فه‌رهادی جیهانمیهه‌ن خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم
وشه‌ی handicap و‌شه‌یه‌كی ئینگلیزییه كه له سه‌ره‌تادا له چوارچێوه‌ی وه‌رزش و یاریكردندا كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گرت. واته ئه‌و كه‌سه‌ی یارییه‌كه‌ی ده‌برده‌وه، ده‌ستی دە‌ناو كلاو‌ێك ده‌نا (hand in cap) بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه ده‌رهێنێ. ده‌توانین بڵێین دوای جه‌نگی ده‌وو‌می جیهانی، ئه‌م و‌شه‌یه له چوارچێوه‌ی وه‌رزش و یاریكردندا نه‌ما و ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌گرته‌وه كه گر‌فتی كاركردنی له‌شیان هه‌بوو. هه‌ر كه‌سێ له‌گه‌ڵ نۆرمی كۆمه‌ڵگادا نه‌گونجابا، پێیان ده‌گو‌تن هه‌ندیكاپ (handicap).
به بۆچوونی من دوو هۆی گرنگی مێژوویی هه‌بوو كه وشه‌ی handicap له چوارچێوه‌ی وه‌رزش و یاریكردندا نه‌مێنێته‌وه و ئه‌و كه‌سانه بگرێته‌وه كه گر‌فتی كاركردنی له‌شیان هه‌بوو.
١- كاتێ ده‌ست ده‌چێته ناو كڵاوه‌وه، ئیتر ده‌ست ناتوانێ چالاك بێ. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕووداوێكی مێژوویی، كه من پێم وایه له‌به‌ر ئه‌و ڕووداوه وشه‌ی هه‌ندیكاپ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌گرته‌وه كه گر‌فتی كاركردنی له‌شیان هه‌بوو.
له ساڵی 1889دا زمانی ئیشاره (زمانی كه‌ڕ و لاڵان) له قوتابخانه‌كانی جیهاندا یاساغ كرابوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌كه منداڵه‌كان له قوتابخانه یان له كاتی پشووداندا نه‌توانن به‌زمانی ئیشاره به‌یه‌كه‌وه بپه‌یڤن، ده‌ستی منداڵه‌كانیان ده ناو كڵاو یان ده ده‌سته‌وانه ده‌نا.
٢- ئه‌گه‌ر بڵێین كه كڵاو به ده‌سته‌وه بێ، واته (cap in hand) ده‌توانێ دیسان په‌یو‌ه‌ندییه‌كی مێژووییی به زاراوه‌ی (handicap)ه‌وه هه‌بێ، كه ده‌توانێ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و كه‌سانه بگرێته‌وه كه گر‌فتی كاركردی له‌شیان هه‌یه. له گه‌لێك و‌ڵاتی جیهاندا ئیستاش خه‌ڵكی نابینا له كاتی سواڵكردندا كڵاوێك به ده‌سته‌وه ده‌گرن.
كاتێ كه باسی وشه‌ی هه‌ندیكاپ ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌م و‌شه‌یه له چوارچێوه‌ی ژ‌ینگه و كۆمه‌ڵگای ده‌و‌روو‌به‌ردا چاو لێ بكه‌ین، مانایه‌کی تر به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ.
به كورتی ده‌توانین بڵێین ئه‌و كه‌سه‌ی له‌به‌ر برینداربوون یان نه‌خۆشی، گر‌فتی كاركردنی له‌شی بۆ د‌روست ده‌بێ، ئه‌م كۆسپه له‌شییه له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ كو‌مه‌ڵگا و ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ریدا ده‌توانێ ئه‌م كه‌سه بكاته هه‌ندیكاپ.
جا بۆیه له‌م بۆچوونه‌دا هه‌ندیکاپ په‌یوه‌ندیی به تایبه‌تمه‌ندیی كه‌س یان تاكه‌وه نییه، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندیی به كۆسپی له‌شیی ئه‌و كه‌سه و كۆمه‌ڵگای ده‌وروو‌به‌ره‌وه هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌وه كۆمه‌ڵگایه كه ئه‌م كه‌سه ده‌كاتە هه‌ندیكاپ.
كۆمه‌ڵگەی ده‌ورووبه‌ر وا ده‌كا ئه‌م كه‌سه (یا كه‌سانه) كه كۆسپی له‌شیان هه‌یه، له به‌شیكی كۆمه‌ڵگادا ببن به هه‌ندیكاپ، بۆ و‌ێنه ئه‌گه‌ر كه‌سێ كه له‌سه‌ر و‌یلچێره، بتوانێ وه‌كوو هه‌موو خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگا، سواری پاس بێ یان بتوانێ له هه‌موو ده‌رگایه‌كه‌وه به و‌یلچێره‌وه وه‌ژوور كه‌وێ، ئه‌و كه‌سه هه‌ندیكاپ نییه. به‌ڵام كاتێ ئه‌و كه‌سه نه‌توانێ سواری پاس بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه پاسه‌كه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌سه‌ر و‌یلچێره د‌روست نه‌كرابێ یان كه‌سێك كه له‌سه‌ر و‌یلچێره نه‌توانێ له دووكانێك بچێته ژ‌و‌وره‌وه یان به هۆی هه‌بوونی پلیكان یان ده‌رگای ئه‌م شوێنه و‌یلچێره‌که‌ی تێوه نه‌چێ، ئه‌وه ئه‌و ده‌م ئه‌م كه‌سه ده‌بێ به هه‌ندیكاپ.
له كۆتاییی ساڵانی 1960دا، بۆچوونێك له‌ناو یه‌كێتیی كه‌مئه‌ندامانی ئه‌ورووپادا په‌ره‌ی گرت كه ئه‌وه كۆمه‌ڵگایه هه‌ندیكاپه، نه‌ك هاووڵاتیانی. ئه‌وه كۆمه‌ڵگایه كه به هۆی نه‌گونجاندنی ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ر، هاووڵاتیانی خۆی دەکاتە هه‌ندیكاپ. ئێستا زاراوه‌ی هه‌ندیكاپ به هۆی ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به كۆمه‌ڵگا و ژینگه‌وه هه‌یه، كه‌ڵكی لێ وه‌رناگرن.
له زمانی ئینگلیزی‌دا وشه‌ی (disabled) له جیاتی هه‌ندیكاپ به‌كار دێنن. له سویدیدا دوو وشه‌ی (funktionshinder) یان (funktionsnedsättning) بەكار دێنن .
له باشووری كوردستان وشه‌ی كه‌مئه‌ندام بۆ Handicap د‌اتاشراوه، كه به بۆچوونی من و‌شه‌یه‌كی ته‌واو و د‌روست نییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه وشه‌ی كه‌مئه‌ندام ته‌نیا كه‌سانێ ده‌گه‌رێته‌وه كه ئه‌ندامێكی له‌شیان كه‌مه؛ وه‌كوو نابینا، كه‌ڕ و ئه‌وانه‌ی له سه‌ر و‌یلچێرن. ئه‌ی ده‌بێ به‌م كه‌سانه چ بگوترێت كه له‌مپه‌ر یان گرفتێکیان له‌سه‌ر له‌شدا هه‌یه، وه‌كوو ئاسم، ئالێرژی، ڕۆ‌ماتیزم، فێگرتن، لاكتۆز ( ئه‌وانه‌ی ناتوانن هیچ شتێ كه شێری تێدا بێ بیخۆن) یان گوێیان گرانه، واته ئه‌و كه‌مئه‌ندامییه‌ی كه به چاو نابیندرێت، به‌ڵام به‌م حاڵه‌وه هه‌موو ئه‌و که‌سانه ئه‌ندامی یه‌كێتیی كه‌مئه‌ندامانن له وڵاته ئه‌و‌رووپایییه‌کاندا.