ڕۆژی سێشەممە (١٨-٧-٢٠٢٣)، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، بە سەردانێکی ڕەسمی گەیشتە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان و لە کۆشکی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان پێشوازیی لێ کرا. تاوتوێکردنی پرسی ئابووری، بازرگانی، گەشتیاری، وزە، دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری بۆ کۆمپانیاکانی ئازەربایجان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەشێک بوو لە کۆبوونەوەی دووقۆڵیی سەرۆککۆماری ئازەربایجان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان. کردنەوەی کونسوڵخانەی ئازەربایجان لە هەرێمی کوردستان و گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانیی نێوان باکۆ و هەولێر، هەروەها چەند ناوچەیەکی عێراق بابەتێکی گرنگی تر بووە.
کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن ڕێگەخۆشکەر بوو
لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشدا کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژان لە (١٧ تا ١٩)ی مانگی دووم لە ئەڵمانیا بەڕێوە چوو، لە (١٨-٢-٢٠٢٣) بەڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهگهڵ ئيلهام عهليێڤ، سهرۆکكۆمارى ئازهربايجان كۆ بووهوه. له كۆبوونهوهكهدا ههردوو لا جهختيان له خواستى دوولايهنه بۆ بڕهودانى زياتر به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان لهگهڵ كۆمارى ئازهربايجان كردهوه؛ كە بریتی بێت لە ئاڵوگۆڕى زياترى بازرگانى و سهردانى شاندى فهرمى و بازرگانيى نێوان ههردوو لا. ههروەها سهرۆكکۆماری ئازهربايجان ڕای گهياند، كار لهسهر كردنهوهى كونسوڵخانهى وڵاتهكهى له ههولێر دهكهن. هەر ئەو دانیشتنە بوو کە بواری بۆ سەردانەکەی ئەمڕۆ (١٨-٧-٢٠٢٣)ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئازەربایجان ڕەخساند.
گەرچی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن جێی بڕیاردان نییە، بەڵام تریبوون و مەیدانێکی گونجاوە بۆ چالاکیی دیپلۆماسی و لۆبیگەریی هاوکێشە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی وەکوو هەرێمی کوردستان. تریستن نیلۆر، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی کەمبریچ لەو بارەیەوە دەڵێت: “کۆڕبەند یان کۆنفڕانسی ئاوا، دەرفەت بۆ دیپلۆماتەکان دەخوڵقێنێت و ڕێگەیان پێ دەدات، کە بەئاسانی (ناپرۆتۆکۆلی) دەستیان بە وەزارەتەکانی دەرەوەی زلهێزەکان بگات و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کەڵک لە دانیشتنەکانی پەراوێزی ئەو کۆنفڕانسانە وەربگرن.”
لەمێژە جیهان ئاشنایە بە دەستەواژەی “پەراوێزەکانی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن”، کە زەمینە بۆ لۆبیگەری، دۆستایەتی و پەیوەندیی زیاتر خۆش دەکات. نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەو کۆنفڕانسەدا توانیی بەباشی زەمینە بۆ کرانەوەی دەرگەیەکی تر بەڕووی هەرێمی کوردستاندا بکاتەوە و تا ڕاددەیەک بتوانێت لە داهاتوودا باری لاری ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕاست بکاتەوە و، پانتاییی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانیش بەرفراوانتر بکات. پەیوەندیی بازرگانی، ئابووری، کە دیپلۆماسی دەتوانێت دەوری سەرەکیی تێدا بگێڕێت، بۆی هەیە داهاتووی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و دەوری زۆر گرنگ لە بنیاتنانی هەرێمی کوردستانی بەهێزدا بگێڕێت.
هەرچەندە کۆماری ئازەربایجان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆماری تورکیادا هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کۆماری ئازەربایجان، لەگەڵ تورکیا، ئوزبەکستان، قەزاقستان و قرقیزستان ئەندامی کارای “ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک”ە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا دامەزراوە؛ کە ئەمەیشیان دەرفەتێکی ترە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.
ئەگەرچی هەواڵی دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤی سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە ڕواڵەتدا زۆر ئاسایی دێتە بەرچاو و تەنانەت وەک هەموو دیدارە فەرمییەکان لە چوارچێوەی چالاکییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکاندا لێکدانەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەڵکشانی هەرێمی کوردستان بەرەو دەروازەکانی قەوقاز و وڵاتی ئازەربایجان بە ڕووداوێکی مێژوویی هەژمار دەکرێت؛ لە لایەک ڕابردووی تاڵی کورد یاخود هەوراز و نشێوی سیاسیی بەشێک لە نەتەوەی کورد لەو ناوچەیە و، لە لایەکی تریشەوە هەڵکەوتەی جیۆستراتیژی و هاوکێشە جیۆسیاسی و جیۆئێکۆنۆمییەکان لەو ناوچەیە، لە پاڵ تایبەتمەندیی نەتەوەیی و هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان وا دەکات، کە ئەم سەردانە سەردانێکی پرۆتۆکۆلیی ئاسایی نەبێت.
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان و نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان. باکۆ پایتەختی کۆماری ئازەربایجان، سێشەممە (١٨-٧-٢٠٢٣)
بە واتایەکی دیکە، هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و ململانێی ئەکتەرە هەرێمایەتی و زلهێزە سەرووناوچەیییەکانی وەکوو ڕووسیا و ئەمریکا و چین لەو ناوچەیە وا دەکات کە، هەر چالاکییەکی دیپلۆماسیی وڵاتانی ناوچەکە کاریگەریی لەسەر هاوکێشە جیۆسیاسییەکان هەبێت، بەتایبەتی کە دوو لایەنی هاوکێشەکە (هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان) لە ڕووی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەکانەوە نزیکایەتییان لەگەڵ زلهێزێکی هەرێمایەتی وەکوو تورکیا هەیە و، لە هەمان کاتیشدا لە پاش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا پێگەی جوگرافی و سەرچاوە سروشتییەکانیان بۆتە جێگەی بایەخی زیاتری ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. جگە لەمانەیش هەڵکەوتەی جوگرافیی هەردوو ئەکتەرەکە وا دەکات کە، تورکیا لە ڕووی ئاسایشی وزە، هەروەها لە ڕووی بازرگانی و بەستنەوە یاخود پەڕینەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە لە ناوچەی کەنداو، هەروەها ئاسیای ناوەڕاست پێوستی بەم دوو ئەکتەرە بێت.
لێرەوە، هەروەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێ دا، ئەم نزیکبوونەوە و دیدارە دیپلۆماسی و فەرمییە، گرنگی و بایەخی زیتر پەیدا دەکات، چ بۆ هەردوو ئەکتەرەکە و چ بۆ ئەکتەرە هەرێمی و سەرووهەرێمییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا. باشترین بەڵگەیش ئەوەیە کە لە پاش دیدارێکی کورتی نێوان هەردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئازەربایجان لە کاتی بەڕێوەچوونی دیداری میونشن لە ئەڵمانیا لە ڕێکەوتی 18ی شوباتی ٢٠٢٣، زۆربەی ڕاگەیاندنە هەرێمایەتییەکان، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زۆر بەهەستیارییەوە گرنگییان بەو دیدارە کورتە دا و، چەندان لێکدانەوە و شرۆڤەیان بۆ ئەم دیدارە کورتە كرد. هەموو ئەم ڕووداوانەیش لە کاتێکدایە کە جموجۆڵێکی دیپلۆماسیی گەورە لە ناوچەکەدا لە ئارادایە و ئەکتەرەکان بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەچن؛ بۆ نموونە: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیا لە لایەک، هەروەها تورکیا و میسر و ئیمارات و بەتایبەتی سعوودیا لە لایەکی ترەوە؛ ئەمە جگە لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری وڵاتانی عەرەبی لە ئیسرائیل و هێنانەئارای هاوسەنگییەکی نوێی ناوچەیی.
لەم نێوەیشدا، پێ دەچێت ئەوەی کە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گرنگ بێت ئەوە بێت، کە لەم ڕێگەیەوە لە لایەک ئابڵووقە و گەمارۆ نوێیەکانی سەر هەرێمی کوردستان بشکێنێت و لە لایەکی تریشەوە بە گرتنەبەری دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەکتەرە پێکناکۆکەکان، هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لەم هاوکێشە نوێیانە. لەم ڕووەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەکتەرە سەرووهەرێمایەتییەکانەوە ئەکتەرە هەرێمایەتییە نەیارەکان هاوسەنگ بکاتەوە و بەپێچەوانەیشەوە. لێرەدا بە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ ئازەربایجان، هەرێمی کوردستان دەتوانێت چەند ئامانجێک بێنێتە دی یاخود چەند مەترسییەک دوور بخاتەوە؛ هەرچەندە هەر جووڵەیەکی دیپلۆماسیی لەم جۆرە، هەستیاریی ئەکتەرە هەرێمیەتییەکانیش دەجووڵێنێت بەهۆی مەترسییان لە تێکچوونی هاوسەنگیی هێز. بۆیە لێردەدا ئاماژە بە گرنگترین خاڵەکانی ئەم دیدارەی سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەین، کە دەتوانێت بۆ هەرێمی کوردستان لە پاڵ مەترسی و هەڕەشەکان، دەرفەت بێت:
١- بۆ ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتیی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، هەر پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ دەوڵەتان دەتوانێت گەورەترین ڕووداوی دیپلۆماسی بێت و، بەم پێیەیش دەرفەت بێت و لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکانی ناوچەکەدا ئاست و پێگەیان بەهێزتر بكات.
٢- سەرەڕای ئابڵووقە و گوشارە سیاسی و یاسایییەکانی بەغدا و ناڕوونیی دۆسیەی نەوت و بەتایبەتی گازی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەردوو لایەنی ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا بە وڵاتێکی خاوەن سەرچاوەی سروشتی و وزە دەناسرێن، کە دوای جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی زۆر گرنگن. ئەم نزیکبوونەوەیش وا دەکات کە ئاسایشی وزە ببێتە بابەتی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر و بەم پێیەیش بەرزکردنەوەی پێگەیان بۆ دەوڵەتانی ڕۆژاوایی.
٣- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کەڵکوەرگرتن لە پێگە و هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهۆی پەیوەندیی باش لەگەڵ هەردوو سەرۆکی تورکیا و ئازەربایجان، ببێتە ڕێرەو و دەروازی بەستنەوەی ئەو وڵاتانە بە عێراق و، ئەمەیش وا دەکات پێگەی هەرێمی کوردستان، وەکوو پردی پەیوەندی بە جیهانی عەرەبی، بۆ هەردوو لایەن یاخود جەمسەری تورکی-عەرەبی بەرز ببێتەوە.
٤- لە ڕووی نەتەوەیییەوە ڕاستییەکی تاڵ هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە لایەک بەهۆی تراژیدیا و کارەساتەکانی کورد لە قەوقاز و بەگشتی ناوچەکە ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ورە و وزەیەکی زیاتر دەداتە کوردانی ئەو وڵاتە (ئەوەی کە بە ڕۆحییەتی نەتەوەیی دەناسرێت) و، لە لایەکی تریشەوە بەهۆی کاریگەریی ڕاگەیاندن و توندڕەوە نەتەوەیییەکانی تورکیا لە ئازەربایجان، وێنایەکی شێوێندراو لە کورد لەو وڵاتە هەیە، کە بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێشوازیی ئاستبەرز و فەرمیی سەرۆکی وڵاتەکەیان و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی دەرفەتی بازرگانی و گەشتیاری و تێکەڵاوبوونی زیاتری کەلتووری، ئەوە وێنای کورد لە هزری تورکە ئازەرەییەکاندا گۆڕانی بەسەردا دێت. بۆیە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بۆ یەکەمین جار لە کۆشکی سەرۆکایەتیی دەوڵەتێکی تورک، واتایەکی بەنرخی سیمبۆلی و نەتەوەیی و بەم پێیەیش پەیامێکی سیاسیی هەیە.
٥- بوونی کەمینەی کورد لە ئازەربایجان و لە هەمان کاتیشدا کەمینەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو لایەن دەدات و، ئەمەیش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر خودی ئەو پێکهاتانەیش دەبێت و، تەنانەت ئەو دوو پێکهاتەیە دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی لەم پەیوەندییانەدا بگێڕن.
٦- هەرچەندە پاش جەنگی دووەمی قەرەباغ، نێوان ئێران و ئازەربایجان پڕە لە ناکۆکی و ململانێ، بەڵام بەپێی نووسینی چەند ڕۆژنامەوانێکی ڕۆژاوایی، هەروەها زانیارییە نافەرمییەکان، نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی لە نزیککردنەوەی تورکیا و وڵاتێکی عەرەبی، هەروەها عێراق و تورکیا و وڵاتێکی عەرەبی هەبووە؛ بۆیە گەورەترین دەسکەوتە ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەم ڕۆڵە لە نێوان ئێران و ئازەربایجاندا بگێڕێت.
کۆبەند
ڕاستییەکی جیۆستراتیژی لە چوارچێوەی هاوکێشە جیۆسیاسییەكاندا هەیە، کە سەردەمی ئێستا، سەردەمی جەنگی کۆنترۆڵکردن یاخود هەژموونی بەسەر گەروو و ڕێڕەو یاخود کۆریدۆرە بازرگانییە دەریایی و وشکانییەکان، دەتوانێت هەژموونی سەربازی و ئابووریی دەوڵەتان دەستنیشان بکات. لەم نێوەندەیشدا پرسی ئاسایشی وزە لە پاش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، هەروەها گواستنەوەی خۆراک و دانەوێڵە وای کردووە، ئەم گرنگییە دووقات بێت. لەم چوارچێوەیەیشدا، هەوڵەکان بۆ گەمارۆدانی ئەکتەرەکان یاخود بەرتەسککردنەوەی ناوچەی نفووز و پێچەوانەکەی، وا دەکات کە ئەمریکا و چین لە بەرزترین ئاستدا ئەم ململانێیە بەڕێوە بەرن.
ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان دەکەونە ناو ئەو هاوکێشانەوە و، بۆیە پێ دەچێت هەم سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەمیش سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ، بیانەوێت پێگەیان لەم ململانێیەدا بۆ هەردوو لایەنی چینی و ئەمریکی بەرز بکەنەوە و، بۆ هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا پێکەوەبەستنەوەی ئەو پرۆژە گەورانە (MetaProject) بۆتە ئەولەوییەتێکی ژیانی. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، بەم جووڵە دیپلۆماسییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سیناریۆی گەمارۆدان یان پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی ڕێگەی پەرەپێدان یا کەناڵی وشکی عێراق، دەتوانێت پێچەوانە ببێتەوە؛ هەرچەندە بۆ ئەوەی ئەکتەر و لایەنەکانی بەرامبەر هەست بە مەترسی نەکەن، وا باشترە جووڵەی دیپلۆماسی بە ئاراستەی ئەو وڵاتانەیش ئەنجام بدرێت.