هودا سابیر زهنگهنه
(هەموو تووڕەییت دەرمەبڕە و لە هەمان کاتدا هەموو تووڕەییشت مەشارەوە)
ئایا تووڕەبوون حاڵەتێکی ئاسایییە؟
تووڕەبوون حاڵەتێکی ویژدانیی سروشتییە. هەموو کەسێک، كاتێ تووشی بێزاری یان سەرنەکەوتن و دۆڕان یان هەستکردن بە ناپاکیی بەرامبەر یان هەر پێشیلکارییەک کە لەگەڵ سروشتى ئاساییی مرۆڤ نەگونجێت، پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەوەی نائاسایییە ئەو تووڕەیییە گەشە بکات بۆ "توندوتیژی"، کە لە دواجاردا ژیانى سروشتیی مرۆڤ بەرەو ئاڵۆزى پەلکێش دەکات. مافی خۆتە تووڕە ببیت، لەبەر ئەوەی سۆزێکی بەهێز لە حاڵەتەکاندا کاردانەوەت تاقی دەکاتەوە، بەڵام گرنگە وەڵامدانەوەت شیاو بێت.
"تووڕەیی"، لە سروشتى خۆیدا وەڵامدانەوەیەکی مرۆڤانەی ئاسایییە، كاتێك کە مرۆڤ هەست بە هەڕەشە یان بێزاری یان هێرشێک دەکات. لەو کاتەدا جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئامادە دەبێت بۆ کاردانەوەى مێشک لە بەرامبەر ئەو کاریگەرییە دەرەکی و ناوەکییانەی کە دەبێتە فاکتەرى زیادبوونی لێدانەکانی دڵ و خێرابوونی هەناسەدان و دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕژانی (ئەدرینالین ADRENALIN) له خوێندا و، بەم جۆرە مرۆڤ لە باری دەروونییەوە شێوانی زیاد دەبێت.
ئەمەش بەشێکە لەو هەستەی پێی دەگوترێت "تووڕەیی". لە ڕاستیدا "تووڕەیى" بە دەستکەوتێک دادەنرێت کە بە مرۆڤ بەخشراوه بۆ دەربڕینی ئەو پاڵنەرە قورسەی بە هەر هۆکارێک لەسەر دەروونی مرۆڤ دروست دەبێت.
بەڵام ئەوەی لەسەر مرۆڤ پێویستە، ڕێکخستن و چۆنێتیی ڕەفتارکردنە لەگەڵ "تووڕەییی خود" و کەسانی دەوروبەر، نەک خۆدانەدەست تووڕەیی بە بیانووی دەربڕینى هەستێکی ئاسایی، چونکە نەتوانینی زاڵبوون بەسەر تووڕەییدا، دەبێتە هۆی توندوتیژی و زیانگەیاندن بە خود و کەسانی دەوروبەر.
لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژە بە پلەکانی تووڕەیی دەکەن، بۆ نموونە تووڕەیی لە زمانی ئینگلیزیدا بە زیاتر لە مانایەک دێت و بۆ هەر مانایەک پلەیەکیان داناوە:
وشەی "Anger" واتا ئەو هەستەی کە مرۆڤ خۆى هەستی پێ دەکات کە لە ئاکامی کردەیەک ئازاری پێ گەیاندووە یان لە ژیانیدا بەرەنگاری بووهتەوە، ئیتر ڕەنگە ئەو ئازارپێگەیاندنە دەروونی یان جەستەیی بێت، یان هەر بارودۆخێک بریندار یان بێزارى کردبێت. ئەمەش بە واتای جۆرێک لە بێزاری و تێکدانی باری دەروونی دێت.
لە کاتێکدا وشەی "Wrath" بە مانای "توندی" دێت، کە هێمای بەرزترین پلەی تووڕەیییە، چونکە لەگەڵ تووڕەیییەکەدا جۆرێک لە ڕەفتاری "تۆڵەکردنەوە" و کرداری "شەڕانگێزی" دروست دەبێت.
کەواتە هەستکردن بە "Anger" واتا "تەنیا توڕەبوون"، بەڵام هەستکردن بە "Wrath" واتا "دروستبوونی حەزی تۆڵەسەندنەوە"، ئیتر بە هەر جۆرێک بێت؛ ماددی بێت یان مەعنەوی.
ئەم لێکۆڵینەوانە دەمانگەیەننە ئەوەى کە هۆکارەکانى توڕەیى بناسین. دەکرێت بەم جۆرە پۆڵێنیان بکەین:
* هۆکارە دەرەکییەکان:
ئەو هۆکارانەن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتى خودی مرۆڤ دەبنە فاکتەرى هەڵچوون و هەستی تووڕەیی، کە زیاتر دەورووبەر و ژینگەی کەسەکە، لە کاریگەریی ئاستی توڕەیییەکەدا ڕۆڵ دەبینێت.
* هۆکارە سایکۆلۆژییەکان (دەروونی):
ئەم هۆکارە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بە تایبەتمەندییەکانى پێکهاتەى دەروونیی خودى مرۆڤەکەوە هەیە، کە زۆر جار دەبێتە هۆی دەربڕینى هەستى "تووڕەیی"، وەک (ترس، ڕاڕایی، نائومێدی، هەستکردن بە بێزارى). لێرەدا زاڵبوون بەسەر "توڕەیی"دا دەوەستێتە سەر توانای مرۆڤەکە، لە ڕووی "ئیرادە- ویست" و ئاستى تێگەیشتنی لە خودی خۆی.
* هۆکارە فیزیۆلۆژییەکان (جەستەیی):
ئەو هۆکارە جەستەیییانەن کە مرۆڤ زۆر جاران لە نائاگاییدا تووشی دەبێت، وەک (کەمخەوی و ماندووێتی) و تووشبوون بە هەندێک نەخۆشیی درێژخایەن وەک (شەکرە، پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ)، هەروەها ڕۆژانى دوای مناڵبوون لە ئافرەتاندا. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە پێکهاتە و کاریگەریی کەسەکان لە ڕووی ئاستی "توندی" یان "خێراییی تووڕەبوون"هوه، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر جیاوازە، چونکە وەڵامدانەوەی خودی مرۆڤ بۆ کاریگەرییەکان دەوەستێتە سەر (توانا، ئیرادە و تێگەیشتنی کەسەکان) بۆ تووڕەیی.
لەسەر بنەمای شیکردنەوەى ئەو هۆکارانە، دەردەکەوێت کە ئاستى "تووڕەیی" لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. هەروەک لە سەرەتاوە باس کرا، "تووڕەیی" هەستێکی ئاساییی مرۆڤە، بەڵام تا ئەو ئاستەی ڕێک بخرێت، واتە نەگاتە ئاستی "توندی".
لە لایەکی تریشەوە زانایانی دەروونناسی باس لە ئاستی تووڕەیی لە سروشتى مرۆڤەکاندا دەکەن، کە کاریگەریى "ژینگە و دەورووبەر" و هەندێ جاریش "بۆماوەیی"، لە دیاریکردنی ڕێژە و جۆرى "تووڕەیی"دا ڕۆڵ دەبینێت، بەڵام بوونی "تووڕەیی" لە هەموو مرۆڤەکاندا ئاسایییە و هیچ مرۆڤێکیش بەدەر نییە لە دەربڕینى ئەو هەستە سروشتییە.
بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تووڕەیی، پێویستمان بە "ناسینی تووڕەیی"یە. هەستکردن بە "تووڕەیی" یەکێک لە خەسڵەتەکانی مرۆڤە. ئەوانەی کە تا ئێستا لە "تووڕەیی" تێ نەگەیشتوون و بە هەستێکی ناسروشتى لە قەڵەمی دەدەن و جیاوازی لە نێوان "توندی" و "تووڕەیی"دا ناکەن، زانستە مرۆڤایەتییەکان جهخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوە تێڕوانینێکى هەڵەیە و غەدرێکی گەورەیە بەرامبەر ئەم هەستە "سروشتی و ئاسایی"یە دەکرێت و لە هەمان کاتدا "تووڕەیی" بە قۆناغێکی گەشەکردووی دادەنێن، وەک هەر بەشێک لە سروشتى پێکهاتەى مرۆڤ.
زانایانی دەروونی و ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لەسەر مرۆڤ کراون، هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ "تووڕەیی" بەسەر دوو لایەندا دابەش دەکەن:
لایەنی یەکەم: (چەپاندن- الکبت)، بە مانای شاردنەوەی هەست و دەرنەبڕینی:
کەسانی هەڵگری ئەم بیروبۆچوونە داوای بەرقەراربوونی ئاشتی دەکەن بە هەر نرخێک بێت. ئەمانە خۆیان لە ململانێ و ناکۆکی دوور دەخەنەوە. هەروەها هەوڵ دەدەن بە هەموو ڕێگەیەکەوە هەستکردن بە ناڕەزایی و تووڕەیی لە ناخی خۆیاندا بنێژن و دەری نەبڕن (وا نیشانی خەڵک دەدەن کە هەموو شتێک باشە!)، بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن کە بڕوا بە خۆیان و ئینجاش دەوروبەر بهێنن کە، ژیانیان بەتاڵە لە هەر بێزاری و ناڕەزایییەک. هەر بۆیە زۆربەی جار ئەم هەڵسوکەوتە دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕق بەرامبەر خود و توندینواندن بەرامبەر خودی کەسەکان، کە دواجار دەبێتە هۆى دروستبوونی "نەخۆشیی دەروونی"، بەبێ ئەوەى خودى مرۆڤەکە هەستى پێ بکات.
لایەنی دووەم : (التنفیس)، بە واتای دەربڕین و ئاشکراکردن:
لایەنگرانی ئەم بۆچوونە داوای "پاککبوونەوەی دەروونی مرۆڤەکان و دەورووبەر دەکەن لە هەر جۆرە ڕق و ناڕەزایییەک". ئەم جۆرە مرۆڤانە هەست بە ئاسوودەیى دەکەن، لە کاتێکدا ڕێگە دەدەن هەستکردنیان بە "تووڕەیی" دەرببڕن، هەر چەندە هەندێک جار ئەو کەسانەی لە "تووڕەیی" تێ ناگەن و بە ڕەفتارێکی "ناسروشتی"ی دادەنێن، لە بەرامبەر تووڕەییی کەسەکاندا هەست بە "بێتاقەتبوون" و "ئازارپێگەیاندن" دەکەن. لەبەر ئەوە، بە شێوەیەکی گشتی، تێگەیشتن لە سروشتى "تووڕەیی"، تا ڕادەیەکى زۆر زەحمەتە، چونکە تێنەگەیشتن لە "تووڕەیی" تا ئێستاش لەبارەیهوە کەمترین زانیاری و وشیاری لەناو خەڵک بڵاو کراوەتەوە. هەر بۆیە لە ئاکامی تووڕەبوونى سلبیانەى کەسێک، کاردانەوەیەکی سلبیترى بە دوادا دێت و ئەمەش هەندێک جار وا لە کەسی تووڕە دەکات پەرە بە تووڕەیییەکەی بدات بۆ قۆناغی "توندی"، کە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارە و زۆربهى جاران مرۆڤ تێیدا دەبێت بە قوربانى و لەسەر زەوى ڕەش دەبێتەوە!
ڕێگا نوێیهكانی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ "تووڕەیی"، پێویستییان بە هاتنەمەیدانى کەسانێکە کە بیروبۆچوونە کۆنەکان ڕەت بکەنەوە و، تێگەیشتن لە "تووڕەیی" بکەنە ڕەوتێکی نوێ لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی دابونەریتە کۆنەکان و بیروبۆچوونە کۆنەکان، کە پێناسەیەکی هەڵەی بۆ تووڕەبوون دروست کردووە.
لەم بارەیەوە زانایانى دەروونی بە شێوەیەکى گونجاو سێ هەنگاویان بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ "تووڕەیی"دا داناوە:
١- هەنگاوی یەکەم: هێرش مەکە:
هەستکردن بە "تووڕەیی"، حەزی بەرگریکردن لە ناخی مرۆڤدا دەخوڵقێنی، ئیتر ئەو بەرگرییە زۆر جار لە خودی خۆیەتی یان کەسانی تر. ساناترین و سادەترین ڕێگەش بۆ بەرگریکردن، تاوانبارکردنی کەسێکی ترە بە هەر شێوەیەک بێت.
لەبەر ئەوە پێویستە خۆمان بەدوور بگرێن لە وشەی (تۆ ئاوا.... تۆ هەموو جار... تۆ ناگۆڕێى... تۆ.... هتد)، چونکە کەسێک کە تووڕە دەبێت، دەیەوێت هێرش بکاتە سەر کەسی بەرامبەر، ئەمەش هانی کەسی بەرامبەر دەدات کە هێرش بکاتەوە (هێرشی جەستەیی یان دەروونی) و پاشان زیاتربوونی تووڕەیییەکە و دەرچوون لە ئەسڵی بابەتەکە و دوورکەوتنەوە لەو بابەتەی کە تووڕەیییەکەی لەسەر دروست بووە و ئیتر دەگوازرێتەوە بۆ "هێرشکردنە سەر کەسایەتیی کەسەکان" و لەوێوە "توندى" دەست پێ دەکات.
٢- هەنگاوی دووەم: وشیاری لەبارەی تووڕەیییەوە (تووڕەیی بناسه):
پێش هەموو شتێ پێویستە هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بین، کە تووڕەیی "هەستێکی سروشتییە"، بۆیە دەبێ لەسەر ئەم بنەمایە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەین. هەروەها لەسەر هەر کەسێک پێویستە، تووڕەییی خۆی دەرببڕێت لە جیاتى ئەوەی لە ناخی خۆیدا پەنهانی بکات.
پێویستە لەکاتی تووڕەییدا ڕێگە بە کەسی بەرامبەر بدەین هەست بە چی دەکات دەری ببڕێت. ئەگەر تۆ هەست بە تووڕەیی دەکەیت، بە زووترین کات هەوڵ بدە ئاسانترین وشە بەکار بهێنی بۆ دەربڕین، بۆ نموونە بڵێ: "من هەست بە....، من بێتاقەتم....، من هەست بە بێزاری دەکەم....، من گلەییم هەیە و هتد....". زۆر ڕاشکاوانە ئەو هەستە دەرببڕە کە فشاری لەسەر دروست کردووی.
ئەوەی لە ناختدا هەستی پێ دەکەی بیڵێ، بۆ ئەوەی ئەوانی تر هەستت پێ بکەن و لە پاڵنەرەکانى تووڕەبوونەکەت تێ بگەن. بە هەمان شێوە ئەگەر کەسێک تووڕە بوو، پێویستە بۆ ئارامکردنەوەی، ئەم هەنگاوانەی لەگەڵ بەکار بهێنرێت.
٣- هەنگاوی سێیەم: بە دوای هۆکاری تووڕەییدا بگەڕێ (چی لە پشت تووڕەیییەوەیە؟):
تووڕەیی هەستێکی ئاسایییە لە مرۆڤدا، کاتێک کەسێک هەستى بریندار بکرێت یان زیاد لە توانای خۆی ماندوو بێت، یان لە لایەن کەسی مەبەستەوە گرنگیی پێ نەدرێت، یان بارودۆخێک لەگەڵ تێڕوانینی ئەو یەک نەگرێتەوە و... هتد، ئیتر ئەو کەسە تووڕە دەبێت.
بۆیە وا پێویستە هەڵسوکەوت لەگەڵ هۆکارەکانی تووڕەیی بکەین و لێی تێ بگەین، ئەگەر لە هۆکارەکان تێ گەیشتین، ئەو کات دەتوانین لە زاڵبوون بەسەر تووڕەییدا سەرکەوتوو بین.
با دروشممان گوزارشکردن بێت لە تووڕەیی، بە بەکارهێنانی وشەی "من" لە جیاتی وشەی "تۆ".
هەر کات هەستت بە تووڕەیى کرد، بە دواى وەڵامى ئەم پرسیارانەدا بگەڕێ:
- ئایا حاڵەتەکە شایستەی ئەم تووڕەیییەیە؟
- کەسی بەرامبەر شایستەی تووڕەیییە؟
- ئایا حاڵەتەکە لە من گەورەترە؟
- لە ئاکامی ئەم تووڕەیییەوە چی دێتە ئاراوە؟
- ڕاستەوخۆ، پێش ئەم حاڵەتی تووڕەیییە چی ڕووی دا؟
- ئایا ئەم حاڵەتە شتێکی لە ڕابردوو بەبیر هێناومەتەوە؟
- ئێستا هەست بە چی دەکەم؟
- ڕێگەیەکی تر نییە بۆ دەربڕین و لێكگەیشتن؟
هەرچەندە بیرکردنەوە لە پاڵنەرەکانی "تووڕەیی" کارێکی قورسه لە ساتەوەختى تووڕەییدا، بەڵام ئەگەر خۆمان نەدەینە دەست هەڵچوونی "عاتفى و دەروونی" و کار بە "ئەقڵ" بکەین و گفتوگۆیەکی دەروونی لەگەڵ خودی خۆماندا بکەین، لە کاتی هەڵچوونی هەستی "تووڕەیی"دا ڕاستەوخۆ ساردییەک دەروونمان داگیر دەکات.
پێویستە ئاگادار بین "بێدەنگییەکی کورت" یان "پشوودانێکی کورت"، یەک لە هۆکارە بەهێزەکانی ساردبونەوەیە لە کاتی "تووڕەیی"ی زۆردا، بەڵام بیرمان نەچێت "بێدەنگییەکە درێژە بکێشێ، زیانی دەروونیی لێ دەکەوێتەوە و تووڕەیی و توندی و ئاستی شڵەژان زیاد دەکات". بۆیە پێویستە بەردەوام بین لە گفتوگۆ، کاتێک هەستت ئارام دەبێتەوە، دەبێت کەسەکان لەگەڵ یەکتر بدوێن و بە شێوەیەک هەر یەک بوار بە کەسی بەرامبەری بدات بۆ ڕوونکردنەوە.
"تووڕەیی"، لە کەسایەتیى هەموو تاکێکدا بوونى هەیە. لە کاتی هەستکردن بە هەر هەڕەشەیەک، ئەم هەستە دەجووڵێت و بەرز دەبێتەوە، بەڵام بۆ پارێزگاریلێکردنمان نەک بۆ ڕووخاندنمان. لێرەدا کێشە "تووڕەیی" نییە، بەڵکو کرۆکى کێشەکە (چۆنێتیی دەربڕینی تووڕەیییە.)
پێویستە چەند خاڵێکى زانستى لەبەرچاو بگرین بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تووڕەییدا:
- لە هەر حاڵەتێکی "تووڕەیی"دا، لە دانانى خاڵى کۆتاییدا پەلە مەکە. کاتێک بڕیار لەسەر یەکلاییکردنەوەى گرفتەکە دەدەى، ساتەکانى "ئارامی"ت لەبیر بێت.
- هەوڵ بدە شێوازێکی گونجاوی "گفتوگۆ" بدۆزیتەوە، چونکە "گفتوگۆ" ئەقڵانیترین ڕێگایە بۆ سەرکەوتن.
- لە کاتی گفتوگۆدا، خاڵە "ئیجابییەکان" پێش خاڵە "سلبییەکان" باس بکە و لە کاتی باسکردنی خاڵە "سلبییەکان"دا، بە شێوەیەکی "دروستکەر" بیانخەرە ڕوو، نەک بە شێوەیەکى (ڕووخێنەر.)
- هەوڵ بدە ئەو کێشەیەی کە "تووڕەیی"ی دروست کردووە، شی بکەرەوە، بۆ ئەوەی هۆکاری ڕاستی پشت تووڕەیییەکە ئاشکرا بکەیت.
- ئاگادار بە، لە کاتی تووڕەبوونتدا هیچ بڕیارێک مەدە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بڕیاردانت له بنهڕهتهوه بۆ چارەسەری کێشەکە بێت.
- هەوڵ بدە بە خۆتدا بچیتەوە کە تووڕە دەبیت، چونکە مەرج نییە تۆ لەسەر حەق بیت.
- هەوڵ بدە لای خۆتەوە پاساو بۆ کەسی تووڕە بهێنیتەوە، بەوەی کە ڕەنگە کەسى بەرامبەر لە بارێکی دەروونیی نائارامدا بێت، یان هەر هۆیەکى تر، بەپێی تایبەتمەندیی کەسەکان.
- "هەرگیز وەڵامی تووڕەیی، بە تووڕەیی مەدەرەوە"، چونکە دواجار تەنیا "توندی"ی لێ دەکەوێتەوە و هیچ ئاکامێکی ئیجابیشى لێ ناکەوێتەوە، جگە لە شێواندنی بارودۆخەکە.
- هەوڵ بدە بێدەنگییەکى کورت لەناو قسەکردنتدا هەڵبژێریت، بۆ بواردان بە ئارامبوونەوە لە ناختدا.
- هەمیشە لە کاتى تووڕەبووندا، ڕێزی خۆت و کەسی بەرامبەر لەبەر چاو بگرە.
- فێر بە چۆن باس لە هەستەکانت دەکەیت، ئەگەر ئەوەت پێ ناکرێ یان ناتوانیت وشەی گونجاو بدۆزیتەوە گوزارشت لەوە بکات کە لە ناختدایە، هەوڵ بدە قسە لەگەڵ کەسێکی شیاو بکەیت کە بەباشی لێت تێ بگات.
- بەئارامی و بە ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆ، گوزارشت لە خودی خۆت بکە. تەنانەت تووڕەش ببە، بەڵام ئاگادار بە، تووڕەییت نەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای زاڵبوون بەسەر مێشکتدا.
- گوێ لە ئەوانی تر بگرە، بەڵام گوێگرتنێکی ورد. وەڵامدانەوەت لەگەڵیان هەبێت بەبێ دەرخستنى تووڕەییت. ئەگەر شتێک بە سلبی تێ گەیشتی، بەردەوام لە خۆت بپرسە ئایا بە شێوەیەکی ڕاست لە بۆچوونی کەسی قسەکەر تێ دەگەیت؟
- هەوڵ بدە خۆت "بە گەورەتر" لە تووڕەیی بزانیت و حاڵەتەکە "بە بچووکتر" بزانە.
زانایانى دەرونناسى دەڵێن: "تووڕەیى هەستێکى ڕێگەپێدراوە، بەڵام چۆنێتیى دەربڕینى، پێویستیى بە وشیارییە."