پێنووس

ئاڵنگارییەکانى بەردەم پابەندبوون بە ڕێـسـاى ڕەفـتـارى دادوەران  لە هەرێمى کوردستان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا – مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

 پێشەکى

دەسەڵاتى دادوەرى بە یەکێک لە گرینگترین سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەى حوکمڕانى لە وڵاتان دادەنرێت، چونکە پاراستنى مافەکان و بەدیهێنانى سەقامگیریى سیاسى و کۆمەڵایەتى، پەیوەستە بە چۆنێتیى کارکردن و سەربەخۆبوون و بیرکردنەوە و ڕەفتارى ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەى بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنى دادگه‌کان، هەروەها دادوەرەکان بە هەموو پلەکانیانەوە.

بۆ یەکەم جار لە مێژووى هەرێمى کوردستان، دەسەڵاتى دادوەرى بە یاساى ژمارە 14ى ساڵى 1992 دامەزرا و تاوەکوو ئێستایش بەردەوامە لە کارکردن، بەڵام لەژێر چەترى یاساى دەسەڵاتى دادوەرى، ژمارە 23ى ساڵى 2007. ئەم دەسەڵاتە لەلایەن ئەنجومەنێکەوە نوێنەرایەتى دەکرێت کە پێى دەگوترێت “ئەنجومەنى دادوەری” کە بە بەرزترین دەسەڵات لەنێو دەسەڵاتى دادوەرى هەژمار دەکرێت و، بەپێى ماددە 33 لە یاساى ژمارە 23ى ساڵى 2007، ئەم ئەنجومەنە پێک دێت بە سەرۆکایەتیى سەرۆکى دادگه‌ى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان و جێگرەکانى، هەروەها سەرۆکى دەستەى سەرپەرشتیى دادوەری و سەرۆکى داواکارى گشتى و سەرۆکى دادگه‌کانى تێهەڵچوونەوە لە هەرێمى کوردستان. هەر بەپێى ماددە 34 لە هەمان یاسادا، ئەم ئەنجومەنە کۆمەڵێک دەسەڵات و ئەرک پیادە دەکات کە گشتیان پەیوەستن بە بەڕێوەبردن و ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردن و چاودرێریکردنى کاروبارى دادگه‌کان و دادوەرەکانى هەرێمى کوردستان بە هەموو پلەکانیانەوە.

یەکێک لەو بابەتانەى کە پێویستە ئەنجومەنى دادوەرى بەوردى چاودێریى بکات، بریتییە لە چۆنێتیى ڕەفتارکردنى دادوەران لە کاتى دادبینى و لە دەرەوەى دادبینیدا لەگەڵ پارێزەران و هاووڵاتیان و دادوەرە هاوپیشەکان و سەرۆکى دادگه‌کان و سۆشیال میدیا و دەزگه‌کانى ڕاگەیاندن و هتد. بۆ پیادەکردنى ئەم چاودێرییە، لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو ئەنجومەنى دادوەرى، پشتى بە ماددە 50 لە یاساى ژمارە 14ى ساڵى 1992ى هه‌ڵوه‌شاوه‌ و، هەروەها ماددە 52 لە یاساى ژمارە 23ى ساڵى 2007ى بەرکار بەستووە بۆ ڕێکخستن و یەکخستنى ڕەفتارى دادوەران، بەڵام ئەم ماددانە وەک پێویست نەبوون؛ بۆیە تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە ڕەفتارى دادوەرەکان یەک بخرێت. هەر بۆیە کار کرا بۆ دەرکردنى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران بۆ بەدیهێنانى ئامانجى ئاماژەپێکراو.

دەرکردنى ڕێـساى ڕەفتـارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان

لە دواى زیاتر لە 30 ساڵ لە پێکهێنانى دەسەڵاتى دادوەرى لە هەرێمى کوردستان بە نوێنەرایەتیى ئەنجومەنى دادوەرى، لە کۆتاییدا ڕێسایەک بۆ ڕێکخستن و یەکخستنى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان دەرکرا بە ناوى “مدونة سلوك القضاة لإقليم كوردستان – العراق رقم 1 لسنة 2023” و لەلایەن ئەنجومەنى دادەوەرى بە بڕیارى ژمارە 2251 لە ڕێکەوتى 01/08/2023 دەرکراوە.

ئەم ڕێسایە بە یەکەم ڕێساى لەم شێوەیە دادەنرێت و پاڵپشت بە ماددە 67 لە یاساى دەسەڵاتى دادوەرى لە هەرێمى کوردستان ژمارە 23ى ساڵى 2007 دەرکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە 308 لە ڕێکەوتى 10/08/2023 بڵاو کرایەوە و هەر لەم ڕێکەوتەوە بەرکار بووە.

ئەم ڕێسایە دابەش کراوەتە سەر 13 فەسڵ و، لە 70 ماددە پێک دێت کە چەندان بابەتى لەخۆ گرتووە وەک: پاراستنى سەربەخۆییى دادگه و دادوەران، قەدەغەکردنى دژیەکبوونى بەرژەوەندییەکان، بێلایەنبوون، دەستپاکى، یەکسانى، لێوەشاوەیی، لێهاتوویى، ڕێزگرتنى پڕه‌نسیپەکانى مافەکانى مرۆڤ، پیادەکردنى ماف و ئازادییەکان و، ڕێکارە بەرزەفتکارییەکان.

ئەوەى تێبینى دەکرێت ئەوەیە: ئەم ڕێسایە لەسەر شێوەى ڕێنمایى و تەنیا بە زمانى عەرەبى دەرکراوە و ئەمەیش دروست نییە، چونکە زمانى فەرمیى هەرێمى کوردستان “کوردی”یە و، نابێت لە دۆکیومێنتە فەرمییەکاندا زمانى کوردى پشتگوێ بخرێت. بۆیە ئەم هەڵوێستەى ئەنجومەنى دادوەریى هەرێمى کوردستان جێـگەى ڕەخنەیە و، پێویستە بە زووترین كات بە زمانى کوردییش دەربکرێت و لە وەقایعى کوردستان بڵاو بکرێـتەوە.

ئەمە لە لایەک، لە لایەکى ترەوە لامان ڕوون نییە ئایا ئەنجومەنى دادوەرى ڕاوبۆچوونى تەواوى دادوەرەکانى لەمەڕ ناوەڕۆکى ئەم ڕێسایە وەرگرتووە؛ چونکە ئەگەر ئەم کارەى نەکردبێت، ئەوا ڕاددەى پابەندبوون بە ناوەڕۆکەکەى کەمتر دەکاتەوە، لەبەر ئەوەى توێژینەوەکان سەلماندوویانە بەشداریکردن لە دروستکردنى بڕیار، ڕاددەى پابەندبوون بە ناوەڕۆکى بڕیارەکە بەرز دەکاتەوە.

هەرچۆنێک بێت، دەرکردنى ئەم ڕێسایە بە هەنگاوێکى گرینگ دادەنرێت بۆ پاراستنى شکۆى دادوەران و لە پاشاندا دادگه‌کان و لە کۆتاییشدا تەواوى دەسەڵاتى دادوەری، چونکە لە ئێستادا گومان دەخرێـتە سەر ئەم شکۆیە و قسەى زۆرى لەبارەوە دەکرێت بە دیوە نێگەتیڤەکەیەوە.

ئامانج لە دەرکردنى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان  

یەکێک لە کەموکوڕییەکانى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە بەبێ ئامانج دەرکراوە، چونکە هیـچ ماددەیەک لە سەرەتاى ئەم ڕێنمایییەدا بۆ دیاریکردنى ئامانجەکانى ئەم ڕێسایە تەرخان نەکراوە؛ ئەمە جگە لەوەى هۆکارەکانى دەرچوونى لەگەڵدا نییە کە لە کۆتاییی یاسا و ڕێنمایییەکاندا دەنووسرێـتەوە بۆ ئاماژەدان بەو هۆکارانەى کە پاڵنەر بوونە بۆ دەرکردنى یاسا، یان ڕێنماییى پەیوەندیدار.

بەڵام بە شێوەیەکى گشتى، ئامانجى سەرەکى لە دەرکردنى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە وڵاتاندا بریتییە لە پاراستنى شکۆى دادگه‌کان و پتەوکردنى متمانەیە بە دادگه‌کان و دادوەران، چونکە هەبوونى ئەم شکۆ و متمانەیە هۆکارى سەرەکیى هێنانەدیى سەقامگیریى سیاسى و کۆمەڵایەتییە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. هەر لەم سۆنگەیەوە، لە هەشت ماددەى جیاجیادا لە ڕێساى رەفتارى دادوەران تیشک خراوەتە سەر متمانەبوون بە دەزگه‌ى دادوەرى و خودى دادوەران و، لە بەرامبەردا لە شەش ماددەدا ئاماژە بە پاراستنى شکۆى دادگه‌کان کراوە.

بێ گومان پاراستنى ئەم شکۆیە و پتەوکردنى ئەم متمانەیە، لە ڕێگەى دیاریکردنى هەموو ئەو ڕەفتارانە دەبێت کە پیادەکردنیان دەبێتە هۆى نزمکردنەوەى شکۆى دادگه‌کان لە چاوى جەماوەر و کەمکردنەوەى متمانەى هاووڵاتیان بە دادوەران. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە دادوەر، وەک هەر کەسێکى ترى ئاسایى، مرۆڤە و خاوەنى ژیانى تایبەتى خۆیەتى؛ بۆیە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، ئەگەرچى کۆتوبەندى زۆرى تێدایە لەسەر ڕەفتار و گوفتارى دادوەران، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵى داوە کە جۆرێک لە هاوسەنگى لە نێوان ئەرکى دادوەر لە وەزیفەدا لەگەڵ ژیانى تایبەتى خۆی دروست بکات، چونکە ئامانج لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران دوورخستنەوەى دادوەران نییە لە کۆمەڵگە، بەڵکوو ئامانج لێى، ڕەفتارکردنە بەوریایی و خۆپاراستنى دادوەرە لە هەموو ڕەفتارێک کە گومان دەخاتە سەر سەربەخۆبوون و ڕاستگۆییى دادگه و دادوەران لەنێو کۆمەڵگەدا.

هەر بۆیە، ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، نابێت ڕێسایەکى نموونەیى بێت، چونکە لە کۆتاییدا ئەم ڕێسایە بۆ دادوەران نووسراوەتەوە کە ئەوانیش مرۆڤن و بەشێکن لەم کۆمەڵگەیە؛ بۆیە دەبێ ئەم ڕێسایە زۆر واقعییانە بێت و ڕێسایەکى تێدا نەبێت کە جێبەجێکردنى ئەستەم بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، پێویستە هەموو دادوەران پابەندى ئەو ڕێسایە بن بۆ ئەوەى ڕەفتار و گوفتارى دادوەران لەمەڕ بابەتەکاندا هاوشێوە یان بەلایەنى کەم نزیک یەکتر بن بۆ بەدیهێنانى ئامانجى ئاماژەپێکراو.  

تایبەتمەندییەکانى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان 

بە شێوەیەکى گشتى، ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان بە چەندان تایبەتمەندى دەناسرێتەوە کە ئەمانە گرینگترینیانن:

  1. ڕێساى لاستیکین (مرن) و چوارچێوەکردن و دیاریکردنى ماناکانیان کارێکى ئەستەمە؛ بۆیە ئەنجومەنى دادوەرى هەرچۆنێکى بووێت، ئاوا دەتوانێت لێکدانەوە بۆ ماناى وشە و ڕستەکانى نێو ڕێساکانى ڕەفتارى دادەوەران بکات و بەسەر دادوەراندا بیسەپێنێت.
  2. ڕێساى تێکەڵاون و لەنێو یەکتردا تێکهەڵکشاون و لە زۆر باردا جیاکردنەوەیان ئەستەمە؛ بۆ نموونە جیاکردنەوەى ڕێساکانى سەربەخۆبوون و ڕێساکانى بێلایەنى. ئەمە لە لایەک، لە لایەکى ترەوە کێشە لە ڕێزبەندى باسکردنى بابەتەکاندا هەیە و بە زنجیرەیەکى لۆژیکى بابەتەکان ڕێک نەخراون؛ بۆ نموونە لە چەندان شوێنى جیاوازدا باس لە چۆنێتیى مامەڵەکردنى دادوەران لەگەڵ پارێزەراندا دەکات، کەچى دەبوایە هەموو ئەو ماددانە لەژێر چەترى یەک فەسڵدا کۆ بکرابایەوە بە ناوى “چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزەران”.
  3. ئەم ڕێسایانە لەسەر شێوەى نموونە هاتوون، نەوەک بەقەتیسکراوى (الحصر)؛ بۆیە دەکرێت بە دەیان و سەدان حاڵەتى لەسەردا بپێورێت، بێ ئەوى بە لادان لەم ڕێسایانەدا هەژمار بکرێت.
  4. ئەم ڕێسایانە هیچى نوێى تێدا نییە، بەڵکوو دووبارەکردنەوەى ئەو ڕێسایانەیە کە لە تەواوى جیهاندا بەسەر دادوەراندا دەسەپێندرێت.
  5. ئەم ڕێسایانە بەسەر دوو بەشدا دابەش کراون: بەشێکیان پێویستە لەسەر دادوەر جێبەجێیان بکات و بەشەکەى تریش، پێویستە لەسەر دادوەر، خۆى لێیان بەدوور بگرێت. لە هەردوو بەشدا، ئەرک لەسەر شانى دادوەر هەیە و، پێویستە بەبەردەوامى جێبەجێی بکات.
  6. ئەم ڕێسایانە بە سزاى کارگێڕى لکێندراون، بۆیە سەرپێچیکردنى ئەم ڕێسایانە سزاى کارگێڕیى بەدواوە دێت ئەگەر هات و سەلمێنرا کە داوەر ڕەفتاری سەرپێچیکردنی ئەنجام داوە. بێ گومان سزا و ڕێکارەکانیش تایبەتمەندیى خۆیان هەیە کە ڕەچاوى پێگە و ڕێزى دادوەر لە کۆمەڵگەدا کراوە و، ئەمەیش لە ماددەکانى 65-69 لە ڕێساى ڕەفتارى دادەوەرانى هەرێمى کوردستان ڕەنگی داوەتەوە.
  7. لە کۆى 70 ماددەى ڕێساى ڕەفتارى دادوەراندا، ئەنجومەنى دادوەرى دەتوانێت لە ناوەڕۆکى 42 ماددەدا چاودێریى ڕەفتارى دادوەران بکات، بەتایبەتى ئەوانەى لەنێو حەرەمى دادگه‌کاندا پیادەى دەکەن؛ بەپێچەوانەوە لە ناوەڕۆکى 25 ماددەدا تەنیا دادوەران چاودێرن بەسەر خۆیاندا و، دەتوانن چەندان ڕەفتار ئەنجام بدەن بێ ئەوەى ئەنجومەنى دادوەرى لێی ئاگادار بێت. بۆیە گرینگیدان بە چاودێریى کارگێڕیى ئەنجومەنى دادوەرى بەسەر ڕەفتارى دادوەراندا، پێویستە هاوتەریب بێت لەگەڵ تیشکخستنە سەر چاودێریکردنى دادوەر بەسەر ڕەفتارەکانى خۆیدا، بێ ئەوەى هیچ کەس و لایەنێک ئاگادارى بکاتەوە.

کۆسپەکانى بەردەم پابەندبوونى دادوەران بە ناوەڕۆکى ڕێساى ڕەفتار 

کێشەى سەرەکیى دەزگه‌ى دادوەرى لە هەرێمى کوردستان، بریتییە لە دەستوەردان لە کاروبارى دادگه‌كان و بڕیارى دادوەران؛ ئەم دەستوەردانەیش بە چەندان شێوە خۆى دەنوێنێ وەک: دەستوەردانى حکوومەت، یان حزب، یان سەرۆکى دادگه، یان پارێزەر، یان خێزان، یان خزم، یان عەشیرەت، یان هاوڕێ، یان دراوسێ، یان… .

ڕێساى ڕەفتارى دادوەران هەوڵى داوە سەرنجى دادوەران بۆ ئەو مەترسییە ڕابکێشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕەنگە وەک پێویست نەبێت. لەم خاڵانەى خوارەوە تیشک دەخەمە سەر گرینگترین ئاڵنگارییەکانى بەردەم پابەندبوونى دادوەرانى هەرێمى کوردستان بە ڕێساى ڕەفتارى کارى دادوەریدا:

  1. پەیوەندیى دادوەر لەگەڵ دەسەڵاتى یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتى جێبەجێکردن (حکوومەت):

بەپێى ماددە 5 و، هەروەها بڕگە یەکەم لە ماددە 9 لە ڕێساى رەفتارى دادوەران، نابێت دادوەر هیچ پۆستێکى فەرمیى لە حکوومەت یان پەرلەماندا هەبێت و، هەروەها پێویستە دادوەر خۆى بەدوور بگرێت لە هەر پەیوەندییەکى نه‌گونجاو (غیر ملائم) لەگەڵ حکوومەت و پەرلەماندا؛ چ وەک فەرمانگە یاخود کەسەکانى نێو فەرمانگە وەک کاربەدەستانى حکوومەت، یان ئەندام پەرلەمانەکان و هتد.

لەم ڕێسایەدا ڕوون نییە کە ماناى دەستەواژەى “پەیوەندیى نه‌گونجاو” چییە؟ بۆیە هەمیشە لە بەردەم ئەو پرسیارەدا دەمێنینەوە: ئایا ئەم پەیوەندییە گونجاوە یاخود نه‌گونجاوە؟ بۆ نموونە: سەردانیکردنى دادوەر بۆ لاى کاربەدەستێکى باڵا لە حکوومەت یاخود پەرلەمان، یان وێنەگرتنی دادوەر لەگەڵ کاربەدەستێکى حکوومەت یان پەرلەمان لە سۆشیال میدیا و بڵاوکردنەوەى، یان میوانداریکردنى ئەم کاربەدەستانە لە ماڵى دادوەر یان لە چێشتخانەیەک یان… .

ئەم حاڵەتانە و چەندان حاڵەتى ترى هاوشێوە هەمیشە جێگەى پرسیار دەبن، چونکە کێشەى سەرەکیى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران ئەوەیە، زۆر گشتگیر نووسراوەتەوە و وشەکانى لاستیکین و چەندان مانا لەخۆ دەگرن و نموونەى تێدا نییە بۆ ئەوەى دادوەر بتوانێت لە ڕێگەى ئەم نموونانەوه‌ زیاتر لە ماناى وشەکان بگات و حاڵەتى ترى هاوشێوە یان نزیک لەو، لەسەریدا بپێوێت.

  1. پەیوەندیى دادوەر لەگەڵ هاوپیشەکانى و سەرۆکەکەى:

بەپێى هەردوو ماددەى 6 و 7 لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، لەسەر دادوەر پێویستە دەست لە کاروبارى دادوەرە هاوپیشەکانى وەرنەدات و، نابێت ڕێـگەیش بە دادوەرە هاوپیشەکانى بدات کە دەست لە کاروبارەکانى وەربدەن و، هەروەها نابێت ڕێگە بە سەرۆکەکەیشى بدات کە دەست لە کاروبارى وەربدات.

جێبەجێکردنى ئەم ئەرکە لە ژینگەیەک کە تەکلیفكردن (داواكاری) لە یەکترى بووبێتە دیاردە، کارێکى ئاسان نییە؛ ئەمە جگە لەوەى کە لە کۆمەڵگەى کوردستانى پەیوەندییەکان لەسەر بنەماى ڕاددەى جێبەجێکردنى تەکلیفەکان دەپیورێـت.

بۆیە دەپرسم و وەڵامەکەیش بۆ ئەنجومەنى دادوەرى جێ دەهێڵم: چۆن دەتوانى ئەو تەکلیفكردنه‌ له‌ یەکتر، سنـووردار بکەى؟ کامە تەکلیفکردن لاى ئێوە هێڵى سوورە: ئەوەى ڕەش دەکاتە سپى، یان ئەوەى لە سنوورى دەسەڵاتى دادوەرە جێبەجێ بکات بێ ئەوەى بە سەرپێچیى یاسا هەژمار بکرێت؟

گومانم هەیە کە ئەنجومەنى دادوەرى بتوانێت سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت؛ کەواتە تۆپەکە لە یاریگەى خودى دادوەرە؛ ئایا دەتوانێت بەتەنیا ئەو کارە بکات؟ ئایا دادوەر ئامادەیە هیچ تەکلیفێک نەکات و هیچ تەکلیفێکیش قبووڵ نەکات لە کۆمەڵگەیەک کە تەکلیفکردن تیایدا ڕەگى داکوتایە؟!

  1. پەیوەندیى دادوەر لەگەڵ خزم و دۆست و کەسە نزیکەکانى:

بەپێى بڕگەى پێنجەم لە ماددە 1 لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان، مەبەست لە خانەوادەى دادوەر خزمەکانییەتى تاوەکوو پلە چوار و، هەروەها هاوسەر و خزمەکانى هاوسەرەکەیەتى تاوەکوو پلە چوار.

لەم ڕێسایەدا چەندان ماددە تەرخان کراوە بۆ ڕێکخستنى پەیوەندیى دادوەر لەگەڵ خزم و دۆست و کەسوکارەکانى، وەک ماددەکانى 8 و 9 و 12 و 14 و 19 و 29؛ چونکە هەموو ئەو کەسانە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەست لە كاروباری دادگه‌كان وەردەدەن. ڕەنگە ئەمەیش هۆكاری سەرەكی بێت بۆ ئەوەی دادوەرەكان لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا لاواز بن بۆ ئەوەی ڕەفتارەكانیان لێكدانەوەی خراپی بۆ نەكرێت.

بە بۆچوونی ئێمە، پێویستە دادوەرەكان زیاتر ڕوو بچنە نێو كۆمەڵگەی كوردستانی و تێكەڵاوی ئێش و ئازارەكان ببن بۆ ئەوەی لە كێشە و گرفتەكان بگەن و، لە لێكدانەوەی ڕەفتارەكانیان نەترسن. بەڵام جێبەجێکردنى ئەم بۆچوونەى ئێمە، پێویستە هاوتەریب بێت لەگەڵ چەسپاندنى دوو بیرۆکەى سەرەکى: یەکەمیان، نابێت دادوەر ڕێگە بە خزم و کەسە نزیکەکانى بدات کە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانى هەبێت و، دووەمیان، بڵاوکردنەوەى که‌لتوورى ئەوەى کە جێبەجێنەکردنى تەکلیفە کۆمەڵایەتییەکان یان ڕێگەگرتن لە دەستوەردان لە کاروبارى دادوەر، ماناى بێڕێزیى کۆمەڵایەتى ناگەیه‌نێت. ئەگەر ئەم دوو بیرۆکەیە لە کۆمەڵگە نەچەسپێندرێت، ئەوا بۆ هەتاهەتایە دادوەر لە نێوان ئاگر و گلەیى و گازاندەى کۆمەڵایەتى و ئاگر و گلەیى و گازاندەى ئەنجومەنى دادوەریدا دەمێنێتەوە.

  1. پەیوەندیى دادوەر لەگەڵ حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا:

لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان چەندان ماددە تەرخان کراوە بۆ ڕێکخستنى پەیوەندیى نێوان دادوەر و حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، وەک ماددەکانى 9 و 19 و 14 و 29. هەموو ئەو ماددانە ڕێگە لە دادوەر دەگرن کە ببێتە ئەندام لە حزبێک یان ڕێکخراوێکى سیاسى یان لە چوارچێوەى حزب یان ڕێکخراوێکى سیاسیدا کار بکات، یاخود ئەمانە کاریگەرییان هەبێت لەسەر کەسایەتیی دادوەر لە کاتى بڕیارداندا.

ئەم ماددانەى سەرەوە ڕەنگدانەوەى ناوەڕۆکى ماددە 52ى یاساى دەسەڵاتى دادوەرییە لە هەرێمى کوردستان، ژمارە 23ى ساڵى 2007 کە جەخت لە سەربەخۆبوونى دادوەر دەکاتەوە لە ڕووى سیاسییەوە.

با ئێمە هەندێک واقعی بین، بۆیە دەپرسم: ئایا به‌ڕاستی دادوەرەکانمان حزبى نین؟ چونکە لە پڕۆسەی دامەزراندنی دادوەرەكاندا ئەگەر پێوەرە سیاسی و حزبییەكان جێگەی پێوەرە زانستییەكان بگرێتەوە، ئەوا بە تێپەڕبوونی كات دەزگه‌ی دادوەری پڕ دەبێت لە دادوەری كەمئەزموون و بێتوانا، بۆیە دیسان دەپرسم: کواڵێتیى کارى دادوەرەکانمان لە چ ئاستێکدایە؟

هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین كە سەرەڕای هەبوونی چەندان دەقى یاسایی کە ڕێگە لە بەحزبیبوونى دادوەر دەگرێت، كەچی هەندێ جار دادوەر دەبینرێت لە بۆنە و چالاكی و كۆبوونەوەی سیاسی و حزبیدا بەشدار دەبێت. ئەنجومەنی دادوەری تاوەكوو ئێستا نەیتوانیوە بەیەكجارەكی ئەم دیاردەیە بنبڕ بكات؛ بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە بۆ نەهێشتنی هەموو سیمایەكی حزبییانە بە ڕوخسار و ڕەفتاری دادوەرەكاندا، لە هەوڵەكانی بوەستێت. دادوەر وەك هەر هاووڵاتییەك مەیلی حزبیی هەیە، بەڵام ئەوەی  گرنگە، ئەم حزبیبوونەی نەبێتە هۆی لادان لە حوكمی یاسا و فەوتانی مافی خەڵك.

بە بۆچوونى ئێمە کێشە لەوە نییە کە دادوەر حزبى بێت یاخود نا، بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە؛ ئایا حزب تا چەند کاریگەریى هەیە لەسەر بڕیارەکانى دادوەر؟ ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكه‌وە حزبە سیاسییەكان، چ وەك حزب یان كادیرەكانیان، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستوەردان لە کێشە و دەعواکاندا دەکەن بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەیان لە قازانجی لایەنێکی کێشەکە؛ کە ئەمەیش سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە. بۆیە دەسەڵاتی دادوەری، نابێت چاوەڕێی ئەوە بێت ئەم دەستوەردانە بوەستێنرێت، بەڵكوو دەبێت دادوەرەكان خۆیان كاری جددی بكەن بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم دەستوەردانە دابنێن كە بە تێپەڕبوونی كات ڕەنگە بنبڕ ببێت.

  1. پەیوەندیى دادوەر لەگەڵ پارێزەرەکان:

پارێزەر بە دادگه‌ى ڕاوەستاو (القضاء الواقف) و بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى پڕۆسەى دادوەرى هەژمار دەکرێت کە یارمەتیدەرى دادوەرە بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان و دەرکردنى بڕیارى دروست بۆ گێڕانەوەى مافەکان.

ئەم بابەتە تەنیا ئەو دیوە جوانەى نییە، بەڵکوو دیوێکى ترى ناشرینى هەیە کە لە شکۆى دادوەر و پارێزەرەکانیشدا ناوەشێتەوە، ئەویش دەستوەردانى پارێزەرانە لە کاروبارى دادگه‌کاندا. هەر بۆیە لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە ماددەکانى 18 و 20 و 34 و 43 و 59 پەیوەندیى نێوان دادوەر و پارێزەر ڕێک خراوە، بەڵام دیسان بە شێوەیەکى ناڕوون.

بەپێى ئەم ڕێسایە، نابێت دادوەر لە دەرەوەى دادگه چاوى بە لایەنەکانى دەعوا یان پارێزەرەکانیان بکەوێت، یاخود لە ماڵەوە میواندارییان بکات و، هەروەها نابێت دادوەر پەیوەندییەکانى لەگەڵ پارێزەراندا قووڵ یان توندوتۆڵ بکات و، ئەمە جگە لەوەى نابێت بێڕێزیان لە بەرامبەردا بکات و پێویستە گوێیان لێ بگرێت و بەیەکسانى سەیرى هەموویان بکات.

بە بۆچوونى ئێمە جێبەجێکردنى بڕگەى پەیوەست بە توندوتۆڵبوونى پەیوەندیى نێوان دادوەر و پارێزەر هەروا ئاسان نییە، چونکە ڕۆژانە دەبینین دادوەر و پارێزەر پێکەوە سەفەر دەکەن و پێکەوە نان دەخۆن و پێکەوە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن و هەندێ جار دەگاتە ڕاددەى دروستکردنى خزمایەتى وەک: ژنهێنانى دادوەر لە کەسێکى نزیکى پارێزەر، یان دادوەرێک و پارێزەرێک دەچنە نێو پڕۆسەى هاوسەرگیرى و هتد.

هەر بۆیە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى دادوەرى بە شێوەیەکى ڕوون و بەدیاریکراوى مەبەست لە دەستەواژەى “پەیوەندیى توندوتۆڵ و قووڵ” ڕوون بکاتەوە بۆ ئەوەى لە ئێستاوە دادوەر بزانێت کەچى ڕێگەپێدراوە و چى قەدەغەکراوە؛ لەبەر ئەوەى ناکرێت ئەم بابەتە بۆ مەزەندە و لێکدانەوەى خودى دادوەر جێ بهێڵدرێت، چونکە ئەوکات ڕەفتارەکان جیاواز دەبن لە دادوەرێک بۆ دادوەرێکى ترەوە و حیکمەت لە دەرکردنى ڕێساى ڕەفتارى دادوەراندا نامێنێت.

  1. پەیوەندیى دادوەر لەگەڵ لایەنەکانى دەعوا (لایەنەکانی داوا):

ڕێساى ڕەفتارى دادوەران لە هەرێمى کوردستان زۆرترین ماددەى یاساییى بۆ ڕێکخستنى ئەم پەیوەندییە ڕێک خستووە، وەک ماددەکانى 8 و 11 و 13 و 14 و 15 و 16 و 17 و 18 و 22 و 23 و 32 و 34 و 43 و 44 و 58 و 59. هەموو ئەو ماددانە جەخت لە پێویستیى بێلایەنبوونى دادوەر دەکەنەوە لە کاتى دادبینیدا و، نابێت لەبەر هەر هۆکارێکى نایاسایى پشتگیریى لایەنێک لەسەر حسابى لایەنێکى تر بکات.

ئاڵنگاریى گەورە لێرەدا ئەوەیە: چۆن ڕێگرى لە شکاندنى پڕه‌نسیپى بێلایەنبوونى دادوەران دەکرێت؟ چونکە لە کۆمەڵگەى کوردستانى ئەگەرى ئەوە هەیە، لەبەر هەر هۆکارێک بێت، لایەنێکى دەعوا ((لایەنێکی داوا) کاریگەریى هەبێت لەسەر گۆڕینى ئاراستەى دادبینی و ئەو بڕیارەى کە لێى دەردەچێت بەهۆى دەستوەردانەوە. بۆیە، پێویستە ڕاهێنان بە دادوەران بکرێت بۆ چۆنێتیى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم جۆرە حاڵەتانە، چونکە لە کۆتاییدا ئەم بابەتە، ویژدان و ڕەفتارى خودى دادوەر یەکلاییی دەکاتەوە.

  1. ئاماژەدان بە سیفەتى دادوەرى:

بەپێى ماددە 10 لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، قەدەغەیه‌ دادوەر سیفەتى دادوەریى خۆى ئاشکرا بکات لە دەرەوەى چوارچێوەى کارى دادوەرى، بەبێ ئەوەى هۆکارێکى پێویست هەبووبێت و، هەروەها قەدەغەیە لەسەر دادوەر کە ئاماژە بە دەسەڵاتى خۆى وەک دادوەر بکات یاخود لە کاتى مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانى تـردا هەژموونى خۆى بەکار بهێنێت.

هەموومان ئەوە دەزانین، کەم تا زۆر، هەندێک لە دادوەران ئەم کارە ئەنجام دەدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا ناوەڕۆکى ئەم قەدەغەکردنەى کە پێویستە دادوەر پێوەى پابەند بێت، ڕوون نییە. بۆیە دەپرسم و وەڵامەکەیش بۆ ئەنجومەنى دادوەرى جێ دەهێڵم: ئایا قەدەغەیە دادوەر ناسنامەى دادوەریى خۆى لە خاڵەکانى پشکنین نیشان بدات؟ ئایا قەدەغەیە دادوەر ناسنامەى دادوەرى نیشان بدات بۆ ئەوەى جیاوکێکى کۆمەڵایەتى وەربگرێت، لە بارێکدا ئەگەر وەک کەسێکى ئاسایى مامەڵەى لەگەڵ بکرێت ئەوا شکۆى وەک دادوەر لە چاوى دەوروبەریدا کەم دەبێتەوە؟ ئایا ئاسایییە دادوەر ئاماژە بە دەسەڵاتەکانى خۆى بکات بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشە کۆمەڵایەتییە کەسییەکانى خۆى؟ ئایا ئاسایییە دادوەر ناسنامەى دادوەرى نیشان بدات بۆ ئەوەى لە سڕەدا نەوەستێت؟

  1. بەشداریکردن لە بۆنە فەرمى و نافەرمییەکان و سەردانیکردنى شوێنەکان:

بەپێى هەردوو ماددەى 21 و 36 لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، لەسەر دادوەر پێویستە بەشدارى لە بۆنەیەکى فەرمى و نافەرمى نەکات و سەردانى شوێنێک نەکات کە لە شکۆى کارى وەک دادوەر کەم دەکاتەوە، یاخود گومان لە سەربەخۆبوونى یاخود بێلایەنبوونى دروست دەکات.

لەم حاڵەتەیشدا تۆپەکە دیسان لە یاریگه‌ى خودى دادوەرە، کە خۆى لێکدانەوە بۆ ناوەڕۆکى ئەم دوو ماددەیە بکات کە ئەمەیش خۆى لە خۆیدا بە خاڵى لاوازى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران هەژمار دەکرێت، چونکە لە جیاتى ئەوەى ڕەفتارەکان یەک بخرێن، ئەوا هەمەجۆرى لە ڕەفتاردا بەدى دەکرێت؛ بۆ نموونە، کامیان لە شکۆى دادوەر کەم دەکاتەوە: دانیشتن لە چایخانە یاخود دانیشتن لە کافتریا مۆدێرنەکان بۆ ئەوەى چایەک بخواتەوە؟ کامیان لە شکۆى دادوەر کەم دەکاتەوە: ڕاکردن لەسەر شەقام بە مەبەستى وەرزشکردن، یاخود ڕاکردن لە پارکدا؟ کامیان لە شکۆى دادوەر کەم دەکاتەوە: نانخواردن لەسەر شەقام یان نانخواردن لە چێشتخانەیەکى میللى یان نانخواردن لە چێشتخانەیەکى گرانبەها؟ کامیان لە شکۆى دادوەر کەم دەکاتەوە: بەشداریکردن لە بۆنەیەکى نیشتمانى یان بەشداریکردن لە بۆنەیەکى ئایینى یان بەشداریکردن وەک کەسایەتییەک لە مەراسیمێکى حزبی؟ ئەمانە هەمووى پرسیارن؛ پێویستە ئەنجومەنى دادوەرى وەڵامى ڕوونى هەبێت بۆیان بۆ ئەوەى هەمەچەشنى لە ڕەفتارکردنى دادوەراندا لەمەڕ بابەتێکى دیاریکراو، دروست نەبێت.

  1. دادوەر و چۆنێتیى پیادەکردنى ماف و ئازادییەکانى:

ماددەکانى 51-57 تەرخان کراوە بۆ ڕێکخستنى ماف و ئازادییەکانى دادوەر و چۆنێتیى پیادەکردنیان. لەم بارەیەوە دادوەر بۆى هەیە مافى ئازادیى ڕادەربرین و بیروباوەڕ پیادە بکات بە مەرجێک لە شکۆى دادگه نەدات و لە پێگەى خۆى وەک دادوەر کەم نەکاتەوە و کاریگەریى نێگەتیڤى لەسەر سەربەخۆبوون و بێلایەنبوونى خۆى نەبێت. دیسان دەپرسم: کامانەن ئەو ڕا و دەربڕینانەى کە لە شکۆى دادگه و دادوەر کەم دەکاتەوە؟ ئایا دادوەر دەتوانێت مان بگرێت؟ ئایا دەتوانێت وەک هاووڵاتییەک بەشداریى خۆنیشاندان بکات؟ ئایا دەتوانێت ڕەخنە لە ئەداى حکوومەت بگرێت؟ ئایا دەتوانێت سەرنج و تێبینیى هەبێت لەسەر یاساکانى پەرلەمان و ڕەخنە بگرێت؟

سەرەڕاى ئەمانەیش، بەپێى ماددە 55 لە هەمان ڕێسادا، دادوەر بۆى نییە ئاراستەى بیرکردنەوەى سیاسى یان کۆمەڵایەتى یان ئایینى یان بیروباوەڕى خۆى بڵاو بکاتەوە؛ ئەوه‌ى کە گومان دەخاتە سەر دەستپاکی یان بێلایەنیى دادوەر، یان متمانە بە دادگه کەم دەکاتەوە. دیسان ڕوون نییە کامە ئاراستە قەدەغەکراوە؟

  1. مامەڵەکردن لەگەڵ سۆشیال میدیا:

بەپێى ماددە 56 لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، بەکارهێنانى سۆشیال میدیا لەلایەن دادوەرانەوە کارێکى قەدەغەکراو نییە، بەڵام لەسەر دادوەر پێویستە خۆى بەدوور بگرێت لە بڵاوکردنەوەى وێنەیەک یان ڤیدیۆیه‌ک کە لە شکۆى دادوەر کەم بکاتەوە.

زۆر ڕوون نییە ئەنجومەنى دادوەرى چیى لە دادوەران دەوێت لە سۆشیال میدیادا، چونکە لە سۆشیال میدیادا هەر وێنە و ڤیدیۆ بڵاو ناکرێنەوە، بەڵکوو لایک و کۆمێنت و پۆست و شێرکردن و…ی تێدایە؛ ئەى لە ئەمانەدا دادوەر چى بکات؟

دەپرسین: کامانەن ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کە لە شکۆى دادوەر کەم دەکاتەوە؟ وێنە و ڤیدیۆى کەسى؟ یان پێکەنیناوى؟ یان تەنزئامێز یان گۆرانى یان دراما یان…؟ کەسێک لە فه‌یسبووک ڕەخنە لە دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى دەگرێت و دادوەرێک لایکى بۆ کرد، ئایا ئەم ڕەفتارە قەدەغەکراوە؟ دادوەرێک شیعرێکى لە ئینستاگرام بڵاو کردەوە و وەسفى لەشى ئافرەتى تێدایە یاخود باس لە خۆشەویستى دەکات، ئایا ئەم کارە لە شکۆى دادوەر کەم دەکاتەوە؟ دادوەرێک ڤیدیۆى خۆى و منداڵەکانى لەناو بەفردا کە شەڕەبەفر دەکەن لە فه‌یسبووک بڵاو کردەوە، ئایا ئەم ڤیدیۆیە لە شکۆى دادوەر کەم دەکاتەوە؟ ئەمانە هەمووى پرسیارى بێوەڵامن.

  1. دادوەر و بازرگانیکردن:

بەپێى بڕگە یەکەم لە ماددە 9 لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، دادوەر بۆى نییە کارى بازرگانى بکات؛ ئەمەیش ماناى ئەوەیە، دەبێت تەنیا پشت بە مووچەى خۆى ببەستێت. ئەگەر ئەم ڕێسایە ڕاست بێت، کەواتە پێویستە بژێوی دادوەر فەراهەم بكرێت؛ بە شێوەیەك كە دادوەر لە دەرەوەی مووچەكەی خۆی، پێویستیی بە پارەی تر نەبێت. ئەم هەڵوێستەیش بۆ ئەوەیە تاوەكوو دادوەر بتوانێت سەربەخۆییی خۆی بپارێزێت.

ئەگەرچی دادوەرە كۆنەكان بە حوكمی زۆریی خزمەتەكه‌یان، تا ڕاددەیەك توانای دارایی و مووچەی مانگانەیان زۆر باشە، بەڵام ئەو دادوەرانەی كە لە ئێستادا بەنوێیەتی دادەمەزرێن، باری دارایییان باش نییە و مووچەیان وەك پێویست نییە. دادوەرە نوێیەكان لە بەرامبەر هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەدان كە چۆن بتوانن بەو پارە كەمە سەربەخۆییی خۆیان بپارێزن. پێویستە مووچەی دادوەر بگاتە ئەو ئاستەی كە شكۆی دادوەر بپارێزێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەى سەرەوەیشدا، هێشتا ڕوون نییە ئایا دەکرێت دادوەر وەبەرهێنان بە سەرمایەى خۆى بکات، بەڵام لەژێر ناوى کەسێکى تر؟ ئایا دەکرێت دادوەر پشک لە کۆمپانیاى سنووردار (الشرکة المحدودة) یان پڕۆژەیەکى بازرگانى بکڕێت؟ ئایا دەکرێت دادوەر ببێتە ئەندام لە ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیایەکى پشکدار (الشرکة المساهمة)؟ ئایا دادوەر دەتوانێت وەک ناوبژیوان (محکم) کار بکات؟ دیسان دەیڵێمەوە؛ ئەو پرسیارانە هەمووى بێوەڵامن، چونکە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران ئەوەندە ماددەى تێدا نییە کە بتوانێت وەڵامى ئەم پرسیارانە بداتەوە.

  1. ڕێکخستنى پەیوەندیى نێوان دادوەر و داواکارى گشتى:

یەکێک لە کەموکوڕییە زەقەکانى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران ئەوەیە کە باسی لە چۆنێتیى مامەڵەکردنى دادوەر لەگەڵ داواکارى گشتى نەکردووە؛ بە واتایەکى تر لەم ڕێسایەدا پەیوەندیى نێوان دادوەر و داواکارى گشتى ڕێک نەخراوە و باسى لێوە نەکراوە. ئەم هەڵوێستەیش جێگەى ڕەخنەیە، چونکە داواکارى گشتى لە تەنیشت دادوەر دادەنیشێت و کارى پێکەوەیییان هەیە؛ بۆیە ناکرێت پەیوەندییەکەیان ڕێک نەخرێت و یەک نەخرێت و بۆ لێکدانەوە و مەزەندەی دادوەر جێ بهێڵدرێت.

  1. بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیى دادوەران:

لەم ڕێسایەدا، بەتایبەت لە ماددەکانى 39 و 40 و 41، بە دادوەران ڕاگەیەندراوە کە پێویستە ڕاددە و ئاستى زانینى خۆیان لەمەڕ ناوەڕۆکى یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایییە بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان بەرز بکەنەوە و ئاگادارى نوێـترین زانیارى بن لەمەڕ ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و، هەروەها لێهاتوویى و کارامەییى خۆیان لە زانستى یاسادا فراوان و زیاد بکەن.

ئەم ئەرکە لە کاتێکدایە ڕەنگە وەک پێویست ئەنجومەنى دادوەرى- بە بیانووى کەمیى ژمارەى دادوەران- ڕێگە بە دادوەران نەدات کە خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) تەواو بکەن، یاخود لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە؛ کە بەم دوو ڕێگه‌یەیش ئاستى مەعریفى و زانستیى دادوەران زیاتر و فراوانتر دەبێت!

  1. ڕێـزگـرتـن له‌ جیاوازییەکان:

بەپێى ماددە 33 لە ڕێساى ڕەفتارى دادوەران، لەسەر دادوەران پێویستە ڕێزى هەمەچەشنى و جیاوازییەکانى نێو کۆمەڵگە بگرن؛ سەرچاوەکەى هەر چییەک بێت: چ بنەچە بێت، یان ڕەنگ یان، ڕەگەز، یان ئایین، یان نەتەوە، یان پلەبەندیى کۆمەڵایەتى، یان لە پەلوپۆکەوتن، یان تەمەن، یان بارى خێزاندارى، یان مەیلى سێکسى، یان بارى کۆمەڵایەتى، یان بارى ئابوورى و هتد.

ئەوەى لێرەدا لاى ئێمە جێگەى سەرنجە، پابەندکردنى دادوەرانە بە ڕێزگرتنى جیاوازى، هەتا ئەگەر سەرچاوەکەى مەیلى سێکسى بێت. مەیلى سێکسى واتا چوونە نێو بابەتى جێندەرناسى. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم جۆرە مەیلە سێکسییە و بابەتى جێندەرناسى بەپێى لێکدانەوەى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان ڕێگەپێنەدراوە، وەک: بڕگە یەکەم لە ماددە 2، و بڕگە دووەم لە ماددە 13، و ماددە 14، و بڕگە یەکەم أ لە ماددە 29 لە دەستووری کۆماری عێراق و، ماددەکانی 210 و 393 و 394 و 400 و 401 و 402 و 403 و 404 لە یاسای سزادانی عێراقی و، هەروەها تەواوى ماددەکانی یاسای “مكافحة البغاء” کە لە ساڵى 1988 دەرکراوە؛ ئەمە جگە لە بڕگە 1 لە ماددە 3 لە یاساى باری کەسیی عێراقی دوای هەموارکردنی لە هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە دەپرسم: ئەم دەستەواژەیە چۆن تێ پەڕى و چۆن کەوتە نێو ڕێساى ڕەفتارى دادوەران؟ ئایا بەهەڵە هاتووە؟ یان نییەتێکى ترى لە پشتەوەیە؟

کۆبەند

لەبەر ئەوەى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران وشە و دەستەواژەى ناڕوون و نادیاریکراوى زۆرى تێدایە و، لەبەر ئەوەى ئەم ڕێسایە میکانیزمى جێبەجێکردنى تێدا نییە و، هەروەها لەبەر ئەوەى ئەم ڕێسایە نموونەى تێدا نییە بۆ زیاتر تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەى ئەرکەکان، بۆیە گومانمان هەیە لەوەى بتواندرێت لە ڕێگەى ئەم ڕێسایەوە ڕەفتارى دادوەران ڕێک بخرێت و یەک بخرێت بەو شێوەى کە ئەنجومەنى دادوەرى دەیەوێت. ئەمە جگە لەوەى هەبوونى ڕێساى ڕەفتارى دادوەران بەتەنیا بەس نییە بۆ باشترکردنى ڕەفتارى دادوەران، بەڵکوو پێویستە پێوەرەکانى وەرگیران لە پەیمانگەى دادوەرى بۆ بوون بە دادوەر، پێوەرى زانستى بن و لەسەر بنەماى لێهاتوویى و شیاوى بێت و، دوور بێت لە هەموو پێوەرێکى نازانستى، وەک پێوەرى سیاسى و پێوەرى حزبیبوون و پێوەرى ئینتیما بۆ عەشیرەت؛ ئەوە ئەگەر بەڕاستى ویستى ئەوەمان هەبێت کە دەسەڵاتێکى دادوەریى سەربەخۆ و بێلایەنمان لە هەرێـمى کوردستان هەبێت.  

image_pdfimage_print