکخستنی کۆمه‌ڵگه له پێناو دروستکردنی سسته‌مێکی باوکسالاری‌دا. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی له هه‌مان کتێب‌دا باس له‌وه ده‌کات که "که‌سه‌کان، یان مرۆڤه‌کان، وه‌ک ژن له‌دایک نابن، به‌ڵکوو وایان لێ ده‌کرێت و به درێژاییی مێژوو ژنان به ڕه‌گه‌زی لاده‌ر و دانسقه و تاکه‌باڵ سه‌یر کراون که به لای بوڤواره‌وه، پێویسته ئه‌و تێڕوانینانه وه‌لا بنرێت و بخرێنه لاوه و، پێویسته ژنان به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆن. جه‌ختیش له‌وه دەکاتەوە که ژنان ده‌توانن وه‌ک پیاوان هه‌ڵبژارده‌یان هه‌بێت؛ بۆیه ژنان له توانایاندایه ئه‌وه هه‌ڵبژێرن که به‌هایان به‌رز ده‌کاته‌وه و دەبێ ژن له‌و بڕوایه دوور بکه‌وێته‌وه که ده‌ڵێت: "ده‌بێت"، تا ئه‌و ڕادده‌یه‌ی ده‌گاته قۆناغێکی باڵا؛ ئه‌وه‌یش ئه‌و پێگه‌یه‌یە که تاک تێیدا پشوودرێژ ده‌بێت، به‌وه‌ی بتوانێت به‌رپرسیارێتیی خۆی و ژیان له‌ئه‌ستۆ بگرێت، له به‌رامبه‌ر ئەوەی کە ئازادیی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت.
سوودم له‌م سه‌رچاوه‌یه وه‌رگرتووه: