ئەم ڕێککەوتننامەیە، بەپێى بڕیارى 260 (III)ى کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە 9ى کانوونى یەکەمى 1948دا پەسند کراوە. تا ئێستە ئەم ڕێککەوتننامەیە 147 وڵات پشتڕاستیان کردووەتەوە، یان پێیەوە پەیوەست بوون. لەوانە عێراق لە 20ی 1ى 1959دا، تەڤلى ئەم ڕێککەوتننامەیە بووە.
ئەم ڕێککەوتننامەیە لە 12ى کانوونى دووەمى 1951ەوە کەوتووەتە بوارى کارپێکردنەوە.
بۆ یەکەمین جار، دەستەواژەى جینۆساید، ڕافائیل لمکین لە کتێبێکدا بەناوى "حوکمڕانیى دەوڵەتانی تەوەر لە ئەوروپاى داگیرکراودا"، کە لە کۆتاییى ساڵى 1944دا دەرچووە، بەکاری هێناوە. ئێستە وەکو تاوانێکى نێودەوڵەتیى دانپێدانراو چاوى لێ دەکرێ و لە ماددە 6ى پێڕەوى ڕۆما بۆ "دادگەى نێودەوڵەتيى تاوانکارى- International Criminal Court"دا جێگیر کراوە.
ئاسۆ کەریم، لە ئینگلیزییەوە کردوویە بە کوردى و لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەیشدا بەراوردى کردووە.
ڕێككەوتننامەى بەربەرەكانی و سزادانى تاوانى جينۆسايد
Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide
بەم هۆيەوە كە كۆمەڵەى گشتيى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان بە بڕیارى ژمارە 96ى 11ى ديسێمبەرى 1946، جاڕى دا كە جينۆسايد لە ڕوانگەى یاساى نێودەوڵەتييەوە بە تاوان ئەژمار دهكرێ و دژ بە مەبەست و نياز و مەرامەكانى نەتەوە يەكگرتووەكانە و، جيهانى شارستانێتى مەحكوومى دەكا.
بەم هۆيەوە كە لە سەردەمى جياجيادا، جينۆسايد زيانى زۆر و زەوەندى لە مرۆڤايەتى داوە و بۆ قورتاركردنى مرۆڤايەتى لەم بەڵا نەگريسە، چار نييە و دەبێ سەرجەم دەوڵەتان هاريكار بن.
دەوڵەتانى ئەندام لەسەر ئەمە ڕێك كەوتن:
ماددە 1
دەوڵەتانى ئەندامى ئەم ڕێككەوتننامەيە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەو كار و كردانەى، چ لە كاتى ئاشتى و چ لە كاتى جهنگدا، جينۆسايديان بەدواوە بووە، لە ديدى یاساى نێودەوڵەتييەوە بە تاوان ئەژمار دهكرێن و، بەڵێن دەدەن هەموو ڕێوشوێنێك بۆ ڕێگەلێگرتن و سزادانيان بگرنە بەر.
ماددە 2
لەم ڕێككەوتننامەيەدا جينۆسايد، هەر كار و كردەيەكە لەو كار و كردانەى خوارێ، كە بە مەبەستى لەناوبردنى تەواوى، يان بەش- بەشى گرووپێكى نەتەوەيى، ئيتنى، ڕەگەزى، يان ئايينى، ئەنجام بدرێ.
1: كوشتوبڕى ئەندامانى ئەو گرووپە.
2: زيانگەياندنى بەرچاو بە جەستە و دەروونى ئەندامانى ئەو گرووپە.
3: بەئانقەست ئەندامانى ئەو گرووپە، بخرێنە بارێكى گوزەرانى واوە كە لەناوچوونى بەشێك، يان تەواوى گرووپەكەى بەدواوە بێ.
4: گرتنەبەرى ڕێوشوێنى ئەوتۆ كە ڕێگە لە زاوزێى گرووپەكە بگرێ.
5: بەزۆر گواستنەوەى زارۆ و منداڵان لە گرووپێكەوە بۆ گرووپێكى دى.
ماددە 3
ئەم كار و كردانەى خوارەوە، سزايان لەسەرە:
1: جينۆسايد.
2: ڕێككەوتن بەمەبەستى جينۆسايدكردن.
3: هاندانى ڕاستەوخۆ و بەئاشكراى جينۆسايدكردن.
4: دەست بە جينۆسايدكردن.
5: بەشدارى لە جينۆسايدكردن.
ماددە 4
هەر كەسێ، تاوانى جينۆسايد بكا، يان هەر كارێكى لەو كار و كردانەی كردبێ كە لە ماددە 3دا ناويان هاتووە، سزا دەدرێ، جا تاوانكار، حوكمڕان بێ، يان كارمەند، يان هەر تاكێكى دى.
ماددە 5
دەوڵەتانى ئەندام بەڵێن دەدەن، هەر يەكەيان بەگوێرەى بارى دەستووريى تايبەت بە وڵاتى خۆى، ڕێوشوێنى ياسايیى پێويست بۆ جێبەجێكردنى بنەواشەكانى ئەم ڕێككەوتننامەيە دابنێن، نەمازە لە یاساكانى خۆياندا سزاى تاوانكاريى ئەوتۆ بۆ هەر يەكێك ببڕنەوە كە تاوانى جينۆسايدى كردبێ، يان هەر كار و كردەيەكى ئەنجام دابێ كە لە ماددە 3دا دەقبەند كراون.
ماددە 6
ئەو كەسانەى بە تاوانى جينۆسايد تۆمەتبار دەكرێن، يان بە هەر كارێك لەو كردانەى لە ماددە 3دا دەقبەند كراون، دەدرێنە دادگهگەلى پسپۆڕى ئەو دەوڵەتەى كە كردەكە لەسەر خاكى ئەو ئەنجام دراوە، يان دەدرێنە دادگەيەكى تاوانكاريى نێودەوڵەتى كە دەسەڵاتى حەل و فەسلكردنى هەبێ، لەڕاست ئەو دەوڵەتە ئەندامانەى كە دەسەڵاتى ئەم دادگەيان پێ پەسندە.
ماددە 7
تاوانى جينۆسايد و ئەو كردەوانەى لە ماددە 3دا دەقبەند كراون، سەبارەت بە ڕادهستكردنهوهی تاوانكاران، بە تاوانگەلى سياسى دانانرێن.
دەوڵەتانى ئەندام، بەڵێن دەدەن لەم بارەدا، بەگوێرەى یاساكان و پەيماننامەى تايبەت، ڕێوشوێنى ڕادەستكردنەوە بگرنە بەر.
ماددە 8
هەر دەوڵەتێكى ئەندام، ئەم پرسە بۆ دەستەى پسپۆڕى سەر بە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان ڕادەگەيەنێ و بەپێى بنەواشەكانى پەيمانى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان، ڕێوشوێنى لەبار و گونحاو بۆ خۆپاراستن، يان سزادانى كار و كردەكانى جينۆسايد، يان هەر كارێكى كە لە ماددە 3دا دەقبەند كراوە، بگرێتە بەر.
ماددە 9
هەر كێشەيەك لە نێوان دەوڵەتانى ئەندام لەم ڕێككەوتننامەيەدا لەسەر لێكدانەوە، يان بەكارهێنان و جێبەجێكردنى ئەم ڕێككەوتننامەيە، بەكێشەى تايبەت بە بەرپرسيارێتیی دەوڵەتيشەوە لە كار و كردەكانى جينۆسايد، بێتە گۆڕێ، يان هەر كارێك لەو كار و كردانەى لە ماددە 3دا دەقبەند كراون، ڕەوانەى دادگەى نێودەوڵەتيى داد دەكرێ و لەسەر داوا و داخوازیى دەوڵەتى تاينەوە.
ماددە 10
دەقى ئەم ڕێككەوتننامەيە بە زمانەكانى ئينگليزى، فەرەنسى، چينى، ئیسپانى و ڕووسى نووسراوەتەوە و هەموويان وەك يەك جێگەى متمانە و بڕوان و مێژووەكەى 9ى ديسێمبەرى ساڵى 1948ە.
ماددە 11
هەر دەوڵەتێكى ئەندام لە نەتەوە يەكگرتووەكان، يان هەر دەوڵەتێكى نائەندام، كە كۆمەڵەى گشتى داواى لێ بكا، دەكارێ تا 31ى ديسێمبەرى ساڵى 1949، ئەم ڕێككەوتننامەيە ئيمزا بكا.
ئەم پەيماننامەيە پەسند دەكرێ و دۆكيومێنتەكانى بە ڕاستگەڕاندن لە لاى سكرتێرى گشتيى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان بە ئەمانەت دادەنرێ و دەشێ لە 1ى كانوونى دووەمى ساڵى 1950ەوە هەر ئەندامێكى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان يان هەر دەوڵەتێكى نائەندام، داخوازينامەيەكى لەم بارەوە پێ گەيشتبێ، بەم ڕێككەوتننامەيە پەيوەست بێ.
دۆكيۆمێنتەكانى پەيوەستبوون بەو ڕێككەوتننامەيە لە لاى سكرتێرى گشتيى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان دەپارێزرێن.
ماددە 12
دەكرێ هەر دەوڵەتێكى ئەندامى ئەم ڕێككەوتننامەيە هەر كات بيەوێ، ئاگادارى سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان بكاتەوە كە بنەواشەكانى ئەم ڕێككەوتننامەيە بەسەر تەواوى، يان هەندێ لەو هەرێمانەى كە ئەو دەوڵەتە كاروبارى دەرەكييان بۆ هەڵدەسووڕێنێ، جێبەجێ دەبن.
ماددە 13
لەو ڕۆژەڕا كە بيستەمين دۆكيومێنتى پەسندكردن، يان پەيوەستبوون بەم ڕێككەوتننامەيە (لەلاى سكرتێرى گشتى) بە ئەمانەت دادەنرێ، ئەوا سكرتێرى گشتى ڕاپۆرتێك دەنووسێ و وێنەيەكى لێ بۆ هەر دەوڵەتێكى ئەندام لە ئەندامانى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان و دەوڵەتە نائەندامەكان كە لە ماددە 11دا بە دەق ئاماژەيان بۆ كراوە، دەنێرێ.
ماددە 14
لە مێژووى بەڕێوەبردنى ئەم ڕێككەوتننامەيەوە، بۆ ماوەى 10 ساڵان كارى پێ دەكرێ و دواتر بۆ ماوەى 5 ساڵى تريش بەڕێوە دەبردرێ و بەم شێوەيە، تا ئەو دەمەى دەوڵەتانى ئەندام بە لايەنى كەم، شەش مانگ پێش تەواوبوونى ئەم ماوەيە، ئارەزووى خۆيان بۆ بەڕێوەبردنى دەرنابڕنەوە.
ماددە 15
بۆ ڕەتكردنەوەى ئەم ڕێككەوتننامەيە، دەبێ ئاگادارينامە ئاراستەى سكرتێرى گشتيى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان بكرێ.
ماددە 16
دەكرێ هەر دەوڵەتێكى ئەندام، هەر كاتێك بيەوێ، بە نووسراو بۆ سكرتێرى گشتيى نەتەوە يەكگرتووەكان داواى چاوگێڕانەوە بەم ڕێككەوتننامەيە بكا. لەم بارەوە كۆمەڵەى گشتى، ڕێوشوێنى پێويست دەگرێتە بەر.
ماددە 17
سكرتێرى گشتيى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان، هەموو دەوڵەتانى ئەندام لە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان و ئەو دەوڵەتانەیش كە ئەندام نين لەم ڕێكخراوەدا و لە ماددە 11دا ئاماژەيان بۆ كراوە، ئاگادار دەكاتەوە لە:
أ: مۆركردن، پەسندكردن و پەيوەستبوون بەو ڕێككەوتننامەيە بەپێى ماددە 11.
ب: ئەو ڕاگەياندراوانەى ئاراستەى ئەو دەكرێن بەگوێرەى ماددە 12.
ج: مێژووى بەركاربوونى ئەم ڕێككەوتننامەيە بەپێى بنەواشەكانى ماددە 13.
د: ڕەتكردنەوەى ئەم ڕێككەوتننامەيە بەگوێرەى ماددە 14.
ه: هەڵوەشاندنەوەى ئەم ڕێككەوتننامەيە بەپێى ماددە 15.
و: ئەو ئاگاداركردنەوانەى ئاراستەى ئەو دەكرێن بەپێى ماددە 16.
ماددە 18
وێنەى ئۆریجیناڵى ئەم ڕێككەوتننامەيە، لە ئارشيڤى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان هەڵدەگيرێ و وێنەى دەقاودەقى پەسندكراوى ئەم پەيمانە، بۆ هەموو دەوڵەتانى ئەندام لە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان و دەوڵەتانى نائەندام كە لە ماددە 11دا ئاماژەيان بۆ كراوە، دەنێردرێ.
ماددە 19
سكرتێرى گشتيى ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان، ئەم ڕێككەوتننامەيە لە مێژووى بەركاربوونيیەوە تۆمار دەكا.