د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان
پێشەکی
هێزە سیاسییە عێراقییەکان لە ١٨ی ئەم مانگەدا (کانوونی یەکەم) دەچنە گەڕێکی تری ململانێ لە ڕێگهی ئەنجامدانی هەڵبژادنی ئەنجومەنی پارێزگاکان. هەڵبەتە ئەم هەڵبژاردنە دوای تێپەڕبوونی١٠ ساڵ بەسەر کۆتا هەڵبژاردنی پارێزگاکان دێت کە لە ٢٠١٣ ئەنجام درا، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی تشرین لە کۆتاییی ٢٠١٩ ئەنجومەنی پارێزگاکانیان هەڵوەشاندەوە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیکەی ١٦ ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە کە دابەش کراون بەسەر ٧٧٦٦ ناوەندی دەنگدان و، نزیکەی ٧٠ هاوپەیمانی و حزبی سیاسی بەشداریی تێدا دەکەن، کە بە هەموویانەوە نزیکەی ٦ هەزار کاندیدیان هەیە.
دیارترین هێزە کێبڕكێکارەکان بریتین لە هاوپەیمانیی “نبني” کە هێزە شیعییەکان دەگرێتە خۆ، (بێجگە لە موقتەدا سەدر کە بایکۆتی کردووە). هەروەها هاوپەیمانیی “نحن امة” کە سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، محهمەد حەلبووسی سەکردایەتییان دەکات، هاوپەیمانیی “دولة قانون” کە نووری مالیکی سەرکردایەتی دەکات، هاوپەیمانیی “الانبار الموحد” کە سەرۆکی حزبی حەل جەمال کەربۆلی سەرکردایەتییان دەکات لە ناوچەی ئەنبار و؛ هاوپەیمانیی “الحسم” بە سەرۆکایەتیی سابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگریی ئێستای عێراق، کە ٩ حزب لەخۆ دەگرێت. ئەمە جگە لە هێزە کوردییەکان کە سێ لایەنی سەرەکی: پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ دەگرێتەوە، کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم (کەرکووک، نەینەوا، دیالە)، هەروەها بەغدا و هەندێک ناوچەی دەوروبەری هەرێم کێبڕكێ دەکەن.
بێجگە لەوە بەشێک لە هێزە مەدەنییەکان لەم هەڵبژاردنانەدا کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان هاوپەیمانیی “هێزە مەدەنییەکان” کە ١٠ حزب و هاوپەیمانین، هەروەها هێزە سیاسییە تازە سەرهەڵداوەکان کە نوێنەرایەتیی چەند هێزێکی سەربەخۆ دەکەن؛ جگە لە کەمینەکان کە نوێنەرایەتیی مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان و سابیئەکان دەکەن. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدهین کە کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەم هەڵبژاردنە تێ بگەین لەسەر پێگەی هێزە سیاسییەکان، بەتایبەت داهاتووی هاوکێشەی هێزی نێوان سوننە و کورد و سەدر لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی.
ئایا هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەتوانێ هاوکێشەی هێزی نێوان لایەنە سیاسییەکان بگۆڕێ؟
ئەنجومەنی پارێزگاکان لە بنەڕەتدا بۆ مەبەستی لامەرکەزیی دەسەڵاتی کارگێڕین بۆ پێدانی ڕۆڵی زۆرتر بە ئەنجومەنە خۆجێیییەکان. بەپێی دەستووری عێراق، ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی فراوانیان هەیە، لەژێر کۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتیی هیچ وەزارەتێکدا نین، هەروەها سیستەمێکی داراییی سەربەخۆیشیان هەیە، بەتایبەت دەسەڵاتی دانانی بوودجەی زۆرێک لە سێکتەرەکانی وەکوو پەروەردە و تەندروستی و شارەوانییەکان. ئەنجومەنی پارێزگاکان لە دەسەڵاتەکانیدا هاوشێوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانن، بەو پێیەی بنەمای یاسایییان هەیە بۆ دانان یان لەکارلابردنی پارێزگار، هەروەها دەتوانن سەرپەرشتی و چاودێریی ئەو بەشانەی پەیوەستن بە وەزارەتەکان و بەدواداچوون بۆ ئەدای بەڕێوەبەر و کادیرەکانی حکوومەت بکەن؛ هەڵبەتە ئەمە لە ڕووی ئیداری و دەستوورییەوە. ئەم ئەنجومەنانە لەسەر بنەمای قەبارەی پێکهاتەی دیمۆگرافیی هەر پارێزگایەک دروست دەکرێن.
بەڵام ئەوەی کە گرنگە، بەتایبەت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، هەروەها هێزە تری وەک سوننە و کوردیش لە ناوچە جێناکۆکەکان، ئەوەیە کە ئەم ئەنجومەنانە دواجار سەر بکێشن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جومگەکانی دەسەڵاتی خۆجێیی بۆ چەند ساڵی داهاتوو. ئەمەیش ئەوە دەردەخات کە کێبڕکێی نێوان هێزە سیاسییەکان توند دەبێت، بەشێکیشیان قەبارەی خۆیان بۆ دەردەکەوێت کە دەکرێت ببێتە پێوەرێک بۆ سەنگی ئەو هێزانە لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە داهاتوودا.
هەڵبژاردنی پارێزگاکان چ کاریگەرییەکی لەسەر پێگەی موقتەدا سەدر لە عێراق دەبێت؟
سەدر دوای بڕیاری کشانەوەی بزووتنەوەکەی، تووشی جۆرێک لە گۆشەگیریی سیاسی بووە. ئەم گۆشەگیرییە پێ دەچێت قووڵتریش ببێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی موقتەدا داوای لەلایەنگرانی کرد بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بکەن و بەشداریی تێدا نەکەن. ئەمەیش لە ڕاستیدا دوو لێکەوتەی دەبێت: یەکەم، گوشارەکانی زیاتر دەبن لەسەر پێکهاتە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و حکوومەتی سوودانی کە سەدر لە ڕێگهی بەکارهێنانی جەماوەرەكهیهوه بیەوێت لە شەرعییەتی هەڵبژاردنەکان و حکوومەتیش بدات؛ چونکە وا بڕوات پێشبینی دەکرێت ڕەوتی سەدر کە 4 پارێزگاری لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە، لەگەڵ دەیان پۆستی تری ئیداری لەدەست بدات. لێکەوتەی دووەم ئەوەیە، کە هێزە شیعییەکان ئەم دۆخە بە دەرفەتێک دەزانن بۆ پەراوێزخستنی سەدرییەکان و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵاتی سیاسی، تهنانهت لە ئاستی خوارەوەیشدا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕاستییەک هەیە کە پێگەی سیاسیی سەدر پەیوەست نییە بە پۆستێکی سیاسی وەک زۆربەی لایەنەکانی تر، بەڵکوو هێزی سەدر لە کاریزمایهکی مەزهەبی و ئایینییهوه سەرچاوە دەگرێت. ئەمەیش وا دەکات پێگەی سەدر بەئاسانی نەپووکێتەوە ئەگەر لە دەرەوەی دەسەڵاتیش بێت. ڕەوتی سەدر، توانای ئەوەی هەیە کە زۆرترین گوشار و نیگەرانی بۆ پڕۆسەی سیاسیی ئەم هەڵبژاردنانەیش دروست بکات. هەر زوو، وەک ناڕەزایەتییەک دژی ئەم هەڵبژاردنانە دەیان کەس لە شوێنکەوتووانی ڕەوتی سەدر بە زۆر چوونە ناو بارەگای ڕەوتی حیکمە لە گەڕەکی جەمیلە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی بەغدا و وەک دژایەتییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان. سەدرییەکان تا بتوانن لە گرنگی و متمانەی ئەم هەڵبژاردنانە کەم دەکەنەوە، کە ئەمەیش دواجار کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕێژەی دەنگدان کە پێشبینی دەکرێت نەگاتە ٢٠٪. ئەوەی سەدرییەکان مەبەستیانە لە میکانیزمی بایکۆت، بۆ لێدانە لە شەرعییەتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی.
بێ گومان بەشدارینەکردنی سەدرییەکان لەم هەڵبژاردنەدا دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردن، بەڵام ناتوانێت نەخشە سیاسییە گشتییەکە بگۆڕێت؛ چونکە ئەو هاوپەیمانییانەی کە هەن، بە ئەگەری زۆرەوە وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور. لەناو هەرسێ پێکهاتەکەدا دووبەرەکی و ململانێ هەیە، بەڵام شیعەکان، بەتایبەتیش چوارچێوەی هەماهەنگی توانیویانە ناکۆکییەکانیان ئیدارە بدەن؛ بەتایبەت بوونی سەدر وەک مەترسییەک بۆ گشتیان، وای کردووە سەرەڕای ناکۆکییەکانیان بەڵام لە هاوپەیمانییەکی بەردەوامدا بن کە دەکرێت ناوی بنێێن “هاوپەیمانیی دژی سەدر”!
هەرچەندە تا ئێستایش دیار نییە کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا دەکرێن، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە موقتەدا سەدر لە دەرەوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت، بەتایبەت لە ئەگەری کەمی بەشداریی هەڵبژاردن کە پێشبینی دەکرێت کەمتر لە ٢٠٪ بێت، وا دەکات کە سەدر وەک کارتێک دژ بە حکوومەتی ئیتار بەکاری بهێنێت. بێجگە لەوەی چەند کارتێکی تریش هەن کە سەدر هەوڵ دەدات دژی حکوومەت بەکاریان بهێنێت، وەک: پرسی غەززە و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. سەدر پێ ناچێت چاوی زۆر لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان بێت، چونکە هەڵبژاردنی پارێزگاکان ناتوانێت هاوکێشەی هێز بگۆڕێت یان چاکسازیی ڕیشەیی دروست بکات. بەشدارینەکردنی سەدر ئەگەر هیچ لە دۆخەکەیش نەگۆڕێت بەڵام لەو دۆخە هەستیارەی عێراقدا تێبینی لەسەر شەرعییەتی هەڵبژاردنەکان دروست دەکات و ئەگەری گەڕێکی تری ململانێی نێوان لایەنە شیعییەکان زیاتر دەکات.
پەیوەندییەکانی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دوای هەڵبژاردنی پارێزگاکان
پەیوەندییەکانی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی نەک باش نابێت بەڵکوو بە ئەگەری زۆرەوە دەچێتە قۆناغیکی سەختەوە. چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت سوود لە نائامادەیی سەدرییەکان وەرگرن بۆ دەستگرتن بەسەر تەواوی جومگەکانی تری دەوڵەت. بەتایبەت کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆنترۆلکردنی حکوومەت و پەرلەمان دەیانەوێت لە ئاستی خوارەوەشدا کە تایبەتە بە دابینکردنی خزمەتگوزاری و بەرکەوتنی زیاتری لەگەڵ خەڵکدا هەیە، دەست بگرن بەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکان. بۆیە ئەگەری ڕوودانی گرژی و ناکۆکی لە نێوان سەدرییەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی زۆرتریش دەبێت. تا ئەو ئاستەی دوور نییە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان سەدرییەکان دابەزنە شەقام و تانە لە شەرعییەتی هەڵبژاردنەکان بدەن، بەتایبەت بە پاساوی کەمیی ئاستی بەشداریکردنی خەڵک.
سەدرییەکان بە ئەگەری زۆر لەم حکوومەتەدا ئەستەمە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات، بەڵام ئەگەر نەیشتوانن دەسەڵات بگرنە دەست، دەتوانن کاریگەرییان هەبێت و یارییەکە لە دەسەڵات تێک بدەن یان ناسەقامگیری دروست بکەن، بەتایبەت کە سەدرییەکان نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەریان هەیە. لە لایەکی تر، دوور نییە هەڵبژاردنی پارێزگاکان جۆرێک لە درز و کەلەبەر بخاتە ناو هێزەکانی چوارجێوەی هەماهەنگی، بەتایبەت لەگەڵ دەرچوونی هاوپەیمانیی مالیکی و بەشداریکردنیان بەتەنیا لەم هەڵبژاردنەدا، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بزووتنەوەی ئەلحیکمە بە سەرۆکایەتیی عەمار ئەلحەکیم، هەروەها هاوپەیمانیی ئەلنەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، بڕیاریان دا بە یەک لیست بەشداری بکەن.
پێشهاتێکی تازە؛ پەلهاوێشتنی هاوپەیمانیی شیعەکان بۆ ناوچە سوننەنشینەکان
شیعەکان بەهۆی باڵادەستییان بەسەر دەسەڵات و جەمگە ئابووری، سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکان وای کردووە کەریگەرییان ناوچەکانی سوننە، تورکمان، مەسیحی و هەتا بەشێک لە ناوچە کوردییەکانیش بگرێتەوە. بەتایبەت لە ناوچە سوننەنشینەکان بەو پێیەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ باقیی هێزە سیاسییە شیعەکان، خەریکی کێبڕکێی ڕاستەوخۆ و بەهێزە لە پارێزگاکانی زۆرینەی سوننە، وەک: نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحهددین، دیالە، و کەرکووک. ئەمە لە کاتێکدا لیستە سوننەکان لە کێبڕکێی پارێزگاکانی زۆرینەی شیعە ئامادە نین، جگە لە پشکێکی کەم لە بەسرە نەبێت. پێشبینی ناکرێت محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بابل یان پارێزگاری واست هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کاریگەریی بەهێزی هێزە سیاسییە شیعەکان لە نەینەوا و کەرکووک و دیالە هەبێت و ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، گرنگترینیان ئەوەیە کە کەمینە پێکهێنەرەکانی سوننە و شیعە لەم پارێزگایانەدا هێشتا پشت بە لایەنە شیعەکان دەبەستن.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هێزە سیاسییە شیعەکان توانیویانە، لە نەینەوا، بۆ نموونە، لایەنە غەیرە شیعەکانیش بخەنە ناو چوارچێوەی سیاسیی شیعی، وەک “حزبی ناسنامەی نیشتمانی” بە سەرۆکایەتیی ڕەیان کلدانی کە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعەکان هەیە، کە زۆربەی ئەندامەکانی سوننەن و لە چوارچێوەی سەرکردایەتییەکی مەسیحی و هاوپەیمانییەکی ڕاستەوخۆی شیعە کار دەکەن؛ ئەمە جگە لە کۆنترۆڵی هێزە سیاسییە شیعەکان بەسەر بەشێک لە پشکەکانی نەینەوا (پشکی مەسیحی و شەبەک و ئێزیدی)، بە جۆرێک چوارچێوەی شیعەکان لەوانەیە ڕێژەی دوو بۆ سێ کورسی لە پارێزگای نەینەوا بهێنێت.
یەکێک لە مەترسییەکانی تری بوونی بەهێزی لیستە شیعەکان لە پارێزگا سوننەکاندا هەژموونی چەک و کاریگەریی هێزەکانی حەشدی شەعبییە، چونکە بەشێک لەو هێزانە لە دوای جەنگی داعشەوە تا ئێستایش لە ناوچە سوننەکان و ناوچە جێناکۆکەکان بوونیان هەیە- بەتایبەت لە مووسڵ، دیالە، و سەڵاحهددین-، تۆمەتبارن بەوەی ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکەن و لەم ساڵانەی دواییدا لە هەندێک حاڵەتدا پەنجەی تۆمەتیان بە تێکدانی دۆخی ئەمنی ئاراستە کراوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر ئەم هەڵبژاردنانە لە بازنەکانی شیعەدا بە مەبەستی دابەشکردنی کاریگەری و دەسەڵاتەکان بێت لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی شیعەدا لە غیابی سەدر، ئەوا پارێزگا سوننەکان ڕووبەڕووی دوو جۆر کێبڕکێی توند دەبنەوە: یەکەمیان لە نێوان هێزەکانی شیعە و سوننەدا لە لایەک و، کێبڕکێی بەهێزی ناوخۆییی سوننە لە لایەکی ترەوە.
سوننەکان؛ یەکلاکردنەوەی ململانێ لە ناوەخۆدا
سوننەکان بە قەبارەی ١٣ هاوپەیمانی بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکەن کە جگە لە سێ هاوپەیمانی نەبێت (تەحالوف ئەلوەتەنی، هاوپەیمانیی ئەلقیادە، هاوپەیمانیی القیمم)، ئەوانی تر هەمووی نەیاری حەلبووسین. هەرچی هاوپەیمانیی “ئەلحەسمی وەتەنییە” یەکێکە لە بەهێزترین هاوپەیمانییەکانی سوننە بە سەرۆکایەتیی ثابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگریی ئێستای عێراق کە ٩ حزب لەخۆ دەگرێت. لە ڕاستیدا ململانێێ سەرەکیی نێوان سوننەکان ئەم جارە لەسەر شوێنگرتنەوەی پێگەی سیاسیی حەلبووسی دهبێت، بەتایبەت لە پارێزگاکانی ڕۆژاوا و باکوور. نەیارانی حەلبووسی هەوڵ دەدەن نفووزی سیاسیی ئەو لە پارێزگاری ئەنبار، کە قەڵای سەرەکییەکەیەتی، لاواز بکەن و دواتر ڕێگری لە فراوانبوونی بۆ پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەددین و مووسڵیش بكهن، بەتایبەت لە ڕێگهی گەڕانەوەی ئوسامە نوجەیفی. ئەمە جگە لە “هاوپەیمانیی ئەلعەزم” بە سەرۆکایەتیی موسەننا ئەلسامەڕائی، هەروەها “هاوپەیمانیی سەروەری” بە سەرۆکایەتیی خەمیس ئەلخەنجەر. هەموو ئەم کوتلانە بە یەک ئامانج یەکگرتوون، کە بریتییە لە فراوانکردنی کاریگەری و دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگاکانیاندا لەسەر حیسابی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حەلبووسی.
سوننەکان لەناوخۆیاندا تووشی پشێوییەکی زۆر هاتوون؛ پێ ناچێت لادانی حەلبووسی کۆیان بکاتەوە بەڵکوو لەوانەیە زیاتر تووشی پەرشوبڵاوی و ململانێی ناوخۆیییان بکات، نەک بەپێچەوانەوە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەگەر گۆڕانێکی زۆریش دروست نەکات بەڵام دەکرێت دوو لێکەوتەی هەبێت: یەک، هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئاماژەیەکمان پێ دەدات لەبارەی سەنگی داهاتووی هێزە سوننەکان کە دەکرێت بەسەر چەند هێزێکێ نوێ دابەش بن نەک بە هەمان شێوەی پێشوو لە نێوان تەقەدوم و سیادەدا (حەلبووسی و خەنجەر). دوو، یەکلاییبوونەوەی پێگەی سیاسیی حەلبووسی کە ئایا دەتوانێت دوای لادانی لە پەرلەمان، وەک سەرکردەی یەکەمی سوننەکان بمێنێتەوە؟
ئایا دەرفەتێک هەیە بۆ لێکنزیکبوونەوەی سەدر و کورد بۆ گوشارخستنە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی؟
سەدر لەم قۆناغەدا پێ دەچێت ئەستەم بێت بتوانێت بگەڕێتەوە ناو دەسەڵات، مەگەر لە دوای تەوابوونی وادەی ئەو حکوومەتەی ئێستا. بێجگە لەوەیش سەدر بۆ هەر یەکە لە کورد و سوننە سەلماندی کە کارکردنی سیاسی لەگەڵی ئەستەمە، چونکە ئەو پێش ئەوەی خۆی وەک سیاسییەک ببینێت، خۆی وەک مەرجەعێک و سوڵتەیەکی دینی دەبینێت. بێجگە لەوە سەدر نەیارەکانی بەهێزن (بەتایبەت مالیکی و خەزعەلی و عامری، ئەمە بێجگە لە وەلائییەکانی تر). دواتر لەم قۆناغەدا ئێرانیش ئەستەمە ڕێگه بدات سەدر بگەڕێتەوە دەسەڵات؛ بۆ ئەمریکییەکانیش سەدر جێگهی متمانە نییە. وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، سەدر دەتوانێت یارییەکە تێک بدات، بەڵام بۆ کورد ئەستەمە هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر بکات.
بێجگە لەو چەند هۆکارانەی ئاماژەمان پێ دان، کورد ناتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو حکوومەتەی کە هەیە، چونکە دۆخی هەرێمی کوردستان جیایە لە دۆخی سەدر، کە تەنیا هێزێکی سیاسییە؛ هەرچی هەرێمی کوردستانە حکوومەتێکی لە ئەستۆیە کە ئێستا بەتەواوی پشت بە حکوومەتی فیدراڵ دەبەستێت. سەدر تەنیا بۆ بەرژەوەندییهکی سیاسیی کاتی بۆ کورد دەگونجێت، وەک کارتێکی گوشار بۆ ترساندنی چوارچێوەی هەماهەنگی؛ ئەگینا کورد ناتوانێت پشت بە سەدر ببەستێت. کورد پێشتر ئەزموونی هەیە لە هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر؛ چەندان جار بڕیاری گرنگی دەدا بێ ئەوەی پرس بە کورد بکات. دواتر باجی هاوپەیمانی لەگەڵ سەدر بۆ کورد قورسە؛ هەر یەکە لە کورد و سوننە ئەو باجەیان دا. ئەو لایەنانەی ئێستا زیاتر بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ کورد، سوننەکانن. کورد و سوننە تا ئاستێکی زۆر هاودەردن لەدەست چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیە گرنگە بیر لە هاوپەیمانیی کورد و سوننە بکرێتەوە وەک جۆرێک لە گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ پرۆسەی سیاسی. هەرچەندە ئەمە ئاسان نییە بەڵام دەکرێت لە ئاستی هاوئاهەنگیی ناو پەرلەماندا میکانیزمێکی کاریگەر بێت لەو قۆناغەدا.
ئەگەری زیندووکردنەوەی هاوپەیمانیی سێقۆڵی (سەدر، کورد و سوننە)
کێشەی پرۆسەی سیاسیی عێراق ئەوهیە کە تەنیا داینامیکە ناوخۆیییەکان و هێزی ناوخۆی لایەنە سیاسییەکان پاڵنەری سەرەکی نین بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان، بەڵکوو نیوەی پاڵنەرەکان ناوچەیی و نێودەوڵەتین. بەتایبەت ئێران و ئەمریکا، ئینجا تورکیا و وڵاتانی کەنداو گشتیان بە ئەندازەیەک کاریگەریی خۆیان هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. یەکێک لەو فاکتەرانەی کە وای کردووە کورد و سوننە بێهێز بن، لە ڕاستیدا بێجگە لە هۆکارە ناوخۆیییەکان، فاکتەری هەرێمی و نێودەوڵەتییشن. ئێستا سوننەکان وەک جاران لەلایەن وڵاتانی کەنداو و تورکیاوه پاڵپشتی ناکرێن کە بتوانن لە دەوری ئامانجێکدا کۆیان بکەنەوە. ئەمە تا ڕاددەیەک سەبارەت بە کوردیش هەر ڕاستە، چونکە ئێستا تورکیا، کە له کاتی جهنگی داعش هەماهەنگیی باشی هەبوو لەگەڵ پارتی و وەک سەرئێشەیەک بوو بۆ عێراق لە کاتی مالیکی و عەبادیدا، بەڵام ئێستا بەو جۆرە نییە؛ ئەمریکییەکانیش وهك پێشوو نین. بەڵام دیسان بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆر هەیە لە نێوان سوننە (بەتایبەت حەلبووسی)، هەروەها پارتی و سەدریش. ئەم سێ هێزە هەرسێکیان هێزی بریندارن و هەست دەکەن ستەمیان لێ دەکرێت. بەتایبەت حەلبووسی، دوور نییە بە دوای هاوپەیمانیدا لەگەڵ سەدردا بگەڕێت، چونکە دۆخی هەردووکیان لە یەکتر دەچێت. پارتییش لەژێر گوشاری زۆری حکوومەتی شیعەکاندایە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش پارتی کە حکوومەتی هەرێمی لەدەستە، ناتوانێت وەک ئۆپۆزیسیۆنێک مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی ئێستای شیعەکاندا بکات. بۆیە لەم قۆناغەدا دەرفەتی گەرمکردنەوەی هاوپەیمانیی سێقۆڵی بەئەستەم دەبینم، تەنیا لە دۆخێکدا گەر حکوومەتی ئێستا کە کوردیش هاوپەیمانییەتی، لە ساڵی نوێ (٢٠٢٤) ئامادە نەبوون پێداچوونەوە بە یاسای بوودجەدا بکەن و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جیا بکەنەوە لە “نەفەقاتی فیعلی” (خهرجییه ڕاستهوخۆكان)، ئەوکات پارتی و حکوومەتی هەرێمیش هیچ ئومێدێکیان نامێنێت لەگەڵ ئەو حکوومەتەی ئێستا؛ ئەوکات زۆر گرنگە کە هەرسێ لایەن، کورد (پارتی) سوننە (حەلبووسی) هەوڵی زیندووکردنەوەی هاوپەیمانیی سێقۆڵی بدەن بۆ خستنی حکوومەتی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت.
هەرێمی کوردستان چی بکات؟
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەو ئان و ساتەدا زیاتر لە بەرژەوەندیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکانە، کە دەیانەوێت لە ئاستی خوارەوەیشدا پێگەی سیاسیی خۆیان قایم بکەن و بەتەواوی دەست بەسەر دەوڵەتدا بگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا دووریش نییە سەدرییەکان ئەم دۆخە بقۆزنەوە بۆ هەڵگیرساندنی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژی حکوومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی. هەرچی سوننەکانن، ئەوە زیاتر بە دوای دەسکەوتی ناوخۆیین؛ دەیانەوێت میراتی حەلبووسی بەش بکەن نەک ڕوانگەیەکیان هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی سەنگی سوننە لە عێراقدا. سەبارەت بە کورد، گرنگیی ئەو هەڵبژاردنە لەوەدایە کە ئایا کورد دەتوانێت پێگەی سیاسی و ئیداریی خۆی لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەردا لەدەستی داوە، بگەڕێنێتەوە. لە ڕاستیدا تا ئێستا هەماهەنگی و پلانێکی نیشتمانی نییە لە نێوان هێزە کوردییەکان بۆ ئەو مەبەستە، بەڵکوو ئەوەی هەیە زیاتر ململانێی حزبییە؛ بەڵام دەکرێت دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان هێزە کوردییەکان هەماهەنگی بکەن و بەرنامەیەکی دیاریکراویان هەبێت.
ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە ئەوەیە کە بە دوای دۆزینەوەی کارتی گوشاردا بگەڕێت، ئەگینا ناتوانێت بەرامبەر بەغدا بمێنێتەوە. بەشێک لەو گوشارانە دەکرێت لە دەرەوەی عێراق بن، بەشێکیشیان لە ناوخۆدان، کە دەتوانین بەو شێوەی خوارەوە پۆلێنیان بکەین:
١) گەڕان بە دوای دۆزینەوەی ڕێگهیەک بۆ کارکردن لەگەڵ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێرانییەکان، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا. ئەگینا بۆ ساڵی نوێ دۆخی هەرێم زۆر خراپتر دەبێت. سەرۆکی هەرێم دەکرێت لە ڕێگهی سەردانێک بۆ تاران ئەم دەرگهیە بکاتەوە.
٢) گەڕان بە دوای هاوپەیمانی لەگەڵ سوننەکان وەک کارتێک بۆ هاوسەنگکردنی هێز لە عێراقدا، ئەگینا کورد و سوننە لە ڕووی پێگەی سیاسییەوە زۆر لاوازتر دەبن؛ ناچار دەبن ببنە بەشێک لە باڵی گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران، وەک ئەوەی ڕەیان کلدانی لە دەشتی نەینەوا دەیکات!
٣) لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کارکردنی پارتی و یەکێتی سەنگی مەحەکی پێگەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بەغدا؛ ئینجا چەند پێویستیی بە تانازولکردنیش بێت، باشترە لە یارییهکی سفری.
٤) لەگەڵ سەدرییەکان. سەدرییەکان کارتێکی گوشارن لەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی؛ بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێت جارجاره بۆ ترساندنی حکوومەتی بەغدا پەنایان بۆ ببات. بەتایبەت گەر دوای ساڵی نوێ چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادە نەبوو یاسای بوودجە هەموار بکاتهوه، کورد ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کارکردن لەگەڵ سەدرییەکان ئەگەر تەنیا پارتییش بێت، ئینجا باشتر دەبێت ئەگەر حەلبووسی و بەشێک لە سوننەکانیش بچنە پاڵ ئەو بەرەیەوە.