پەيماننامەى نێودەوڵەتيى مافە ئابوورى، جڤاكى و كولتوورييەكان

23, 08, 2016

 

International Covenant on Economic, Social and Cultural Rights 

ئەم پەيماننامەيە بە گوێرەى بڕيارى 2200A (XXI) ى 16ى ديسامبەرى 1966ى كۆمەڵەى گشتى هاتووەتە پەسندكردن و ئاواڵا كراوە بۆ واژۆكردن، پشتڕاستكردنەوە و پێوەپەيوەستبوون و بە گوێرەى ماددە 27يش لە 3ى كانوونى دووەمى 1976-ەوە كەوتووەتە بوارى كارپێكردنەوە. 164 وڵات ئەندامى ئەم ڕێککەوتننانەمەیەن.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ئاسۆ کەریم

ديباجە:

دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە:

بە ڕەچاوكردنى ئەوەى كە داننان بە ئابڕووى زاتى و مافە وەكيەك و دەستلێنەدراوەكانى سەرجەم ئەندامانى بنەماڵەى نێودەوڵەتى، بە پێى ئەو پرەنسيپە جاڕدراوانەى ناو پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان، بناخەى ئازادى، دادپەروەرى و ئاشتى لە دنيادا پێك دەهێنن، بەداننان بەوەى كە ئەم مافانە سەرچاوە لە ڕوومەتى زاتيى مرۆڤەوە وەردەگرن، بە داننان بەوەى كە، بە پشتبەستن بە جاڕنامەى جيهانيى مافەكانى مرۆڤ، نموونەى مرۆڤێكى ئازادى بێترس و بێئاتاج، تەنيا ئەو كاتە دێتەى دى كە ڕەوش و بارێكى ئەوتۆ بێتە گۆڕێ كە تاكەكەس بكارێ كەڵك لە مافە ئابوورى، كۆمەڵايەتى و كولتووييەكان و هەروەها مافە مەدەنى و سياسييەكانى خۆى وەربگرێ، بە سەرنجدان لە پابەنديى دەوڵەتان بە گوێرەى پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان كە دەبێ دەوڵەتان، تەواو ڕێزى مافەكانى مرۆڤ و ئازادييەكانى بگرن، پەرەيان پێ بدەن و ڕەچاويان بكەن، بە تێگەيشتن لە بەرپرسيارەتيى تاكەكەس، سەبارەت بە ئەركەكانى لە بەرانبەر تاكەكانى ديكە و ئەو كۆمەڵەى كە ئەندامە تێيدا، لە كۆششدا بۆ بەرەوژووربردن و ڕەچاوكردنى مافە جێگيركراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە، لەسەر ئەم ماددانەى خوارێ ڕێك كەوتن:

 

بەشى يەكەم

ماددەی 1:

  1. هەموو گەلان مافى چارەى خۆنووسينيان هەيە. بە پشتبەستن بەم مافە، دەكارن ئازادانە ستاتۆى سياسيى خۆيان بڕيار بدەن و بەئازادانەش نەشونماى ئابوورى و جڤاكى و كولتووريى خۆيان بگرنەبەر...
  2. هەموو گەلان دكارن بۆ بەديهێنانى مەبەستە تايبەتەكانى خۆيان، ئازادانە كەڵك لە سەروەت و سامان و سەرچاوە سروشتييەكانى خۆيان وەربگرن بەبێ ئەوەى ئەو پابەندييانە بخەنە ژێر پێيانەوە كە بە گوێرەى هاريكاريى ئابووريى نێودەوڵەتى و بە گوێرەى بنەماكانى هاوقازانجى و قانوونى نێودەوڵەتى كەوتوونەتە ئەستۆيان و ناكرێ و نابێ لە هيچ بارێكدا گەلێك لە ئامراز و پێداويستييەكانى ژيان و بەڕێچوون، بێبەش بكرێ.
  3. لەسەر تەواوى دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيەيە، بەو دەوڵەتانەشەوە كە بەرپرسيارەتيى بەڕێوەبردنى ئەو هەرێمانەيان لەسەر شانە كە خۆيان بەڕێوە نابەن يان لە بندەستى ئەواندا دانراون، دەبێ بۆ بەديهاتنى مافى چارەى خۆنووسين و ڕێزگرتن لەم مافە بە گوێرەى دەقەكانى پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان كار بكەن.
  4. هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، بەڵێن دەدا كە چ بە تەنيا و چ لە ڕێگەى يارمەتى و هاريكاريى نێودەوڵەتييەوە، تا بۆى دەكرێ هەنگاوان، بەتايبەت هەنگاوى ئابوورى و تەكنيكى تا ئەوپەڕى توانا، بە گوێرەى سەرچاوەى دارايیى بەردەست هەڵێنێتەوە بۆ بەديهێنانى بەرەبەرەى تەواوى ئەو مافە دانپێدانراوانەى ئەم پەيماننامەيە، بە هەموو ڕێوشوێنێكى گونجاو نەمازە بە ڕێكاريى قانوونييانە.

 

بەشى دووەم

ماددەی 2:

  1. دەوڵەتانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بەڵێن دەدەن كە بێ لەبەرچاوگرتنى هەر جۆرێكى وەك توخم، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، ئايين، ڕاى سياسى يان هەر جۆرە ڕايەكى ديكە يان ڕەچەڵەك و بنەچەى نەتەوەيى يان جڤاكى، مڵكايەتى، زايندە يان هەر ڕەوش و بارێكى ديكە، مافەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە دەستەبەر بكەن.
  2. دەشێ بۆ وڵاتانى پەرەئەستێن، بە ڕەچاوكردنى تەواوى مافەكانى مرۆڤ و ئابوريى نيشتمانييان، ئەو مەودا و ئاقارە ديارى بكەن كە مافە ئابوورييە دانپيانراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە بۆ خەڵكى ديكەى ناهاووڵاتى تێدا دەستەبەر بكەن.

 

ماددەی 3:

دەوڵەتانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بەڵێن دەدەن كە مافى وەكيەك بۆ پياوان و ژنان سەبارەت بە كەڵكوەرگرتن لە هەموو مافە ئابوورى و جڤاكى و كولتوورييەكانى ناو پەيماننامەكە، دەستەبەر بكەن.

ماددەی 4:

دەوڵەتانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە دان بەوەدا دەنێن كە دەكرێ دەوڵەت، لە بوارى كەڵكوەرگرتن لەو مافانەى دەستەبەريان دەكات بە گوێرەى ئەم پەيماننامەيە، كۆت و بەندێكيان بەپێى قانوون تا ئەو مەودا و ئاقارە بۆ دابنێ كە تەنيا لەگەڵ سروشتى ئەم مافانەدا بگونجێ و بۆ مەبەستى پەرەپێدانى خۆشگوزەرانیى گشتى بێت لە كۆمەڵگەيەكى ديموكراتدا.

 

ماددەی 5:

  1. نابێ هيچ كام لە خاڵەكانى ئەم پەيماننامەيە وا لێك بدرێنەوە كە هيچ مافێك بە دەوڵەتێك، گرووپێك يان كەسێك بدەن كە بەشداری لە هەر چالاكييەكدا يان ئەنجامدانى كارێكدا بكا كە ماف و ئازادييە دانپيانراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە لەنێو ببات يان بە ڕادەيەكى گەورەتر لەوەى كە لەم پەيماننامەيەدا هاتوون، بەرتەسكيان بكاتەوە.
  2. نابێ مافە بنەڕەتييە دانپيانراو و ئاراكانى مرۆڤ لە هەر وڵاتێكدا بە گوێرەى قانوون، ڕێككەوتننەكان، پێڕەوەكان و دابونەريت كۆت و بەنديان بخرێتە سەر يان خۆيان لێ بدزرێتەوە بەو بيانووەى كە ئەو مافانە لەم پەيماننامەيەدا نەهاتوون يان بە ڕادە و پلەيەكى كەمتر جێگير كراون.

 

بەشى سێيەم

ماددەی 6:

  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، دان بە مافى كاركردن دەنێن كە مافى هەر تاكێكى مرۆڤە، دەرفەتى بژێو و گوزەران و بەڕێچوونى خۆى لە ڕێگەى ئەو كارەوە لەبەردەمدا بكرێتەوە كە خۆى بەئازادانە هەڵيدەبژێرێ يان پەسندى دەكات و دەوڵەتان هەنگاوى لەبار بۆ دەستەبەركردنى ئەم مافە هەڵدێننەوە.
  2. ئەو هەنگاوانەى كە هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە هەڵياندێننەوە بۆ بەديهێنانى كامڵى ئەم مافە بريتين لە بەرنامە، سياسەت و ئامرازەكانى ڕێنوێنيكردن و ڕاهێنانى تەكنيكى و پيشەيى لەپێناو هێنانەدیی گەشەكردنێكى جێگير و بەردەوامى ئابوورى و جڤاكى و كولتوورى و بەكارخستنێكى تەواو و بەرهەمهێن لە سايەى مەرجگەلێكدا كە ئازادييە سياسى و ئابوورييەكان بۆ تاكەكەس دەستەبەر بكەن.

 

ماددەی 7:

دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، دان بە مافى هەر تاكێكدا دەنێن كە هەلومەرجێكى دڵخواز و دادپەروەرانەى كارى بۆ بڕەخسێندرێ كە بەتايبەتى دەستەبەرى:

  1. لانى كەمى پاداشت بۆ هەر كرێكارێك بكا كە:
  1. كرێ و هەقدەست و پاداشتى وەكيەكى لە هەمبەر كارى بەها يەكساندا بەبێ هيچ جۆرە جياوازييەك بۆ دابين بكا بەتايبەتى هەلومەرجێكى ئەوتۆى كار بۆ ژنان بڕەخسێنێ كە هيچى كەمتر نەبێ لەو هەلومەرجانەى پياوان كەڵكيان لێ وەردەگرن لەتەك كرێى وەكيەك لە هەمبەر كار و شۆلى وەكيەكدا.
  2.  بژێو و گوزەرانێكى بەئابڕووانەى بۆ خۆى و خێزانەكەى دابين بكا بە گوێرەى دەقەكانى ئەم پەيماننامەيە.
  1. دەستەبەرى هەلومەرجێكى بەئەمانەت و تەندروستانەى كاركردن بكات.
  2. دەستەبەرى دەرفەت و هەلى وەكيەك بۆ هەر تاكێك بكات سەبارەت بە پلە بەرزبوونەوە بۆ ئاستێكى باڵاترى گونجاو، بەبێ ڕەچاوكردنى هيچ ئيعتوبارێكى ديكە جگه‌ لە ئيعتوبارى پلە بەرزبوونەوە و لێهاتوويى و پسپۆڕى.
  3. دەستەبەرى كاتەكانى بێنڤەدان و بەتاڵى بۆ بكا و دياريكردنى ماقووڵانەى كاتژمێرەكانى كار و مۆڵەتى ناو بە ناوى بەمووچە، هەروا بێتەوە پێدانى پاداشت ل گۆڕ ڕۆژەكانى پشووى گشتى.

 

ماددەی 8:

  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بەڵێن دەدەن كە دەستەبەرى:
  1. مافى هەر تاكێك بكەن كە يەكێتیى پيشەيى پێك بهێنێ و بە حەزى خۆى لە سنوورى بنەماكانى ڕێكخراوى پێوەنداردا، پێيەوە پەيوەست بێ لەپێناو پاراستن و پەرەپێدانى بەرژەوەندييە ئابوورى و جڤاكييەكانى خۆيدا. نابێ كۆت و پێوەند بخرێتە سەر پراكتيزەكردنى ئەم مافە، مەگەر لە قانووندا دەقبەند كرابێ و بۆ كۆمەڵگەيەكى ديموكراتى پێويست و بە قازانجى ئاسايشى نيشتمانى يان نيزامى گشتى يان بۆ پاراستنى ماف و ئازاييەكانى ئەوانى ديكە بێ.
  2. مافى كۆڕ و كۆمەڵە و يەكێتيیەكان بكەن بۆ ئازاديى كاركردن بەبێ ئەوەى بەرفەرمانى هيچ كۆت و بەندێك ببن مەگەر لە قانووندا دەقبەند كرابێ و پێويست بێ بۆ كۆمەڵگەيەكى ديموكراتى و لە بەرژەوەنديى ئاسايشى نيشتمانى يان نيزامى گشتى يان لەپێناو پاراستنى ماف و ئازادييەكانى ئەوانى ديكەدا بێ.
  3. مافى سەنديكاكان بكا كە يەكێتى و كۆڕ و كۆمەڵەى نيشتمانى پێكەوە بنێن و هاوپەيمانى بكەن و ئەوەى دواييش مافى ئەوەى هەبێ ڕێكخراو و سازيى سەنديكايیى نێودەوڵەتى دروست بكا يان پێیانەوە پەيوەست بێ.
  4. مافى مانگرتن بكا بە مەرجێ بە گوێرەى قانوونەكانى وڵاتى تايبەتمەند بێ.
  1. ئەم ماددەيە ڕێگە لەوە ناگرێ كە ئەندامانى هێزە چەكدارەكان يان پۆليس يان بەڕێوەبەرايەتیى دەوڵەت، كۆت و بەندى قانوونى بخەنە سەر پراكتيزەكردنى ئەم مافە.
  2. ئەم ماددەيە ڕێگە بە دەوڵەتەكانى ئەندامى پەيماننامەى ساڵى 1948ى ڕێكخراوى نێودەوڵەتیى كارى تايبەت بە ئازاديى بەشداريكردن و پاراستنى مافى ڕێكخراوبوون، نادات ڕێكاری قانوونیى ئەوتۆ بگرنەبەر كە ببنە هۆى زيانگەياندن بەو گەرەنتييانەى لەو ڕێككەوتنەدا دەقبەند كراون يان بەرتەسكردنەوەى قانوون بە شێوەيەك كە زيان لەو گەرەنتى و دەستەبەرييانە بدات.

 

ماددەی 9:

دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە دان بە مافى هەر تاكێكدا دەنێن كە تەناهيى جڤاكى هەبێ بە بيمەى كۆمەڵايەتييشەوە.

 

ماددەه 10:

دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە دان دەنێن بە:

  1. دەبێ تا ئەوپەڕ و تا دەكرێ ماڵبات بپارێزرێ و كۆمەكى پێ بكرێ، چونكە خێزان يەكەيەكى جڤاكيى سروشتى و بنەڕەتيى كۆمەڵگەيە، بەتايبەتى بۆ پێكەوەنانى خێزان و بۆ ڕاپەراندنى بەرپرسيارەتى چاودێريى و پێگەياندن و پەروەردەى زارۆيان كە ناكارن پشت بە خۆيان ببەستن. دەبێ هاوسەرگيرى، بە ڕەزاى ئازادانەى هەردوو لايەن بێ.
  2. دەبێ بۆ ماوەيەكى ماقووڵ بەر لە منداڵبوون و دواى ئەويش، دايكان چاودێريى تايبەت بكرێن. دەبێ لەم ماوەيەدا، دايكان مۆڵەتێكى بەمووچەيان پێ بدرێ يان مۆڵەتێكى ئەوتۆيان پێ بدرێ كە سوودگەلێكى گونجاوى دەستەبەرى كۆمەڵايەتيشیان لەگەڵدا بێ.
  3. دەبێ ڕێكاری تايبەت بۆ پاراستن و چاودێريى تەواوى زارۆ و منداڵان و كەسانى گچكە بەبێ هيچ جياوازيیەك لەبەر هۆكارى بابايەتى يان هۆكارى ديكە بگيرێتەبەر. دەبێ منداڵان و تەمەن بچووک لە چەوساندنەوەى ئابوورى و كۆمەڵايەتى بێنە پاراستن. دەبێ سزاگەلى قانوونى بەسەر ئەو كەسانەدا بسەپێندرێ كە منداڵان لە كار و شۆلى ئەوتۆدا دەخەنە كار كە زيان بە ئاكار و ڕەوشت يان بە تەندروستييان دەگەيەنێ يان مەترسى بۆ سەر ژيانيان پێك دێنێ يان دەبێتە هۆى ڕێگرتن لە گەشەى سروشتييان. هەروا دەبێ دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، وەك دانپێدانێك بە مافى بنەڕەتيى هەر دەوڵەتێك، كە سنوورێك بۆ تەمەن دابنێن بە شێوەيەك كە نەكرێ ئەو منداڵانەى لەژێر ئەو تەمەنەن بە مز و كرێيەك بێنە كارپێكردن كە لە ڕووى قانوونييەوە سزاى لەسەر بێت.

 

ماددەی 11:

  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە دان بەوەدا دەنێن كە مافى هەر تاكێكە ئاستێكى گونجاو و تێرى بژێو و بەڕێچوونى بۆ خۆى و خێزانەكەى هەبێ بە خۆراك و جلك و نيشينگەشەوە و بەردەوام بارى گوزەرانى باش ببێ و بەرەو ژوور بچێ. دەوڵەتەكانى ئەندام هەنگاوى گونجاو و لەبار بۆ دەستەبەرى بەديهێنانى ئەم مافە دەهاوێژن و لەم بارەشەوە دان بە گرنگيى تايبەتى هاريكاريى نێودەوڵەتيشدا دەنێن كە لەسەر بنەماى ڕەزامەنديى ئازادانە دامەزرابێ.
  2. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، بە داننان بە مافى بنەڕەتيى هەر تاكێك كە ترسى لە برسيبوون نەبێ، چ تاك تاك و چ لە ڕێگەى هاريكاريى نێودەوڵەتييەوە، ڕێكارى ئەوتۆ بگرنەبەر بە بەرنامەى دياريكراويشەوە كە بە پێويست دەزانرێ بۆ:
  1. باشكردنى ميتۆدەكانى بەرهەمهێنان و پاراستن و دابەشكردنى خۆراك لە ڕێگەى كەڵكوەرگرتنى تەواو لە مەعريفەى تەكنيكى و زانستى، بە بڵاوكردنەوەى زانيارى سەبارەت بە بنەماكانى خۆراك و گەشەكردن يان چاكسازيى سيستەمى كشتوكاڵى، بە شێوەيەك كە زۆرترين ڕادەى كارايى لە گەشەكردن و كەڵكوەرگرتن لە سەرچاوەكانى سروشتى تێدا بێتە دى.
  2. دابينكردنى دابەشكردنێكى دادپەروەرانەى ئازوقە لە جيهاندا بە گوێرەى پێويست بە ڕەچاوكردنى گيروگرفتەكانى ئەو وڵاتانەى خۆراك هاوردە دەكەن يان دەنێرنە دەرێ.

 

ماددەی 12:

  1. دەوڵەتێن ئەندامێ ڤێ ڕێككەوتننامێ، دان بەوەدا دەنێن كە مافى هەر تاكێكە بەرزترين ئاستى شياو و ڕێتێچووى لەشساغى و ژيريى هەبێ.
  2. ئەو هەنگاوانەى كە دەبێ دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بۆ گەيشتن بە بەديهێنانى گشتيى ئەم مافە بيهاوێژن و پێويستن بۆ:
  1. كاركردن بۆ نزمكردنەوەى ڕێژەى مردن لە كاتى لەدايكبوون و مردنى مناڵى ساوا و زارۆيان لە پێناو گەشەپێدان و نەشونماى تەندروستيى مناڵدا.
  2. باشتركردنى هەموو لايەنێكى ژينگە و پيشەسازى.
  3. خۆپاراستن لە نەساغى و پەتاى تەنراو و نەخۆشیى پيشەيى و چارەسەركردن و سنوورداركردنيان.
  4. هێنانەئاراى هەلومەرجێكى ئەوتۆ كە خزمەتگوزاریی پزيشكى و چاودێريى پزيشكى لە كاتى نەساغكەوتندا تێیدا فەراهەم ببێ.

 

ماددەی 13:

  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم ڕێككەوتنننامەيە، دان بەوەدا دەنێن كە هەر تاكێك مافى پەروەردە و پێگەياندنى هەيە و لەسەر ئەوە كۆكن كە دەبێ پەروەردەو پێگەياندن بەرەو گەشەى هەمە لايەنەى كەسايەتيى مرۆڤ و هەستكردن بە كەرامەت، ئاراستە بكرێ و زێتر ڕێزگرتنى ماف و ئازادييە بنەڕەتييەكانى مرۆڤى لێ بكەوێتەوە و لەسەر ئەوەش ڕێكن كە دەبێ پەروەردە و پێگەياندن تەواوى كەس و تاكەكان بەو ئاراستەيەدا ببا كە بە شێوەيەكى كارا بەشدارى لە كۆمەڵگەيەكى ئازاددا بكەن و ببێتە هۆى لێكديحاڵيبوون و لێبووردەيى و دۆستايەتيى زێترى نێوان تەواوى گەلان و نەتەوە و ڕەگەز و كۆڕ و كۆمەڵەى ئيتنى و ئايينى و پشتەوانیى چالاكيى زێترى نەتەوە يەكگرتووەكان بكات لە پاراستنى ئاشتيدا.
  2. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، بە ديد و حەزيان بۆ گەيشتن بە بەديهێنانێكى گشتيى ئەم مافە، دان دەنێن بەوەى كە:
  1. خوێندنى سەرەتايى بكرێتە تەوزيمى و بۆ هەمووان بەخۆڕايى بێ.
  2. خوێندنى ناوەندى بە شێوە جيا-جياكانيیەوە، بە خوێندنى تەكنيكى و پيشەييشەوە، بۆ هەمووان، بە گشت ئامرازێكى گونجاو، فەراهەم بكرێ بەتايبەتى لە ڕێگەى بەرە بەرە پەروەردە و پێگەياندنى بەخۆڕاييیەوە.
  3. خوێندنى باڵا لەسەر بنەماى لێهاتوويى و بە هەموو شێوازێكى گونجاو بۆ هەمووان سانا بكرێ بەتايبەت لە ڕێگەى پێشكەشكردنى هەنگاو بە هەنگاوى پەروەردە و پێگەياندنى بەخۆڕايیيەوە.
  4. خوێندنى بنەڕەتى هان بدرێ يان بە گوێرەى شيان چڕ بكرێتەوە بۆ ئەو كەسانەى كە ماوەى خوێندنى سەرەتايیيان تەواو نەكردووە يان بەرنامەكانى خوێندنى سەرەتايیيان وەرنەگرتووە.
  5.  دەبێ چالاكانە سيستەمەكانى خوێندن و پەروەردە لە هەموو ئاستەكاندا پەرەيان پێ بدرێ و سيستەمێكى گونجاو بۆ كورسيى خوێندن و باشتركردنى بار و ڕەوشى مادديى دەستە و ستافى خوێندن بە شێوەى بەردەوام دابندرێ.
  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بەڵێن دەدەن كە ڕێزى ئازاديى باوكان و سەرپەرشتکارە قانوونييەكان بگرن، تا ئەو جێيەى مايەى جێبەجێكردن بێت، كە مناڵەكانى خۆيان بنێرنە قوتابخانەى ديكە جگە لەوانەى لە لايەن دەسەڵاتگەلى گشتييەوە هاتوونەتە دامەزراندن و ڕادەى كەمى ستانداردەكانى خوێندنيان تێدايە كە لە لايەن دەوڵەتەوە دانراون يان پشتڕاست كراونەتەوە و بۆ دابينكردنى پەروەردەى ئايينى و مۆراڵیى منداڵەكانيان بە شێوەيەك كە لەگەڵ بيروباوەڕى تايبەت بە خۆياندا بگونجێ.
  2. هيچ بەشێكى ئەم ماددەيە ئەو لێكدانەوەيە هەڵناگرێ كە مايەى خۆتێكردن بێ لە ئازاديى تاك و دەستەكاندا بۆ دامەزراندنى پەيمانگەى خوێندن و ئاراستەكردنيان لە چوارچێوەى ڕەچاوكردنى ئەو پرەنسيپانەى لە بڕگە 1ى ئەم ماددەيەدا هاتوون و ئەو مەرجانەى كە دەبێ لە بابەتەكانى خوێندندا هەبن لەو پەيمانگانەدا و لەگەڵ ڕادەى كەمى ئەو ئاستانەدا بگونجێن كە دەوڵەت بڕيارى لێ داون.

 

ماددەی 14:

هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، لەو كاتەڕا كە دەبێتە ئەندام، نەكارێ دەستەبەرى خوێندنى سەرەتايى تەوزيمى بکات لەناو هەرێمەكەى خۆيدا يان لەو هەرێمانەى لە بندەستى ئەودان، لە ماوەى دوو ساڵدا، دەبێ بەڵێن بدا و پلانێكى وردى كاركردن دابنێ بۆ جێبەجێكردنى بەرەبەرەى پرەنسيپى پەروەردە و پێگەياندنى بەزۆر و بەخۆڕايى بۆ هەمووان لە ماوەى چەند ساڵێكى لەبار و ماقووڵدا، كە دەبێ لە پلانەكەدا جێگير بكرێ.

 

ماددەی 15:

  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، دان بە مافى هەر تاكێكدا دەنێن كە:
  1. بەشدارى لە ژيانى كولتووريدا بكا.
  2. كەڵك لە سوود و قازانجەكانى پێشكەوتنى كۆمەڵايەتى و جێبەجێكردنەكانى وەربگرێ.
  3. كەڵك لە پاراستنى ئەو بەرژەوەندە ماددى و مەعنەوييانە وەربگرێ كە لەو بەرهەمە زانستى يان ئەدەبى يان هونەرييانەى كە خۆى داياندەنێ، دەکەونەوە.
  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بۆ بەديهێنانى يەكجارەكيى ئەم مافە، هەنگاوگەلێكى پێويست بۆ پاراستن و بڵاوكردنەوەى زانست و كولتوور دەنێنەوە.
  2. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بەڵێن دەدەن كە ڕێز لەو ئازادييە بگرن كە ناكرێ بۆ لێتۆژينەوەى زانستى و چالاكیى داهێنەرانە دەستى لێ هەڵبگيرێ.
  3. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە دان بەو سوودانەدا دەنێن كە لە ئاكامى هاندان و نەشونماكردنى پێوەندى و هاريكاریى نێودەوڵەتى لە بوارەكانى زانستى و كولتوورى دەكەونەوە.

 

بەشى چوارەم

ماددەی 16:

  1. دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە ئەوە دەخەنە ئەستۆى خۆيان، بە گوێرەى ئەم بەشەى پەيماننامە، لە بارەى ئەو كارڕاييیانەى بۆ هاتنەدیی مافە بڕياردراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە هەڵيانگرتوون و ئەو پێشكەوتنەى لەم بارەوە هاتووەتە دى، ڕاپۆرت ئامادە بكەن.
  2. أ. دەبێ هەموو ڕاپۆرتەكان بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بدرێن و ئەو ژى كۆپييان لێ بنێرێ بۆ ئەنجوومەنى ئابوورى و جڤاكى، تا بە گوێرەى دەقەكانى ئەم پەيماننامەيە لێيان وەكۆڵێ.
  1. دەبێ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، كۆپييەك لەم ڕاپۆرتانەى دەوڵەتانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، يان پاژێكى هاوپێوەندى لێ، بۆ ئاژانسە تايبەتمەندەكان بنێرێ يان هەروا لەنێو ئەندامانى ئەم ئاژانسە تايبەتمەندانەدا، تا ئەو ڕادەيەى كە ئەو ڕاپۆرتانە يان پاژە هاوپێوەندەكانيان، دەكەونە ناو جغزى بەرپرسيارەكانى ئەو ئاژانسە ئاماژەبۆكراوانە بە گوێرەى بەڵگەنامە دەستوورييەكانيانەوە.

 

ماددەی 17:

  1. دەبێ دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە لە بەركاربوونى پەيماننامەكەوە، بە گوێرەى بەرنامەيەك كە ئەنجوومەنى ئابوورى و جڤاكى بە ڕاوێژ لەگەڵ دەوڵەتانى ئەندام و ئاژانسە تايبەتمەندە پێوەنددارەكاندا دايدەنێ لە ماوەى ساڵێكدا، قۆناخ بە قۆناخ ڕاپۆرتى خۆيان پێشكەش بكەن.
  2. دەكرێ لە ڕاپۆرتەكاندا ئاماژە بۆ ئەو هۆكار و ئاستەنگ و كۆسپانە بكرێ كە كاريگەرييان بۆ سەر پلەى جێبەجێكردنى ئەو ئەرك و ئيلتيزاماتانە هەبووە كە لەم پەيماننامەيەدا دەقبەند كراون.
  3. هيچ پێويست ناكات جارەكا دن ئاماژە بۆ ئەو زانيارييە هاوپێوەندانە بكرێتەوە كە هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بە نەتەوە يەكگرتووەكان يان ئاژانسێكى پسپۆرى دابێ و لە بارێكى وادا بە كورتى ئاماژە بۆ ئەو زانيارييانە دەكرێ كە پێشتر پێشكەش كراون.

 

ماددەی 18:

ئەنجوومەنى ئابوورى و جڤاكى، بەپێى بەرپرسيارەتييەكانى بە گوێرەى پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان لە بوارى مافەكانى مرۆڤ و ئازادييە بنەڕەتييەكاندا، دەكرێ لەگەڵ ئاژانسە پسپۆرييەكاندا ڕێك بكەوێ كە لەو ڕاپۆرتانەى ئەو ئاژانسانە بە ئەنجوومەنى دەدەن، باس لە مەوداى ئەو پێشكەوتنە بكا كە لە بەديهێنانى ڕەچاوكردنى دەقەكانى ئەم پەيماننامەيەدا لە چوارچێوەى چالاكييەكانى، هاتوونەتە دى. هەروا دەكرێ لەو ڕاپۆرتانەدا، ئاماژە بۆ وردو درشتى بڕيارەكان و ئەو ڕاسپاردانەش بكرێ كە ئۆرگانە تايبەتمەندەكان بۆ جێبەجێكردنى ئەو دەقانە وەريانگرتوون.

 

ماددەی 19:

ئەنجومەنى ئابوورى و جڤاكى، دەشێ بەو شێوەيەى خۆى بە گونجاوى دەزانێ، ڕاپۆرتە تايبەتەكانى دەوڵەتان لە بارەى مافەكانى مرۆڤ بە پێى هەردوو ماددەى 16 و 17 و هەروا ڕاپۆرتە تايبەتەكانى ئاژانسە پسپۆرييەكان لە بارەى مافەكانى مرۆڤ بە گوێرەى ماددەى 18، بۆ كۆميتەى مافەكانى مرۆڤ بۆ ڤەكۆڵين و ڕاسپاردەدان يان بۆ پێزانين، بنێرێ.

 

ماددەی 20:

دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە و ئاژانسە پسپۆرە پێوەنددارەكان دەكارن كۆمێنت و سەرنجى خۆيان سەبارەت بە هەر ڕاسپاردەيەكى گشتى بە گوێرەى ماددە (19) بۆ ئەنجوومەنى ئابوورى و جڤاكى دەرببڕن يان ئاماژە بۆ ئەم ڕاسپاردە گشتييە بكەن لە هەر ڕاپۆرتێكى كۆميتەى مافەكانى مرۆڤ يان لە هەر دۆكيومێنتێكدا کە لەو ڕاپۆرتانەدا هاتبێ.

 

ماددەی 21:

ئەنجومەنى ئابوورى و جڤاكى، دەكارێ ناو بە ناو ڕاپۆرت و ڕاسپاردە كە سروشتێكى گشتييان هەس و پوختەى ئەو زانيارييانەى كە لە دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە و لە ئاژانسەيلى تايبەتمەند وەدەستى گەيشتوون لە بارەى ڕێكار و ڕێوشوێنە پێڕەولێكراوەكان و ئەو پێشكەوتنەى وەدەست هاتووە بۆ گەيشتن بە چاودێريكردنێكى گشتیى مافە جێگيركراوەكانى ناو ئەم پەيماننامەيە، بە كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بدات.

 

ماددەی 22:

ئەنجوومەنى ئابوورى و جڤاكى، دەكارێ سەرنجى ئۆرگانەكانى نەتەوە يەكگرتووەكان و لقى ئەو ئۆرگانانە و ئاژانسە پسپۆڕە پێوەنددارەكان ڕابكێشێ كە هاوكاریی تەكنيكیى هەر پرسێك بكەن كە لەو ڕاپۆرتانە كەوتبنەوە كە لەم بەشەى پەيماننامەكەدا ئاماژەيان پێ كراوە كە دەشێ [ڕاپۆرتەكان] ياريدەى ئەم دەستانە بدەن كە هەر يەكەيان لە چوارچێوەى پسپۆڕيى خۆياندا، بڕيار لە بارەى لەبارترين و باشترين ڕێكارێكى نێودەوڵەتى بدەن كە بكارێ بەشدارى لە جێبەجێكردنى بەرە بەرە و كاراى ئەم پەيماننامەيەدا بكا.

 

ماددەی 23:

دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە هاوڕان كە كارى نێودەوڵەتى بۆ جێبەجێكردنى مافە بڕيارلێدراوەكانى ئەم پەيماننامەيە، ميتۆدەكانى لە بابەتى گرێدانى پەيماننامە، ڕاسپاردەدان، پێشكەشكردنى هاوكاريى تەكنيكى و ڕێكخستنى كۆڕ و كۆبوونەوەى هەرێمايەتى و تەكنيكى دەگرێتەوە بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتە پێوەنددارەكاندا بەمەبەستى ڕاوێژ و ڤەكۆڵين و ديراسەكردن.

 

ماددەی 24:

هيچ كام لە ڕێوشوێنەكانى ئەم پەيماننامەيە، نابێ وا لێك بدرێتەوە كە دەقەكانى پەيمانى نەتەوە يەكگرتووەكان و دەستووى ئاژانسە تايبەتمەندەكان پەك دەخەن كە بەرپرسيارەتييە تايبەتەكانى ئۆرگانە جياجياكانى نەتەوە يەكگرتووەكان و ئاژانسە پسپۆڕەكانى ديارى دەكەن سەبارەت بەو پرسانەى كە ئەم پەيماننامەيە سەروكارى لەتەكياندا هەيە.

 

ماددەی 25:

هيچ كام لە ڕێوشوێنەكانى ئەم پەيماننامەيە، نابێ وا لێك بدرێتەوە كە مافى زاتيى تەواوى گەلان بۆ كەڵكوەرگرتنى تەواو و ئازادانە لە سامان و سەرچاوە سروشتييەكانى خۆيان پەك دەخات.

 

بەشى پێنجەم

ماددەی 26:

  1. دەكرێ هەر دەوڵەتێكى ئەندامى نەتەوە يەكگرتووەكان يان ئەندامى هەر ئاژانسێكى تايبەتمەندى ئەم ڕێكخراوەيە ئەم پەيماننامەيە واژۆ بكات. هەروا هەر دەوڵەتێكى ئەندامى پێڕەوى ناوخۆى دادگەى نێودەوڵەتيى داد يان هەر دەوڵەتێكى ديكە كە كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ ئەندامەتى لەم پەيماننامەيەدا بانگهێشتى بكا، مۆر بكات.
  2. ئەم پەيماننامەيە بەرفەرمانى "ڕاستاندن"ە. دەبێ بەڵگەنامەكانى ڕاستاندنيش بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بسپێردرێ.
  3. دەكرێ هەر دەوڵەتێك لەو دەوڵەتانەى كە لە بڕگەى 1ى ئەم ماددەيەدا ئاماژەى بۆ كراوە، بەم پەيماننامەيە پەيوەست بێ.
  4. ئەودەمە پەيوەستبوون جێى خۆى دەگرێ، كە بەڵگەنامەى پەيوەستبوون بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بدرێ.
  5. دەبێ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، هەموو ئەو دەوڵەتانەى ئەم پەيماننامەيان مۆر كردووە، يان پێيەوە پەيوەست بوون، لە سپاردنى بەڵگەنامەى ڕاستاندن يان پەيوەستبوون ئاگادار بكاتەوە.

 

ماددەی 27:

  1. ئەم پەيماننامەيە سێ مانگ پاش سپاردنى سى و پێنجەمين بەڵگەنامەى ڕاستاندن، يان بەڵگەنامەى پەيوەستبوون بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، بەركار دەبێ.
  2. هەر دەوڵەتێك پاش سپاردنى سى و پێنجەمين بەڵگەنامەى ڕاستاندن يان بەڵگەنامەى پەيوەستبوون، ئەم پەيماننامەيە بڕاستێنێ و پشتڕاست بكاتەوە يان پێيەوە پەيوەست بێ، ئەوا ئەم پەيماننامەيە سێ مانگ پاش سپاردنى بەڵگەنامەى ڕاستاندن، يان بەڵگەنامەى پەيوەستبوونى خۆى، دێتە بەركاربوون.

 

ماددەی 28:

دەقەكانى ئەم پەيماننامەيە بەبێ هيچ كۆت يان ڕيزپەڕێك، بەسەر تەواوى بەشەكانى دەوڵەتەيلى فيدراڵ دێنە جێبەجێكردن.

 

ماددەی 29:

  1. هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە، دەتوانێ پێشنياز بۆ هەر دەسكارى و هەمواركردنەوەيەكى ئەم پەيماننامەیە بكا و دەقەكەى بە سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بسپێرێ. لە سەرينى ئەمەوە دەبێ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان هەر گەڵاڵەيەكى پێشنيازكراوى لەم چەشنە، دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيەى لێ ئاگادار بكاتەوە و داوايان لێ بكات كە داخوا ئەم دەوڵەتانە پێيان باشە كۆنفرانسێك بۆ دەوڵەتانى ئەندام بە مەبەستى ڤەكۆڵين لە پێشنيازەكان و بڕياردان لە بارەيانەوە، بكرێ. ئەگەر بە لانى كەم سێيەكى دەوڵەتانى ئەندام ئەم كۆنگرەيەيان پێ باش بێ، ئەوا دەبێ سكرتێرى گشتى لەژێر چاودێریى نەتەوە يەكگرتووەكاندا كۆنفرانسێك پێك بێنێ. هەر دەسكارى و هەمواركردنێكيش كە لەلايەن زۆربەى ئەو دەوڵەتانەى لە كۆنفرانسەكەدا ئامادە بوون پەسند بكرێ و دەنگى لەسەر بدرێ، ئەوا بۆ ڕاستاندنى هەموارەكە، دەخرێتە بەردەم كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانەوە.
  2. ئەو كاتە دەسكارى و هەموارەكان كاريان پێ دەكرێ كە لەلايەن كۆمەڵەى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكانەوە هاتبنە پەسندكردن و دوو لەسەر سێى دەوڵەتەكانى ئەندامى ئەم پەيماننامەيە بە گوێرەى ڕێكار و ڕێوشوێنە دەستوورييەكانى خۆيان، پێيان ڕازى بووبن.
  3. هەموارەكان، پاش ئەوەى بەركار دەبن، دەبێ ئەو دەوڵەتانەى پەسنديان كردوون، پێيانەوە پابەند بن و دەوڵەتەكانى ديكەى ئەنداميش، دەبێ پابەندى دەقەكانى ئەم پەيماننامەيە و هەر هەموارێكى ديكە بن كە پێشتر خۆيان پەسنديان كردبێ.

 

ماددەی 30:

بێ ڕەچاوكردنى ئەو ئاگاداركردنەوانەى بەپێى بڕگە 5ى ماددە 26 ئاراستە كراون، دەبێ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان، ئاگادارى سەرجەم ئەو دەوڵەتانەى لە بڕگە 1ى هەمان ماددەدا ئاماژەيان بۆ كراوە، لەم وردەكارييانە ئاگادار بكاتەوە:

  1. واژۆكان، ڕاستاندن و پەيوەستبوونەكان بە گوێرەى ماددە 26.
  2. كاتى بەركاربوونى ئەم پەيماننامەيە بە گوێرەى ماددە 27 و كاتى بەركاربوونى هەر هەمواركردنێك بە گوێرەى ماددە 29.

 

ماددەی 31:

  1. ئەم پەيماننامەيە كە دەقى چينى، ئينگليزى، فەرەنسەيى، ڕووسى و ئەسپانى ئيعتوبارى وەكيەكيان هەيە، دەبێ بە ئارشيفى نەتەوە يەكگرتووەكان بسپێردرێن.
  1. دەبێ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان وێنە دەقاودەق و پشتڕاستكراوەكانى ئەم پەيماننامەيە بۆ هەموو ئەو دەوڵەتانەى لە ماددە 26دا ئاماژەيان بۆ كراوە، بنێرێ.
Last modified on پێنج شەممە, 13 کانونی یەکەم 2018 16:48
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples