د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی
شهڕی غەززە سەرەڕای سنووردارییهكهی، بەڵام لێکەوتەکانی لەسەر پەیوەندیی وڵاتانی ناوچەکە تا دێت فروانتر دەبێت، بەتایبەت لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم جەنگە و فروانبوونی، دوور نییە دواجار سیستهمێکی نوێی هەرێمی لەدایک بێت. وڵاتانی کەنداو بە حوکمی پێگەی سیاسی و ئابووری و دۆستایەتییان لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها ڕۆڵییان لە پڕۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەشێکی زۆری ئەو کاریگەرییەیان بەردەکەوێت؛ یەکێک لەو لێکەوتانە لەسەر پەیوەندیی وڵاتانی (کەنداو-ئەمریکا -ئیسرائیل)ە کە سێ لایهنی سەرەکین لە پرسی شهڕی غەززە و ئاییندەی کێشەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل.
هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو
بۆ هەموو وڵاتانی کەنداو (بێجگە لە قەتەر)، هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گورزێکی کوشندە بوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە؛ چونکە وڵاتانی کەنداو لە سەرەتای قۆناغێکی نوێدا بوون لە دووبارە بنیاتنانەوەی دۆخی سیاسی و ئابوورییان، هەروەها پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان نەک تەنیا لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵکوو لەگەڵ ئێرانیش کە نەیارێکی دێرینی وڵاتانی کەنداوە. لە ئاستی زلهێزەکانیش وڵاتانی کەنداو خەریکی هەمەجۆرکردنی پەیوەندییەکانیان بوون لەگەڵ چین[1]. سەبارەت بە جهنگی ڕووسیا و ئۆکرایناش، وڵاتانی کەنداو نەچوونە ژێرباری هەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا، بەتایبەت کە سعوودیا ئامادە نەبوو قەرەبووی ئەو نەوتەی ڕووسیا بکاتەوە لە بازاڕەکانی جیهان[2]. بەڵام جەنگی لەناکاوی غەززە دیسان حساباتی وڵاتانی کەنداوی تێک دا، چونکە هەر یەکە لە سعوودیا و ئیمارات، شان بە شانی بەحرێن خەریکی دروستکردنی سەرەتایەکی تازە بوون بۆ پڕۆسەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل؛ واتە ئەوەی بە ڕێکكەوتنەکانی ئەبراهام ناسراوە، کە سعوودیاش لەژێرەوە پاڵپشتی بوو.
بۆ تێگەیشتن لە ڕوانگەی وڵاتانی عەرەب، گرنگە ئاماژە بە سەرنجەکانی سیاسەتمەداری ناوداری ئەمریکی، دێنیس ڕۆس، بکەین کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی[3]:
دێنیس ڕۆس لە وتارێکدا بە ناونیشانی: “ڕەنگە ڕۆژێک پشتگیریی ئاگربەستم لەگەڵ حەماس کردبێت، بەڵام ئێستا نا”. ڕۆس دەڵێ، ئیسرائیل تەنیا نییە و دەیشلێت، دەبێت حەماس تێک بشکێت. لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی عەرەبی دەوروبەری ناوچەکە قسەم کرد – کە ماوەیەکی زۆرە دەیانناسم – هەر یەکەیان پێیان وتم: حەماس لە غەززە، دەبێت لەناو ببرێت. ئەوان ڕوونیان کردەوە: “ئەگەر حەماس بە سەرکەوتوو هەژمار بکرێت، ئەوە شەرعییەت بەو گرووپە و بە ئایدیۆلۆژیای ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل دەدات. ئەمەیش دەچێتە خزمەت هەژموونی ئێران و هاوکارانی لە ناوچەکەدا؛ دواجار وا دەکات حکوومەتە عەرەبییەکان بخەنە دۆخێکی بەرگریکارانەوە.” ڕۆس ڕوونی کردەوە کە ئەم قسانەی بە شێوەیەکی تایبەت پێی وتراوە و دەیشڵێت: “چەند وڵاتێکی عەرەبی بەئاشکرا کۆمەڵکوژیی حەماسیان ئیدانە كردووه، چونکە سەرکردە عەرەبییەکان درکیان بەوە کرد کە لەگەڵ تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل و زیادبوونی زیان و ئازارەکانی فەڵەستینییەکان، هاووڵاتیانیان تووڕە دەبن؛ ئەوانیش ناچار دەبن کە بەرگری لە فەڵەستینییەکان بکەن، ئەگەر لە ئاستی گوتاری سیاسییشدا بێت.
وڵاتانی کەنداو شان بە شانی وڵاتانی تری عەرەبیی ناوچەکە، ئەگەر سۆزداری حەماسیش نەبن بەڵام لە ئاستی شەقام و خەڵکدا سۆزدارییان بەرامبەر پرسی فەڵەستین هەیە. بۆ نموونە لە ڕاپرسییەکی نوێدا کە لەلایەن ئینستیتیۆتی واشینتۆنەوە ئەنجام دراوە و لە ڕاپۆرتێکیدا کە لەم دوایییانەدا بڵاو کرایەوە، دەردەکەوێت کە پشتیوانیی وڵاتانی کەنداو لە ئاستی ڕای گشتیدا بۆ ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، دابەزیوە. ئەم ڕاپرسییە کە دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێکكەوتنەکانی ئەبراهام ئەنجام دراوە دەری دەخات[4]، کە تەنیا 27%ی بەشداربووان لە ئیمارات و، 20%ی خەڵکی بەحرێن، پێیان وایە ڕێککەوتنەکان کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ناوچەکە دەبێت. ڕاپۆرتەکە ئەو ڕێژەیە بەراورد دەکات بە ڕێژەی 47% و 45% لە ساڵی 2020؛ کاتێک ڕێککەوتنەکان وەک بەشێک لە پرۆسەیەک وەسف کرا کە ڕەنگە دواجار ببێتە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل کار بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ فەڵەستینییەکان بکات.
شهڕی غەززە وەک بەربەست لە بەردەم پرۆژەکانی محەمەد بن سەلمان
لە سعوودیاش کە هێشتا بەفەرمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی نەکردۆتەوە، پاڵپشتی بۆ ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ نیوە کەم بووەتەوە و گەیشتووەتە 20%. هەڵبەتە پرۆسەی ئاساییکردنەوە تەنیا لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل ڕووی نەداوە، بەڵکوو وڵاتانی وەک میسر و ئوردن و تورکیا دەسپێشخەر بوونە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل تا ئێستایش تەنیا لە ئاستی حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسیدا بووە؛ واتا دانەبەزیوەتە ئاستی خەڵک لەو وڵاتانەدا. هەر بۆیە دەبینین لە کاتی دروستبوونی قەیران لە نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەدا، هەڵوێستی ئەو وڵاتانە نابێتە هۆی پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل؛ ئەمە ڕاستە بۆ دۆخی ئێستای گشت وڵاتانی کەنداو. بۆ نموونە ئەگەر هەڵویستی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو وەربگرین لە شەڕی غەزە، ئەوە ڕەنگدانەوەی ئەو تۆنە تیژەی کوەیت و عومان و قەتەڕە کە دەڵێن: “ئەم توندوتیژییەی حەماس، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوام و ئاشکراکانی ئیسرائیلە بۆ سەر فەڵەستینییەکان.” دوا بە دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، هاشتاگی “لافاوی ئەقسا” کە ناوی هێرشەکەی فەڵەستینییە، لەلایەن ملیۆنان بەکارهێنەرەوە لە پلاتفۆرمی تویتەر/X دەستاودەستیی پێوە کرا. هەروەها بەکارهێنەرانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبییش بەشێکی کارا بوون لەو کاردانەوانه.
پێ دەچێت هەڵوێستە تا ڕاددەیەک بێلایەنەکانی بەحرێن و ئیمارات، ڕەنگدانەوەی ئەو ڕەچاوکردنانە بێت کە پەیوەندییان بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلەوە هەیە. سەبارەت بە سعوودیا، هێرشی حەماس و بەردەوامیی جهنگ، پێگەی ڕیاز دەخاتە دۆخێکی سەختەوە. ئاشکرایە کە سعوودیا هەوڵ دەدات، بە هاندانی ئیدارەی جۆ بایدن، ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام بدات. بەڵام ئەگەر ڕیاز وەک ئامێزی تەلئەبیب سەیر بکرێت، بەتایبەت لەم کاتەدا، ئەوە لە ڕووی سیاسییەوە زیانی بۆ محەمەد بن سەلمان دەبێت. هەڵبەت سعوودیای سەردەمی محەمەد بن سەلمان بە گۆڕانێکی ڕیشەییدا دەڕوات. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە بەرامبەر هەبوونی پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل، سعوودیا داوای ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی لە شێوەی “ناتۆ” لەگەڵ ئەمریکا و یارمەتیدان لە بنیاتنانی بەرنامەی ئەتۆمی لەسەر خاکی سعوودیا و چەکی پێشکەوتووی ئەمریکای کردووە. جگە لەوەیش ڕیاز داوای پێدانی “ئیمتیازات”ی پەیوەست بە پرسی فەڵەستینی کردووە[5]. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەیشدا، ڕیاز لەم دوایییانەدا بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە فەڵەستینییەکان، لەنێویاندا حەماس، هەنگاوی ناوە. سەرەتای ئەمساڵ بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە سەردانی سعوودیایان کرد. هەرچەندە بەرپرسانی نزیک لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئهوهیان ڕهت كردهوه كه هیچ مەرجێکی سعوودیایان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل وەرگرتبێت. بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل دژایەتیی خۆیان بۆ هەر بەرنامەیەکی ئەتۆمیی سعوودیا دەربڕی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی بکرێت وەک پاداشتێک بۆ ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل. هەرچەندە نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە ئاساییکردنەوەی نێوان ڕیاز و تەلئەبیب، دەبێتە سەرکەوتنێک بۆ سەرۆک بایدن پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2024.
وڵاتانی کەنداو و بەرژەوەندیی جیاواز
وڵاتانی کەنداو ئەگەرچی جۆرێک لە کۆدەنگییان هەیە لەسەر پرسی غەززە، بەڵام لە هەمان کاتییشدا بەرژەوەندیی جیاواز و سیاسەتی جیاوازیان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پەیوەندی لەگەڵ حەماس و ئیسرائیل. بۆ نموونە کوێت و عومان و قەتەڕ، ڕەخنەی ئێستایان لە ئیسرائیل ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ڕەتکردنەوەی کۆن و ئێستایانە “کە پرسی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل سەر ناگرێت، بەبێ چارەسەر بۆ پرسی فەڵەستین. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سەرەڕای ڕەتکردنەوەی پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ تەلئەبیب، دۆحە و مەسقەت پەیوەندییان بە پلەی جیاوازەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبوو؛ هەرچەندە زۆربەی کاتەکان بە هۆکاری توانای نێوەندگیریی ئەو دوو وڵاتەوە بووە، بەتایبەت لە نێوان ئێران و ئەمریکا، یان سعوودیا و ئێران.
هەرچی تایبەتە بە بەحرێن و ئیمارات، هەوڵ دەدەن خۆیان لە ململانێکانی غەززە بەدوور بگرن. لە لایەکی دیکەوە چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتیش کوێت، عومان و قەتەر، بەردەوام بن لە دەربڕینی ڕەخنەکانیان لە دژی ئیسرائیل؛ ئەمەیش ڕەنگە دواجار کاریگەریی لەسەر تۆنی سیاسەتی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو هەبێت. سەبارەت بە سعوودیا، شهڕی غەززە هەم هەڕەشەیە و هەم دەرفەتیش. دوای شهڕی غەززە، پێ دەچێت هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی سعوودیا لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ماوەیەک ڕابگیرێت؛ بەتایبەتی ئەگەر بەرەی نوێ لە شهڕی غەززە بکرێتەوە. بەڵام ئهگەر زوو توندوتیژییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن، دەتوانێت دەرفهتێک بۆ سعوودیا بڕهخسێنێت تا داوای ئیمتیازاتی زیاتر لە ئەمریکا بکات له بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل. ئەمەیش دەتوانێت پشتیوانیی نەتانیاهۆ بەدەست بهێنێت، کە لە ئێستادا زۆر پێویستیی پێیەتی؛ بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئیسرائیل توانای بەدەستهێنانی ئاشتیی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە بەبێ ئەوەی ئیمتیازاتی گەورە بە فەڵەستینییەکان بدات[6].
کەچی کاریگەریی گەورەی شهڕی غەززە بەر ئیمارات دەکەوێت. کاتێک باس لە بازرگانی و گەشتیاری و تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنان لەگەڵ ئیسرائیل دەکرێت، ئیمارات لە سەرووی وڵاتانی کەنداوە؛ بە جۆڕیک دەتوانين بڵێین ئەبوزەبی گەورەترین سوودمەندە لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام، چونکە ئاساییبوونەوەى پەیوەندی لەگەڵ تەلئەبیب جووڵهی زیاتر بە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەبوزەبی دەبەخشێت.
لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئهبراهام، ئیمارات سەرکەوتوو بووە لەوەی وا لە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا بکات، لە هەندێک بابەتدا ڕەچاوی سیاسەتەکانی ئیمارات بکەن. بۆ نموونە نواندنی نەرمی بەرامبەر بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، یان هەڵوێستی تا ڕاددەیەک بێلایەنی ئیمارات لەبارەی جهنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەمە جگە لە هاوکاریی بەرگری و ئەمنی لەگەڵ چین[7].
وەک نووسەرێکی عەرەب دەڵێت، حەماس دەیەوێت هەموو وڵاتانی عەرەبی بە دوای خۆیدا ڕابکێشیت بۆ ئەجێندایەک کە لە بنەڕەتدا عەرەبی نییە[8]. بە جۆرێک دوور نییە لە كۆتاییدا ئێران ئەو ئامانجە بپێکێ و سعوودیا بخاتە بەرەی ئیسرائیل یان دژە ئیسرائیل. دوو ڕۆژی دوای شەری غەززە، عەمان ناچار بوو لە ڕێككەوتنی بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەكەی لەلایەن فڕۆكەكانی ئیسرائیل، پەشیمان ببێتەوە؛ تا ئەو ئاستەی گەر ئەم جەنگە بەردەوام بێت، لیکتێگەیشتنی ئێران و سعوودیاش دەکەوێتە مەترسییەوە.
کاریگەریی شهڕی غەززە لەسەر پەیوەندیی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو
وەک دەزانین ئیسرائیل لەگەڵ گشت وڵاتانی کەنداو پەیوەندیی باشی هەیە؛ لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەتەوە. واتا ئەم دوو وڵاتە بەشێکن لە ڕێکكەوتنەکانی ئەبراهام. هەر لەو ماوەیەی پێش شهڕی غەززەش جۆرێک لە گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و سعوودیا هەبوو، بەڵام شهڕی غەززە ئەو پەیوەندییانەی لە ئێستادا سڕ کردووە، چونکە دۆخەکە لە ئاستی جەماوەریدا لەبار نییە[9]. هەرچەندە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، جاک سولیڤان وتی، پرۆسەی ئاساییکردنەوە ڕانەگیراوە، بەڵکوو تەنیا لە ئێستادا سەرنجمان لەسەر شهڕی غەززەیە. هەر یەکە لە سعوودیا و ئەمریکا نایانەوێت شەری غەززە فراوان بێت؛ ئەمە بۆ تارانیش لەوانەیە ڕاست بێت، بەڵام ئێران دەیەوێت گوشار بخاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل کە واز لە گرتنی غەززە و دەرکردنی حەماس بهێنن.
تا شهڕی غەززە زیاتر بخایەنێت و ژمارەی کوژراوانی مەدەنیی فەڵەستینی زیاتر بەرز بێتەوە، پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبییش بۆ ئەمریکا قورستر دەبێت. زۆربەیان ئێران و هاوپەیمانەکانی وەک نەیار سەیر دەکەن. بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو مەترسیی گەورەتریان ئەوەیە کە ئەم جهنگە ناڕەزایەتیی ناوخۆی لێ بکەوێتەوە، چونکە دانیشتووانەکانیان داوای پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین دەکەن لە دژی ئیسرائیل. هەندێک لە بەرپرسانی عەرەبی دەڵێن، ئەوە ڕێککەوتنە نوێیەکانی ئەبراهام نین کە لە مەترسیدان، بەڵکوو پەیوەندییە کۆنەکانی ئیسرائیلیش لەگەڵ ئوردن و میسر لەوانەیە بکەونە مەترسییەوە[10].
لە بۆچوونێکیدا کە لەلایەن Walter Russell Mead نووسراوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە ئەوەی دەیویست لەم شەڕەوە بەدەستی نەهێناوە، چونکە ئامانجی ئێران تەنیا پڕچەککردن و ڕاهێنان و هاندانی حەماس نەبوو لە دژی ئیسرائیل ، بەڵکوو ئامانجی ڕاستەقینەی، تێکدانی قووڵبوونەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرنگترین دراوسێ عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە بوو. دەسەڵاتدارانی ئێران پێیان وایە کە خاوەندارێتیی سەرچاوەی وزە و شوێنە ئایینییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم وڵاتە دەکاتە زلهێزێکی جیهانی، بۆیە هەوڵ دەدەن پێگەی خۆیان وەک هێزی باڵادەست لە ناوچەکەدا جێگیر بکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە عەرەبی سوننە لەمێژە کۆماری ئیسلامی بە ڕکابەرێکی مەزهەبی و هەڕەشەی ئەمنی دەزانن[11].
- کاریگەریی شهڕی غەززە لەسەر پەیوەندیی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم دۆخە ناهەموارەی شهڕی غەززە کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل؟ لێرەدا کۆمەڵێک فاکتەر ڕۆڵیان هەیە: فاکتەری ئەمنی و جیۆپۆلیتیکی، فەکتەری پێگەی ئەمریکا لە کەنداو، هەروەها فاکتەری ئابووری. وڵاتانی کەنداو تا ئێستایش گرنگترین فاکتەر لایان فاکتەری ئەمنییە، بەتایبەت پاراستنی سیستهمی سیاسییان لە دەستوەردانی دەرەکی، چونکە هەموو وڵاتانی کەنداو لە ڕووی سەربازییەوه میرنشینی تا ڕاددەیەک لاوازن؛ تا ئێستایش ئاسایشی کەنداو لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت. بەتایبەت لە ڕوانگەی وڵاتانی کەنداو، ئێران و عێراق و بزاڤە ئیسلامییەکانی وەک ئیخوان موسلمین و داعش، جێگەی هەڕەشەی گەورەن لەسەر حوکمڕانییەکانی وڵاتانی کەنداو. وڵاتانی کەنداو تا ئێستایش نەیانتوانیوە جێگرەوەی ئەمریکا بدۆزنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. هەرچەندە چینییەکان خەریکن لە کەنداو نزیک دەبنەوە، بەڵام هێشتا لە سەرەتای ڕێگهکەدان. بە گوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، بایدن ئاگادار کراوەتەوە کە بەرپرسانی سەربازیی چینی لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لەگەڵ عومان تاوتوێی دانانی بنکەی سەربازییان کردووە؛ عومانییەکانیش ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە بۆ ڕازیبوون بەم ڕێککەوتنە. چاودێران ڕایان گەیاند، لەگەڵ پەرەسەندنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، چین بە دوای ئەوەدایە هێڵێکی ستراتیژیی بەهێز بۆ پاراستنی بازرگانییەکەی بە درێژاییی گەرووی هورمز دروست بکات[12]. ساڵانە نزیکەی یەک لەسەر سێی نەوتی خاوی دەریایی بەو ڕێڕەوه ئاوییهدا تێ دەپەڕێت و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ئەم گەرووە وەک “ناوچەیەکی ناسراوی گرنگ” بۆ پلاندانەرانی سەربازیی چینی دەخاتە ڕوو[13]. هەبوونی بنکەیەک لە عومان دەبێتە هەڕەشەیەک بۆ ئەمریکا کە فەرماندەییی ناوەندییەکەی سەرپەرشتیی ئەو هێزانە دەکات کە لە سەرانسەری ناوچەکە جێگیر کراون، لەوانە: کوێت، بەحرێن، قەتەر، سعوودیا، ئیمارات و عومان.
لە دوای قەیرانی ئۆکراینا لە ڕاستیدا پێگەی وڵاتانی کەنداو لە ستراتیژیی ئەمریکادا نەک لاواز نەبووە بەڵکوو بەهێزتریش بووە. بەهۆی سزاکانی سەر ڕووسیا، ئێستا ڕۆژاوا بۆ نەوت و گازی سروشتی، زیاتر پشت بە سعوودیا، قەتەر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کوێت دەبەستێت. لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییشەوە ئەوە دەگۆڕێت بۆ دەسەڵات و ئۆتۆنۆمیی زیاتر بۆ ئەنجومەنی هاریكاریی کەنداو، کە عومان و بەحرێنیش دەگرێتەوە. ڕێکخراوی GCC هەڵوێستێکی زۆرینەی بێلایەنی لەبارەی لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕاینا پاراستووە و ڕەتی کردووەتەوە بەشداریی سزاکان بکات. لە نێوان گەورەترین حەوزەکانی سامانی سروشتی لە سەرانسەری جیهاندا، هیچیان خێراتر لە وڵاتانی کەنداو گەشە ناکەن. بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای گڵۆباڵSWF، دەسەڵاتی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی، دەسەڵاتی وەبەرهێنانی کوێت، سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعوودیا و دەسەڵاتی وەبەرهێنانی قەتەر، ئێستا نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلار سەرمایە مامەڵە دەکەن، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی 42% زیادی کردووە[14].
تا ساڵی ٢٠٣٠ سعوودییەکان ئامانجیان ئەوەیە کە تەنیا لە ڕێگەی سندووقی وەبەرهێنانی گشتی (PIF)ەوە زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار سەروەت و سامان کۆنترۆڵ بکەن[15]. بەپێی ستانداردەکانی ئێستا، ئەوە دەبێتە گەورەترین سندووقی سامانی سەروەری لە جیهاندا، تەنانەت لە پێش سندووقی وەبەرهێنانی خانەنشینیی حکوومەتی ژاپۆن و بانکی نۆرگێسی نەرویج و کۆمپانیای وەبەرهێنانی چینەوە دێت[16]. تاکە فاکتەری گۆڕاو کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا هەبێت، دابینکردنی نەوت و غازی ناوچەکەیە؛ بەو پێیەی ئەمریکا لە کۆی گشتیی هاوردەکردنی ڕۆژانەی 8.32 ملیۆن بەرمیل لە ساڵی 2022 لە جیهاندا، ڕۆژانە 0.98 ملیۆن بەرمیلی تەنیا لە وڵاتانی کەنداو هاوردە کردووە، واتە نزیکەی 12%ی هاوردەی ئەمریکا لە نەوتی خاو لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبییەوە هاتووە؛ 7%ی لە سعوودیاوە و 4%ی لە عێراقەوەیە[17].
هەرچی تایبەتە بە قەتەڕ، سەرەڕای بوونی پەیوەندیی نەپچڕاوی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام ئەمریکا تا ڕاددەیەک ناکۆکیی لەگەڵدا هەڵوێستەکانی قەتەڕدا هەیە بە هۆکاری پاڵپشتیکردن لە ئیخوانە ئیسلامییە توندڕەوەکانی سووریا و حەماس، هەروەها بوونی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر. ڕۆژێک دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر غەزە (٨ ئۆکتۆبەر) لیژنەی هەواڵگریی ئەمریکا، واڵتز پرێس، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی وتی: پێویستە پەیامێکی زۆر ڕوون بۆ لایەنگرانی حەماس بنێرین، جا تورکیا بێت یان قەتەر، یان هەر لایەنێکی تر… کە ئەگەر دەست لە تاڵەمویەکی سەری ئەمریکییەک بدەن… “، ئەوا کاردانەوەی لەسەر هەمووتان دەبێت نەک تەنیا خودی سەرکردایەتیی حەماس”. ئەمەیش وای کرد باڵیۆزخانەی قەتەر لە پۆستێکی تویتەر لە لاپەڕەی خۆیدا بڵێت کە کردنەوەی مەکتەب سیاسیی حەماس لە قەتەر لەسەر داوای ئەمریکییەک بووە بۆ بوونی هێڵی پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس[18].
لە ڕاستیدا ناوبانگی واشینتۆن وەک هێزێکی ڕاستگۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە سەردەمی کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا – لە داگیرکردنی عێراقەوە تا بەهاری عەرەبی و بڕیاری دۆناڵد ترامپ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس و بڕینی بوودجە و یارمەتی لە فەڵەستینییەکان – متمانەی ئەمریکای لە ناوچەکەدا خستۆتە گومانەوە. هەوڵەکانی ئاشتی لەلایەن ئیدارەکانی بیل کلینتۆن، جۆرج دهبلیۆ بۆش و باراک ئۆباما هەموویان شکستی هێنا؛ هەروەها هەوڵەکانی ئیدارەی ترامپ بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی فەڵەستین بەبێ ئەوەی فەڵەستینییەکان بەشداری بکەن. هاوکات پشتیوانی بۆ دوو دەوڵەت لە نێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکانیش ئێستا لە نزمترین ئاستدایە؛ ڕاپرسییەکی گالۆپ کە تەنیا مانگێک پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بڵاو کرایەوە، دەری دەخات کە تەنیا لەسەدا ٢٤ی ئەو فەڵەستینییانەی کە لە کەناری ڕۆژاوا و غەززە و قودسی ڕۆژهەڵات دەژین، پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەن، لە کاتێکدا له ڕاپرسییەکی سەنتەری توێژینەوەی پیو ( Pew Research Center ) لە مانگی ئەیلوولدا دەرکەوتووە کە لە سەدا ٣٥ی ئیسرائیلییەکان باوەڕیان وایە ئیسرائیل و دەوڵەتێکی فەڵەستینی دەتوانن بە شێوەیەکی ئاشتییانە پێکەوە بژین[19].
دەرەنجام و کۆتایی
شهڕی غەززە کاریگەری و گۆڕانێکی زۆر لەسەر پەیوەندییە هەرێمییەکانی ناوچەکە بەجێ دەهێڵێت، کە بە ئەگەری زۆر دەبێتە هۆکاری دروستبوونی سیستهمێکی هەرێمیی نوێ لە ناوچەکهدا. ئەم سیستهمە هەرێمییە، دوور نییە جۆرێک لە جەمسەربەندیی نوێ دروست بکات لە دابەشبوون بەسەر بەرەی ڕۆژاوا و بەرەی ڕۆژهەڵات، یانیش بەرەی بەرهەڵستکاری بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا و ئەمریکا لەگەڵ بەرەی دۆستەکانی ئەمریکا. هەر یەکە لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەرەنجامی ئەو جهنگەدا زۆرترین کاریگهرییان بەردەکەوێت. ئەگەر بەرەکانی جهنگ بە شێوەی ڕاستەوخۆیش فراوان نەبن بەڵام بە شێوازی ناڕاستەخۆ فراوان دەبن، پرسی پێکەوەژیانی فەڵەستین و ئیسرائیل ئەوەندەی تر ئەستەم دەبێت، ڕۆڵی میلیشیا و دەرکەوتنی هێزە توندڕەوە ئایینییەکانیش زیاتر دەبێت. ئەوەی پێی دەگوترێت ڕێکكەوتنەکانی ئەبراهام، گورزی زۆریان بەردەکەوێت؛ ئەمە دیسان پرسی ئاشتەوایی لە نێوان ئیسرائیل و جیهانی عەرەبیدا دوا دەخات کە یەکێکە لە دەسکەوتە هەرە گەورەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچی گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەرج نییە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە بەڵکوو لەوانەیە سەرنج زیاتر لەسەر پرسی فەڵەستین و دۆستایەتیی ئیسرائیل و هەندێک لە دۆستەکانی ئەمریکا بێت لە ناوچەکەدا.
[2] <https://www.middleeasteye.net/news/saudi-arabia-rejects-us-request-increase-oil-production>.
[3] دێنیس رۆس ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. زیاتر لە دوانزە ساڵ ڕۆڵێکی پێشەنگانەی بینیوە لە داڕشتنی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئەمریکا و لە پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها سەرکردایەتیی پرۆسەی ئاشتی لە سەردەمی ئیدارەی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا: جۆرج ئێچ.دهبلیۆ بۆش و بیل کلینتۆن. هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە یارمەتیدانی هەردوو لایەنی فەڵەستینی و ئیسرائیلی، بۆ گەیشتن بە “ڕێککەوتنی ئۆسلۆی دووەم” لە ساڵی ١٩٩٥ی زایینی؛ هەروەها “رێککەوتنی حەبرۆن” لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینی و، پەیمانی ئاشتیی نێوان ئوردن و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی، هەروەها کارکردن بۆ لێکنزیککردنەوەی ئیسرائیل و سووریا. جگە لە ئەزموونە درێژەکەی لەگەڵ سیاسەتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە دەبێت، لەو ماوەیەدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا: جەیمس بەیکەر، وارن کریستۆفهر و مادلین ئۆلبرایت کاری کردووە. وەک بەڕێوەبەری تیمی پلاندانانی سیاسەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (بۆشی باوک)یش کاری کردووە، کە لەوێدا ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، لە یەکخستنی ئەڵمانیا و پەیوەستبوونی بە ناتۆ، هەروەها لە هاوپەیمانیی هێزەکان لە کاتی جەنگی کەنداودا.. “ساڵی ١٩٩١ لە دژی رژێمی سەدام بینیوە.
[5]<< بعد الحرب.. ما مصير “اتفاق إبراهيم” وموقف دول التطبيع العربية؟ | الحرة (alhurra.com) >>.
[6] بعد ثلاث سنوات من اتفاقيات إبراهيم، حرب غزة تضع الإمارات في زاوية تناقض المصالح. <<https://amwaj.media/ar/article/three-years-after-abraham-accords-gaza-war-corners-uae>>.
[7] <<الأردن يطلب من أميركا نشر أنظمة «باتريوت» للدفاع الجوي (aawsat.com)>>.
[10] >>https://www.semafor.com/article/11/02/2023/saudi-arabia-and-uae-maintain-support-for-israel-ties <<
[11] Walter Russell Mead (6 Nov 2023) Iran Might Have Miscalculated in Gaza. <<https://www.wsj.com/articles/iran-might-have-miscalculated-in-gaza-abraham-accords-arab-allies-70bc087a>>
[13] عومان هەندێک جار وەک سویسرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەکرێت بەهۆی سیاسەتی بێلایەنی و بەردەوام نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران؛ هەروەها هەوڵی داوە هاوسەنگی لە پاراستنی هاوبەشیی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بکات. چین وەبەرهێنانی کردووە، هەروەها لە قۆناغی یەکەمی ناوچەی ئابووریی تایبەتی عومان لە دوقم کە دەبێتە شوێنی گەورەترین دامەزراوەی هەڵگرتنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی داتاکانی پڕۆژەی ئاسایشی ئەمریکا، عومان یەکەم وڵاتی کەنداو بووە کە هاوبەشیی سەربازیی لەگەڵ ئەمریکادا کردووە، لە ساڵی ١٩٨٠دا ڕێککەوتنی واژۆ کردووە.
[14] New Economy Saturday: Russia’s War Has Made the Gulf States More Powerful – Bloomberg
[15] The Public Investment Fund (PIF; Arabic: صندوق الاستثمارات العامة)
سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە. لە گەورەترین سندووقەکانی سامانی سەروەریی جیهاندایە کە کۆی سەروەت و سامانەکەی بە ٧٧٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی (٥٣٨ ملیار پاوەند) مەزەندە دەکرێت.[2] لە ساڵی ١٩٧١ بە مەبەستی وەبەرهێنانی پارە بە ناوی حکوومەتی سعوودیا دروست کراوە.[3] سندووقی سامانەکە لەلایەن شازادەی جێنشینی سعوودیا محەممەد بن سەلمان، حاکمی دیفاکتۆی سعوودیایه لە ساڵی 2015ەوە کۆنترۆڵ کراوە.
[19] >>https://www.ft.com/content/2bc594a3-84b9-4311-ab78-383900059a0d.<<