پێنووس

هاوكێشەی نوێی هێز لە عێراق و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەڵكشان و داكشانی پێگە و كاریگەریی هێز و لایەنە بەشدارەكانییەتی، چ لەسەر ئاستی پەرلەمان و چ لە ئاستی حكوومەت و كاریگەریی سیاسی و چەكداری. ئەم شڵۆقی و بێسەروبەرییەیش لە پێنج خولی ڕابردوودا (2005_ 2022) بووەتە هۆی گۆڕینی ئینتیمای سیاسیی سەرۆكوەزیران و پۆستی وەزارەتە سیادی و جومگەیییەكان و، هاوكاتیش هەڵكشان و داكشانی ژمارەی كورسی و كاریگەریی لایەنەكان لە دروستكردنی بڕیار. ئەم شرۆڤەیە تیشك دەخاتە سەر دوا پێشهاتی لێكترازانە سیاسییە ناوخۆیییەكانی شیعە و نوێترین هەڵوێست لەگەڵ لایەنە سوننەكان و، هەوڵ دەدات دید و تێڕوانینی هەردوو لا بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان بخاتە ڕوو.

دوو جەمسەرە كاریگەرەكەی شیعە: چوارچێوە و سەدرییەكان

لە پاش كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان لە ناوەڕاستی پار (2022)، خولی پێنجەمی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردنیش لە عێراق بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلا بووەوە، كە چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی گرنگترین هێز و لایەنە شیعەكانی دۆست و هاوپەیمان و شوێنكەوتەكانی ئێران. لە ماوەی 15 مانگیش لە هەژموونی چوارچێوەی شیعە و مانەوەی سەدرییەكان لە دەرەوەی خولی پێنجەم و دوورەپەرێزگرتنی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەكە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتاییی ئەمساڵ (2023)؛ هێشتا ناوەندی سیاسیی شیعی هەر لە دڵەخورتێی ئەگەری گەڕانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی سەدرییەكان یان  بەریەككەوتنە توندەكانی سەدر و هێزە خاوەن چەكدارەكانی شیعەدا دەژی. ئەوەیشی ئەم ترس و نیگەرانییانە زیاتر دەكات، نەبوونی هیچ بەرچاوڕوونییەكە لەسەر پلان و بەرنامەی سەدر بۆ قۆناغی داهاتوو؛ تەنانەت لای سەركردەكانی ڕەوتەكەیشی كە نایشارنەوە سەرەتا و كۆتاییی بڕیار، بەدەست سەدرە و ئەمان بێئاگان لەوەی چی دەكات.

سەدرییەكان كۆمەڵێك گرژی و ناكۆكییان لەگەڵ پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعە هەیە، بەتایبەت لەگەڵ مالیكی و عەسائیب و بە ڕێژەیەكیش لەگەڵ ڕەوتەكەی عەممار حەكیم، لە پاش هەڵبژاردنی 2021، كە ئەمانە كەمپینیان بۆ ڕاگرتنی سەدر دروست كرد؛ ئەویش ناوی نان “سێكوچكەی شووم”[1]. ئەم گرژییەیش لە كۆتایییەكانی ئابی 2022 بە شەڕێكی خوێناوی لە نێوان سەدرییەكان و گرووپەكانی چوارچێوەی شیعە لە ناوچەی سەوزی بەغدا كۆتایی هات و سەرەنجامیش سەدر بڕیاری دا بە كشاندنەوەی ڕەوتەكەی لە هەموو چالاكییەكی سیاسی و هەموو هێڵێكی تەماسی بەریەككەوتن، ئەویش لە دەركەوتنێكی شپرزە و كتوپڕدا لە بەردەم كامێرای میدیاكان[2]. هەرچەندە سەدر زۆر پێداگریی كرد لەسەر دوورەپەرێزی و پاراستنی ئاشتی، بەڵام دوو مانگ بەر لە ئێستا جارێكی تر بەریەككەوتن و گرژیی ناوخۆیی كەوتەوە نێوان لایەنە شیعەكان؛ بەناوبانگترینیان لە تەممووزی ڕابردوودا، كاتێك سەدرییەكان بارەگاكانی حزبی دەعوە و هەندێك لە هێزە چەكدارەكانی تری شیعەیان لە بەغدا و باشووری عێراق سووتاند، چونكە مالیكی و باڵە میدیایییەكانی دەستوپێوەندەكەی، تۆمەتبار كران بە بێڕێزیكردن بە مەرجەعی كۆچكردووی سەدرییەكان، محەمەد محەمەد سادق سەدری باوكی موقتەدا و دامەزرێنەری یەكەمی ڕەوتی سەدر لە ساڵانی نەوەدەكان[3].  ئەگەرچی گرژییەكانی سەدرییەكان و حزبی دەعوە بەخێرایی دامركێنرانەوە، بەڵام نوێبوونەوە و سەرهەڵدانەوەیان ئەگەرێكی هەمیشە كراوەیە، چ لە نێوان سەدرییەكان و بەرەی مالیكی یان سەدر و عەسائیب و هێزەكانی تری شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەت ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن بەبێ سەدرییەكان بەڕێوە بچێت. لە كاتێكدا خۆخواردنەوە و تووڕەییی زۆر لە بنكەی ڕەوتەكەدا هەیە دژ بە گۆشەگیربوونیان، ئەوەیشیان بیر نەچۆتەوە، پار بەدەستی باڵە چەكدارییەكانی چوارچێوەی شیعی، نزیكەی 30 كەسیان لێ كوژرا. چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستایش بەفەرمی یادی قوربانییەكانی مانگرتن و خۆپیشاندانەكانی پاری بەغدایان لە بەردەم پەرلەمان لە كەربەلا كردەوە[4]؛ ئەمە لە كاتێكدا لە هەڵچوونە كتوپڕەكەی پاردا موقتەدا سەدر جەختی كردەوە “بكوژ و كوژراوی ئەو خۆپیشاندانانە لە دۆزەخدان”[5]؛ بەڵام دیارە ئێستا كە دۆخەكە هێور بووەتەوە، سەدرییەكان بڕیاریان گۆڕیوە و كوژراوەكانی خۆیان پێ ستەملێكراوە و بەرامبەرەكانیان دەستدرێژیكار و خەتابار!

لە نوێترین پێشهاتی ئەو ناكۆكییانەی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، كۆمێنتێكی سەدرە بە دەستخەتی خۆی لەسەر سكاڵای كەسوكاری 28 ئەفسەری پاسەوانی بەردەم باڵیۆزخانەی سوید كە سزا دراون لەسەر بەجێنەهێنانی ئەركی پاراستنی باڵەخانەكە، كە كەوتە بەر ڕقی سەدرییەكان لە چوارچێوەی كاردانەوە دژی سووتاندنی قورئان لە سوید. سەدر لە پەراوێزی سكاڵاكەدا حكوومەتی چوارچێوەی شیعەی، چوواندووە بە “حكوومەتی عەباسی” كە “هیچ دۆست و هاوەڵی قورئان نین، هیچ پەیوەندییشیان بە عەقیدەوە نییە.”[6] ئەمەیش ئاماژەنمایەكی ڕوونە لەسەر هەڵكشانی كێرڤی ناكۆكییەكانی سەدر و چوارچێوە، لە سیاسییەوە بۆ دابڕانی عەقیدەیی؛ بەو مانایەیش دێت كە سەدر خۆی بە خاوەنی شەرعیی دەسەڵات دەزانێت لەسەر شێوازی عەلەوییە شیعەكان و، چوارچێوەی شیعەیشی پێ “عەباسی”یەكانە كە بە ناوی “ئالوبەیت”ەوە چوونە سەر دەسەڵات و لە عەلەوییەكان زەوتیان كرد. ئەمەیش دەرگەی كردووەتەوە بۆ ئەوەی هەندێك كەس گریمانی ئەوە بكەن سەدر پلانی ڕاماڵین و قڵپكردنەوەی دۆخەكەی هەیە و جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ بەشداری و شەراكەت لەگەڵ شیعەكان.

دابەشبوونە ناوخۆیییەكانی چوارچێوەی شیعی

بەپێی دوا ئامار، 134 لیست بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆ كۆتاییی ئەمساڵ پەسەند كراون؛ 39 لەوانە هاوپەیمانێتین و 29 حزب و 66 پاڵێوراوی تاكیش بەشدارن؛ سەرجەم كاندیدە ڕكابەرەكانیش 6 هەزار كەسن[7]. لەناو ئەم قەرەباڵغی و جەنجاڵییەیشدا سەرەكیترین هێزە پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی شیعی بەشدارن كە بریتین لە: دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی مالیكی، بەرەی هادی عامری، سەرۆكی بەدر، حیكمە بە سەرۆكایەتیی عەممار حەكیم، ئەلنەسر بە سەرۆكایەتیی عەبادی، عەسائیب بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی، لەگەڵ كۆمەڵێكی تر هێزی شیعی لە چەشنی ئیرادەی حەنان فەتلاوی و لیستێكی ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكی “جند الإمام”؛ سەرجەمیشیان بەفەرمی لە هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 18ی كانوونی یەكەمی 2023 بەشدار دەبن.

هەرچەندە هێزە شیعەكان لە هەندێك پارێزگا بە یەك لیست و لە هەندێكی تر بەپەرتەوازەیی دەچنە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەو چەترەی كۆیان دەكاتەوە- كە چوارچێوەی شیعییە- بڕیاری هەیە لە پاش هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دیسانەوە هاوپەیمانی دروست بكاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو[8]؛ بەمەیش بەسەر لێكەوتەكانی فرەلیستیی ئەم بەرە شیعییەدا زاڵ ببێت. بەڵام دابەشبوونەكانی بەر لە هەڵبژاردن ئالۆز و گەرمن و بەفەرمی 11 لیستی شیعییە لە 15 پارێزگا كە 50 حزب و ڕەوت و هێز لەخۆ دەگرێت؛ لە 10 پارێزگادا لیستەكەی مالیكی (دەوڵەتی یاسا) بەتەنیایە، لە باشووری عێراقیش دوو لیستی گەورە هەن؛ یەكێكیان تێكەڵ لەگەڵ چوارچێوەی شیعی و ئەوی تر فرەجۆرە[9].  بەهۆی ئەم دابەشبوونەی هەڵبژاردنەكانیشەوە، خەریكە تای هەڵبژاردن وردە وردە لە ناوخۆی چوارچێوەی شیعە گەرم دەبێت، بەتایبەت كە شەڕی گەورە بە دوو ئاراستەیە: یەكەمیان پەڕینەوەی زۆر لە هێزە شیعەكان بۆ پارێزگا نوێیەكانی وەك ئەنبار و نەینەوا و دیالە و كەركووك، دووەمیشیان پڕكردنەوەی بۆشاییی سەدر و بردنی میراتی كەنارگیرییە سیاسییەكەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق. هەر لە چوارچێوەی ئەم ململانێیەیشدا لە دیالە بۆ نموونە، كە پارێزگای قاچاخچێتی و گرژیی تائیفی و “خاصرة لاکەلەکە” كەلەكەی ئەمنیی ئێرانە، قەیس خەزعەلی و بزووتنەوەكەی، عەسائیب وەك ڕكابەرێكی سەرەكیی ڕێكخراوی بەدری هادی عامری و فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەركەوتووە كە هەردووكیان خەڵكی ئەم پارێزگایەن. بەم پێیەیش كێبركێی گەرم لە نێوان هاوپەیمانیی عامری/ فەیاز (هاوپەیمانیی نبني) لەگەڵ بزووتنەوەی عەسائیب و وردە هێزەكانی هاوپەیمانی دەبن[10].

لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور چەند لیستێكی تری هەڵبژاردن كێبركێ دەكەن لە چەشنی، “المنتصرون”ی كەتیبەكانی “سید الشهداء”، لیستی  “الصدق والعطاء” بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد ئەلئەسەدی، وەزیری كار و فەرماندەی “كتائب جند الإمام” كە لیوای شەشەمن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، هەروەها بزووتنەوە سیاسییەكەی حەنان فەتلاوی بەشدارە بە ناوی “إرادة”[11]. بەم پێیەیش شێوەیەكی گشتیی ڕكابەرییەكانی قۆناغی داهاتووی شیعە لە نێوان چەند جەمسەرێك دەبێت لە چەشنی مالیكی _ خەزعەلی/ عامری _ خەزعەلی/ حەكیم _ عامری/ حەكیم _ خەزعەلی و، سەرجەمیشیان لەگەڵ ڕەوتی سەدردا لە ناكۆكی و ناجۆریدان. لەناو ئەم جەنجاڵییەیشدا یەكێك لەو كەرەستانەی كە سەرجەمیان هەناردەی كێشە ناوخۆیییەكانی پێ دەكەن، مەسەلەی بوودجە و مووچە و چۆنێتیی مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان. ئەوەیش بەڕوونی لە گوتاری سیاسیی هێزە شیعەكاندا دیارە كە جەخت لە بەشخوراویی پارێزگاكانی باشوور و ڕێگرتن لە گواستنەوەی داهاتی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە؛ تەنانەت پاش ئەوەیشی كە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دۆخەكە بخاتە ڕوو یان ئەم گوتارە بەرامبەر ئەو پارێزگایانەی تر بەكار بهێنێت كە بەرهەمی نەوتیان نییە وەك: ئەنبار یان دیالە بە نموونە.

كێشە بۆماوەیییەكانی هێزە شیعەكان و لایەنە سوننەكان

كۆتا جار كە شیعەكان لەسەر زاری “محەمەد شیاع سوودانی”یەوە گفتیان دا پابەند بن بە مەرج و داخوازییەكانی لایەنە سوننەكان لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، لە دیداری سوودانی و حەلبووسی بوو لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوو[12]، بەڵام ئاماژەكان لەسەر ئەوەن جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە بەكردەیی و بەهێمنی بەرەو سڕكردن دەڕوات[13]؛ بەتایبەت كە یەكێك لە بڕگە سەرەكییەكانی ئەو داواكارییانە مەسەلەی لێبووردنی گشتییە بۆ زیندانییەكان كە زۆرینەیان هی ناوچە سوننەكانن بە تۆمەتی تیرۆر. یاساكەیش سەرباری ئەوەی بە فەرمانی سەرۆكوەزیران لیژنەی بۆ پێك هێنراوە، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە كێ دەگرێتەوە و، زۆر لە چاودێرانیش پێیان وایە دەكرێت بەئاسانی پرۆژەكە لە ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵ بكرێتەوە و بە ئاراستەیەكی تر ببرێت لەژێر ناوی سووككردنی باری سەرشانی زیندانەكان كە كێشەی قەرەباڵغییان هەیە[14]. هەروەها زۆر لە هێزە شیعەكان نایشارنەوە بەنیازن گیراوەكانی ماددەی 4ی تیرۆر هەڵاواردە بكەن لە لێبووردن كە زۆرینەیان لە ناوچە سوننەكانن. بۆ داواكارییەكانی تر كە ئاشكراكردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننە وێرانەكانی پاش جەنگە، لەگەڵ داواكارییەكانی تر، هێشتا هیچ هەنگاوی گەورەی بۆ نەنراوە.

لایەنە سەرەكی و فەرمییەكانی سوننە ناتوانن بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن یان لە حكوومەت بكشێنەوە، چونكە باوەڕێكی زاڵ هەیە كە “مەرجەعییەتی پێكهاتەی سوننە، دەسەڵاتە”؛ بەو مانایەی هێزێك لێی دوور بكەوێتەوە پەراوێز دەكەوێت. بەڵام لەسەر ئاستی ئەو هێزە سوننە نەیارانەی شیعە كە لە دۆخەكە سوودمەند نین یان لە دەسەڵاتدا نین، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە خۆیان نمایش بكەن كە یەكێكیان بانگەشەی هەرێمی سەربەخۆیە، یان هەوڵی ترساندنی شیعەكان بەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا یەك دەگرن بۆ دروستكردنی هەرێمێكی یەكگرتوو. بۆ ئەم مەبەستەیش سەكۆ ئەلیكترۆنی و كەمپینیان لە سۆشیاڵمیدیا بەرپا كردووە و نەخشەسازی بۆ پرۆژەگەلێك دەكەن كە ژێرخان و زەمینەی جێبەجێبوونیان لە واقعدا نییە و زیاتر بۆ دروستكردنی گوشارە[15].

مامەڵەی لایەنە شیعەكان لەگەڵ هەرێم

جیاواز لە ویلایەتی دووەمی مالیكی كە گرژی و بەریەككەوتنی ئاشكرا لە نێوان هەرێم و بەغدا ناونیشانی سەرەكیی بوو، لە ئێستادا حكوومەتی سوودانی، كە هی چوارچێوەی شیعییە، لەسەر ئاستی فەرمی و میدیایی خۆی بەدوور دەگرێت لەوەی بكەوێتە سەنگەری ململانێی ئاشكرا لەگەڵ هەرێم. ئەوەیشی هاندەرە بۆ ئەم تەبایییە ڕووكەشە، زیاتر لە دوو پاڵنەری سەرەكیدا دەردەكەوێت كە یەكێكیان هەوڵی پارێزگاریكردنە لە دەسكەوتەكانی چوارچێوەی شیعە و ئەزموونە حوكمڕانییە نوێیەكەی لەبەرچاوی دنیا، دووەمیشیان شڵۆقیی پێگەی حكوومەتی چوارچێوەیە لە بەردەم تەحەددا ئابووری و دارایییەكان (دۆلار بەتایبەتی) لەگەڵ مۆتەكە و تارماییی بەردەوامی سەدر. بەڵام لەسەر ئاستە كردارییەكە ئەوەی بۆ ئەم حكوومەتە ڕەخساوە لە ئیحتیواكردنی هەرێمی كوردستان و ئابوورییەكەی و كەڵكوەرگرتن لە كێشە كەڵەكەبووە ناوخۆیییەكانی، بۆ هیچ كابینەیەكی پێشووتر بەبەردەوام دەستی نەداوە، بە كابینەی حەیدەر عەبادییشەوە كە لە 2017 كەركووكی گێڕایەوە بۆ چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵ و بەسەر تەنگژە و قەیرانی ڕیفراندۆمدا زاڵ بوو. بەشێك لەو شانس و دەرفەتانەیشی بۆ ئەم حكوومەتە ڕەخساوە، لە ڕێگەی “دادگەی فیدراڵی”یەوە فەراهەم بووە و بەشەكەی تریشی پۆپۆلیزمی شیعی لەناو پەرلەمان یارمەتیدەرییەتی، بۆ نموونە لە كاتی گفتوگۆی بوودجەدا “هەڵۆكانی دارایی” و لە كاتی پێدانی قەرزدا “پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشوور”[16]. هەرەچەندە ئەمانەیش زۆرینەی پەرلەمانتاران نین، بەڵام ڕێژەیەك لە پاڵپشتیی جەماوەرییان هەیە و لەم نێوەیشدا هەندێك ڕاپرسیی سنووردار دەری دەخات كە، نزیكەی زیاتر لە 80%ی بەشداربووانی هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشوور، پێیان وایە هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی نییە؛ هەروەها چیرۆكی كوردستان وەك جاران جێگەی سەرنجی هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشوور نییە و 38%یش لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە[17]. هەندێك كەسایەتیی شیعەیش بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن بەغدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی و بیانیدا بكات بۆ  وردبینیی خەرج و داهاتی هەرێم[18].

جگە لەو هۆكارانەی سەرەوەیش لێكترازانی ناوخۆییی هەرێم و كەڵەكەبوونی هەڵەكان بەبێ هەبوونی ئاسۆیەك بۆ چارەسەربوونیان، هاندەری حكوومەتی فیدراڵ و هێزە شیعەكانە گوشاری زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكات. لە لایەكی تریشەوە هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا عەیبەكانی ئابووریی بەرخۆری هەرێمی دەرخست و، ئێستا دەگوترێت قەوارەی هەرێمێك كە پشتئەستوور بوو بە نەوت، شڵۆق و لەرزۆكە [19]، لە كاتێكدا ئەم ڕاستییە دەرهەق بە دەوڵەتی عێراقیش هەر هەمان شتە و ئەویش ئابوورییەكەی دەوروبەری 95%ی، بەپێی ڕاپۆرتە دارایییە فەرمییەكان پشتئەستوورە بە نەوت.

لەناو پێكهێنەرەكانی حكوومەتی چوارچێوەی شیعەدا هێزە دێرینەكانی وەك دەعوە و بەدر و حیكمە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، خۆیان لە بەریەككەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەدوور دەگرن، بەڵام پەرلەمانتار و ئاستەكانی خوارەوەیان، لە ئیشی خۆیان بەردەوامن كە هەوڵی چەسپاندنی ناوەندگەراییی دارایی و كارگێڕی دەدەن و كۆدەنگیی نوێنەرەكانیشیان لە لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بڕگە و بابەتەكانی بوودجە ئاماژەنمایەكی ڕوونە. لە دەرەوەی حزبە سیاسییە دامەزرێنەرەكانی پرۆسەی سیاسی، هەندێك لە كادرە شیعە باڵاكان تا ئاستی سڕینەوەی ناوی كوردستان لە ئەدەبیاتی سیاسیدا دەڕۆن؛ بۆ نموونە باقر جەبر كە لە چوار كابینەی حكوومەتەكانی عێراقدا وەزیر بووە و سەركردەیەكی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە، داوای چەسپاندنی زاراوەی “شمال الوطن” دەكات لە بری كوردستان[20]؛ كە ئەمەیش دووبارەكردنەوەی هەمان كەلتووری بەعسە.

بەم دوایییانە هەندێك هێزی سیاسیی شیعەی نوێ هەڵكشاون، لەوانەیش: بزووتنەوەی عەسائیب بە سەرۆكایەتیی خەزعەلی. ئەم هێزە كە یەكێكە لە ڕاگرەكانی حكوومەتی سوودانی و بە وەزیری خوێندنی باڵا لە كابینەكەدا بەشدارە، نایشارێتەوە لەگەڵ “جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكوومەتی ناوەندییە كە پارێزگاری لە دەوڵەتی عێراق بكات”؛ هەروەها بانگەواز بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێ دەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان “لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دەوڵەتی عێراقی یەكگرتوو”[21]. مەترسیی ئەم گوتارە ناوەندگەرایییەیش، هاوكاتبوونییەتی لەگەڵ بارودۆخێكی هەرێمایەتی كە تێیدا سەرچاوە ئەمریكییەكان ئاماژە بەوە دەكەن گرنگیدانی ئەمریكا بە عێراق پاشەكشەی كردووە بۆ نزمترین ئاست لەچاو كۆمەڵێك دۆسیەی تر لە ئۆكراینا و تایوان[22]؛ هەروەها لە كاتێكدایە كە ئێران لە هەڕەشەی بەردەوامە و، گوشار دەكات بۆ دوورخستنەوەی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەكانی عێراق و ئێران لەناو هەرێمی كوردستان، ئەگەر نا هێرش و پەلاماری سەربازی ئەنجام دەدات[23]. هەموو ئەمانەیش هاوكات لەگەڵ قەیرانی دارایی، بوونەتە ئەوەی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا هیلاك و گەمارۆدراو دەركەوێت، كە ئێستا بە شێوەیەكی كاتی و لە دۆخێكی دەگمەن و بێپێشینەدا لە ڕووی سیاسی و داراییشەوە جێگیرە، بەتایبەت كە نرخی نەوت لە هەڵكشانە.

بژاردەكانی بەردەم هەرێم

سەرباری ئەوەی عێراق نەخۆش و كێشەدارە بەڵام وا دیارە لەژێر ناونیشانی “نە بووژانەوە نە ڕووخان” هەر بەردەوام دەبێت، چونكە ئەوە پێویستییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە. بۆ هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا هیچ بژاردەیەكی بەدیل بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق بەردەست نییە و هەموو كێشەكان لە بەغدا كەڵەكە بوون و هەموو ڕێگەكانی چارەسەریش هەر دەچنەوە بەغدا. ئەگەرچی هەرێمیش كارتی زۆری لەدەست داوە و لە ئێستادا لەژێر گوشاری گەمارۆ و لێكەوتەكانی كێشەی ناوخۆیی و خراپیی ئیدارەدانە، بەڵام هێشتا هەندێك دەرفەتی كەمی ئەوەی هەیە بە كاركردن لەسەر دژیەكی و كەڵكوەرگرتن لە كێشە و لێكترازانە عیراقییەكان، هەندێك لە گوشارەكانی سەرشانی كەم بكاتەوە، ئەگەر ئامادەسازی بكات و هەندێك لە كێشەكانی ناوخۆی چارەسەر یان كپ بكاتەوە.

تێگەیشتن لە عێراقی پاش داعش ئاڵۆزترە و، نەخشەی هێز هاوشێوەی پاش 2003 نییە، بەتایبەت لەناو پێكهاتەی حوكمڕان؛ بۆیە سەرەتا تێگەیشتن و توێژینەوە و پاشان هەوڵی دروستكردنی ڕایەڵەی پەیوەندیی نوێی پێویستە، بەتایبەت كە ئێستا هێز و دەموچاوی نوێ لەناو شیعە لە هەڵكشاندان لەسەر حیسابی كۆنەكان و، تا ئێستایش لە عێراقدا بەدیلێك بۆ هاوپەیمانێتیی كورد و شیعە نییە بۆ ڕاگرتنی دۆخەكە. بۆیە مامەڵەكردن لەگەڵ یەكتر ناچارییە.

[1]https://2u.pw/0RtBXce

[2]https://2u.pw/N8ualBh

[3]https://2u.pw/H3h2LLS

[4]https://2u.pw/lmFhvn0

[5]https://2u.pw/N8ualBh

[6]https://2u.pw/H5QM0Qs

[7]https://2u.pw/0f6vpI7

[8]https://2u.pw/RNCBNxH

[9]https://2u.pw/DelXlOm

[10]https://2u.pw/86FptPG

[11]https://2u.pw/86FptPG

[12]https://2u.pw/LPZHOae

[13]https://2u.pw/vubuYbf

[14]https://2u.pw/Ygln26o

[15]https://2u.pw/W184o0r

[16]https://2u.pw/G6D6zjh

[17]https://2u.pw/nOFULjd

[18]https://2u.pw/lvFJEHY

[19]https://2u.pw/RD2FXoh

[20]https://2u.pw/ATKomVV

[21]https://2u.pw/FGqJu2P

[22]https://2u.pw/C4DM1M8

[23]https://2u.pw/1WK9KvE

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

سوودانی و مالیکی… جەنگی سارد و زیاتریش

(دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، "ویلایەتی دووەم" یاساکانی جەنگەکە دەگۆڕێت)   ن: عەلی سەرای و:… زیاتر

7 days ago

حكوومەتی سوودانی: دوو پێشهاتی گەورە و كۆمەڵێك ئەگەر و سیناریۆ

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق كابینەی محەمەد… زیاتر

1 week ago

11 کەسایەتیی کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ

نووسەر: فۆریەن پۆلیســـی (foreignpolicy) وەرگێڕان: پێنووس ئەگەر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی دیکە بگاتە… زیاتر

1 week ago

یەکەم گەشتی سیسی بۆ ئەنقەرە؛ پەیوەندیی نێوان میسر و تورکیا دوای ١١ ساڵ چۆن گۆڕا؟

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس بڕیارە ڕۆژی 4ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، بە مەبەستی… زیاتر

2 weeks ago

سیناریۆ و ئەگەرەکانی پێکدادانی ئیسرائیل و ئێران: هاوکێشەکانی پاش کوژرانی ئیسماعیل هەنییە

د. پەرویز ڕەحیم قادر\ دکتۆرا لە فەلسەفەی زانستە سیاسییەکان- دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی\ مامۆستای زانکۆ هەرچەند… زیاتر

3 weeks ago

ئاییندەى گۆڕاوە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ئەگەرى گەڕانەوەى ترامپ

پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیه‌دین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ترامپ وەک مەتەڵێک بۆ… زیاتر

4 weeks ago