پێنووس

توێکاریی دەسەڵاتدارێتی

نیکۆلۆ ماکیاڤێللی: میر1

نووسینی: ڕۆبێرت بینگهام داونز  (1903-1991)

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: ئازاد وەڵەدبەگی

ماوەی چوار سەدەیە “ماکیاڤێللیزم”2 لە زەینی خەڵکی جیهاندا، هاوواتای چەپەڵی و ستەم و ڕەزیلی و ناڕاستی بووە. خاوەنی ئەم قوتابخانەیە، واتە (نیکۆڵۆ ماکیاڤێللی ١٤٦٩-١٥٢٧) هێمای سیاسەتوانێکی قازانجخواز و فێڵباز و ڕواڵەتنوێن و دووڕوو و بەدڕەوشت و بەدوور لە هەر جۆرە پێوەرێکی شەرەف بووە و بە نموونەی تاکێکی تەواو بێویژدان ناسراوە، کە فەلسەفەکەی ئەوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانج، دەستەوداوێنبوون بە هەر ئامرازێک ڕەوایە. باوەڕی گشتی لەسەر ئەوەیە، کە باشترین جۆری یاسا لە ڕوانگەی ماکیاڤێللییەوە، پێویستییە سیاسییەکانە. لە بریتانیای سەدەی حەڤدەیەم “مامە نیک”3، نازناوی هاوبەشی ماکیاڤێللی و شەیتانی نەفرەتلێکراو بووە. ئایا دەتوانرێ بەرگری لەم تۆمەتبارە بکرێ، یا خود جێگای ئەوەیە کە ناوبراو کەمتر بە شایستەی سەرزەنشت بزانین؟

بەدناویی ماکیاڤێللی بەتەواوی قەرزارباری کتێبێکە بە ناوی میر، کە لە ساڵی ١٥١٣ نووسراوە، بەڵام تا ساڵی ١٥٣٢، واتە پێنج ساڵ پاش مەرگی نووسەر، بڵاو نەکرایەوە. ناتوانین هیچ کتێبێک لەو سەردەمە جیا بکەینەوە، کە تێیدا بەدی هاتووە و ئەمەش ڕاستییەکە، کە میر باشتر لە هەر کتێبێکی تر دەری دەخات. سەرەڕای ئەوەش ئەم نووسینە، وەک هەر کتێبێک، هەندێک وانەی تێدایە کە بۆ هەمیشە سوودمەندە.

لەسەر ژیانی ماکیاڤێللی تا بەر لە ساڵی ١٤٩٨، کە بوو بە سکرتێری حکوومەتی کۆماری فلۆرانس، زانیارییەکی تێر و تەواو لەبەردەستدا نییە. هەژدە ساڵ لە خزمەتی دەوڵەتشاردا3 بوو. ئەرکە سیاسییەکان ئەویان بەرەو تۆسکانی4 و پاشان ڕۆما و پاشتریش ئەو دیو چیاکانی ئالپ برد. لەگەڵ کنتس کاترینا سفۆرتزا5 و پاندولفۆ پترۆچی6، فەرمانڕەوای ستەمکاری “سیەنا”8، فردیناندۆ ئاراگۆن9 و لوییی دوازدەیەم، پاشای فەرەنسا، ئیمپراتۆر ماکسیمیلیان10 و پاپا ئیلکساندری شەشەم و پاپا جولیوسی دووەم11 و سزار بۆرژیا12 ئاشنا بوو. لەو سەردەمەدا، مشتومڕە سیاسییەکان لە نێوان دەوڵەتشارەکانی ڤینیسیا، پیسا13، میلان و ناپۆل  کۆتایی نەدەهات. سیاسەتی سەردەم بە شێوەیەکی بەدوور لە باوەڕ گەندەڵ بوو. ماکیاڤێللی، کە بە هەستێکی دادوەریی زیرەکانە سروشتی مرۆڤی دەناسی، چەندین جار بەهرە و شارەزاییی خۆی لە چارەسەرکردنی پرسە قورس و دژوارە سیاسییەکان خستە ڕوو. ئەو واقعبینی یا بەدبینییە تایبەتە، کە ئەو پاشان لە کاروباری سیاسیدا خستییە ڕوو، بێگومان لەسەر بنەمای ئەزموون بنیات نرابوو، چونکە لەوە تێ گەیشتبوو، کە لە کاروباری سیاسی، جگە لە زێدەخوازی و خۆپەرستی، هیچ پاڵنەرێکی تر لە ئارادا نییە.

پاشان، چەرخی بەخت بە دڵی ماکیاڤێللی سووڕا. مدیچییەکان14، بە هاوکاریی ئیسپانیا، کۆماریان ڕووخاند و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر فلۆرانسدا چەسپاند. ماکیاڤێللی لەسەر  کار لادرا و زیندانی کرا و کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و سەره‌نجام بۆ گوندێکی بچووک، کە موڵکی خۆی بوو لە نزیک سان کاشانۆ15 دوور خرایەوە. لەوێ بۆ چەند ماوەیەکی کورت لە گۆشەگیرییدا مایەوە، تا سەرەنجام لە ساڵی ١٥٢٧ کۆچی دوایی کرد.

سەرگەرمیی سەره‌کیی ئەو، لەو ساڵانەی بە وتەی خۆی “دڵتەنگیی درێژخایەن”، نووسینی کتێبەکانی میر، نامەکان، هونەری جەنگ و مێژووی فلۆرانس بوو، کە باسی گشتیی ئەوان، سیاسەتی ڕابردوو و ئێستایە.

لە بنەڕەتدا ماکیاڤێللی لە کاروباری دەوڵەتداری و سیاسەتدا شوێنی هەستەکان نەدەکەوت، بەڵام لە بوارێکدا هەستێکی قووڵی هەبوو و ئەویش ئەوە بوو، کە ئەو نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە بوو و بە شێوەیەکی ئاگریناوی تامەزرۆی دەسەڵات و یەکگرتووییی ئیتالیا بوو. لەوانەیە ماکیاڤێللی بە توێژەرێکی خوێنسارد و زانایەکی ماددی و ڕه‌شبین سەیر بکرێت، بەڵام کاتێک کە باس لە یەکگرتووییی ئیتالیا دەکات، لە هەست و ڕۆح و ئاگری ژیان ئیلهام وەردەگرێت و دەربڕینەکەی پاراو و شاعیرانەیە.

دۆخی ئیتالیا لە سەرەتای سەدەی شازدەیەم بە جۆرێک دڵتەزێن بوو، کە هەر نیشتمانپەروەرێکی دەهێنایە گریان.

بزاڤ و گۆڕانکارییەکی گەورە لە بارودۆخی ئابووری و ئایینیی ئیتالیا لە ڕسکاندا بوو. لە وڵاتانی دیکە، وەک بریتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا، پاش ململانێیەکی درێژخایەن یەکێتیی نیشتمانی هاتبووە دی. بەڵام لە ئیتالیا، مانای هەر چەشنە دامودەزگایەکی حکوومی و نیشتمانی لای خەڵک نامۆ و نائاشنا بوو. پێنج یەکەی سیاسیی گشتی، وڵاتیان بەڕێوە دەبرد: میلان، فلۆرانس، ڤاتیکان، ڤینیسیا و ناپۆل. ڤینیسیا لە هەموویان گەورەتر و بەهێزتر بوو. دابەشبوونی سیاسیی لەڕادەبەدەری ئیتالیا، سەرچاوەی لاوازی و بێهێزیی هەمیشەیی بوو و بەکردەوە زەمینەی بۆ دەستێوەردان و پیلانگێڕیی بیانییەکان دەڕەخساند. شارلی هەشتەم، پاشای فەرەنسا، لە ساڵی ١٤٩٤ هێرشی کردە سەر ئیتالیا و چەند ساڵ دوای پاشەکشەی ناوبراو، لوییی دوازدەیەم و فێردیناند ئاراگۆن بەپێی ڕێککەوتننامەیەک پاشایەتیی ناپۆلیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. ئیمپراتۆر ماکسیمیلیان، سوپای خۆی بۆ داگیرکردنی ڤینیسیا ڕەوانە کردبوو و سوپاکانی ئەڵمانیا و سویسرا و فەرەنسا و ئیسپانیا، خاکی ئیتالیایان کردبووە مەیدانی هێرش و پەلاماری خۆیان.

هەر لەو کاتەدا لەناو خودی ئیتالییەکان، شەڕی ناوخۆیی و خوێنڕشتنی نێو بنەماڵەکان و دزی و تاوان گەیشتبووە لووتکە.  کۆمارەکان لە تاو ڕکابەری و ئێرەیی لەگەڵ یەکتر، خەریکی جەنگ بوون و بە هیچ شێوەیەک نەیاندەتوانی لە بەرامبەر دوژمنی دەرەکی، بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بهێنن. کەلیسا، کە گەیشتبووە گەندەڵترین قۆناغی مێژووییی خۆی و لە بەهێزبوونی ئەو ڕکابەرانە دەترسا کە هەڕەشەیان لە دەسەڵاتی دنیاییی ئەو دەکرد، هەر بۆیە نایەکگرتووییی لە یەکگرتوویی بە باشتر دەزانی.

ڕەنگە ماکیاڤێللی، ڕوونتر لە هەر یەک لە هاوچەرخەکانی خۆی ئەو مەترسییانەی دەناسی، کە هەڕەشەیان لە ئیتالیا دەکرد. لە گۆشەگیرییە سەپێنراوەکەی خۆیدا، لە کاتی بیرکردنەوە دەربارەی ئەو ناپاکییانەی کە داوێنی وڵاتە خۆشەویستەکەی گرتبوو، گەیشتە ئەو ئەنجامە کە تەنیا ڕێگای ڕزگاری، سەرهەڵدانی ڕێبەرێکی مەزنە – واتە ڕێبەرێکی بەهێز و دەسەڵاتدار کە بتوانێ حوکمڕانیی خۆی بەسەر دەوڵەتە بچووکەکانی ئیتالیادا بسەپێنێ و بیانکاتە دەوڵەتێکی یەکگرتوو، کە بتوانێ بەرگری لە خۆی بکات و دوژمنە نەویستراوەکانی لە دەروازەکانی خۆی دوور بخاتەوە. حوکمڕانییەکی لەم جۆرە، دەبێ لە کوێوە دەستەبەر بکرێت؟ بە ڕای ماکیاڤێللی، میر ئەو کەسەیە کە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و لەم کتێبەدا وردەکاریی ئەو ڕێگایە شرۆڤە دەکات، کە ئەم حوکمڕانە دەبێ بیپێوێت تا بگاتە سەرکەوتن.

ئەگەرچی میر پێشکەش بە لورینزۆ مدیچی16، فەرمانڕەوای تازەی فلۆرانس کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا قارەمانی کتێبەکە سیزار بۆرژیا، کوڕی پاپا ئیلکساندری شەشەمە، کە لە تەمەنی حەڤدە ساڵی بووە کاردیناڵ و دەستی بەسەر ڕۆمانیادا گرت و فەرماندەیەکی جەنگاوەر و بەتوانا و فەرمانڕەوایەکی ستەمگەر و بێبەزەیی و زۆردار بوو. ماکیاڤێللی لە ساڵی ١٥٠٢ وەک باڵوێز چووە کۆشکی پاشایەتی بۆرژیا و وەک نەڤینز17 دەگێڕێتەوە، بە ستایشەوە بینی کە سیزار بۆرژیا “بە چ مشوورخۆری و شارەزایییەک، خۆپارێزی لەگەڵ ئازایەتی و دەربڕینی نەرم و ئارام لەگەڵ توندوتیژی و خوێنڕێژیدا ئاوێتە دەکات و بەوپەڕی خوێنساردییه‌وه‌، ناڕاستی و پەیمانشکێنی و دووڕوویی بەکار دەهێنێ و بە چ دڕندەیی و توندوتیژییەک خەڵکی بەزیو بە دیلێتی دەهێڵێتەوە و چ دەسەڵاتێکی زاڵمانە و لێبڕاوانەی بەسەر گەلانی بەزیودا هەیە.” سیزار بە دووڕوویی و ستەم و دڵڕەقی و بێباوەڕیی سەرکەوتنێکی بریقەدار، بەڵام کورتی بۆ خۆی بەدەست هێنابوو. ماکیاڤێللی لە لایەنگرانی جیدیی حکوومەتی کۆماریی بوو، بەڵام کاتێک کە بە وردی  لە دۆخی نائومێدانە و قێزەونباری ئیتالیای کۆڵییەوە، گەیشتە ئەم ئەنجامە کە کەسێکی وەک سیزار بۆرژیا،  ئەو ڕێبەرە دڵخوازەیە کە دەتوانێ دۆخی شێواو و ئاڵۆزی ئیتالیا چارەسەر بکات.

بەم جۆرە، تەژی لە ئاگری تاسەی نیشتمانپەروەری و بە ئیلهاموەرگرتن لەو ئارەزووانەی کە بۆ یەکگرتووییی وڵاتەکەی لە مێشکیدا بوو و بە ئاگاداربوون لە پێداویستییە هەنووکەیییەکانی سەردەمی خۆی و ئاگادار لەو هەل و کەرەستە گرانبایییانەی، کە لە بەرامبەر فەرمانڕەوای نوێدا هەبوو، ماکیاڤێللی هەموو توانای نووسین و تامەزرۆییی خۆی بۆ نووسینی میر خستە گەڕ. کتێبەکە لە شەش مانگی دووەمی ساڵی ١٥١٣ تەواو بوو و کەمێک دواتر نێردرا بۆ کۆشکی لۆرینزۆ. نووسەر دەربارەی هۆکاری پیشکەشکردنی کتێبەکە دەنووسێ “دیارییەکی لەمە باشترم نەدۆزییەوە هەتا ئەو شتەی، کە لە ساڵانێکی دوورودرێژ و بە ماندووبوون و مەترسیی زۆر فێریان بووم و ئەزموونم کردوون، پیشکەشی بکەم بۆ ئەوەی بتوانرێ لە ماوەیەکی کورتدا بە کار بهێنرێ.”

باسی سەرەکیی میر ئەوەیە، هەر کردارێک کە بۆ باشترکردنی دۆخی وڵات ئەنجام بدرێ، پاساو هەڵدەگرێت و پێوەرە ئەخلاقییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی تایبەتی لێک جیاوازن. هەر بۆیە بەپێی ئەم تیۆرییە، سیاسەتمەدار و وڵاتدار دەتوانێ بۆ بەرژەوەندیی گشتی، دەست بۆ هەر کارێکی توند و نادادپەروەرانە ببات و پەنا بۆ هەر فرت وفێڵێک ببات، کە لە ژیانی تایبەتیدا نەك تەنیا قێزەونە، بەڵکوو بە تەواوی هەر بە تاوان دادەنرێت. لە ڕاستیدا ماکیاڤێللی سیاسەت لە ئەخلاق جیا دەکاتەوە.

میر ڕێنوێنێکە بۆ میرەکان (یا وەک هەندێ کەس وتوویانە، کتێبەکە دەستوورێکە بۆ ستەمگەران)، کە فێریان دەکات چۆن دەسەڵات بەدەست بهێنن و چۆن بیپاریزن (دەسەڵاتێک کە بۆ بەرژەوەندیی کەسی فەرمانڕەوا نییە، بەڵکوو لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکە) هەتا بەم جۆرە، دەوڵەتێکی سەقامگیر و هەمیشەیی بێتە دی، کە لە بەرامبەر شۆڕش و هێرشی بیانییەکاندا پارێزراو بێت. ئێستا دەبێ بزانین سەقامگیری و ئاسایش بە چ ئامرازێک بەدی دێن.

ماکیاڤێللی بەکورتی، باس لە پاشایەتیی بەمیراتگەیشتوو دەکات، چونکە گریمانە لەسەر ئەوەیە، کە پاشا خاوەن ئه‌قڵ و زیرەکییەکی باو و ئاسایییە و دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەوڵەتدا بپارێزێت. لە لایەکی ترەوە، پرسەکانی حکوومەتی پاشایەتیی نوێ زۆر ئاڵۆزترە. ئەگەر ئەو وڵاتانەی کە تازە دەستیان بەسەردا گیراوە، خاوەن هەمان نەتەوە و زمانی وڵاتی داگیرکەر بن، ئەوا زاڵبوون بەسەریاندا تا ڕادەیەک ئاسانترە، بەتایبەت ئەگەر ئەم دوو بنەمایە لە بەرچاو بگیردرێن: “یەکەم ئەوەیە، کە ڕەچەڵەکی زنجیرەی پاشا کۆنەکان لەناو ببرێت و دووەم ئەوەیە، کە یاسا و باجەکان گۆڕانیان بەسەردا نەیەت.”

بەڵام کاتێک کە وڵاتی داگیرکراو، لە ڕووی زمان و نەریت و یاساکانەوە جیاواز بێت، “گرفتەکانی بەردەوامیی زاڵبوون، چەند بەرامبەر دەبێ و تەنیا بەخت و شانسی بێسنوور و شارەزاییی زۆر پێویستە هەتا ئەم گرفتانە چارەسەر بکرێن.” ئینجا ماکیاڤێللی پێشنیار دەکات کە ئامرازی بەردەوامبوونی ئەم زاڵبوونە ئەوەیە، کە فەرمانڕەوا بۆ خۆی بەتایبەتی بڕواتە ئەو ناوچەیە و لەوێ نیشتەجێ ببێ و هەندێک لە هاووڵاتیانی خۆی بۆ وڵاتانی لاوازی دراوسێ کۆچ پێ بکات و لەوێ نیشتەجێیان بکات (کە هەڵبەت لە ڕاگرتنی سوپا لەو شوێنە هەرزانتر تەواو دەبێت) و لەگەڵ ئەو دراوسێ لاوازانە دۆستایەتی بکات و لە هەمان کاتدا هەوڵ بدات تا دراوسێ بەهێزەکان لاواز بکات. لوییی شازدەیەم، پاشای فەرەنسا، گوێی بەم بنەمایانە نەدا و لە ئەنجامدا ناوچە داگیرکراوەکانی خۆی لەدەست دا و تووشی زیانێکی فراوان بوو.

دەربارەی ئەوەی کە “چۆن دەکرێت بەسەر ناوچە داگیرکراوەکاندا فەرمانڕەوایی بکرێت” ماکیاڤێللی سێ شێواز پێشنیار دەکات، کە بە هۆیەوە دەتوانی ئەو وڵاتانە ڕابگریت کە وا ڕاهاتوون “لەژێر سێبەری یاساکانی خۆیان و بە ئازادی بژین. یەکەم ئەوەیە، کە حکوومەتەکەیان بڕووخێنی و دووەم ئەوەیە، کە بۆ خۆت لەو وڵاتە نیشتەجێ ببیت و سێیەم ئەوەیە، کە ئازادی بەو وڵاتانە بدەیت تا لەژێر سێبەری یاساکانی خۆیاندا لە ژیان بەردەوام بن، بەڵام دەبێ بیانکەیت بە باجدەری خۆت و حکوومەت بە دەستی چەند کەسێک لە دانیشتووانی ئەوێ بسپێریت، هەتا بتوانن ئەوانی دیکەش بکەنە دۆست و هاوپەیمانی خۆیان.” لەم سێ بژاردەیە، ماکیاڤێللی یەکێک لە دوو بژاردەی یەکەم بە دڵنیاتر دەزانێت.

کاتێک شار یا ناوچەیەکی تازە، کە داگیر کراوە، وا ڕاهاتبێت کە ملکەچی پاشایەک بێت، بەڵام زنجیرەی پاشاکانی لەناو چووبێت، بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، کە لە لایەکەوە لەسەر ملکەچیی بێ ئەملا و ئەولا ڕاهاتوون و لە لایەکی تریشەوە لە فەرمانڕەوای کۆن بێبەش کراون، مەحاڵە کە بتوانن لەسەر هەڵبژاردنی فەرمانڕەوایەکی نوێ ڕێک بکەون. و چونکە ئەم خەڵکە نازانن چۆن دەتوانن وەک خەڵکێکی ئازاد بژین و لە ئەنجامدا کەمتەرخەمیی دەکەن لە هەڵگرتنی چەک، هەر بۆیە، بێگانە دەتوانێ بە ئاسانی بەرەو لای خۆی ڕایان بکێشێت و بە قازانجی خۆی کەڵکیان لێ وەربگرێت.

لە باسێکی تردا، کە ماکیاڤێللی باس لە “میرنشینە نوێیەکان” دەکات، فەرمانڕەوا لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە “دەبێ ئەوەی لە بیر بێت، کە خووخدەی خەڵک ناسەقامگیرە و هەروەک هاندانیان ئاسانە، بە هەمان شێوەش ڕاگرتنیان لەژێر ئەو پاڵنەرەدا دژوارە. هەر بۆیە، پێویستە کارەکان بە جۆرێکی وا ڕێک بخرێن، هەر کاتێک نەتەوەیەک باوەڕی بە سیستەمەکەی خۆی نەما، ئەوا بتوانرێ بەخورتی بیروباوەڕ بەسەریاندا بسەپێنرێت.”

پاشان نووسەر ستایش و پەسنی سیزار بۆرژیا دەکات وەک ڕێبەرێکی دەسەڵاتدار بە تەواوی مانا و چاوپۆشی لە ناپاکی و کوشتوبڕەکانی دەکات:

کاتێک کە هەموو کردارەکانی میر وەبیر دەهێنمەوە، نازانم چۆن دەتوانم سەرزەنشتی ئەو بکەم… بە پێچەوانەوە وا دێتە پێش چاوم… کە ئەم بکەمە سەرچاوەی لاساییکردنەوەی هەموو ئەو کەسانە، کە بەخت یا ویستی کەسانی تر دەیان گەیەنێت بە فەرمانڕەوایی، چونکە میر بەم ورە بەرزییە و ئامانجە بەرزەفڕەکانی و هیممەتی بەرزی، نەیدەتوانی کارەکانی خۆی بە جۆرێکی تر ئەنجام بدات… کەواتە ئەو کەسەی کە بە پێویستی دەزانێت، حوکمڕانییەکی نوێ بۆ خۆی بهێڵێتەوە و دۆستانی زۆری هەبێت و گرفتەکان لە ڕێگای هێز و فرتوفێڵەوە لەناو ببات و خۆی بکات بە خۆشەویستی خەڵک و وا بکات لێی بترسن و سەربازەکان ناچار بکات ملکەچی بن و ڕێزی لێ بگرن و ئەو کەسانە لەناو ببات کە توانا یا شیاوێتیی ئازاردانی ئەویان هەیە و سیستەمی نوێ بکاتە جێگرەوەی سیستەمی کۆن و لاسار و شکۆمەند و مەزن و جوامێر بێت و سەربازی ناپاک بکوژێت و کەسێکی دیکە بخاتە شوێنەکەی و لەگەڵ پاشا و میرەکان بە جۆرێک دۆستایەتی بکات، کە ئەوان ناچار بن بە حەز و تاسەوە یارمەتیی بدەن و تەنیا بەپارێزەوە نەبێ نەی ڕەنجێنن، ئەوا ناتوانێ نموونەیەکی زیندووتر لە پیاوێکی وەک میر بدۆزێتەوە.

داگیرکەرێک کە وڵاتێک داگیر دەکات “دەبێ بەخێرایی و بە زەبروەشاندنێک ئەو زیانە بەدی بهێنێ کە پێویستە، هەتا پێویست نەکات هەموو ڕۆژێک زەبرەکانی خۆی دووبارە بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ بەلێبڕاویی خۆی، دڵنیایی بە هزر و زەینی خەڵک ببەخشێت و پاشان سەرنجیان بۆ دۆستایەتی ڕابکێشێت. قازانجگەیاندن، دەبێ لەسەرخۆ ئەنجام بدرێت تاکو چێژەکەی بە شێوەیەکی تێروتەسەلتر بگاتە لایەنی بەرامبەر.”

ترس لە تەمێکردن تەنیا یەکێکە لەو ئامرازانەی کە فەرمانڕەوای عاقڵ، دەبێ بۆ چاودێریکردنی هاووڵاتیانی خۆی بەکاری بهێنێت.

پێویستە میر بنەماکانی دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ گەلەکەی بپارێزێت، چونکە گەر وا نەبێت ئەوا لە کاتی چارەڕەشیدا پشتیوانێکی نابێت. ڕەوا نییە کە ئەم پەندە کۆنەم بەڕوودا بدەنەوە کە دەڵێ “بە هیوای خەڵک ژیان، وەکو ئاو لە بێژنگدانە”، چونکە ڕەنگە ئەم واتایە پتر دەربارەی خەڵکی ئاسایی ڕاست بێت، کە چاوەڕوانی لە دۆستایەتیکردنی خەڵک هەیە یا خود وا لێکی دەداتەوە کە لە ڕۆژی تەنگانەدا و ئەو کاتەی کە دوژمن یا فەرمانبەرانی دەوڵەت بەسەریدا زاڵ دەبن، خەڵک بە هانایەوە دێن. بەڵام میر، کە پیاوێکی دلێرە و توانای ڕێبەرایەتی و فەرماندەییی هەیە و دەزانێ چۆن سیستەم و ڕێکوپێکی لە قەڵمڕەوی حکوومەتی خۆیدا بپارێزێت، هەرگیز نابێ لەوە بترسێت، کە سەقامگیریی دەوڵەتەکەی خۆی، لەسەر بنەمای خۆشەویستیی خەڵک بنیات ناوە.

دەربارەی میرنشینە کەلیسایییەکان، واتە ئەوانەی کە ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی کەلیسادان، ماکیاڤێللی هەندێ وشەی تەنزئامیز و پێکەنینی تاڵی خەست بەکار دەهێنێ:

حکوومەتی ئەم میرنشینانە، بە هۆی بەختێکی لەبار یا شایستەییی فەرمانڕەواوە بەدی هاتوون، بەڵام پاراستنیان بەبێ ئەم دووانە بەڕێوە دەچێت: چونکە دەسەڵاتداری سەرەکیی یاسا پیرۆزە ئایینییەکانن، کە خاوەن دەستڕۆیی و بڕشتێکی وەهان چاودێریی هەموو کردارەکانی میر دەکەن و دەسەڵاتی خۆیان بەسەریدا دەسەپێنن. ئەم میرانە قەڵەمڕەوێکیان هەیە کە بەرگریی لێ ناکەن و هاووڵاتیانێک کە فەرمانڕەوایییان بەسەردا ناکەن.

هێرشە سەختەکانی ماکیاڤێللی لەم بەشە و شوێنەکانی دیکە بۆ سەر کەلیسای ڕۆم، لە سەرەتای سەدەی شازدەیەم، بەم هۆیەوە بووە کە کەلیسا، نەیتوانی بوو ئیتالیا لە بەرامبەر دوژمنانی دەرەکیدا یەک بخات. ئامۆژگاریی ئەو ئەمەیە، کە دەبێ حەتمەن کەلیسا و دەوڵەت لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

چونکە پێویستیی حکوومەتێکی بەهێز، بوونی سوپایەکی بەهێزە، هەر بۆیە ماکیاڤێللی، کاروباری سەربازی دەخاتە پلەی یەکەمی گرنگیپێدان و بەشێکی زۆری باسەکەی خۆی بۆ ئەم بابەتە تەرخان دەکات. زۆربەی هەرێمەکانی هاوچەرخی ئەو، لەسەر ئەو نەریتە دەڕۆیشتن، کە بۆ بەرگرییکردن لە وڵاتی خۆیان، پتر سەربازی بیانییان بە کرێ دەگرت. ماکیاڤێللی دەڵێ ئەم جۆرە سوپایە “بێکەڵک و ترسناک”ە و سوپایەک کە لە هاووڵاتیانی خودی پێک بێت، پتر جێی باوەڕە و کارامەترە. مادام پاراستنی ژیانی نیشتمانی، بە دەسەڵاتی سەربازییەوە بەستراوەتەوە، میر دەبێ کاروباری سەربازی بکاتە بابەتی سەرەکیی تاوتوێکردن و پیشەی خۆی.

ماکیاڤێللی چەند بەشێکی کتێبەکەی خۆی بۆ شێوازی ڕەفتاری میرەکان تەرخان دەکات و ئەو شتەی کە لە هەلومەرجی جیاواز، بە ڕەفتاری شایستەی دەزانێت دەیخاتە ڕوو:

جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ژیانی خەڵک و ئەو شێوازەی کە دەبێ بەو جۆرە بژین… میرێک کە دەیەوێ پێگەی خۆی بپارێزێت، دەبێ فێر بێت، کە چۆن دەکرێ باش نەبێت و دەبێ چۆن باشێتی لە هەلومەرجی پێویست بەکار بهێنێ یا بەکاری نەهێنێ…

دڵنیام لەوەی هەمووان لەو باوەڕەدان، کە میر دەبێ هەڵگری هەموو خەسڵەتە باشەکان بێت، بەڵام چونکە ناکرێ ئەو هەمیشە سەرچاوەی باشی بێت و بەپێی پێوەرەکانی جوامێری بجووڵێتەوە، پێویستە توانای لێکجیاکردنەوەی ئەوەی هەبێت، کە چۆن لە بەدناویی ئەو سەرپێچییانە خۆی ببوێرێت، کە لە حکوومەت بێبەشی دەکەن.

میر نابێ گوێ بەوە بدات، کە بە هۆی ڕژدی و چرووکییەوە بەدناو بێت، چونکە  “ئەو شتەی کە ئەو خەرجی دەکات یا هی خۆی و هاووڵاتیانی خۆیەتی یا هی کەسانی ترە… لە خەرجکردنی ئەوەی کە هی خۆت یا هاووڵاتیانت نییە دەستبڵاوی ڕەوایە…چونکە دەستبڵاوی لە خەرجکردنی سامانی کەسانی تر (کە بە سەرکەوتنی سەربازی بەدەست هاتوون) لە ناوبانگت کەم ناکاتەوە، بەڵکو زیادی دەکات. بەڵام ئەوەی کە دەبێتە هۆی زیان ئەوەیە، کە سامانی خۆت بەخۆڕایی بدەیت و هیچ خەسڵەتێک لە ماڵبەفیڕۆدان زیانبارتر نییە، چونکە هۆکارەکانی بەفیڕۆدان بەرەبەرە لەناو دەچن و کەسی بەفیڕۆدەر هەژار و ڕەزاگران دەبێت و یان بۆ پێشگیری لە هەژاری، چاوچنۆکتر دەبێ و دەکەوێتە بەر نەفرەت.”

میر دەبێ بێبەزەییبوون بە یەکێک لەو چەکانە بزانێت، کە دەبێتە هۆی یەکگرتوویی و ملکەچیی هاووڵاتیان “چونکە ئەوەی کە ناڕێکوپێکی بە چەند نموونەیەکی کاریگەر لەناو دەبات، لە کۆتاییدا دادپەروەرتر و دڵسۆزترە لەو کەسەی، کە لەبەر بێهیزی، کاروبارەکان لەسەر ڕەوتی ئاساییی خۆیان بەجێ دەهێڵێ و بەم جۆرە دەبێتە هۆی خوێنڕشتن و ڕاوڕووت. چونکە ئەم کارە زیان بە دەوڵەت و وڵات دەگەیەنێت، بەڵام پێداگریی میر تەنیا زیان بە تاکەکان دەگەیەنێت.”

ماکیاڤێللی لە بەشێکی بەناوبانگی کتێبەکەی خۆیدا دەنووسێت:

لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، کە ئایا بەدەستهێنانی دڵی خەڵک باشترە یا دروستکردنی ترس لەناو دڵ و دەروونیاندا. لەوانەیە وەها وەڵام بدرێتەوە کە دەکرێ بە ناز و غەمزەیەک هەر دوو کارەکە ئەنجام بدرێت. بەڵام چونکە ناکرێ ترس و خۆشەویستی، پێکەوە لە یەک شوێندا کۆ بکرێنەوە، ئەگەر پێویست بکات یەکیان لە ئەوی تریان بە باشتر بزانین، ئەوا باشترە کە خەڵک لێمان بترسن و خۆشەویستییان بۆمان نەبێت. چونکە خەڵک بەگشتی سپڵە، بێئیرادە، دووڕوو، خۆپارێز لە مەترسی، چاوچنۆک و قازانجپەرستن. فیداکارن بۆ ئەو کەسەی کە قازانجێکیان پێ دەگەیەنێت و کاتێک کە مەترسی دوورە، ئامادەیە فیداکاری بکات و خوێنی خۆی و بنەماڵەکەی بڕژێنێ و ماڵ و سامانی خۆی لەو پێناوەدا خەرج بکات، بەڵام لە کاتی پێویستدا پشتمان تێ دەکەن و ڕوویان وەردەگێڕن.

خۆ لەگێلیدان و بەدبینیی ماکیاڤێللی لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێت، ئەگەرچی ئەو لە کاتی بەراوردکردن لە نێوان ترس و خۆشەویستیدا دەگاتە ئەو ئەنجامە کە میر “دەبێ تا ئەوێی کە دەکرێ  هەوڵ بدات نەکەوێتە بەر نەفرەت.”

هیچ کام لە بەشەکانی کتێبی میر، بە قەدەر بەشی هەژدەیەم “میرەکان چۆن دەبێ لایەنی بڕواداری لەبەرچاو بگرن” نەکەوتۆتە بەر مەحکوومییەت و نەفرەتی گشتی.

ئەو تێگەیشتنە لاوەکییە ناپەسندە، کە لەسەر زاراوەی ماکیاڤێللیزم هاتۆتە ئاراوە، پتر لە بەشەکانی دیکەی کتێب لەم بەشەوە سەرچاوە دەگرێت. لێرەدا نووسەر دان بەوەدا دەنێت کە پاراستنی باوەڕ شتێکی زۆر باشە و جێی ستایشە، بەڵام فریو و دووڕوویی و درۆ و شایەتیدانی بەدرۆ و مەرایی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی، پێویست و پاساوهەڵگرە.

بۆ پاراستنی پێگە، دوو ڕێگات لە پێشە: یەکەمیان ڕێگای یاسا و ئەوی تر ڕێگای هێز. یەکەمیان شایستەی مرۆڤە و دووەمیان شایستەی ئاژەڵە. بەڵام چونکە ڕێگای یەکەم هەمیشە کاریگەر نییە، هەر بۆیە پشتبەستن بە ڕێگای دووەم پێویستە. کەواتە میر دەبێ بەباشی ئەوە بزانێت، کە چۆن هەم مرۆڤ و هەم ئاژەڵ بەڕێوە ببات…و بەڵام میر دەبێ بزانێت کە چۆن بە شێوەیەکی عاقڵانە، کەڵک لە سروشتی ئاژەڵ وەربگرێت، دەبێ لە ناو ئاژەڵەکانیش شێر و ڕێوی هەڵبژێرێت. چونکە شێر ناتوانێ خۆی لە بەرامبەر ئەو داوانەدا بپارێزێت کە لەسەر ڕێیدا دادەنرێن و ڕێوییش ناتوانێ لە بەرامبەر گورگەکاندا بەرگری لە خۆی بکات. میری زیرەک، نە دەتوانێ و نە دەبێ پابەند بێت بەو بەڵێن و پەیمانانەی، کە ئێستا زیانبارن بۆی و یا هۆکارەکانی بوونیان لە ئارادا نەماون. ئەگەر خەڵک هەموو باش بوونایە، ئەم پەندە پەسند نەبوو. بەڵام چونکە خەڵک ناڕاستن و پابەندی پەیمانی خۆیان نابن، ئەوا مرۆڤیش ناچار نییە ڕێز لە بەڵێنی خۆی بگرێت لە بەرامبەر ئەواندا. میرێک کە هەوڵ دەدات، بۆ پاساوی پەیمانشکێنیی خۆی بە دوای بەڵگەی عەقڵانیدا بگەڕێت، هەرگیز لە تەنگانەدا نامێنێتەوە. بەڵام خەڵک هێندە  دووربین نین و ئەوەندە ساویلکەن و بە جۆرێک لەژێر کاریگەریی پێداویستییە هەنووکەیییەکانی خۆیاندان، کە ئەگەر کەسێک بیەوێت هەڵیان خەڵەتێنێ، هەرگیز لە دۆزینەوەی کەسانی ساویلکەی هاوڕا، تووشی تەنگانە نابێت… هەر بۆیە وا باشترە کە مرۆڤ خۆی بە دڵسۆز و مرۆڤدۆست و ڕاستگۆ و خواپەرست و پیاوچاک پیشان بدات و کار بەم خەسڵەتانەش بکات، بەڵام هزر دەبێ خاوەن هاوسەنگییەکی وەها بێت، لە هەر شوێنێک کە پێویستی کرد، بە ئاراستەی پێچەوانە هەنگاو بنێت… هەمووان تەنیا ڕواڵەتی کەسەکە دەبینن، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی کەم پەی بە دەروونی دەبەن.

ماکیاڤێللی دەڵێ مەرجی سەرەکی ئەوەیە، کە میر لێ نەگەڕێت بکەوێتە بەر نەفرەت و ڕقی خەڵک. ماکیاڤێللی دوو هۆکار، کە دەبنە پاڵنەر، بۆ ئەوەی میر بکەوێتە بەر نەفرەتی خەڵک، بەم جۆرە شی دەکاتەوە:

“یەکەم ئەوەیە، کە چاوچنۆک و تەماحکار بێت و ئەوی تر ئەوەیە، کە دەستدرێژی بکاتە سەر گیان و نامووسی هاووڵاتیانی خۆی… میرێک کە دەمدەمی میزاج و ناپیاو و ترسنۆک و ئیرادەسست بێت، بێزراو دەبێت.”

جگە لەمەش، ڕێگایەکی دیکەی خۆشەویستبوون ئەوەیە، کە فەرمانڕەوا هەموو چاکە و یارمەتییەکان بە دەستی خۆی ئەنجام بدات “و بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی سزاکان و لە ڕاستیدا هەموو ئەو کارانەی، کە دەبنە هۆی ناڕازیبوونی خەڵک، بیخاتە ئەستۆی دادوەر و سوپایییەکان.” ئەگەر خەڵک لە خودی میر بێزار ببن، هیچ قەڵا و سەنگەرێک ناتوانێ ببێتە پارێزەری ئەو.

ماکیاڤێللی دەربارەی “ڕەفتاری میرەکان” بەم جۆرە ئامۆژگاری دەکات:

… دەبێ میر بۆ خۆی پشتیوانی بەهرە و شایستەییی تاکەکان بێت و ڕێز لە هونەرمەندان بگرێت. هەروا لەم بارەیەوە دەبێ هاندەری هاووڵاتیانی خۆی بێت تا بە پشتبەستن بە حەز و خواستی دەروونیی خۆیان، چ لە بواری بازرگانی و چ لە بواری کشتوکاڵ و ئەوانی تر، لە ئاشتی و ئارامیدا بە کاری خۆیانەوە خەریک بن. بە جۆرێک کە هونەرمەند یا پیشەگەر بتوانێ، بەبێ ترس لەوەی کە هونەرەکەی یا پیشەکەی دەکەوێتە بەردەم تاڵان و بڕۆ و یا کار و کەسابەتەکەی دەکەوێتە بەردەم مەترسیی باجی قورس و لەناو دەچێ، گەشە بە هونەر یا پیشەکای خۆی بدات و جوانتر و ڕازاوەتری بکات.

ماکیاڤێللی بە یادی ڕۆمی کۆن، کە ئەو هەمووە شانازیی پێوە دەکات، بەم جۆرە ئامۆژگاریی میرەکەی خۆی دەکات: “لە وەرزە لەبارەکاندا بە کۆڕی گۆڤەند و شادی و نمایشەکان، ئامرازی سەیران و سەرگەرمیی هاووڵاتیانی خۆت دەستەبەر بکە.”

ماکیاڤێللی باوەڕێکی پتەوی بە چارەنووس و قەزاوقەدەر هەیە. لەوانەیە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، ڕەنگدانەوەی باوەڕی خەڵکی ئەو سەردەمە بووبێت بە ئەستێرەناسی و بەختگرتنەوە. بەڵام لە شوێنێکدا دەنووسێ “بە ڕای من ڕەنگە چارەنووس بڕیاردەری نیوەی کردەوەکانی مرۆڤ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێریکردن لەسەر نیوەی یا نیوەی کەمتر، خراوەتە ئەستۆی خۆمان.” ئەم بۆچوونەی ئەو نیشانەی ئەوەیە کە ناوبراو تا ڕادەیەک جەبرگەرا (قەدەرگەرا) بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا باوەڕی وا بووە، کە مرۆڤ تا ڕادەیەک دەتوانێ بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات “و باشترە مرۆڤ پێداگر بێ و خێرا بڕیار بدات هەتا ئەوەی کە خۆپارێز و کۆنەپارێز بێ؛ چونکە چارەنووس وەک ژن وایە، کە بۆ ملکەچپێکردنی، پێویستە لێی بدرێت و بخرێتە ژێر گوشار و بە ئەزموون بینیومانە، کە ژن زووتر بۆ ئەو کەسانە ملکەچ دەبێ، کە بەو جۆرە ڕەفتاری لەگەڵدا دەکەن هەتا ئەو کەسانەی کە لە بەرامبەریدا ترسنۆک و خۆپارێزن. و هەروا چارەنووسیش هەر وەک ژنان هەمیشە لاوان هەڵدەبژێرێت، چونکە لاوان کەمتر خۆپارێزن و پتر توندن و بە بوێرییەکی زیاترەوە فەرمانی بەسەردا دەکەن.”

ماکیاڤێللی بە پاژێک لەژێر ناوی “پێویستیی ڕزگارکردنی ئیتالیا” کۆتایی بە کتێبەکەی خۆی دەهێنێ و داوای یارمەتی لە هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات. لەو سەردەمەدا کاتی ئەوە هاتبوو کە میرێکی نوێ وەک “قارەمانێکی ئیتالی” بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەی سەر هەڵبدات؛ چونکە ئیتالیا لە “دۆخی دڵتەزێنی ئیستایدا” لە “جوولەکە دیلتر و لە ئێرانی ستەملێکراوتر و لە ئەسینایی پەرتەوازەترە؛ بێ ڕێبەر و پرژ و بڵاو و گەندەڵ و لێکهەڵوەشاوە و تاڵانکراو و بەجێماوە و داماوی و پەرێشانی بەسەر هەموو کاروبارەکانیدا زاڵە… و دەبینین چۆن دەستی پاڕانەوەی بەرەو دەرگای خودا بەرز کردۆتەوە و داوای یارمەتی دەکات تا بەڵکو کەسێک بۆ ڕزگارکردنی بنێرێت و لەم زوڵم و ستەمە دڕندانەیە ڕزگاری بکات. دەبینین چۆن ئامادەیە تا خۆی بخاتە ژێر پاراستن و ڕکێفی کەسێکەوە، کە بنەما و پێوەرێک بخاتە بەردەمی.”

ماکیاڤێللی بەم وشانە کۆتایی بە وتاری پاراوی بەهاناهاتنەوەی خۆی دەهێنێ:

کەواتە نابێ ئیتالیا ڕێگا بە خۆی بدات، کە هەلی چاوەڕوانیی ئومێدواربوون بە ڕزگارکەرێک لەناو بچێت. خەڵکی ئەو هەرێمانەی کە کەوتوونەتە بەر مەترسیی زاڵبوونی بێگانە، بە چ تاسە و ئەوینێکەوە پێشوازیی لێ دەکەن و بە چ تێنوێتییەکی تۆڵەخوازانە و بە چ ئەمەگدارییەکی پتەو و بە چ لەخۆبردووییەک و بە چ فرمێسکێکەوە بە چاوەڕوانی لەسەر ڕێگایدا دەوەستن، دەربڕینی من ناتوانێ باسی لێ بکات. کام دەرگایە کە بەسەر ئەودا داخراو بێت؟ کام خەڵکە کە ملکەچی نەبێت؟ کام ئێرەیییە کە ببێتە بەربەست لە بەردەم ڕێگایدا؟ کام ئیتالییە کە سوپاسی نەکات؟ لووتی کێیە کە ئەم بۆگەنیوە دای نەڕزاندبێ؟

دەبێ پتر لە سێسەد ساڵ تێپەڕ ببێت هەتا خەونی یەکگرتنی ئیتالیای ماکیاڤێللی، ببێتە ڕاستی- ئیتالیایەکی بەدوور لە داگیرکاری و زاڵبوونی بێگانە.

دەستنووسەکانی کتێبی میر، لە سەردەمی ژیانی ماکیاڤێللی و پاش ئەویش، لە نێوان خەڵکدا بڵاو بووەوە. چاپکردنی ئەم کتێبە لە ساڵی ١٥٣٢ لە لایەن پاپا کلێمنتی حەوتەم18، واتە خزمی نزیکی ئەو میرەی کە کتێبەکەی پێشکەش کرابوو، پەسند کرا. لە ماوەی بیست وپێنج ساڵدا، ئەم کتێبە بیست وپێنج جار چاپ کرایەوە. پاشان زریانێک هەڵی کرد: “ئەنجوومەنی ترێنت”19 فەرمانی کرد کە بەرهەمەکانی ماکیاڤێللی لەناو ببرێن؛ لە ڕۆما بە کوفر تۆمەتباریان کرد و نووسینەکانی لەوێ و لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپی ڕاگیرا؛ یەسووعییەکان (ژزۆئیتەکان/ و) لە ئەڵمانیا وێنەی بە کا سواخدراوی ئەویان دەسووتاند و کاسۆلیک و پرۆتیستانەکان هاودەنگ بوون و ئەویان وەدەرنا. لە ساڵی ١٥٥٠ هەموو بەرهەمەکانی ماکیاڤێللی لە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکاندا تۆمار کران و تا بەر لە سەدەی نۆزدەیەم، ئەو نەیتوانی بێتاوانیی ڕێژەییی خۆی بەدەست بهێنێ. بزاڤە شۆڕشگێڕییەکان لە ئەمەریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و شوێنەکانی تر، بوونە هۆی سەرنجڕاکێشان و خواستی خەڵک بۆ جیاکردنەوەی حکوومەت لە کەلیسا و ملکەچکردنی دەوڵەت بۆ یاسا دنیایییەکان. تێکۆشانی ئازادیی ئیتالیا، کە لە ساڵی ١٨٧٠ گەیشتبووە لووتکەی خۆی، لە نیشمانپەروەری مەزنی خۆی، واتە ماکیاڤێللی ئیلهامی وەردەگرت.

(هـ داگلاس گریگۆری) 20 لە وتارێکی تێروتەسەلدا ئەوە پیشان دەدات، کە ڕێبەری نەتەوەی ئیتالیا واتە کۆنت کاڤۆر21، بە پەیڕەوکردنی فەرمانەکانی ماکیاڤێللی، توانیی ئیتالیا یەکگرتوو بکات و هێرشبەران دەربکات. ئەگەر ئەو، جگە لەمە ڕێگایەکی دیکەی بگرتایەتەبەر، جگە لە شکست و چارەڕەشی هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەدەبوو.

هەڵبەت ناتوانین ئەو ڕاستییە بشارینەوە، کە ستەمگەرانی هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو، کۆمەڵێک پەند و فەرمانی بەکەڵکیان لە میردا دۆزیوەتەوە. لیستی ناوی خوێنەرانی تامەزرۆی ئەم کتێبە زۆر سەرنجڕاکێشە.

ئیمپراتۆر شارلی پێنجەم و کاترین دومدیچی22 زۆر ستایشی ئەم بەرهەمەیان دەکرد؛ ئۆلیڤێر کراموێڵ23 دانەیەک لەم کتێبەی بەدەست هێنابوو و بنەماکانی بۆ بەهێزکردنی حکوومەتی کۆمۆن وێلسی بریتانیا بە کار دەهێنا؛ هانریی سێیەم و هانریی چوارەم، پاشاکانی فەرەنسا، کاتێک کە کوژران دانەیەک لەم کتێبەیان پێ بووە؛ ئەم کتێبە یارمەتییەکی زۆری شازادە فردریکی گەورەی دا بۆ خەریکبوونی بە سیاسەتی پرۆس؛ لوییی چواردەیەم لەم کتێبە وەک باشترین کڵاوی شەو کەڵکی وەردەگرت؛ دانەیەک لەم کتێبە، کە پڕ بوو لە یادداشت و ڕادەربڕین، لە گالیسکەی ناپلیۆن بوناپارت دۆزرایەوە، ئەو کاتەی کە لە واتێرلوو24 بوو؛ هەموو بۆچوونەکانی ناپلیۆنی سێیەم دەربارەی حکوومەت لەم کتێبە وەرگیراون؛

بیسمارک قوتابیی بەئەمەگی قوتابخانەی ماکیاڤێللی بوو و؛ سەرەنجام ئادۆلف هیتلەر بە وتەی خۆی، هەمیشە کتێبی میری لە پاڵ نوێنەکەی خۆی دادەنا هەتا هەردەم ببێتە سەرچاوەی سرووشەکانی ئەو. بنیتۆ مۆسۆلینی دەڵێ: “بە ڕای من کتێبی میری ماکیاڤێللی باشترین ڕێنمایە بۆ هەر سیاسەتمەدارێک. قوتابخانەی ئەو هێشتا زیندووە؛ چونکە بە درێژاییی چوارسەد ساڵ هیچ گۆڕانێکی قووڵ لە زەینی مرۆڤەکان یا کرداری گەلاندا ڕووی نەداوە.” (پاشان مۆسۆلینی بۆچوونی خۆی گۆڕی؛ چونکە لە ساڵی ١٩٣٩ لە لیستی ناوی ئەو نووسەرە کۆن یا نوێیانە، کە بە فەرمانی حیزبی فاشیست، نەدەبوو بەرهەمەکانیان لەناو خەڵکدا بڵاو ببێتەوە، ناوی کتێبی میریش هاتبوو.)

لە لایەکی تر، شیکەرەوە وردبینەکانی ڕووداوە مێژوویییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە ستەمکارانی لە جۆری هیتلەر و مۆسۆلینی، بۆیە تووشی ئەو چارەنووسە شوومە هاتن، چونکە یا گرنگییان بە هەندێک لە بنەما سەرەکییەکانی ماکیاڤێللی نەدا و یا بەهەڵە لێکیان دایەوە.

توێژەرانی ژیان و بەرهەمەکانی ماکیاڤێللی هەموویان لەو باوەڕەدان، کە تێگەیشتنی تەواو لە بیروبۆچوونەکانی ئەو، بەبێ خوێندنەوەی هەر دوو کتێبی ئەو، واتە نامەکان و میر، مومکین نییە. نامەکان، کە ئەو بۆ ماوەی پێنج ساڵ نووسیویەتی و مێژووی چاپکردنی لەگەڵ میر هاوکاتە، بەرهەمێکی تا ڕادەیەک دوورودرێژە. دەڵێن کە جیاوازیی سەرەکیی ئەم دوو کتێبە لەوەدایە، کە ماکیاڤێللی لە نامەکاندا باس لەو شتە دەکات کە دەبێ هەبێت، بەڵام لە میردا باس لەو شتە دەکات کە هەیە. بەگشتی، میر لەگەڵ میرنشینەکان، واتە ئەو هەرێمانەی کە تەنیا یەک میر بەڕێوەیان دەبات سەروکاری هەیە. بەڵام نامەکان باس لەو بنەمایانە دەکات کە کۆمارییەکان دەبێ بیکەنە سەرمەشق.

لە بەراوردکردنی ئەم دوو کتێبە، خوێنەر دەگاتە ئەو ئەنجامە سەرسووڕهێنەرە، کە ماکیاڤێللی کۆماریخوازێکی باوەڕدار بووە، حەزی لە ستەمکاری نەبووە، جۆری تێکەڵاوی حکوومەتی پاشایەتی و جەماوەریی بە باشترین جۆری حکوومەت زانیوە و لەو باوەڕەدا بووە کە هیچ حوکمڕانێک، بەبێ پشتیوانیی گەلەکەی خۆی پارێزراو نییە. بە ڕای ئەو سەقامگیرترین دەوڵەتەکان ئەو دەوڵەتانەن، کە لە لایەن ئەو میرانەوە بەڕێوە دەبرێن، کە چوارچێوەکانی دەستوور حوکمیان لەسەر دەکەن. بە ڕای ماکیاڤێللی دادوەریی خەڵک ڕاستە و ئەم بابەتە لە هێرشکردنی بۆ سەر ئەم پەندە کۆنە ئاشکرا دەبێ، کە دەڵێ “بنیاتنان لەسەر خەڵک وەک بناغەلێدانە لەسەر لم”.حکوومەتی خوازراوی ئەو، کۆماری ڕۆمی کۆنە کە لە نامەکاندا بەردەوام باسی لێوە دەکات.

ئەی چۆن بوو ماکیاڤێللی، کە حکوومەتی کۆماریی بۆ هەر گەلێکی ئازاد لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەزانی، میری نووسی؟ ئەم کتێبە بۆ هەلومەرجێکی تایبەت نووسراوە. بێگومان ماکیاڤێللی ئەوەی زانیبوو، کە دامەزراندنی حکوومەتێکی کۆماریی سەرکەوتوو لە ئیتالیای سەدەی شازدەیەم مومکین نییە. میر تەنیا بۆ ئەوە نووسراوە، کە بە یارمەتیی کەسێکی دەسەڵاتدار، گەلی ئیتالیا لە دۆخی نائومێدی و هەلومەرجی گەندەڵی سیاسیی ئەو کاتە ڕزگار بکات. ئیتالیا تووشی قەیرانێکی مەترسیداری وا هاتبوو، کە دەرفەتی ئەوەی نەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئەو چەکەی، کە بە هۆیەوە بتوانێ خۆی ڕزگار بکات، سەلیقە و خۆشزەوقی بەکار بهێنێ. سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە بۆ گەڕاندنەوەی ناوبانگی ماکیاڤێللی دەدرێت، هێشتا بیروڕای جۆراجۆر دەربارەی ئەو دەخرێتە ڕوو. ئەو دۆخەی کە چەندین ساڵ لەمەوپێش لە لایەن جوزێپە پرزۆلینی25 باسی لێوە کراوە، هێشتا لەجێی خۆیدایە. ئەو دەڵێ:

ئێستا ماکیاڤێللیی یەسووعییەکان هەیە، کە دوژمنی کەلیسایە؛ ماکیاڤێللیی نیشتمانییەکان، کە ڕزگارکەری ئیتالیای یەکگرتووە؛ ماکیاڤێللیی میلیتاریستەکان، کە دروستکەری سوپای نیشتمانییە؛ ماکیاڤێللیی فەیلەسووفەکان، کە ڕێبازێکی نوێی لە فەلسەفە واتە فەلسەفەی زانستیی کردووەتەوە و؛ سەرئەنجام ماکیاڤێللیی نووسەرەکان، کە بە هۆی ستایلی پڕبار و دەربڕینی ئازایانەی ئەو، ستایشی بەرهەمەکانی دەکەن. هەموو ئەم ماکیاڤێللیانەیش لەجێی خۆیدا ڕەوایە.

جێی باس و گفتوگۆ نییە کە هیج کەسێک بەر لە مارکس، ئەو کاریگەرییە شۆڕشگێڕانە گەورەیەی نەبووە، کە ماکیاڤێللی لەسەر فەلسەفەی سیاسی هەی بووە و بەڕاستی دەبێ نازناوی باوک و ئافرێنەری “زانستی سیاسەت”ی پێ بدەین.

سەرچاوە: کتاب‌هایی کە دنیا را تغییر دادند

ناوەکان:

  1. Niccolo Machiavelli: II Principe (The Prince)

2 . Machiavellianism

3 . Old Nick

4 . City State

5 . Tuscany (Toscana)

  1. Caterina Sforza
  2. Pandolfo Petrocci
  3. Siena

9 . Ferdinand Aragon

10 . Mximilian

  1. Julius II
  2. Cesare Borgia
  3. Pisa
  4. Medici
  5. San Casciano
  6. Lorenzo de Medici

17 . Nevins

  1. Clement VII
  2. The Council of Trent
  3. H.Douglas Gregory
  4. Count Cavour
  5. Catherine de Medici
  6. Oliver Cromwell
  7. Waterloo
  8. Giuseppe Prezzolini

image_pdfimage_print