پێنووس

چۆن لە تێڕوانینی هەڵە سەبارەت بە سیاسەت، حوکمڕانی و ئاکامەکانی سەرنەکەوتن ڕزگاریمان بێت؟

(مەترسییەکانی پاشلەرزەی سیاسەت و سەرنەکەوتن)

 

قەرەنی قادری

لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردستاندا دەستەواژەی “فێڵیان لێ کردین”، “بەڵێنەکانیان بەجێ نەگەیاند”، “پاشگەز بوونەوە” و “خیانەتیان لێ کردین”، بەردەوام دەستاودەست دەکرێن. بێ شک ئەم دەستەواژانەیش بۆ هێزە دەرەکییەکان بەکاری دێنین، کە یان “هاوپەیمانی کوردن” یان ئەوەتا نەیارن. هیچ شک لەوەدا نییە کە سیاسەت ڕاستەڕێ و بەری دەست نییە، کە هیچ گرێوگۆڵێکی تێدا نەبێت، بەڵکوو پڕە لە کەرخەڕێ، کوێرەڕێ، بزنەڕێ، هەڵدێر و کیش و مات؛ هەروەها بەشێک لە بەرژەوەندییەکانیش ڕێک بە ڕێگەی فرتوفێڵ، بەلاڕێدابردن، جەنگی دەروونی، جەنگی فرەڕەهەند، جەنگی نەرم، سەرقاڵکردن بە پرسی لاوەکییەوە، درزخستنە ناو چەند هێزێکەوە بۆ ئەوەی پەرتەوازە بکرێن و بە کێشە ناوخۆیییەکانیانەوە سەرقاڵ بکرێن، دابین دەکرێت.

ئەوە ماوەیەکە بەغدا ئەم سیناریۆیە لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار دێنێت، کە بەشێکە لە ستراتیژیی جەنگی فرەڕەهەند (Hybird Warfare وەکوو دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەوانە: بە ڕێگەی دادگەی فیدڕاڵییەوە، نانەوەی کێشە لە دیموگرافیای وڵات (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان)، هەناردەکردنی قەیران بۆ هەرێمی کوردستان، خۆشکردنی ئاگری ناکۆکی و چالاککردنی ناکۆکییە حزبییەكان و ناوچەگەرایی، نانەوەی کێشە بۆ پرسی بوودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، سێرەگرتن لە یەکەی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان و پیشاندانی مەیل و تەما بۆ هێنانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی (بەغدای بڕیاردەر) و چەندانی تر لەو بوارەدا و، هەر بەو پێیەیش ڕاکێشکردنی هەرێمی کوردستان، بۆ یارییەکی شەکەتکەر و تاقەتبڕ. بەداخەوە کێشە و ململانێ ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان (ململانێی حزبی و گرووپی) و بە دوای ئەودا لاوازیی هەرێمی کوردستان، یارمەتیی جەنگی فرەڕەهەند (Hybird Warfare)ی بەغدای دژ بە هەرێمی کوردستانی داوە و دەدات، تا بەغدانشینان (ناوەندنشینان) بەهۆی لاوازی، یەکنەگرتوویی و پەرتەوازەییی ئێمەوە پێشڕەوی بکەن و، هەرێمی کوردستانیش بخەنە سووچی ڕینگی یارییەکانەوە!

وشەی “فرتوفێڵ”، “خیانەت” و “بەڵێنەکانیان بەجێ نەگەیاند”، لەمێژساڵە لەناو کۆمەڵگەی ئێمە، بەتایبەتی سیاسەتوان و حزبییەکاندا دێت و دەچێت و، لەو بوارەیشدا گرووپ و ڕەنگی جیاواز ئەم وشانە مشتوماڵ دەکەن و باسی لێوە دەکەن، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو گرووپانە لەسەر ئەو چەند زاراوەیە، وێکچووە و وەکوو یەک بیری لێ دەکەنەوە. دەڵێن: “خیانەتیان لێ کردین”، “فێڵیان لێ کردین” و…! بەڵام کە ناخی ئەو بۆچوونە بەتەمەنە بکڕێنین، بەو ئاکامە دەگەین کە، کەس ئامادە نییە بەرپرسیارێتیی کار و کردار و ئاکامەکانی خۆی لە مەیدانی ساسەتدا وەستۆ بگرێت و، هەر لەو کۆڵانەیشەوە هۆکاری دەرەکی بۆ شکستەکانی خۆیان دەدۆزنەوە؛ هەروەها ئەو کەس و کەسانەیش (جا حزب بێت، گرووپی سیاسی یان ئەوەتا لە پانتاییی نەتەوەییدا) بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن و ئاگاداری بن، زۆر لاواز و نەشارەزان، چونکە “فێڵ” و “خیانەتیان لێ کراوە.” بەداخەوە ئەم کێشەیە تەنیا پەیوەندیی بە سیاسەت و سیاسەتوانانەوە نییە، بەڵکوو لە ژیانی کۆمەڵایەتییشدا هەمان دیمەن و بڕەوی هەیە و بەدەستیوە دەناڵێنین.

“دێبی فۆرد” لە کتێبی “دیوی تاریکی هۆگرانی ڕووناکی” سەبارەت بەو دیاردەیە (وەستۆنەگرتنی بەرپرسیارێتیی کار و کرداری مرۆڤەکان) تەنانەت لە مەیدانی ژیانی کۆمەڵایەتییشدا کە ئەو پێی دەڵێت: “دانەپاڵ کەسانی تر” یان “خستنە ملی ئەوانی تر”، نووسیویەتی: وەستۆداهێنان (خستنە ملی ئەوانی تر)، دانەپاڵی نەخوازراوی هەڵسوکەوتی نائاگایانەی خۆمانە بۆ ئەوانی تر، بە شێوەیەک وا دەخرێتە مێشکمانەوە، کە ئەم سیفەتانە بەڕاستی لە کەسێکی تردا هەن، نەک لە ئێمەدا.” یای “دێبی فۆرد” لەبارەی میکانیزمی کارکردن لەو بوارەدا دەڵێت: “میکانیزمی بەرگریکردن دەستبەکار دەبێت و ئیمە ئەم تایبەتمەندییانە دەدەینە پاڵ هۆکارە دەرەکییەکان و یان خەڵکانی تر.”

کاتێک مرۆڤ وریا نەبێت و دەوری ڕێوییەکەی “نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی” (1469-1527) لە سیاسەتدا نەگێڕێت، بێ شک لەبەر لاوازی و یەکنەگرتوویی کە هەیتی، فێڵی لێ دەکرێت، یان ئەوەتا “ڕێککەوتنەکان جێبەجێ ناکرێن”!؟ بۆیە دەڵێت: “شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! “ئەو بۆچوونەی مەکیاڤێللی ڕێک بۆ ناخ و تایبەتمەندیی سیاسەت (بەرژەوەندی) شۆڕ دەبێتەوە، چونکە سیاسەت پڕە لە تەڵە و هەڵدێر. ڕێک لێرەدا وریایی و یەکگرتوویی دەتوانێت دەوری “ڕێویی تەڵەدۆز” بگێڕێت و ئاست و بارستاییی تێچووی نەرێنییش کەم بکاتەوە. “شێربوون” ڕێک  پەیوەندیی بە “یەکترقبووڵکردن، یەکگرتوویی، تەبایی، هاوکاریی نێوان هێز و لایەنەکان”ەوە هەیە، بەڵام “ڕێویبوون”یش دروست دەگەڕێتەوە بۆ وریایی، کاری هاوبەش، گفتوگۆ، گوێگرتن، بڕیاری هاوبەش، هەروەها وەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و ناسین و شۆڕبوونەوەیەکی عەقڵانی بۆ ناو ناخ و ناسینی تایبەتمەندییەکانی سیاسەت.

“هێگل” (١٧٧٠-١٨٣١) دەڵێت: “ناسینی کێشەکان، سەرەتایەکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان.” ئەمە سەرگەیەکە بۆ چوونە ناو پرسی ناسینی سیاسەت و کێشە، کە بێ شک ئەمەیش تەنیا بە ڕێگەی قبووڵکردنی یەکتر، گفتوگۆ و کار و بڕیاری هاوبەشەوە دەکرێت؛ بێ شک بەرهەمیشی دەبێت، چونکە ئاڕاستەکەی ڕووی لە پاراستنی بەرژەوەندەیی گشتی دەبێت، کە هەر خۆی بنەمایەکە بۆ بەهێزبوون و بوون بە هاوکێشە لە یاریی ناوخۆ و دەرەوەی نزیک و دووردا!

کاردانەوە و کارتێکەریی شکست لەناو ئێمەدا

کە لە دەرەوە فێڵ یان لە ناوەوە خیانەتت لێ کرا، وا دیارە لاوازی، یان بۆشایییەکەت هەیە، بەڵام ڕێگە مەدە کەشوهەوا و کاردانەوەی قورسی “خیانەت” و “فرتوفێڵ” باڵ بەسەر زەینتدا بگرێت و ئاستی بیرکردنەوەت سنووردار بکات. خێرا لێی دەرباز بە، بۆ ئەوەی پلانت بۆ ئێستا و داهاتوو هەبێت.

بۆ ئەوەی هەستییەوە و خۆ ڕێک بخەیتەوە، سەرەتا بە دوای فێڵباز و خائینەکەدا مەگەڕێ؛ بیر لەوە بکەوە، چ هەڵەیەکت کردووە و چ لاوازییەکت هەبووە، هەروەها تا چەندە پاشاگەردانیت هەبووە و، لە ئاکامی ئەمانەدا چەندان خاڵی لاوازیشت بەدەستەوە داون؟ هەروەها بیر لەوەیش بکەوە کە دەبێ “فێڵلێکردن”، “بەجێنەگەیاندنی بەڵێن” و “خیانەتلێکردن” یان “ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراوەن”، لە چ ژینگەیەکدا سەری هەڵداوە؟ بۆیە بۆ ئەوەی نەبینە بارمتەی ڕابردوو و بە شەڕی ڕابردووە سەرقاڵ نەبین، پێویستە سەرەتا بیر لەو دۆخ و ژینگەیە بکەینەوە کە شکست گەرای لە پزدانی دۆخەکە (لاوازی و یەکنەگرتوویی)دا داوە؛ ئەمەیش باشترین وەڵام و ڕێکارە بۆ ئێستا و داهاتوو.

پێویستە خیانەت و فرتوفێڵ بەوردی بخوێنینەوە و بچینە ناو قووڵاییی پاشهاتەکانیەوە، بۆ ئەوەی بە کەمترین تێچوو بەر بە زیانەکانی بگرین. مانەوە لەناو جغزی کارتێکەرییەکانی خیانەت و فرتوفێڵ و بیرکردنەوەی بەردەوام لێی، ئاستی عەقڵ دادەبەزێنێت و بە شتی ترەوە سەرقاڵت دەکات و بەبێ شک ناتوانی هزرت چالاک بێت و لە ئێستا و بۆ داهاتوو بژیت. خیانەت، فێڵلێکردن، بەجێنەگەیاندنی بەڵێن و فرتوفێڵ لە سیاسەتدا بەردەوام ڕوو دەدەن و دەبێ ڕوو بدەن، چونکە بەشێکن لە سیاسەت؛ مێژوو ئەمە دەڵێت، ئەمە قسەی من نییە. کەواتە وشیار، ورد و ئاگادار بە، دەبێ بەردەوام هەڕەشەکان بخوێنییەوە و کار لەسەر خاڵە لاوازەکانی خۆت بکەیت و خاڵە بەهێزەکانیشت بەهێزتر بکەیت. یەکترقبووڵکردن، یەکگرتوویی و کۆدەنگی، هەتوانن بۆ خاڵە لاوازەکانی ئێمە.

خیانەت و فێڵلێکردن تایبەتمەندییەكی وێکچوویان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە قوربانییەکانی بەبارمتە دەگرێت و لە جغزێکی تەسکدا دەیانخولێنێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بیری لێ بکەنەوە؛ “بۆچی وایان کرد”، “ئەگەر ئەو خیانەتە نەبا، ئێستا دۆخەکە شتێکی تر دەبوو”، یان “ئەگەر “فێڵ”ی لێ نەکردباین شتەکە جۆرێکی تر دەبوو!” ئەمە یانی دەستبەردان لە ئێستا و داهاتوو و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو.

دیوی پشتەوەی ئەم چەشنە خوێندنەوەیە لە تایبەتمەندیی خیانەت و فرتوفێڵ ئەوەیە، شکست قبووڵ ناکات و هۆکارەکانی شکستیش لە دەرەوەی خۆیدا دەبینێتەوە و بەرپرسیارێتییەکەیش وەستۆ ناگرێت؛ بەداخەوە ئەمە لەناو ئێمەدا گەلێک زۆرە و، وەک دەڵێن لە مێژوو هیچ فێر نەبووینە. فێربوونیش لە مێژوو بەو مانایە نییە کە ڕووداوەکان یان داهاتوو سادە دەبێتەوە، یان لێمان دەبێتە ڕاستەڕێ، نەخێر؛ سیاسەت پڕە لە هەوراز، نشێو، کیش، مات، هەڵدێر و بزنەڕێ؛ مەبەستەکە ئەوەیە کە سیاسەت چۆنە، با ئاوای ببینین. ئەگەر تووشی هەڵدێر، هەوراز و بزنەڕێمان دەکەن، دەبێ بەدڵنیایییەوە ئێمەیش ئەو کارانە و دەیان کاری تریش بکەین و، زۆرترین کەڵک لە بچووکترین دەرفەت وەربگرین، چونکە ئەمە بۆ لاوازکردنی دوژمنە. فەوتاندنی دەرفەت، پشتکردنە لە بەرژەوەندی، یان ئەوتا گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سەرەتا! تەنانەت دەبێ بیر لەوەیش بکەینەوە کە چۆن کەڵک لە دوژمنیش وەربگرین و ناکۆکییەکانیان لێ قووڵ و قووڵتر بکەینەوە. بە پیاوەتی و ڕازیکردنی هەموو کەس، قەت سیاسەت و حوکمڕانی سەرکەوتوو نەبووە و بێ شک لە داهاتوویشدا سەرکەوتوو نابێت!

چۆن لەو دۆخە قورسە دەرباز بین؟

مێشکێکی سارد و دەروونێکی ئارام، هەتوانی دوای شکست و خیانەتە. پێداچوونەوەی ورد بەو دۆخەی کە بواری بۆ خایین، خیانەتکردن و فێڵلێکردن چێ کردووە، یەکەمین هەنگاوە بۆ هەستانەوە و تێهەڵچوونەوە. بۆ ئەمەیش دەبێ بە کەرەسەی نوێ و هزرێکی نوێوە پلانمان بۆ ئێستا و داهاتوو هەبێت؛ بە هەڕەشە و گوڕەشە، هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و لێکدانەوەی لەڕاددەبەدەر چەوت، سیاسەت ناکرێت. ئەمانە ناتوانن بەرژەوەندیی نەتەوەیی دابین بکەن؛ ئەزموون بە دەیان و سەدان جار ئەمەی سەلماندووە. با فێری بین! دەبێ سیاسەت (هونەری دابینکردنی بەرژەوەندیی گشتی) وەکوو سیاسەت سەیر بکەین، کە بەردەوام لە جووڵەدایە، فرەڕەهەندە و، بێ شک ئاراستەی بەرژەوەندییەکانیش دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەوی هەروا دەمێنێتەوە، ئەوە بەرژەوەندییە؛ بۆیە دەبێ سیاسەت بە دوای ئەمە (بەرژەوەندی)دا بگەڕێت و، پلانیشی دابینکردنی بەرژەوەندی بێت. چەقین یان گەڕانەوە بۆ دواوە، یان ئەوەتا بە ڕابردووە بژین و خەریکی تۆڵەکردنەوە لە ڕابردوو بین، لە سیاسەتدا مەرگی بەرژەوەندییە و، بێ شک ئێستا و داهاتوویش لەدەست دەدەین.

“سوون تزوو” (٥٤٤-٤٩٦ پ. ز): مامۆستای سەرکەوتن و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان و کەویکردنی هەڕەشەکان، لە “هونەری جەنگ”دا دەڵێت: “شکست و هەڵەی خۆمان هەر بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە و سەرکەوتنی دوژمنیش هەر بۆ خۆی دەگەڕێتەوە!”

دەبێ ژیانی سیاسی ئەوەی فێر کردبین و فێر بین، کە چۆن خۆمان بە خاوەنی سەرکەوتن دەزانین، هەر ئاواش دەبێ لە بەرانبەر هەڵخلیسکان، ساتمە، کەوتن و شکستدا بەرپرس و وەڵامدەر بین. ئەگەر سەرکەوتن بۆ بەهێزی و وریاییی ئێمە دەگەڕێتەوە، هەر بەو پێیەیش دەبێ قبووڵی بکەین، کە سەرچاوەی یەکنەگرتوویی، یەکترقبووڵنەکردن، پەرتەوازەیی و شکستیش هەر خۆمانین؛ کە ئەویش هەر بۆ لاوازی و نەشارەزاییی خۆمان دەگەڕێتەوە!

بۆ ئەمەیش پێویستە سەرەتا خۆمان و توانای هزری، سیاسی، ئابووری و سوپاییی خۆمان و لایەنی بەرانبەرمان بناسین، تا بتوانین بۆ ناو ناخی سیاسەت و تایبەتمەندییەکانی شۆڕ ببینەوە بۆ ئەوەی لە تێڕوانینی هەڵە سەبارەت بە سیاسەت، حوکمڕانی و ئاکامەکانی سەرنەکەوتن ڕزگاریمان بێت.

image_pdfimage_print