پێنووس

بۆچی ئیسرائیل ناگۆڕێت

(پێ دەچێت جەنگی غەززە مەیلی ئیسرائیلییەکان بەرەو ڕاستڕەوی بەهێزتر بکات)

 

“داڵیا شایندڵن” (Dahlia Scheindlin)

وەرگێڕانی لە ئینگلزییەوە: پێنووس

هەر لەو ڕۆژەوە کە حەماس بەربەستە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی لە غەززە تێک شکاند و لە ٧ی ئۆکتۆبه‌ر هێرشی خۆی دەست پێ کرد، هەست دەکرا ئیسرائیل هەرگیز وەک جاران نابێت. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئیسرائیلییەکان ناچار بوون ڕووبەڕووی ئەو واقعە ببنەوە کە زۆرێک لەو گریمانانەی کە لەمێژە سیاسەتی ئیسرائیلیان بەرامبەر فەڵەستینییەکان ئاراستە دەکرد، ڕووخاون. سیاسەتی ١٦ ساڵەی حکوومەتی ئیسرائیل لە هێشتنەوەی غەززە لەژێر گەمارۆدا نەیتوانی گەرەنتیی ئاسایشی ئیسرائیلییەکان بکات. لێکدانەوەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ پاڵنانی حەماس بۆ پراگماتیزم شکستی خوارد- جا چ بە کردنەوەی ڕێگە بۆ یارمەتییەکانی قەتەر بۆ حەماس یان پێدانی مۆڵەتی کارکردن بۆ کرێکارانی غەززە- بەڵام لە بری ئەوە ئیسرائیلی لە وەهمدا هێشتۆتەوە. هەروەها ئەو باوەڕە کە زۆربەی هەڕەشەکان دەتوانرێت بە چاودێریی تەکنەلۆژیا و بەربەستی قووڵی ژێرزەوی و سیستەمی بەرگریی مووشەکیی قوبەی ئاسنین (iron dome) بەرپەرچ بدرێتەوە، بەتەواوی هەڵە دەرچوو. بەگشتی هێرشی حەماس دەری خست کە بیرۆکەی ئەوەی دەتوانرێت پرسی سیاسیی فەڵەستین بۆ ماوەیەکی نادیار بەبێ هیچ تێچوونێک بۆ ئیسرائیل لە ڕەفەدا دابنرێت، بە شێوەیەکی نالەبار شکستی هێناوە. ئەم باوەڕە ئەوەندە لە مێشکی سەرکردایەتیی ئیسرائیلدا قووڵ بووبووەوە کە زاراوەی بۆ دروست کرابوو: “بەڕێوەبردنی ململانێ” یان “کەمکردنەوەی ململانێ”. ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر دانوستانەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ ڕێککەوتنی کۆتاییی ئاشتی وەلا نرا، تەنانەت لە کاتێکدا ئیسرائیل بەرەو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەنگاوی زیاتری دەنا. زیاتر لە دوو دەیە حزبە ڕاستڕەوەکان کە حوکمڕانیی گۆڕەپانی سیاسیی ئیسرائیلیان دەکرد، بەڵێنیان بە دەنگدەران دەدا کە ئەم سیاسەتەیان لە هەموو ڕێبازێکی دیکە کاریگەرتر دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەکەیان و، زۆرینەی دەنگدەرانیش بەمە ڕازی بوون. بەڵام لە ٧ی ئۆکتۆبەر هێرشێکی حەماس ئەم دۆخەی تێک دا.

بەڵام لەلایەنێکی گرنگەوە ئیسرائیل هێشتا نەگۆڕاوە. هەرچەندە ئیسرائیلییەکان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە بەرپرسیار دەزانن لە شکستە ئەمنییە کارەساتبارەکانی پەیوەست بەم هێرشانە، بەڵام پێ ناچێت ئاراستەی سیاسیی بنەڕەتی کۆمەڵگه‌ی ئیسرائیل بگۆڕێت. ڕەنگە “بنیامین ناتانیاهۆ” ناچار بێت دەست لەکار بکێشێتەوە کاتێک جه‌نگەکە کۆتایی دێت – ئەگەر زووتر نەبێت – بەڵام وەک مێژووی ئیسرائیل نیشانی داوە، بەتایبەتی لەم دەیانەی دواییدا، هەڵگیرسانی جه‌نگ یان توندوتیژی تەنیا مەیل بۆ ڕەوتی ڕاستڕەو لە سیاسەتی ئیسرائیلدا بەهێز دەکات. ئەگەر ئەم شێوازە بەردەوام بێت، ڕەنگە ئیسرائیلییەکان حکوومەتێکی نوێ هەڵبژێرن، بەڵام هێشتا پشتگیری لە هەمان ئەو ڕوانگە و گریمانە ناکارامەیە بکەن کە بۆتە هۆکاری خوڵقاندنی ئەم کارەسات و قەیرانەی ئێستا. هەرچەندە سەیر نییە زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان شکستی ئەمنیی کارەساتبارانەی وڵاتەکەیان تەنیا دەخەنە ئەستۆی ناتانیاهۆ. بەڵام ئەوەی سەرسوڕهێنه‌رە ئەوەیە کە، ئەوان لە هەمان کاتدا ناڕەزایەتییەکانیان دەڕبریوە لە هەمبەر یەکێک لە سەختترین جه‌نگەکان کە ئیسرائیل لە دەیەکانی ڕابردوودا ئەزموونی کردووە. لە چەند هەفتەی دوای هێرشەکەی حەماس، چەندان خۆپیشاندان ئەنجام دراون، کە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن؛ یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن، پەیوەندیی بەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەوە کرد، هەروەها بەشێک لە بنەماڵەی ئەو قوربانییانەی کە لەلایەن حەماسەوە کوژران یان ڕفێندرابوون. ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپرسییەکان دەری دەخەن کە ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت، ناتانیاهۆ خراپ دەدۆڕێت.

ڕاپرسییەکی نوێ کە لە ٢٢ و ٢٣ی نۆڤه‌مبەری ٢٠٢٣دا ئەنجام درا – تەنانەت دوای ئەوەی حکوومەت ڕێککەوتنی لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ڕاگەیاند، کە پێ دەچوو پێگەی ناتانیاهۆ باشتر بکات – دەری خست کە هاوپەیمانێتیی دەسەڵاتدار ٢٣ کورسی لە کۆی ٦٤ کورسیی کنێست (بە کۆی گشتی ١٢٠) نوێنەری لەدەست دەدات. پشتگیرییە جەماوەرییەکانی حزبەکەی ناتانیاهۆش زۆر دابەزیوە: ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن کە حزبی لیکود نزیکەی نیوەی ٣٢ کورسییەکەی لەدەست دەدات. ڕەنگە لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە زیاتر لە سێ لەسەر چواری ئیسرائیلییەکان پێیان وایە کە ناتانیاهۆ پێویستە دەست لەکار بکێشێتەوە دوای/یان تەنانەت لە کاتی جەنگدا. ئەم ژمارانە بەپێچەوانەی ئەو زیادبوونی پشتیوانییە جەماوەرییەوەن کە زۆربەی سەرکردەکان بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی هێرش یان شەڕدا وەری دەگرن. بۆ نموونە، دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، ئەمریکییەکان پشتیوانییان لە سەرۆکی ئەم وڵاتە، جۆرج بۆش، کرد، هەروەها ڕێژەی جەماوەرییبوونی سەرکردەکانی ئەمریکا لە کاتی جه‌نگی کەنداوی فارس (١٩٩٠-١٩٩١) و جه‌نگی عێراقدا (لە ساڵی ٢٠٠٣) بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بە هەمان شێوە دوای لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠٢٢، پشتیوانیی جەماوەری بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.

بێ گومان بۆ ئیسرائیلییەکان دژایەتیکردنی سەرکردەکانی سەردەمی جەنگ دیاردەیەکی نوێ نییە. زۆر جار دەنگدەرانی ئیسرائیل دوای دەستپێکردنی جه‌نگێک، بەبێ گوێدانە ئاراستەی سیاسیی لایەنەکانی ناو حکوومەت، پشت لە حکوومەتەکەیان دەکەن. لە ساڵی ١٩٧٣دا، گۆڵدا مایه‌ر، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوانبار کرا کە پێشبینیی هێرشی میسری نەکردبوو کە لە سەرەتای جەنگی یۆم کیپور ڕووی دا؛ دواجار ناچار بوو دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە. ئینتیفازەی دووەم، ڕاپەڕینێکی توندوتیژی فەڵەستین بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٠ دەستی پێ کرد، بووە هۆی داڕمانی حکوومەتی ئیهوود باراک، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و لە ساڵی ٢٠٠١دا هەڵبژاردنەکانی بە جیاوازیی لە سەدا ٢٥ بە ئاریێل شارۆن دۆڕاند. نموونەیەکی دیکە جه‌نگی ساڵی ٢٠٠٦ بوو لە دژی حزبوڵڵای لوبنان. تا کۆتاییی مانگی ئابی ئەو ساڵە، لە سەدا ٦٣ی ئیسرائیلییەکان هەستیان دەکرد کە ئیهوود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شکستی هێناوە لە بەڕێوەبردنی جه‌نگەکە بە شێوەیەکی دروست و، پێویستە دەست لەکار بکێشێتەوە. هەروەها تا سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ ئۆلمێرت کەوتە ژێر لێکۆڵینەوەی گەندەڵی و زیاتر لە سێ لەسەر چواری ئیسرائیلییەکان لە ئەدای جێبەجێکردنی ناڕازی بوون؛ ئەمەیش هەمان ڕێژەی ئەو کەسانەن کە ئێستا داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناتانیاهۆ دەکەن.

لەسەر بنەمای ئەم مۆدێلە ئەزموونکراوە لە ئیسرائیل، پێ دەچێت ناتانیاهۆ چارەنووسێکی هاوشێوە بەخۆیەوە ببینێت. پێش هێرشەکانی حەماس، حکوومەتی توندڕەوە ڕاستڕەوەکەی کە لە دێسەمبەری ساڵی ٢٠٢٢ پێک هێنرا، ڕەخنەی زۆری لێ گیرا. زۆرێک لە خەڵکی ئیسرائیل ساڵی ڕابردوو ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە پلانی چاکسازی لە سیستەمی دادوەریی وڵاتەکە؛ خۆپیشاندانێک کە بووە یەکێک لە گەورەترین ناڕەزایەتییەکانی مێژووی ئیسرائیل: تا ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەم ناڕەزایەتییانە بۆ ماوەی چل هەفتەی یەک لە دوای یەک بەردەوام بوون. لە مانگی نیساندا تەنیا 37%ی ئیسرائیلییەکان پشتگیرییان لە سەرۆکوەزیرانی ئێستا کرد؛ بەڵام دوای هێرشی حەماس، ئەم پشتیوانییە بۆ 26% دابەزیوە. تا ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەر، دووهێندەی ئەو ژمارەیە، واتە 52%ی ئیسرائیلییەکان، پشتیوانییان لە بێنی گانتز (ڕاستی میانڕەو)، سەرۆکی پێشووی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل کرد، کە ڕکابەری سەرەکیی ناتانیاهۆیە و ئێستا لە کابینەی جەنگدایە. جگە لەوەیش ناتانیاهۆ بە تۆمەتی گەندەڵییش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. لەگەڵ بەردەوامیی دۆسیە گەندەڵییەکانی، هەروەها شکستە ئەمنییەکان لە ماوەی حوکمڕانیدا، هەروەها جه‌نگی ئێستا، مانەوەی لە پۆستەکەیدا قورس دەبێت – ئەگەر مەحاڵ نەبێت. بەڵام پرسیاری گەورەتر ئەوەیە: ئایا ڕۆیشتنی ناتانیاهۆ دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئیسرائیل یان سیاسەتی دەرەوە؟

چەندان جار لە کاتی جه‌نگ یان توندوتیژیی تونددا ئیسرائیلییەکان ڕوویان لە ڕاست کردووە. کاتێک ئیسرائیلییەکان لە ساڵی ١٩٧٧دا لیکودیان هەڵبژارد، سەردەمی حکوومەتی حزبی کرێکاران کە لە دوای جه‌نگی ١٩٧٣ دەستی پێ کردبوو، کۆتایی هات. لە ڕاستیدا ئەم سەرکەوتنەی لیکود بە پلەی یەکەم دەرەنجامی یاخیبوونێکی درێژخایەن بوو لە هاوپەیمانیی کرێکاران، بەڵام هەر ئەمە بووە هۆکاری ڕەوایەتیپێدان بە ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی ئایینی و ناسیۆنالیستی وەک هێزێکی بەرچاو لە ئیسرائیل. بەم شێوەیە قۆناغی دووەمی مێژووی سیاسیی ئیسرائیل دەستی پێ کرد؛ سەردەمێک کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتە ئایینییە ڕاستڕەوەکاندا بوو. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوودانی دوو ململانێی گرنگ، بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیلییەکان زیاتر خۆیان لەگەڵ ناسنامەی ڕاستڕەودا بناسێنن: جه‌نگی ساڵی ١٩٨٢ و یەکەم ئینتیفازە کە لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی پێ کرد. ئەم وەرچەرخانە لە ئامارەکانی ڕاپرسییەکانی ئەو سەردەمەیشدا بەئاشکرا بەرچاو و دیارە: لە ساڵی ١٩٨١، توێژەران لە ڕاپرسییەکدا بۆیان دەرکەوتووە کە لەنێو دانیشتووانی جوولەکەکانی ئیسرائیلدا (هیچ ڕاپرسییەکی گشتی نەبووە کە عەرەبەکانی لەخۆ گرتبێت لەو سەردەمەدا)، لە سەدا ٣٦ی بەشداربووان ڕایان گەیاندووە کە بەنیازن پشتگیری لە حزبێکی ڕاستڕەو بکەن. تا ساڵی ١٩٩١ ئەم ڕێژەیەی ئەو هاووڵاتیانەی کە خۆیان وەک ڕاستڕەو دەناساند، گەیشتە نزیکەی نیوەی هەموو دانیشتووانی جوولەکەی ئیسرائیل.

بەڵام له هەڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1992 ئیسحاق ڕابین، سەرۆکی حزبی کرێکاران به دروشمی بەڕەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینییەکان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بوو، بەڵام وا دەردەکەوت کە ئەم سەرکەوتنه بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ و ململانێ و پێشبینییەکان بۆ بەهێزبوونی ڕاستڕەوەکان لە کاتی جەنگ لە دژایەتیدا بوو. بەڵام دواتر هەندێک لە شرۆڤەکاران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن فەڵەستینییەکان لە ئینتیفازەی یەکەمدا، ڕەنگە یارمەتیدەر بووبێت لە پشتیوانیی ئیسرائیلییەکان بۆ ئاشتی و حکوومەتە ئاشتیخوازەکان لە ئیسرائیل، بەڵام پاشان دەرکەوت ئینتیفازەی یەکەم زۆر کەمتر توندوتیژ بوو لە جه‌نگەکانی دواتر. لە ڕاستیدا لە ئینتیفازەی یەکەمدا فەڵەستینییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی تاکتیکی “نافەرمانیی مەدەنی”یان بەکار دەهێنا و پێکدادانەکان سووک بوون و زیاتریش لە ناوچە داگیرکراوەکاندا سنووردار بوون. هەروەها هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992 دواجار بوو که ئیسرائیلییه‌کان لە دوای هەر ململانێیەک لەگەڵ فەڵەستینییه‌کان، دەنگیان به حزبه چەپەکان دا.

ئینتیفازەی دووەم دەستبەجێ کاریگەریی لەسەر دەنگدەرانی ئیسرائیل هەبوو. هەرچەندە حکوومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی ئیسحاق ڕابین ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین بە سەرۆکایەتیی یاسر عەرەفات واژۆ کرد، بەڵام توندڕەوەکانی هەردوو لا بەخێرایی ئەم پرۆسەیەیان لەکار خست. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٥ گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان ١٤ هێرشی خۆکوژییان لە ئیسرائیل ئەنجام دا؛ لە ساڵی ١٩٩٤ بارۆخ گۆڵدشتاین کە هاووڵاتییەکی جوولەکەی توندڕەو بوو، ٢٩ نوێژخوێنی موسڵمانی لە شاری هیبرۆن کوشت. پاشان لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٥ خودی ئیسحاق ڕابین لەلایەن توندڕەوێکی ئایینیی ئیسرائیلی لە خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی لە تەلئەبیب تیرۆر کرا. زۆرێک لە شرۆڤەکارانی ئیسرائیلی پێیان وایە تیرۆرکردنی ڕابین، پرۆسەی ئاشتیی تێک دا: ڕابین پرۆسەی ئاشتیی کردبووە پرسی ناوەندی لە سەردەمی سەرکردایەتییەکەی و بۆ ئەو مەبەستەیش کەسایەتییەکی سیاسیی گونجاوی بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانیی توێژە بەرچاوەکانی ئیسرائیل هەبوو، بەڵام لێکدانەوەیەکی تر ئەوەیە کە بەبێ ئیسحاق ڕابین، ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە بۆ ئەولەوییەتەکانی ئایدیۆلۆژیی خۆیان. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٥- پێش تیرۆرکردنی ڕابین- نزیکەی نیوەی جوولەکەکانی ئیسرائیل وەک ڕاستڕەو خۆیان ناساندبوو، بە بەراورد لەگەڵ ٢٨% کە خۆیان بە چەپ ناو دەبرد و ٢٣% خۆیان بە میانڕەو ناو برد؛ ئامارەکان تا ڕاددەیەکی زۆر لەگەڵ ڕاپرسییەکانی ساڵی ١٩٩١دا یەک دەگرنەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٦دا، سەرەڕای ئەوەی ڕاپرسییەکان دەریان خستبوو کە دوای تیرۆرکردنی ڕابین، کۆمەڵگەی ئیسرائیل مەیلی بەرەو شیمۆن پێرێس، جێنشینی ڕابین هەیە، بەڵام دەنگیان بە ناتانیاهۆ دا، کە سەرۆکی پلاتفۆرمێکی ڕاستڕەوی جەماوەری بوو کە دژی “پرۆسەی ئاشتی” بوو.

لە کاتێکدا توندوتیژییەکان زیاتر ئیسرائیلییەکانی بەرەو ڕاستی توندڕەو ئاراستە کردووە، بەڵام ئاماژەکانی سەردەمی ڕێککەوتنی ئاشتیی ئۆسلۆش دەبینرێت کە لە بارودۆخی ئارامتردا مەیلێکی سووکتری لە لای جەماوەری ئیسرائیلی بەرەو چەپ بەرهەم هێناوە. بۆ نموونە، لە سەردەمی یەکەمین خولی سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆدا لە کۆتایییەکانی نەوەدەکاندا، کاتێک هێرشە خۆکوژییەکان کەمی کرد، ڕێژەی جوولەکەکانی ئیسرائیل کە خۆیان بە چەپ دەناساند، بۆ 35% بەرز بووەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی خۆیان بە ڕاستڕەو دەناساند، بۆ 42% دابەزی. بەپێی داتاکانی ئەو ڕاپرسییە، ئەم جیاوازییە حەوت خاڵییە، کەمترین جیاوازیی نێوان ئەو دوو لایەنە بووە لە ماوەی ٣٠ ساڵدا. پاشان لە ساڵی ١٩٩٩ ئیهوود باراک کە ئەو کاتە لەلایەن زۆربەی ئیسرائیلییەکانەوە بە چەپ دادەنرا، بوو بە سەرۆکوەزیران و بەڵێنی دا پرۆسەی ئاشتی زیندوو بکاتەوە و کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ١٧ ساڵەی باشووری لوبنان بهێنێت. بەڵام پشتیوانیی ئیسرائیلییەکان بۆ لایەنە چەپەکان درێژەی نەکێشا. لە لووتکەی “کامپ دەیڤد” لە تەممووزی ٢٠٠٠، ئیهوود باراک هەوڵی دا لەگەڵ عەرەفات بگاتە ڕێککەوتنێکی دوولایەنەی تەواو. بەڵام گفتوگۆکان شکستیان هێنا و ئینتیفازەی دووەم دروست بوو کە زۆر توندوتیژتر بوو لە ئینتیفازەی یەکەم. توندوتیژییەکان کاریگەرییەکی دەستبەجێی لەسەر دەنگدەرانی ئیسرائیل هەبوو: لە لێکۆڵینەوەکەمدا دەرکەوت، ڕێژەی ئەو جوولەکانەی ئیسرائیل کە هاوسۆزی بۆچوونی لایەنە چەپەکان بوون لە ساڵی یەکەمی ئینتیفازەی دووەمدا بە ڕێژەی دە خاڵ دابەزی و، دواتریش بەردەوام بوو لە دابەزین.

لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا ئیسرائیلییەکان زیاتر ڕوویان لە ڕاستڕەوی کرد. نیوەی یەکەمی ئەم دەیە لەگەڵ چوار ساڵ هێرشی خۆکوژی و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شارەکانی فەڵەستین لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی “قەڵغانی بەرگری”دا هاوتەریب بوو. لە نیوەی دووەمیشدا جه‌نگی لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ و، هەروەها کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە، کە یارمەتیی حەماسی دا لە هەڵبژاردنەکانی فەڵەستین براوە بێت و لە ساڵی ٢٠٠٧ بە توندوتیژی دەست بەسەر کەرتی غەززەدا بگرێت. ئەم پرسە بووە هۆی گەمارۆدانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە. لە پاش ئەوە، هێرشی مووشەکی لە غەززەوە بەرەو ئیسرائیل زیاتر بوو و لە کۆتاییدا بووە هۆی هێرشێکی گەورەی ئیسرائیل لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩. دوای ماوەیەکی کەم لەو جه‌نگە، ئیسرائیلییەکان ناتانیاهۆیان وەک سەرۆکوەزیران گەڕاندەوە و حزبی لیکود بە ئاراستەیەکی بەهێزتری “پۆپۆلیستی- ناسیۆنالیستی” دەسەڵاتی گرتە دەست. تا ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە نیوەی جوولەکەکانی ئیسرائیل خۆیان بە ڕاستڕەو ناساندووە، کە زیاتر لە سێ ئەوەندەی چەپەکانە؛ لەو کاتەدا پشتیوانی لە حزبە چەپەکان بۆ ١٥% دابەزیبوو. لە ساڵانی ٢٠١٠دا ئەم ڕەوتە بەردەوام بوو؛ لەو ماوەیەدا ئیسرائیل ململانێی زۆری لەگەڵ حەماس هەبوو؛ لەوانەیش ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی لە غەززە لە ساڵی ٢٠١٤. لەم ماوەیەدا، وەرچەرخانی دەنگدەرانی جووی ئیسرائیل بۆ ئایدیۆلۆژیای ڕاستڕەو بەبەردەوامی زیاتر بوو. هەرچەندە ڕێژەی ئەم ڕەوتە هێشتا لە ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠١٠دا لە دەوروبەری ٥٠% بوو، بەڵام بەپێی ڕاپرسییەکانم تا ساڵی ٢٠١٩ گەیشتە ٦٠%.

جێگەی ئاماژەیە کە هەر لەو کاتەدا، ئیسرائیلییە عەرەبەکان- کە نزیکەی لە سەدا ٢٠ی دانیشتووانی ئیسرائیل پێک دەهێنن (بەڵام نزیکەی لە سەدا ١٧ی کۆی دەنگدەرانی گەورەساڵانی وڵاتەکەن)- بەردەوام ڕاپرسییان لەسەر کرا و ئاستی نزمی پشتیوانیکردنیان بۆ ئایدیۆلۆژیای ڕاستڕەو وای کرد کە تێکڕای گشتیی ڕێژەی هەوادارانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان دابەزێت و کەمتر دەربکەوێت. بەڵام تەنانەت کاتێک ڕای ئیسرائیلییە عەرەبەکانیش هەژمار دەکرێن، نزیکەی نیوەی ئیسرائیلییەکان خۆیان بە ڕاستڕەو دەزانن (هەروەها ئیسرائیلییە عەرەبەکان پشتگیریی گشتییان بۆ حزبە چەپەکان بەرز کردووەتەوە بۆ نزیکەی لە سەدا ١٨ی دانیشتووان لە زۆربەی ڕاپرسییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا)، ساڵانی پێش جه‌نگی ئێستایش بەتوندی ئەم ڕەوتەیان بەهێزتر کرد. لە مانگی ئایاری ٢٠٢١، پێکدادانێکی نوێ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، بووە هۆی توندوتیژییەکی بێوێنە لە شەقام لە نێوان جوولەکەکان و هاووڵاتیانی عەرەب لە ئیسرائیل، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢دا خولێکی سووکتر لە توندوتیژی و جه‌نگێکی خێرا لەگەڵ جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ ڕووی دا. سەرەڕای تووڕەییی بەربڵاو لە دژی حکوومەتی ناتانیاهۆ لەسەر پلانەکانی چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەریدا، بەڵام زۆرینەی دەنگدەرانی جوولەکە لە ڕاپرسییەکاندا خۆیان بە لایەنگری ڕاست دەزانن.

جێگه‌ی لێوردبوونەوە و سەرنجە کە تەنیا پێنج ڕۆژ پێش هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ناوەندی توێژینەوەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی ئاکۆرد کە سەر بە زانکۆی عیبرییە، ڕاپرسییەکی ئەنجام دا و دەری خست دوو لەسەر سێی جوولەکەکانی ئیسرائیل خۆیان بە ڕاستڕەو دەزانن (لەوانەیش “ڕاستی ڕەها” یان “ڕاستی میانڕەو”)، لە کاتێکدا 10% خۆیان وەک چەپ ناساندووە. بە واتایەکی تر بۆ هەر دەنگدەرێکی جوولەکەی ئیسرائیلی لە بەرەی چەپەوە، نزیکەی حەوت دەنگدەر لە بەرەی ڕاستەوە هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم داتا ڕوونانە، شتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت ئەگەر ئیسرائیلییەکان دوای ئەم خراپترین ڕووداوە توندوتیژییە لە دوای دامەزراندنی وڵاتەکەوە زیاتر ڕوو لە ڕاست نەکەن. سەرەڕای ناڕازیبوونی بەربڵاوی جەماوەری ئیسرائیل لە سەرکردایەتیی ناتانیاهۆ، بەڵام پێ دەچێت نیگەرانییەکان سەبارەت بە ناسەقامگیریی سیاسی لە وڵاتەکەدا لە کاتێکدا جه‌نگی ئێستا بەردەوامە، ڕێگەیان پێ بدات لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. جگە لەوەیش ڕەنگە هێشتا زۆر شت لە خودی جه‌نگەکەدا ڕوو بدات و ڕەنگە تا کاتی هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵوێستی دەنگدەران بگۆڕێت. بەڵام ئەگەر دواجار ناتانیاهۆ لە پۆستەکەی دوور بخرێتەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیسرائیل ڕێگه‌یەکی ئایدیۆلۆژیی جیاواز بگرێتە بەر.

ڕاپرسییەکانی ئەم دوایییە دەری دەخەن کە دەنگدەرانی ئیسرائیل ڕوو لە حزبی یەکێتیی نیشتمانیی ڕاستی ناوەڕاست، بێنی گانتز دەکەن. ڕاپرسییەک کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمدا بڵاو کرایەوە، دەری دەخات ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، حزبی گانتز ٤٣ کورسی لە کنێست بەدەست دەهێنێت؛ 11 کورسی زیاتر لەوەی کە لیکود لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022دا بەدەستی هێناوە و ئێستایش زیاتر لە دووئەوەندەی ئەندامانی لیکود زیاترە. بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە ئەمە بەردەوام دەبێت، تەنانەت ئەگەر ئاماژەکان بۆ گۆڕانکارییەکی فراوانیش بێت بەرەو ڕاستی ناوەڕاست (ڕاستی میانڕەو). یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی هەموو حزبە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری ئێستا بەشدارن، ئەو دەنگدەرانەی کە لە کابینەی ناتانیاهۆ تووڕە بوونە، ئێستا ئامادەن بە شێوازی پێشوەختە پشتگیری لە یەکێتیی نیشتمانی بکەن – کە لە ئێستادا هاوبەشی جەنگی حکوومەتەکەیە. هەروەها پێ دەچێت گانتز بە پێشینەی سەربازیی بەهێزی خۆیەوە، سوودمەند بێت لە پشتیوانی  بۆ “یەکگرتوویی لەژێر ئاڵا”دا لە کاتی جەنگ. بەڵام لە ئێستادا ئیسرائیلییەکان لەگەڵ ناتانیاهۆ هەست بە ناڕەزایەتی دەکەن و هەر بۆیە پێ دەچێت زیاتر ڕوو لە ڕەوتی ڕاست بکەن؛ بەم پێیە دەنگدەران بۆچی زیاتر مەیلیان بۆ لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان نیشان نەدەن کە ئەوانیش لە هاوپەیمانییەکەی ئێستادان؟

بەڵام تا ئێستا ڕاپرسییەکان ئەوە نیشان نادەن کە حزبە ناسیۆنالیستییە توندڕەوەکان و حزبی توندڕەوی مەزهەبیی زایۆنیزم زیادبوونی ئاستی جەماوەرییان بەرز بووبێتەوە. بەپێچەوانەی ئەجێندای توندڕەوی ناتانیاهۆ و هێرشی بۆ سەر دامەزراوە دیموکراتییەکان و ئەو خراپبەڕێوەبردنی کارەساتبارانەی کە بووە هۆی جه‌نگەکە، ئەستەمە دەنگدەران مەیلیان بەرەو حکوومەتێکی ڕاستڕەوی ئایینیتر و دژەدیموکراسیتر و بێلێپرسینەوەتر بڕوات.

یەکێک لە ئەگەرەکان یاخود دەرەنجامە پێشبینیکراوەکانی قەیرانی ئێستا بریتییە لە وەرچەرخانی ئیسرائیل بۆ حکوومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتیی گانتز. تەنانەت لە ئەگەری هاتنەسەرکاری بێنی گانتز، بەدوور نازانرێت سیاسەتی ئێستای ئیسرائیل لەمەڕ پرسی فەڵەستین بگۆڕێت. پێ دەچێت گانتز خۆی لە ڕێبازی مشتومڕاویی پۆپۆلیستیی ناتانیاهۆ و فەزیحەی گەندەڵی دوور بخاتەوە، هەروەها پێ دەچێت لە پاڵنەرە ئایینییەکان بۆ فراوانکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان یان لکاندنی کەناری ڕۆژاوا دوور بکەوێتەوە. بەڵام بەهۆی پێشینەی سەربازیی درێژخایەنی گانتز و بوونی ئەندامانی پێشووی لیکود لە حزبەکەیدا، گانتز متمانەیەکی ڕاستڕەوانەی هەیە کە بەنیازە بیپارێزێت. جگە لەوەیش هیچ شتێک لە وتارەکانی گانتزدا نییە کە ئاماژە بەوە بکات کە بەنیازە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ڕێبازی ڕاستڕەوانەی ئێستای بۆ پرسی فەڵەستین ئەنجام بدات. بێنی گانتز، چ لە کاتی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یان لەو کاتەوەی کە پەیوەندیی بە کابینەی جەنگەوە کردووە، بەئاشکرا پشتیوانیی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی یان هیچ چارەسەرێکی سیاسیی دیکەی بۆ پرسی فەڵەستین نەکردووە. تەنانەت ساڵی ڕابردوویش باسی لە بیرۆکەی “دوو دەوڵەت بۆ دوو نەتەوە” کرد و وتی: “من دژی ئەم بیرۆکەیەم.”

لە ڕاستیدا یەکێک لە خراپترین هەڵەکانی ناتانیاهۆ ئەوە بوو کە بەتەواوی وەک پرسێکی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵ پرسی فەڵەستین کرد؛ بەم واتایە کە وا نیشانی دەدا کە دەکرێت ڕەهەندی سیاسیی پشت ململانێکان پشتگوێ بخرێت. بێ گومان ئەم ڕێچکەیە، بووە هۆی ئەو گرێکوێرەی کە هێرشەکانی حەماسی وا کوشندە کرد. بەڵام گانتز وەک ئەندامێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل، پێ دەچێت پرسی فەڵەستین لە چاویلکەیەکی هاوشێوەدا ببینێت – واتە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی کە پێویستە کۆنتڕۆڵ بکرێت، نەک وەک دانپێدانانێک بە چارەنووسی فەڵەستین. ئەگەر وابێت، پێ دەچێت هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر، لەگەڵ هەموو مه‌ترسییه‌کانیدا، هەمان ئەنجامەکانی ڕابردووی لێ بکەوێتەوە- لەنێویاندا؛ خولەکانی نەبڕاوەی نەهامەتی لە داهاتوودا بۆ هەردوو لایەن.

سەرچاوە:

https://www.foreignaffairs.com

image_pdfimage_print