2016-08-23
کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیارى 2200 (A) لە 26/12/1966دا پەسندى کردووە و بە گوێرەى ماددە 49 لە 23ى مارتى 1976دا کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
تا ئێستە 168 دەوڵەت ئەندامى ئەم ڕێککەوتننامەیەن و عێراق لە 25/1/1971ەوە پێوەى پەیوەست بووە. واتە، دەبێ هەرێمى کوردستانیش ڕێبەدێى ئەو رێککەوتننامەیە بکات. لە باتى Public Order: نیزامى گشتى.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاسۆ کەریم
پەيماننامەى نێودەوڵەتيى مافە مەدەنى و سياسييەكان
International Covenant on Civil and Political Rights
دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە:
بە پشتبەستن بە پرەنسيپە جاڕدراوەكانى ناو پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان، داننان بە ئابڕووى زاتى و مافە وەكيەك و دەست بۆ نەبردراوەكانى سەرجەم ئەندامانى بنەماڵەى نێودەوڵەتى، بناخەى ئازادى و دادپەروەرى و ئاشتى لە دنيادا پێكدەهێنن، بە داننان بەوەى كە ئەم مافانە لە ڕوومەت (ئابڕوو)ى زاتيى مرۆڤەوە سەرچاوە هەڵدەگرن، بە داننان بەوە و بە پشتبەستن بە جاڕنامەى جيهانيى مافەكانى مرۆڤ، كە نموونەى مرۆڤێكى ئازاد و بێترس، تەنيا ئەو كاتە دەگوڕێ و دێتەى دى كە ڕەوش و بارێكى ئەوتۆ بێتە گۆڕێ كە تاكەكەس بكارێ كەڵك لە مافە ئابوورى و كۆمەڵايەتى و كولتووى، هەروەها لە مافە مەدەنى و سياسييەكانى خۆى وەربگرێ، لە سۆنگەى پابەنديى دەوڵەتان بە گوێرەى پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان، دەبێ دەوڵەتان ڕێزى مافەكانى مرۆڤ و ئازادييەكانى بگرن و پەرەيان پێ بدەن و ڕەچاويان بكەن، بە تێگەيشتن لە بەرپرسيارەتيى تاكەكەس، سەبارەت بە ئەركەكانى لە بەرانبەر تاكەكانى ديكە و ئەو كۆمەڵەى كە ئەو ئەندامە تێيدا، لە خەباتدا بۆ بەرەوژووربردن و ڕەچاوكردنى مافە جێگيركراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە، لەسەر ئەم ماددانەى خوارێ ڕێك كەوتن:
بەشى يەكەم
ماددەی 1:
- هەموو گەلان مافى چارەى خۆنووسينيان هەيە. بە پشتبەستن بەم مافە، دەكارن ئازادانە ستاتۆى سياسيى خۆيان بڕيار بدەن و بەئازادانەش درێژە بە نەشونماى ئابوورى و جڤاكى (کۆمەڵایەتى) و كولتووريى خۆيان بدەن.
- هەموو گەلان دكارن بۆ بەديهێنانى مەبەستە تايبەتەكانى خۆيان، ئازادانە كەڵك لە سامان و سەرچاوە سروشتييەكانى خۆيان وەربگرن بەبێ ئەوەى ئەو بەرپرسيارەتييە بخەنە ژێرپێوە، كە بە گوێرەى هاريكاريى ئابووريى نێودەوڵەتى و بە گوێرەى بنەماكانى هاوقازانجى و قانوونى نێودەوڵەتى كەوتوونەتە ئەستۆيان و ناكرێ و نابێ لە هيچ بارێكدا گەلێك لە ئامراز و پێداويستييەكانى ژيان و گوزەران و بەڕێچوون بێبەش بكرێ.
- لەسەر تەواوى دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، بەو دەوڵەتانەشەوە كە بەرپرسيارەتيى بەڕێوەبردنى ئەو هەرێمانەيان لەسەر شانە، كە خۆيان بەڕێوە نابەن، يان لە بندەستى ئەواندا دانراون، بۆ بەديهاتنى مافى چارەى خۆنووسين و ڕێزگرتن لەم مافە بە گوێرەى دەقەكانى پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان، كار بكەن.
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، بەڵێن دەدا كە چ بە تەنيا و چ لە ڕێگەى يارمەتى و هاريكاريى نێودەوڵەتييەوە، تا بۆى دەكرێ و بە پێى توانا هەنگاو هەڵێنێتەوە، بەتايبەت هەنگاوى ئابوورى و تەكنيكى بە گوێرەى سەرچاوەى دارايیى بەردەست بۆ بەديهێنانى بەرەبەرەى تەواوى مافە دانپێدانراوەكانى ئەم پەيماننامەيە بە هەموو ڕێوشوێنێكى گونجاو بەتايبەت بە ڕێكاری قانوونييانە.
بەشى دووەم
ماددەی 2:
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم هاوپەيماننامەيە ئەوە وەئەستۆى خۆى دەگرێ كە ڕێز لە مافەكانى سەرجەم تاكەكانى ناو سنوورى هەرێم و بەرفەرمانى قەڵەمڕەوەكەى بگرێ و دەستەبەريان بكا، بەبێ هيچ جۆرە جياوازيدانانێك لە بابەتى توخم، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئايين، بيروڕاى سياسى يان هەر بيروڕايەكى ديكە، بنەچەى جڤاكى و نيشتمانى، ڕەوش و بارى مڵكدارى، لەدايكبوون يان هەر ڕەوشێكى ديكە.
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم هاوپەيماننامەيە، لە بارى نەبوونى ڕێكارى ياسايیى ئارادا يان ڕێكارى ديكەدا، خۆى بەرعۆدە دەكات كە بە گوێرەى پرۆسە دەستوورييەكانى خۆى و دەق و ڕێوشوێنەكانى ئەم پەيماننامەيە، هەنگاوى پێويست هەڵبنێتەوە و قانوونگەل يان ڕێكارى ديكە، كە لەوانەيە پێويست بن، پەسند بكات بۆ بەديهێنانى ئەم مافانەى كە لەم پەيماننامەيەدا هاتوون.
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم هاوپەيماننامەيە خۆى بەرعۆدە دەكات كە:
- دڵنيايى بە هەر كەسێك بدا ئەگەر لە بارێكدا ئەو ماف يان ئازادييانەى لێرەدا هاتوون، خرانە بنپێوە، تەنانەت ئەگەر ئەم پێشێلكارييانە لە لايەن ئەو كەسانەشەوە هاتنە ئەنجامدان كە پۆست و پێگەى فەرمييان هەبێ، چارەسەرێكى كاريگەريان هەبێ.
- دڵنيايى بە هەر كەسێك بدات كە داواى چارەسەرێكى وەسا بكات كە ئەو مافەى خۆى لە ڕێگەى دەسەڵاتگەلى دادوەرى، كاربگێڕى يان ياسايیى پسپۆڕەوە، يان بە هۆى هەر دەسەڵاتێكى ديكەى پسپۆڕ بە گوێرەى سيستەمى قانوونيى دەوڵەت وەربگرێتەوە و توان و شيانى چارەسەريى دادەورى پەرە پێ بدات.
- دڵنيايی ى ئەوەش بدات كە دەسەڵاتگەلى پسپۆڕو تايبەتمەند، چارەسەرێكى لەم بابەتە كاتێ دابين دەكرێن، جێبەجێ بكەن.
ماددەی 3:
دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بەڵێن دەدەن كە وەکیەک دەستەبەرى پياوان و ژنان بكەن بۆ كەڵكوەرگرتن لە تەواوى مافە مەدەنى و سياسييە جێگيركراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە.
ماددەی 4:
- لە كاتى ڕووداوێكى لەناكاوى گشتيدا كە هەڕەشە لە ژيانى نەتەوە بكا و بە ڕەسمى ڕابگەيەنرێ، دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم هاوپەيماننامەيە دەتوانن كارڕايیى ئەوتۆ بگرنەبەر كە لە پابەندييەكانى خۆيان بە گوێرەى ئەم پەيماننامەيە، تا ئەو ڕادەيەى كە پێداويستى و مەرجەكانى بارودۆخەکە دەيانخوازێ، كەم بكەنەوە، بە مەرجێك كە ئەو هەنگاو و كارڕايیيانە لەگەڵ پابەندێتييەكانى ديكەى قانوونى نێودەوڵەتى ناتەبا نەبن و جياوازيدانانيان لەسەر بنەماى توخم، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئايين و بنەچەى كۆمەڵايەتى لێ نەكەوێتەوە.
- بە پێى ئەم دەقە، لە ماددەكانى 6، 7، 8 (بڕگەكانى 1 و 2)، 11، 15، 16، 18 كەم ناكرێتەوە.
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە كە كەڵك لە مافى خۆبواردن و كەمكردنەوە وەردەگرێ، دەبێ يەكجێ دەوڵەتەكانى ديكەى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، لە ڕێگەى سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانەوە، لەو دەقانەى كە خۆى لێ دزيونەتەوە و ئەو هۆيانەى كە پاڵى پێوە ناوە، ئاگادار بكاتەوە. هەروا دەبێ بە هەمان ڕێگەشەوە، دەوڵەتەكان لە مێژووى كۆتاييهێنان بەو خۆدزينەوە و خۆ لێ بەپشتوەرگەڕانە، ئاگادار بكاتەوە.
ماددەى 5:
- نابێ هيچ كام لە خاڵەكانى ئەم پەيماننامەيە وا لێك بدرێنەوە كە هيچ مافێك بە دەوڵەتێك، گرووپێك يان كەسێك بدەن كە بەشداری لە هەر چالاكييەكدا يان ئەنجامدانى كارێكدا بكا كە ماف و ئازادييە دانپيانراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە لەنێو ببات يان بە ڕادەيەكى گەورەتر لەوەى كە لەم پەيماننامەيەدا هاتوون بەرتەسكيان بكاتەوە.
- نابێ مافە بنەڕەتييە دانپيانراو و ئاراكانى مرۆڤ لە هەر وڵاتێكدا بە گوێرەى قانوون، ڕێككەوتنەكان، پێڕەوەكان و داوونەريت، كۆتوبەنديان بخرێتە سەر يان خۆيان لێ بدزرێتەوە، بەو بيانووەى كە ئەو مافانە لەم پەيماننامەيەدا نەهاتوون يان بە ڕادە و پلەيەكى كەمتر جێگير كراون.
بەشى سێيەم
ماددەى 6:
- سروشتكرد هەر مرۆيە، مافى ژيانى هەيە. دەبێ ئەم مافە بە قانوون بپارێزرێ. نابێ هيچ كەسێك ملهوڕانە لە ژيان بێبەش بكرێ.
- لەو وڵاتانەى كە سزاى مردنى تێدا نەسڕاوەتەوە، تەنيا بۆ تاوانگەلى هەرە ترسناك بە گوێرەى قانوونى بەركار لە كاتى ئەنجامدانى تاوانەكەدا دەسەپێنرێ. ئەم سزايەش نابێ پێچەوانەى دەق و ئەحكامەكانى ئەم پەيماننامەيە و ڕێككەوتننامەى قەدەخەكردن و سزادانى تاوانى جينۆسايد بێ. نابێ ئەم سزايە جێبەجێ بكرێ ئەگەر بڕيارێكى كۆتايى لە لايەن دادگايەكى پسپۆڕەوە دەرنەچووبێ.
- كاتێ بێبەشكردن لە ژيان، تاوانى جينۆسايد پێك دێنێ، هيچ شتێكى ئەم ماددەيە ڕێگە بە هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە نادات، بە هيچ شێوەيەك خۆى لە هەر پابەندبوونێك كە بە گوێرەى ڕێككەوتننامەى قەدخەكردن و سزادانى تاوانى جينۆسايد داسەپاون، بدزێتەوە و نەبان بكات.
- هەر كەسێك كە سزاى مردنى بۆ بڕابێتەوە، ئەو مافەى هەيە كە چاوى لە لێخۆشبوون يان سوككردنى سزاكە هەبێ. دەكرێ لە هەموو بارێكدا، لێبووردنى گشتى، لێخۆشبوون يان سوككردنى سزاى مردن دەستەبەر بكرێ.
- نابێ سزاى مردن بۆ ئەو تاوانانەى كە لە لايەن كەسانێكەوە ئەنجام دراون كە تەمەنيان لە 18 ساڵان كەمترە جێبەجێ بکرێ، هەروا نابێ سزاى مردن بەسەر ژنى دووگيانیشدا بێتە جێبەجێكردن.
- هيچ شتێك لەم ماددەيەدا نييە كە ببێتە مايەى دواخستنى سزاى لەسێدارەدان يان ڕێگە لە هەڵوەشاندنەوەى بگرێ لەلايەن هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيەوە.
ماددەی 7:
نابێ هيچ كەسێك ئازار و ئەشكەنجە بدرێ، يان سزايەكى نائينسانى و قورس و سەخت بدرێ و ڕەفتارێكى توند و نامرۆڤانە، يان سووكايەتیى پێ بكرێ، بەتايبەتيش نابێ بەبێ ڕەزامەنديى ئازادانە، هيچ كەسێك تاقيكردنەوەى پزيشكى يان زانستیى لەسەر بكرێ.
ماددەی 8:
- نابێ كەس بە كۆيلە ڕابگيرێ، كۆيلايەتى و كڕين و فرۆشتنى كۆيلە، بە هەر شێوەيەك بێ، قەدەخەيە.
- نابێ كەس بەندايەتیى پێ بكرێ.
-
- نابێ بەزۆر كار و فەرمان بەسەر هیچ كەسێکدا بسەپێنرێ يان ناچارى كاركردن بكرێ.
- بڕگەى 3 (أ)، نابێ ببێتە كۆسپ لە ڕێى ئەو وڵاتانەى كە كارى قورس وەكو سزاى تاوانێك دەسەپێنرێ و بڕينەوەى كارى قورس-يش وەك سزايەكى لەم بابەتە لە لايەن دادگەيەكى شايستەوە دەرچووبێ.
- بۆ مەبەستى ئەم پەرەگرافە، زاراوەى «كارى بەخورتى يان بەناچارى» ئەمانە ناگرێتەوە:
- هەر كار يان خزمەتێك كە لە بڕگەى (ب) ئاماژەى بۆ نەكراوە، كە بەشێوەيەكى ئاسايى هەر كەسێك بە بڕيارێكى قانوونيى دادگەيەك بەندكرابێ و ڕاگيرابێ لێى داوا دەكرێ، يان كەسێك كە لە ماوەى دواى بەندكردن بەمەرج ئازاد دەكرێ.
- هەر خزمەتێك كە سروشت و ڕواڵەتێكى ميليتاریی پێوە ديار بێ، لەو وڵاتانەى كە لەبەر هۆى ويژدانى، خزمەتى سەربازى ناكەن و ئەو ڕەتكردنەوەيەش ددانى پێ دانراوە.
- هەر خزمەتێك كە لە هەلومەرجى لەناكاو و نائاسايى يان كارەساتێكدا كە هەڕەشە لە ژيان يان گوزەران و ئاسوودەيیى كۆمەڵگە بكا، بە پێويست بزانرێ.
- هەر كارێك يان خزمەتێك بەشێكى پابەندبوونە مەدەنييە ئاساييیەكان بێ.
ماددە 9:
- ئازادى و تەناهيى تاكەكەس مافى هەر مرۆڤێكە و نابێ ملهوڕانە هيچ كەس بگيرێ يان ڕابگيرێ. نابێ كەس ئازاديى لێ زەوت بكرێ مەگەر بنەمايەكى قانوونى هەبێ و بە گوێرەى ڕێوشوێنەكانى بێ.
- هەر كەسێ بگيرێ، دەبێ لە ماوەى گيراندا، هۆيەكانى گرتنەكەى پێ رابگەيەندرێ و دەسبەجێ لە هەر تۆمەتێكى درابێتە پاڵ، ئاگادار بكرێتەوە.
- هەر كەسێ لەسەر تۆمەتێكى تاوانكارى بگيرێ يان گل بدرێتەوە و ڕابگيرێ، دەبێ دەسبەجێ ببردرێتە بەردەم دادوەرێك يان هەر كاربەدەستێكى ديكەى ڕێگەپێدراو بە قانوون كە دەسەڵاتى دادوەرى بەڕێوە دەبا. دەبێ گيراوەكە لە ماوەيەكى ماقووڵيشدا، دادگەيى بكرێ يان بەرهەڵدا بكرێ. نابێ لە چاوەڕوانهێشتنەوەى كەسەكان بۆ دادپرسى و بەندكردنيان لە زيندانەكاندا ببێتە ڕێسايەكى گشتى، بەڵكە دەكرێ لە هەر قۆناخێكى كارڕايیى دادوەريدا و تۆمەتپێكراو بە زەمانەتى ئامادەبوون لەبەردەم دادگە و جێبەجێكردنى حوكم ئەگەر پێويست بكات، ئازاد بكرێ.
- هەر كەسێ بە هۆى گيران يان گلدانەوە و ڕاگرتن، ئازادیی لێ زەوت بكرێ، مافى خۆيەتى دەس بە كارڕايیى دادپرسى بكا لەبەردەم دادگەدا، تا دادگە، بێ دواكەوتن بڕيار لەسەر قانوونيبوونى گرتنەكەى دەدا و ئەگەر گلدانەوەكەشى ناقانوونى بوو، ئەوا دەبێ دادگە بڕياڕى ئازادكردنى بدات.
- هەر كەسێ كە بووە بە قوربانيى بەناهەقگيراو يان گلدانەوە، ئەو مافەى دەكەوێ كە زيانەكانى بۆ ببژێردرێتەوە و دەبێ ئەم قەرەبووكردنەوەیەش جێبەجێ بكرێ.
ماددەی 10:
- هەموو ئەو كەسانەى ئازادييان لێ زەوت دەكرێ، دەبێ بە شێوەيەكى مرۆڤانە ڕەفتاريان لەگەڵدا بكرێ و ڕێز لە كەرامەتی زاتيى مرۆڤ بگيرێ.
-
- دەبێ كەسانى تۆمەتپێكراو، لە هەندێ بارى ناوازەدا نەبێ، لەو كەسانەى حوكم دراون جودا بكرێنەوە و دەبێ مامەڵەى جيايان لەگەڵدا بكرێ كە لەگەڵ ستاتۆى ئەوان وەكو كەسانى ناتاوانبار بگونجێ.
- كەسانى هەرزەكار و نابالقى تۆمەتپێكراو، دەبێ لە كەسانى پێگەيشتوو جيا بكرێنەوە و زوو بە زوو ببردرێنە بەردەم دادگە.
- دەبێ سيستەمى پەژيوانگە، لە چارەسەرى بەندييەكان پێك بێ، كە ئامانجە سەرەكييەكەى هێنانەوە سەربار و چاكسازيى جڤاكييان بێ. گەنج و خورتى خەتابار دەبێ لە گەوران جيا بكرێنەوە و بە گوێرەى تەمەن و ستاتۆى قانوونييان مامەڵە و ڕەفتارى گونجاويان لەتەكدا دەكرێ.
ماددەی 11:
نابێ هيچ كەس لەبەر جێبەجێنەكردنى پابەنديى كۆنتراكت (گرێبەست)انەى خۆى زيندانى بكرێ.
ماددە 12:
- هەر تاكێك بە قانوونى لەناو هەرێمى دەوڵەتێكدا بێ، مافى ئەوەى هەيە لە چوارچێوەى ئەم هەرێمەدا بەئازادى هاتوچۆ بكا و بەئازادانەش جێگە و ڕێگەى نيشتەجێبوونى خۆى ديارى بكات.
- هەر تاكێك دەبێ ئازاديى بەجێهێشتنى هەر وڵاتێكى هەبێ بە وڵاتەكەى خۆيشيیەوە.
- ئەم مافانەى لە سەرێ ئاماژەيان پێ كرا، نابێ هيچ كۆت و بەندێكيان بخرێتە سەر، ئەوانەيان نەبێ كە بە پێى قانوون دانراون و بۆ پاراستنى ئاسايشى نەتەوەيى، نيزامى گشتى، تەندروستیى گشتى يان خوڕەوشت يان ماف و ئازادييەكانى كەسانى ديكە پێويست بن و لەتەك مافە دانپيانراوەكانى ديكەى ناو ئەم پەيماننامەيەشدا گونجاو و تەبا بن.
- نابێ هيچ كەس ملهوڕانە و لەخۆڕا لە مافى هاتنەوە بۆ وڵاتى خۆى بێبەش بكرێ.
ماددەی 13:
هەر كەسێكى بيانى بەشێوەيەكى قانوونى لە ناو هەرێمى دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم هاوپەيماننامەيەدا بێ، تەنيا بە گوێرەى بڕيارێكى قانوونى لەو وڵاتە دوور دەخرێتەوە و، ڕێگەى پێ دەدرێ، مەگەر لەبەر هۆكارگەلێكى ئاسايشى نيشتمانى و بەناچارى وەدەرنرابێ، هۆكارگەلى خۆى دژ بەم وەدەرنانە پێشكەش بكا و داواى چاوگێڕانەوە بە كهیسەكەى خۆى بكا و بۆ ئەم مەبەستەى پێشوو، لە لايەن دەسەڵاتى پسپۆر و تايبەتمەند يان هەر كەسێك يان كەسانێكەوە كە لە لايەن دەسەڵاتى تايبەتمەندەوە ديارى كرابن، نوێنەرايەتى بكرێ.
ماددەی 14:
- دەبێ سەرجەم كەسەكان لەبەردەم دادگە و دادوەريدا يەكسان بن. هەر كەسێك مافى ئەوەى هەيە، لە كاتى لێوەكۆڵين و بڕياردان لەبارەى هەر تۆمەتێكى تاوانكاريى كە درابێتە پاڵى، يان لەبارەى هەر ماف و پابەندبوونێكى لە دادخوازييەكدا بەپێى قانوون، دادگايیيەكى دادپەروەرانە و بەئاشكرا بكرێ لە بەردەم دادگايەكى پسپۆڕ، سەربەخۆ و بێلايەن و دامەزراودا بە گوێرەى قانوون. دەكرێ چاپەمەنى و خەڵك لە بەشێكى يان لە تەواوى دادگە دوور بخرێتەوە لەبەر هۆكارى مۆراڵى، يان نيزامى گشتى يان ئاسايشى نيشتمانى لە كۆمەڵگەيەكى ديموكراتدا، يان كاتێ كە بەرژەوەنديى تايبەتى لايەنەكانى كهیسەكە وا دەخوازێ، يان تا ئەو ڕادەيەى كە بە تێڕوانينى دادگە بە پێويست دەزانرێ لە هەلومەرجێكى تايبەتدا كە ئاشكراگۆيى زيان بە بەرژەوەنديى دادپەروەرى دەگەيەنێ. بەڵام هەر بڕيارێك كە لەبارەى كهیسێكى تاوانكارى يان دادخوازييەكى مەدەنى بدرێ، دەبێ ئاشكرا بێ مەگەر ئەو كاتە كە بەرژەوەندیی كەسانى گەنج شتێكى دیکە بخوازێ يان كارڕايیيەكان پێوەندييان بە كێشە و گرفتى ناو خێزان يان پێوەندييان بە سەرپەرشتيى منداڵانەوە هەبێ.
- هەر كەسێك تۆمەتێكى تاوانكاريى بدرێتە پاڵ، مافى ئەوەى هەيە بە بێتاوان دابندرێ تا ئەو دەمەى بە گوێرەى قانوون تاوانەكەى لەسەر ساغ دەبێتەوە.
- هەر كەسێك تۆمەتێكى جینایەتکاریی پێ بكرێ، لانى كەم ئەم گەرەنتى و دەستەبەرييانەى بە تەواوەتى وەك ئەوانى دى هەيە:
- دەبێ دەسوەجێ و بەوردى و بەو زمانەى كە تێى دەگات لە سروشت و هۆى ئەو تۆمەتەى ئاراستەى كراوە، ئاگادار بكرێتەوە.
- كات و هاسانكاريى پێويستى لەبەردەستدا بێ بە مەبەستى ئامادەكردنى داكۆكينامە و پێوەنديكردن بەو پارێزەرەى كە بەخۆى دەستنيشانى كردووە،
- دەبێ بێ دواكەوتن و لە خۆڕا، دادگايى بكرێ.
- دەبێ لە حزورى خۆيدا، دادگايى بكرێ و چ بە خۆى يان لە ڕێگەى هاريكاريى قانوونييەوە كە خۆى هەڵی بژاردووە، داكۆكى لە خۆى بكا، ئەگەر هاريكاريى قانوونیشى نەبێ، دەبێ لەو مافە ئاگادار بكرێتەوە، دەبێ هاريكاريى قانوونیى بۆ ديارى بكرێ، لە هەر بارێكدا كە بەرژەوەندييەكانى دادپەروەرى وا بخوازن و ئەگەر ئەو توانايەى نەبێ پارێزەر بۆ خۆى بگرێ، بێ ئەوەى پارەيەك بدات، پارێزەرى بۆ دەگيرێ.
- دەبێ پرسيار لە شايەتەكانى دژ بە تۆمەتپێكراو بكرێتەوە يان لێيان بپرسرێتەوە و ڕێگە بە ئامادەبوونى ئەو شايەتانەش بدرێ كە بە قازانجى ئەو شايەتى بدەن لە هەمان هەلومەرجدا كە شايەتەكانى دژى تێدا بووە.
- ئەگەر تۆمەتپێکراو لەو زمانە نەگات كە لە دادگە قسەى پێ دەكرێ، دەبێ بەخۆڕايى، وەرگێڕى بۆ پەيدا بكرێ.
- نابێ ناچار بكرێ كە شايەتى لە دژى خۆى بدا يان خۆى بە تاوانبار بزانێ.
- لە بارى كەسانى نابالقدا، دەبێ دادڕايى بەو شێوەيە بێ كە تەمەن و حەز و ويستى بارهێنانەوەيان لەبەرچاو بگيرێ.
- هەر كەس تاوانێكى لەسەر ساغ بوويەوە، مافى ئەوەى دەبێ كە داواى چاوگێڕانەوە بە تاوانباركردنەكە و سزاكەى بكاتەوە لەبەردەم دادگەيەكى بەرزتردا بە گوێرەى قانوون.
- كاتێ كە كەسێك بە بڕيارێكى بنبڕى كۆتايى، بە تاوانێكى جينايەتكارى تاوانبار دەكرێ و دوا بە دواى ئەوەش تاوانباركردنەكەى هەڵوەشايەوە يان كەوتە بەر لێبووردن كە فاكتێكى حاشالێنەكراوى نوێ دۆزرايەوە كە حوكمەكەى هەڵەيەكى دادوەریی تێدا بووە و ئەو كەسە لە ئاكامى ئەو حوكم و سزادانەدا تووشى ئازار بووە، دەبێ بە پێى قانوون قەرەبوو بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر دەركەوت كە بۆ خۆى كەم يان زۆر دەستى لە نەدركاندنى بەڵگە و فاكتێكى نەزانراودا هەيە كە بە شێوەيەكى پاژەكى يان بە تەواوى دراوەتە پاڵ ئەو، ئەوا ئەو مافەى نييە و نايكەوێ.
- نابێ بۆ هەمان تاوان، كەس بۆ دووجار دادگايى بكرێ كە پێشتر حوكمى كۆتايیى بۆ دەرچووبێ يان بە گوێرەى قانوون و دادڕايیى سزايیى ئەو وڵاتە بەرهەڵدا كرابێ.
ماددەی 15:
- ناكرێ هيچ كەسێك لەبەر ئەنجامدانى كارێك يان ئەنجامنەدانى كە لە كاتى ئەنجامدانيدا، تاوانێكى جينايەتكارانە نەبووە بە گوێرەى قانوونى نيشتمانى يان قانوونى نێودەوڵەتى، تاوانبار بكرێ. هەروا نابێ سزايەكى توندتر لەو سزايەى كە لە كاتى ئەنجامدانى تاوانەكەدا، دەبوايە بێتە جێبەجێكردن، ديارى بكرێ ئەگەر پاش ئەنجامدانى تاوانەكە، دەقێكى قانوونیى ديكە دابنرێ و سزايەكى سووكترى دانابێ، ئەوا تاوانپێكراو دەتوانێ سوودى لێ وەربگرێ.
- شتێك لەم ماددەيەدا نييە كە ڕێگە لە دادگەييكردن و سزادانى هەر كەسێك بگرێ لەبەر ئەنجامدانى كارێك يان لەبەر ئەنجامنەدانى، لەكاتى ئەنجامدانيدا، بە تاوان دابنرێ بە گوێرەى پرەنسيپە گشتييەكانى قانوون كە كۆمەڵگەى نەتەوەكان دانى پێدا نابێ.
ماددەی 16:
هەر كەسێك مافى ئەوەى هەيە لە هەر شوێن و جێگەيەكدا بێ لەبەردەم قانووندا، وەكو كەسێك بناسرێ.
ماددەی 17:
- نابێ بەشێوەيەكى ناقانوونى مايە لە تايبەتمەنديى، ماڵ و خێزان و نامەگۆڕينەوەى هيچ كەسێكدا بكرێ و نابێ پەلامارى ناقانوونییانەى ئابڕوو و نێوبانگى هيچ كەسێك بدرێ.
- هەر كەسێك لە بەرانبەر مايەى خۆتێكردن و پەلامارى وەسادا، ئەو مافەى هەيە كە قانوون پشتگيریی لێ بكا و بيپارێزێ.
ماددەی 18:
- هەر تاكێك مافى ئازاديى بيركردنەوە و بيروڕا و ئايينى هەيە. ئەم مافە ئەوەش دەگرێتەوە كە هەر كەسێك ئازادە بە ويستى خۆى پەسند و پێڕەوى لە چ ئايين و باوەڕێك دەكات، چ بە تەنێ و چ بهەڤڕا لەگەڵ كەسانى ديكەدا، چ بە نهێنى و چ بەئاشكرا، ئايين يان باوەڕى خۆى سەبارەت بە خوداپەرستى و بەرفەرمانبوون و پراكتيك و خوێندن و پەروەردەكردن، دەرببڕێ و نيشان بدات.
- نابێ تۆبزى لە كەس بكرێ و، نابێ ڕێگە لە ئازاديى پەسندكردن و پێڕەويكردن لە هەر ئايين و باوەڕێك بگیرێ.
- تەنيا ئازاديى ڕادەربڕين و ئايين و باوەڕى كەسێك، بەرفەرمانى ئەو كۆتوبەندانە دەبێ كە لە قانووندا دەقبەند كراون و بۆ پاراستنى ئاسايشى گشتى، نيزام، تەندروستى يان خوڕەوشت يان ماف و ئازادييەكانى كەسانى ديكە پێويست بن.
- دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بەڵێن دەدەن ڕێز لە ئازاديى دايباب و، سەرپەرشتكاريى قانوونى بگرن لە هەر جێيەكدا مايەى جێبەجێكردن بێ تا دەستەبەرى پەروەردەى ئايينى و ئەخلاقيى مناڵەكانى خۆيان بكەن بە شێوەيەك كە لەگەڵ باوەڕيى ئەواند تەبا و كۆك بێ.
ماددەى 19:
- هەر تاكێك مافى ئەوەى هەيە بەبێ مايەى خۆتێكردن، ڕاى خۆى دەرببڕێ.
- هەموو تاكێك مافى ئازاديى ڕادەربڕينى هەيە، ئەم مافە ئازاديى گەڕان بەدواى زانيارى يان هەر جۆرە ئايديا و وەرگرتن و گواستنەوەيان، بێ لەبەرچاوگرتنى سنوورەكان، دەگرێتەوە. ئەوەش يان ئەوەتا بە زار، يان بە نووسين يان بە چاپكراوى جا چ لە چوارچێوە و فۆرمێكى هونەریدا بێ، يان بە هەر دەستاوێژێكى ديكە كە ئەو كەسە خۆى هەڵیدەبژێرێ.
- پراكتيزەكردنى ئەو مافانەى كە لە بڕگە 2ى ئەم ماددەيەدا دەقبەند كراون، ئەرك و بەرپرسيارەتیى تايبەتى لەگەڵدايە. لە سەرينى ئەمەوە، لەوانەيە هەندێ كۆت و بەندى بخرێتە سەر، لێ تەنيا بە پشتبەستن بە دەقەكانى قانوون دەبێ و پێويست بن بۆ:
- ڕێزگرتن لە ماف و نێوبانگ و شۆرەتى كەسانى ديكە.
- پاراستنى ئاسايشى نيشتمانى يان نيزامى گشتى يان تەندروستیى گشتى يان خووڕەوشت.
ماددەی 20:
- هەر جۆرە پرۆپاگندەكردنێك بۆ شەڕ، بە قانوون قەدەخەيە.
- هەر جۆرە هاندانێكى ڕك و كينەى نەتەوەيى، توخمپەرستى يان ئايينى كە ببێتە هۆى جياوازينانەوە و دژمنكارى يان توندوتيژى، بە گوێرەى قانوون قەدەخەيە.
ماددەی 21:
دەبێ دان بە مافى گردبوونەوەى ئاشتييانەدا بنرێ. نابێ بۆ جێبەجێكردنى ئەم مافە هيچ كۆت و بەندێك دابنرێ، ئەو كۆت و بەندانە نەبن كە لەتەك قانووندا تەبان و لە كۆمەڵگەيەكى ديموكراتيكدا پێويستن لەبەر بەرژەوەندييەكانى ئاسايشى نەتەوەيى يان تەناهيى گشتى، نيزامى گشتى، پاراستنى تەندروستیى گشتى و خووڕەوشت يان پاراستنى ماف و ئازادييەكانى كەسانى ديكە.
ماددەی 22:
- هەر تاكێك مافى بە ئازاديى گردبوونەوەى لەتەك كەسانى ديكەدا هەيە بە مافى پێكهێنان و چوونەناو سەنديكاكانيشەوە بۆ پاراستنى بەرژەوەندييەكانى خۆى.
- نابێ هيچ كۆت و بەندێك بۆ جێبەجێكردنى ئەم مافە دابندرێ، ئەوانەيان نەبن كە لە قانووندا هاتوون و لە كۆمەڵگەيەكى ديموكراتيكدا پێويستن لەبەر بەرژەوەندييەكانى ئاسايشى نەتەوەيى يان تەناهيى گشتى، نيزامى گشتى، پاراستنى تەندروستیى گشتى يان خووڕەوشت يان پاراستنى ماف و ئازادييەكانى كەسانى ديكە. ئەم ماددەيە ڕێگە لە سەپاندنى كۆت و بەندى قانوونى بەسەر ئەندامانى هێزە چەكدارەكان و پۆليسدا ناگرێ لە جێبەجێكردنى ئەم مافەدا.
- هيچ كام لە ڕێوشوێنەكانى ئەم ماددەيە، ڕێگە بە دەوڵەتەكانى ئەندامى ڕێككەوتننامەى ساڵى 1948ى ڕێكخراوى نێودەوڵەتيى كار، كە تايبەتە بە ئازاديى گردبوونەوە و پاراستنى مافى خۆڕێكخستن نادات كە ڕێكارى قانوونى، يان بە هۆى قانوون جێبەجێكردنەوە، بە شێوازێك كە دژايەتیى ئەو دەستەبەرييانەى لێ بكەوێتەوە كە لەو ڕێككەوتننامەيەدا هاتوون.
ماددەی 23:
- خێزان، يەكەيەكى كۆمەڵايەتيى سروشتى و بنەڕەتيى كۆمەڵگەيە و مافى ئەوەى هەيە لە لايەن كۆمەڵگە و دەوڵەتەوە بپارێزرێ.
- دەبێ دان بە مافى پياوان و ژناندا بنرێ كە لە تەمەنى هاوسەرگيريدا، هاوسەرگيرى بكەن و خێزانێك پێكەوە بنێن.
- هيچ هاوسەرگيرييەك بەبێ ڕەزامەنديى تەواو و ئازادانەى هەردوو لايەنى ئافرەت و پياو پێك ناهێنرێ.
- دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، دەبێ هەنگاوگەلێكى لەبار بهاوێژن بۆ دەستەبەركردنى يەكسانيى ماف و بەرپرسيارييەتييەكانى هەردوو لايەنى هاوسەرگيرى، لە ماوەى هاوسەرگيرى و لە بارى هەڵوەشانەوەشدا. لە بارى هەڵوەشانەوەى هاوسەرگيريدا، دەبێ بە دەق پاراستنى پێويست بۆ مناڵان دابين بكرێ.
ماددەی 24:
- هەر منداڵێك، بەبێ جياوازيكردن لەسەر بنەماى توخم، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئايين، بنەچەى نەتەوەيى يان كۆمەڵايەتى، بارى موڵكدارى يان زايندەيى، مافى ئەوەى هەيە كە وەكو كەمتەمەنێك، لە لايەن خێزانەكەى خۆى و كۆمەڵگە و دەوڵەتەوە، كەڵك لە ڕێكارەكانى پاراستن وەربگرێ.
- هەر منداڵێك، دەبێ يەكسەر دواى لەدايكبوون تۆمار بكرێ و ناوێكى لێ بندرێ.
- هەر منداڵێك مافى وەدەستهێنانى دەوڵەتنامە (جنسیە)يەكى هەيە.
ماددەی 25:
دەبێ هەر هاووڵاتييەك، بەبێ ئەو جياوازييانەى لە ماددەى 2دا باس كراون و بێ هيچ كۆتوبەندێكى بێجێ، ئەم ماف و دەرفەتەى هەيە:
- لە بەڕێوەبردنى كاروبارى گشتى، ڕاستەوخۆ يان لە ڕێگەى نوێنەرە بەئازادى هەڵبژێردراوەكانيیەوە، بەشدار بێ.
- لە هەڵبژاردنى ناو بە ناوى پاك و بێگەرددا كە بە دەنگى گشتيى وەكيەك و نهێنى بەڕێوە بچێ و گەرەنتیى ويستدەربڕينى ئازادانەى هەڵبژێران بكا، دەنگ بدات و خۆى هەڵبژێرێ.
- لەسەر بنەما گشتييەكانى وەكيەكى، دەستى بە خزمەتگوزاریی گشتيى لە وڵاتەكەى ڕابگات.
ماددەی 26:
هەموو كەسەكان لە بەرانبەر قانووندا يەكسانن و بێ هيچ جياوازييەك دەبێ بە يەكسانی، قانوون بيانپارێزێ. لەم بارەوە، دەبێ قانوون پێشى هەر چەشنە جياوازيدانێك بگرێ و دەستەبەرى پاراستنى يەكسان و كاراى سەرجەميان بكا دژى جياوازيدانان لەسەر بنەماى وەك: توخم، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئايين، بيروڕاى سياسى يان هی تر، بنەچەى كۆمەڵايەتى يان نەتەوەيى، موڵكدارى، لەدايكبوون و ستاتۆ و ڕەوش و بارى ديكە.
ماددەی 27:
لەو دەوڵەتانەى كە كەمينەى ئيتنى، ئايينى يان زمانيیان هەيە، ئەو كەسانەى كە سەر بەم كەمينانەن، نابێ حاشا لەو مافەيان بكرێ، بهەڤڕا لەتەك ئەندامانى ديكەى ئەم گرووپەدا، كە كەڵك لە كولتوورى خۆيان وەربگرن و پێڕەوى لە ئايينى خۆيان بكەن و نمايشى بكەن، يان زمانى تايبەت بە خۆيان بەكار بهێنن.
بەشى چوارەم
ماددەی 28:
- كۆميتەى مافەكانى مرۆڤ (لێرە بەدواوە لەم پەيماننامەيەدا بە كۆميتە ناوى دەهێنرێ) لە 18 ئەندام پێك دێ و ئەو ئەرك و فەرمانانە جێبەجێ دەكات كە لێرە بەدواوە دێن.
- ئەم كۆميتەيە لەو هاووڵاتييانەى دەوڵەتانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە پێك دێ كە خودان ئاكارى بەرز و پسپۆریی دانپيانراوى لێوەشاوەن لە بوارى مافەكانى مرۆڤدا، بە لەبەرچاوگرتنى سوود و گرنگيى بەشدارى هەندێ كەس كە شارەزايیى قانوونييان هەس.
- ئەندامانى كۆميتە، دەبێ لەبەر لێوەشاوەيیيان هەڵبژێردرێن و خزمەت بكەن.
ماددەی 29:
- ئەندامانى كۆميتە، بە دەنگدانى نهێنى لەنێو ليستى ئەو كەسە شياوانەدا كە مەرجەكانى ماددە 28يان تێدايە و لە لايەن دەوڵەتە ئەندامەكانى ئەم پەيماننامەيەوە پاڵێوراون، هەڵدەبژێردرێن.
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، نابێ لە دوو پاڵێوراو زێتر كانديد بكا. ئەم كەسانە، دەبێ هاووڵاتیى ئەو دەوڵەتانە بن كە كانديديان دەكەن.
- هەر كەسێك دەكارێ دووبارە خۆى كانديد بكاتەوە.
ماددەی 30:
- نابێ يەكەم هەڵبژاردن شەش مانگ درەنگتر پاش ئەوەى ئەم پەيماننامەيە دەكەوێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، بەڕێوە بچێ.
- لانى كەم چوار مانگ پێش ڕۆژى هەر هەڵبژاردنێكى كۆميتە، ئەو هەڵبژاردنەى لێ دەرچێ كە بۆ پڕكردنەوەى جێگەى بەتاڵ بە گوێرەى ماددەى 34 ئەنجام دەدرێ، سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بە نووسراو داوا لە دەوڵەتانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە دەكا كە لە ماوەى سێ مانگدا، ناوى كانديدەكانى خۆيان بۆ ئەندامێتيى كۆميتە، پێشكەش بكەن.
- دەبێ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان ليستێكى ناوى ئەو كەسانەى ناوزەد كراون، بە پێى ڕيزبەنديى پيتەكانى ئەلفبێ ئامادە بكا و لە بەرانبەر ناوى هەر كانديدێكيشدا ئاماژە بۆ نێوى ئەو دەوڵەتە ئەندامەش بكا كە ئەو كەسەى كانديد كردووە و نابێ لە مانگێ درەنگتر پێش ڕۆژى هەر هەڵبژاردنێك، بيخاتە بەردەم دەوڵەتە ئەندامەكانى ئەم پەيماننامەيەوە.
- دەبێ هەڵبژاردنى ئەندامەكانى كۆميتە لە كۆبوونەوەيەكدا كە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانى تێدا ئامادە بێ و لە بارەگاى نەتەوە يەكگرتووەكاندا ببەسترێ، بەڕێوە بچێ. لەم كۆبوونەوەيەدا، دەبێ دوو لەسەر سێى دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيەى تێدا ئامادە ببێ، ئەوجا ڕێژەى قانوونى تەواو دەبێ و ئەو كەسانەى بۆ كۆميتەش هەڵدەبژێردرێن دەبێ لەو پاڵێوراوانە بن كە زۆرترين دەنگ و زۆرينەى ڕەهاى دەنگەكانى نوێنەرانى دەوڵەتە ئەندامەكانیان بەدەست هێنابێ كە ئامادە بوون و دەنگيان داوە.
ماددەی 31:
- نابێ زێتر لە يەك هاووڵاتيى هەمان دەوڵەت ئەندامى كۆميتە بێ.
- لە هەڵبژاردنى كۆميتەدا، دەبێ ڕەچاوى دابەشبوونى وەكيەكى جيوگرافيى ئەندامەتى و نوێنەرايەتیى شێوە جيا- جياكانى شارستانى و سيستەمگەلە قانوونييە سەرەكييەكان، بكرێ.
ماددەی 32:
- ماوەى ئەندامەتیى ئەندامەكانى كۆميتە چوار ساڵە. ئەوان دەكارن، ئەگەر بپاڵێورێنەوە، جارەكا دن هەڵببژێردرێنەوە. بەهەر حاڵ، ماوەى ئەندامەتیى نۆ ئەندامى هەڵبژێردراوى يەكەم هەڵبژاردن لە كۆتايیى دوو ساڵى یەکەمدا بەديماهى دێت، يەكسەر پاش يەكەم هەڵبژاردن، ناوى ئەو نۆ ئەندامە بە تيروپشك دێنە دەستنيشانكردن لە كۆبوونەوەيەكدا كە لە بڕگەى 4ى ماددە 30دا ئاماژەى بۆ كراوە.
- هەڵبژاردن دواى كۆتاييهاتنى ماوەى ئەندامەتى، بە گوێرەى ماددەكانى پێشووى ئەم بەشەى پەيماننامە، دێتە ئەنجامدان.
ماددەى 33:
- ئەگەر بە ڕاى گشت ئەندامانى ديكەى كۆميتە، ئەندامێك دەست لە ڕاپەراندنى ئەركەكانى خۆى هەڵگرێ، لەبەر هەر هۆيەك جگە لە ئامادەنەبوونى كاتى، ئەوا سەرۆكى كۆميتە دەبێ ئاگادارى سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بكاتەوە، ئەو ژى دەبێ ڕايبگەيەنێ كە كورسيى ئەو ئەندامە بەتاڵە.
- لە بارى ڕووداوى مردن يان دەستهەڵگرتنى ئەندامێكى كۆميتە، دەبێ يەكسەر سەرۆك، ئاگادارى سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بكاتەوە و ئەو ژى ڕای بگەيەنێ كە كورسيى ئەو ئەندامە لە ڕۆژى مردنيیەوە يان لەو ڕۆژەى كە دەستلەكاركێشانەوەكەى جێى خۆى گرتووە، بەتاڵ بووە.
ماددەی 34:
- كاتێ بەتاڵبوونێكى كورسيى ئەندامەتى بە گوێرەى ماددە 33 ڕاگەيەنرا و ئەگەر ماوەى ئەندامەتیى ئەو ئەندامەى كە دەبێ جێگەكەى پڕ بكرێتەوە، تەواو نەبووبێ، ئەوا لە ماوەى شەش مانگى ڕاگەياندنى چۆلبوونى كورسييەكە، سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، دەبێ ئاگادارى سەرجەم دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بكاتەوە كە لە ماوەى دوو مانگدا بە گوێرەى ماددە 29 بۆ مەبەستى پڕكردنەوەى كورسييە چۆلبووەكە، ناوزەدى خۆيان پێشكەش بكەن.
- سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، دەبێ ليستێكى بەناوى ئەو كەسانەى ناوزەد كراون بەپێى پيتەكانى (ئەلفبێ) پێشكەش بە دەوڵەتە ئەندامەكانى ئەم پەيماننامەيە بكات. پاشان هەڵبژاردن بۆ پڕكردنەوەى كورسييە چۆلەكە بە گوێرەى ئەحكامە پێوەنددارەكانى ئەم پەيماننامەيە بەڕێوە بچێ.
- هەر ئەندامێكى كۆميتە، كە بۆ پڕكردنەوەى كورسيى چۆل بە پێى ماددە 33 هەڵدەبژێردرێ، تا كۆتايیى ماوەى ئەو ئەندامەى كورسييەكەى لە كۆميتە چۆڵ بووە بە گوێرەى دەقەكانى ئەم ماددەيە، ئەو پۆستى ئەندامێتييەى لەدەست دەمێنێتەوە.
ماددەی 35:
ئەندامەكانى كۆميتە، بە ڕەزامەنديى كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان و ئەو مەرجانەى ديارييان دەكا و بە ڕەچاوكردنى گرنگيى بەرپرسيارەتييەكانى كۆميتە، پاداش لە سەرچاوە داراييیەكانى نەتەوە يەكگرتووەكان وەردەگرن.
ماددەی 36:
سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، دەبێ ستاف و هاسانكاريى پێويست بۆ ڕاپەراندنى كاراى ئەرك و فەرمانەكانى كۆميتە بە گوێرەى ئەم پەيماننامەيە، دابين بكات.
ماددەی 37:
- سكرتێرى گشتیى نەتەوە يەكگرتووەكان، دەبێ بۆ كۆبوونەوەى سەرەتايیى كۆميتە لە بارەگاى نەتەوە يەكگرتووەكان، ئەندامەكان بانگ بكا.
- پاش ئەم كۆبوونەوە سەرەتایييە، دەبێ كۆميتە لەو كاتانەى كە لە پێڕەوى ناوخۆى خۆيدا هاتوون، كۆ ببێتەوە.
- كۆميتە بە شێوەيەكى ئاسايى لە بارەگاى نەتەوە يەكگرتووەكان يان لە ئۆفيسى نەتەوە يەكگرتووەكان لە جنێف كۆ دەبێتەوە.
ماددەی 38:
هەر ئەندامێكى كۆميتە، بەر لەوەى بچێتە سەر كار و، ئەركەكانى ڕابپەڕێنێ، دەبێ لە كۆبوونەوەيەكى ئاشكراى كۆميتەدا ڕايبگەيەنێ كە ئەرك و فەرمانەكانى خۆى بە بێلايەنانە و دەستپاكييەوە ئەنجام دەدا.
ماددەی 39:
- كۆميتە، بۆ ماوەى دوو ساڵان، بەرپرسانى خۆى هەڵدەبژێرێ و دەكرێ دووبارە هەڵببژێردرێنەوە.
- كۆميتە، پێڕەوێكى ناوخۆ بۆ خۆى دادەنێ. دەبێ ئەم پێڕەوە بە دەق ئەم خاڵانەى تێدا بێ:
- بە 12 ئەندام ڕێژەى قانوونيى كۆبوونەوە تەواو دەبێ.
- بڕيارەكانى كۆميتە بە زۆرينەى دەنگى ئەندامانى ئامادەبووى کۆبوونەوە، وەردەگيرێن.
ماددەی 40:
- دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە هەرێ دەدەن ڕاپۆرتى خۆيان سەبارەت ئەو كارڕايى و ڕێوشوێنانەى پەسنديان كردوون پێشكەش دەكەن كە دەبنە هۆى هاتنەدى مافە دانپيانراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە و هەروا لە بارەى ئەو پێشكەوتنەى كە لە كەڵكوەرگرتنى ئەو مافانەدا، بەدی هاتووە:
- لە ماوەى ساڵێكدا دواى بەركاربوونى ئەم پەيماننامەيە سەبارەت بە دەوڵەتەكانى ئەندامەوە.
- پاشان لەسەر داخوازيى كۆميتە، هەر كاتێ داواى بكات.
- دەبێ سەرجەم ڕاپۆرتەكان بۆ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بنێردرێ و ئەو ژى بۆ ڤەكۆڵين ڕادەستى كۆميتەى بكات. دەبێ ڕاپۆرتەكان قامك بۆ ئەو فاكتەر و گرفت و سەختييانە، ئەگەر هەبن، ڕابكێشن كە كاريگەرييان لەسەر جێبەجێكردنى ئەم پەيماننامەيە هەيە.
- سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان دواى پرسوڕاكردن بە كۆميتە، كۆپیى بەشەكانى ئەم ڕاپۆرتانە بۆ ئاژانسە تايبەتمەندە پەيوەنددارەكان بنێرێ كە لەوانەيە بكەونە ناو جغز و بوارى پسپۆڕيى ئەوانەوە.
- دەبێ كۆميتە ديراسەى ئەو ڕاپۆرتانە بكات كە لە لايەن دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيەوە خراوەتە بەردەمى. دەبێ كۆميتە ڕاپۆرتەكانى خۆى و ئەو سەرنج و تێبینييە گشتييانەى كە خۆى بە گونجاويان دەزانێ بۆ دەوڵەتەكانى ئەندامى بنێرێ. هەروا كۆميتە لەوانەيە ئەم سەرنج و تێبينيانە و كۆپييەك لەو ڕاپۆرتانەى كە لە لايەن دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيەوە پێى گەيشتوون، بۆ ئەنجوومەنى ئابوورى و كۆمەڵايەتى بنێرێ.
- دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە لەگينە سەرنج و ڕاى خۆيان لە بارەى ئەو تێبينييانەوە بۆ كۆميتە دەرببڕن كە بە گوێرەى بڕگەى 4ى ئەم ماددەيە دراون.
ماددەی 41:
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە لەوانەيە لە هەر كاتێكدا، بە گوێرەى ئەم ماددەيە دان بە دەسەڵاتى ئەم كۆميتەيەدا بنێ بۆ وەرگرتن و ڤەكۆڵين لەو سكاڵايانەى دەوڵەتێكى ئەندام كە دەوڵەتێكى ديكەى ئەندام پابەندييەكانى خۆى بەپێى ئەم پەيماننامەيە جێبەجێ ناكات. دەكرێ بە پێى ئەم ماددەيە تەنيا ئەو سكاڵايانە بێنە وەرگرتن و ڤەكۆڵين كە لە لايەن دەوڵەتێكى ئەندامەوە پێشكەش دەكرێن كە دانى بە دەسەڵاتى كۆميتەدا نابێ. هەر سكاڵا و گازاندەيەك دەبێ لە لايەن كۆميتەوە بێتە وەرگرتن، ئەگەر سكاڵاكە پێوەندیی بە دەوڵەتێكى ئەندامەوە هەبێ كە جاڕێكى وەساى نەداوە. ئەو سكاڵايانەى بە پێى ئەم ماددەيە وەرگيراون، دەبێ بە گوێرەى ئەم كارڕايیيانە مامەڵەيان لەتەكدا بكرێ:
- ئەگەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بۆى دەربكەوێ كە دەوڵەتێكى ديكەى ئەندام، ئەحكام و دەقەكانى ئەم پەيماننامەيە جێبەجێ ناكا، ئەوا دەكارێ لە ڕێگەى ئاگادارنامەيەكەوە سەرنجى دەوڵەتەكە بۆ ئەم پرسە ڕابكێشێ. لە ماوەى سێ مانگ دواى وەرگرتنى ئاگادارنامەكە، ئەوا دەبێ دەوڵەتى وەرگر بە نووسين ڕوونكردنەوە و لێكدانەوە لە بارەى پرسەكە بەو دەوڵەتە بدا كە سكاڵاكەى كردووە، بەو مەرجەى كە ڕوونكردنەوەكە تا ئەو جێيەى شياوە و دەكرێ و پێويستە، ئاماژە بۆ ئەو كارڕايیيە ناوەخۆ و چارەسەرييانە بكا كە هەڵێنراونەتەوە يان چاوەڕوان دەكرێ هەڵبهێنرێنەوە يان لەم بارەوە لەبەردەستن.
- ئەگەر هەر دوو دەوڵەتى ئەندام و پەيوەنددار بە بابەتەكە لە ماوەى شەش مانگ پاش وەرگرتنى ئاگادارنامەى يەكەم، بە ڕەزامەنديى هەردوو لايان بابەتەكە چارەسەر نەكرا، ئەوا هەر كام لە دوو دەوڵەتەكە مافى ئەوەى هەيە بە نامە بابەتەكە بە كۆميتە و دەوڵەتەكەى ديكە ڕابگەيەنێ.
- كۆميتە، دەبێ تەنيا ئەو كاتە مامەڵە لەگەڵ پرسێكدا بكا پاش ئەوەى دڵنيا دەبێتەوە كە هەموو چارەسەرێكى ناوخۆيى لەم بارەوە گيراونەتە بەر و كەڵكيان لێ وەرگيراوە بە گوێرەى پرەنسيپە دانپيانراوە گشتييەكانى قانوونى نێودەوڵەتى. نابێ ئەمە ببێتە ڕێسا، ئەگەر جێبەجێكردنى چارەسەر بۆ ماوەيەكى ناماقووڵ دوا كەوت.
- كۆميتە، كۆبوونەوەى داخراو بۆ لێكۆڵينەوەى سكاڵا و گازاندەكان دەكات بە گوێرەى ئەم ماددەيە.
- بە لەبەرچاوگرتنى ئەحكامەكانى بڕگەى (ت)، كۆميتە هەوڵ و تەقەڵاى پياوچاكانەى خۆى لەگەڵ دەوڵەتە ئەندامە پێوەنددارەكان دەدا بە مەبەستى گەيشتن بە چارەسەرێكى دۆستانەى بابەتەكە لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لە مافەكانى مرۆڤ و ئازادييە بنەڕەتييە دانپيانراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە.
- كۆميتە دەكارێ، سەبارەت بە هەر بابەتێك كە حەواڵەى لاى ئەو كراوە، داوا لە دەوڵەتە ئەندامە پێوەنددارەكان بە گوێرەى بڕگە (ب) بكا، كە زانياریی پەيوەست بە بابەتەكەى پێ بدەن.
- ئەو دەوڵەته ئەندامە پەيوەنددارانەى لە بڕگە (ب)دا ئاماژەيان بۆ كراوە، مافى ئەوەيان هەيە لەناو كۆميتەدا نوێنەريان هەبێ، كاتێ كە بابەتەكە تاوتوێ دەكرێ و يادداشت و تێبينیى خۆيان چ بە زارەكى و چ بە نووسين پێشكەش بكەن.
- لە ماوەى دوازدە مانگدا پاش وەرگرتنى ئەو ئاگادارنامەيەى لە بڕگە (ب)دا هاتووە، كۆميتە ڕاپۆرتى خۆى دەخاتە ڕوو:
- ئەگەر ڕێگەچارەيەك بە گوێرەى بڕگە (ج) دۆزرايەوە، ئەوا دەبێ كۆميتە ڕاپۆرتى خۆى بەتەنيا و بەكورتى لە بارەى فاكتەكان و چارەسەرەكە ئامادە بكا.
- ئەگەر ڕێگەچارەيەك بە گوێرەى بڕگەى (ج) نەدۆزرايەوە، ئەوا كۆميتە دەبێ ڕاپۆرتى خۆى بەكورتى و بەتەنێ لە بارەى فاكتەكانەوە ئامادە بكات. دەبێ پەيامى نووسراو و تۆماركراوى بۆچوونى زارەكيانەى دەوڵەته ئەندامە پەيوەنددارەكان، هاوپێچ بێ لەگەڵ ڕاپۆرتەكەيدا. لە هەر بابەتێكدا، دەبێ ڕاپۆرتەكە بە دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكان بگات.
- ئەحكامەكانى ئەم ماددەيە پاش ئەوەى دە دەوڵەتى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بە گوێرەى بڕگەى 1ى ئەم ماددەيە جاڕنامەيان بڵاو كردەوە، دێنە بەركار. ئەم جاڕنامانە دەبێ لە لاى سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان دابندرێ، كە ئەو ژى دەبێ كۆپييان لێ بۆ دەوڵەتەكانى ديكەى ئەندام بنێرێ. هەر جاڕنامەيەك دەكرێ لە هەر كاتێكدا بە هۆى ئاگادارنامەيەكەوە، وەربگيرێتەوە. كێشانەوەيەكى لەم جۆرە ڕێ لە لێكۆڵينەوەى هەر بابەتێك ناگرێ كە پێشتر بە گوێرەى ئەم ماددەيە سكاڵاى لەبارەوە كراوە، لێ وەرگرتنى هەر سكاڵا و گازاندەيەكى ديكە لە هەر ئەندامێكى ديكەى ئەندام، پاش ئەوەى سكرتێرى گشتی ئاگادارينامەى وەرگرتووە، مەگەر دەوڵەتى پەيوەنددارى ئەندام، جاڕنامەيەكى ديكەى بڵاو كردبێتەوە.
ماددەی 42:
-
- ئەگەر كێشەيەكى نێوان دەوڵەتانى ئەندام، بە ڕەزاى ئەوان چارەسەر نەكرابێ و بە گوێرەى ماددە 41 بۆ كۆميتە نێردرابێ، ئەوا كۆميتە دەكارێ بە ڕەزامەنديى پێشوەختەى دەوڵەتانى تايین، ليژنەيەكى تايبەت بۆ سازان و ڕێككەوتن دابمەزرێنێ (لێرە وهاوە بە ليژنەى سازان ناودەبرێ). ليژنەى سازان بە مەبەستى چارەسەرێكى دۆستانە و هێمنانەى پرسەكە لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لەم پەيماننامەيە، هەوڵ و تەقەڵاى نيازپاكانەى خۆى بخاتە بەردەم دەوڵەتانى تایين-ەوە.
- ليژنەى سازان لە پێنج ئەندام پێکدێ كە جێگەى ڕەزامەنديى دەوڵەتەكانى ئەندام و پێوەنددار بە كێشە بن. ئەگەر لە ماوەى سێ مانگدا، دەوڵەتانى تايین لەسەر پێكهێنانى ليژنە بە تەواوى يان لەسەر بەشێكى پێك نەهاتن، لە بارێكى وادا، دەبێ بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى ليژنەكە كە ڕێكەوتنيان لەسەر نەكراوە، بە دەنگدانى نهێنى و بە زۆربەى دوو لەسەر سێى ئەندامانى كۆميتە، لە نێو ئەندامەكانى كۆميتەى مافەكانى مرۆڤدا هەڵبژێردرێن.
- ئەندامەكانى كۆميسيۆن، دەبێ بە سيفەتى كەسايەتيى خۆيان خزمەت بكەن. نابێ ئەندامەكانى كۆميسيۆن هاووڵاتيى دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكان يان هاووڵاتيى دەوڵەتێكى نائەندام لەم پەيماننامەيە، يان هاووڵاتيى دەوڵەتێكى ئەندام بن كە بە پێى ماددە 41 هيچ ڕاگەياندراوێكى دەرنەكردووە.
- كۆميسيۆن سەرۆكى خۆى هەڵدەبژێرێ و پێڕەوى ناوخۆى خۆى دادەنێ.
- كۆبوونەوەى كۆميسيۆن بە شێوەيەكى ئاسايى لە بارەگاى نەتەوە يەكگرتووەكان، يان لە ئۆفيسى نەتەوە يەكگرتووەكان لە جنێف ساز دەكرێ. بە هەر حاڵ، دەكارێ لە هەر جێيەكى ديكەى لەباردا كۆبوونەوە بكرێ كە كۆميسيۆن خۆى بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان و دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكاندا، ديارى دەكات.
- ئەو سكرتاريەتەى كە بە گوێرەى ماددە 36 پێك دێ، بە گوێرەى هەمان ماددە لە خزمەت ئەو كۆميسيۆنە دياريكراوەدا دەبێ.
- ئەو زانيارييەى كە كۆميتە وەری دەگرێ و بهەڤرا كۆ دەكرێتەوە و لێيان دەكۆڵرێتەوە، دەبێ بخرێتە بەردەست كۆميسيۆن و كۆميسيۆن-يش بۆ خۆى دەكارێ داوا لە دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكان بكات كە هەر زانيارييەكى ديكەى پەيوەستى پێ بدەن.
- كاتێ كە كۆميسيۆن بهتەواوى لە بابەتەكەى كۆڵييەوە، بەڵام لە هەموو بارێكدا نابێ درەنگتر بێ لە 12 مانگ پاش ئەوەى دەستى بە بابەتەكە ڕاگەيشتووە، ڕاپۆرتێك ئامادە بكا و بۆ سەرۆكى كۆميتەى بنێرێ تا ئەو ژى دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكانى لێ ئاگادار بكاتەوە:
- ئەگەر كۆميسيۆن نەكارێ لێوەكۆڵينى بابەتەكە لە ماوەى دوانزە مانگدا تەواو بكا، دەبێ ڕاپۆرتەكەى، پوختەيەكى ستاتۆ و ڕەوشى ديراسەى بابەتەكەى تێدا بێ.
- ئەگەر چارەسەرێكى هێمنانەى بابەتەكە لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لە مافەكانى مرۆڤ وەك لەم پەيماننامەيەدا دانيان پێدا نراوە، دۆزرايەوە، دەبێ كۆميسيۆن لە ڕاپۆرتەكەى خۆيدا تەنێ بريتێ بێ لە پوختەيەكى فاكتەكان و ئەو چارەسەرەى پێى گەيشتووە.
- ئەگەر ڕێگەچارەيەك بە گوێرەى مەرجەكانى بڕگەى (ب)ى سەرەوە، نەدۆزرايەوە، دەبێ ڕاپۆرتەكەى كۆميسيۆن، لێوەكۆڵينى خۆى لە بارەى سەرجەم فاكتە ئاراكانى هاوپێوەند بەو پرسانەى كە لەنێوان دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكانەوە هەيە و تێڕوانين و ديدى خۆى لە بارەى ئەگەرەكانى گەيشتن بە چارەسەرێكى هێمنانەى بابەتەكە، بگرنە خۆ. ديسان دەبێ ڕاپۆرتەكە، يادداشتە نووسراو و تۆماركراوەكانی ئاخاوتنە زارەكييەكانى دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكانيشى تێدا بێ.
- ئەگەر ڕاپۆرتەكەى كۆميسيۆن، بە گوێرەى بڕگەى (ت) پێشكەش بكرێ، ئەوا دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكان دەبێ لە ماوەى سێ مانگدا دواى ئەوەى ڕاپۆرتەكەيان پێ دەگات، ئاگادارى سەرۆكى كۆميتە بكەنەوە كە داخوا ناوەڕۆكى ڕاپۆرتەكەى كۆميسيۆنيان پێ پەسندە يان نا.
- ئەحكامەكانى ئەم ماددەيە لە بەرپرسيارەتييەكانى كۆميتە بە گوێرەى ماددەی 41، كەم ناكەنەوە.
- دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكان بە شێوەيەكى يەكسان، خەرجى و تێچووى ئەندامەكانى كۆميسيۆن دەكێشن بە گوێرەى ئەو مەزەندە و گەڵاڵەيەى كە لە لايەن سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانەوە دادەنرێ.
- سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، دەبێ ئەم دەسەڵاتەى هەبێ كە خەرجیى ئەندامەكانى كۆميسيۆن بكێشێ، ئەگەر پێويست بێ پێش ئەوەى لە لايەن دەوڵەتە ئەندامە پەيوەنددارەكانەوە بە گوێرەى بڕگەى 9ى ئەم ماددەيە بدرێ.
ماددەی 43:
ئەندامانى كۆميتەى مافەكانى مرۆڤ و كۆميتە دەمكييەكانى سازان كە بە گوێرەى ماددەى 42 ديارى كراون، تەباى پسپۆر و شارەزاى ئەركگەلى تايبەتى سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان هەروەك لە بەشەكانى پێوەنددارى ڕێككەوتننامەى تايبەت بە ئيمتيازات و پارێزبەندييەكانى نەتەوە يەكگرتووەكاندا هاتووە، ئەوانيش كەڵك لەو هاسانكارى و ئيمتيازات و پارێزبەندييانە وەردەگرن.
ماددەی 44:
كاركردن بە دەقە جێبەجێكارييەكانى ئەم پەيماننامەيە هيچ كاريگەرييەكيان بۆ سەر ڕێكارەكانى بوارى مافەكانى مرۆڤ نييە كە لە بەڵگەنامەكانى دامەزراندنى نەتەوە يەكگرتووەكان و ئاژانسە پسپۆڕييەكان و ڕێككەوتننامەكانيان دەقبەند كراون. هەروا ئەم دەقانە، ڕێ لە دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە ناگرن كە بۆ چارەسەرى كێشەوبێشەيەكى نێوانيان، پەنا بۆ ڕێككەوتننامە گشتى و تايبەتييەكانى نێوان خۆيان ببەن.
ماددەی 45:
كۆميتە، ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆى لە ڕێگەى ئەنجوومەنى ئابوورى و جڤاكييەوە لە بارەى چالاكييەكانى خۆى بۆ كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان دەنێرێ.
بەشى پێنجەم
ماددەی 46:
لەم پەيماننامەيەدا هيچ كام لە ڕێوشوێنەكانى، نابێ وا لێك بدرێنەوە كە پەكى مافى زاتيى تەواوى گەلان بخەن بۆ كەڵكوەرگرتنى تەواو و ئازادانە لە سامان و سەرچاوە سروشتييەكانى خۆيان.
ماددەی 47:
هيچ كام لە ڕێوشوێنەكانى ئەم پەيماننامەيە، نابێ وا لێك بدرێتەوە كە پەكى دەقەكانى پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان و دەستوورى ئاژانسە پسپۆڕەكان بخەن كە بەرپرسيارەتييە تايبەتەكانى دامودەزگە جياجياكانى نەتەوە يەكگرتووەكان و ئاژانسە پسپۆڕەكانى ديارى دەكەن سەبارەت بەو پرسانەى كە ئەم پەيماننامەيە چارەسەريان دەكات.
ماددەی 48:
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى نەتەوە يەكگرتووەكان يان هەر دەوڵەتێكى ئەندام لە ئاژانسە تايبەتمەند و پسپۆرييەكانى، دەتوانێ ئەم پەيماننامەيە واژۆ بكات. هەروا هەر دەوڵەتێك ئەندام بێ لە پێرەوى ناوخۆى دادگەى نێودەوڵەتيى داددا، يان هەر دەوڵەتێكى ديكە كە كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ ئەندامەتى لەم پەيماننامەيە داواى لێ بكات، دەتوانێ پەيماننامەكە واژۆ بكا.
- ئەم پەيماننامەيە بەرفەرمانى ڕێكارەكانى ڕاستاندنە. بەڵگەنامەكانى ڕاستاندن-يش بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان دەسپێردرێ.
- دەكرێ هەر دەوڵەتێك لەو دەوڵەتانەى كە لە بڕگەى 1ى ئەم ماددەيەدا ئاماژەى بۆ كراوە، بێتە ناو ئەم پەيماننامەيەوە.
- ئەودەمە پەيوەستبوون جێى خۆى دەگرێ، كە بەڵگەنامەى پەيوەستبوون ڕادەستى سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بكرێ.
- دەبێ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، هەموو ئەو دەوڵەتانەى ئەم پەيماننامەيان مۆر كردووە، يان پێيەوە پەيوەست بوون، لە سپاردنى بەڵگەنامەى ڕاستاندن يان پەيوەستبوون ئاگادار بكاتەوە.
ماددەی 49:
- ئەم پەيماننامەيە، سێ مانگ پاش سپاردنى سى و پێنجەمين بەڵگەنامەى ڕاستاندن يان پێوەپەيوەستبوون بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان دێتە بەركاربوون.
- هەر دەوڵەتێك دواى سپاردنى سى و پێنجەمين بەڵگەنامەى ڕاستاندن يان پێوەپەيوەستبوون، ئەم پەيماننامەيە پەسند بكا يان پێيەوەپەيوەست بێ، سێ مانگ دواى سپاردنى بەڵگەنامەى ڕاستاندن يان پێوەپەیوەستبوونى تايبەت بە خۆى، دەبێ ئەم پەيماننامەيە جێبەجێ بكا.
ماددەی 50:
دەقەكانى ئەم پەيماننامەيە، بێ كۆت و بەند و نێوبڕ و ڕيزپەر، بەسەر تەواوى يەكەكانى دەوڵەتى فيدراڵى دێنە جێبەجێكردن.
ماددەی 51:
- هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە دەتوانێ پێشنياز بۆ هەمواركردنەوەى ئەم پەيماننامەيە بكا و گەڵاڵەى پێشنيازەكەش بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بدات. لەسەر سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانيشە كە هەر گەڵاڵەيەكى پێشنيازكراوى لەم چەشنە، دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيەى لێ ئاگادار بكاتەوە و داوايان لێ بكات كە داخوا پێيان باشە كۆنگرەيەك بۆ دەوڵەتانى ئەندام بۆ هەڵسەنگاندنى پێشنيازەكان و بڕياردان لە بارەيانەوە، گرێ بدرێ. لە بارێكدا ئەگەر لانى كەم سێيەكى دەوڵەتەكانى ئەندام كۆنگرەيەكى لەم بابەتەيان پێ باش بێ، ئەوا دەبێ سكرتێرى گشتى لەژێر چاودێریى نەتەوە يەكگرتووەكان كۆنگرەيەك پێك بهێنێ و هەر دەسكارى و هەموارێك كە لە لايەن زۆربەى ئەو دەوڵەتانەى نوێنەرايەتیيان لە كۆنگرەكەدا هەبووە و دەنگى تێدا داوە، پەسند بكرێ، ئەوا دەبێ بۆ پەسندكردنيان بخرێتە بەردەم كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانەوە.
- هەموارەكان ئەو كاتە بەركار دەبن كە لە لايەن كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانەوە هاتبنە پەسندكردن و يەك لەسەر سێى دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بە گوێرەى ڕێكار و ڕێوشوێنە دەستوورييەكانى خۆيان پێى ڕازى بووبن.
- هەموارەكان، پاش بەركاربوونيان، دەبێ ئەو دەوڵەتە ئەندامانەى پەسنديان كردووە، پێيانەوە پابەند بن و دەوڵەتەكانى ديكەى ئەنداميش پابەندن بە دەقەكانى ئەم پەيماننامەيە و هەر هەموارێكى ديكە كە پێشتر پەسنديان كردبێ.
ماددەی 52:
لەسەر سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانە، سەربارى ئەو ئاگاداركردنەوانەى بە گوێرەى بڕگەى 5ى ماددە 48 ئاراستەى كراون، ئاگادارى سەرجەم ئەو دەوڵەتانەى لە بڕگە 1ى هەمان ماددەدا ئاماژەيان بۆ كراوە، لەم وردەكارييانە ئاگادار بكاتەوە:
- واژۆ و ڕاستاندن و پەيوەستبوونەكان بە گوێرەى ماددە 48.
- كاتى بەركاربوونى ئەم پەيماننامەيە بە گوێرەى ماددە 49 و كاتى بەركاربوونى هەر هەموارێك بە گوێرەى ماددە 51.
ماددەی 53:
- دەقى چينى و ئينگليزى و فەرەنسەيى و ڕووسى و ئەسپانيى ئەم پەيماننامەيە كە ئيعتوبارى وەكيەكيان هەيە، بە ئارشيفى نەتەوە يەكگرتووەكان دەسپێردرێ.
- لەسەر سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانە وێنەى دەقاودەق و پشتڕاستكراوەى ئەم پەيماننامەيە بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانەى لە ماددە 48دا ئاماژەيان بۆ كراوە، بنێرێ.