پێنووس

لێكەوتەكانی لادانی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق

یاسین تەها، خوێندکاری دکتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها شارەزا لە کاروباری عێراق

بڕیاری لادانی محەممەد حەلبووسی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە تۆمەتی ساخته‌كردن (تەزویركردن)ی بەڵگەنامە لەلایەن دادگه‌ی باڵای فیدراڵییەوە لە عێراق، وەك بوومەلەرزەیەكی سیاسی تەماشا دەكرێت لە كاتێكی هەستیاردا. ئەم هەنگاوە شوێنەواری لەسەر نەخشەی هێز دەبێت لە شەقامی سوننەی عێراق، هەروەها لەسەر فۆرمی پەیوەندیی نوێنەرانی ئەم پێكهاتەیە لەگەڵ چوارچێوەی شیعیی حوكمڕان. دادگه‌گە جەخت لەوە دەكاتەوە كە پشتئەستوور بە دەستوور و یاسا بەركارەكان كار دەكات و، دوورە لە باكگراوندی سیاسی[1]، بەڵام محەممەد حەلبووسی پێداگرە كە بڕیارەكە “نامۆ”یە و، پێچەوانەی دەستوور و پێشینەی كاری دادگه‌كەیە، چونكە لادان یان هێشتنەوەی پەرلەمانتار تەنیا بەدەنگدانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانە نەك بە بڕیارێكی دادوەریی بنجبڕ[2]. جگە لەوەیش ناوبراو هاتە سەر هەمان ئەو بۆچوونەی پێی وایە دادگه‌كە سنووری خۆی بەزاندووە و حیساب بۆ بڕگە و ماددە دەستوورییەكان ناكات و بە تێگەیشتنی خۆی بڕیار دەردەكات.

هەندێك لە لایەنە شیعەكان، لەوانەیش لیستەكەی مالیكی، بەرگری لە بڕیارەكەی دادگه دەكەن و جەخت دەكەنەوە چاری تر لە بەردەم حەلبووسیدا نییە، جگە لە پابەندبوون[3]. بەڵام هەندێك سەرچاوەی تری ئاگادار، باس لەوە دەكەن دادگه‌كە فەرمانی وەرگرتووە بۆ تەقاندنەوەی ئەو بۆمبە سیاسییە[4]، لە كاتێكی هەستیاردا كە مانگێك بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە و حزبەكەی حەلبووسی (التقدم) بەغدا و پارێزگاكانی تری پڕ كردووە لە پۆستەر و وێنەی كاندیدان؛ هەروەها بەگەرمی كار بۆ پاراستنی ئەو یەكەمییە دەكات كە لە هەڵبژاردنی گشتیی 2021 لەناو هاوتا سوننەكانی بەدەستی هێنا (37 كورسی) لە كۆی دەوروبەری 70 كورسیی تەرخانكراو بۆ بازنەی شار و ناوچە بەزۆرینە سوننەكان.

بەپێی هەندێك لەو ئاماژە و بەڵگانەی بەردەستن، حەلبووسی كە پێشتر پارێزگار و پەرلەمانتار بووە، بە پشتیوانی و ڕەزامەندیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران پۆستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی لە خولی چوارەمدا وەرگرتووە (2018)[5]، بەڵام لە پێنج ساڵەی ڕابردوودا ناوبراو بە شێوەیەكی بەرچاو پێگەی هەڵكشا؛ لەم ماوەیەدا حزبە سیاسییەكەی چالاك كرد کە دەسکەوتە شەخسییەکانی حەلبووسی لە هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی ئەنبار، ئاساییکردنەوەی ژیان لە ڕۆژاوای عێراق و ئاشتەوایی لەگەڵ بەغدا، تەوەری سەرەکیی دروشم و بانگەشەکانی ئەم حیزبەیە، لە پشتپەردە و بە نااڕستەوخۆیش ئاماژە بۆ بە هەرێمکردنی پارێزگاکە دەکات. حیزبی “التقدم” زیاتر لە تەوژمیش دەچێت و جیا لە ئەندام، جەماوەرێكی زۆریشی لە ڕۆژاوای عێراق و پارێزگا سوننەكانی تر كۆ كردووەتەوە، لە كاتێكدا هیچ لە سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كانی تری پێشووی سوننە (مەشهەدانی، سامەڕایی، نوجێفی، جبووری) نەیانتوانیوە ئەوە بكەن و لە سنووری پارێزگاكانی خۆیان دەربچن یان ببنە سەرۆكێكی جەماوەری لەناو پێكهاتەكەی خۆیان.

لە پاش كۆتاییهاتنی چیرۆكی هاوپەیمانیی سێقۆڵی (ڕەوتی سەدر، ته‌قه‌دووم، پارتی) بە كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان (15ی حوزەیرانی 2022)، باوەڕێكی زاڵ هەبوو كە حەلبووسی بەر تۆڵەی چوارچێوەی شیعی بكەوێت؛ بەو پێیەی لاوازترین ئەڵقەی هاوپەیمانییەكە بوو لە ڕووی ئەوەی پارێزگاكەی چواردەور گیراوە بە گرووپی چەكداری شیعە؛ هەرێم و زۆنێكی دەستووریی نییە خۆی پێ بپارێزێت؛ هێزی چەكداریشی نییە. لەمەیش گرنگتر، لەناو سوننەكان ڕكابەری زۆرە و جێگرەوەی زۆریشی هەیە كە چاویان لە پۆستەكەیەتی؛ هەندێك لەوانەیش توانای یاریكردنی سیاسییان هەیە لە نموونەی ڕافیع عیساوی و موسەننا سامەڕایی، بەڵام پێویستیی چوارچێوەی شیعە بۆ سەرپێخستنی حكوومەتی سوودانی، ناچاری كردن بە هێشتنەوەی حەلبووسی لە پۆستەكەی. نەك هەر ئەوە، لە كۆتاییی ئەیلوولی 2022 شیعەكان دەنگیان دا دژی ئەو دەستلەكاركێشانەوەی حەلبووسی بۆ نوێكردنەوەی متمانە لەسەر پۆستەكەی لە پەرلەمان پێشكەشی كردبوو (222 دەنگ)[6]، لە كاتێكدا لە سەرەتای 2022 ناوبراو، كە كاندیدی هاوپەیمانیی سێقۆڵی بوو، بە 200 دەنگ هەڵبژێردرایەوە بۆ سەرۆكایەتیی خولی پێنجەمی پەرلەمان[7].

لەم خولەدا حەلبووسی وەك هاوپەیمانی وڵاتانی كەنداو و پاشان دۆستی توركیا ئاماژەی بۆ دەكرا؛ جگە لە سەردانی قەتەر و ئیمارات و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی كۆمكاری وڵاتانی كەنداو، لەگەڵ “ئەردۆغان”ی سەرۆككۆماری توركیاش هەندێك دەركەوتنی ئاشكرای هەیە. لە ماوەی ڕابردوویشدا دروشمێكی مشتومڕهه‌ڵگری بەرز كردەوە كە دڵێت “نحن أمة”[8]، وەك ئاماژەیەك كە ئەوان تەنیا كۆمەڵێك كارەكتەر و حزبێكی سیاسی نین، بەڵكە نوێنەرایەتیی خەون و خولیا و چاوەڕوانییەكانی ئوممەتێك دەكەن؛ وەك ئاماژەیەك بۆ پێكهاتەی عەرەبی سوننە و قووڵایییە عەره‌بی و مەزهەبییەكەی. ئەمەیش بڕێك بۆ چوارچێوەی شیعە بێزاركەرە كە لە ئەزموونی پاش 2005 بەدواوە هەوڵی ڕامكردن و كۆنترۆڵكردنی سەرجەم ئەو سیاسەتوان و بەرپرسە سوننانەیان داوە كە پۆستە جومگەیی و هەستیارەكانی پشكی ئەم پێكهاتەیان لە دەوڵەتدا وەرگرتووە.

بەم دوایییانە تۆمەتی ئەوەیش خراوەتە ئەستۆی حەلبووسی، كە نزیكە لە بەرەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل (التطبیع)[9] و، بەوەیش تۆمەتبار كراوە گرێبەستی كردووە لەگەڵ كۆمپانیایەكی پەیوەندییە گشتییەكان لە ئەمریكا كە ڕاوێژكارەكەی “ئیهود باراك”ی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیلە[10]. مەسەلەی ئەم گرێبەستەیش بەشێك بووە لەو تۆمەتانەی لە دادگه باس كراون بەبێ ئاماژەكردن بە ڕەهەندە ئیسرائیلییەكەی بەفەرمی؛ ورووژاندنیشی لە ئێستادا، زیاتر دەشێت كەڵكوەرگرتن بێت لە بارودۆخی خرۆشاوی شیعی و عەرەبی لە دەرەنجامی جەنگی خوێناویی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە.

لادانی حەلبووسی، نەخشەی هێز لە شەقامی سیاسیی سوننە دەخاتە بەردەم ئەگەری گۆڕانكاریی گەورە، چونكە سەرچاوەی هێز لەناو پێكهاتەی سوننە پۆسته‌ سیادییەكانی بەغدایە؛ هەروەها كێشە و گرفتی زیاتریش بۆ كابینەكەی سوودانی دروست دەكات. هاوتای ئەمەیش خزمەت بە ئەجێندای باڵە چەكدار و ڕاستڕەوەكانی ناو چوارچێوەی شیعە دەكات كە دژی قووتبوونەوەی هەر كەسێكی كاریگەری سوننەن كە هێز لە وڵاتانی كەنداو و توركیاوە وەربگرێت، یان سنووری دەسەڵاتە دیاریكراوەكانی خۆی تێ پەڕێنێت و خۆی وەك ڕێبەرێكی گەورەتر لە پۆستەكەی بناسێنێت. لە هەمان كاتیشدا پێشهات و پێشینەیەكە كە دەستی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی زیاتر واڵا دەكات لە دەستبردن بۆ پرسی زۆر هەستیار و مشتومڕهه‌ڵگر. ئەم جۆرە پرسانە جاران بە سازان (توافق) و لە ڕێگه‌ی میكانیزمی سیاسیی خاوەوە ئەنجام دەدران كە قابیلی تێهەڵچوونەوە و ڕاگرتن و گۆڕانكاری بوون، بەڵام بڕیارەكانی دادگه بنجبڕ و یەكلایی و تیژن و نەرمییان تێدا نییە. ئەمەیش ئاماژەنمایەكی جێگە نیگەرانییە لە وڵاتێكدا كە سازان، كراوە بە بنەمای پێكەوەژیانی سیاسیی هێزە حوكمڕان و پێكهاتە كۆمەڵایەتی و ئیتنی و مەزهەبییە جیاوازەكانی.

دەربارەی هەرێمی كوردستان، لادانی حەلبووسی ئاماژەی نیگەرانكەری تێدایە، لە هەمان كاتدا دەكرێت هەندێك دەرفەتیش بڕەخسێنێت. لە لایەك گرژیی سیاسی و ئەمنی لەم دۆخە هەستیارەدا بۆ بارودۆخی گشتیی وڵاتەكە خراپە، بەتایبەت كە عێراق خۆی لە بنەڕەتدا گیرۆدەی بارگرانییەكانی جەنگی غەززەیە؛ هەرێمیش بەشێكە لەو ڕەوشە گشتییە. هەروەها باڵادەستیی زیاتر بۆ دادگه‌ی فیدراڵی مسۆگەر دەكات لە یەكلاكردنەوەی پرسە هەستیارەكان بەپێی قەناعەت یان پێدراوەكانی بەردەستی خۆی، لە كاتێكدا ئەو دادگه‌یە هێشتا ئەوە نییە كە دەستوور نەخشەی بۆ كێشاوە و كەلێن و كەموكوڕی لە پێكهێنانیدا هەیە. هاوتای ئەم نیگەرانییانەیش ئەو قەیرانەی بەهۆی لادانی حەلبووسییەوە ڕووی لە كابینەی سوودانی و شیعەی پراگماتیزمی ناو چوارچێوە كردووە، دەكرێت هاندەر بێت بۆ كرانەوەی زیاتری بەغدا بەڕووی پێكهاتەی كوردیدا بە مەبەستی پڕكردنەوەی بۆشاییی حەلبووسی و قایمكردنی بنكەی سیاسیی حكوومەتەكە. ئەوەیشی ئەم ئەگەرە زیاتر دەكات، خەم و ژانی زۆری شیعەكانە بەدەست بایكۆت و مرقكردن و سەنگەرگرتنی سەدر لە كابینە و لە كۆی پرۆسە سیاسییەكە؛ ئێستا ئەمەی حەلبووسی و بنكە جەماوەرییە بەرینەكەیشی هاتۆته‌ سه‌ری، لەو لایشەوە دووكەڵی جەنگ لە غەززە ئاسمانی عێراقی گرتووە و لەگەڵ ئەمریكا كەوتووەتە دۆخێكی هەستیار و دووڕێیانەوە. بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتەیش لایەنە كوردییەكان پێویستیان بە پلان و دانوستان و، هەروەها هەوڵی نێوانگرییش هەیە لە نێوان هەردوو لای كێشەكە بۆ ئەوەی قەرەبووی بەشێك لەو دابڕانەی پێشوو لەگەڵ بەغدا بكەنەوە.

سەرباری ڕچەشكێنیی بڕیارەكانی دادگه‌كەیش لە پرسە هەستیارەكان، كە هەندێك لەوانە ڕەهەندی نێودەوڵەتییان هەبووە (هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتننامەی خۆر عه‌بدوڵڵا لەگەڵ كوێت)، لەگەڵ ئەوەیشی بڕیارەكەی لە دژی حەلبووسی، پشتئەستوورە بە بەڵگەی سەلمێنراو كە ناوەندە یاسایییە چاودێرەكان پشتڕاستی دەكەنەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت تا ئێستا پشكی شێری ئەو هەنگاوانەی دادگه، ئاراستەی پێكهاتەكانی دەرەوەی شیعەی حوكمڕانن. دادگه‌كە بۆ سەلماندنی نیازپاكی و پیشەییبوونی خۆی، پێویستیی بە هەنگاوی زیاترە لە چەشنی ئەو بڕیارەی لە كۆتاییی 2021  دژی پێداگری و داوای چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی گشتی، دەری كرد[11]. بەشێك لە چارەسەركردنی ئەم بەدگومانییەیش لە دادگه لە مەودای دووردا، بە تۆكمەكردنی پێكهاتەكەی دەبێت لە ڕێگه‌ی پێكهێنانی ئەو دادگه‌یەی لە دەستووردا ڕێكارەكانی دیاری كراوە و ماوەی چەندان ساڵیشە دەركردنی یاساكەی پەكی كەوتووە.

[1]  https://2u.pw/yCICuwu

[2]  https://2u.pw/ZA2mWL4

[3]  https://2u.pw/RsIKEMb

[4]  https://2u.pw/EA5ntXb

[5]  https://2u.pw/9AF6Miv

[6]  https://2u.pw/yz2gDHb

[7]  https://2u.pw/xpFCGGz

[8]  https://2u.pw/MnfZEGu

[9]  https://2u.pw/PSW40Qc

[10]  https://2u.pw/sWIx5ZX

[11]  https://2u.pw/7JZYRkM

image_pdfimage_print